له‌شكركێشی ئه‌رته‌شی توركی تاقی كردنه‌وه‌يه‌كه بۆ سياسه‌تمه‌دارانی كورد و تورك: ئايا ده‌كرێ هه‌ردوولايان به براوه لێی ده‌رچن؟
* كليلی ده‌روازه‌ی سنوور له گيرفانی سه‌رۆك بوشه، و تاوانی سنووربه‌زاندنی توركی له ئه‌ستۆی ئه‌و ده‌بێ
* كليلی چاره‌سه‌ری قه‌يرانه‌كه له ده‌ستی كورده، بۆيه نابێ سه‌ركرده‌كان به گفتوگۆی ناڕاسته‌وخۆ ڕازی ببن.
* سه‌ركرده‌كان به‌ڵێنی به‌رگری له‌خۆ كردن ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئايا دڵنيان له‌وه‌ی كه ميلله‌ت له‌دوايانه؟
هاوڵاتی، چوارشه‌ممه، ٢٤/١٠/٢٠٠٧
پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين
ئه‌وه يه‌كه‌م جاره حكومه‌تی (ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردوگان) بكه‌وێته ته‌ڵه‌ی بێ سه‌روبه‌ری ئه‌رته‌شی توركی. ئۆردوگان و حيزبه‌كه‌ی (ئه‌داله‌ت ڤه كالكينمه - عه‌داله‌ت و ته‌نميه) به جۆرێك خۆيان تووشی قه‌يرانی ده‌ستكردی له‌شكركێشی دژ به په‌كه‌كه و هه‌رێمی كوردستان كردوه كه ڕه‌نگه به ڕوو سووری لێی ده‌رنه‌چن. حكومه‌تی (بڵند ئه‌جه‌ويد) به ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ريكا هه‌مان جۆره له‌شكركێشی له ١۹۹۹ له دژی سوريا ئه‌نجام دا و توانی ئه‌ژنۆ به (حافز ئه‌سه‌د)ی سوريا دابدات و (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان) له خاكی بيقاع ده‌رپه‌ڕێنێ. دياره ئه‌وجاره‌يان حكومه‌ت و ئه‌رته‌شی توركی ده‌يانه‌وێ باقی سه‌كرده‌كانی په‌كه‌كه له قه‌نديل ده‌رپه‌ڕێنن و دواتر ده‌ستگيريان بكه‌ن. به‌ڵام بارودۆخی عيراقێكی داگيركراو له لايه‌ن ئه‌مه‌ريكاوه، جياوازه له هی سوريایه‌كی دژ به ئه‌مه‌ريكا و ئيسرائيل. له جاری پێشتر، (سی ئای ئه‌ی) و (مۆساد) هاوكاری (ميت)يان كرد بۆ فڕاندنی ئۆجه‌لان. كه‌چی ئه‌و جاره‌يان خه‌ريكه ئه‌رته‌شی توركی كار له سی ئای ئه‌ی و ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی تێك بدات و باری عيراقيان لێ ئاڵۆزتر بكات. دياره كه سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئيعتوبارانه، ئۆردوگان و ئه‌رته‌شه‌كه‌ی سوورن له سه‌ر هه‌ڵچوواندنی بارودۆخه‌كه.
پێنج چۆله‌كه به به‌ردێك
بێ گومان له‌شكركێشی توركيا مه‌سه‌له‌يه‌كی سياسی ڕووته و چانسی ده‌ستكه‌وتی عه‌سكه‌ری نيه، به‌ڵام دياره كه حكومه‌تی ئه‌ردوگان به‌كاری ده‌هێنێ بۆ ئه‌وه‌ی كه چه‌ندين چۆله‌كه به به‌ردێك بكوژێ.
١- ده‌يه‌وێ فشارێكی بێ پايان بخاته سه‌ر ئيداره و موئه‌سسه‌سه‌كانی ته‌شريعی ئه‌مه‌ريكی بۆ خاتری هه‌لپه‌ساردنی فايلی جێنۆسايدی ئه‌رمه‌نی. له‌وه‌دا، تا ڕاده‌يه‌ك سه‌ركه‌وتوو بووه و پاشه‌كشه‌ی به ئيداره و كۆنگرێسی ئه‌مه‌ريكی كردوه. به‌ڵام له‌وانه‌يه به‌و كاره توركيا گۆڵی له خۆی كردبێ و گوريسی په‌يوه‌نديه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا گرژتر كردبێ. دوور نيه ئه‌و ڕه‌فتاره كار بكاته سه‌ر بيركردنه‌وه و پلانی ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی و له ئاينده‌دا به جۆرێكی تر حيساب بۆ كاردانه‌وه‌ی نيگه‌تيڤی توركی بكه‌ن، و پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی بنكه سه‌ربازيه‌كه‌ی ئينچه‌رليكيش خێراتر بكه‌ن. خۆ ڕه‌نگه ديموكراته‌كان به‌وه‌نده واز نه‌هێنن و له ئاينده‌دا فايلی ئه‌رمه‌ن بخه‌نه‌وه به‌رده‌م كۆنگرێس و بابه‌ته‌كه نوێ بكه‌نه‌وه. .
٢- له موزايه‌ده‌ی ناوه‌كی دا، حيزبی ئه‌ردوگانی به ڕه‌وت ئيسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌رته‌شی توندڕه‌وی عيلمانی ده‌يانه‌وێ مه‌سه‌له‌ی په‌كه‌كه بۆ گۆڵ له‌يه‌كتر كردن به‌كار بهێنن. ئه‌ردوگان ده‌يه‌وێ بۆ ده‌نگده‌ری توركی بسه‌لمێنێ كه له سه‌ر يه‌ك گرتوويی خاكی توركی ئاماده‌ی سازش نيه. پێويستی به‌وه‌يه كه شه‌عبيه‌تی خۆی تا ئه‌و ڕاده‌يه به‌رز بكاته‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندی حيزبه‌كه‌ی پێ بپارێزی و سه‌ركرده‌ی ئه‌رته‌شی پێ لاواز بكات و ده‌ست له ده‌ستوور وه‌ربدات و ڕه‌گی ديموكراسيه‌ت زياتر بچه‌قێنێ و توركيا له ئه‌وروپا نزيكتر بكاته‌وه.
۳- ده‌يه‌وێ فشارێكی بێ پايان بخاته سه‌ر سه‌ركرده‌ی كوردی باشوور و ده‌وڵه‌تی عيراق، هه‌تا ديسانه‌وه سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه له بنكه هه‌ميشه‌ييه‌كانيان ده‌رپه‌ڕێنێ و دونيايان لێ بچوك بكاته‌وه.
٤- ده‌يه‌وێ فشار بخاته سه‌ر سه‌ركرده عيراقیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له ڕيفه‌راندۆمی كه‌ركوك و فيدراليه‌تی كوردستان و ڕه‌وتی سه‌ربه‌خۆيی كوردی باشوور بگرێ. بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، رێگه له هاتنه ژووره‌وه‌ی كۆمپانيا نه‌وتيه مه‌زنه‌كانی جيهانی بۆ ئيستيسمار و هه‌ڵێنجانی نه‌وت بگرێ.
٥- ده‌يه‌وێ فشار بخاته سه‌ر ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی و سياسه‌تمه‌دارنی به‌غدا هه‌تاوه‌كو له داهاتوودا، له مه‌سه‌له چاره‌نوسيه‌كانی ناو عيراق دا، حيسابی تايبه‌ت بۆ توركيا بكه‌ن و چيتر پشت گوێی نه‌خه‌ن.
دياره كه‌وا ئه‌گه‌ر حكومه‌تی توركيا هه‌ريه‌كێك له‌و ئامانجانه به‌دی بهێنێ خۆی به براوه ده‌زانێ. ئامانجی يه‌كه‌می وا به‌ده‌ست هێناوه و له‌وه ده‌چێ كه هی دووه‌ميش به‌ده‌ست بهێنی. هه‌رچی ئامانجه‌كانی تره، ده‌كه‌ونه سه‌ر مه‌ودای ئاماده‌يی سه‌ركرده‌كانی كورد بۆ سازش كردن، ده‌نا توركيا وا به ئاسانی ده‌ستی ناكه‌ون. پرسياری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌يه ئايا له كۆتاييدا سه‌كرده‌كانی كورد كۆڵ ده‌ده‌ن، وه‌يان له‌و تاقی كردنه‌وه‌يه‌دا به سه‌لامه‌تی ده‌رده‌چن و جێ پێيان به‌هێزتر ده‌كه‌ن؟
ئه‌گه‌ری شه‌ڕ و ئه‌نجامه‌كانی
پێويسته سه‌رۆكه‌كانی هه‌رێم له‌وه نه‌ترسن ئايا توركيا دێته ناو كوردستان يان نا، چونكه به گوێره‌ی لۆژيك، سه‌ره‌ڕای خۆ گيف كردنه‌وه و هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه، سه‌ركرده‌كانی توركيا له ناخياندا نايانه‌وێ سنوور ببه‌زێنن. وه ئه‌گه‌ر به‌زانديشیان ئه‌وا له زه‌ره‌ر به‌خشين و زه‌ره‌ر دروينه‌وه زياتر هيچی تريان پێ نابڕێ. ئه‌ردوگان پێشتريش دانی به‌وه دا ناوه كه‌وا ژماره‌ی په‌كه‌كه له ناوه‌وه‌ی توركيا زياترن وه‌ك له ده‌ره‌وه، و ده‌شزانی كه مه‌حاله له‌شكرێكی نيزامی بتوانێ بزوتنه‌وه‌ی پارتيزانی كوردی باكور، كه ٢٥ ساڵه ده‌وڵه‌تی توركی له زه‌واق ناوه، قه‌ڵاچۆ بكات. ئه‌رته‌شی توركی له ناوه‌وه‌ی توركيا فه‌شه‌لی هێناوه، و له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانيش (به هاوكاری يه‌كێتی و پارتيش) نه‌يتوانی په‌كه‌كه بشكێنێ وه‌يان ديوی عيراقيان پێ چۆل بكات.
خۆ مه‌ترسی هێرشی توركی له‌سه‌ر خودی هه‌رێم جێگه‌ی باس كردن نيه، چونكه به توركيا ناكرێ پايته‌ختی هه‌رێم داگير بكات و حكومه‌ته‌كه‌ی بڕوخێنێ. نه ئه‌و كاره ده‌كات و نه زلهێزه‌كانيش ڕێگه‌ی پێ ده‌ده‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر كرديشی، ئه‌وا ده‌بێ كوردستان به ته‌واوی داگير بكات و بكه‌وێته شه‌ڕی درێژخايه‌نی عيراق، و ببێته په‌يدا كردنی فه‌وزا و تێكچوونی پلانی ئه‌مه‌ريكی و له‌ده‌ست دانی ده‌ستكه‌وته سياسيه‌كانی حيزبی ئه‌ردوگان له ئه‌وروپا و ته‌واوی شانۆی جيهانی.
ده‌مێكه ئه‌رته‌شی توركی ، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئيعلانی بكات، شه‌ڕی هه‌ڵگيرساندوه. هه‌ر له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابوردوودا، له‌و ديوی سنووره‌وه هه‌رێمی بۆردومان كردوه. به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی هه‌ر بۆ تۆقاندن و دياريكردنی مه‌ودای جيدديه‌تی هه‌ڕه‌شه‌كانه. زياتر له‌وه، ته‌نيا كارێكی عه‌سكه‌ری كه به ئه‌رته‌شی توركيا ئه‌نجام بدرێ ئه‌وه‌يه كه به ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ريكی بێته ناو خاكی هه‌رێم و ده‌بابه‌كانی له قه‌نديل نزيك بكاته‌وه. ئه‌وجا به خۆيان و فڕۆكه جه‌نگيه‌كانيان چيايه‌كی ڕه‌ق و ته‌ق بده‌نه به‌ر تۆپ باران، و دوايی به شه‌رمه‌زاريه‌وه بكشێنه‌وه. شايانی باسه كه‌وا ئه‌گه‌ر توركيا ئيمڕۆ بڕيار بدات ده‌بابه‌كانی بنێرێته قه‌نديل، ئه‌وا ده‌بێ هه‌تا به‌هاری داهاتوو چاوه‌ڕێ بكات بۆ ته‌نفيز كردنی، ده‌نا له‌شكره‌كه‌ی له قوڕ و به‌فری قه‌نديل دا گير ده‌خوات. تا ئه‌و كاتيش دونيای سياسه‌ت به ده‌يان قۆناخی تردا تێ ده‌په‌ڕێت.
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ريكا ڕێگه‌ی په‌ڕينه‌وه‌ی ده‌بابه‌كانی توركی نه‌دا، و له جياتيان ڕێگه‌ی فڕۆكه جه‌نگيه‌كانی توركی دا كه قه‌نديل بۆردومان بكه‌ن، ئه‌وا ته‌واوی له‌شكركێشيه‌كه فه‌شه‌ل ده‌هێنێ. ڕه‌نگه له‌و جۆره بۆمبا بارانه‌دا هه‌ندێ زه‌ره‌ری ماددی و گيانی له په‌كه‌كه بكه‌وێ، به‌ڵام هه‌روه‌ك له مێژوودا هاتووه، په‌نجه‌ی هيچ سه‌ركرده‌يه‌كيان به خوێن دانايه‌ت. بۆيه، نه‌ك ته‌نيا ئامانجه عه‌سكه‌ری و سياسيه‌كانی توركی فه‌شه‌ل ده‌هێنن، به‌ڵكو بلۆفه سياسيه‌كه‌شيان ئاشكرا ده‌بێ و ده‌يسه‌لمێنن كه چاره‌سه‌ری گرفته‌كان له سه‌ر ده‌ستی ئه‌رته‌ش نايه‌نه دی. جارێكی تريش ئه‌رته‌شی تورك ناتوانن له‌شكركێشی بكه‌ن، و كات و پاره و توانا و هه‌لی سياسی تر به فيڕۆ بده‌ن. به‌وانه‌ش ده‌ستی سياسه‌تمه‌دارانی كورد و تورك زاڵ ده‌بێ و ڕه‌نگه پڕۆسه‌ی سازشی سياسی بێته كايه‌وه و به هۆيه‌وه كورد براوه بێ.
سه‌ركرده‌كانی كورد: ياری بۆ بردنه‌وه يان نه‌دۆڕان؟
هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕی ئه‌و جاره‌ی توركيا تاقی كردنه‌وه‌يه‌كی مێژووييه بۆ سه‌ركرده‌كانی كورد و تورك. ئه‌گه‌رچی توركيا نايه‌وێ به ڕاسته‌وخۆيی له‌گه‌ل سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم گفتوگۆی سياسی بكات، به‌ڵام بيانه‌وێ يان نه‌يانه‌وێ، كورد له‌و زۆرانبازيه‌دا ياريكه‌رێكی سه‌ره‌كيه، كليلی چاره سه‌ری قه‌يرانه‌كه‌يان له ده‌سته. لێره‌دا پێويسته سه‌ركرده‌كانی كورد ياريه‌كه به‌و په‌ڕی حيكمه‌ت ئه‌نجام بده‌ن. به‌ڵام ئايا سه‌كرده‌كان خه‌ريكی ياری كردنن بۆ بردنه‌وه، وه‌يان ته‌نيا بۆ نه‌دۆڕان؟ ئايا خه‌ريكن به‌ڕه‌كه له ژێر ئه‌رته‌شی توركی ده‌ربهێنن و گۆڵێكی مێژوويی لێ بكه‌ن كه هه‌تا هه‌تايه جارێكی تر به‌رده‌رگه‌ی ماڵيان پێ نه‌گرێته‌وه، وه‌يان ته‌نيا خوا خوايانه بار بگه‌رێننه‌وه دۆخی جارانی و به هه‌ر چۆنێك بێ، به‌بێ زه‌ره‌ر له ياريه‌كه ڕزگاريان ببێ؟ ڕووداوه‌كان و كاردانه‌وه‌ی سياسه‌تمه‌دارانی كورد له‌وه ده‌چێ كه‌وا ئه‌گه‌ری يه‌كه‌ميان بۆ خۆيان دانه‌ناوه و هه‌موو ته‌ركيزيان له سه‌ر دووه‌ميانه (واته كشانه‌وه به بێ زه‌ره‌ر). كشانه‌وه‌ی به بێ زه‌ره‌ر له شه‌ڕێكی تاقه‌ت به‌زێن دا مايه‌ی زيره‌كی و لێزانيه، به‌ڵام له شه‌ڕێكدا كه مه‌جالی دۆڕانی تێدا نه‌بێ، هه‌ڵه‌يه.
به‌ڵێ ڕاسته هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و جاره‌ی توركيا له هی هه‌موو جارێكی پێشتر جيددی تر و مه‌ترسیدارتره، به‌ڵام توركيا قه‌ت به قه‌ده‌ر ئه‌و جاره‌يان مه‌وقيفی لاوازتر و موحريجتر نه‌بووه. خه‌ريكه خۆی تووشی گرێكۆره‌يه‌كی ئاڵوزی وا ده‌كات كه ڕه‌نگه به بێ شه‌رمه‌زاربوون ڕزگاری نه‌بێت. مه‌وقيفی ئه‌ردوگان له‌به‌ر چاوی ميلله‌تی توركی و چاودێرانی جيهانی گه‌يشتوته ڕۆخی هه‌ردێرێك كه‌وا هه‌نگاونانی به‌ره‌و پێش وه‌يان به‌ره‌و پاش، يه‌ك له يه‌كيان قورسترن. له لايه‌كه‌وه سنوور به‌زاندن له‌سه‌ر حكومه‌تی توركی به گران ده‌وه‌ستێ، و له لايه‌كی تره‌وه مانه‌وه‌ی په‌كه‌كه له قه‌نديل به گرانتر. ئه‌گه‌ر ئه‌ردوگان نايه‌وێ شه‌رمه‌زار ببێ، ئه‌وا مه‌جبوور ده‌بێ داوای هاوكاری له كوردی هه‌رێم بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێكی ئامانجه عه‌سكه‌ريه‌كانی بۆ ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌وه‌ش فرسه‌تێكی بێ هاوتا بۆ سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌هێنێته پێشه‌وه.
سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی كۆمار، كارێكی زۆر به جێ يان كرد كه له ڕۆژی يه‌كشه‌ممه (٢١/١٠) به يه‌كه‌وه وه‌ستان و هه‌ڵوێستيان يه‌ك خست و به زمانی ديپلۆماسيه‌ت وه‌لامی توركيايان دايه‌وه. داوای گفتوگۆيان كرد و داوا ناڕه‌واكانی توركيان ڕه‌فز كرد و به‌لێنی به‌رگری كردنی هێرشه‌كانيشيان دا. ئه‌وه باش‌ترين هه‌ڵوێسته كه سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌بێ له‌سه‌ری به‌رده‌وام بن. به‌ڵام له ئاستی خوار ئه‌و دوو سه‌ركرده‌يه و له ئاستی عيراقی دا، سه‌ركرده‌كانی كورد و عيراق له هه‌ڵوێستياندا په‌رش و بڵاو و ناته‌با و بێ ڕێڕه‌و و بێ ستراتيژيه‌تی هاوبه‌ش و بێ توانای موڕاوه‌غه و بێ توانای به‌رگرينه. ئه‌و بێ سه‌روبه‌ريه له كاردانه‌وه شپڕزه‌كانی پارتی و يه‌كێتی، و كوردی به‌غدا و هه‌رێم، حكومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێر، و شيعه و سوننه، و سه‌رۆكايه‌تی كۆمار و سه‌رۆكايه‌تی وه‌زيرانی عيراق دا به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ. بۆيه‌ش، له ڕاستيدا حيسابی ياريكه‌ری جيددی بۆ هيچ كام له‌وانه نه‌كراوه، و هه‌موو لايه‌ك چاوی بڕيوه‌ته ده‌ستی ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی، و قوماری خه‌ڵكی كوردستانيش له‌سه‌ر ته‌ده‌خولی سه‌رۆك بوشه.
ڕۆڵ و ستراتيژيه‌تی پارتی و يه‌كێتی
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له‌شكركێشيه‌كه‌ی توركيا به ڕاسته‌وخۆيی له دژی سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمه، كه‌چی هيچ كام له‌وانه بانگ نه‌كراونه‌ته ناوه‌وه‌ی حه‌له‌به‌ی ياریه‌كه. ته‌نيا ئه‌و كوردانه‌يش كه ناويان له گفتوگۆكاندا دێت، برێيتين له‌وانه‌ی كه‌وا پۆستی عيراقيان هه‌ڵگرتوه. ئه‌وانه‌يش له ڕوانگه‌يه‌كی عيراقيه‌وه داوای چاره‌سه‌ری سياسيانه‌ی كێشه‌كه ده‌كه‌ن و تاوانی قه‌يرانه‌كه ده‌خه‌نه ملی په‌كه‌كه و داوای لێ ده‌كه‌ن كه خاكی عيراق به‌جێ بهێلێت.
له ڕووكه‌شدا هه‌ڵوێستی پارتی و يه‌كێتی له‌يه‌ك ده‌چن، به‌لام له ڕاستيدا جياوازن. له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركی دا، سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رامبه‌ری ده‌ربڕيوه و به‌ڵێنی به‌ڕگری كردنی داوه؛ به‌ڵام يه‌كێتی ته‌سريحی له‌و جۆره‌ی له ئاستی هه‌رێم نه‌داوه، بێجگه له ته‌سريحه‌كانی سه‌رۆك كۆمار كه به ناوی حكومه‌تی عيراق داويه‌تی. پارتی به هه‌زاران قوتابی و خه‌ڵكی تری بۆ خۆپيشاندان له دژی هه‌ڕه‌شه‌ی توركی هێنايه سه‌ر جاده‌كانی هه‌ولێر و دهۆك، به‌لام يه‌كێتی له سلێمانی و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتيدا هه‌ماهه‌نگ نه‌بوو. ئه‌و ژماره كه‌مه‌ی له سلێمانيش كه له دواتر خۆ پيشان دانيان كرد، ديسانه‌وه بێ ته‌نسيق بوو.
ده‌مێكه سه‌ركرده‌ی كورد پێشبينی له هه‌ڵچوونی توركيا كردوه و ده‌م ناده‌م به‌رپه‌چی هه‌ڕه‌شه ئيعلاميه‌كانی ئه‌رته‌شی داوه‌ته‌وه؛ به‌ڵام له تاقی كردنه‌وه‌ی ئه‌وجاره‌يان به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ كه‌وا له ڕاستيدا، له ته‌سريح ده‌ركردن و خۆ پيشاندان زياتر، هيچ ستراتيژيه‌تێكی تۆكمه و ئاماده‌باشی جيهازی ده‌وڵه‌تيان پێوه ديار نيه. ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌يه كه‌وا حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌ركرده‌كانی كورد به شێوه‌ی سيسته‌ماتيك و موئه‌سسه‌ساتی كار بۆ مه‌سه‌له چاره‌نووسيه‌كانی ووڵات ناكه‌ن، و بگره هه‌تا ئيمڕۆش ناوه‌رۆك و بنه‌ما و سيسته‌می حوكمڕانی ووڵاتپارێزیان دا نه‌مه‌زراندوه.
نه‌ك ته‌نيا نه‌يانتوانيوه حكومه‌ته‌كانی ئێران و توركيا و سوريا له خۆيان نزيك بكه‌نه‌وه، به‌ڵكو سه‌ركرده‌كانی حيزبه عيراقيه‌كانيشيان له‌خۆيان زوير كردوه. له‌جياتی فريا كه‌وتن، گۆته بێژی سه‌رۆك وه‌زيرانی عيراقی خه‌ريكه تڕومنه‌ت له‌سه‌ر سه‌ركرده‌كانی كوردی ده‌كات، به‌وه‌ی كه له ڕۆژی شێنه‌يی دا كوردستانين، و له ته‌نگانه‌دا عيراقين. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و قسانه ڕه‌نگ دانه‌وه‌ی بير كردنه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زيرانی عيراقن، و له زۆر لايشه‌وه ڕاستن. سه‌ربار و بن بار، سه‌ركرده‌كانی كورد ته‌واوی خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر و ڕۆشنبيرانی كوردستان و بگره ئه‌ندامانی حيزبه‌كانيان له‌خۆيان تۆراندوه. خه‌نده‌قێكی كوشنده له نێوان سه‌ركرده و ميلله‌ت دروست بووه كه خه‌ڵكی كوردستان ئيمڕۆ دوودڵه له‌وه‌ی كه ئايا وه‌لائی بۆ نيشتيمانه‌كه‌ی له ڕێگه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌وه ده‌رببڕێ. سه‌كرده‌ی هه‌ر ميلله‌تێك له كاتێكی ته‌نگانه‌ی وه‌ك ئيمڕۆی كوردستاندا، بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی دوژمنی دڕنده، پشتی به ميلله‌ته‌كه‌ی ئه‌ستوور ده‌بێت و چاوه‌ڕێی قوربانی گه‌وره له ميلله‌ت ده‌كات. به‌ڵام ئه‌زموونی تاڵی خه‌لك له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی كوردی به جۆرێكه كه ڕه‌نگه له‌و ته‌رزه ڕۆژه‌دا خه‌لكه‌كه كوێرانه و ده‌روێشانه متمانه‌يان به سه‌ركرده‌كانيان نه‌به‌خشن و دڵنياش نه‌بن له توانای پێشڕه‌وێتيان.
چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ گرفتێكی هه‌ميشه‌يی
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌يرانه به چاكه‌ی كورد وه‌رسوڕێته‌وه، پێويسته توركيا ناچار بكرێ دانوستاندن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد بكات. پێويسته سه‌ركرده‌كان له چه‌ندين لاوه به‌رنامه بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌يرانه و ئه‌وانه‌ی داهاتووش دارێژن. كورد ده‌توانێ به هێزی مه‌نتيق و ته‌نيسقی ناوه‌كی و سوود وه‌رگرتن له قه‌يرانی ئه‌مه‌ريكی و توركی، خۆی له شه‌ڕ بپارێزێ و له ياريه‌كه‌ش براوه‌بێ.
أ- ژووری عه‌مه‌ليات:
سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی و سه‌رۆكوه‌زيران و نوێنه‌ری مه‌كته‌بی سياسی حيزبه‌كانی تر كۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌ی باڵای ئاسايشی نه‌ته‌وه‌يی، مانگانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ش له تيوريه‌وه، به مه‌به‌ستی ڕێك كه‌وتنه له سه‌ر مه‌سه‌له ئاسايشیه نه‌ته‌وه‌ييه‌كانی هه‌رێم. به‌ڵام له ڕاستيدا ئه‌وه ته‌نيا بۆ ده‌رخستنی ته‌بايی حيزبه‌كان و ئاڵوگۆڕی بۆ چوونه‌كانه، و به ده‌گمه‌ن به شێوه‌يه‌كی سيسته‌ماتيك و زانستیانه ديراسه‌ی بارودۆخی لێ ده‌بێته‌وه، و هه‌تا ئێستا پڕۆژه‌ی دياريكردنی ستراتيژیه‌ت و داڕێژترنی سياسه‌تی گشتی و ميكانيزمی پياده كردنیانی لێ په‌يدا نه‌بووه. به‌ڵكو په‌يامی كۆتايی كۆبوونه‌وه‌كانيان هه‌ر هه‌مان په‌يامه كه پێشی كۆبوونه‌وه‌كان سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ری ده‌بڕێت. له دوای كۆبوونه‌وه‌كانيش، هه‌ريه‌كه‌يان بۆ ماڵ و حاڵ و كار‌ی حيزبايه‌تی ته‌سكی خۆی ده‌گه‌رێته‌وه.
پێويسته له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی داهاتوودا، سه‌ركرده‌كان و چه‌ندين بيركه‌ره‌وه‌ی ستراتيژیزان، له ده‌وره‌ی مێزێك كۆ ببنه‌وه و له مه‌ودای سێ چوار ڕۆژی چڕ و پڕ دا، به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنيشان بكه‌ن، و سياسه‌تی يه‌ك گرتوو بۆ پاراستنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌نديانه دياری بكه‌ن . له ڕووی ڕه‌سمی و قانونيه‌وه وورده‌كاری سياسه‌ته‌كه بنوسنه‌وه و هه‌موو لايه‌نێك مولزه‌م بكه‌ن بۆ پياده كردنی به‌نده‌كانی. به به‌رنامه‌ی درێژخايه‌ن، و به ته‌نيسق له‌گه‌ل ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران و لايه‌نه سياسی و ئيداری و ئاسايشی و له‌شكری و پۆليسيه په‌يوه‌ندي داره‌كان، به كار‌ی ته‌نفيز كردنی به‌نده‌كان هه‌ڵبستن. ئه‌و جۆره پڕۆسه‌يه ده‌بێ به‌رده‌وام بێ، نه‌ك ته‌نيا قه‌يران و قه‌يران ئه‌نجام بدرێ.
ب- له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ريكا
ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی له لايه‌كه‌وه خه‌ريكی ناوبژی كردنی سياسيه له نێوان لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كان، و له لايه‌كی تريشه‌وه خه‌ريكی ئاڵوگۆڕی زانياری عه‌سكه‌ريه له‌گه‌ل ئه‌رته‌شی توركی. ئه‌گه‌رچی به گوێره‌ی لۆژيك له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ريكی دا نيه ڕێگه‌ی هێرشی توركی بدات. به‌ڵام دووريش نيه، له ئه‌نجامی فشاردا ملكه‌چ بێ و هاوكاری عه‌سكه‌ری پێش كه‌ش به ئه‌رته‌شی توركی بكات و بگره له لێداني په‌كه‌كه‌ش دا به‌شداری بكات. پێويسته سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم به ڕاشكاوانه ڕووبه‌ڕووی ئه‌مه‌ريكا ببنه‌وه و په‌يامی ڕاسته‌وخۆ بگه‌يه‌ننه سه‌رۆك جۆرج بوش، به‌و واتايه‌ی كه‌وا پاراستنی ئاسايش و سياده‌ی عيراق له ئه‌ستۆی ئه‌مه‌ريكايه و كورديش قوربانی زۆری بۆ هاوپه‌يمانێتی ئه‌مه‌ريكی داوه. وه توركيا به‌بێی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ريكی بۆی ناكرێ سنووری زه‌مينی يان ئاسمانی ببه‌زێنێ. بۆيه، ئه‌گه‌ر توركيا سنوری به‌زاند و هێرشی هێنايه سه‌ر كورد، ئه‌وا سه‌ركرده‌ی كورد به ڕه‌سمی و له‌به‌ر چاوی دونيا تاوانه‌كه ده‌خاته ملی ئه‌مه‌ريكا و له هاوكاريه‌كانيدا سارد ده‌بێته‌وه. ده‌بێ كورد ئاماده بێ چاوی سوور و پڕۆتێستی بوێرانه نيشانی ئه‌مه‌ريكا بدات، و قه‌بول نه‌كات وه‌ك دۆستێكی مسۆگه‌ری گيرفان بكرێنه نێچيری به‌رژه‌وه‌نديه ستراتيژيه‌كانی ئه‌مه‌ريكی و توركی.
ج- له به‌رامبه‌ر توركيا
سه‌رۆك وه‌زيرانی توركی ده‌زانێ كه‌وا مه‌وقيفی تورك لاوازتره له هی كورد و چانسی دۆڕانيشی له قوماره‌كه زۆره، بۆيه‌ش له ناخدا حه‌ماسی نيه بۆ له‌شكركيشيه‌كه‌ی و ته‌نيا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دا كه له به‌رژه‌وه‌ندی سياسی خۆی دا به‌كاری بهێنێ. پێويسته لايه‌نی كوردی به لێزانانه هاوكێشه توركيه‌كان به‌كار بهێنێ و له ڕێگه‌ی ئه‌مه‌ريكيه‌كانه‌وه يارمه‌تی ئه‌ردوگان بدات كه‌وا باڵی ئه‌رته‌ش لاواز بكات و خۆيشی به براوه بزانێ. له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌يش دا، سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌و قه‌يرانه بكه‌نه فرسه‌تێك و بۆ عيراق و توركيا و ئه‌مه‌ريكای بسه‌لمێنن كه‌وا به‌بێ هاوكاری كوردی چاره‌ی كێشه‌كان مه‌حاڵه.
پێويسته به هيچ جۆرێك سه‌ركرده‌كانی كوردی حكومه‌تی توركيا ئيستيفزاز نه‌كه‌ن و هه‌رده‌م جه‌خت له‌سه‌ر زمانی حيوار و گفتوگۆ بكه‌نه‌وه. ته‌نانه‌ت ده‌كرێ كه وه‌فدێكی كوردی له ئاستی وه‌زيرێكی هه‌رێم بنێردرێته توركيا بۆ گفتوگۆ. ئه‌گه‌ر توركيا ڕه‌فزی كرد پێشوازيان لێ بكات، ئه‌وا به چاكه‌ی كورد و به خراپه‌ی تورك له قه‌له‌م ده‌درێ. هاوكات، نابێ به هيچ جۆرێك سه‌ركرده‌كانی كورد به مه‌رج و ئيهانه‌كانی توركیا ڕازی ببن و له ڕێگه‌ی به‌غداوه (ته‌نانه‌ت له ڕێگه‌ی سه‌رۆك كۆماريشه‌وه) په‌يامی توركی وه‌رگرن و بنێرن. نابێ ڕێگه بده‌ن كه‌وا به‌غدا له‌جياتی هه‌رێم گفتوگۆ له‌گه‌ل توركيا بكات و وه‌عده‌ی لێدانی په‌كه‌كه بدات.
دياره كه په‌كه‌كه وه‌ڕه‌قه‌يه‌كی به‌هێزيشه له ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی ناوبه‌ناو توركيای پێ به‌خه‌به‌ر بهێنێ. توركيا به ته‌ما نيه به ده‌ركردنی په‌كه‌كه سوپاسی سه‌ركرده‌كانی كورد بكات و له باوه‌شيان بگرێ، و ده‌رگه‌ی به‌هه‌شتيش له هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، ده‌يسه‌لمێنێ كه‌وا "شه‌ق ده‌زانێ قۆناخ له كوێيه"، و له ئاينده‌يه‌كی نزيك دا بۆ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك و توركومانی عيراق، هه‌مان قه‌يران دووپات ده‌كاته‌وه.
د- له به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه
سه‌رۆك كۆماری عیراق و وه‌زيری ده‌ره‌وه‌ی عيراق داوای چه‌ك دانان و چوونه ده‌ره‌وه‌ی په‌كه‌كه له خاكی عيراق ده‌كه‌ن، و داوای ده‌ركردنی عه‌فوێك له حكومه‌تی توركی ده‌كه‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له توركيا ناكات. له لايه‌كی تره‌وه نوێنه‌ری يه‌كێتی له توركيا و گۆته‌بێژی حكومه‌تی كوردستان، حيسابی بێگانه‌يه‌كی مشه‌خۆر بۆ په‌كه‌كه ده‌كه‌ن و نايانه‌وێ "كوردستانی خواروو بكه‌نه فێتنام بۆ كوردی باكور"، وه‌يان "كوڕی خۆيان بۆ كچی ئه‌وان به‌كوشت بده‌ن". ئه‌و گوتانه‌ش كاردانه‌وه‌ی به په‌له و بێ به‌رنامه‌ن له ڕووی هه‌ڕه‌شه و ئيهانه‌ی دوژمن‌دا، نه‌ك له ئه‌نجامی ديراسه و پلانی ستراتيژی درێژخايه‌نی سه‌ركردايه‌تی كوردی.
نابێ سه‌ركرده‌كانی كورد خۆيان و كوردی باشوور تووشی هه‌ڵه‌ی مێژوويی بكه‌ن، و بۆ خاتری ڕازی كردنی دوژمن خه‌نجه‌ری غه‌در له برا باكوريه‌كانيان بده‌ن. به‌ڵێ په‌كه‌كه ڕێخكراوێكی تا ڕاده‌يه‌ك سه‌ر لێ شێواوه و به دوژمن ده‌وره دراوه و ئێستا له قه‌يرانێكی مه‌زن دايه، به‌ڵام به هه‌موو پێناسه‌يه‌كی سياسی، په‌كه‌كه نوێنه‌ری بزوتنه‌وه‌يه‌كی جه‌ماوه‌ری پان و به‌رينی كوردستانی باكوره. ته‌سليم كردنی سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه به دوژمن، ده‌كه‌وێته قالبی خيانه‌تی نه‌ته‌وه‌يیه‌وه، و په‌يوه‌ندی كوردی باكور و باشور هه‌تا هه‌تايه بنكۆڵ ده‌كات، و ميلله‌تی كوردستانی گه‌وره‌ش له بيری ناكه‌ن. شايانی باسه كه ته‌نانه‌ت حافيز ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوريا له ژێر هه‌مان جۆری فشاردا كار‌ی له‌و جۆره‌ی له دژی ئۆجه‌لان ئه‌نجام نه‌دا. مايه‌ی دڵيناييه كه سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی هه‌رێم به ڕاشكاوی وه‌ڵامی توركيایان داوه‌ته‌وه به‌وه‌ی كه داواكه‌يان خه‌ونێكه و نایاته‌دی، وه "پشيله‌يه‌كی كورديش" ته‌سليم به توركيا ناكه‌ن.
شايانی به بير هێنانه‌وه‌يه كه‌وا په‌كه‌كه‌ش به‌رخێكی لاواز و خاو پێچراوه نيه هه‌تا ببێته نێچيری به‌رده‌ستی گورگه‌كان. په‌كه‌كه توانيويه‌تی له‌و ژينگه ناهه‌مواره‌دا، شه‌ڕی چه‌كدار له دژیی ئێران و توركيا و هه‌رێمی كوردستانيش ئه‌نجام بدات، و سه‌ره‌ڕای پيلانی هه‌مه‌لايه‌نه و مۆری تێرۆريستی جيهانی، به زيندوويی بمێنێته‌وه. بۆيه، نه له توانای حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عيراقه كه په‌كه‌كه ده‌ربكات، و نه له توانای توركيا و ئێران و ئه‌مه‌ريكايه له‌ناويان ببات.
ه- هه‌ڵوێستی په‌كه‌كه
پێويسته په‌كه‌كه ژير بێ و كار بۆ سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم ئاسان بكات. پێويسته چه‌ند موباده‌ره‌يه‌كی شياو ده‌ست پێ بكات كه توركيای پێ ئيحراج ببێ. له‌لايه‌كه‌وه، سه‌لماندويه‌تی كه‌وا به هێرشێكی له‌شكريی له‌ناو ناچێ و توانيويه‌تی شه‌ڕه‌كه بباته ناو ديوی توركيا و زه‌بری كوشنده له ئه‌رته‌ش بدات. ئێستا كاتی ئه‌وه‌يه كه به‌يانێكی سياسی ده‌ربكات و تێيدا داوا له حكومه‌تی توركی بكات كه‌وا له ڕوانگه‌يه‌كی سياسيه‌وه سه‌يری كێشه‌ی كوردی بكات، و ده‌ست به پڕۆسه‌ی گفتوگۆ بكات، هه‌روه‌ك وڵاتانی تری ديموكراسی له‌گه‌ل بزوتنه‌وه‌ی ميلله‌تانی خۆيان كردويانه. داوای دانوستاندن و گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ل حكومه‌تی توركی، به ناوبژی كردنی حكومه‌تی ئه‌مه‌ريكی و هه‌رێمی كوردستان، بكات. نيشانی بدات كه‌وا په‌كه‌كه ئاماده‌يه وه‌ك حيزبێكی سيڤيلی ديموكراتيخواز به‌شداری له پڕۆسه‌ی ديموكراسی ده‌ستووری بكات، و له ناوه‌وه‌ی توركيادا به‌رگری له مافی مرۆڤی كورد بكات. هه‌روه‌ها داوای ده‌ركردنی به‌يانی ئاگر به‌ستی و لێبوردنی گشتی بكات، و داوای كشاندنه‌وه‌ی له‌شكری توركی و خاو كردنه‌وه‌ی باری كرژی له‌شكركێشی بكات. بێ گومان ئه‌و لێبوردنه‌ی ئێستا له ئارادايه، وه‌ك ته‌سليم بوونه‌وه‌ی تاوانبارانه، نه‌ك چاره‌سه‌ری سياسی كێشه‌ی مافی مرۆڤی كورد.
كار‌ی درێژخايه‌ن بۆ ئاينده‌ی كوردستان
١- له ئه‌مه‌ريكا و ئه‌وروپا: ئيمڕۆ زۆربه‌ی هاتوچۆی كه‌لوپه‌ل و ئه‌ڕزاق و ئاوی خواردنه‌وه و كارگۆی له‌شكری ئه‌مه‌ريكی به توركيا دايه. له مه‌ودای ئه‌و يه‌كدوو ساڵه‌ی داهاتووشدا، گرنگی جوگرافی توركيا بۆ له‌شكر و فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ريكی زياتر ده‌بێ. بۆ چاودێری و ئه‌گه‌ری لێدانی ئێرانيش، شوێنی جوگرافی و ڕۆڵی عه‌سكه‌ری توركيا گرنگه. به‌ڵام له مه‌ودای دووردا، هه‌تا دێ گرنگی ستراتيژی توركی بۆ سياسه‌تی ئه‌مه‌ريكی ڕووی له كه‌ميه. ئێسكی توركيا له لای ئه‌مه‌ريكاييه‌كان و ئه‌وروپاييه‌كان گران بووه، و له‌شكركێشی و له‌شكرزاڵيی توركيی بۆ ئه‌وروپاييه‌كان مايه‌ی ڕه‌خنه‌يه. بۆيه، كاتی ئه‌وه هاتووه كه لۆبيسته‌كانی كوردی له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ريكا فشاری ديپلۆماسيی له سه‌ر توركيا زياد بكه‌ن و دۆست بۆ كورد زياد بكه‌ن. له‌و ڕووه‌وه، نوێنه‌ره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌نگاوی باشيان ناوه و له هه‌ندێ ده‌وڵه‌تی گرنگ دا، پێشكه‌وتنيان پێوه دياره، به‌ڵام پێويسته له‌مه‌و دوا ته‌ركيز و ته‌وژم و ته‌نسيقی كاره‌كانيان زياتر بێ.
٢- له به‌غدا و له هه‌ولێر: هه‌ڵوێست و خواستی ئه‌و سياسيه كوردانه‌ی كه له به‌غدا كار بۆ كورد ده‌كه‌ن ئه‌وه‌يه كه‌وا كوردستان به‌شێكی دانه‌بڕاوه له عيراق و پێويسته هه‌ر به‌وجۆره‌ش بمێنێته‌وه. به‌ڵام ڕه‌فتار و هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێم له جه‌مسه‌ری به‌رامبه‌ر دايه و هيچ حيسابێك بۆ عيراق ناكات، وه‌ك بڵێی كوردستان مێوانه و پێكه‌وه ژيانه‌كه‌ی له عيراق دا مه‌سه‌له‌يه‌كی كاتيه. بۆيه، هيچ حيزب و سه‌كرده‌يه‌كی عه‌ره‌بی عيراقی سۆزی له‌گه‌ڵ قه‌زيه‌ی كوردی نه‌ماوه و كورد به سه‌رچاوه‌ی ناڕه‌حه‌تی و دابه‌ش كردنی عيراق ده‌زانن. ئه‌وانه له ناخدا حه‌ز ده‌كه‌ن قه‌يرانی ئه‌و جاره بگاته راده‌يه‌ك كه‌وا سزای كوردی پێ بدرێ، وه‌يان وا له سه‌ركرده‌كانی كورد بكات له خه‌ونی سه‌ربه‌خۆيی هه‌لسن و په‌نا ببه‌نه‌وه به‌ر به‌غدا و وه‌لائيان پێشكه‌ش به عيراق بكه‌نه‌وه. دياره كه هه‌ڵوێسته سه‌ربه‌خۆيی خوازه‌كانی سه‌ركرده‌كانی ناو هه‌رێم به‌بێ ته‌نسيق و ئاماده‌باشی بووه له‌گه‌ل كوردی به‌غدا. پێويسته ته‌نسيقی هه‌ردوولا له ئاستێكی ستراتيژی به‌رزتر دا بێ و هيچ كام لايان به‌بێ ئيتيفاقی پێشوه‌خت ڕه‌فتاری سياسی چاره‌نوس ساز له لای خۆيه‌وه نه‌كات.
۳- له هه‌رێمی كوردستان: له وه‌ڵام دانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی توركی دا، سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رگری له خۆ كردن ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئايا ئه‌و جۆره هه‌ڕه‌شه‌يه چه‌ندی به چه‌نده، وه چه‌ند به جيددی وه‌ر ده‌گيرێت؟ خۆ ئه‌گه‌ر توركيا هێرشه‌كه‌ی ئه‌نجام نه‌دا، ئه‌وا له ترسی به‌رگری كوردی نابێ. به هه‌موو پێوانه‌يه‌كی عه‌سكه‌ری و مه‌نتيقی، له‌شكری كوردی به‌رگه‌ی له‌شكری توركی ناگرێ. بێجگه له‌وه، ئه‌رته‌ش و ميت و حكومه‌تی توركی، هه‌روه‌ك ئه‌وانی ده‌وڵه‌ته دراوسێكانی تر، له نزيكه‌وه ئاگاداری حاڵ و ماڵی له‌شكر و هێزی به‌رگريكه‌ری كوردن، كه له ڕاستيدا حيسابيان بۆ ناكرێ. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له به‌رگری كردنيش لێره‌دا به‌رگری ميللی خه‌لكی كوردستانه، ئه‌وا ديسانه‌وه جێگه‌ی گومانه، چونكه خه‌ڵكی بێزاری كوردستان له ژێر ئافه‌تی گه‌نده‌ڵی و سياسه‌تی چه‌وتی حوكمڕانی وا ده‌ناڵێنێ و چيتر ئاماده نيه به حه‌ماسه‌وه به دوو ده‌نگی سه‌ركرده‌كانی بكه‌وێ.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و ناله‌باری و بێ سه‌روبه‌ريه‌ی ناوماڵی كورد، له مانگی سێپێتمبه‌ردا سه‌رۆكی هه‌رێم له به‌رده‌می په‌رله‌ماندا، دڵنيايی خۆی ده‌ربڕی له‌وه‌ی كه "به‌درێژایی مێژوو ناوماڵی كورد وه‌كو ئێستا ته‌باو رێكخراو نه‌بووه، بۆیه ئه‌مجاره كه‌س ناتوانێت چاره‌نووسی كورد به ئاسانی بگۆرێت". ئه‌وه ته‌نيا ده‌لاله‌ت له‌وه ده‌كات كه‌وا پێشتر حاڵی كورد له‌وه‌ش بێ سه‌روبه‌رتر بووه، ده‌نا ئێستاش ماڵی كورد نه‌گه‌يشتۆته ئه‌و ته‌باييه‌ی كه به هۆيه‌وه به‌ری مه‌ترسيه ده‌ره‌كيه چاره‌نوس سازيه‌كان بگرێت.
توركه‌كان ده‌زانن كه‌وا خه‌نده‌قی متمانه له نێوان سه‌ركرده‌كان و ميلله‌تی كوردی هه‌رێم هه‌ر ڕووی له فراوانيه، و ميلله‌ت وا به ده‌ست سيسته‌ميی حوكمڕانيه‌كه‌يان له ئه‌شكه‌نجه دايه. ئه‌گه‌رچی سه‌ركرده‌كانی كورد نايانه‌وێ دان به‌و ڕاستيانه دابنێن، به‌ڵام ئاگادارن و ڕه‌نگه قه‌يرانی له‌شكركێشی توركی به‌كار بهێنن بۆ خه‌ريك كردنی خه‌ڵك و وه‌رسوڕاندنی لوله‌ی ڕه‌خنه‌كان له ڕووی خۆيانه‌وه بۆ ڕووی دوژمنی ده‌ره‌كی.
ناشاردرێته‌وه كه‌وا جامی خه‌ڵكه‌كه پڕ بووه و ترسيان شكاوه، و ئێستا به ئاشكرايی داخ ده‌رده‌بڕن و خۆزيای گۆڕانی ڕژێمی كوردستانن. به لای خه‌ڵكه‌وه، ئافه‌تی گه‌نده‌ڵيی زۆر پڕ مه‌ترسيتر و كوشنده‌تره له هی له‌شكركێشی توركی، بۆيه‌ش وای داده‌نێن كه‌وا له‌وه خراپتريان به‌سه‌ر نايه‌ت. جا ئه‌گه‌ر ئه‌و لاوه كورده‌ی، كه بڕبڕه‌ی پشتی له‌شكری كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه پێك ده‌هێنێت، متمانه‌ی به حوكمڕانه‌كانی نه‌مابێ ئه‌وا متمانه‌ی به قه‌راره چاره‌نوس سازه‌كانيشيان نابێ. شايانی باسه كه وه‌لائی له‌شكری كوردی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی سه‌رده‌می ئێستا، هێشتا له هيچ شه‌ڕێكی به‌ره‌نگاری جه‌بهه‌وی چاره‌نوس سازدا تاقی نه‌كراوه‌ته‌وه (هيواداريشين كه قه‌ت تاقی نه‌كرێته‌وه). بارودۆخی سياسی و ئابوری و نه‌فسی سه‌رده‌می شه‌ڕه جه‌بهه‌ويه‌كانی هه‌شتاكان و براكوژيه‌كانی نه‌وه‌ده‌كان زۆر جياواز بوون له هی سه‌رده‌می ئێستا، بۆيه نابنه بنه‌مايه‌ك بۆ پێشبينی كردن له شه‌ڕی داهاتوو. خه‌لكی كوردستان چيتر ئه‌ركی نيشتيمان په‌روه‌رێتی به وه‌لائی حيزبايه‌تی، يان به‌دواكه‌وتنی سه‌ركرده‌كان، نابه‌ستنه‌وه.
پوخته‌ی په‌يام
١- كليلی ده‌روازه‌كانی سنووری عيراق له گيرفانی سه‌رۆك بوشه. سنوور به‌زاندنی ده‌بابه‌كانی توركی به‌بێی ڕه‌زامه‌ندی سه‌رۆك بوش و ئيداره‌كه‌ی مه‌حاڵه. بۆيه ده‌بێ ڕووی لۆبی و فشار و ته‌هديدی كوردی له كۆشكی سپی بێ، و ئه‌گه‌ر توركيا هاته ژووره‌وه ئه‌وا ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش مه‌سئوله به‌رامبه‌ر هه‌موو تاوانێكی ئه‌رته‌شی توركی.
٢- به‌بێ هاوكاری سه‌كرده‌كانی كورد، قه‌زيه‌كه‌ی توركيا ناچێته پێش. بۆيه پێويسته سه‌كرده‌كان پێ داگرن و ئيهانه قه‌بول نه‌كه‌ن و به‌شداری له گفتوگۆی ناڕاسته‌وخۆ نه‌كه‌ن. ئه‌و له‌شكركێشيه‌ی توركی هه‌ڵه‌يه، به‌ڵام فرسه‌تێكی مێژووييه بۆ كورد. ئه‌گه‌ر سه‌كرده‌كان حيكمه‌ت به‌كار بهێنن، ئه‌وا كورد له ئاستی عيراق و ناوچه‌كه و جيهاندا براوه ده‌بێ.
۳- پێويسته قه‌يرانی ئه‌وجاره بۆ سه‌ركرده‌كانی كورد ببێته به‌بيرهێنانه‌وه‌يه‌ك، كه‌وا چاره‌نووسی خۆيان و ميلله‌تیان له هه‌مان خه‌نده‌ق دايه. پێويسته سه‌ركرده‌كان هه‌رده‌م پشت ئه‌ستوور بن به متمانه‌ی ميلله‌تيان، و ووره و توانايان له كانگای خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵێنجن. پێويسته سه‌ركرده‌كان داخ و په‌ژاره‌ی خه‌ڵك به جيددی وه‌رگرن، و به‌رنامه‌ی چاكسازی و وڵاتسازی و به موئه‌سسه‌سه‌كردنی ئيداره‌ی هه‌رێم ده‌ست پێ بكه‌ن. سه‌ره‌ڕای دڵنيا كردنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كان، ئه‌وه‌ی تا ئێستا كراوه بێ سه‌روبه‌ر و بێ ته‌ركيزه و له ئاستی شيعارات تێنه‌په‌ڕيوه. خه‌ڵكی كوردستان چاوی له زياتره و سه‌ركرده‌كانيش له‌وه زياتريان پێ ده‌كرێ. خه‌ڵكه‌كه به پشووی درێژه‌وه سه‌بری گرتوه و زۆری چاوه‌ڕێ كردوه، به‌ڵام سه‌بريش سنووری هه‌يه.