Wednesday, 17 September 2008

زنجيره‌ قه‌يرانه‌كانی كورد و به‌رنامه‌ی ڕزگاربوون- به‌شی دووه‌م

تێڕوانينێكی ستراتيژی له‌ قه‌يرانه‌ يه‌ك له‌دوای يه‌كه‌كان

به‌شی دووه‌م: ڕێڕه‌وی هه‌رێم و و به‌رنامه‌ی ڕزگاربوون
هاوڵاتی، ژماره‌ ٤٥٨، ڕۆژی ١٧/۹/٢٠٠٨ لاپه‌ڕه‌ ٥

پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

له‌ به‌شی يه‌كه‌می ئه‌و وتاره‌دا (هاوڵاتی چوارشه‌ممه‌ی ڕابوردوو)، گرفته‌ سه‌ره‌كيه‌كانی سياسه‌ت و ستراتيژيه‌تی كورد تاوتوێ كران و جه‌خت له‌سه‌ر دۆزينه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی ڕزگاركردنی بزوتنه‌وه‌كه‌ كرا. ئه‌و به‌شه‌ی دووه‌م بۆ پێشنياز كردنی ڕێگاچاره‌كان و داڕێژتنی به‌رنامه‌يه‌كی تۆكمه‌ ته‌رخان كراوه‌، به‌و ئومێده‌ی كه‌ سه‌ركرده‌ بڕيارده‌ره‌كان بۆ مه‌به‌ستی فرياكه‌وتنی بزوتنه‌وه‌كه‌ و كۆتايی هێنان به‌ زنجيره‌ قه‌يرانه‌كان سوودی لێ ببينن‌.

پێناسه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی هه‌رێم

سه‌ركرده‌كانی كورد هيچ ڕێگايه‌كی تريان له‌به‌رده‌م نه‌ماوه‌ له‌ غه‌يری داهێنانی پڕۆسه‌يه‌كی نوێی سه‌رده‌ميانه‌ بۆ بيركردنه‌وه‌ی ستراتيژی و دياريكردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی هه‌رێم. داهێنانی موئه‌سسه‌سه‌ی بيركردنه‌وه‌ (ثينك تانك) پێويسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌زايان و سياسه‌تمه‌داران سوود له‌ زانياريه‌ ناوه‌كی و ده‌ره‌كيه‌ نهێنی و ئاشكراكان وه‌ربگرن و به‌يه‌كه‌وه‌ به‌ڕژه‌وه‌ندی سه‌ره‌كی هه‌رێم ده‌ستنيشان بكه‌ن، و ئه‌جيندای ئه‌وله‌وياته‌كان دابڕێژن و به‌رنامه‌‌يه‌كی تۆكمه‌ بۆ پياده‌كردنی ئه‌و ئه‌جيندايانه‌ و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسيه‌كان دابڕێژن.

پێويسته‌ سه‌ركرده‌ بڕيارده‌ره‌كان هه‌موو حيزب و ڕێكخراو و لايه‌نه‌كانی ناو ده‌سه‌لات و ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات مولزه‌م بكه‌ن به‌وه‌ی كه‌س بۆی نه‌بێ له‌ ڕێڕه‌و و به‌رنامه‌ی هه‌رێم‌ لابدات وه‌يان له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی هه‌رێم كاری سياسی ئه‌نجام بدات. دياره‌ كه‌ تا ئێستا مه‌كته‌ب سياسیه‌كان، وه‌يان سه‌رۆك حيزب و ئالقه‌ ته‌سكه‌كانی ده‌وره‌یان، هه‌رخۆيان به‌ كاری ئه‌و جۆره‌ موئه‌سسه‌سه‌يه‌ی بيركردنه‌وه‌ هه‌ڵساون. به‌ڵام ئه‌زموونه‌كان نيشانيان داوه‌ كه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌‌ ته‌نيا له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی خۆيان و حيزبه‌كانيان به‌رنامه‌يان داڕژتوه‌ و به‌رنامه‌كانيشيان زۆر به‌گران له‌سه‌ر دۆزی ميلله‌ت و چاره‌نوسی بزوتنه‌وه‌كه‌ كه‌وتووه‌. به‌ كه‌ڵتوور، سه‌ركرده‌ ڕۆژهه‌ڵاتيه‌كان هێڵی جياكه‌ره‌وه‌ له‌ نێوان به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و تايبه‌ت دروست ناكه‌ن، و به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی وڵات به‌ پاشكۆی به‌رژه‌وه‌نديه‌ تايبه‌ته‌كانه‌وه‌ ده‌به‌ستن، له‌جياتی‌ پێچه‌وانه‌‌. خۆ له‌ كه‌ڵتووری سياسه‌تكردن و و شێوازی حوكمڕانی كورديدا، لادان له‌ خه‌تی گشتی و كاركردن له‌ دژی به‌ڕژه‌وه‌ندی به‌رزی هه‌رێم قه‌ت ڕێگه‌ی لێ نه‌گيراوه‌ و خودی سه‌ركرده‌كانيش نه‌يانتوانيوه‌ خۆيان له‌ دژه‌به‌ڕژه‌وه‌نديه‌كان بترازێنن.

ئايا كورد له‌ عيراقدا شه‌ريكه؟‌

سه‌رۆكی هه‌رێم پرسياری عيراقێتی كوردی ئاراسته‌ی نه‌يار و دۆسته‌ عيراقيه‌كان كردوه‌ و ده‌پرسێ ئايا ئه‌وان له‌ عيراقدا كورد به‌ شه‌ريك داده‌نێن؟ هه‌روه‌ها داوای وه‌ڵام دانه‌وه‌ش له‌وان‌ ده‌كات تاوه‌كو كورديش خۆی به‌لايه‌كدا بشكێنێت. به‌ڵام ده‌بێ كورد ئه‌و پرسياره‌ پڕله‌هه‌ڕه‌شه‌يه‌ له‌خۆی بكات و هه‌رخۆيشی وه‌ڵامی خۆی ئاماده‌ بكات. پێويسته‌ كورد له‌ لای خۆيه‌وه‌ ساغی بكاته‌وه‌ ئايا عيراقيه‌ و بۆ عيراق كارده‌كات و له‌ ڕێگه‌ی ده‌ستووری به‌غداوه‌ مافه‌كانی ده‌پارێزێت، وه‌يان كوردستانيه‌ و كار بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كات و چاوه‌ڕێی فرسه‌تی له‌باره‌ بۆ جيابوونه‌وه‌؟

سه‌ركرده‌كانی كورد تۆمه‌تباركراون كه‌وا له‌ كاتی ته‌نگانه‌ی ناوه‌كی (وه‌ك كێشه‌ی دياله‌ و خانه‌قين)و له‌ قه‌يرانی ده‌ره‌كيدا (وه‌ك له‌شكركێشيه‌كه‌ی توركيا) ئيديعای عيراقپارێزی ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕێی هانای به‌غدان، كه‌چی له‌ كاتی باڵاده‌ستيدا كوردستانين و به‌غدا به‌ دراوسێ داده‌نێن. له‌ ڕاستيدا، ئيمڕۆ كورد هيچ چاره‌يه‌كی تری له‌به‌رده‌مدا نيه‌ له‌ غه‌يری عيراقێتی، وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ كاروكردار نه‌يسه‌لمێنن كه‌ خۆيان به‌ خاوه‌ن ماڵ و شه‌ريكی عيراق ده‌زانن ئه‌وا ته‌واوی به‌رژه‌وه‌نديه‌ چاره‌نوس سازه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ونه‌ مه‌ترسيه‌وه‌‌. پێويسته‌ كورد به‌رنامه‌ی عيراقی هه‌بێت و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌يه‌دا هاوپه‌يمانێتی له‌گه‌ڵ كوتله‌كانی تر ببه‌ستێ. واته‌، چيتر ته‌نيا وه‌ك كوتله‌يه‌كی كوردی ناوچه‌گه‌ر و نوێنه‌ری هه‌رێمێكی بچوك كراوه‌ ڕ‌ه‌فتار نه‌كات.

مافی چاره‌يخۆنوسين له‌ ناو عيراقدا
جێگه‌ی داخه‌ كه‌وا سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم له‌ نێوان دوو ئاگری ده‌ستكردی خۆيان سوتاون. نه‌ له‌ عيراقدا عيراقين و نه‌ له‌ هه‌رێمدا خه‌ريكی وڵاتسازين بۆ ئاماده‌باشی تا فرسه‌تی ئاينده‌. له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كوردی هه‌رێمدايه‌ كه‌ ئيمڕۆ ته‌ركيز بكاته‌ مسۆگه‌ر كردنی مافی مرۆڤی كورد له‌ چوارچێوه‌ی عيراقێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی ديموكراسیدا. ئه‌و ده‌ستووره‌ی ئيستای عيراق، با جارێ كامليش نه‌بووبێ، به‌ڵام هه‌تا دێ وا له‌ سه‌رده‌ستی كورد و پێكهاته‌ جياجياكانی تری عيراقدا ڕووی له‌ كامل بوونه‌. هاوكات كورد ده‌توانێ بناغه‌ی موئه‌سه‌سه‌ی ده‌وڵه‌تی كورد دابنێ به‌بێ ئه‌وه‌ی عيراقيه‌كانی تر بتوانن ڕێگه‌ی لێ بگرن. به‌وه‌ش له‌ لايه‌كه‌وه‌ عيراقيه‌ و عيراق ده‌دۆشێ و مافی بنه‌ڕه‌تی كورد له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووره‌كه‌يدا مسۆگه‌ر ده‌كات، له‌لايه‌كی تريشه‌و‌ه‌ خه‌ريكی ئاماده‌باشی بێ تاوه‌كو له‌گه‌ل يه‌كه‌مين فرسه‌تدا ده‌وڵه‌تی كوردی دابمه‌زرێنێ.

مه‌سه‌له‌ی مافی چاره‌يخۆنوسينی كورد زۆر گوتراوه‌ و ئيمڕۆ له‌ بيری هه‌موو عیراقيه‌كدا چه‌قيوه‌. بۆيه‌، پێويست به‌ دووپاتكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام ناكات‌. با كاری به‌بيرهێنانه‌وه‌كه‌ بۆ نووسه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لێبگه‌رێن. سه‌ركرده‌كان ده‌توانن له‌ ژێره‌وه‌ هانی ئه‌و جۆره‌ نوسينه‌ بده‌ن، به‌ڵام پێويسته‌ ده‌سه‌لاتداره‌كان به‌ هه‌ستياريه‌وه‌ خۆيان له‌و مه‌سه‌لانه‌ بده‌ن و له‌ قالبی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزه‌وه‌ ته‌سريحه‌كانيان دابڕێژن ‌. خۆ كورد ده‌توانێ له‌ ناو هه‌رێمدا كار بۆ ده‌وڵه‌ت بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی بنێ ده‌وڵه‌تسازيی. هاوكات وا له‌ عيراقيه‌كانی تر بكات كه‌ هه‌ست بكه‌ن به‌وه‌ی هه‌تا عيراق ديموكراتی بێ و مافی كورد بدات ئه‌وا كورد به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌ناو ‌عيراقێكی گرنگ. هه‌ركاتێكيش هه‌ڵوێستی شۆڤێنی زۆرينه‌ی عه‌ره‌ب زيادی كرد و له‌ ديموكرسيه‌ت پاشگه‌ز بووه‌وه‌، ئه‌وا كورد‌ ئاماده‌يه‌ ببێته‌ فاكته‌ری هه‌ژاندن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سيسته‌می عيراق و جيابوونه‌وه‌ی ئه‌به‌دی به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بتوانێ گله‌يی لێ بكات.

كشانه‌وه‌ی كورد له‌ به‌غدا
ده‌مێكه‌ كورد وه‌ك كارتێكی فشار باس له‌ كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌تی به‌غدا ده‌كات، به‌ڵام له‌به‌ر فشاری ئه‌مه‌ريكی و ڕه‌چاو كردنی هه‌ندێ لايه‌نی ستراتيژی و هه‌ندێ له‌ به‌رژه‌وه‌نديه‌ تايبه‌ته‌كانی پارتی و يه‌كێتی، ئه‌و كارته‌ی به‌كار نه‌هێناوه‌. دياره‌ كه‌ هه‌تا دێ به‌های ئه‌و كارته‌ و كاريگه‌ريه‌كه‌ی وا كه‌متر ده‌بێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر كورد له‌ هاوپه‌يمانێتی شيعه‌ بكشێته‌وه‌، زه‌ره‌ری گه‌وره‌ ده‌كات و ڕه‌نگه‌ ته‌واوی ده‌ستكه‌وته‌كانی پێشتری بكه‌ونه‌ مه‌ترسيه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ پۆسته‌ سياديه‌كانی ئێستا و ڕێكه‌وتننامه‌كانی له‌كيس بچێ. خۆ له‌وانه‌يه‌ شيعه‌كان و ئه‌مه‌ريكيه‌كان و ته‌نانه‌ت ئێرانيشی لێ زوير ببێ. بۆيه‌، نابێ كورد وا به‌ ئاسانی په‌نا بباته‌ به‌ر مه‌سه‌له‌ی كشانه‌وه‌ له‌و حكومه‌ته‌ لاوازه‌ی ماليكی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كار گه‌يشته‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی مان و نه‌مان، واته‌ ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌نديه‌ به‌رز و چاره‌نوس سازه‌كانی كورد كه‌وتنه‌ مه‌ترسيه‌وه‌، ئه‌وا پێويسته‌ كورد چاو له‌ شيعه‌ و له‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كانيش سوور بكاته‌وه‌ و ئاماده‌ش بێ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی بگه‌يه‌نێته‌جێ، و به‌ بێ دوودڵيی له‌ حكومه‌تی ماليكی بكشێته‌وه‌.

ڕاسته‌ له‌و حاله‌ته‌دا كورد زه‌ره‌ر ده‌كات، به‌ڵام شيعه‌كان‌ زه‌ره‌ری گه‌وره‌تريش ده‌كه‌ن. خۆ ئيئتيلافی شيعه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار زۆر لاوازتر بووه‌ له‌ جاران. له‌ لايه‌كه‌وه‌ ته‌ياری سه‌دڕ و فه‌زيڵه‌ی لێ تكاوه‌ته‌وه‌ و خه‌ريكه‌ ناڕه‌زايی زياتريش له‌ نێو پێكهاته‌كانی تر په‌يدا ده‌بن، وه‌ك له‌ نێوان باڵه‌كانی حيزبی ده‌عوه‌ په‌يدا بوونه‌. له‌ لايه‌كی تريشه‌وه‌ باڵی سوننه‌ وا به‌هێز ده‌بێت و مه‌ترسی بۆ بنه‌مای حوكمڕانی شيعه‌ په‌يدا ده‌كات. سوننه‌كانی تريش كه‌ ئيمڕۆ له‌ ده‌سه‌ڵاتن، وه‌ك حيزبی ئيسلامی، مه‌ترسی مه‌زنيان له‌ سه‌حوه‌ و كۆنه‌ به‌عسيه‌كان لێ نيشتووه‌. ئيمڕۆ باشترين فرسه‌ته‌ كه‌ كورد ئيعلانی كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌تی ماليكی بكات، به‌ بێ ئه‌وه‌ی جارێ حكومه‌ته‌كه‌ بڕوخێنێ. به‌وه‌، كورد ده‌توانێ كۆنتراكتێكی حوكمڕانی سه‌رله‌نوێ و به‌ مه‌رجی تازه‌وه‌ له‌سه‌ر ماليكی و ئيتيلافی شيعی فه‌رز بكات. ئه‌و جۆره‌ فشاره‌ وا له‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كانيش ده‌كات كه‌ سنوورێك بۆ فشاره‌كانی خۆيان له‌سه‌ر كورد دابنێن.

هاوكات، كورد ده‌توانێ مه‌رجی هاوكاری له‌سه‌ر حيزبی ئيسلامی دابنێ و كارێكی وا بكات كه‌ له‌ ئاستی سه‌رۆكايه‌تی كۆمار و ئه‌نجومه‌نی وه‌زيراندا پشتی كورد بگرێ. خۆ سه‌رۆك كۆمار ده‌توانی كه‌ هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی ڕازی بكات بۆ ئه‌وه‌ی بڕگه‌ی (ب)ی ماده‌ی ١٤٠ مۆر بكه‌ن و به‌ زووترين كات ته‌وسيات پێشكه‌شی په‌رله‌مان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پانايی ئيداری ناوچه‌ پڕله‌كێشه‌كان دياری بكرێت و زۆری ئه‌و ناوچانه‌ بێنه‌وه‌ سه‌ر كه‌ركوك و سه‌ر هه‌رێم. تا ئێستا له‌ مه‌حزه‌ری هيچ كۆبوونه‌وه‌يه‌كی سه‌رۆك كۆمار و دووجێگره‌كه‌یدا به‌ڵگه‌ی تاوتوێ كردن و ڕێكه‌وتنیان له‌ سه‌ر ئه‌و بڕگه‌ سه‌ره‌كيه‌ ديار نيه‌. پێويسته‌ به‌ لانی كه‌مه‌وه‌ هه‌ڵوێستی هه‌رسێكيان له‌مه‌ڕ مادده‌ی ١٤٠ و بڕگه‌ی (ب)دا بۆ مێژوو دياری بكرێ، تاوه‌كو كورد به‌ڵگه‌ی بێ متمانه‌يی نه‌يار و هاوپه‌يمانه‌كانی ده‌ست كه‌وێ. به‌ڵام دياره‌ كه‌ سه‌رۆك كۆمار و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كورد له‌ به‌غدا گرنگيان زياتر به‌ دڵڕاگرتنی ئه‌وانه‌ و ڕاكێشانيان داوه‌ له‌وه‌ی كه‌ بيانخه‌نه‌ ژێر فشاره‌وه‌.

لۆبی ده‌ره‌كی

پێويسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم كاری ته‌نسيقی لۆبيكردن له‌ به‌غدا و له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ ته‌واوی جيهان بگرێته‌ ئه‌ستۆ و به‌ هه‌ڵمه‌تێكی تازه‌وه‌ جۆش بداته‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ ڕاكێشانی دۆستان ده‌درێ. ڕاسته‌ ته‌ركيز و ته‌نسيقی لۆبی كردن له‌ وڵاتانی وه‌ك ئه‌مه‌ريكا و به‌ريتانيا ڕوويان له‌ زياده‌يه‌ و كاری شايان ئه‌نجام دراون، به‌لام هێشتا له‌ ئاستی خوازراودا نين. جارێ هه‌وڵه‌كان كاری هه‌ره‌وه‌زی هه‌مه‌لايه‌نه‌يان پێوه‌ ديار نيه‌. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌وا نه‌ك ته‌نيا پارتی و يه‌كێتی هاوكاری يه‌كتری بكه‌ن، به‌ڵكو پێويسته‌ ته‌واوی كۆمه‌ڵگای كورده‌واری به‌شدار بێ و ڕووی لۆبيكردنيان به‌هه‌مان ئاراسته‌ بێت. لۆبيكردن بۆ نه‌ته‌وه‌يه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت پێويستی‌ به‌ به‌شداری سه‌دان هه‌زار، و بگره‌ مليۆنان كوردی هه‌نده‌رانه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی دۆست و نه‌ياره‌كان نه‌توانن بزوتنه‌وه‌كه‌ بخه‌نه پشت گوێ و مافی مرۆڤی كورد بكه‌نه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌نديه‌ ده‌وڵه‌تيه‌كان. ئه‌ركی ڕێكخستن و ته‌نسيق كردنيش بۆ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ له‌ ئه‌ستۆی نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمدايه‌.

ڕه‌فتاری كورد له‌ ناوچه‌ پڕكێشه‌كان
سه‌ركرده‌كانی كورد ناڕه‌زايی له‌ بڕياره‌ ديكتاتۆريه‌كانی ماليكی ده‌رده‌بڕن و تاوانی ئه‌و كرژيه‌ی دوايی ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆ. به‌ڵام له‌ ڕاستيدا، پێويسته‌ كورد به‌خۆی دابچێته‌وه‌ و گله‌يی زياتر له‌خۆی بكات. جارێ مانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ (پاسه‌وانی هه‌رێم) له‌ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ناياساييه‌. ڕاسته‌ ماليكی داوای يارمه‌تی له‌ كورد كرد بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی تيرۆری بۆ بكات و ناوچه‌ی (دياله)ی بۆ كۆنتڕۆڵ بكات. به‌ڵام كه‌ حكومه‌ت داوای كشانه‌وه‌ی ليوای پێشمه‌رگه‌ی كرد، كورد داواكه‌ی پشتگوێ خست. خۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگا موخابه‌راتی و ئاسايشيه‌كانی كورد له‌ ناوچه‌ پڕكێشه‌كاندا سومعه‌يه‌كی باشيان بۆ خۆيان و بۆ كورد دروست نه‌كردوه‌. كاريان بێ ته‌نسيقه‌ و به‌ فه‌رمانی حيزبی (نه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم) كار ده‌كه‌ن و له‌ ڕ‌‌ه‌فتاری گه‌نده‌ڵيی و ناياساييدا به‌ڕه‌ڵڵاييان پێوه‌ دياره و له‌ كاتی كرژيشدا هه‌ڵوێستی نه‌ژادپه‌رستانه‌يان له‌ هی نه‌ياره‌كان خراپتره‌‌. له‌جياتی ئه‌وانه‌ پێويسته‌‌ كورد پڕۆژه‌ی به‌ديموكراسيكردنی عيراقی (بۆ كورد و غه‌يره‌ كورد) هه‌بێ، و به‌رنامه‌ی گه‌شه‌پێدانی كه‌لتوری و خزمه‌تگوزاری شاره‌كانی هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی دڵی كورد و غه‌يره‌ كورده‌كانی پێ ڕاكێشی.
ته‌ركيزی كورد زياتر له‌ سه‌ر ناوچه‌‌كانی ده‌سه‌ڵات (هه‌ولێر و به‌غدا) و ناوچه‌ ئابووریه‌ پڕكێشه‌كانه (وه‌ك كه‌ركوك و خانه‌قين)‌. كه‌چی ژماره‌يه‌كی زۆری كوردی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌ شارو دێهاته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی چه‌قه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئابووری ده‌ژين، هه‌ر له‌ موسڵ و دياله‌وه‌ بگره‌ هه‌تا ده‌گاته‌ به‌غدا و به‌سڕه. پێويسته‌ حيزبه‌ كورديه‌كان به‌رنامه‌ و ستراتيژيه‌تی نه‌ته‌وه‌ييان بۆ ئه‌و كوردانه‌ش هه‌بێ، نه‌ك ته‌نيا بۆ كوردی هه‌رێم و ناوچه‌ پڕكێشه‌كان.

پێشمه‌رگه‌كان كێن؟

ئيمڕۆ پێناسه‌ی پێشمه‌رگه‌ بووه‌ته‌ مايه‌ی سه‌رلێشێوان و بگره‌ ئيحراج بوون. جارێ له‌ نێوان "پاسه‌وانی هه‌رێم" و "هێزی فه‌رمانده‌" و "چه‌كداری حيزب" و "پاسه‌وانی مه‌سئوله‌كان"، حيسابه‌كان وون بوون. ديار نيه‌ ئايا كێ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌يه‌، كاميان سوپايه‌، و كاميان ميليشيايه‌. خۆ له‌ ڕووی داراييه‌وه‌، سه‌رچاوه‌ی مووچه‌كان تێكه‌ڵن و له‌ ڕووی وه‌لائيشه‌وه‌ هه‌ريه‌كه‌يان ڕووی له‌ قيبله‌يه‌كی جيايه‌. ئه‌و ئاڵۆزی و به‌ڕه‌ڵاييه‌ نه‌ك ته‌نيا كێشه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئيداره‌ و بودجه‌ی له‌ هه‌رێم ئاڵۆز كردوه‌، به‌ڵكو بيانووی داوه‌ته‌ به‌غدا كه‌ حيسابی ميليشيايه‌كی ئه‌ناركيستی وه‌ك (له‌شكری مه‌هدی) و (مه‌جاليسی ئه‌لسه‌حوه‌) بۆ پێشمه‌رگه‌ بكرێ. ئايا پێويسته‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ له‌‌ پاسه‌وانی هه‌‌موو مه‌سئولێك و هه‌موو سه‌رباز و چه‌كدارێكی كورد بنرێت. كوردستان له‌ حاله‌تی شۆڕشدا نيه‌ و ئيمڕۆ له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانيدا پێويستی به‌ له‌شكرێكی نيزامی و هێزی پۆليسه‌، نه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌.

باشترين شێوه بۆ ئه‌وه‌ی ناوی پێشمه‌رگه‌ به‌ پيرۆزی بپارێزرێت ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ته‌نيا بۆ سه‌ربازه‌ نيزاميه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌كار بێت. باشترين خزمه‌تيش بۆ بزوتنه‌وه‌ی كورد ئه‌وه‌يه‌ كه‌ له‌شكره‌ نيزاميه‌كه‌ی (پێشمه‌رگه‌كه‌ی) له‌ ئاستێكی به‌رزی ڕاهێناندا بێ و به‌ نوێترين چه‌ك و تۆكمه‌ترين هه‌يكه‌لی ڕێكخراویه‌وه‌ پته‌و بكرێ. هيچ به‌ڵگه‌يه‌ك نيه‌ كه‌ بيسه‌لمێنێ كه‌وا ئاستی ئاماده‌باشی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئيمڕۆ به‌ ڕاده‌يه‌كه‌ كه‌ به‌ری هێرشی سوپای عيراقی بگرێت، چی جای هێرشی ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێكان. بۆيه‌ ساغ كردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه‌ و بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ڕێكخستنی ئيداری و عه‌سكه‌ری هێزی چه‌كداری هه‌رێم مه‌سه‌له‌يه‌كی چاره‌نوس سازه‌ و پێويسته‌ ئه‌وله‌ويه‌تی پێ بدرێت.

چاكسازی و ده‌وڵه‌تسازيی

له‌ ئێستا و ئاينده‌دا، مه‌حاڵه‌ كورد بتوانێ له‌ گه‌مه‌ ئاڵۆزه‌كه‌ی سياسی عيراقی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاستی جيهانيدا حيسابی ياريكه‌رێكی جيددی بۆ بكرێ وه‌يان تێدا به‌ براوه‌ لێی ده‌ربچێ. به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رێم پته‌و بێ و موئه‌سسه‌ساتی بێ و خه‌لكی هه‌رێم له‌ حوكمی سه‌ركرده‌كان ڕازی بێ، كارتی هه‌ڕ‌‌ه‌شه‌ی كوردی قه‌ت به‌ هێز نابێ. دوژمنانی كورد قوماريان له‌سه‌ر شلۆقی ئيداره‌ی هه‌رێم و بێ ته‌ركيزيی سه‌ركرده‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیپه‌رستێتی بڕيارده‌ره‌كانه. نه‌ياره‌كان ئه‌و فاكته‌رانه‌يان به‌ سه‌ركه‌وتويی ئيستيغلال كردوه‌. هه‌ركاتێك لايه‌نی عيراقی بيه‌وێ فشار بخاته‌ سه‌ر سه‌ركرده‌كانی كورد بۆ ئه‌وه‌ی سازشيان پێ بكات، ئه‌وا مه‌سه‌له‌ی داهاتی گومرگ و كۆنتراكتی ناياسايی نه‌وت و به‌فيڕۆبردنی بودجه‌ و بوونی " ميليشيای" پێشمه‌رگه‌ دێنێته‌ سه‌رمێز، و به‌ هۆيانه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ به‌ سه‌كرده‌كانی كورد ده‌كات. پێويسته‌ سه‌ركرده‌كان دووربين بن و قوربانی به‌ به‌رژه‌وه‌نديه‌ هه‌نووكه‌يی و تايبه‌ته‌كان بده‌ن و به‌ سه‌بره‌وه‌ سه‌يری ئه‌و ئاينده‌يه‌ بكه‌ن كه‌ هه‌رخۆيان پێش ميلله‌تيان تێيدا سوودمه‌ند ده‌بن. پێويسته‌ به‌ شه‌فافيه‌تی داراييه‌وه‌ و به‌ متمانه‌ی به‌ڵگه‌ی زه‌قه‌وه‌ بكه‌ونه‌ شه‌ڕه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و بكه‌ونه‌ شه‌ڕه‌لۆبی له‌ لای زلهێز. ئيمڕۆ له‌لای زلهێز و وڵاته‌ ئه‌وروپاييه‌كان و بگره‌ دۆسته‌ دێڕينه‌كانی كورد، حوكمڕانيی كوردی مايه‌ی سوخريه‌يه‌ و مه‌شخه‌ڵی لۆبی كردنی لێ كوژاوه‌ته‌وه‌.

ڕێڕه‌وی پاپۆڕی هه‌رێم

زنجيره‌ ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنه‌كانی يه‌كه‌م سێ ساڵی دوای ڕوخانی ڕژێم جۆره‌ سه‌رخۆشيه‌كی سياسی هێنايه‌ كايه‌وه‌ و باری ده‌روونی سه‌ركرده‌كانی كوردی گه‌يانده‌ ئاستی زيده‌ دڵنيايی، وه‌ك بڵێی له‌مه‌ودوا به‌ هۆی هاوكاری ئه‌مه‌ريكی و ڕۆڵی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستانی باشوور حيسابی ده‌وڵه‌تی بۆ ده‌كرێت. كه‌چی له‌ گه‌رمه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كاندا، پێشبينی كردن له‌ قه‌يرانه‌ يه‌ك له‌دوای يه‌كه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و داهاتنی قۆناخی پاشه‌كشه‌ی كورد له‌ عيراقدا، كارێكی ئاسان بوو. بۆيه‌ خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕوان بوو كه‌ سه‌ركرده‌كان هه‌موو توانا و هيممه‌تی هه‌ره‌وه‌زیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ، وه‌ به‌ هونه‌ر و زانستێكی سه‌رده‌ميانه‌ پاپۆڕی هه‌رێم له‌ زونگاوی عيراقدا به‌ ئاڕاسته‌ی ڕزگاربوون لێخوڕن. دياره‌ كه‌ ئه‌وه‌يان نه‌هاته‌ دی. له‌ جياتيان سه‌ركرده‌كان به‌ شێوازی كلاسيكی كوردانه‌ خه‌ريكی سياسه‌تی كاردانه‌وه‌ و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌ت بوون، بۆيه‌ش ڕێڕه‌وی پاپۆڕی هه‌رێم وا له‌ گێژاوكی حه‌له‌زۆنیدا سه‌ربه‌ره‌وخوار ڕووی له‌ نقومبوونه‌‌.

خه‌ريكه‌ قه‌يرانه‌ ناوه‌كيه‌كان و پاشه‌كشه‌ ده‌ره‌كيه‌كان ته‌می كه‌ئابه‌يه‌كی سه‌رتاسه‌ريی به‌سه‌ر كوردستاندا دێنن. زۆرينه‌ی خه‌لكی هه‌رێم بێ چاره‌ و داخله‌دڵ چاوه‌ڕێی ده‌ستی قه‌ده‌ره‌‌، و بايی ئه‌وه‌نده‌ ڕقی هه‌ڵساوه‌ كه‌ ئاماده‌يه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا سزای پارتی و يه‌كێتی و سه‌ركرده‌كانيان بدات. ئه‌گه‌ر له‌وماوه‌ كورته‌ی له‌به‌رده‌مدايه‌، سه‌ركرده‌كانی بڕيارده‌ره‌كانی كورد به‌خۆ نه‌كه‌ون و به‌ دووده‌نگی ميلله‌ت نه‌يه‌ن و وڵاتپه‌رستانه‌ به‌ره‌نگاری ڕووداوه‌ ترسێنه‌ره‌كان نه‌بنه‌وه‌، ئه‌وا به‌بێ گومان گورزێكی مه‌چه‌كشكێنتر به‌ بزوتنه‌وه‌ی كورد ده‌كه‌وێ. ئه‌گه‌ر گله‌يی گورزه‌كانی پێشتر له‌ دوژمن كرابن، ئه‌وجاره‌يان ده‌بێ گله‌يی دۆڕان له‌ سه‌ركرده‌ بڕيارده‌ره‌كان بكرێ.

گه‌وره‌ ئاو ده‌ڕژێنێ و گچكه‌ پێی لێ ده‌خشێنێ

له‌وه‌ ده‌چێ كه‌ قه‌يرانه‌كانی ئيمڕۆی كوردستان له‌ ئاينده‌دا گه‌وره‌تر و تێكهه‌ڵكێشراوتر ببن. له‌جياتی حكومه‌ت و سه‌ركرده‌كان‌، وا خه‌ڵكی نووسه‌ر و ڕۆشنبير بابه‌ته‌ مه‌ترسيداره‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ن و بير له‌ ڕێگاچاره‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ نوسراوی پێشنيازه‌كان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م بڕيارده‌ره‌كان. ڕه‌خنه‌ زۆر گيراوه‌ و زۆريش بڵاو كراوه‌ته‌وه‌. فشاری خه‌ڵكی كوردستان، شان به‌ شانی ئافه‌ته‌ ناوه‌كی و ده‌ره‌كيه‌كان، ڕووی له‌ زياد بوونه‌. به‌لام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو فشار و ده‌نگ ده‌ربڕينه‌ی ميلله‌ت، كه‌چی هێشتا به‌ڵگه‌ی زيندوو نيه‌ كه‌ بيسه‌لمێنێ كه‌وا سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌ردی خه‌ڵك و ڕه‌خنه‌ و فشاره‌كان به‌ جيددی وه‌رده‌گرن. به‌ڵكو له‌جياتيان، ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌بێ منه‌ت و به‌بێ ترس ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌كان بووته‌وه، و كه‌وتۆته‌ تۆقاندنی نووسه‌ر و ڕۆشنبيران، و به‌و جۆره‌ ده‌ستی گه‌نده‌ڵيی و وڵات تێكدانی به‌ڕه‌ڵا كردوه‌‌.

كه‌ڵتووری ميلله‌ت، به‌چاك يان به‌ خراپ، له‌ ڕێگه‌ی سه‌ركرده‌وه‌ دروست ده‌بێ وه‌يان ده‌گۆڕێت. هه‌تا دوو سه‌ركرده‌ بڕيارده‌ره‌كه‌ی پارتی و يه‌كێتی بڕياری چاره‌نوس ساز نه‌ده‌ن و ده‌ست به‌ پڕۆسه‌ی وڵاتسازی نه‌كه‌ن، كه‌ڵتوور‌ی گه‌نده‌ڵی و وڵاتكاول كردن له‌ هه‌رێمدا‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ.

ئيمڕۆ سه‌ركرده‌ بڕيارده‌ره‌كانی كورد ده‌توانن ياسا سه‌روه‌ركه‌ن و ميلله‌ت له‌ ژێر سايه‌ی دادوه‌ری كۆمه‌ڵايه‌تی په‌روه‌رده‌ بكه‌ن. نيه‌تچاكی سه‌ركرده‌كان بۆ وڵاتسازی و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی هه‌رێم له‌و بڕياره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات كه‌ دوو سه‌ركرده‌‌ لوتكه‌ييه‌ بڕيارده‌ره‌كه‌ی پارتی و يه‌كێتی ده‌يده‌ن. ده‌بێ له‌ خۆيانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن و كه‌لتووری ياسا سه‌روه‌ركردن دابهێنن و به‌ ئيسڕاڕه‌وه‌ به‌دوای پياده‌كردنی به‌رنامه‌ی ڕزگاركردنی بزوتنه‌وه‌ و دامه‌زراندنی بناغه‌ی ده‌وڵه‌ت بكه‌ون. ئه‌وكاته‌ی سه‌ركرده‌كان ڕێز له‌و ياسايه‌ ده‌گرن كه‌ خۆيان دايده‌نێن و ده‌بنه‌ نموونه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و جۆره‌ فه‌رمانانه‌ی كه‌ هه‌ر خۆيان ده‌ری ده‌كه‌ن، ئه‌وكاته‌ ڕه‌عيه‌ی بێ ده‌سه‌ڵات و چاولێكه‌ر چاری نيه‌ له‌ غه‌يری ڕيزگرتن له‌ ياسا و به‌جێگه‌ياندنی فه‌رمان. واته‌ پڕۆسه‌ی گۆڕينی كه‌ڵتووری پڕ له‌ كه‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵيی و به‌ڕه‌ڵلايی و ياساشكێنی له‌ كوردستاندا، به‌ شێوازی سه‌ربه‌ره‌وخوار ده‌ست پێ ده‌كات و كه‌ ده‌ستی پێ كرد زۆر به‌ خێرايی ئه‌نجام ده‌درێ.

دواووشه‌

له‌و دواييه‌، باس له‌ هه‌ڵه‌ی ستراتيژی سياسی سه‌ركرده‌كان زۆر كراوه‌ و پێشنيازی هه‌مه‌جۆر بۆ چاكردنه‌وه‌ی بارودۆخ خراوه‌ته‌ به‌رده‌م، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و نوسين و پێشنيازانه‌ به‌ر بای شه‌ماڵ كه‌وتوون و كاريان پێ نه‌كراوه‌. ئه‌و وتاره‌شيان هه‌وڵێكه‌، سه‌ره‌ڕای بێ ئومێدی، به‌ مه‌به‌ستی دياريكردنی ڕێڕه‌وی سياسه‌تی هه‌رێم له‌ عيراقی نوێدا و به‌ ئامانجی پساندنی زنجيره‌ی پاشه‌كشه‌ و قه‌يرانه‌كان. له‌وانه‌يه‌ ڕه‌خنه‌ و پێشنيازه‌كانی ناو ئه‌و وتاره‌ وه‌ك ئه‌وانه‌ی نوسه‌رانی پێشتر و دواتر، له‌ لايه‌ن سه‌ركرده‌كانه‌وه‌ پشتگوێ بخرێن. به‌ڵام تروسكه‌ هيوايه‌ك هه‌رماوه‌ كه‌وا ڕه‌نگه‌ سه‌ركرده‌كانی ئيمڕۆ يان ئه‌وانی ئاينده‌ بۆ ڕزگاركردنی هه‌رێم سوديان لێ وه‌ربگرن. كاره‌ساتی ميلله‌ت له‌و ڕۆژه‌وه ده‌ست پێده‌كات كه‌ سه‌ركرده‌كان تا ڕاده‌ی بايی بوون بێباك ده‌بن و تا ڕاده‌ی توندڕه‌وی بێ منه‌ت ده‌بن، به بێ به‌زه‌يی ده‌كه‌ونه‌ گيانی نووسه‌ر و ڕۆشنبير و ڕه‌خنه‌گران. ئه‌و ڕه‌فتارانه‌يش ته‌نيا بێ ئومێدی و ڕق هه‌لسانی خه‌لكی لێ په‌يدا ده‌بێت. ترسی گه‌وره‌ له‌وه‌دايه‌ كه‌ پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی ئاينده‌ به‌ردبارانی به‌دوادابێت.

Wednesday, 10 September 2008

زنجيره‌ قه‌يرانه‌كانی كورد و به‌رنامه‌ی ڕزگاربوون

تێڕوانينی ستراتيژی و به‌رنامه‌ی ڕزگاربوون له‌ قه‌يرانه‌ يه‌ك له‌دوای يه‌كه‌كان

به‌شی يه‌كه‌م: مه‌ترسيه‌كانی ئاينده‌ و ستراتيژيه‌تی كورد له‌ عيراقدا
هاوڵاتی ژماره‌ ٤٥٦ ، ڕۆژی ١٠/۹/٢٠٠٨ لاپه‌ڕه‌ ٥
پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

له‌و دواييه‌، بزوتنه‌وه‌ی كوردی باشوور له‌ عيراقدا دووچاری زنجيره‌ قه‌يران و پاشه‌كشه‌یه‌كی چاره‌نوس سازی وا بووه‌‌ كه‌ به‌ هۆيه‌وه‌ ڕێڕه‌وه ستراتيژه‌كه‌ی هه‌ڕێم كه‌وتۆته‌ به‌ر پرسياره‌وه‌. ده‌سه‌لاتداران له‌ هه‌موو ڕۆژانێكی تر زياتر پێويستيان به‌ لێكۆڵينه‌وه‌ و بيركردنه‌وه‌يه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێڕ‌‌ه‌وی هه‌رێم له‌ عيراقی تازه‌دا دياری بكه‌ن و زانايانه‌ به‌رنامه‌ی ڕزگاربوون دابڕێژن و هه‌تا ڕۆژی چه‌سپانی مافه‌ بنه‌ڕه‌تيه‌كانی مرۆڤی كورديش پابه‌ندی ببن.

ئه‌و وتاره‌ دووبه‌شيه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ تاوتوێ كردنی هۆ و فاكته‌ره‌ بنه‌ڕه‌تيه‌كانی قه‌يرانه‌ ناوه‌كی و ده‌ره‌كيه‌كان. له‌و به‌شه‌ی يه‌كه‌مدا، كاريگه‌ری ڕووداوه‌كانی ئه‌و دواييه‌ی عيراق و مه‌ترسی گۆڕانی پارسه‌نگی هێزه‌ كاريگه‌ره‌كان شی كراونه‌ته‌وه‌، و كه‌موكوڕيه‌كانی ستراتيژيه‌ت و به‌رنامه‌ی كوردی ده‌ست نيشان كراون. له‌ به‌شی دووه‌می وتاره‌كه‌دا (له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا)، چۆنێتی وه‌رچه‌رخانی ڕێڕه‌و و دۆزينه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌كان به‌پێی لۆژيك و هونه‌ری سياسه‌تكاری سه‌رده‌م پێشنياز كراون.‌

عيراقی نوێ و فرسه‌تی سه‌رفرازيی

له‌ دوای شه‌ڕی ڕزگاركرنی عيراق، كورد و شيعه‌ی عه‌ره‌ب به‌ ته‌وژمه‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا كشان و ڕۆڵی پێشڕه‌ويان له‌ دروستكردنی عيراقی نوێ بينی. هه‌رچی عه‌ره‌بی سوننه بوون، به‌تايبه‌تی به‌عسيه‌ توندڕه‌و‌ و قه‌وميه‌ نه‌ژادپه‌رسته‌كان، ڕێڕه‌وی پڕهه‌ڵه‌یان گرته‌به‌ر و له‌ گێژاوكی خوێناوی تيرۆريزمدا كه‌وتنه‌ مه‌له‌ كردن. كه‌وتنه‌ دژايه‌تی كردنی زلهێزی ئه‌مه‌ريكی و پڕۆسه‌ی به‌ديموكراسی كردنی عيراق. ئه‌و چه‌ند گروپه‌ سوننه‌مه‌زهه‌به‌ بچووكانه‌یش كه‌ له‌ پڕۆسه‌ی ديموكراسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٠٥دا به‌شداريان كرد، كه‌مينه بوون و نه‌يانتوانی بۆشايی مه‌رجه‌عيه‌ت پڕ بكه‌نه‌وه‌.

شيعه‌ی عيراق بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و داڕێژتنی ده‌ستوور و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چاره‌نوسی وڵاته‌كه‌ پێويستیان به‌ هاوپه‌يمانێتی كوردی بوو. به‌ هه‌مان شێوه‌، ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌جيندا عيراقيه‌كه‌ی، له‌ چه‌ندين لاوه‌ پێويستی به‌ هاوكاری كورد بوو. ئه‌وانه‌ فرسه‌تی زێڕين بوون بۆ گواستنه‌وه‌ی خه‌باتی كورد بۆ ئاستێكی به‌رزتر و وه‌ده‌ستهێنانی به‌شێك له‌ مافه‌خوراوه‌كانی كورد. خۆشبه‌ختانه‌، كورد له‌و ماوه‌يه‌دا له‌ ڕووی سياسی و عه‌سكه‌ری و جه‌ماوه‌ريه‌وه‌ باڵاده‌ست و يه‌كخيتاب بوو، و به‌هۆيانه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد توانیان له‌ چه‌ندين سه‌نگه‌ره‌وه‌ ده‌ست له‌ نه‌ياره‌كان بوه‌شێنن و مافه‌ بنه‌ڕه‌تيه‌كانی كورد له‌ ده‌ستووردا جێگير بكه‌ن، و پۆستی سه‌رۆك كۆمار و پۆستی گرنگی وه‌زاری وه‌ربگرن، وه ڕێژه‌ بودجه‌يه‌كی گه‌وره‌تر له‌ ڕێژه‌ی دانيشتوانی هه‌رێم مسۆگه‌ر بكه‌ن. ئه‌وانه‌ و ده‌يان ده‌ستكه‌وتی تر مايه‌ی ده‌ستخۆشی بوون. دياره‌ كه‌ ئه‌ركی مسۆگه‌ر كردنی ده‌ستكه‌وته‌كان قورس بوو، به‌ڵام به‌ڵگه‌نه‌ويسته‌ كه‌ ئه‌ركی پاراستن و گه‌شه‌پێدانيان قورستريشه‌، به‌تايبه‌تی له‌ ڕوانگه‌ی لاسه‌نگ بوونی پارسه‌نگی هێزه‌كان به‌ هۆی هه‌ڵسانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ و لاواز بوونی پێكهاته‌كانی ناو هاوپه‌يمانێتی كورد و شيعه‌.

هه‌ڵسانه‌وه‌ی سوننه‌

له‌و يه‌كدوو ساڵه‌ی دواييدا، سوننه‌ی عه‌ڕه‌ب به‌ يارمه‌تی ئه‌مه‌ريكا و حكومه‌تی به‌غدا توانیان چاره‌نوسی خۆیان وه‌ربچه‌رخێنن و ئيمڕۆ به‌ ئومێدن كه‌ له ئاينده‌يه‌كی نزيكدا به‌ ئاماده‌باشيه‌كی سياسی و عه‌سكه‌ری مه‌زنه‌وه‌ بێنه‌ ناو گۆڕه‌پان. تيرۆريسته به‌عسيه‌‌كان خۆيان له‌ ئه‌لقاعيده‌ جيا كردۆته‌وه‌ و له‌ دوای شه‌ڕێكی خوێناوی دژبه‌ ئه‌ڵقاعيده‌دا‌، ئارامی له‌ ناوچه‌كانيان خه‌ريكه‌ سه‌قامگير ده‌بێ. ئه‌وانه‌ به‌ نيازن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ گوڕ و ته‌وژمه‌وه‌ به‌شداری له‌ ده‌نگدان بكه‌ن و ژماره‌ موسته‌هه‌قه‌كه‌ی خۆيان له‌ په‌رله‌مانتاران مسۆگه‌ر بكه‌ن.

عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان، ده‌وڵه‌تی‌ عيراق به هی خۆيان ده‌زانن وه‌ به‌ ڕه‌وت و سروشتيش له‌ دژی ئێرانن، بۆيه‌ له‌مه‌ودوا ئه‌مه‌ريكيه‌كان و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بيه‌كان گرنگيه‌كی تايبه‌تيان پێ ده‌ده‌ن و پشتيان بۆ لاوازكردنی نفوزی ئێرانی پێ ده‌به‌ستن. به‌شێكی ئه‌و گرنگی پێدانه‌ش بێ گومان له‌سه‌ر حيسابی كورد ده‌بێت. جا هه‌ر له‌ سه‌ندنه‌وه‌ی پۆسته‌ سه‌ره‌كيه‌كانی به‌غدا و ڕێژه‌ به‌رزه‌كه‌ی بودجه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا ده‌گاته‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ سنووريه پڕله‌كێشه‌‌كان.

سوننه‌كان دراوسێی مێژوويی كوردن و له‌ ناوچه‌ سنووريه‌كاندا له‌گه‌ڵ كورد تێكه‌ڵن. ئه‌وانه‌ تێياندايه‌ دۆسته‌ و هه‌يانه‌ دوژمنه‌، به‌ڵام له‌ كۆنه‌وه‌ شه‌ڕه‌به‌رژه‌وه‌ندی و سياسه‌تی داگيركه‌رانه‌ی حكومه‌ته‌ عيراقيه‌كان و كاردانه‌وه‌ی كورد، گرژی له‌نێوانياندا به‌رده‌وام كردوه‌. عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان خۆيان به‌ لاواز نازانن و له‌ ناوچه‌ هاوبه‌شه‌كاندا كاريان له‌ كورد ئاڵۆز كردوه‌. ئه‌و (١٤٥) هه‌زار چه‌كداره‌ی سه‌ر به‌ (مه‌جاليسی ئه‌لسه‌حوه‌)ش كه‌ ئاماده‌ن بێنه‌ ناو سوپا و پۆليسی عيراقيه‌وه، له‌ ناوچه‌ سنوريه‌كانيان و له‌ پايته‌ختیشدا‌ ده‌بنه‌ پاڵپشتی مه‌رجه‌عه‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانيان. له‌مه‌ودوا سه‌ركرده‌كانی سوننه‌ كارتی ئه‌لقاعيده‌ و په‌يوه‌نديه‌ تازه‌ ئه‌مه‌ريكیه‌كانيان به‌كار ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی نفوزی كوردی كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕانی ناوچه‌ی موسڵ و شه‌نگار و ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك و دياله‌ به‌لای خۆياندا بشكێنن. له‌ ڕێگه‌ی ده‌نگدانيشه‌وه‌ نه‌ك ته‌نيا ڕۆڵی سوننه‌ موفليسه‌كانی وه‌ك (موتله‌گ و عله‌ييان) ناهێلن، به‌ڵكو ته‌نگ به‌ حيزبی ئيسلاميش هه‌ڵده‌چنن و پۆستی سياديان لێ ده‌ستێننه‌وه‌. وا له‌ئێساوه‌ پێشبينی له‌وه‌ ده‌كرێ كه‌وا له‌ خولی داهاتووی په‌رله‌ماندا، سوننه‌ی عه‌ره‌ب به‌ جه‌خته‌وه‌ داوای پۆستی سه‌رۆك كۆماريه‌تی ده‌كات. ئه‌و پۆسته‌ گرنگه‌ به‌ هيچ عورفێك مافێكی پارێزراوی كورد نه‌بووه‌ و له‌سه‌ر كورديش تاپۆ نه‌كراوه‌. خۆ يه‌كه‌م سه‌رۆك كۆماری عيراق (غازی ئه‌لياوه‌ر) بوو، كه‌ عه‌ره‌بێكی‌ سوننه‌ بوو. وه‌ به‌خشينی پۆسته‌كه‌ به‌ مام جه‌لال تاله‌بانی له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌ ئه‌نجامی ڕێكه‌وتنێكی سياسی كاتی بوو، وه‌ په‌يوه‌نديدار بوو به‌ هه‌يبه‌ت و قورسايی سياسی و ڕۆڵی عيراقپارێزيی خودی تاله‌بانی به‌ پله‌ی يه‌كه‌م، وه‌ به‌ ويستی ئه‌مه‌ريكی و ته‌بايی خيتابی كوردی به‌ پله‌ی دووه‌م. بۆيه‌، له‌ دوای تاله‌بانی و له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، زۆر زه‌حمه‌ته‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌يان هه‌رپۆستێكی سيادی تری (وه‌ك وه‌زيری ده‌ر‌ه‌وه‌) بدرێته‌ كورد. له‌و حاڵه‌ته‌شدا بۆشاييه‌كی مه‌زن له‌ نفوزی كورد له‌ به‌غدا په‌يدا ده‌بێت و باڵی عيراقپه‌رسته‌كان زاڵ ده‌بێت.

كورد و شيعه:‌ كاميان عيراقيتره‌؟

كورد له‌ سه‌رده‌می ئۆپۆزيسيۆنه‌وه‌ تا ئێره‌ پشتی به‌ هاوده‌ردێتی و هاوپه‌يمانێتی شيعه‌ی عيراقی به‌ستبوو. به‌ڵگه‌نه‌ويسته‌ كه‌ هه‌روه‌ك چۆن كورد به‌ پله‌ی يه‌كه‌م كورده‌ و هه‌رێميه‌ ئه‌وجا عيراقيه‌، شيعه‌كانيش وه‌لائيان بۆ هاومه‌زهه‌به‌كانيان و هه‌رێمه‌كانيان‌ پێشی وه‌لائيانه‌‌ بۆ عيراقێك‌ كه‌ تێيدا له‌ ڕۆژی كوشتنی ئيمامی حوسه‌ينه‌وه‌ تا ڕووخانی سه‌ددام بنده‌سته‌‌ی سوننه‌ بوونه‌. ئه‌و هاوپه‌يمانێتیه‌ی كورد و شيعه‌ تا ڕاده‌يه‌كی زۆر به‌رهه‌می بۆ هه‌ردوولا هه‌بووه و به‌هۆيه‌وه‌ گورزی مه‌زن له‌ هێزی عه‌ره‌بی سوننه‌‌ دراوه‌ و مه‌ودا عه‌ره‌بيه‌‌كه‌ی عيراقيش خاو كراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام له‌ سايه‌ی ديموكراسيه‌تی په‌رله‌مانيدا، عه‌ره‌بی شيعه‌، كه‌ زۆرينه‌ی دانيشتوانه‌، ته‌واوی عيراق به‌ هی خۆی ده‌زانێ‌.

سه‌ره‌ڕای ڕه‌وتی فيدراليزمی خێزانی ئه‌لحه‌كيم، بيركردنه‌وه‌ی مه‌جليسی ئه‌علای ئيسلامی و زۆربه‌ی شيعه‌كان له‌ هی حيزبه‌ كورديه‌كان مه‌ركه‌زيتر و عيراقيتره‌. خۆ ڕێڕه‌وی سياسی بزوتنه‌وه‌ی شيعه‌ی (سه‌دڕی) و حيزبی (ده‌عوه‌) و حيزبی (فه‌زيله‌) به‌ فه‌لسه‌فه‌يه‌كی شيعی عيراقی و تا ڕاده‌يه‌ك عه‌ره‌بپه‌رستيه‌وه‌ دياريكردوه‌. ئه‌وانه‌ له‌ يه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ نه‌يانشاردۆته‌وه‌ كه‌وا ڕێگه‌ به‌ نوری ئه‌لماليكی ناده‌ن كه‌ركوك ته‌سليمی كوردان بكاته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عيراقی عه‌ره‌بيدا نيه‌ كه‌ كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان له‌ وڵاته‌كه‌ جيابێته‌وه‌، وه‌ له‌ هيچ سياسه‌تمه‌دارێكی ده‌سه‌ڵاتداری به‌غدا قه‌بوول ناكرێ كه‌ به‌ سازش كردن ڕێگه‌ی سه‌ربه‌خۆيی بۆ هه‌رێم خۆش بكات. وه‌ ئاشكرايه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێكی به‌غدا دايه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بۆی بچێته‌ سه‌ر هه‌وڵدات قه‌واره‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌نديه‌كانی فراوانتر بكات. بۆيه‌، ئاساييه‌ كه‌ شيعه‌ی عيراقی به‌ نيازی پاراستنی يه‌كێتی خاكی عيراقه‌وه‌ ده‌ستووری به‌غدا و ياساكانی حوكمڕانی و سياسه‌تی ناوه‌كی داده‌ڕێژن، كه‌ ئه‌وانه‌يش له‌ سروشته‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی سياسه‌تی كوردين‌ و له‌ ئاينده‌دا ده‌بنه‌‌ مايه‌ی كرژيی نێوان هاوپه‌يمانه‌كان.

ئه‌گه‌ر له‌ زۆربه‌ی مشتومڕه‌كاندا شيعه‌كان لايه‌نگيری كورديان گرتبێ، كه‌چی كه‌ كار ده‌گاته‌ سه‌ر ئه‌و بڕياره‌ چاره‌نوس سازانه‌ی كه‌ له‌وانه‌يه‌ كورد له‌ سه‌ربه‌خۆيی نزيك بكاته‌وه‌‌، ئه‌وانيش ده‌بنه‌ ڕێگر. ئه‌وان و سوننه‌كان ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستيان بێت، چ به‌ پلان و چ به‌ پيلان، بێ شه‌رم ده‌يكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێم بگرن ‌. خۆ‌ كۆی ده‌نگی ئه‌وانه‌ به‌سه‌رهی كورد و دۆسته‌كانیدا زاڵه. ئه‌و فاكته‌رانه‌ و پاڵپشتێی ئه‌مه‌ريكی، متمانه‌يان به‌ سه‌رۆك وه‌زيرانی عيراق داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا به‌بێ ترس خۆی له‌و جۆره‌ بابه‌ته‌ به‌ره‌نگاريانه‌ نه‌دزێته‌وه‌. بۆيه‌ كورد ناتوانێ پشت به‌و به‌ڵێنانه‌ی مه‌ركه‌ز ببه‌ستێ كه‌ له‌ كاتی لاوازيدا به‌كوردی داوه‌. ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كورديش كه‌ پشتيان به‌ به‌ڵێنه‌كانی ماليكی به‌ستووه‌ ده‌بێ به‌ خۆيان دابچنه‌وه‌.

ئايا كورد له‌ عيراق ميوانه‌؟

ئه‌وا چه‌رخێكه‌ باشووری كوردستان به‌ دۆڵی ڕافيده‌ينه‌وه‌ لكاوه‌ و دياره‌ كه‌ تا ماوه‌يه‌كی درێژی ديارينه‌كراويش هه‌ر وا ده‌مێنێت. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می دوای شه‌ڕی ڕزگاركردنی عيراق تروسكه‌ چانسێكی جيابوونه‌وه‌ هاتبێته‌ كايه‌وه‌، ئه‌وا ئێستا له‌ ڕێگای ده‌ستوور و دارايی و چه‌ندين ميكانيزمی تره‌وه‌، هه‌رێمی كوردستانی باشوور به‌ عيراقه‌وه‌ نوسێندرايه‌وه‌‌. جا بيه‌وێ يان نه‌يه‌وێ ئيمڕۆ كوردی باشوورعيراقيه‌ و خۆيشی تێدا خاوه‌نماڵه‌. خۆ ئه‌گه‌ر كورد دوودڵ بێ و خۆی له‌ به‌غدادا به‌ ميوان بزانێ، ئه‌وا بێ گومان عيراقيه‌كانی تريش به‌ چاوی ميوانه‌وه‌ سه‌يری ده‌كه‌ن و‌ حيسابی بێگانه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.

وه‌ك بووه‌ته‌ كه‌ڵتور، سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم له‌ كاتی سه‌ردانی به‌غدا و گفتۆگۆكردندا وه‌ك بێگانه‌ و نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵوێستيان نواندوه‌. وه‌ به‌ زمانی "ئێمه‌ و ئێوه‌" له‌گه‌ڵ شه‌ريكه‌ عيراقيه‌كان دواون. له‌ هه‌موو ئاستێك و له‌ هه‌موو بۆنه‌یه‌كدا، جه‌خت له‌سه‌ر مافی جيابوونه‌وه‌ی كورد له‌ عيراق ده‌كه‌ن و منه‌تی پێكه‌وه‌ژيانی "ئيختياری" له‌سه‌ر عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن. واته‌، ئه‌گه‌ر داوايه‌ هه‌رێمپه‌رستيه‌كانی كورد جێبه‌جێ نه‌كرا وه‌يان زروفی شياو هاته‌ كايه‌وه‌، ئه‌وا به‌وزوانه‌ هه‌رێم له‌ عيراق جيا ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌گه‌ر كورد عيراقی ناوێت و هه‌رده‌م ئاواتی جيابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆيی به‌بيرعيراقيه‌كانی تر بهێنێته‌وه‌، ئايا چۆن چاوه‌ڕوان ده‌كرێ عيراقيه‌كانی تر ئه‌و ئاواتانه‌ی كورد له‌بير بكه‌ن، وه‌يان ناوچه‌ كورديه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێميش به‌ بێ كێشه‌ بخه‌نه‌ سه‌رهه‌رێم؟ به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌تا بۆيان بكرێ له‌ ڕووبه‌ری خاكه‌كه‌ی و قه‌واره‌ی سامانه‌كه‌ی كه‌م ده‌كه‌نه‌وه.

سه‌رۆكی هه‌رێم‌ له‌ كۆمه‌ڵگای سياسی ناو به‌غدا به‌ گفتوگۆچيه‌كی ڕه‌ق و‌ سه‌ركرده‌يه‌كی جياخواز ناسراوه‌. خۆی له‌ ميدياكاندا دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ڕقی له‌ ژيانی ناو به‌غدايه‌ و مه‌گه‌ر به‌ مه‌جبووری نه‌بێت هه‌تا بۆی بكرێت ناچێته‌ ئه‌و شاره‌‌‌وه‌. به‌رامبه‌ر كاميرای كه‌ناڵی (ئه‌لعه‌ره‌بيه) به‌ بێ دوودڵی ده‌ری بڕيوه‌ كه‌وا كاتی ئيعلان كردنی هێشتا نه‌هاتوه، ده‌نا مه‌سه‌له‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌رێم مه‌سه‌له‌ی كاته و له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆيدا دێته‌دی. ئه‌و‌‌ هه‌ڵوێستانه‌ نه‌ك ته‌نيا شه‌ريكه‌ عيراقيه‌كانی ناو چه‌قی ده‌سه‌ڵاتی له‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم دڵسارد و دڵڕه‌ق ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ته‌واوی دۆست و دوژمنه ده‌ره‌كی و ناوه‌كيه‌كان ده‌خه‌نه‌ خه‌نده‌قی نه‌ياره‌كان و به‌هۆيه‌وه‌ شه‌ڕ له‌ كورد ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن.

به‌ڵێ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌مێكه‌ هه‌وڵی دڵنياكردنه‌وه‌ی عيراقيه‌كانی داوه‌ و ده‌يه‌وێ ئينتيباعی جياخوازی له‌سه‌ر لابچێ، وه‌ له‌ ديمانه‌ ڕۆژنامه‌وانيه‌كاندا هه‌رده‌م جه‌خت له‌سه‌ر عيراقێتی هه‌رێم و عيراقپارێزی خۆی ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام گۆته‌كانی دڵنياكه‌ره‌وه‌ نين و عه‌ره‌به‌كان چاوه‌ڕێن كورد به‌ كردار بيسه‌لمێنێ‌. له‌ مانگی ديسه‌مبه‌ری ڕابوردوودا سه‌رۆكی هه‌رێم كۆنفرانسی خوێندنی باڵای ئينته‌رناسيونالی كرده‌ بۆنه‌يه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی په‌يامی عيراقپارێزی خۆی و عيراقپه‌روه‌رێتی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕێگای ئه‌كاديميه‌كانه‌وه‌ به‌ باقی عيراق بگه‌يه‌نێ. له‌ دوای سرودی (ئه‌ی ڕه‌قيب) كۆنفرانس ده‌ستی پێ كرد و سه‌رۆكی هه‌رێم وتارێكی دڵنياكه‌ره‌وه‌ی تێروته‌سه‌لی پێشكه‌ش كرد. كه‌چی هيچ كام له‌ سه‌رۆك زانكۆ و شانده‌ ئه‌كاديميه‌ عه‌ره‌به‌كان قه‌ناعه‌تیان به‌ قسه‌كان‌ نه‌هات و به‌ ڕاشكاوانه‌ وون بوونی ئاڵا و سرودی نيشتيمانی عيراقی (سلام جمهوری)يان كرده‌ به‌ڵگه بۆ جياوازی نێوان گۆته‌ و كردار (قه‌ول و فيعل). له‌ ڕاستيشدا، هۆی لێنه‌دانی سرودی نيشتيمانيش هه‌ڵه‌يه‌كی هونه‌ری و ته‌كنيكی بوو ده‌نا له‌ به‌رنامه‌دا بوو كه‌ له‌ دوای سرودی كوردی لێ بدرێت.

كوردستانێتی سه‌ركرده‌كان

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم عيراقيانه‌ هه‌ڵسوكه‌وتيان نه‌كردوه‌، كه‌چی به‌ڵگه‌‌كان نايسه‌لمێنن كه‌ كوردستانيانه و هه‌رمێپه‌رستانه‌ هه‌ڵسوكه‌وتيان كردووه‌. بۆيه‌ به‌لای هه‌رچاودێرێكی سياسيه‌وه‌، به‌راوردی له‌نێوان سياسه‌تی ڕۆژانه‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد و خه‌ونی به‌ده‌وڵه‌تكردنی كوردستان جێگای ‌سه‌رسوڕمانه. هه‌تا ئێستا كاری ئه‌و سه‌ركردانه‌ له‌ قالبی موزايه‌ده‌ و شه‌ڕه‌ميديا تێنه‌په‌ڕيوه‌. له‌ كرداری هيچياندا ده‌ر‌نه‌كه‌وتووه‌ كه‌وا پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی كورديان هه‌يه‌ و به‌ ‌ته‌ركيزه‌وه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی ئيداره‌ی هه‌رێم و له‌ ناوچه‌ سنووريه‌ پڕله‌كێشه‌كان و له‌ سه‌ر شانۆی نێوده‌وڵه‌تيدا كارێكی شايانیان بۆ ئه‌و جۆره‌ پڕۆژه‌يه‌ ئه‌نجامداوه‌. ده‌ستووری ديموكراسی هه‌رێم سه‌ری ديار نيه‌، باری هه‌رێم وا به‌ره‌و خراپيه‌، ياسا سه‌روه‌ر نيه‌، گه‌نده‌ڵيی به‌ره‌و زياديه‌، هه‌ڵمه‌تی چاكسازی و به‌ موئه‌سسه‌سه‌كردن و دامه‌زراندنی بنه‌مای حوكمڕانی ده‌ستی پێ نه‌كردوه‌. تا ئێستا به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ نيه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد نيه‌تی چاكردنی بارودۆخيان هه‌يه‌، وه‌يان له‌ مه‌سه‌له‌ی په‌روه‌رده‌ی كاديری پيشه‌يی و پته‌وكردنی توانای پيشه‌يی و ڕۆشنبيری و ئيداری و سياسی كوردستان جيددين، وه‌يان ده‌يانه‌وێ جۆره‌ قه‌ڵايه‌ك بۆ دۆزه‌كه‌يان دروستكه‌ن كه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی نه‌ڕوخێت.

ئيتر جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نيه‌ كه‌ زۆرينه‌ی خه‌ڵكی كوردستان‌ له‌ پارتی و يه‌كێتی و سه‌ركرده‌ بڕيارده‌ره‌كانيان ناڕازينه‌ و ئاماده‌ نين له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌نگ به‌ ليستی كوردی بده‌ن. سه‌ره‌ڕای هه‌ڕ‌ه‌شه‌ی مووچه‌بڕين و درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی تۆماركردنی ناوه‌كان‌، ته‌نيا (يه‌ك له‌ ده‌)ی خه‌ڵكی هه‌رێم له‌ مه‌ڵبه‌نده‌كانی هه‌ڵبژاردندا خۆیان ناونوس كردوه‌‌. ئه‌و خه‌ڵكه‌‌ دڵنيان له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و جۆره‌ بايكۆته‌ زه‌ره‌رمه‌نده‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی دوژمندايه‌، به‌ڵام له‌ تووڕه‌يی و بێچاره‌يیدا ئاماده‌ن كه‌ باجی سزادانی سه‌ركرده‌كانيان بده‌ن. ڕه‌نگه‌ سه‌ركرده‌كانیش له‌وه‌دا بێ منه‌ت بن چونكه‌ هێشتا ديار نيه‌ ئايا هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان له‌ هه‌رێمدا ده‌كرێ (چونكه‌ ياساكه‌ بۆ ئه‌و پارێزگايانه‌يه‌ كه‌ له‌ ئيقليمدا ڕێكنه‌خراون)، وه‌ هه‌روه‌ها بايكۆته‌كه‌ كار ناكاته‌ سه‌ر ڕێژه‌ی ده‌نگدان و ژماره‌ی ئه‌ندامه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان. دياره‌ كه‌ بايی ئه‌وه‌نده‌ش له‌خۆيان دڵنيان كه حيزبی تری ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لات ناتوانێ جێگه‌يان پێ له‌ق بكات چونكه‌ ده‌توانن بۆكسه‌كان به‌بێ به‌شداريی ‌ خه‌ڵك پڕده‌نگ بكه‌ن. به‌ڵام له‌وانه‌شه‌ ئه‌وجاره‌يان ئه‌وه‌ زه‌حمه‌ت بێ چونكه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن كه‌ ڕێگه‌ی پێشێلكاری بگيرێت.

باجی بێ به‌رنامه‌يی كورد

ڕووداوه‌ سياسی و عه‌سكه‌ری و ئاساييشيه‌كانی عیراق هه‌موويان به‌يه‌كه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌. له‌ گه‌مه‌ی سياسيدا، ئه‌و لايه‌نه‌ی ستراتيژيه‌تی ڕوون بێ و به‌رنامه‌ی درێژخايه‌نی بۆ پياده‌كردنی ئه‌جينداكانی هه‌بێ، ئه‌وا له‌ چه‌ندين سه‌نگه‌ره‌وه‌ ده‌توانێ ياری له‌ دوژمن بباته‌وه‌. ئه‌مه‌ريكيه‌كان، سه‌ره‌ڕای شكستی پلانه‌ هه‌نووكه‌ييه‌كانيان، له‌ ئه‌نجامدا سه‌ركه‌وتنيان مسۆگه‌ره‌ چونكه‌ هه‌رده‌م خه‌ريكی بيركردنه‌وه‌ی زانستيانه‌ن بۆ ده‌ستكاريكردنی به‌رنامه‌ مه‌دروسه‌كانيان، و له‌ چه‌ندين لاوه‌ كار بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و به‌رنامه‌يه‌ ده‌كه‌ن. حكومه‌تی ماليكيش به‌هه‌مان شێوه‌، ئيمڕۆ داشه‌كانی شه‌تره‌نجه‌ قه‌ڕ‌‌باڵغه‌كه‌ی ده‌جولێنێ و تاكتيكی هه‌مه‌جۆر به‌كار ده‌هێنێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گيژاوكی تيرۆر و هێرشی سياسی نه‌ياره‌ جۆراوجۆره‌كانی به‌ سه‌ركه‌وتوويی ده‌ربچێ. له‌ دياله‌ و خانه‌قين ته‌نگ به‌ كورد هه‌ڵده‌چنێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ جه‌بهه‌يه‌كی تره‌وه‌ لاوازی بكات و سازشی پێ بكات. ڕه‌نگه‌ ئه‌و قه‌يرانانه‌ی دوايی په‌يوه‌ندی ڕاسته‌وخۆيان به‌ گفتوگۆی نه‌وت و مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك و بودجه‌ی هه‌رێمه‌‌وه‌ هه‌بێ.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و گه‌مه‌ سياسيه‌ به‌به‌رنامه‌یه‌ی ئه‌مه‌ريكا و حكومه‌تی به‌غدادا، لايه‌نی كوردی (پارتی و يه‌كێتی و حكو‌مه‌تی هه‌رێم) سياسه‌تی كاردانه‌وه‌ی بێ به‌رنامه‌ی له‌ ئامێز گرتووه‌. ده‌ستی ڕاستی له‌ هی چه‌پ ئاگادار نيه‌، و ته‌نسيقی سه‌ربه‌ره‌و خوار و ته‌نيشتاوته‌نيشت ئاسه‌واريان ديار نيه‌. ده‌مێكه‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كان شاره‌زای باری ده‌روونی و جۆری بيركردنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی كوردی بوونه‌. لاوازی و به‌رژه‌وه‌ندیپه‌رستێتی كورديان بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌جيندای خۆيان به‌كار هێناوه‌. پۆل برێمه‌ر توانی سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی بێبه‌شكردن له‌ دارايی وه‌يان تامه‌زرۆكردنی خه‌لاتكردن بهێنێته‌ سه‌رخه‌ت. بۆيه‌ تا ئێستا نه‌ كورد توانيويه‌تی فشار بخاته‌ سه‌ر ئه‌مه‌ريكيه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی كار له‌ ڕێڕه‌وی سياسه‌تيان بكات و نه‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی ناڕه‌زايی سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ جيددی وه‌رده‌گرن. ئێستا سياسه‌تمه‌داره‌ عه‌ره‌به‌ عيراقيه‌كانيش فێری هه‌مان ياری بوونه‌. ئه‌وانيش له ‌نزيكه‌وه‌ ئاگاداری باری شلۆقی هه‌رێم و بێ سه‌روبه‌ری ناوماڵی كورد و لێكدابڕانی سه‌ركرده‌‌ و ڕه‌عيه‌كانی كوردن.

ئيمڕۆ له‌ په‌رله‌مانی عيراقدا، ڕێژه‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد له‌وپه‌ری به‌رزيدايه‌، ‌هێشتا به‌شی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌مه‌لايه‌ی عه‌ره‌بی نه‌كردوه‌. خۆ ڕه‌نگه‌ له‌ ئه‌نجامی گه‌يشتنی لێشاوی ده‌نگی عه‌ره‌بی سوننه ‌و‌ قڕ بوونی ده‌نگی كوردی له‌ ناوچه‌ سنووريه‌كانی وه‌ك موسڵ و دياله‌ و كه‌ركوكدا، له‌ خولی داهاتوو ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ به‌غدا له‌وه‌ی ئێستا كه‌متريش ببێته‌وه‌، و‌ قورسايی سياسی كورد تا ڕاده‌يه‌ك له‌ به‌غدا كه‌م بێته‌وه‌. له‌وانه‌يه‌ له‌ زۆرانبازی سياسیدا مه‌جالی موڕاوه‌غه‌ی كورد ته‌سك بێته‌وه و نه‌ك ته‌نيا ڕۆڵی مه‌ليك دروستكه‌رێتی له‌ده‌ست بدات، به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ ده‌ستكه‌وته‌‌كانيشی بكه‌ونه‌ به‌ر مه‌ترسی پێداچوونه‌وه‌.

ماليكی به‌ لاوازی و ماليكی به‌توانايی؟

له‌و ڕۆژانه‌ی كه‌ سه‌دريه‌كان و فه‌زيله‌ييه‌كان و به‌شێكی سوننه‌كان وه‌زيره‌كانيان له‌ كابينه‌دا كێشاوه‌، ئه‌وكات ماليكی له‌وپه‌ڕی لاوازيدا بوو و له‌ هه‌موو كاتێكی تر زياتر پێويستی به‌ پاڵپشتی لايه‌نی كوردی بوو، كه‌چی هێشتاش به‌ دڵنياييه‌وه‌ وورده‌ وورده‌ به‌ڕی له‌ ژێر پێی سياسه‌تمه‌داره‌ كورده‌كان ده‌ر‌هێنا‌. به‌ودواييه‌ مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی جێگره‌ كورده‌كه‌ی و وه‌زيره‌ كورده‌كانی تری كه‌م كردۆته‌وه‌. به‌ بێ ڕاوێژكاری ئه‌وان كاری سياسی و عه‌سكه‌ری ئه‌نجام ده‌دات. له‌ كۆنتراكتی نه‌وتدا، ڕێگه‌ی به‌ وه‌زيری نه‌وت دا كه‌ به‌ يه‌كده‌سته‌كی حكومه‌تی هه‌رێم بته‌زێنێ و كۆمپانيا نه‌وتيه‌ هه‌رێمدۆسته‌كانيش سزا بدات. دۆسيه‌ی گفتوگۆ عيراقی و ئه‌مه‌ريكيه‌كانی له‌ ده‌ستی وه‌زيره‌ كورده‌كان ده‌رهێناوه‌ و به‌ ئاشكرا تانه‌ی پڕۆئه‌مه‌ريكيه‌تی پێوه‌ناون.

ماليكی، بزوتنه‌وه‌ی سه‌دريه‌كان و له‌شكری مه‌هدی بۆ هاتنه‌سه‌ر حوكم به‌كارهێنا. ڕێكخراوی (ئه‌لسه‌حوه‌)ی سوننی و پێشمه‌رگه‌ی كوردی بۆ لێدانی ئه‌لقاعيده‌ به‌كار هێنا. ئه‌وجا له‌ پڕۆسه‌يه‌كدا، كه‌وته‌ هه‌ڵمه‌تی كه‌م كردنه‌وه‌ی جموجۆڵی ميليشيا ناياساييه‌كه‌ی ئه‌لمه‌هدی و ئه‌لسه‌حوه‌، و كه‌م كردنه‌وه‌ی نفوزی بزوتنه‌وه‌ی تێكده‌رانه‌ی سه‌دريه‌كان و عه‌شايه‌ره‌كانی سوننه‌. ئێستاش وا حيسابی هه‌مان جۆره‌ ميليشيای ناياسايی و تێكده‌ر بۆ پێشمه‌رگه‌ و نفوزی پارتی و يه‌كێتی له‌ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كات. ڕاسته‌ مافی كۆنتڕۆلكردنی شاره‌كانی عيراق و چه‌ك كردنی ميليشياكان مافێكی ده‌ستووری حكومه‌تی عيراقيه‌، به‌ڵام لايه‌نی كوردی وايداده‌نا كه‌ جارێ نۆره‌ی لێدانی نفوزی كوردی له‌ ناوچه‌ پڕكێشه‌ سنووريه‌كان نه‌هاتووه‌ و حكومه‌تی ماليكی بۆی ناكرێت به‌وزوانه‌ و به‌بێ گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خودی سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌و جۆره‌ هێرشه‌ پڕ ئيهانانه‌‌ ده‌ست پێ بكات.

ڕۆژی كورد ڕووی له‌ ئاوابوونه‌

ئيتر هه‌روه‌ك پێشبينی لێ ده‌كرا، قۆناخی زنجيره‌ سه‌ركه‌وتنه‌كان تێپه‌ڕی و قۆناخی پاشه‌كشه‌ی دۆزی كوردی وا به‌بێ دواكه‌وتن سه‌ری ده‌رهێناوه‌. له‌جياتی ئه‌وه‌ی كورد به‌رده‌وام بێ له‌ سوو وه‌رگرتن له‌ فرسه‌تی گێژاوكی ناو به‌غدا و لاوازی حيزبه‌ عيراقيه‌كان و ته‌نگاوی ئه‌مه‌ريكيدا، كه‌چی ئێستا خه‌ريكه‌ به‌غدا سوود له‌ فرسه‌تی شلۆق بوونی باری هه‌رێم و بێ ڕێڕه‌وی سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم وه‌رده‌گرێ. ئيمڕۆ زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و هاوپه‌يمانه‌ عيراقيه‌‌كان و دۆسته‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كان له‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم ناڕازين و به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌وخۆيان لێ ده‌گرن و هه‌تا دێ زياتريش تووشی بێ هيوايی و (خه‌يبه‌تی ئه‌مه‌ل) ده‌بن. له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی سوننه و باڵاده‌ست بوونی سه‌رۆكوه‌زيرانی عيراق و توند بوونی نه‌هجی عيراقپه‌روه‌ری شعيه‌كان، سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌ستيان له‌ هه‌موو ڕۆژێكی تر لاوازتر و مه‌كشوفتره‌. له‌ هه‌موو ڕۆژگارێك زياتر بێ به‌رنامه‌ن و جێ پێيان شلۆقه‌‌ و متمانه‌ی زۆرينه‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌شيان له‌ده‌ست داوه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی داهاتوودا سه‌ركرده‌كانی كورد به‌خۆيان دانه‌چنه‌وه‌ و به‌خۆنه‌كه‌ون، ئه‌وا ڕۆژی كورد به‌ كه‌مته‌رخه‌می سه‌ركرده‌كانی ڕووی هه‌ر له‌ ئاوابوون ده‌بێ.

له‌ قه‌يرانی ئاڵۆزی سياسیدا، ڕێگاچاره‌ی خێرا و ئاسان و حازربه‌ده‌ست نايه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام وه‌رچه‌رخانی ڕێڕه‌و و دۆزينه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌كان به‌پێی لۆژيك و زانست و هونه‌ری سه‌رده‌م، كاری ئاسانن.‌ به‌شی دووه‌می ئه‌و وتاره‌ (له‌ هاوڵاتی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوودا) بۆ دۆزينه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌و ڕێگاچارانه‌ و داڕێژتنی به‌رنامه‌يه‌كی تۆكمه‌ ته‌رخان كراوه. چه‌ندين پێشنيازی ته‌واكه‌ری يه‌كتری تێدا هاتووه‌ به‌و ئومێده‌ی كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد بتوانن له‌ چه‌ندين سه‌نگه‌ره‌وه‌ بكه‌ونه‌ فريای بزوتنه‌وه‌كه و زنجيره‌ی قه‌يرانه ده‌ره‌كی و ناوه‌كيه‌‌كان بپسێنن.