Wednesday, 16 January 2008

كۆتايی شه‌هرولعه‌سه‌لی كورد و ئه‌مه‌ريكا

كۆتايی شه‌هرولعه‌سه‌لی كورد و ئه‌مه‌ريكا

· ساڵی ٢٠٠٨ ساڵی تاقی كردنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی كورده‌، ئايا لێی ده‌كه‌ون يان سه‌رده‌كه‌ون؟
· سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن‌ ئه‌گه‌ر ڕاپۆرتی مايكل ڕووبين بخه‌نه‌ پشت گوێ.
· ته‌نيا به‌ چاكسازی و ده‌وڵه‌تسازی وه‌ڵامی ڕ‌‌ه‌خنه‌ ده‌ره‌كی و ناوه‌كيه‌كان ده‌درێته‌وه.‌
هاوڵاتی: ١٦/١/٢٠٠٨ ژماره‌ ۳٨٨، لاپه‌ڕه‌ ١٢

پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين



به‌ حوكمی زه‌روره‌ت، له‌و پێنج ساڵه‌ی ڕابووردوودا ڕێڕه‌وی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ريكا و كورد هاو ئاراسته‌ بوون، و به‌ هۆيه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد له‌ (شهر العسل)ێكی سياسیدا ده‌ژيان. به‌ڵام له‌و شه‌ش مانگه‌ی ڕابووردوودا، پارسه‌نگی هێزه‌ عيراقی و ڕۆژهه‌ڵاتيه‌كان ڕوويان له‌گۆڕان بووه‌. خه‌ريكه‌ ئه‌مه‌ريكا به‌ ئه‌جيندا و ئه‌وله‌ويه‌ته‌كانی دابچێته‌وه، و به‌ هۆيانه‌وه‌‌ ڕێڕه‌وی سياسه‌ت و به‌رژه‌وه‌نديه‌ عيراقی و ئێرانی و توركيه‌كانی له‌ هی كوردی داببڕێ. ڕه‌نگه‌ به‌وزوانه‌ كه‌لێنێك بكه‌وێته‌ ناو په‌يوه‌ندی نێوان كورد و ئه‌مه‌ريكا‌وه‌، و به‌رژه‌وه‌ندی كوردی پێ بكه‌وێته‌ مه‌ترسيه‌وه‌. ئه‌گه‌ر بڕيارده‌ری كورد به‌ هۆش خۆی نه‌يه‌ته‌وه، له‌وانه‌يه‌ ئه‌مه‌ريكا هاوپه‌يمانه‌ عه‌ره‌به‌كانی عيراق و توندڕه‌وه‌كانی توركيا بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر كورد به‌كار بهێنێ و ڕه‌نگه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆيی هه‌رێم كه‌م بكاته‌وه‌.

تاقی كردنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كان

به‌ هۆی كه‌ڵه‌كه‌ بوونی گرفت و ته‌حه‌ددا ناوه‌كی و ده‌ره‌كيه‌كانی كوردستان، له‌ چه‌ندين ئاسته‌وه‌ ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠۹ بۆ سه‌ركرده‌كانی كورد دوو ساڵی پڕ تاقی كردنه‌وه‌ ده‌بن. ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌ بڕيارده‌ره‌كان ته‌ركيز نه‌كه‌ن و به‌ جيددی كار بۆ چاكسازی و ده‌وڵه‌تسازی نه‌كه‌ن و به‌ هه‌ماهه‌نگی به‌ره‌نگاری مه‌ترسيه‌ ده‌ره‌كيه‌كان نه‌بنه‌وه‌، ئه‌وا دوورنيه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و پێنج ساڵه‌ی ڕابوردوو بكه‌ونه‌ مه‌ترسيه‌وه‌.

له‌ ناوه‌وه‌، ناڕه‌زايی خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌ر بێ ده‌رامه‌تی و بێ خزمه‌تگوزاری و بێ ئاو و كاره‌بايی له‌ ته‌قينه‌وه‌ نزيك بۆته‌وه. خه‌ڵكه‌كه‌ گه‌يشتۆته‌ ئه‌و ڕاده‌ی قه‌ناعه‌ت كه‌وا هيچ جۆره‌ ڕه‌خنه‌ و ناڕه‌زايی ده‌ربڕينێك كه‌ڵكی نه‌ماوه‌ بۆ به‌خه‌به‌ر هێنانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كان‌. سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، ئيداره‌ی كوردستان هه‌ر بێ سه‌رو به‌ره‌ و هه‌تا ڕاده‌ی ئيفليج بوون له‌ گه‌نده‌ڵيی چه‌قيوه. هاوكات، ده‌زگا موخابه‌راتيه‌كان و ته‌نفيزيه‌كانی هه‌رێم خه‌ريكن پڕۆسه‌ی ديموكراسيه‌ت سه‌بر ده‌كه‌نه‌وه. له‌ هه‌رێمێكی بێ ئۆپۆزيسيۆندا، نه‌ قانون و نه‌ په‌رله‌مان و نه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ريی ئازاد ڕێگه‌يان دراوه‌ تا ڕۆڵی چاودێر و لێپرسينه‌وه‌ ببينن.

حيزبه‌كان و ڕێكخراوه‌كانيان وا له‌ قه‌يرانی فيكری و فه‌لسه‌فی دان، و ڕێڕه‌وی كلاسيكی حيزبايه‌تيان وون كردوه‌. له‌به‌رامبه‌ر ڕه‌خنه‌ی ميلله‌تدا، لايه‌نگير و ئه‌ندام و كادره‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌كانی حيزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌ست به‌ بێ توانايی ده‌كه‌ن، و خۆيشيان به‌ به‌شداری عه‌مه‌ليه‌تی سياسی نابينن. وه‌ پڕۆسه‌ی بڕياردانی سياسی و ڕێكه‌وتن نامه‌ی نێوان دوو حيزبی ده‌سه‌ڵاتدار (بۆ نموونه‌ له‌ كاتی دانانی سه‌رۆك وه‌زيران و كابينه‌ی وه‌زيره‌كان) به‌ هی خۆيان نازانن.

له‌ ئاستی عيراقدا، ته‌واوی دۆست و دوژمنه‌ ته‌قليديه‌كانی كورد له‌ دژی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد پيلان ده‌گێڕن. كوتله‌ ناته‌باكانی حيزبی ده‌عوه‌ی سه‌ر به‌ ماليكی و سه‌دريه‌كانی سه‌ر به‌ موقته‌دا، و عيلمانيه‌كانی سه‌ر به‌ عه‌للاوی و توندڕه‌وه‌كانی سوننه‌ی سه‌ر به‌ عيله‌ييان و ديلێمی و چه‌ندينی تر، وا خه‌رتيكی يه‌ك گرتنن له‌ دژی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد؛ نه‌ك ته‌نيا له‌ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك و نه‌وت، به‌ڵكو له‌ مه‌سه‌له‌ بڕاوه‌كانی وه‌ك بودجه‌ی هه‌رێميش.

هاوكات، عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانيان وا قيت بوونه‌ته‌وه‌ و خه‌ريكه‌ ده‌بنه‌ ياريكه‌ر و هاوپه‌يمانێكی له‌ كورد كاريگه‌رتر بۆ ئه‌مه‌ريكيه‌كان. به‌وه‌ مه‌وقيعه مه‌ليك دروستكه‌ریه‌كه‌ی كوردی له‌ ناو شانۆی به‌غدا دا ڕووی له‌ لاوازيه،‌ و به‌ هۆيه‌وه‌ توانای كورد له‌ به‌رگريكردن له‌ بزوتنه‌وه‌‌كه‌ی هه‌ر به‌ره‌و كزی ده‌چێ‌. سوننه‌كان له‌ مه‌وقيعێكی باشترن بۆ ئه‌وه‌ی نفوزی ئيرانی كه‌م بكه‌نه‌وه. واته‌ له‌كاتی ته‌سفيه‌ كردنی حيساب له‌گه‌ڵ ئێراندا، ئه‌مه‌ريكاييه‌كان پشتيان به‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ به‌تێنتر ده‌بێ وه‌ك له‌ كورد. هاوكات ئيداره‌ی بوش له‌ نفوزی ئێرانی ناو كوردستاندا ناڕه‌حه‌ته و هه‌وڵی داوه‌ كورد ئيحراج بكات و په‌يوه‌نديه‌كانيان لاوز بكات.

له‌ ده‌ره‌وه‌شدا، سنووره‌كانی كوردستان به‌زێندراون و له‌شكركێشی توركی و ئێرانی به‌رده‌وامه‌ و له‌ به‌رامبه‌رياندا خه‌لك و سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم به‌ يه‌كه‌وه‌‌ له‌ بێ ده‌سه‌ڵاتيدا داماون. له‌ ئاينده‌دا، ئه‌مه‌ريكا و ئيسرائيل پێويستیان به‌ هاوكاری توركی ده‌بێت، به‌وه‌ش توركيا توانيويه‌تی سازش به‌ هه‌ردوكيان له‌سه‌ر حيسابی كورد بكات و مه‌رجه‌ ئه‌نتی كورديه‌كانيان له‌سه‌ر فه‌رز بكات. توركيا به‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ توانيويه‌تی لۆبی ئيسرائيلی له‌ دژی كورد دا به‌كار بهێنێ.

كه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی سه‌ركرده‌كان

له‌وه‌ ناچێ كه‌وا سه‌ركرده‌كانی كورد له‌ ڕووی ئه‌و گرفته‌ ئاڵۆزانه‌ و قه‌يرانه‌ يه‌ك له‌دوی يه‌كانه‌دا و له‌ هه‌موو جه‌بهه‌يه‌كی شه‌ڕدا خه‌ريكی هه‌ڵمه‌تی چاره‌نوس ساز بن، يان خه‌ريكی ڕاست كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ و چاكسازی ناوه‌كی و هيممه‌تی لۆبی ده‌ره‌كی بن، به‌‌ جۆرێك كه‌وا بتوانن سه‌ره‌ڕای ده‌وروبه‌ری دژوار بنه‌مای ده‌وڵه‌تی كوردی دابنێن. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، بێ به‌رنامه‌ييی كوردی له‌ ئاستێكه‌ كه‌ دوژمنه‌ ته‌قليديه‌كان توانيويانه‌ به‌كاريان بێێن بۆ ئه‌وه‌ی سازش به‌ كورد بكه‌ن. ئێستاش، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و بێ به‌رنامه‌ييه‌ و بێ سه‌روبه‌رييه‌ی ناوماڵ‌، خه‌ريكه‌ به‌رژه‌وه‌نديه‌ به‌رزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌ قوربانی به‌‌رژه‌‌وه‌ندیه‌ تايبه‌ته‌كانی ده‌سه‌لاتداران و به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی دراوسێكان و ئه‌مه‌ريكيه‌كان.

تۆمار و مێژووی سه‌ركرده‌كانی كورد له‌ تاقی كردنه‌وه سياسيه‌كاندا بريتيه‌ له‌ تێكه‌ڵێكی پڕ له‌ سه‌ركه‌وتن و بنكه‌وتن. به‌ڵام به‌ شێوه‌يه‌كی گشتی، سه‌كرده‌كانی كورد نه‌يانتوانی سه‌ركه‌وتنی ستراتيژی مه‌زن به‌ موباده‌ره‌ی سياسی خۆيانه‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنن. به‌ر له‌ ٢٠٠۳ سه‌ركردايه‌تی كوردی نه‌يده‌زانی چاره‌نووسی كورد له‌ دوای سه‌ددام به‌ چی ده‌گات. پێشبينيه‌كانيان ئه‌وه‌ بوو كه‌وا كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر به‌غدا و هه‌رێميش ئه‌و سه‌ربه‌خۆييه‌ی نامێنێ. بۆيه‌ له‌ ناخدا خۆيان ئاماده‌ كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا ده‌ورێكی باڵاتر ببينن. به‌ڵام ڕه‌وتی توندڕه‌ويی و ئيرهابی سوننه‌ و شيعه‌ی عه‌ره‌ب وای كرد كه‌وا ئه‌مه‌ريكيه‌كان حاڵی نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆيی هه‌رێم بپارێزن. سه‌ركرده‌كانی كورديش توانيان ئه‌وه‌ وه‌ك وه‌ڕه‌قه‌يه‌ك به‌كار بهێنن.

له‌و شازده‌ ساڵه‌ی ڕابوردوودا، ده‌سه‌لاتدارانی كورد فرسه‌تی مێژوويی بێ هاوتايان كه‌وته‌ ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌مای ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی ديموكراتی دابمه‌زرێنن، تاكو سۆز و ڕێز و متمانه‌ی ڕای گشتی جيهانی و پاڵپشتيه‌تی سه‌رتاسه‌ريی زلهێز به‌ده‌ست بێنن. كه‌چی له‌جياتيان، و بۆ خاتری پاراستنی نفوز و به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌تيان، ‌ فه‌شه‌لیان به‌ ته‌واوی پڕۆسه‌ی ده‌وڵه‌تسازی كوردی هێناوه‌. بوونه‌ته‌ نموونه‌ی فه‌شه‌لی بزوتنه‌وه‌ی ميلله‌تێك كه‌وا خه‌باتی بێ وچان و قوربانی بێ سنووری له‌ دژی ديكتاتۆريه‌تی گه‌نده‌ڵ پێشكه‌ش كردوه‌، و له‌ دوای لاچوونی ديكتاتۆريه‌ته‌كه‌ش، به‌ ده‌ستی خۆيان سيسته‌می له‌و گه‌نده‌ڵتر و سه‌رلێشواوتريان دا‌مه‌زراندوه‌. ئيتر جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نيه‌ كه‌وا خه‌ريكه‌ ناو و ناوبانگی كورد له‌ جيهاندا بزرينگێ، و سۆزی ده‌ره‌كی و پشتگيری زلهێزیش لاواز ببێ، و پسپۆڕ و ڕۆژنامه‌نوسانی ده‌ره‌كيش بكه‌ونه‌ ده‌ربڕينی بێ شه‌رمانه‌ی ڕاستيه‌كان. ‌

ڕاپۆڕتی مايكل ڕووبين

مايكل ڕووبين لێكۆڵه‌ره‌وه‌يه‌كی ئه‌مه‌ريكيه‌ و ماوه‌يه‌ك له‌ كوردستان و دواتر له‌ ئيسرائيل كاری كردوه‌، به‌ر له‌وه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ريكی له‌ واشينگتن و له‌ عيراقدا كار بكات. له‌ ٧/١/٢٠٠٨ دا‌ ڕاپۆرتێكی له‌ ڕێگه‌ی ئينستيتوتی ئينته‌رپرايزی ئه‌مه‌ريكی بڵاو كردۆته‌وه‌. ئه‌و ئينستيتيوته‌ بريتيه‌ له‌ ثينك تانكێكی بيركردنه‌وه‌ی گرنگی نێزيك ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ريكی. دياره‌ كه ڕووبين له‌ ڕاپۆرته‌كه‌يدا هه‌وڵی داوه‌ ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی له‌ خه‌ونی هاوپه‌يمانێتی كوردی هه‌ڵبستێنێ، و بيسه‌لمێنی كه‌وا ده‌سه‌لاتدارانی كورد ئه‌و شه‌ريكه‌ مسۆگه‌ره‌ نين كه‌ بۆ پياده‌كردنی پلانی ستراتيژی ئه‌مه‌ريكی‌ پشتيان بێ ببه‌سترێ، وه‌يان بۆ خاتری ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی ئه‌مه‌ريكی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و تورك بخرێته‌‌ مه‌ترسيه‌وه‌. نيشانی ده‌دات كه‌وا كورده‌كان تاجيری سياسين، و بۆ په‌يدا كردنی ده‌سه‌ڵات و پاره‌ ئاماده‌ی ياريده‌دانی ئێران و تيرۆری جيهانن. بۆيه‌ بايی ئه‌وه‌نده‌ جێگه‌ی باوه‌ڕ و متمانه‌ نين تا ئه‌مه‌ريكا وه‌ك شه‌ريكێك بۆ شه‌ڕی دژ به‌ ئێران و شه‌ڕی دژ به‌ تيرۆر ده‌ستيان له‌گه‌ل تێكه‌ڵ بكات. ده‌يه‌وێ ئيداره‌ی بوش ڕێگه‌ی دامه‌زرانی بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ كوردستان نه‌دات، نه‌وه‌كا ڕۆڵی بنكه‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كانی توركيا كه‌م كاته‌وه‌ و به‌ هۆيه‌وه‌ ئه‌مه‌ريكا تووشی داوی كورد ببێ و به‌ مه‌جبووری به‌رگری له‌ ڕژێمێكی بچوكی گه‌نده‌ڵ و ديكتاتۆری بكات.

شايانی باسه‌، كه‌ له‌دوای مايكل ڕووبين، (كه‌يت كڵاڕك) ی بی بی سی وتارێكی هاوشێوه‌ و ته‌واوكه‌ری له‌ ماڵپه‌ڕی ڕێكخراوه‌كه‌يدا له‌ ١٠/١/٢٠٠٨ دا بڵاو كرده‌وه‌. ئه‌وه‌ش بۆنی ناڕه‌زايی به‌ريتانی و ئه‌مه‌ريكی، و‌ بۆنی پيلانی كه‌مپه‌ينێكی لۆبی توركی دژ به‌ كوردی لێ دێت كه‌ دياره‌ له‌ ڕێگه‌ی لۆبی ئيسرائيليه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێ. واته‌ ئه‌گه‌ر ئيهمال بكرێ ڕه‌نگه‌ زه‌ره‌ری نه‌ك ته‌نيا بۆ سه‌ركرده‌كان به‌ڵكو بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌شی تێدا بێ.

وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕووبين و كڵاڕك

بۆ سه‌ركرده‌كانی كورد ئاسانه‌ كه‌ له‌ جێگه‌ی خۆيانه‌وه‌ هه‌ڵبكوتنه‌ سه‌ر شه‌خسی ڕووبين و كڵاڕك، و دوايی ڕاپۆرته‌كانيان بخه‌نه‌ پشت گوێ. ڕاسته‌ ڕووبين بۆ خزمه‌تی ئه‌جيندای دوژمنانه‌وه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی نوسيوه‌، نه‌ك بۆ خزمه‌تی كوردی. به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی كوردی ده‌توانن ئه‌وه‌ به‌ زه‌نگێكی به‌خه‌به‌ر هێنانه‌وه‌ بزانن و بۆ خزمه‌تی كوردی به‌كار بهێنن. زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری به‌ڵگه‌ و زانياريه‌كانی ڕووبين وورد و ڕاستن‌، بۆيه‌ش سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ڕاپۆرته‌ دوژمنانه‌كه‌ی ڕووبين و ڕه‌خنه‌ی دڵسۆزانه‌ی خه‌لكی كوردستان پشتگوێ بخه‌ن و له‌ ژێر په‌تووی ئينكاردا خۆيان بشارنه‌وه. ئه‌و ڕه‌خنه‌ و ناڕه‌زايی ده‌ربڕينانه‌ مه‌سه‌له‌ی كاتيی و ڕووكه‌شيی و سه‌رپێيی نين، به‌ڵكو زۆر له‌وه‌ قوڵتر و كاريگه‌رتر و درێژخايه‌نترن.

ڕووبين له‌ ئاستی چه‌قی ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی و ئاستی جيهانيدا گوێگر و پشتگيری هه‌يه‌. جارێ موئه‌سسه‌سه‌ی ئينته‌رپڕايزی ئه‌مه‌ريكی بريتيه‌ له‌ هه‌مان ئه‌و ثينك تانكه‌ی كه‌ ڕێڕه‌وی سياسه‌تی ئيداره‌ی سه‌رۆكی بوشی له‌ عيراق و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دياری كردوه‌. ڕاپۆرتی پێشتری ئه‌و ثينك تانكه‌ ‌بوو كه‌ وای كرد سه‌رۆك بوش، له‌ جياتی په‌يڕه‌وی كردنی ڕاپۆرتی به‌يكه‌ر- هاميڵتن و كێشانه‌وه‌ی له‌شكره‌كه‌ی له‌عيراقدا، ژماره‌ی له‌شكره‌كه‌ی و هه‌ڵمه‌تی سياسی و عه‌سكه‌ری له‌ وڵاته‌كه‌ زياد بكات. ئێستا چه‌ندين له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و ثينك تانكه‌ له‌ ناو ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكیدا و له‌ ئاستی بڕيارداندا كاربه‌ده‌ستن. ڕووبين خۆيشی له‌ ئۆفيسی دۆناڵد ڕامسفيلد ڕاوێژكار و كاربه‌ده‌ست بووه‌. ئيتر گرنگی ڕاپۆرته‌كه‌ و ئاستی لێزانی و متمانه‌ی ئه‌كاديمی خودی مايكل ڕووبينيش له‌وه‌ به‌رزتره‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد بێ به‌ڵگه‌ وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌، وه‌يان له‌ پشت گوێی بخه‌ن‌. جا سه‌ركرده‌كانی كورد بيانه‌وێ يان نه‌يانه‌وێ، ئه‌و دوو ڕاپۆرته‌ی ڕووبين و كڵاڕك،‌ هی تريان به‌ دوا دادێ و كاريگه‌ری بێ پايانیان له‌سه‌ر بيركردنه‌وه‌ و پلانی ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی دا ده‌بێ. وه‌ ڕه‌نگه‌ ببنه‌ ئيشاره‌تی‌ سه‌رتايی بۆ گۆڕانی نێگه‌تيڤانه‌ی سياسه‌ت و هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ريكی له‌ كوردستاندا. وه‌ له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا له‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵوێستی ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش دا ده‌رده‌كه‌وێ ئايا تا چی ڕاده‌يه‌ك ڕێڕه‌وه‌كه‌یان وه‌رچه‌رخاوه‌. به‌ چاودێری كردنی هاوكێشه‌ عيراقيه‌كان و گفتوگۆكانی به‌غدا، سه‌باره‌ت‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك و يه‌كلايی كردنه‌وه‌ی قانونی نه‌وت و كاره‌كانی تر به‌ده‌رد ده‌كه‌وێ.

سودی ڕاپۆرته‌كه‌ بۆ زلهێزه‌كان

بێ گومان وڵاتانی دراوسێ (به‌ تايبه‌تی توركيا) سوودمه‌ندن به‌ ده‌رچوونی ئه‌و راپۆرته‌. بێجگه‌ له‌وانه‌يش، وڵاتانی وه‌ك ڕوسيا و چين و ئه‌وروپاييه‌كانيش پێی خۆشحاڵن. خۆ ده‌مێكه‌ ئيداره‌ی به‌ريتانی هه‌وڵی داوه‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كان بهێننه‌وه‌ سه‌ر واقيع، و گرنگی زياتر به‌ مه‌ركه‌زی به‌غدا بده‌ن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن كه‌وا ده‌وڵه‌تی كوردی له‌و بۆشاييه‌دا سه‌ر هه‌ڵبدات. له‌ كۆنه‌وه‌ سياسه‌تی به‌ريتانی پڕۆعه‌ره‌به‌ و به‌ريتانيه‌كان به‌ زه‌ق بوونی ڕۆڵی كورده‌وه‌ ناڕه‌حه‌تن. ديپلۆماته‌ به‌ريتانيه‌كان توانيان له‌ ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ دا، له‌ كاتی گفتوگۆی داڕێژتنی ده‌ستووری عيراقدا،‌ ڕێگه‌ له‌وه‌ بگرن كه‌وا ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێستا سه‌ربه‌خۆتر ببێ. له‌ زستان و به‌هاری ساڵی ٢٠٠٧يشدا ديپلۆماتیان (به‌ پله‌ی كونسول) نارده‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی لۆبی بۆ دواخستنی ماده‌ی ١٤٠ بكات. هه‌ر ئه‌و ديپلۆماتانه‌يش ئێستا به‌ ڕاشكاوانه‌ و له‌ شوێنی گشتيدا باس له‌ په‌تای گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن و ده‌يكه‌نه‌ به‌ڵگه‌ كه‌وا هه‌رێم فه‌زلی له‌سه‌ر به‌غدا نيه‌. بۆيه‌ش، ڕاپۆرته‌كه‌ی كڵاركيش، هه‌روه‌ك هی ڕووبين، له‌ ئاستی بڕيارده‌رانی به‌ريتانيدا سه‌دای ده‌بێ.

ئه‌مه‌ريكيه‌كان بۆيان ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌وا سياسه‌تی كۆنيان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ بۆ ماوه‌ی په‌نجا ساڵ پشتی ديكتاتۆره‌كانی ناوچه‌كه‌يان گرتبوو و مافی مرۆڤيان پشتگوێ خستبوو، بووه‌ هۆی په‌يدا بوونی ديارده‌ی ئيرهاب و هه‌ڵسانی ڕق و كينه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌. ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش به‌ ئومێد بوون كه‌وا بتوانن له‌ شوێنێكی وه‌ك كوردستاندا بيسه‌لمێنن كه‌وا بيردۆز و فه‌لسه‌فه‌ی نيۆكۆنزێرڤه‌تيزم ڕاسته‌، وه‌ ده‌كرێ ديموكراسيه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا بچه‌سپێ، و به‌ هۆيه‌وه‌ شه‌ڕی دژ به‌ تيرۆر ببرێته‌وه‌. به‌ڵام له‌ دوای شازده‌ ساڵ حوكمی سه‌ربه‌خۆ، خه‌ڵكی كوردستان وا ده‌ناڵێنن، و ناڕازينه‌ له‌وه‌ی كه‌وا سه‌ره‌ڕای گه‌نده‌ڵيی و بێ به‌رنامه‌ييی و نه‌هجی ديكتاتۆريه‌ت له‌ كوردستاندا، ئه‌مه‌ريكا هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌ پشتگيری كردنی سه‌ركرده‌كانی كورد.

ڕووبين جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌وا كوردی عيراق خه‌باتيان بۆ ديموكراسيه‌ت كردوه‌ به‌ڵام سه‌ركرده‌كان تووشی خه‌يبه‌تی ئه‌مه‌ليان كردون و ئازادی بيروڕايان لێ سه‌ندوونه‌ته‌وه‌ و ڕێگه‌يان له‌ پێشكه‌وتنی وڵاته‌كه‌ گرتوه‌. هه‌ڵبه‌ت له‌وه‌ته‌ی نه‌وه‌ی ئێستا له‌بيريه‌تی، هه‌ر هه‌مان ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ئيمڕۆ‌‌ له‌ سه‌ر ده‌ففه‌ی حوكم بوونه‌ و له‌وه‌ ده‌چێ كه‌ هه‌تا چه‌ند نه‌وه‌يه‌كی تريش هه‌ر خۆيان له‌و ده‌ففه‌يه‌ بمێنن. كه‌چی له‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵوێستياندا ده‌رناكه‌وێ كه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ باوه‌ڕيان به‌ دووا ڕۆژه‌، وه‌ك بڵێی سبه‌ينه‌ دانايه‌ت و جارێكی تر فرسه‌تی حوكمڕانيان نايه‌ته‌وه‌ ده‌ست. له‌ ڕاپۆرته‌كه‌يدا ئيشاره‌تی كردوه‌ كه‌واهيچ سه‌ركرده‌يه‌كی كوردی هه‌وڵی ئه‌وه‌ی نه‌داوه‌ ببێته‌ (نێلسن ماندێلا) بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی وڵاتپه‌رستيدا هه‌تا هه‌تايه‌ بپه‌رسترێ. به‌ڵكو هه‌ر هه‌موويان له‌ سه‌ر شێوازی ياسر عه‌ره‌فاتيانه‌ ده‌يانه‌وێ هه‌تا مه‌رگ سه‌ركرده‌ی بڕيارده‌ر بن و له‌و نێوه‌شدا هه‌ر خه‌ريكی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌س و خێزانی خۆيان بن.

مايكل ڕووبين ده‌يه‌وێ ئه‌و ڕاستيانه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ ديارده‌ی تيرۆر، كه‌ وه‌ك نموونه‌ی فه‌له‌ستين و سعوديه‌ و پاكستان، ئه‌و ناڕه‌زاييه‌ی كوردستان ڕه‌نگه‌ ببنه‌ سووته‌مه‌نی ئيرهابی دژ به‌ زلهێز. دياره‌ كه‌ ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی‌ له‌وه‌ ده‌ترسێ كه‌وا ڕه‌وتی ئه‌نتی ئه‌مه‌ريكی له‌ كوردستانيش وه‌ك باقی عيراقی لێ بێت. واته‌، له‌ توركياوه‌ بگره‌ هه‌تا كه‌نداو و له‌ پاكستانه‌وه هه‌رتا ده‌ريای ناوه‌ڕاست، ڕه‌وته‌كه‌ يه‌كپارچه‌ دژ به‌ به‌رژه‌وه‌نديه‌ باڵاكانی ئه‌مه‌ريكا بێت.

ئايا سياسه‌تی ئه‌مه‌ريكا له‌ مه‌ڕ كورد چی گۆڕاوه‌‌

سه‌ره‌ڕای گۆڕانی ده‌وروبه‌ر و هه‌ڵسوكه‌وتی زلهێز و هێزه‌ ناوچه‌ييه‌كان، و سه‌ره‌ڕای بازدانی كورد بۆ سه‌ر شانۆی نێوده‌وڵه‌تی، له‌وه‌ ناچێ كه‌وا سياسه‌تی ئه‌مه‌ريكا به‌ شێوه‌يه‌كی گشتی چی گۆڕانكاريه‌كی ئه‌وتۆی له‌ به‌رامبه‌ر كورد دا به‌سه‌ر هاتبێ. ئه‌گه‌ر كورد به‌ خۆ نه‌كه‌وێ و فشارێكی شايان نه‌خاته‌ سه‌ر بيركه‌ره‌وه‌ و بڕيارده‌رانی ئيداره‌ و ئينستيتيوته‌كانی تری ئه‌مه‌ريكی، ئه‌وا ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی نيازی نيه‌ كه‌وا هانی پێشخستنی ڕه‌وتی كورد بدات، و له‌ ياريكه‌رێكی لاوه‌كيه‌وه‌ كورد بكاته‌ ياريكه‌رێكی سه‌ره‌كی، وه‌يان به‌غدا و ئه‌نكه‌ره‌ به‌ هه‌ولێر بگۆڕێته‌وه‌. سياسه‌تی ئه‌و شه‌ست ساڵه‌ی رابووردوی ئه‌مه‌ريكی هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌وا كورد كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌يه‌كی عيراقيه‌ و پێويسته‌ له‌ كاتی پێويست دا به‌كار بهێنرێت بۆ پێشخستنی سياسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی ئه‌مه‌ريكی. واته‌، ئه‌مه‌ريكا ئاماده‌ نه‌بووه‌ كه‌ به‌ نرخ و باجێكی زۆره‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ناوچه‌ييه‌كانی تری به‌ قوربانی كورد بكات، و له‌مه‌ودوا به‌ هاوپه‌يمانێكی ستراتيژی وای بزانێ كه‌ له‌ گشت ته‌نگانه و قه‌يرانێكدا (وه‌ك بۆ كوه‌يت و كه‌نداو ده‌يكات) پشتی بگرێ. هاوكاری كردنی ئه‌مه‌ريكی بۆ هێرشه‌ ئاسمانيه‌كانی توركیا، به‌ڵگه‌ بوو كه‌‌وا هاوپه‌يمانێتيه‌كه‌ی ئه‌مه‌ريكا و كورد هی زه‌روره‌ته‌ نه‌ك ستراتيژيه‌ت، وه‌ هێشتا ئه‌مه‌ريكا په‌يوه‌نديه‌ توركيه‌كان و عيراقيه‌كان و عه‌ره‌بيه‌كانی به‌ كورد ناگۆڕێته‌وه‌.

بێ گومان ئه‌و سياسه‌ته‌ ئه‌مه‌ريكيه‌ قابيلی گۆڕانه‌ به‌ڵام به‌ بێ كاری بێ وچان و شه‌ڕه‌ لۆبی چاره‌نوس ساز مه‌حاڵه‌ بگۆڕێ. ئه‌وه‌ی تا ئێستا سه‌ركرده‌كانی كورد كردويانه‌ و به‌و شێوازه‌ی كردويانه‌، نه‌بۆته‌ كه‌فيلێك بۆ گۆڕينی بيركردنه‌وه‌ی ئيداره‌ و مسۆگه‌ر كردنی وه‌لائی سه‌رتاسه‌ريی ئيداره‌. له‌ و سێ چوار ساڵه‌ی ڕابوردوودا، سه‌ركرده‌ كورده‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكيه‌كان به‌رده‌وام هاوده‌نگ بوون‌. له‌ به‌غدا، سه‌رۆك كۆمار و سياسه‌تمه‌داره‌ ناوداره‌كانی كورد زۆربه‌ی كاتيان به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌جينده‌ ئه‌مه‌ريكيه‌‌كان به‌سه‌ر ده‌برد، تا ئه‌و ڕاده‌يه‌ی كه‌وا شيعه‌كان و ئێرانيه‌كان حيسابی نوێنه‌رايه‌تی ئه‌مه‌ريكايان بۆ ده‌كردن. زۆر جار نهێنی عيراقيان لێ ده‌شاردنه‌وه‌‌ به‌و بيانگه‌ی كه‌ نايانه‌وێ " ئه‌مه‌ريكيه‌كان ته‌ره‌ف بن". به‌ڵام ئه‌و ڕاده‌ هاوكاريه‌ نه‌بووه‌ ئيلتيزامێكی ئه‌خلاقی، وه‌يان فشارێكی سياسی ئه‌وتۆ كه‌ وا له‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كان بكات كه‌ كورد به‌ هاوپه‌يمان بزانن. به‌ڵكو له‌ جياتيان به‌ دۆستی مسۆگه‌ریان داده‌نێن و له‌ زوير بوونيان ناترسن. ئێستا دياره‌ كه‌ سككه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ريكی و كوردی كه‌لێنی كه‌وتوه‌تێ، و له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا سه‌ركرده‌كانی كورد تووشی قه‌يرانێكی تر دێنێت. ئاساييه‌ بۆ ئه‌مه‌ريكيه‌كانيش كه‌ مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵيی سه‌ركرده‌كان و ئيداره‌ی كوردی بكه‌نه‌ دارده‌ستێك بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا تووشی سازشی مه‌زنيان بكه‌ن، و به‌ نرخێكی هه‌رزان كه‌ركوك و نه‌وت و سه‌ربه‌خۆيی هه‌رێميان لێ بستێننه‌وه، و هاوكات په‌يوه‌نديه‌ ئێرانيه‌كانيشيان لاواز بكه‌ن و به‌كاريان بهێنن بۆ شه‌ڕی ئێران‌. ئه‌و جۆره‌ موڕاوه‌غه‌يه‌ بووه‌ته‌ ياری پۆكه‌ر و چه‌ندين جار سياسه‌تمه‌دارانی عیراقی و ئه‌مه‌ريكی به‌كاريان هێناوه‌. هه‌رجاره‌ی كار دێته‌ سه‌ر گفتوگۆی چاره‌نوس ساز، داوای شه‌فافيه‌تی دارايی و داهاتی گومرگ و چۆنيه‌تی سه‌رف كردنی بودجه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن و ده‌يبه‌ستنه‌وه‌ به‌ بابه‌ته‌كانی تر. هه‌موو جارێكيش سه‌ركرده‌ كورده‌كان له‌وه‌دا پاشه‌كشه‌يان كردوه‌ و تووشی ئيحراج بوون هاتوون و مه‌وقيعی به‌هێزی گفتوگۆكانيان پێ لاواز بووه‌.

ئايا سه‌ركرده‌كانی كورد له‌مه‌ودوا چی بكه‌ن ؟

دۆزينه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ و ڕێگای ڕاست ئاسانه‌، به‌ڵام پێويستی به‌ نيه‌ت و ئيراده‌ و بڕياری سياسيه‌. پێويستی به‌ دووربينیه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تايبه‌ته‌كانی سه‌ركرده‌كان وگشتيه‌كانی ميلله‌ت به‌ به‌رنامه‌يه‌ك له‌ يه‌كتر گرێ بدرێن. خۆ سه‌ركه‌وتن و ئازاد بوونی هه‌رێم و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ژيانی خه‌ڵكی هه‌رێم خۆی له‌ خۆی دا سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ سه‌ركرده‌كان و ده‌بێته‌ مايه‌ی گه‌شه‌ كردنی نفوز و توانای سياسی و دارايی خودی ده‌سه‌لاتداران.

١- چاكسازی: يه‌كه‌م پله‌ی په‌يژه‌ی سه‌ركه‌وتن‌ له‌ حه‌وشی ماڵه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات. ئه‌گه‌ر هه‌رێم بێ بناغه‌ بێ و ناوماڵ شڕ و ووڕ ‌بێ، ئه‌وا توانی سه‌ركه‌وتن و خۆگريه‌تی كيانی كوردی كه‌م ده‌بێ. كه‌ ميلله‌ت ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و خۆشگوزه‌ران بێ، ئه‌وا خودی سه‌ركرده‌كان يه‌كه‌م سوودمه‌ند ده‌بن و كه‌سيش گله‌يی قه‌يرانه‌كانيان لێ ناكات. ده‌توانن به‌ متمانه‌ی ميلله‌تيان په‌نجه‌ له‌ ڕووی زلهێزی دونيا و هێزه‌ ناوچه‌ييه‌كان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ و ڕێگه‌‌ش له‌‌ ته‌ده‌خول و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیه‌ ده‌ره‌كيه‌كان بگرن. ئه‌گه‌ر ئه‌و متمانه‌يه‌ش په‌يدا نه‌بوو، ئه‌وا وڵات موعه‌ڕه‌ز ده‌بێ و دوژمنه‌كانيش ئيستيغلالی ده‌كه‌ن بۆ ته‌پاندنی ڕژێمی كوردی. نموونه‌ی ڕوخانی ڕژێمی بێ بناغه‌ زۆرن، نزيكترينيان هی ڕژێمی سه‌ددام و شای ئێران و ڕۆمانيا و سۆڤيه‌ت و ده‌يانی ترن. له‌ وتاری پێشوومدا (هاوڵاتی ٦/١/٢٠٠٨ لاپه‌ڕه‌ ١٢) درێژه‌ی ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی چاكسازيم تاوتوێ كرد. له‌وێدا، باسم له‌ گرنگی به‌يه‌كه‌وه‌ دانيشتنی چه‌قه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و يه‌كێتی كرد، وه‌ گرنگی بڕياری سياسی ده‌سه‌ڵاتداران و داڕێژتنی ميكانيزمی پياده‌ كردنی بڕياره‌كانم باس كرد.

٢- ده‌وڵه‌تسازی: به‌ بێی قه‌ڵاچۆ كردنی په‌تای گه‌نده‌ڵيی، مه‌حاڵه‌ پڕۆسه‌ی ده‌وڵه‌تسازی ده‌ست پێ بكات. به‌ڵام بڕبڕه‌ی پشتی ده‌وڵه‌ت و كليلی سه‌ركه‌وتن و دڵنيايی ميلله‌ت له‌ ته‌به‌ننا كردن و په‌يڕه‌وی كردنی ده‌ستوورێكی ديموكراسی تۆكمه‌ په‌يدا ده‌بێ. پێويسته‌ قانون سه‌روه‌ر بێ و دادگای هه‌رێم سه‌ربه‌خۆ بێ و خودی چه‌قی ده‌سه‌ڵات ملكه‌چی قانون بێ. ده‌بێ ميكانيزمی له‌باريش بۆ مسۆگه‌ر كردنی ئه‌و پڕۆسه‌يه‌ دابين بكرێ‌ (درێژه‌كه‌ی له‌ وتاری پێشووم له‌ هاوڵاتی ٦/١/٢٠٠٨ دايه‌).

۳- هه‌ڵمه‌تی لۆبی ده‌ره‌كی: پێويسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی هه‌رێم و نوێنه‌رانی كوردی به‌غدا و نوێنه‌رانی حكومه‌تی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ده‌ست به‌ كه‌مپه‌ينێكی لۆبی نێوده‌وڵه‌تی مونه‌سسه‌ق بكه‌ن كه‌ ئاستی كاريگه‌ريه‌تی و به‌رده‌واميه‌ته‌كه‌ی بگاته‌ هی وڵاتانی دراوسێ. به‌ هۆی ئه‌زموونی كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌نده‌ران و ئيمكانيه‌تی دارايی حكومه‌ت و حيزبه‌ كورديه‌كان، ده‌كرێ ئه‌وه كه‌مپه‌ينه‌ زۆر سه‌ركه‌وتوو بێ. كورد ده‌توانێ پايه‌ی به‌رزی ئه‌خلاقی له‌ خه‌ڵكانی وه‌ك ڕووبين و له‌ لۆبيكه‌رانی ئيسرائيلی و توركی و عه‌ره‌بی بستێنێته‌وه. هه‌ريه‌ك له‌وانه‌ ماڵی له‌ شووشه‌ دروست كراوه‌ و توانای ئه‌وه‌ی نيه‌ له‌ هه‌موو شانۆيه‌كی ده‌‌وليه‌وه‌ ده‌رسی ئه‌خلاق به‌ كورد بڵێته‌وه‌. ده‌بێ سه‌ركرده‌ كورده‌كان به‌ كرده‌وه‌ بيسه‌لمێنن كه‌وا له‌ ڕاستيه‌كان و له‌ ڕه‌خنه‌ی دروستكه‌ر ڕاناكه‌ن، و دان به‌ گرفته‌كان دا ده‌نێن. هاوكات هه‌نگاوی چاكسازی و ده‌وڵه‌ت سازی وا بهاوێن تا نيشانی ده‌ن كه‌ سوڕن له‌سه‌ر ڕاست كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان، و دامه‌زراندنی ديموكراسيه‌ت. ئيتر هه‌ر به‌وانه‌ش ده‌توانن به‌ره‌نگاری لۆبيكه‌ری دوژمن ببنه‌وه‌ و به‌رژ‌ه‌وه‌ندی درێژخايه‌نی هه‌موو لايه‌ك بپارێزن‌.

شايانی باسه‌ كه‌وا خه‌ڵك و ڕۆشنبيرانی كوردستان به‌ قه‌ده‌ر سه‌ركرده‌‌كانيان به‌ ڕاپۆرتی مايكل ڕووبين و كه‌يت كڵارك بريندار و خه‌مگين بوونه‌. هاوكات ئه‌وانه‌ له‌ ناخدا بڕوايان به‌ واقيعيه‌تی ڕاپۆرته‌كه‌ هه‌يه‌ و ئومێده‌وارن كه‌وا سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ جيددی وه‌ری بگرن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌ركی وه‌ڵامدانه‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆی خه‌ڵك و ڕۆشنبيران دا نيه‌، به‌ڵام له‌ تواناياندايه‌ كه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵمه‌تی چاكسازی و ده‌وڵه‌تسازی و لۆبی ده‌ره‌كيدا بكه‌ن.

له‌ كۆنه‌وه‌، ڕۆشنبيران ڕۆڵی گرنگيان له‌ لۆبی كردن بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان ديوه‌، و حيزبه‌كانيش سووديان لێ بينيوه‌. به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم هاتۆته‌ كايه‌وه‌ ڕۆڵی خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی حيزبه‌كان له‌ پڕۆسه‌ی لۆبيدا كز بووه‌ يان نه‌ماوه‌. هۆی ئه‌وه‌يش هه‌مه‌ لايه‌نه‌. له‌ لايه‌كه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌‌وه‌ بۆ هۆی ناڕه‌زايی خه‌ڵك له‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان و په‌يدا بوونی ئه‌زمه‌ی متمانه‌ له‌ نێوان سه‌ركرده‌كان و كۆمه‌ڵگای كورده‌واری. له‌ لايه‌كی تريشه‌وه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌مته‌رخه‌می نامه‌سئولانه‌ی هه‌ندێك له‌ نوێنه‌ره‌كانی دوو حيزبه‌كه‌ و حكومه‌تی هه‌رێم. ئه‌وانه‌‌ له‌ چه‌ند‌ وڵاتێكی گرنگدا، كۆمه‌ڵگای كورده‌واريان به‌ گشتی ئيهمال كردوه‌ و به‌شداريان له‌ پڕۆسه‌‌ی لۆبيكردن‌ پێ نه‌كردوون. ڕۆشنبيرانی ده‌ره‌وه‌ هه‌رده‌م بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌ كوڵاون و به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ چاودێری ڕووداوه‌كانن و ئاماده‌ی هاوكاری حكومه‌تن، به‌ڵام چاوه‌ڕێی ده‌ستپێشكه‌ری نوێنه‌رانی حكومه‌ت و به‌ڵگه‌ی وڵاتپه‌رستی سه‌ركرده‌كانن. ئه‌ركی سه‌رشانی حكومه‌تی كوردستانه‌ كه‌وا ئالقه‌ی لۆبيكردنی فه‌رمی و نافه‌رمی له‌ هه‌نده‌ران لێك ببه‌ستێته‌وه‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی كوردی بيانخاته‌ گه‌ڕ‌.

دوا ووشه‌

ده‌بێ سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ بڕيار و كرداری جيددی وده‌ست پێ كردنی پڕۆسه‌ی چاكسازی و ده‌وڵه‌تسازی و به‌ گيانی ميلله‌تپه‌رستانه‌ وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌‌كان‌ بده‌نه‌وه‌. به‌ هۆی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی قانون به‌ره‌نگاری لۆبی و مه‌ترسيه‌ ده‌ره‌كيه‌كان ببنه‌وه‌ و به‌ هۆيانه‌وه‌ ئيراده‌ی خۆيان له‌سه‌ر خودی ئه‌مه‌ريكاش فه‌ڕز بكه‌ن. مه‌ترسی مه‌زن له‌وه‌ دايه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كان ئه‌و زه‌نگانه‌ بخه‌نه‌ پشت گوێ و به‌ هۆيه‌وه‌ جله‌وی ڕووداوه‌كانيان له‌ ده‌ست ده‌ربچێ، و له‌ ئه‌نجامدا له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا له‌ كورد بقه‌ومێ. خۆ له‌وانه‌يه‌ خودی ميلله‌تی كورد په‌نا بباته‌ به‌ر هێزی ده‌ره‌كی و داوای يارمه‌تی بكات بۆ ڕزگار كردنی وڵات له‌ په‌تای گه‌نده‌ڵيی و له‌ چه‌نگی ده‌سه‌لاتدارانی بێ چاره‌. ده‌بێ سه‌ركرده‌كان بيسه‌لمێنن كه‌وا بڕوايان به‌ خۆيان و قه‌زيه‌كه‌يان و ميلله‌ته‌كه‌يانه‌ و هه‌ر خۆيشيان شايانی ئه‌وه‌‌ن خه‌ڵكی كوردستان له‌دوايانه‌وه‌ بێ. ته‌نيا ڕێگه له‌به‌رده‌م سه‌ركرده‌كان ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا ناوماڵيان ته‌رتيب بكه‌ن و به‌ زامين كردنی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵايه‌تی خه‌لكی كوردستان ڕازی بكه‌ن و به‌ سيقه‌ی ميلله‌تيانه‌و‌ه‌ به‌ره‌نگاری قه‌يرانه‌كان ببنه‌وه‌. خه‌لكی كوردستان پشوویان درێژه‌ و ئه‌گه‌ر بڕوا به‌ نيه‌تی سه‌ركرده‌كانیان بهێنن، ئه‌وا سه‌بريان لێ ده‌گرن و فرسه‌تی چاكسازی درێژخايه‌نيشيان پێ ده‌ده‌ن.

Sunday, 6 January 2008

كوردستان به‌ عه‌مه‌ل نه‌ك ئه‌مه‌ل ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌ت

كوردستان به‌ عه‌مه‌ل، نه‌ك ئه‌مه‌ل، ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌ت
چاكسازی و وڵاتسازی چاوه‌ڕێی بڕياری بوێرانه‌ی سه‌ركرده‌كانه‌



پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين هاوڵاتی ٦/١/٢٠٠٨


له‌ خه‌ون دا بێ يان‌ واقيع، هاوڵاتی كورد هه‌رده‌م ده‌پرسێ ئايا كوردستان ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌ت؟ ئه‌گه‌ر زه‌مينه‌ی ده‌وروبه‌ر و ناوماڵی كورد و سياسه‌تی حيزبه‌كان و ڕه‌فتاری سه‌ركرده‌كان ڕه‌چاو بكه‌ی بكه‌ی، وه‌ڵامه‌كه‌ حه‌تمه‌ن نه‌خێره‌. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌ قابيلی گۆڕانن. ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كان مه‌به‌ستيان بێ، ده‌توانن به‌ بڕياری بوێرانه‌ و هه‌ڵوێستی سه‌ركردانه‌، زه‌مينه‌‌ بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی خۆش بكه‌ن.

به‌فيڕۆدانی فرسه‌ت

به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی ١۹۹٢ كوردی باشوور يه‌كه‌م به‌ردی بناغه‌ی ده‌وڵه‌تسازی دامه‌زراند، و ئه‌گه‌ر براكوژی ١۹۹٤-١۹۹٨ و له‌ت بوونی ئيداره نه‌بوايه‌، بناغه‌كه‌ تا ڕۆژی ڕوخانی سه‌ددام پته‌وتريش ده‌بوو. سێ ساڵ له‌ دوای ڕوخانی سه‌ددام، و به‌ هۆی فشاره‌كانی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی، پڕۆسه‌ی يه‌ك گرتنه‌وه‌ی ئيداره‌ی كوردستان ده‌ستی پێ كرده‌وه‌، و هيوای كوردی تازه‌ كرده‌وه‌. باری شله‌ژاوی به‌غدا و پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عيراقی و سياسه‌تی نوێی ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی و داسه‌پانی فيدراليزمی نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆی هه‌رێم له‌ ده‌ستووری عيراقی دا، ديسانه‌وه‌ كوردی له‌ ده‌وڵه‌تسازی نزيك كرده‌وه‌. خۆ به‌رپا بوونی شه‌ڕی براكوژی عه‌ره‌ب و هه‌ڵته‌كانی بنه‌ما سياسی و ئابووری و كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كانيان، فرسه‌تی زێڕين بوون‌. ده‌بوايه‌ كوردستان بكرێته‌ ده‌روازه‌ سه‌ره‌كيه‌كه‌ی ئابووری عيراق، و به‌ هۆيه‌وه‌ ژێرخان و سه‌رخانی هه‌رێم دابمه‌زرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌قه‌وما، و عيراقيش خه‌ريكه‌ دێته‌وه‌ سه‌ر ڕوشدی خۆی و پێويستی به‌ كوردستان نامێنێ.

فاكته‌ری ده‌ره‌كی و ناوه‌كی

ئه‌مه‌ريكا له‌سه‌ره‌تاوه‌، بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌نديه‌ ستراتيژيه‌كانی، ته‌ئكيدی له‌ سه‌ر پاراستنی يه‌كێتی خاكی عيراق كردوه‌‌، ئاماده‌ش نابێ‌ به‌رژه‌وه‌ندیه سه‌ره‌كی و درێژخايه‌نه‌كانی بكاته‌‌ قوربانی خه‌ونی كورده‌ "هاوپه‌يمانه‌كانی". بۆيه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی كورد چاوه‌ڕێن زروفی سياسی نێوده‌وڵه‌تی و ستراتيژيه‌تی ئه‌مه‌ريكی فرسه‌تی به‌ده‌وڵه‌ت بوون به‌و زوانه‌ بۆ كورد بخوڵقێنێ‌، ئه‌وا بيركردنه‌وه‌يان له‌ واقيع دووره‌. هيچ كام له‌‌ ئه‌مه‌ريكا و يه‌كێتی ئه‌وروپا و ڕوسيا و چين و وڵاتانی تر ئاماده نين له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا ده‌ست له‌ نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بده‌ن و باجی پارچه‌ كردنی عيراق ته‌حه‌مول بكه‌ن. وڵاته‌ دراوسێكانی كورديش به‌و ڕاده‌يه‌ لاواز نه‌بوونه‌ هه‌تاوه‌كو ڕێگه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی كوردی بده‌ن. دياره‌، له‌ مه‌ودای نزيكدا، فاكته‌ری ده‌ره‌كی ڕێگه‌ به‌ كورد نادا ببێته‌ ده‌وڵه‌ت.

له‌ مه‌ودای دووردا‌، چانسی ڕه‌خسانی بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی هه‌رده‌م له‌ هاتوچۆ دا ده‌بێ، وه‌ ئه‌گه‌ر كورد ئاماده‌بێ ده‌توانێ بيانقۆزێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و فاكته‌ره‌ ده‌ره‌كيانه‌ قه‌ت‌ به‌شی ئه‌وه‌ ناكه‌ن كه‌وا كورد به‌ هۆيانه‌وه‌‌ باز به‌ سه‌ر خه‌نده‌قه‌ ڕێگره‌كاندا بدات، مه‌گه‌ر به‌ موعجيزه‌. له‌ جياتی چاوه‌ڕێكردنی موعجيزه‌، كورد پێويستی به‌ ئاماده‌باشی ناوه‌كی و به‌هێز كردنی فاكته‌ری زاتی و به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی توانای سه‌ربه‌خۆ بوونی گه‌ره‌كه، تا پڕ بداته‌ يه‌كه‌م فرسه‌تی ئاينده‌‌. واته‌، ئه‌گه‌ر كورد خۆی شت نه‌بی كه‌س نايكاته‌ شت. به‌ داخه‌وه‌، هه‌تا ئيمڕۆش، چه‌ندين سه‌ركرده‌ی سياسی تێگه‌يشتوو هه‌ن، كه‌ له‌ ڕه‌فتاردا وه‌ك تابيعی زلهێز وان و له‌جياتی زلهێز بير ده‌كه‌نه‌وه‌، و واده‌زانن ئه‌گه‌ر دۆستايه‌تی كورد بۆ ئه‌مه‌ريكا به‌ مه‌رج بێ، ئه‌وا خۆيان و حيزبه‌كانيان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن. يان ئه‌گه‌ر كورد ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌مه‌ريكا بگرێ و فشاری بخاته‌ سه‌ر و جارجار لێی زوير ببێ، ئه‌وا بۆ كورد خراپه‌. ئه‌و جۆره‌ بيركردنه‌وه‌يه‌‌ نه‌ك ته‌نيا هه‌ڵه‌ و زه‌ره‌رمه‌نده‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ريكيه‌كانيش چاوه‌ڕێی ئه‌و ڕاده‌‌ ته‌به‌عيه‌ته‌ له‌ هاوپه‌يمانه‌كانيان ناكه‌ن و بگره‌ ڕێزيشی لێ ناگرن. ‌بۆيه‌ بۆ كورد ناشێ كه‌ له‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كان ئه‌مه‌ريكيتر بێ.

پرسيار و وه‌ڵام

بۆ دامه‌زرانی بنه‌مای ده‌وڵه‌ت، كوردستان پێويستی به‌ دامه‌زرانی ژێرخان و سه‌رخان، و په‌يدا كردنی متمانه‌ی ميلله‌ته‌كه‌يه‌تی. پرسياره‌ گرنگه‌كان لێره‌دا ئه‌وانه‌ن:
ئايا ماڵی كورد خه‌ريكه‌ بايی ئه‌وه‌نده‌ ته‌رتيب ببێ كه‌وا له‌ مه‌ودای دووردا بتوانێ توانای خۆبه‌ده‌وڵه‌ت كردن په‌يدا بكات؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی: نه‌خێر.
ئايا سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌ستيان به‌‌ پڕۆسه‌‌ی ته‌رتيبی ماڵ كردوه‌ هه‌تا به‌و ئاواته‌ بگه‌ن؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی نه‌خێر، ئه‌وه‌ی كراوه‌ بريتی بووه‌ له‌ به‌رێوه‌ بردنی ماڵ‌ (ته‌سريفی ئه‌عمال‌).
ئايا بڕيارێكی پێكه‌وه‌يی گشت ده‌سه‌ڵاتداران سه‌ری هه‌ڵداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌كه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی نه‌خێر، هه‌تا ئيمڕۆ سه‌رچاوه‌ی بڕيار له‌ هه‌رێمدا هه‌مه‌ چه‌قه‌ و خه‌ريكی ململانێی به‌رژه‌وه‌ندی و نفوزه‌.
دياره‌ جێگه‌ی سه‌ر سوڕمان نيه‌ كه‌وا له‌و شازده‌ ساڵ و نيوه‌ی ڕابوردوودا، له‌ جياتی هه‌نگاونان به‌ره‌و پێشه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی هه‌نگاويان هه‌ر به‌ره‌و دواوه‌ بووه‌ و فرسه‌تی مێژووييان له‌ ده‌ست داوه‌. ئه‌و بڕه‌ پێشكه‌وتنه‌يش كه‌ شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن، زياتر به‌رهه‌می هه‌ڵه‌كانی سه‌ددام وئێران و توركيا و عه‌ره‌بی توندڕه‌وی سوننه‌ و شيعه‌‌يه‌، و به‌رهه‌می يه‌ك گرتنه‌وه‌ی سياسه‌تی ئه‌مه‌ريكی و ڕێڕه‌وی بزوتنه‌وه‌ی كورديه‌.

بودجه‌ و به‌ فيڕۆدانی سامان

له‌ ساڵی ٢٠٠٧دا، بودجه‌ی عيراق نزيكه‌ی ۳٤ مليار (بليۆن) دۆلار بوو، و به‌شی هه‌رێمی كوردستانيش له‌وه‌دا له‌ پێنج مليار و نيو تێپه‌ڕيبوو، ئه‌وه‌ش بێجگه‌ له‌ داهاتی گومرگ و باجی هه‌رێم كه‌ به‌هاكه‌یان ئاشكرا نه‌كراوه‌. ڕه‌نگه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌ ساڵی پاردا خۆی له‌ شه‌ش تا حه‌فت مليار دۆلار دابێ. بودجه‌ی ساڵی ٢٠٠٦يش پێنج مليۆن و هه‌شت سه‌د هه‌زار دۆلار بوو. پێشبينيه‌ عيراقيه‌كان وای ده‌گه‌يه‌نن كه‌وا بودجه‌ی عيراق بۆ ساڵی ٢٠٠٨ به‌ لانی كه‌مه‌وه‌ ده‌گاته‌ په‌نجا مليار دۆلار. (به‌يان جه‌بر)ی وه‌زيری دارايی عيراق باس له‌ بودجه‌ی ٤٢ مليار دۆلاری كردوه‌ به‌و حيسابه‌ی كه‌ به‌رميلی نه‌وت به‌ په‌نجا دۆلار بفرۆشرێت، له‌ كاتێكدا له‌ بازاڕدا خۆی له‌ سه‌د دۆلار داوه‌. ئه‌وه‌ش جگه‌ له‌ داهاتی باج و گومرگ. بۆيه‌ش، داهاتی هه‌رێم بۆ ساڵی ٢٠٠٨ خۆی به‌ لانی كه‌مه‌وه‌ له‌ هه‌شت مليار و نيو دۆلار (له‌ بودجه‌ی ئوردون زياتر) ده‌دات.

حكومه‌تی هه‌رێم به‌شه‌ بودجه‌ی عيراقی له‌ دره‌نگی هاوينی پارساڵدا پێ گه‌يشت. هه‌روه‌ك عاده‌تی دوو ئيداره‌يی، به‌ به‌بێ ده‌نگی و بێ شه‌فافيه‌ت، پارتی و يه‌كێتی بودجه‌كه‌يان دابه‌ش كرد و له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ولاوه‌، ئه‌و پاره‌يان له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ سه‌رف نه‌كرد. به‌وه‌، ته‌واوی پڕۆژه‌ حكومه‌تيه‌كان وه‌ستێنران و كوردستان تووشی نيمچه‌ شه‌له‌لێك هێنرا. به‌ گوێره‌ی قسه‌ی هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌كان، ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی و يه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێكه‌وتون كه‌وا بودجه‌ی ٢٠٠٨يش به‌ هه‌مان شێوه‌‌ی پاره‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌وه‌يش پڕ مه‌ترسیه‌،‌ چونكه‌ به‌ فيڕۆدانی هه‌ر دانه‌ دۆلارێك دامه‌زرانی بنه‌مای ده‌وڵه‌ت بۆ چركه‌يه‌كی تر دوا ده‌خات. دامه‌زراندنی بناغه‌ی ده‌وڵه‌ت و دابين كردنی مافه‌ بنه‌ڕه‌تيه‌كانی مرۆڤی كورد، و به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی پڕۆفێشنالی كاديری پيشه‌يی، پێويستی به‌ هه‌موو ئيمكانياتێك هه‌يه‌ كه‌ هه‌رچی زووتر سه‌رف كرێ ماڵی كورد خێراتر ته‌رتيب ده‌بێ. هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان پێويستیان به‌ بودجه‌ی سه‌خی هه‌يه‌ بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ی سيسته‌م و به‌گه‌ڕ خستنی پلانه‌ ستراتيژيه‌كان. بێ گومان بودجه‌ی هه‌رێم به‌شی دروستكردنی ژێرخانی وڵات ناكات، به‌ڵام به‌شی پته‌وكردنی ئيداره‌ و كۆنتڕۆڵكردنی گه‌نده‌ڵيی، و ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ بچوكه‌كان و هاندانی ستراتيژيه‌كان ده‌كات. به‌وانه‌ش، پاره‌دارانی دونيا متمانه‌ په‌يدا ده‌كه‌ن و به‌ خۆيان و ئه‌زمون و سه‌رمايه‌ له‌بن نه‌هاتوه‌كانيان ڕوو له‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن.

مه‌سره‌فی هه‌رێم و نه‌زيفی دارايی

نه‌زيفی مووچه‌خۆری سێبه‌ر: سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم وايان له‌ خه‌ڵك گه‌ياندوه‌ كه‌وا سه‌دی حه‌فتاو پێنجی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران سه‌رف ده‌كرێ. به‌ڵام پێ ناچی ئه‌و كۆنه‌ ئاماره‌ بۆ ئێستا ڕاست بێ، وه ديار نيه‌ كه‌ ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ له‌ كوێن. به‌ بێی ئاشكرا كردنی حيساباتی هه‌رێم و به‌ڵگه‌ی بڕوا پێكراو، ئه‌و سه‌رگوزه‌شته‌يه‌ چيتر جێگه‌ی متمانه‌ نيه‌. له‌ ساڵی ٢٠٠٦دا، به‌ر له‌ يه‌ك گرتنه‌وه‌ی دوو ئيداره‌ی هه‌رێم، هه‌ريه‌كه‌ له‌ پارتی و يه‌كێتی به‌ په‌له‌ و به‌بێ هه‌ق و حيساب خه‌لكێكی زۆريان په‌ستيه‌ ناو دائيره‌كان و به‌ مووچه‌خۆر دايانمه‌زراندن و ئافه‌تێكی ئابووری مه‌زنيان بۆ كوردستان هێنايه‌ كايه‌وه‌. بازاڕی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵی و پيشه‌سازی و سيسته‌می خزمه‌تگوزاریان له‌بن ده‌رهێنا.

نه‌زيفی حيزبی مشه‌خۆر و دۆشينی حكومه‌ت: هه‌ريه‌كه‌ له‌ پارتی و يه‌كێتی‌ زياتر له‌ په‌نجا لق و مه‌ڵبه‌ند و بنكه‌ی ڕێكخراوه‌يی مه‌ده‌نیان هه‌يه‌، كه‌ هه‌ريه‌ك له‌وانه‌ له‌ مليۆنێكه‌وه‌ هه‌تا ده‌ مليۆن دۆلار مه‌سره‌فی مانگانه‌يه‌تی. ئه‌وه‌ش بێجگه‌ له‌ مووچه‌ی حيزبه‌ بچوكه‌كانيش، كه‌ به‌های ساڵانه‌ی ديسانه‌وه‌ به‌ ده‌يان مليۆنه‌. واته‌ ساڵانه‌‌ زياتر له‌ مليارێك دۆلار له هه‌يكه‌لی حيزبی و ڕازی كردنی لايه‌نگير و مه‌سه‌له‌ی وه‌لائكڕين و فرۆشتن سه‌رف ده‌كه‌ن. ئه‌و پاره‌يه‌، وه‌ك مووچه‌ی مووچه‌خۆری مشه‌خۆر، هيچ بۆشاييه‌كی ئابوری ئه‌وتۆ پڕ ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ جياتيان نه‌زيفێكی به‌رده‌وامه‌ له‌ شاخوێنبه‌ری هه‌رێم. بێجگه‌ له‌وانه‌، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌يه‌ كه‌وا كۆمپانيای حيزبی (وه‌يان تايبه‌ت به‌ سه‌ركرده‌كان) هه‌ن كه‌وا به‌ بودجه‌ی هه‌رێم پشت ئه‌ستوورن و له‌ كاتی مه‌زادی ته‌نده‌ر وه‌يان له‌ ته‌نگانه‌دا، پاره‌ به‌ بێ حيساب و به‌ بێ منه‌تی له‌ خه‌زێنه‌ی هه‌رێم ده‌رده‌هێنن.

نه‌زيفی كشتوكاڵ: سياسه‌تی ئيهمال كردنی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵ هه‌رێمی كردۆته‌ بنده‌سته‌ی ده‌وڵه‌ته‌ درواسێكان. كوردستان خاكی به‌ پيته‌ و توانای به‌رهه‌مهێنانی پێداويستی خۆی له‌ سه‌وزه‌ و ميوه‌ و دانه‌وێڵه‌‌ هه‌يه. كه‌ چی به‌ هۆی مووچه‌ی بێ به‌رامبه‌ر، ته‌واوی جوتيار و خاوه‌ن زه‌ويه‌كان ئيمڕۆ وازيان له‌ به‌رهه‌مهێنان هێناوه‌. هاوكات سه‌وزه‌ و ميوه‌ و دانه‌وێڵه‌ی هه‌رێم، به‌ قيمه‌تی زياتر له‌ مليارێك دۆلار له‌ وڵاته‌ دراوسێكانه‌وه‌ به‌ نرخی هه‌رزان ده‌هێنرێنه‌ كوردستان، حكومه‌تیش پاره‌ی هاندانی كشتوكالی ده‌داته‌ بازرگانه‌كان، كه‌ به‌ خستنه‌به‌ری ده‌كاته‌ هاندانی كشتوكاڵی وڵاته‌ بێگانه‌كان. ئێستا خستنه‌ بازاری به‌رهه‌می خۆماڵيی له‌ هی هاورده‌كان‌ زۆر گرانتر د‌ه‌وه‌ستێ. به‌وه‌، خه‌ريكه‌ ئه‌زموونی پيشه‌سازی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵيی، و پلانی ووروژاندنه‌وه‌ی ئابوری و ژيانی لادێ، و گه‌شه‌ پێدانی ژێرخانی لادێ، و كه‌م كردنه‌وه‌ی قورسايی له‌سه‌ر شاره‌كان ده‌بنه‌ قوربانی ئه‌و ئه‌و نه‌زيفه‌ داراييه‌ی هه‌رێم.

گه‌نده‌ڵيی و فه‌شه‌لی ئيستيسماری ده‌ره‌كی

سه‌ره‌ڕای په‌يدابوونی پاره‌ و فرسه‌تی بيزنيس و ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی حيزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی له‌ناكاوی ژماره‌يه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵكانی ده‌وروپشتی ده‌سه‌لات، هێشتا جێ په‌نجه‌ی كه‌رتی تايبه‌تی كوردی ديار نيه‌. كۆمپانيا خۆماڵيه‌كان ئيمكانياتی دارايی ئه‌وه‌يان هه‌يه‌ كه‌وا پڕۆژه‌ی مه‌زنی وه‌ك كاره‌با و ژێرخانی ڕێگاوبان ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام تا ئێستا پڕۆژه‌ی مه‌زنيان به‌ سه‌ركه‌وتوويی ئه‌نجام نه‌داوه‌، ئه‌وانی تريشيان به‌ دره‌نگی و به‌ كه‌موكوڕيه‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌. له‌ جياتی به‌كارهێنانی شێوازی ئابووری مۆدێرن، ئه‌وانه‌ ئيداره‌ی ته‌نده‌ر و پڕۆژه‌كانيان به‌ عه‌قليه‌تی گومرگبازی ئه‌نجام ده‌ده‌ن. چاويان له‌ قازانجی خێرا‌ و ده‌ستكه‌وتنی كۆميشنه‌، و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ مشه‌خۆری ببنه‌ شه‌ريكی كۆمپانيا ده‌ره‌كيه‌كان، كه‌ ئه‌وه‌يش له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ مه‌رفوزه‌ له‌ لايه‌ن كۆمپانيا زله‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كانه‌وه‌.

تا ئێستا حكومه‌تی كوردستانيش پاره‌يه‌كی ئه‌وتۆی له‌ ڕێگاوبان و بازرگانی و كشتوكاڵ و سه‌روه‌تی ئاژه‌ڵيی و بواری خزمه‌تگوزاری و سيسته‌می پۆسته‌ و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ سه‌رف نه‌كردوه‌. له‌سه‌ر كاغه‌ز، پلان زۆره‌ و پڕۆژه‌‌ی جيا جيا تاوتوێ كراو‌ه‌، به‌ڵام هه‌مووی چاوه‌ڕێی پاره‌ی كه‌رتی تايبه‌ت و بانكی ده‌ولی و ته‌به‌روعی وڵاته‌ ئابووريه‌ پاره‌ده‌ره‌كانه. دياره‌ كه‌ ئه‌و بڕه‌ داهاته‌ی له‌ كوردستاندايه‌، به‌شی دروست كردنی ژێرخان و سه‌رخان ناكات، بۆيه‌ پێويستی به‌ ڕاكێشانی سه‌دان ملياری پاره‌ی ده‌ره‌كی و ئه‌زموونی بيناكردن و پسپۆڕانی جيهانیه‌. له‌ دوبه‌ی، ته‌نيا له‌ يه‌ك ساڵی پاردا، زياتر له‌ دووسه‌دو په‌نجا مليار دۆلاری بێگانه به‌ نوێيی ڕوویان له‌ شاره‌ كرد. واته‌ له‌ ده‌ ساڵی ڕابوردوودا، به‌ هه‌زاران مليار دۆلار چۆته‌ ناو ژێرخان و سه‌رخانی دوبه‌ی، له‌ كاتێكدا به‌ هه‌موو داهاتی نه‌وت و تيجاره‌تی ناوه‌كيانه‌وه‌ يه‌ك له‌ سه‌دی ئه‌و پاره‌يان نه‌بووه‌ سه‌رفی بكه‌ن. ئيمڕۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر هێزێكی ده‌ره‌كی بيه‌وێ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايشی دوبه‌ی بكات، ته‌واوی وڵاتانی جيهان ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر پێ بۆ پاراستن و فرياكه‌وتنی بيزنيسی وڵاته‌كه‌. ئايا سه‌ركرده‌كانی كورد به‌و ئاواته‌ن كه‌ به‌ دوو ڕێوشوونی دوبه‌ی بكه‌ون؟ هه‌ڵبه‌ت به‌ قسه‌ ئا به‌ڵێ، به‌ڵام به‌ عه‌مه‌ل هێشتا هه‌نگاوه‌كانيان به‌ره‌و دواوه‌يه‌.

هه‌نگاوی يه‌كه‌م به‌ره‌و پێشه‌وه‌، بريتيه‌ له‌ مسۆگه‌ر كردنی متمانه‌ی كۆمپانيا نێوده‌وڵه‌تيه‌كان، ئه‌وه‌يش له‌ كۆنتڕۆڵ كردنی ديارده‌ی گه‌نده‌ڵيه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات‌. هه‌تا‌ قانون نه‌بێته‌ سه‌روه‌ر و ده‌‌ستووری وڵات پياده‌ نه‌كرێ و ميكانيزمی قه‌ڵاچۆكردنی گه‌نده‌ڵيی به‌دی نه‌كرێ، ‌حكومه‌ت ناتوانێ قه‌ناعه‌ت به‌ كۆمپانيا زه‌به‌للاحه‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كان بهێنێ بۆ ئه‌وه‌ی مليارانی‌ مولك و پاره‌ی ئه‌ندامه‌ خاوه‌ن سه‌همه‌كانيان بخه‌نه‌ مه‌ترسيه‌وه‌.



كاميان ڕێگرتره‌: بێ ئارامی يان گه‌نده‌ڵيی؟ ‌

ده‌مێكه‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵمه‌تی لۆبی بۆ ڕاكێشانی بيزنيسی ده‌ره‌كی ده‌ست پێكردوه. مليۆنان دۆلاری له‌ كه‌مپه‌ينی ڕێكلام و پڕۆگرامی ته‌له‌فزيۆنی و ڕۆژنامه‌وانی ئينته‌رناسيونالی سه‌رف كردوه. له‌ كه‌ناڵه‌كانی ئه‌مه‌ريكی دا، سه‌قامگيری ئاسايشی كوردستانی كرده‌ بنه‌مای كه‌مپه‌ينه‌كه‌ و به‌ ناوی "عيراقه‌كه‌ی تر" ڕووكه‌شی گه‌ش و فرسه‌تی بيزنيسی هه‌رێمی خسته‌ ڕوو. قانونێكی سه‌رنج ڕاكێشه‌ری وه‌به‌رهێنانیشی له‌ ئامێز گرت، كه‌ تێيدا كۆمپانيا بيانيه‌كان مافی موتڵه‌قيان بۆ مولكايه‌تی زه‌وی و خانوبه‌ره‌ و كه‌لوپه‌لی بيزنيس پێ دراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی (هه‌تا ده‌ ساڵ) گومرگ وه‌يان باج بده‌ن. ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵمه‌ت و قانونه‌ پۆزه‌تيڤه‌ ده‌بوايه‌ به‌س بێ بۆ دڵنيا كردنه‌وه‌ی كۆمپانيا ده‌ره‌كيه‌كان، به‌ڵام هه‌تا ئێستا هيچ جۆره‌ وه‌به‌رهێنانێكی (ئيستيسمارێكی) ده‌ره‌كی ڕووی له‌ هه‌رێم نه‌كردوه‌. چه‌ندين كۆمپانيا ڕه‌چاويان كردوه‌ و سه‌ردانی هه‌رێميشيان كردوه‌. كه‌چی له‌جياتی دڵنيابوونه‌وه‌، سه‌ردانی هه‌ريه‌كه‌يان بووه‌ته‌ هۆی ڕه‌وينه‌وه‌ی خۆيان و ده‌يان كۆمپانيا تری پێكه‌وه‌ به‌ستراويشيان. دياره‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی ئارامی هه‌رێم، به‌ به‌روارديكردن له‌گه‌ڵ باقی عيراق، به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌كرد كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و بيزنيسانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ به‌غدايه‌كی كاولدا كارده‌كه‌ن بنكه‌ بگوازنه‌وه‌ كوردستان. ئه‌وانه‌ نه‌يانويست گه‌نده‌ليی به‌غدا به‌ هاوتاكه‌ی له‌ كوردستان بگۆرنه‌وه، و له‌‌ باقی عيراق و دونياش داببڕێن به‌ هۆی سياسه‌تی مۆنۆپۆلی (ناقانونی) تۆڕی په‌يوه‌نديه‌كانی كوردستانه‌وه‌‌. هه‌تا ئه‌ودواييه‌ش كۆمپانيای په‌يوه‌ندی ته‌له‌فۆنی (مۆبايل و وايه‌رلێس)ی سه‌ر به‌ پارتی و يه‌كێتی هاوكاری يه‌كتر و كۆمپانيا عيراقيه‌كانيان به‌ ڕاده‌ی پێويست نه‌ده‌‌كرد. ئه‌گه‌ر بيزنيسێك بهاتبايه‌ هه‌ولێر، له‌ باقی عیراق داده‌بڕا به‌هۆی سياسه‌تی مۆبايلی كۆڕه‌كه‌وه‌.‌ ‌به‌وه‌ش ڕێگه بۆ بيزنيسی عيراقی و نێوده‌وڵه‌تی خۆش نه‌‌ده‌بوو‌ هه‌تا به‌ خۆيان و مۆبايل و ئينته‌رنێته‌كانيانه‌وه‌ بگوازنه‌وه‌ كوردستان. جا ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆيانه‌ بێ وه‌يان هۆی سياسی و ميژوويی، ئه‌وا له‌و ساته‌ی كه‌ به‌غدا ئارام ده‌بێ، بيزنيسی دونيا ڕوو له‌وێ ده‌كات له‌جياتی كوردستان.

هونه‌ری بيرۆكراسيه‌ت‌

به‌ سروشت، بيرۆكراسيه‌تی عيراقی، وه‌ك باقی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ كوشنده‌يه‌. به‌ڵام ئاستی هونه‌ری بيرۆكراتيكردن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌وانه‌ی تر زۆر به‌رزتره‌. له‌ جياتی كارئاسانیكردن بۆ كه‌رتی تايبه‌تی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی، سيسته‌مه‌كه‌ تا ڕاده‌ی ڕێگريه‌تی ئاڵۆز كراوه‌. له‌ ناو پڕۆسه‌ی وه‌به‌رهێناندا، هيچ دوو بازنه‌يه‌ك له‌يه‌كتر نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه‌. فايل له‌ دائيره‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌ په‌يوه‌نديداره‌كان (كه‌ ئه‌ندامن له‌ هه‌يئه‌ی وه‌به‌رهێنان‌) بێ سه‌رو شوێن ده‌بێ، وه‌يان به‌ دره‌نگ و به‌ كه‌موكورتی وه‌ڵامی ده‌درێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش كارێكی به‌ ئه‌نقه‌سته‌ چونكه‌ وه‌زيره‌ په‌يوه‌نديداره‌كان چاك له‌وه‌ ئاگادارن و به‌ گوێره‌ی پێويست لێی ناپێچنه‌وه‌ وه‌يان هه‌وڵی كارئاسانيان بۆ نه‌داوه‌‌. واته‌، لێپرسينه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ر و به‌دواكه‌وتنی پڕۆسه‌ی كار هێشتا نه‌هاتۆته‌ كايه‌وه‌. بۆ نمونه‌، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی، كه‌ ڕۆڵی له‌و پڕۆسه‌يه‌دا سه‌ره‌كيه‌، هيچ جۆره‌ ئه‌وله‌ويه‌تێكی به‌ وه‌به‌رهێنان و كارئاسانی بۆ وه‌به‌رهێنه‌ر نه‌داوه‌ و ڕۆتينێكی كوشنده‌ی وای هه‌يه‌ كه‌ كۆمپانيا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانی توشی سه‌دمه‌ و په‌شيمان بوونه‌وه‌ كردوه‌. كاری ڕۆژێك به‌ مانگێك ته‌واو نابێ و ده‌يان بيانگه‌ بۆ هاوڵاتیان و وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌هێنرێته‌وه‌. به‌ قسه‌ی وه‌به‌رهێنه‌رێك، جه‌وی ناو وه‌زاره‌ته‌كه‌ زياتر له‌ دائيره‌یه‌كی پۆليسی ده‌چێ نه‌وه‌ك وه‌زاره‌تێكی خزمه‌تگوزاری و هانده‌ر، وه‌ هه‌ريه‌كه‌ له‌ وه‌زير و به‌ڕێوه‌به‌ران و فه‌رمانبه‌رانی سه‌ره‌وه‌ و خواره‌وه‌ به‌ چه‌ندين په‌رژينی ئاسنين ده‌وره‌ دراون‌.

هونه‌ری ڕێگرتن

بێ گومان مه‌سه‌له‌ی يه‌ك نه‌گرتنه‌وه‌ی دارايی دوو ئيداره‌كه‌ی هه‌رێميش ڕێگرێكی تره‌. هه‌تا ئێستاش پارتی و يه‌كێتی وه‌ك دوو ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕانی سه‌ربه‌خۆ كار ده‌كه‌ن. هه‌موو پڕۆژه‌يه‌ك پێويستی به‌ دوو بڕيار هه‌يه‌، هی حكومه‌تێكی به‌ ڕووكه‌ش يه‌ك گرتوو، ئه‌وجا هی ده‌سه‌ڵاتی پاره‌ هه‌ڵگر. ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ بڕياری وه‌زيری په‌يوه‌نديدار و سه‌رۆكی وه‌زيران و دوو وه‌زيره‌كه‌ی دارايی.

تا ئێستا عه‌داله‌ت له‌ ته‌نده‌ر و دابه‌ش كردنی كۆنتراكتدا نيه‌. حكومه‌ت نه‌يتوانيوه‌ بيسه‌لمێنێ كه‌ هه‌موو كۆمپانيايه‌ك به‌ يه‌ك چاو ته‌ماشا ده‌كات. ميكانيزمێكی تۆكمه‌ و شه‌فافی دانه‌هێناوه‌‌‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی نرخ و چۆنايه‌تیدا، بڕيار له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی ته‌نده‌ر بدات. زله‌ كۆمپانيا كورديه‌ سه‌ر به‌ حيزبه‌كان، به‌ بێ پێشبڕكێی كراوه‌ و شه‌فاف وه‌ به‌ بێ ڕه‌چاو كردنی چۆنايه‌تی به‌رهه‌ميان و مێژووی كارئه‌نجامدانيان‌، چه‌ورترين ته‌نده‌ر جار له‌ دوای جار ده‌به‌نه‌وه.

خۆ ته‌سجيل كردن وئه‌نجامدانی موعامه‌له‌ی بچوكترين پڕۆژه‌ پێويستی به‌ شه‌ش هه‌تا دوازده‌ مانگ له‌ سه‌رئێشه‌ی هاتوچۆ و چاو‌‌ه‌ڕێ كردن‌ هه‌يه‌. ئه‌وه‌يش ئه‌گه‌ر خاوه‌ن بيزنيس به‌ختی هه‌بوو و سووكه‌ واسته‌ی پێ كرا و زانی چۆن به‌رتيل بدات و فايله‌كه‌ی وون نه‌كرا و نهێنيه‌كانيشی نه‌فرۆشرايه‌وه‌ و فه‌رمانبه‌ره‌كان نه‌خۆش نه‌كه‌و‌تن و عوتله‌ی درێژخايه‌ن و جه‌ژنی ئاينی و نه‌ته‌وه‌يی و حيزبی و بيره‌وه‌ری سيمبۆڵيی نه‌كه‌وته‌ ئه‌و نێوانه‌وه‌. هاوكات، كه‌ ده‌سه‌ڵاتدار ده‌كرێته‌ شه‌ريك‌، ئه‌ويان ده‌توانێ به‌ شه‌و فه‌رمانبه‌ر بنێرێته‌ كار و ته‌واوی موعامه‌له‌ی مه‌زنترين پڕۆژه‌ له‌ مه‌ودای پێنج ڕۆژدا به‌ ته‌واو كردن بدات. هه‌ڵبه‌ته‌، كۆمپانيای ده‌ره‌كی ئاماده‌ نيه‌ به‌و جۆره‌ پڕۆسه‌يه‌ دا بڕوات و ڕازی نابێ كه‌ چاره‌نووسی بيزنيسه‌كه‌ی بكه‌وێته‌ به‌ر ده‌ستی شه‌ريكێكی خه‌وتوو، وه‌يان بيرۆكراتێكی ته‌ماحكار كه‌ ديسانه‌وه‌ ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌.

چاره‌ لای سه‌ركرده‌كانه‌ و پێويستی به‌ جورئه‌تی بڕياردانه‌

ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌‌كان به‌ڕاستی مه‌قسه‌ديان بێ و نيه‌تی چاكسازی و وده‌وڵه‌تسازيان هه‌بێ، وه ئاماده‌بن به‌ له‌خۆبورده‌يی و به‌ ئيراده‌يه‌كی به‌ردين و ته‌ركيزێكی بێ پايانه‌وه‌ هه‌نگاو بنێن و به‌ ئيلتيزامێكی جيددی به‌دوای پڕۆسه‌كه‌ بكه‌ون، ئه‌وا ڕێگا چاره‌كان ئاشكران. ده‌سپێكی پرۆسه‌ی گۆڕانكاری و چاره‌ی هه‌ر هه‌موو گرفت و قه‌يرانه‌كانی وڵات‌، له‌ خاڵی بڕياردانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای گفت و گۆته‌ و په‌يمانه‌كان، كه‌ له‌ هه‌موو خيتاب و موناسه‌به‌ی ڕه‌سمی و ناڕه‌سمی دا ئيشاره‌تی پێ ده‌كه‌ن، هه‌تا ئێستا ئه‌و نياز و نيه‌ت و ئيراده‌ و ته‌ركيزه‌‌ به‌ كرداری هيچ كام له‌ سه‌ركرده‌كانه‌وه‌ ديار نيه‌. له‌ ئاستی تاكه‌ كه‌سيدا، له‌ ژووری داخراودا، هه‌ر يه‌كه‌يان داخ و هيوای خۆی ده‌رده‌بڕێ و به‌ دڵسۆزيه‌وه‌ په‌يمان ده‌دا. به‌ڵام كه‌ ده‌رگا ده‌كرێته‌وه‌، و حيزب داده‌نيشێ و به‌رژه‌وه‌نديه‌ تايبه‌ت و گشتيه‌كان به‌ره‌نگاری يه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، ئيتر ڕه‌فتار و هه‌ڵوێستیان سه‌رتاپا ئاوه‌ژوو ده‌بێته‌وه و هيوا و په‌يمانه دڵنياكه‌ره‌وه‌‌كانيان به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه‌. هۆكاره‌كانی ئه‌و واقيعه‌ تاڵه‌ زۆرن. له‌ سه‌روويانه‌وه‌‌، ناته‌بايی و كه‌مبڕوايی و كه‌مته‌نسيقی چه‌قه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌. هيچ سه‌ركرده‌يه‌ك متمانه‌ی ئه‌وه‌ی نيه‌ كه‌وا ئه‌گه‌ر خۆی ئيلتيزام به‌ بڕيار و قانون بكات، سه‌ركرده‌كانی تريش هه‌ماهه‌نگی ده‌بن.

به‌ داخه‌وه‌، له‌ جياتی بيركردنه‌وه‌ی درێژخايه‌ن، ڕه‌فتاری ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد وا ده‌گه‌يه‌نێ كه‌ بڕوايان به‌ دواڕۆژی كورد نيه‌، وه‌يان خه‌ريكی چاندن نين بۆ ئه‌وه‌ی خۆيان و ته‌واوی ميلله‌تيان له‌ به‌رهه‌م‌ بدرونه‌وه‌. زۆربه‌یان بڕواييان به‌وه‌ نيه‌ كه‌وا كورسيه‌كانيان و مه‌وقيعی خۆيان و حيزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌يان له‌ مه‌ودای دووردا هه‌روه‌ك خۆی ده‌مێنێه‌وه‌. وه‌ك ميوانێك ڕه‌فتار ده‌كه‌ن و فرسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و نفوز په‌يدا كردن به‌ مه‌سه‌له‌يه‌كی كاتيی داده‌نێن و به‌په‌له‌ و پێشبڕكێ خه‌ريكی ئه‌وه‌ن له‌ده‌ستيان نه‌چێ. هه‌ڵبه‌ت، ‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌مه‌ندی دوو ديوی عانه‌يه‌كن و ته‌واوكه‌ر و زامينكه‌ری يه‌كترن. نه‌ريتی ده‌سه‌لاتخوازی و بازدانی دارايی له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌ره‌و خوار بوه‌ته‌ كه‌ڵتور، ئيتر هه‌تا سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌لاتی ڕاسته‌قينه‌ ملكه‌چی قانون نه‌بێت و مه‌سئوليه‌تی كۆنتڕۆڵ كردنی گه‌نده‌ڵيی نه‌گرێته‌ به‌ر، ئه‌وا زه‌حمه‌ته‌ كاديری ناوه‌ڕاست و ئه‌ندامانی حيزبه‌كان و هێزه‌ ئاسايشی و پۆليس و پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكی تری ژێر ده‌سه‌لاتيان ئيلتيزام به‌ قانون بكه‌ن و ده‌ست له‌ گه‌نده‌ڵيی هه‌ڵگرن. واته‌، ئه‌ركی سه‌رشانی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی و سه‌رۆكی كۆمار و سه‌رۆكی وه‌زيرانی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی و ئه‌ندامه‌ زه‌قه‌كانی مه‌كته‌بی سياسی پارتی و يه‌كێتيه،‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كی چڕ و ميژوويی دا په‌يمانی داڕێژتنی ده‌ستوورێكی هه‌ميشه‌يی ديموكراسی بده‌ن و بڕيار بده‌ن كه‌وا قانون بكه‌نه‌ سه‌روه‌ر و خۆيشيان يه‌كه‌م ملكه‌چی بن. په‌يمان بده‌ن كه‌ ته‌ده‌خول له‌ كاروباری حكومه‌ت و ئيداره‌ نه‌كه‌ن، و واسته‌ نه‌هێلن و شه‌فافيه‌ت به‌كار بهێنن و ديارده‌ی گه‌نده‌ڵيی چاره‌ بكه‌ن. وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ريه‌كه‌يان په‌يمانی شكاند، شايانی ئه‌وه‌يه‌ بكرێته‌ قۆچی قوربانی چاكسازی و وڵاتسازی و ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی نيشان بدرێ.

ڕووسوری سه‌ركرده‌كان له‌ پياده‌ كردنی بڕياردايه‌

ده‌هۆڵی چاكسازی و په‌يمانی ملكه‌چی قانون له‌ پێشتريش بۆ ڕازی كردن و خافلاندی خه‌ڵك لێ دراون. به‌ڵام ئه‌وانه‌ هه‌ر وه‌ك قسه‌ی شه‌وی به‌ر ئاگردان، له‌گه‌ڵ تيشكی ڕۆژدا ئاسه‌واريان نه‌ماوه‌. سه‌ركرده‌كان خۆيان له‌ ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌وخۆ لاداوه‌ و ڕێگه‌يان نه‌داوه‌ كه‌وا قانون نه‌ خۆيان و نه‌ ئالقه‌ بڕيارده‌ره‌كانی ده‌وريان بگرێته‌وه‌. ئه‌و داروده‌ستانه‌ی كه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ گه‌نده‌ليان له‌سه‌رئيسپات بووه‌، كه‌ له‌ پۆستێكه‌وه‌ لا ده‌درێن له‌ پۆستێكی به‌رزتره‌وه‌ جێگه‌يان بۆ ده‌كرێته‌‌وه‌، به‌ بێ گوێدانه‌ ڕای گشتی. به‌وه‌، جيدديه‌تی چاكسازی و كۆنتڕۆڵ كردنی گه‌نده‌ليی له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌ قسه‌ی بێ ناوه‌رۆك و ده‌هۆڵی به‌تاڵ جيا نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

به‌داخه‌وه‌، ڕۆژگار و به‌ڵگه‌كان سه‌لماندويانه‌ كه‌وا سيسته‌می گه‌نده‌ڵيی كوردستان له‌ ويست و بڕياری سه‌رۆكه‌كان به‌هێزتره‌‌. سه‌ركرده‌كان ده‌زانن كه‌وا فه‌رمانه‌كانيان به‌ ئاسانی و ڕاسته‌وخۆيی ته‌نفيز ناكرێ. ئالقه‌ی بيروكراته‌ گه‌نده‌ڵه‌كان له‌ ناو سيسته‌مدا له‌وه‌ جێگيرتر و هونه‌رمه‌ندتره‌ كه‌ سه‌ركرده‌كان پێی ده‌زانن. ده‌توانن جيدديترين بڕيار و فه‌رمانه‌ گشتيه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران و سه‌رۆكی كۆمار خورد بكه‌نه‌وه‌ و پارچه‌ پارچه‌ بيانخه‌نه‌ ئه‌رشيفی مێژووه‌وه، به‌ بێ ئه‌وه‌ی تيشكی ڕۆژيان پێ بكه‌وێ. خۆ ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانيش له‌وه‌ ئاگادارن، دياره‌ به‌سيانه‌ كه‌وا كاری خۆيان و ئالقه‌كانی ده‌وروبه‌ريان به‌ قه‌دبڕی و ئاسانی به‌ڕێوه ده‌ڕوات و كاری هاوڵاتی ڕه‌عيه‌ش حه‌واڵه‌ی خوا و به‌خت و قه‌ده‌ر كراوه‌.

بۆ ئه‌وه‌ی بڕياری سه‌ركرده‌كان به‌ جيددی وه‌رگيرێت، پێويسته‌ ميكانيزمی پياده‌ كردنی بڕياره‌كانيش ئيعلان بكرێ. ڕۆژ به‌ ڕۆژ و مانگ به‌ مانگيش، ڕاپۆرت و ئاماری ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌كه‌ و ئه‌نجامی لێپرسينه‌وه‌كان و ده‌ستكاريه‌كانی سيسته‌م به‌ شه‌فافی بڵاو بكرێته‌وه‌. پێويسته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكوه‌زيران و جێگره‌كانيان ته‌نفيز كردنی ئه‌و بڕيارانه‌ بكه‌نه‌ مه‌سه‌له‌يه‌كی شه‌خسی و بزانن كه‌وا خه‌لك ئه‌و مه‌سئوليه‌ته‌ له‌ ئه‌ستوی ئه‌وان ده‌گرێ و چاوه‌ڕێی به‌ڵگه‌ی ئه‌نجامدانيان لێ ده‌كات. ده‌بێ سه‌رۆكه‌كان به‌ شه‌خسی سه‌ردانی موئه‌سسه‌سه‌كان بكه‌ن تا بزانن تا چی ڕاده‌يه‌ك لێپرسينه‌وه‌كانيان به‌ جيددی وه‌رگيراوه‌. سه‌ردانه‌كانيشيان ته‌نيا بۆ كاميرا و پڕۆپاگه‌نده‌ی حيزبی و ئه‌زيه‌ت دانی به‌ڕێوه‌به‌ر و شه‌له‌ل پێهێنانی دائيره‌كان و كاردواخستنی موراجيع و چاوسوركردنه‌وه‌ی حيمايه‌كانی سه‌ركرده‌كان نه‌بێ. له‌ دوبه‌ی، (شێخ محمد ئالمه‌كتوم) به‌ ته‌نيا و بێ حيمايه‌، هه‌رده‌م خه‌ريكی سه‌ردانی پشكنينه‌‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌س هه‌ستی پێ بكات. وای لێ هاتوه‌، هه‌موو مۆزه‌فێكی ناو دوبه‌ی ته‌وه‌قوعی ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ ناكاو شێخ لێی بێته‌ ژووره‌وه، و به‌ شه‌خسی له‌ چۆنێتی هه‌لسوڕانی كاره‌كانی دائيره‌كه‌ بكۆڵێته‌وه‌. كارێكی وای كردوه‌ كه‌ سه‌رۆكی هه‌موو دائيره‌يه‌ك هه‌رده‌م خه‌ريكی بير كردنه‌وه‌ بێ له‌ چاك كردنی سيسته‌م و به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی به‌ڕێوه‌ بردن.

له‌ دوای بڕياردان و په‌يمانی ملكه‌چ بوونی قانون، ئه‌ركی پياده‌ كردن دێته‌ پێش. بۆ ئه‌وه‌يش، ميكانيزمی جياجيا له‌ وڵاتانی تر په‌يڕه‌وی كراون، و‌ ده‌كرێ سوود له‌ ئه‌زموونی دوبه‌ی وه‌رگيرێ. ده‌شكرێ كه‌ سيسته‌مێكی تازه‌ به‌ تيفساڵی كوردی دروست بكرێ. له‌ عيراقدا ئه‌زموونی لێژنه‌كانی نه‌زاهه‌ و چاودێری دارايی و به‌دواكه‌وتنی پڕۆسه‌ی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی خه‌ريكن له‌ دايك ببن (ئه‌گه‌رچی زۆر به‌قورسی). بێجگه‌ له‌وانه‌يش، پێويسته‌ لێژنه‌يه‌كی باڵای سياسی و پسپۆڕی بێته‌ كايه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ جياتی سه‌ركرده‌ بڕيارده‌ره‌كان ڕۆژانه‌ چاودێری و موتابه‌عه‌ی ته‌وای پڕۆسه‌‌كه‌ بكات و لايه‌نه‌ قانونی و ئيجرائه‌ ڕۆتينه‌ ڕێگره‌كان ده‌ست نيشان بكات و بكه‌وێته‌ ته‌نسيقی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دادگا و په‌رله‌مان و سه‌رۆكايه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكايه‌تی وه‌زاره‌ت. واته‌، ئه‌و لێژنه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ به‌ ده‌سه‌لاته‌وه‌ ناوبژی و كارئاسانی بۆ به‌ڕێوه‌ چوونی سيسته‌م بكات. ڕێگه‌ نه‌دا خه‌ڵكی ڕۆتينپه‌رست په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر قانونی ڕێگر بۆ به‌رهه‌ڵستی كردنی گۆڕانكاری. هاوكات پێويسته‌ ئاسايشی ئابوری بۆ كۆ كردنه‌وه‌ی زانياری و به‌دوا كه‌وتنی به‌لگه‌كان بێته‌ كايه‌وه‌، هه‌روه‌ك له‌ عيراقی سه‌رده‌می سه‌دداميش هه‌بووه.

قانون و لێپرسينه‌وه‌

لێژنه‌يه‌كی تازه‌ بۆلێكۆڵينه‌وه‌ له‌ سيسته‌می دادگا و ده‌ستنيشان كردنی هۆيه‌كانی بێ ئيستيقلاليه‌تی، پێويسته‌. دادگا دوامه‌رجه‌عه‌ بۆ پاراستنی مافی تاكه‌ كه‌س و كۆمه‌ڵ، و پێويسته‌ قودسيه‌تی بپارێزرێ. كه‌چی ده‌سه‌ڵات ڕێگه‌ی دادگای نه‌داوه‌ ڕۆڵی پيرۆزی ببينێ‌، و هه‌ر بۆيه‌ش هه‌تا ئێستا تاكه‌ مه‌سئولێكی پايه‌ به‌رز‌ له‌ سه‌ر گه‌نده‌ڵيی، پياوكوژی وه‌يان خيانه‌ت سزا نه‌دراوه‌. پێويسته‌ په‌يوه‌ندی پيشه‌يی له‌ نێوان دادوه‌ر و ده‌زگا ته‌نفيزيه‌كان دياری بكرێ و ڕێگه‌ له‌وه‌ بگيرێ كه‌وا دادپه‌روه‌ر ببێته‌ ئه‌ندامی حيزب و‌ ده‌زگا ئاسايش و زانياريه‌كانی سه‌ر به‌ حيزبه‌كان. ناكرێ و نابێ دادوه‌ری كوردستان بكه‌وێته‌ به‌ر ده‌ستی ئه‌و ده‌زگايانه‌، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، پێويسته‌ ئه‌و ده‌زگايانه‌ له‌ ڕووی پيشه‌ييه‌وه‌ ملكه‌چی دادوه‌ران بن. ڕاسته‌ هه‌موو دادوه‌رێك سه‌ر به‌ حيزب و ده‌زگاكان نين، به‌ڵام زۆريان له‌‌ ڕێگه‌‌يانه‌وه‌ دامه‌زراون. پێويسته‌ سه‌ركرده‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان دادوه‌ران له‌ هێرشی جه‌سته‌يی و سياسی و كۆمه‌ڵايه‌تی بپارێزن، هه‌تا ئه‌وانيش هه‌يبه‌ت و عيزه‌تی نه‌فس و كه‌رامه‌ت و سه‌ربه‌خۆيی دادگا و ئه‌خلاقيه‌تی پيشه‌كه‌يان و ئازادی حوكم ده‌ركردنيان بپارێزن.

به‌ر له‌وه‌ی چاوه‌ڕێی ده‌ستوور بكرێ، ئيمڕۆ بايی ئه‌وه‌نده‌ قانونی نوسراوه‌ هه‌يه‌ كه‌وا ببێته‌ بنه‌مايه‌كی پته‌و بۆ ده‌ستپێركردنی كۆنتڕۆڵ كردنی گه‌نده‌ڵيی. بێجگه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆ كردنی دادگا، پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كوردستان بديترێن كه‌وا توندن و دوودڵيی له‌ پياده‌ كردنی قانون ناكه‌ن، و به‌ڵكو به‌ خۆنه‌ويستانه‌ و بێ به‌زه‌ييانه‌ جێبه‌جێيان ده‌كه‌ن. ده‌بێ خه‌لك و فه‌رمانبه‌ر و ئه‌ندامی حيزبه‌كان و ئه‌ندامی ده‌زگا نهێنيه‌ ئاسايشی و زانياری و پۆليس و له‌شكر و پێشمه‌رگه‌كان لايان ئاشكرا بێ كه‌وا ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ زۆر له‌وه‌ جيدديتره‌ كه‌ پێشتر كراوه‌‌. واته‌ ئه‌وجاره‌يان بۆ مه‌سه‌له‌ی ڕزگار كردنی نه‌وه‌كانی ئێستا و دواڕۆژه‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وڵاته‌ و به‌ بێ ڕاده‌ چاره‌نوس سازه‌. هه‌تا ئێستا ئه‌و جۆره‌ په‌يامه‌ به‌ خه‌ڵكی كوردستان نه‌گه‌يه‌نراوه‌.

ده‌ستووری ديموكراسی

دياره‌ هه‌رێم هێشتا ده‌ستوری نيه‌، و له‌وه‌ ناچێ په‌له له‌ نوسينه‌وه‌‌شی كرابێ. خۆ ئه‌و ده‌ستووره‌ی له‌ دروست بووندايه‌، بۆ داسه‌پاندنی ديموكراسيه‌تێكی ڕاسته‌قينه‌ نه‌نوسراوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌س و تاكه‌ حيزب و سيسته‌می ئێستای كوردستاندا نوسراوه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ مه‌زنترين فاكته‌ری ناڕه‌حه‌تيه‌ بۆ كورد، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كان به‌ سيسته‌می ئيفليجی ئێستای كوردستان و ڕۆڵی په‌رله‌مانی بێ ددان ڕازی بوونه‌، وه‌ به‌ نيازن ئه‌و جۆره‌ سيسته‌مه‌ بپارێزن، ئه‌وا له‌ يه‌كه‌م پله‌وه‌ خه‌ونی ده‌وڵه‌ت دامه‌زراندن نايه‌ته‌ دی و نه‌وه‌كانی داهاتوش خێر له‌ كوردستان نابينن. پێويسته‌ سه‌ركرده‌كان دووربين بن، و له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی سه‌دان ساڵه‌ی نه‌وه‌كانی داهاتوو بكه‌نه‌وه‌. ده‌وڵه‌تی ئيسرائيل، له‌به‌ر زروفی ناهه‌مواری سه‌رده‌می دروست بوونیدا، ده‌ستوورێكی نه‌شازی ته‌به‌ننا كرد، ئه‌وا نزيكه‌ی شه‌ست ساڵه‌ ده‌يانه‌وێ چاكی كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام بۆيان ناكرێ و سيسته‌مه‌كه‌يان به‌ نيمچه‌ ئيفليجی ماوه‌ته‌وه‌. پێويسته‌ له‌ يه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ ده‌ستور به‌ دروستی بێته‌ داڕێژتن و ببێته‌ پاڵپشت بۆ قه‌ڵاچۆ كردنی ديارده‌ی گه‌نده‌ڵيی و بنه‌مايه‌ك بۆ دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی ديموكراسی.

دوا وشه‌:

هه‌تا كۆتايی سه‌ده‌ی بيسته‌م، سه‌ركرده‌كان گله‌يی بنده‌سته‌يی ميلله‌تيان له‌ قه‌ده‌ر و دوژمن و ده‌وروبه‌ری دژوار كردوه‌. له‌مه‌ودوا ده‌بێ گله‌يی له‌ خۆيان بكه‌ن. له‌و شازده‌ ساڵه‌ی ڕابوردوودا پارتی و يه‌كێتی و حكومه‌ته‌كانيان فه‌شه‌لی مه‌زنیان له‌ بنيادنانی بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی و ڕازی كردنی ميلله‌تيان هێناوه‌. ژێرخانی كوردستان بێ مسته‌وايه‌، ئيداره‌ ماندووه‌، خه‌لك بێزاره‌، متمانه‌ له‌ كزيدايه‌ و دوژمنی ده‌ره‌كيش چه‌نگی له‌ ڕۆحی وڵات گير بووه‌. وڵاتی له‌و جۆره‌ توانای هه‌ڵسانه‌ سه‌رپێی نيه‌ و توانای به‌رگری له‌ خۆكردنی نيه‌، و هه‌رده‌م ئيعتيمادی له‌سه‌ر زلهێز و هێزه‌ ده‌ره‌كيه‌كانه بۆ مانه‌وه‌ی به‌ زيندويه‌تی. زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و قه‌يران و گرفت و فه‌شه‌ڵانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ قوڵچه‌قينی په‌تای گه‌نده‌ڵيی و نه‌بوونی سيسته‌می حوكمڕانی سه‌ركه‌وتوو. ئێستاش دره‌نگ نيه‌ له‌وه‌ی سه‌ركرده‌كان به‌خۆ كه‌ون و قۆڵيانی لێ هه‌ڵماڵن. گه‌نده‌ڵيی ميوان نيه‌ و به‌ دوعا و ئومێد كردن ده‌ر ناكرێ، به‌ڵكو جۆرێكه‌ له‌ شێرپه‌نجه‌، له‌ تيرۆر، له‌ هێزی تێكده‌ر. هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ڕێگه‌ی لێ ده‌گيرێ، ئه‌وا هه‌ر له‌ تێكدان و ڕوخاندن و كوشتنی ئامرازه‌كانی سيسته‌می وڵات به‌رده‌وام ده‌بێ. گه‌نده‌ڵيی كه‌شتی هه‌رێم هه‌ر به‌ره‌و نقومكردن ده‌بات، بۆيه‌ ئه‌ركه‌كه‌ نه‌ك ته‌نيا واجبی سه‌رشانی كاپتنه‌، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌یه‌كی فرياكه‌وتنه‌ و د‌ه‌بێ سه‌ركرده‌كان به‌ زوترين كات ئه‌نجامی بده‌ن. سه‌ركردايه‌تی كوردی هيچ عوزرێكی به‌ده‌سته‌وه‌ نيه‌ بۆ ده‌ست پێ نه‌كردنی ئه‌و پڕۆسه‌يه. ئه‌وله‌ويه‌تی قه‌ڵاچۆ كردنی گه‌نده‌ڵيی له‌ قانونی نه‌وت و ماده‌ی ١٤٠ و به‌رگری كردن له‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌ره‌كيه‌كان مه‌زنتره‌. به‌ كۆنتڕۆل كردنی گه‌نده‌ڵيی و دامه‌زراندنی سيسته‌می ديموكراسی، شه‌ڕی كه‌ركوكيش و نه‌وتيش و ئارامی كوردستانيش باشتر ئه‌نجام ده‌درێ. به‌ نه‌هێشتنی گه‌نده‌لی ماڵی كورد به‌ جۆرێك ته‌رتيب ده‌بێ كه‌ ئاماده‌ی فرسه‌ت قۆزينه‌وه‌ ده‌بێ و به‌ هۆيه‌وه‌، له‌ سه‌ركرده‌كانه‌وه‌ به‌ره‌و خوار، شانازی به‌ كۆمه‌ڵگای كورده‌وه‌ ده‌كرێ.