Wednesday, 11 April 2007

كورد و سوننه و شيعه‌‌ و سوریا و ئێران -2

ئايا ده‌بێ ستراتيژيه‌تی كوردی له‌ مه‌ڕ توندڕه‌وه‌كانی سوننه و شيعه‌‌ و نفوزی سوری و ئێرانيدا چی بێ‌؟

پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

به‌شی دووه‌م و كۆتايی (هاوڵاتی ژماره‌ ۳٢١ی ڕۆژی ٤/١١/ ٢٠٠٧)

له‌ به‌شی يه‌كه‌می ئه‌و ووتاره‌دا (هاوڵاتی ژماره‌ ۳٢٠)، پێكهات و پارسه‌نگی هێزه‌ توندڕه‌وه‌كانی سوننه‌ی عيراق و ڕۆلی ئێران و سوريا و سياسه‌تی حكومه‌تی عيراقم خسته‌ ڕوو. ڕۆڵی خه‌تی (تاله‌بانی – ماليكی)م له‌ له‌ت له‌ت كردنی حيزبی به‌عس و عه‌شايه‌ری ئه‌نبار باسكرد. ئاماژه‌م بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌وا حيزبی به‌عس به‌ سه‌رتاسه‌ری بوه‌ته‌ دوو باڵ، يه‌كيان سه‌ر به‌ سوريايه‌ و له‌ ژێر سه‌ركردايه‌تی (محمد يونس الاحمد)ه‌، و ئه‌وی تريان سعوديه و يه‌مه‌نی له‌ پشته‌ و له‌ژێر سه‌ركردايه‌تی (عزه‌ الدوري) دايه‌. گه‌وره‌ عه‌شيره‌ته‌كانی ئه‌نباريش بوونه‌ته‌ دوو له‌ت، يه‌كێكيان ناسراوه‌ به‌ (مجلس الصحوه‌) كه‌ هاوخه‌باتن له‌گه‌ڵ (مجلس انقاذ الانبار) و ده‌ستيان له‌گه‌ل حكومه‌تی ماليكی و هێزه‌كانی ئه‌مريكی تێكه‌ل كردوه‌ (له‌و ووتاره‌دا هه‌مويان به‌ له‌تی "ئه‌لسه‌حوه‌" ناوده‌هێنم). له‌ته‌كه‌ی تری عه‌شايه‌ر هێشتا له‌ژێر مه‌جليسی شووڕای سه‌ر به‌ ئه‌لقاعيده‌دا ماون، و شه‌ر بۆ "ده‌وڵه‌تی ئيسلامی عيراق" ده‌كه‌ن و له‌ژێر نفوزی سوريا و ئێراندانه‌.

پێكدادانی تازه‌

له‌ مانگه‌ی ڕابوردوودا، گه‌وره‌ عه‌شيره‌ته‌كانی سه‌ر به‌ ئه‌لسه‌حوه‌ له‌ ناوچه‌ی ئه‌نبار و دياله‌ و تكريت، ئيعلانی (نه‌فيرعام)يان له‌دژی ئه‌لقاعيده‌ ده‌ركردوه‌، وزياتر له‌ هه‌ژده‌ هه‌زار شه‌ڕكه‌ريان بۆ شه‌ڕێكی حاسيم كۆ كردۆته‌وه‌، به‌و ئامانجه‌ی كه‌ ئه‌لقاعيده‌ له‌ سێگۆشه‌‌ی سوننه‌ ده‌رپه‌ڕێنن‌. سه‌رۆك عه‌شيره‌ته‌كانی ئه‌لسه‌حوه‌ و ڕێكخراه‌ به‌عسيه‌كانی حه‌ليفيان (كه‌ دوو دويوی هه‌مان عانه‌ن) ده‌ستيان به‌ خيتابی عه‌قلانی و نيشيتمانپه‌روه‌ی كردوه‌ و په‌شيمانی له‌ به‌شداريكردنيان له‌ شه‌ری تايه‌فه‌گه‌ری ده‌رده‌بڕن. شايانی باسه‌ كه‌ هه‌تا نوسينی به‌شی يه‌كه‌می ئه‌و ووتاره‌، سه‌رانی گه‌وره‌ عه‌شيره‌تی (الزوبع) خۆیان به‌ هيچ لايه‌كدا ساغ نه‌كردبۆوه، و (سلام الزوبعی) جێگری سه‌رۆكوه‌زيرانی عيراق، زياتر له‌ ساڵێكه‌ خه‌ريكی ڕازی كردنيانه‌ به‌بێ ئه‌نجام. به‌ڵام له‌ دوای كوشتنی حارث ضاهر الضاری (ئامۆزای حارث الضاری سه‌رۆكی هيئه‌ علما‌ء المسلمين) له‌ ناوچه‌ی ئه‌بو غرێب به‌ ده‌ستی ئه‌لقاعيده، هاوكێشه‌كان ديسانه‌وه‌ گۆرانه‌وه‌‌. دياره‌ كه‌ ئێستا عه‌شيره‌تی زه‌وبه‌ع به‌ ئاشكرا پاڵی داوه‌ته‌‌ ئه‌لسه‌حوه‌. هه‌روه‌ها عه‌شيره‌تی عوێسات و عوبێد، به‌ ڕێكخراوه‌ به‌عسیه‌ ده‌ستوه‌شێنه‌كانيانه‌وه‌ (وه‌ك جيش الراشدين و كتائب المختار و جيش عاموريه‌ و سرايا عمر و الرايات السود)، به‌ هه‌مان شێوه‌ كه‌وتونه‌ته‌ دژی ئه‌لقاعيده‌. هه‌رچی (كتائب ثوره‌ العشرين)ه‌، كه‌ حارث ضاهر الضاری (كوژراو) له‌ دامه‌زرێنه‌رانی بوو، وه‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانيشی سه‌ربه‌ عه‌شيره‌تی زه‌وبه‌عن، ئێستا بووه‌ته‌ دوو باڵ. باڵی (فيلق الفتح الإسلامي) له‌ كه‌تايب هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، و له‌ژێر ناوی تازه‌يان (حماس- العراق) خه‌ريكی گفتوگۆنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مريكيه‌كان و حكومه‌تی عيراقی. هه‌رچی باڵی (فيلق الجهاد الإسلامي)يه‌، له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی جارانيانن و له‌ژێر هه‌‌مان ناوی كۆن ماونه‌ته‌وه‌. سه‌رانی زه‌وبه‌ع ده‌يانه‌وێ ئه‌و مشتومڕه‌ به‌ نهێنی بهێلنه‌وه‌ و به‌ ڕووكه‌ش ئينكاری گۆڕانكاريه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام حارث الضاری سه‌رۆكی هه‌يئه‌تی عوله‌مای موسليمين‌ ئێستا به‌ ئاشكرا له‌ دژی ئه‌لقاعيده‌ ته‌سريح ده‌رده‌كات.

دياره‌ كه‌ تێك به‌ربوونه‌كه‌ی ئه‌و سوننه‌ شه‌ڕكه‌ڕانه‌ هۆكاری تريشی هه‌يه‌. نفوزی سعوديه‌ و ئوردون كاريگه‌ريان هه‌يه‌ له‌ هاندانی به‌عس و عه‌شايه‌ر له‌ دژی نفوزی سوريا و ئێران. ئه‌وه‌يش به‌ شێوه‌يه‌كی گشتی له‌ به‌ڕژه‌وه‌ندی عيراق و ئه‌مريكادايه‌. ده‌مێكيشه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان نێوانيان له‌سه‌ر پاره‌ و نفوز و چه‌كه‌مه‌نیش تێك چوه‌‌‌ و خوێنی يه‌كتريان ڕژتوه‌. جه‌ماعه‌تی ئه‌لقاعيده‌ ڕێگه‌ی قاچاغ و هاتوچۆی سوريايان له‌وانی تر بڕيوه‌ و ده‌ستيان به‌سه‌ر زۆربه‌ی مه‌خزه‌نه‌كانی چه‌ك و تفاقدا داگرتوه، و‌ فشاری دارايیشيان خستۆته‌ سه‌ر رێكخراوه‌كانی تری وه‌ك (الجيش الاسلامي) و (جيش المجاهدين) و (جيش الراشدين). تاكو ئێستا زياتر له‌ سی (۳٠) سه‌ركرده‌ی ئه‌و سێ ڕێكخراوه‌ به‌ ده‌ستی ئه‌لقاعیده‌ كوژراون. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌يشدا، له‌و چه‌ند هه‌فته‌يه‌ی ڕابوردوودا‌، گروپی (الجيش الاسلامی) له‌ ناوچه‌كانی تاجی و تارميه‌ و ميقداديه ڕێكخراوه‌كانی ئه‌لقاعيده‌يان ڕه‌تاندوه‌.

باشترينی خراپه‌كان

ئيتر خه‌ريكه‌ ده‌ستی عه‌شايه‌ری ئه‌لسه‌حوه‌ زاڵ ده‌بێ، و مه‌جليسی شووڕا مه‌ترسی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی لێ نيشتوه‌‌. به‌ڵام پرسياری مه‌زن كه‌ هێشتا بێ وه‌ڵامه‌ ئه‌وه‌يه‌، ئايا عه‌شيره‌ته‌كان و به‌عسيه‌كانی سه‌ربه مه‌جليسی ئه‌لسه‌حوه‌، له‌نێوان (عزه‌ الدوری) و (محمد یونس الاحمد) كاميان هه‌ڵده‌بژێرن. له‌ڕووی مه‌نتيقه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ عێزه‌ت دووری هه‌ڵبژێرن، چونكه‌ ئه‌ويان له‌ ڕووی مێژوو و په‌يوه‌ندی شه‌خسی و ڕێكخراويه‌وه‌، لێيانه‌وه‌ نزيكه. له‌ ڕووی نه‌هجی به‌عسيه‌وه‌ ته‌واوكه‌رو به‌رده‌واميتی نه‌هجی سه‌ددامی دژ به‌ به‌عسی سوريايه‌. له‌ڕووی سياسيه‌وه‌، ديسان له‌ دژی نفوزی سوری و ئێرانيه‌ و هاوپه‌يمانه‌ له‌گه‌ڵ سعوديه‌ و ووڵاتانی ژێر سێبه‌ری ئه‌رمريكا. ئه‌وانه‌ به‌ سروشت و مه‌نيتق، عيزه‌ت و مه‌جليسی ئه‌لسه‌حوه‌ له‌يه‌كتر نزيك ده‌كاته‌وه‌. هاوكات، باڵی ئه‌لئه‌حمه‌د و پاڵپشته‌ سووريه‌كه‌ی له‌ ئه‌لقاعيده‌وه‌ نزيكترن، كه‌ ئه‌ويش ئێستا دوژمنی ئه‌لسه‌حوه‌ و هاوپه‌يمانه‌كانيتی. ته‌نيا فرسه‌ت بۆ ئه‌لئه‌حمه‌د ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌ويش خۆی له‌ ئه‌لقاعيده‌ به‌ دوور ڕاگرێ، و له‌ حكومه‌تی عيراق نزيك ببێته‌وه‌ و جێگه‌ به‌ عێزه‌تيه‌كان له‌ق بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت زاڵ بوونی باڵی عێزه‌ت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عيراق (و كوردستان)دا نيه‌. هاوكات، جياكردنه‌وه‌ی باڵی ئه‌لئه‌حمه‌د له‌ ئه‌لقاعيده‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد و عيراقدايه‌، چونكه‌ به‌و كاره‌ ئه‌لقاعيده‌ لاوازتر ده‌بێ، و به‌عسيه‌كان و عه‌شايه‌ريش به‌ له‌ت له‌تی ده‌مێننه‌وه (كه‌ بۆ كورد باشتره‌)‌.

كورد و ئارامبوونی‌ سێگۆشه‌ی سوننه‌‌

ئه‌وه‌ی كه‌وا له‌ لای سه‌ركرده‌ی كورد يه‌كلايی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، وه‌ڵامی ئه‌و پرسياره‌يه‌:‌ ئايا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد دايه‌‌ كه‌ به‌غدا و سێگۆشه‌ی سوننه‌ ئارام بێ؟ هه‌ڵبه‌ت، هه‌ندێك له‌ سياسه‌تمه‌دارانی كورد وای داده‌نێن كه‌وا ئارامی له‌و ناوچانه‌ ده‌بێته‌ مايه‌ی به‌هێز بوونی حكومه‌تی مه‌ركه‌زی، له‌سه‌ر حيسابی ڕۆڵی زه‌قی كورد. مێژووی حوكمی عه‌ره‌بی سوننه‌، و مێژووی كۆن (له‌ ئۆپۆزيسيۆن) و تازه‌ی (حوكمڕانی) عه‌ره‌بی شيعه‌ وای ده‌گه‌يه‌نێ كه‌وا هه‌ردوولايان به‌ ڕه‌وتی فه‌لسه‌فی قه‌ومی (دژ به‌ كورد) بير ده‌كه‌نه‌وه‌. له‌ كۆتاييدا ئه‌گه‌ر خۆشيان له‌ت له‌ت بن، به‌ڵام ئارام بن، ئه‌وا له‌ به‌رامبه‌ر مافی چاره‌نووسی كورددا هاوده‌نگن.

به‌ڵام ڕه‌نگه‌ سه‌قامگيربوونی ئارامی له‌ عيراقدا به‌ زه‌رووره‌ت مانای ئه‌وه‌ نه‌گه‌يه‌نێ‌ كه‌ حكومه‌تی مه‌ركه‌ز به‌ هێز ده‌بێ و له‌سه‌ر حيسابی كورديش ده‌بێ. چونكه‌ ده‌ستووری تازه‌، و سروشتی پێهاته‌ی عيراق و مێژووی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ڕابووردوو ڕێگه‌ی ئه‌و جۆره‌ هه‌ماهه‌نگيه‌ی عه‌ره‌بی شيعه‌ و سوننه‌ نا‌دات. ته‌نانه‌ت، ڕه‌نگه‌ ئيئتيلافی شيعه‌ به‌و شێوه‌ی ئێستای به‌رده‌وام نه‌بێ، وه‌ لايه‌نی سوننه‌ش قه‌ت له‌گه‌ڵ يه‌كتريدا نه‌گه‌نه‌ حاله‌تی يه‌كخيتابی. بۆيه‌ پێويسته‌ كورد له‌وه‌ نه‌ترسێ كه‌ عه‌ره‌بی عيراق بتوانن له‌ جه‌وێكی ديموكراسيدا له‌ دژی كورد يه‌كتری بگرن. خۆ له‌ لايه‌نی ستراتيژی ئابوری و بنيادنان و شه‌ڕی دژبه‌ تێرۆردا، ئارامی له‌ عيراق و ووڵاته‌ دراوسێكانی كوردستاندا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد دايه‌. به‌لام بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و سه‌رئه‌نجامه‌ مسۆگه‌ر بێ، ده‌بێ كورد به‌رنامه‌ی هه‌بێ، وه‌ نابێ بۆ قه‌ده‌ری لێ بگه‌ڕێ، چونكه‌ بايی ئه‌وه‌نده‌ نه‌هجی قه‌ومی شۆڤينی دژبه‌ كورد له‌ عيراقدا هه‌يه‌ كه‌وا نه‌يه‌ڵێ كورد لێی پاڵداته‌وه‌.

هه‌ڵوێستی كورد له‌ شه‌ڕی تايه‌فه‌گه‌ری‌‌

بۆچوونی سه‌ركرده‌ی كوردی له‌و كێشه‌ ئاڵۆزه‌ی ناو عه‌ره‌بی سوننه‌‌دا ئاشكرا نيه‌، به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد دايه‌ كه‌ باڵی مه‌جليسی شووڕای تێرۆريستی (سه‌ر به‌ سوريا و ئێران) و باڵی به‌عسی توندڕه‌وی سه‌ر به‌ عێزه‌ت دووری (به‌ پشتگيری سعودی و يه‌مه‌ن) لاواز ببن. واته‌، له‌ ڕواله‌تدا كارێكی مه‌نتيقيه‌ كه‌ كورد هانی عه‌شايه‌ری ئه‌لسه‌حوه‌ بده‌ن له‌ دژی ئه‌و عه‌شيره‌تانه‌ی كه‌ هێشتا له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعيده‌ له‌ مه‌جليسی شووڕادا ماون‌، وه‌ هانی باڵی به‌عسی ئه‌لئه‌حمه‌دی بده‌ن له‌ دژی باڵی عێزه‌ت دووری. به‌ڵام پێويسته‌ ئه‌و پشتگيريه‌ی كورد له‌ هاندان و مه‌وقيفی سياسی و شيعارات تێنه‌په‌رێ، واته‌ نه‌گاته‌ پشتگيری عه‌سكه‌ری و دارايی و لۆجيستی، چونكه‌ به‌و جۆره‌ به‌شداريه‌ ئاكتيڤه‌، كورد ده‌‌بێته‌ ته‌ره‌فێك له‌ به‌ره‌نگاری. واته‌ ته‌ره‌فێك له‌ شه‌ڕێكدا كه‌ له‌ زه‌ره‌ر زياتر هيچ به‌رژه‌وه‌نديه‌كی ئه‌وتۆی تێدا به‌دی ناكرێ.

باشترين مه‌وقيفی ڕ‌ه‌سمی بۆ سه‌ركرده‌ی كورد ده‌بێ ئه‌وه‌‌بێ كه‌وا كورد خۆی له‌ (شه‌ری تايه‌فه‌گه‌ری) نێوان سوننه‌ و شيعه‌ به‌دوور ‌خات، وه‌ ده‌بێ خۆی له‌ شه‌ری ئه‌لقاعيده‌ و باقی لايه‌نه‌كانی تريش بپارێزێ. شه‌ڕی تايه‌فه‌گه‌ری و شه‌ڕی تيرۆری دژ به‌ ئه‌مريكا، به‌ ڕاسته‌وخۆيی شه‌ری كورد نيه‌. ته‌نانه‌ت ته‌قينه‌وه‌كانی كه‌ركوكيش، هۆيه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زه‌حمه‌ت بوونی كاری تيرۆريستی له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی عيراق، به‌ هۆی هه‌لمه‌تی ئاسايشیی حكومه‌تی عيراق و ڕاپه‌ڕينی عه‌شايه‌ر له‌ دژی ئه‌لقاعيده‌. ڕاسته‌ ئه‌نسارولئيسلام له‌ كوردستان ئيعلانی جيهاديان له‌سه‌ر حكومه‌تی كوردی (به‌تايبه‌تی لايه‌نی يه‌كێتی) كردوه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ كاريگه‌ريی ئه‌وتۆيان نه‌ماوه‌ و پشتگيريكه‌ريان له‌ناو خه‌ڵكی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ ئيسلاميه‌ كورديه‌كان لاوازه،‌ و بۆيه‌ش قه‌ت وه‌ك ئه‌لقاعيده‌ی ناوچه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌يان لێنايه‌ت و ناتوانن له‌ كوردستان ئارامی بهه‌ژێنن. هه‌ڵبه‌ت، ئێران له‌ پشتگيريكردنی ئه‌نساردا به‌رده‌وام ده‌بێ هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی پێويستی پێيان نامێنێ، ئه‌وكاتيش، كورد ده‌توانی به‌ڕی ئێرانی له‌ژێر پێی ئه‌نسار ده‌ربێنێ.

زۆر گرنگه‌ كه‌ كورد خۆی تووشی تێگڵانی شه‌رێكی ئاڵۆزی وا نه‌كات كه‌ ووزه‌ و ته‌ركيز و ئيمكاناتی حكومه‌تی هه‌رێمی لێ سه‌رف كرێ. كورد به‌ته‌نيا به‌ری تێرۆڕی ئه‌لقاعيده‌ و تۆڕی به‌عسيه‌كان ناگرێ. بێجگه‌ له‌وانه‌ش، ئه‌جيندای ئه‌لقاعيده زۆر ئاڵۆزتره له‌وه‌ی كه‌ چاو ده‌يبينێ. بێجگه‌ له‌ تۆڕه‌ جالجاڵۆكه‌ييه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ی، ئه‌لقاعيده‌ ته‌نسيقێكی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئيتيلاعاتی ئێران هه‌يه‌ و به‌رنامه‌ی تێكدانی پلانی ئه‌مريكی له‌ ئه‌وله‌وياتياندايه‌. به‌ ته‌نيسق له‌گه‌ڵ ئێران، ئه‌لقاعيده‌ توانی سه‌ركه‌وتوانه‌ شه‌ڕی تايفه‌گه‌ری له‌ عيراقدا هه‌ڵگيرسێنێ. له‌مه‌ودوا، ئه‌لقاعيده‌ شه‌رێكی سه‌ختی تری له‌به‌رده‌مدايه‌ له‌ دژی عه‌شايه‌ری سوننه‌ و به‌عسيه‌كانی سه‌ربه‌و عه‌شيره‌تانه‌، وه‌ باشتره‌ كه‌ بۆ ئه‌وانه‌يان لێبگه‌ڕێن. خۆ دوورنيه‌ ئیعلانكردنی شه‌ری كورد، مه‌جليسه‌ له‌ت له‌ته‌كانی تيرۆریيستانی سوننه‌ يه‌كبخات، و ڕووی تێرۆری جيهانيش له‌ كورد بكات.

له‌لايه‌كی تره‌وه‌، له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد دايه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ی به‌عس به‌ره‌و‌ هيلاكه‌تی بچێ، و حيزبه‌كه‌ به‌ له‌تكراوه‌يی بمێنێته‌وه‌. هه‌رنه‌بێ، ده‌بێ باڵی عێزه‌ت دووری و كۆنه‌ ڕه‌مزه‌كانی ڕژێمی پێشوو لاواز ببێ چونكه‌ ئه‌وانه‌ شه‌ڕ بۆ هاتنه‌وه‌ی ڕژێمی كۆن و گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌رخ ده‌كه‌ن، و ده‌ستيان به‌ خوێنی كورد سوور بووه‌. بۆيه‌ ده‌كرێ كه‌ مه‌وقيفی كورد له‌ شه‌ڕی نێوان كۆن و نوێ ئاشكرا بێ، و ڕێگه‌ نه‌دات به‌ هاتنه‌وه‌ی ڕێبازی به‌عسی كۆن.

هه‌ڵبه‌ت ملمانێی سوننه‌كان له‌ ناوچه‌كانی ده‌ورو پشتی هه‌رێمی كوردستان گرنگيه‌كی ستراتيژی هه‌يه، ‌به‌ڵام سه‌ركرده‌ی كورد مه‌جبوور نيه‌ كه‌ به‌ ڕاسته‌وخۆيی هه‌ڵوێستی پشتگيری يان دوژمنايه‌تی ده‌رببڕێ. باشتره‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی سياسه‌تمه‌داره‌ كورده‌كانی به‌غدا پشتگيری له‌ ڕوانگه‌ی ڕه‌سمی حكومه‌تی عيراق بكات. له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌تی عيراق و سورياوه‌ پشتگيری له‌ باڵی ئه‌لئه‌حمه‌دی بكات و له‌ عه‌شايه‌ری ئه‌ڵسه‌حوه‌ نزيكيا بكاته‌وه‌، به‌رله‌وه‌ی كه‌ باڵی عێزه‌ت دووری جێ پێيان به‌ ته‌واوی بچه‌سپێنن‌. له‌و حاڵه‌ته‌دا، جێگه‌ی خۆيه‌تی كه‌ تاڵه‌بانی شه‌فقه‌ عيراقيه‌كه‌ی له‌سه‌ر بێ و هه‌ر به‌ ناوی سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ ده‌ست له‌ پارسه‌نگی هێزه‌كانی ناو سوننه‌ی توندڕه‌و بدات. له‌ ڕوانگه‌ی عه‌ره‌بی عيراق و ووڵاتانی عه‌ره‌بیدا، تاله‌بانی نموونه‌ی كوردێكه‌ كه‌ بۆ عيراقێكی يه‌كگرتوو هه‌وڵيداوه‌ و نوێنه‌رايه‌تی خه‌تی نيشيتمانپه‌روه‌ری عيراقپارێز ده‌كات، له‌ دژی نفوزی ده‌ره‌كی ئێرانی و سووری و سعودی. خۆ بۆ ماليكی، ڕۆڵی تاله‌بانی ته‌واوكه‌ر و بێ هاوتا وچاره‌نووسيه‌‌، تا ئه‌و ڕاده‌يه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌بێی ئه‌و، ماليكی توانای به‌رده‌وامێتی و پاراستنی خه‌تی نيشتيمانی عيراقی نه‌بێ. بۆيه‌ش، ماليكی ئاماده‌ی هه‌موو ته‌عاونێكه‌ له‌گه‌ڵ تاله‌بانی و هيچ داوايه‌كی ئه‌و ڕه‌د ناكاته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت پێويسته‌ كه‌ تاله‌بانی، به‌ ته‌نسيق له‌گه‌ل بارزانی، ئه‌و په‌يوه‌نديه‌ ئيستيغلال بكات بۆ يه‌كلايی كردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌نووس سازانه‌ی كه‌ به‌لای كورده‌وه‌ ئه‌وله‌وياتن (وه‌ك كه‌ركوك و نه‌وت و هی تر).

مه‌ترسی نفوزی ئێرانی يان قه‌ومی عه‌ره‌بی؟

ئه‌مريكا هه‌وڵی داوه‌ كه‌ په‌يوه‌ندی به‌ سوننه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ بكات، نه‌ك ته‌نيا بۆ خاتری سه‌قامگيركردنی ئارامی له‌عيراقدا، به‌ڵكو بۆ به‌كارهێنانيان له‌ دژی نفوزی ئێرانی، كه‌ ئێستا له‌ناو حكومه‌تی سه‌ربه‌ ئيئتيلافی شيعیدا زاڵ بووه‌. دياره‌ كه‌ تاله‌بانی و ماليكی له‌ ژێره‌وه‌ هه‌مان خه‌تيان ته‌به‌ننا كردوه‌ و خه‌ريكن نه‌زعه‌ی عيراقپارێزی و نيشتيمانپه‌روه‌ری له‌ نێو شيعه‌دا به‌هێز ده‌كه‌نه‌وه‌. زه‌مينه‌ش تادێ بۆيان خۆشتر ده‌بێ، به‌هۆی ناڕه‌زايی فه‌زيله‌ و تێكچوونيان له‌گه‌ڵ ‌ شه‌ريكه‌‌كانی ناو ئيئتيلافيان. زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌ به‌ناو سه‌ربه‌خۆيه‌كانی ناو ئيئتيلافيش له‌ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مان خه‌تن. ماليكیش ده‌يه‌وێ ئه‌وانه‌ به‌كار بهێنێ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنی سه‌دريه‌كان. ڕێگری سه‌ره‌كی له‌ هه‌وڵه‌كانی ماليكی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ مه‌جليسی ئه‌علا و سه‌دريه‌كان و باڵه‌ ته‌قليديه‌كانی ناو حيزبی ده‌عوه‌ش (به‌تايبه‌تی باڵی جه‌عفه‌ری) هه‌موويان له‌ژێر نفوزی ئێراندانه‌.

ڕژێمی ئێران ئيستيغلالی چه‌ندين خاڵی لاوازی سه‌ركرده‌ شيعه‌كانی كردوه‌ بۆ زامين كردنی وه‌لائيان. بۆ نموونه‌، ته‌واوی خێزانه‌كانی سه‌ركرده‌ شيعه‌كان به‌ ده‌ستبه‌سه‌ريی له‌ ئێران ماونه‌ته‌وه‌ و ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌يان بۆ ديوی عيراق پێنه‌دراوه‌. خۆ زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كان پاره‌ و سه‌روه‌ت و سامانی بێ پايانی تازه‌يان گواستۆته‌وه‌ ناو ئێران، و له‌وێ خه‌ريكی زه‌وی كڕين و خانو دروستكردن و ئيستيسماری ترن. واته‌ له‌ ئاستی شه‌خسيدا، ڕۆحيان له‌بن ده‌ستی ڕژێمی ئێراندايه‌. له‌ لايه‌نی په‌يوه‌ندی ڕێكخراوه‌ييشدا، حيزبه‌ شيعه‌كان پشتيان به‌ ئێران به‌ستوه‌ بۆ پشتگيری سياسی، ته‌عاونی دارايی، و فرۆشتنی نه‌وتی قاچاغی عيراقی، و مه‌شقی عه‌سكه‌ری، و كڕين و فرۆشتنی چه‌كه‌مه‌نی و هتد.

شايانی باسه‌ كه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ جيگه‌ی تێڕمان نين، به‌ڵكو هه‌موويان چاوه‌ڕوان لێكراون. هه‌روه‌ك (حسني مبارك)ی سه‌رۆكی ميسر دركاندی، عه‌ره‌بی شيعه‌ به‌ گشتی وه‌لائيان بۆ مه‌رجه‌عه‌كانيان و ده‌وڵه‌تی ئێران زياتره‌‌ وه‌ك له‌ ووڵاته‌كانيان. واته‌، ڕه‌نگه‌ قه‌ت نه‌كرێ كه‌ ڕووی وه‌لائی عه‌ره‌بی شيعه‌ی عيراق به‌ ته‌واوی به‌ره‌و عيراق بێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ كورد جێگه‌ی بايه‌خ نيه‌. گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئايا ئه‌و جۆره‌ نفوز و‌ ده‌ست تێوه‌ردانه‌ی ئێرانيی له‌ ناوه‌وه‌ی عيراق، بۆ كورد زه‌ره‌رمه‌نده‌، يان نا؟ پێويسته‌ سه‌ركرده‌ی كورد له‌لای خۆيه‌وه‌ ساغی بكاته‌وه‌ ئايا مه‌ترسی قه‌ومی عه‌ره‌بی سوننی له‌سه‌ردواڕۆژی كورد مه‌زنتره، وه‌يان هی نفوزی ئێرانی. پێويسته‌ ئه‌و بيركاريه‌‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌مريكيدا ئه‌نجام بدرێ، چونكه‌ به‌لای ئه‌مريكا و حه‌ليفه نزيكه‌ كوردی و عيراقی و ڕۆژهه‌ڵاتيه‌كانیه‌وه، مه‌ترسی ئێران زۆر له‌ هی قه‌ومی عه‌ره‌بی زياتره‌. به‌ڵام ده‌بێ سه‌ركرده‌ی كورد به‌رژه‌وه‌ندی مه‌زنتر ڕه‌چاو بكات. بۆ نموونه‌، به‌شێكی مه‌زنی شيعه‌ی عيراق (له‌وانه‌ مه‌جليسی ئه‌علای ئيسلامی) په‌يوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ كورد هه‌يه‌ و عه‌وداڵی هه‌مان نموونه‌ی فيدراڵیه‌كه‌يه‌تی، كه‌ ئه‌وه‌يش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد دايه‌‌.

ئێران له‌ژێر فشاری ئه‌مريكی و نێوده‌وڵه‌تيدايه‌ و ره‌نگه‌ به‌و زوانه‌ لێی بقه‌ومێ، بۆيه‌ له‌ داهاتوودا به‌وه‌ ڕاناگات كه‌ په‌ل بۆ كورد بهاوێ. خۆ ئێران ئاماده‌ی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ته‌نازول بۆ كورد بكات بۆ خاتری سه‌رخستنی پلانه‌ عيراقی و ڕۆژهه‌لاتيه‌ ناوه‌ڕاستيه‌ مه‌زنه‌كانی تری. ڕاسته‌ له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان ئێران ڕۆلێكی بۆگه‌نی ديت له‌ هه‌ڵگيرساندنی شه‌ڕی براكوژی له‌ كوردستانی عيراق، به‌ڵام زه‌مان گۆڕاوه‌ و ئێران توانا‌ی به‌سه‌ر قه‌راری كورديدا كه‌م بۆته‌وه‌. ئه‌گه‌ر پارتی و يه‌كێتی و حيزبه‌ ئيسلامی و عيلمانيه‌كانی تر خيتابيان له‌و ڕووه‌وه‌ يه‌كبخه‌ن، ئه‌وا هه‌ڵوێست و موعامه‌له‌ی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا جياوازتر و جيدديتر ده‌بێ. به‌هه‌مان شێوه‌ش، ووڵاته‌ دراوسێكان ولايه‌نی ئه‌مريكيش حيسابيان له‌گه‌ڵ كورد له‌ ئاستی ياريكه‌رێكی جيدديتر ده‌بێ. له‌بيريشمان نه‌چێ، كه‌ ئه‌گه‌ر كار گه‌يشته‌ سه‌ر شه‌ڕی مان و نه‌مان، ئه‌وا هه‌موو ده‌مێك ئێران توانای ده‌ستوه‌شاندنی مه‌زنی له‌ دژی كورد هه‌يه‌. له‌و حاڵه‌ته‌دا، مه‌ترسی ئێران له‌ هی عه‌ره‌بی سوننه زۆر زياتريش ده‌بێ.

بۆ كورد: عه‌لاوی يان ماليكی

خه‌تی ماليكی- تاله‌بانی - ئه‌مريكی ده‌يه‌وێ حيزبی فه‌زيله‌ و گروپی بێلايه‌نه‌كانی ناو ئيئتيلاف و حيزبی ئيسلامی عيراقی (سوننه‌) و هاوپه‌يمانێتی كوردی لێك نزيك بكاته‌وه‌. لێره‌دا، پێويستيان به‌ پشتگيری باڵی قه‌ومی توندڕه‌وی سوننه‌ی عه‌ره‌به‌، كه‌ زۆرله‌وانه‌ سه‌ر به‌ سوريانه‌. ئه‌ياد عه‌للاويش ده‌يه‌وێ گروپی (العراقيه)‌ و (التوافق) و (الحوار) و تۆڕی په‌يوه‌نديه‌ قه‌ومی و به‌عسيه‌كانی به‌كار بهێنێ بۆ هێنانه‌ دی هه‌مان هاوپه‌يمانيه‌تی، به‌ پاڵپشتی كوردی و ئه‌مريكی. بۆ ئه‌وه‌ش عه‌للاوی سه‌ردانی كوردستان و ووڵاته‌ دراوسێكانی وه‌ك سعوديه‌ی كردوه‌ و له‌ هه‌مان ووڵاتيشدا چاوی به‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌وتوه‌. هه‌ڵبه‌ت جارێ ديار نيه‌ ئايا ئه‌نجامی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ و فشاری سعودی له‌سه‌ر كورد (له‌ دژی نفوزی ئێران) تا چی ڕاده‌يه‌ك سه‌ركه‌وتو بووه‌. دياريش نيه‌ ئايا پلان و پيـلانی ئه‌مريكی له‌ دژی حكومه‌تی ماليكی به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات.

له‌ پلانی پێشتریدا، سه‌رۆك بوش به‌نياز بوو كه‌ حكومه‌تی ماليكی ئيحراج بكات و بيخاته‌ مه‌ئزه‌قێكه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بيڕوخێنێ، ئه‌وجا حوكمێكی عورفی به‌ سه‌رۆكايه‌تی دۆستێكی نزيكی (وه‌ك عه‌للاوی) دابمه‌زرێنێ. له‌ پلانه‌كه‌دا، به‌نياز بوون‌ كه‌ قازيه‌كی عيراقی فه‌رمانی گرتنی موقته‌دا سه‌در ده‌ربكات، وه‌ ئه‌مريكيه‌كان موقته‌دا و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی سه‌دری، و وه‌زيره‌كانیان، و چه‌ندين سه‌ركرده‌ی جه‌يشی مه‌هدی و بنكه‌كانيان له‌ (الثوره‌) و (الشعله‌)‌ بگرن. به‌وه‌ حكومه‌تی ماليكی ئيحراج بكه‌ن و سه‌دريه‌كانی لێ زوير بكه‌ن، وه‌ ببنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ناو په‌رله‌ماندا فه‌وزايه‌كی وا بخولقێنن كه‌ به‌هۆيه‌وه‌ متمانه‌ له‌ حكومه‌تی ماليكی بستێندرێته‌وه‌، و حاله‌تی فرياكه‌وتن (طوارئ) ئيعلان بكرێ. به‌ڵام ئيبراهيم جه‌عفه‌ری، له‌ شاری نه‌جه‌ف نهێنی ئه‌و پيـلانه‌ی به موقته‌دا گه‌ياند، و ئه‌ويش هه‌رله‌وێوه‌ بنئاوی لێداو خۆی بزر كرد. هه‌لبه‌ت، ماليكی به‌ پيلانی ئه‌مريكی دڵته‌نگ بوو، و‌ ويستی بيسه‌لمێنی كه‌وا پلانه‌ ئاساييشيه‌كه‌ی كاڕڕايه‌ و پڕ ئه‌نجامه‌. بۆيه‌، بۆ يه‌كه‌مجار هه‌ڵی كوتايه‌ سه‌ر جاده‌كانی به‌غدا (له‌ ده‌ره‌وه‌ی زۆنی سه‌وز) و پياسه‌ی به‌ناو ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كاندا كرد. كه‌ كۆندۆليزا رايس له‌ مانگی ڕابوردوودا سه‌ردانی به‌غدای كرد، ماليكی به‌ درێژی سه‌ركه‌وتنه‌كانی بۆ ليسته‌ كرد، و قه‌ناعه‌تی پێ هێنا كه‌وا پلانه‌كه‌ باش ڕۆيوه‌. به‌وه‌، كۆندۆليزا كه‌وته‌ ستايش و پشتگيريی ماليكی، و دواخستنی پيـلانه‌كانی ئه‌مريكی.

ئيتر به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌وڵه‌كانی عه‌للاوی و ده‌وڵه‌تی سعودی، ڕه‌نگه‌ ئه‌مريكا بۆی ده‌ربكه‌وێ كه‌وا خه‌تی ماليكی، كه‌ شه‌رعيه‌تی حوكمی زۆرينه‌ی شيعه‌ی هه‌يه‌، له‌ عه‌للاوی سه‌ركه‌وتووتر بێ بۆ ڕزگار كردنی ئيئتيلافی شيعی له‌ چه‌نگی ئێران. واته‌ ده‌توانێ له‌ ناوه‌وه‌ كار بۆ هه‌مان ئامانج بكات و شه‌ڕی ناوه‌كی حيزبه‌كه‌ی خۆی (ده‌عوه‌) و باقی شيعه‌ی ناو ئيئتيلاف بكات. خۆ ئه‌گه‌ر سه‌ريش نه‌كه‌وت، ئه‌وا مسۆگه‌رعه‌للاويش له‌وه‌دا سه‌رناكه‌وێ. چونكه‌ عه‌للاوی مه‌جالی موراوه‌غه‌ی كه‌مه‌، وه‌ ڕه‌نگه‌ قه‌ت نه‌توانێ ئيئتيلافی شيعه‌ له‌ت بكات و پێكهاته‌كانی بۆ خۆی ڕاكێشی، ئه‌وجا باڵه‌ دژبه‌يه‌كه‌كانی ناو ته‌وافوق رێكبخات. ئيتر له‌وه‌ ناچێ كه‌ وه‌ڕه‌قه‌ی عه‌للاوی براوه‌ بێ، وه‌ ڕه‌نگه‌ سه‌ركرده‌ی كوردیش له‌ ماليكی دڵنياتر بێ وه‌ك له عه‌للاوی.

پلانی كورد بۆ ئاينده‌ی سوننه‌

هه‌ڵبه‌ت، گێژاوكی عيراق هه‌ر به‌ره‌و قووڵیه‌. نه‌خشه‌ی سياسی به‌ره‌كانی سوننه‌ و شيعه‌ی عيراقيش وا به‌ره‌و گۆڕانن‌. له‌ دوای روخانی سه‌ددام، ته‌حالوفه‌ سياسيه‌كانی عيراق به‌ سه‌ر‌ سێ لايه‌نی كورد و شيعه‌ و سوننه‌دا دابه‌ش بو بوون. به‌ڵام له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا، نه‌خشه‌كان‌ ديسانه‌وه‌ سه‌راوبن ده‌بنه‌وه‌. ته‌نيا هاوپه‌يمانێتی كورده‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ تا ڕاده‌يه‌كی زۆر وه‌ك خۆی بمێنێ. ئه‌وا سوننه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ مواجه‌هه‌ی يه‌كتری و دياره كه‌ پڕۆسه‌‌ی ته‌رتيبی ماڵيان درێژ خايه‌ن ده‌بێ و له‌ قۆناغی يه‌كه‌ميدا خوێنێكی زۆر له‌ براكوژی نێوانياندا ده‌ڕژێ. له‌و كاته‌دا، پێويسته‌ كورد دوره‌په‌رێز بێ، و نه ‌به‌ چاك و نه‌ به‌ خراپ له هيچ ڕوويه‌كه‌وه‌ نزيكی ئاگره‌كه‌يان نه‌كه‌وێ. ته‌نيا به‌شداری كورد له‌و ململانێيه‌دا پێويسته‌ له‌ڕێگه‌ی به‌غدا و به‌ ناوی حكومه‌تی ماليكيه‌وه‌ بێ. له‌ قۆناغی دوواتردا، ڕ‌‌ه‌نگه‌ ياريكه‌ری گه‌وره‌ (بۆ نموونه‌ به‌عسی باڵی ئه‌لئه‌حمه‌د وه‌يان عێزه‌ت) بێته‌ پێشه‌وه‌ و ببێته‌ براگه‌وره‌، وه‌ مه‌رجه‌عيه‌تێكی شه‌رعی بۆ عه‌ره‌بی سوننه‌ دروست بكات. له‌وانه‌يه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا به‌عس به‌ يه‌كگرتوويی به‌شداری بكات و دوور نيه‌ ده‌نگی زۆرينه‌ی سێگۆشه‌ی سوننه‌ش بهێنێ. له‌و حاله‌ته‌دا، ده‌كرێ كورد له‌ زووه‌وه‌ په‌يوه‌ندی سياسی له‌گه‌ڵ باڵی ئه‌لئه‌حمه‌ديه‌وه‌ دروست بكات، و له‌ڕێگه‌ی حكومه‌تی سووریه‌وه ئيتيفاقی ستراتيژيان له‌گه‌ڵدا بكات‌‌.

قورسايی سياسی باڵی سوننه‌ له‌ عيراقدا زۆر گرنگه له‌ڕووی ژماره‌ و كاريگه‌ريی و‌جه‌ربه‌زه‌يی و ده‌نگزليی و قووڵايی‌ په‌يوه‌نديه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌‌ عه‌ره‌بيه‌كانيان. هه‌ركاتێك سوننه‌ به‌ قورساييه‌وه‌ هاتنه‌ ناو پڕۆسه‌ی سياسی عيراقی نوێ، به‌ تابيه‌تی له‌دوای هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، ئه‌وا پارسه‌نگی هێزه‌كان و ڕێڕه‌وی ده‌ستوور و په‌رله‌مان و حكومه‌ت به‌ته‌واوی ده‌گۆڕێن. واته‌ قورسايی سياسی سوننه‌ زۆر گرنگتر و كاريگه‌رتر ده‌بێ‌ له‌وه‌ی كه‌ ئيمڕۆ ده‌ستيان كه‌وتوه‌. بۆيه‌ش پێويسته‌ كورد پراگماتيكی بێ، و هه‌رده‌م ئه‌لته‌رناتيڤی سوننه‌ له‌به‌رامبه‌ر هاوپه‌يمانيه‌تی شيعه‌دا ڕاگرێ، تاوه‌كو له‌ كاتی پێويست به‌كاريان بهێنێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد.

پلانی كورد بۆ ئاينده‌ی شيعه‌

هه‌رچی شيعه‌ی عيراقه‌، خه‌ريكه‌ ئيئتيلافه‌كه‌يان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌. له‌ قۆناغی يه‌كه‌مدا، موقته‌دا و لايه‌نه‌ سه‌دريه‌كان ڕه‌نگه‌ بكه‌ونه‌ كاری نهێنێيه‌وه. جه‌يشی مه‌هدی كه‌وتۆته‌ سزادانی ماليكی. بۆ نموونه‌، به‌و دواييه‌ له‌ كاتوساتی كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی ماليكی و سه‌رۆكی نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان، كه‌وتنه‌ بۆمبابارانی زۆنی سه‌وز. ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ لێكترازانی زنجيره‌ی ئيئتيلاف‌. خۆ لێدانی ئێران له‌لايه‌ن ئه‌مريكاوه‌ كاريگه‌ری زۆری له‌سه‌ر دواڕۆژی شيعه‌ی عيراق ده‌بێ. له‌ ئاينده‌دا، باشتره‌ بۆ كورد كه‌ چاودێرێكی بێ لايه‌ن بێ و كه‌سيان نه‌كاته‌‌ دوژمن.

پێويسته‌ سه‌ركرده‌ی كورد دۆستايه‌تی ستراتيژیان له‌ ناوه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی مه‌جليسی ئه‌علای (پڕۆئێرانی) به‌هێزتر بكه‌ن. بۆ كورد، مه‌سه‌له‌ی نزيكی مه‌جليسی ئه‌علا له‌ ڕژێمی ئێران گرفتێكی سياسی نيه‌. به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ له‌ چه‌ندين‌ ڕووه‌وه‌ سوودبه‌خش بێت. ڕه‌نگه‌ له‌ مه‌ودای دووردا، مه‌جليسی ئه‌علا ده‌ستی خۆی ببينێ، ده‌وڵه‌مه‌ند ببێ، و له‌ڕووی سوپاو ته‌نزيمه‌وه‌ كاريگه‌رتر ببێ، و وورده‌ وورده‌ سه‌ربه‌خۆيی خۆی له‌ ئێران وه‌ده‌ست بهێنێ. حيزبی ده‌عوه‌ له‌ ئه‌زمه‌يه‌كی مه‌زندا ده‌خولێته‌وه‌. ده‌ستێوه‌ردانی ئێران كاری تێكردوون، و به‌وه‌ په‌يوه‌ندی نێوان جه‌عفه‌ری و ماليكی و سه‌ركرده‌كانی تريشيان وا ڕووی له‌خراپيه‌، و ڕه‌نگه‌ له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا حيزبه‌كه‌ ببێته‌ چه‌ندين پارچه‌. له‌ ياری ده‌سه‌ڵاتدا، سه‌ركرده‌ی حيزبی فه‌زيله‌ خۆیان به‌ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بينن ، و ڕه‌نگه‌ به‌و زوانه‌ ده‌ست له‌ ئيئتيلاف هه‌لبگرن. ئيتر سه‌نگی مه‌حه‌ك هه‌لبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مانه،‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ عه‌ره‌بی شيعه‌ مه‌حاڵ بێ كه‌ جارێكی تر (سه‌ڕه‌ڕای فشاری ئێران و آيه‌الله‌‌ی سيستانی‌) ئه‌و جۆره‌ ئيئتيلافه‌ پان و به‌رينه‌ی جارانيان مسۆگه‌ر بكه‌نه‌‌وه‌. له‌و حاڵه‌ته‌دا.

دواپه‌يامم

بێ گومان هه‌تا خيتابی كورد له‌ به‌غدا يه‌ك بێ، وه‌ هه‌تا له‌ هه‌رێمی كوردستانيش ماڵی ته‌رتيب بێ، ئه‌وا شه‌پۆڵی گۆڕانكاری له‌ باقی عيراق، كارێكی ئه‌وتۆ ناكاته‌ ڕێڕه‌وی سياسی كوردستان. پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كورد ئالقه‌ی بيركاری ستراتيژیان به‌ بێ پچڕان به‌رده‌وام بكه‌ن و هه‌موو هه‌نگاوێكی سياسی گرنگيان به‌ ته‌نسيق و هه‌ماهه‌نگی ئه‌نجام بده‌ن. پێويسته‌ پارتی و يه‌كێتی له‌ خۆيانه‌‌وه‌ په‌يوه‌ندی ستراتيژی تايبه‌ت له‌گه‌ڵ حيزبه‌ عيراقيه‌كان يان ووڵاته‌ دراوسێكان، له‌سه‌ر حيسابی يه‌كتر وه‌يان له‌سه‌ر حيسابی قه‌زيه‌ به‌رزه‌كه،‌ نه‌به‌ستن. بۆ ئه‌وه‌ش، پێويستيان به‌ گفتوگۆ و تێك گه‌يشتنی به‌رده‌وامه له‌ به‌رزترين ئاستی بڕياردانيان.‌

No comments: