Wednesday, 16 January 2008

كۆتايی شه‌هرولعه‌سه‌لی كورد و ئه‌مه‌ريكا

كۆتايی شه‌هرولعه‌سه‌لی كورد و ئه‌مه‌ريكا

· ساڵی ٢٠٠٨ ساڵی تاقی كردنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی كورده‌، ئايا لێی ده‌كه‌ون يان سه‌رده‌كه‌ون؟
· سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن‌ ئه‌گه‌ر ڕاپۆرتی مايكل ڕووبين بخه‌نه‌ پشت گوێ.
· ته‌نيا به‌ چاكسازی و ده‌وڵه‌تسازی وه‌ڵامی ڕ‌‌ه‌خنه‌ ده‌ره‌كی و ناوه‌كيه‌كان ده‌درێته‌وه.‌
هاوڵاتی: ١٦/١/٢٠٠٨ ژماره‌ ۳٨٨، لاپه‌ڕه‌ ١٢

پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين



به‌ حوكمی زه‌روره‌ت، له‌و پێنج ساڵه‌ی ڕابووردوودا ڕێڕه‌وی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ريكا و كورد هاو ئاراسته‌ بوون، و به‌ هۆيه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد له‌ (شهر العسل)ێكی سياسیدا ده‌ژيان. به‌ڵام له‌و شه‌ش مانگه‌ی ڕابووردوودا، پارسه‌نگی هێزه‌ عيراقی و ڕۆژهه‌ڵاتيه‌كان ڕوويان له‌گۆڕان بووه‌. خه‌ريكه‌ ئه‌مه‌ريكا به‌ ئه‌جيندا و ئه‌وله‌ويه‌ته‌كانی دابچێته‌وه، و به‌ هۆيانه‌وه‌‌ ڕێڕه‌وی سياسه‌ت و به‌رژه‌وه‌نديه‌ عيراقی و ئێرانی و توركيه‌كانی له‌ هی كوردی داببڕێ. ڕه‌نگه‌ به‌وزوانه‌ كه‌لێنێك بكه‌وێته‌ ناو په‌يوه‌ندی نێوان كورد و ئه‌مه‌ريكا‌وه‌، و به‌رژه‌وه‌ندی كوردی پێ بكه‌وێته‌ مه‌ترسيه‌وه‌. ئه‌گه‌ر بڕيارده‌ری كورد به‌ هۆش خۆی نه‌يه‌ته‌وه، له‌وانه‌يه‌ ئه‌مه‌ريكا هاوپه‌يمانه‌ عه‌ره‌به‌كانی عيراق و توندڕه‌وه‌كانی توركيا بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر كورد به‌كار بهێنێ و ڕه‌نگه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆيی هه‌رێم كه‌م بكاته‌وه‌.

تاقی كردنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كان

به‌ هۆی كه‌ڵه‌كه‌ بوونی گرفت و ته‌حه‌ددا ناوه‌كی و ده‌ره‌كيه‌كانی كوردستان، له‌ چه‌ندين ئاسته‌وه‌ ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠۹ بۆ سه‌ركرده‌كانی كورد دوو ساڵی پڕ تاقی كردنه‌وه‌ ده‌بن. ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌ بڕيارده‌ره‌كان ته‌ركيز نه‌كه‌ن و به‌ جيددی كار بۆ چاكسازی و ده‌وڵه‌تسازی نه‌كه‌ن و به‌ هه‌ماهه‌نگی به‌ره‌نگاری مه‌ترسيه‌ ده‌ره‌كيه‌كان نه‌بنه‌وه‌، ئه‌وا دوورنيه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و پێنج ساڵه‌ی ڕابوردوو بكه‌ونه‌ مه‌ترسيه‌وه‌.

له‌ ناوه‌وه‌، ناڕه‌زايی خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌ر بێ ده‌رامه‌تی و بێ خزمه‌تگوزاری و بێ ئاو و كاره‌بايی له‌ ته‌قينه‌وه‌ نزيك بۆته‌وه. خه‌ڵكه‌كه‌ گه‌يشتۆته‌ ئه‌و ڕاده‌ی قه‌ناعه‌ت كه‌وا هيچ جۆره‌ ڕه‌خنه‌ و ناڕه‌زايی ده‌ربڕينێك كه‌ڵكی نه‌ماوه‌ بۆ به‌خه‌به‌ر هێنانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كان‌. سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، ئيداره‌ی كوردستان هه‌ر بێ سه‌رو به‌ره‌ و هه‌تا ڕاده‌ی ئيفليج بوون له‌ گه‌نده‌ڵيی چه‌قيوه. هاوكات، ده‌زگا موخابه‌راتيه‌كان و ته‌نفيزيه‌كانی هه‌رێم خه‌ريكن پڕۆسه‌ی ديموكراسيه‌ت سه‌بر ده‌كه‌نه‌وه. له‌ هه‌رێمێكی بێ ئۆپۆزيسيۆندا، نه‌ قانون و نه‌ په‌رله‌مان و نه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ريی ئازاد ڕێگه‌يان دراوه‌ تا ڕۆڵی چاودێر و لێپرسينه‌وه‌ ببينن.

حيزبه‌كان و ڕێكخراوه‌كانيان وا له‌ قه‌يرانی فيكری و فه‌لسه‌فی دان، و ڕێڕه‌وی كلاسيكی حيزبايه‌تيان وون كردوه‌. له‌به‌رامبه‌ر ڕه‌خنه‌ی ميلله‌تدا، لايه‌نگير و ئه‌ندام و كادره‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌كانی حيزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌ست به‌ بێ توانايی ده‌كه‌ن، و خۆيشيان به‌ به‌شداری عه‌مه‌ليه‌تی سياسی نابينن. وه‌ پڕۆسه‌ی بڕياردانی سياسی و ڕێكه‌وتن نامه‌ی نێوان دوو حيزبی ده‌سه‌ڵاتدار (بۆ نموونه‌ له‌ كاتی دانانی سه‌رۆك وه‌زيران و كابينه‌ی وه‌زيره‌كان) به‌ هی خۆيان نازانن.

له‌ ئاستی عيراقدا، ته‌واوی دۆست و دوژمنه‌ ته‌قليديه‌كانی كورد له‌ دژی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد پيلان ده‌گێڕن. كوتله‌ ناته‌باكانی حيزبی ده‌عوه‌ی سه‌ر به‌ ماليكی و سه‌دريه‌كانی سه‌ر به‌ موقته‌دا، و عيلمانيه‌كانی سه‌ر به‌ عه‌للاوی و توندڕه‌وه‌كانی سوننه‌ی سه‌ر به‌ عيله‌ييان و ديلێمی و چه‌ندينی تر، وا خه‌رتيكی يه‌ك گرتنن له‌ دژی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد؛ نه‌ك ته‌نيا له‌ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك و نه‌وت، به‌ڵكو له‌ مه‌سه‌له‌ بڕاوه‌كانی وه‌ك بودجه‌ی هه‌رێميش.

هاوكات، عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانيان وا قيت بوونه‌ته‌وه‌ و خه‌ريكه‌ ده‌بنه‌ ياريكه‌ر و هاوپه‌يمانێكی له‌ كورد كاريگه‌رتر بۆ ئه‌مه‌ريكيه‌كان. به‌وه‌ مه‌وقيعه مه‌ليك دروستكه‌ریه‌كه‌ی كوردی له‌ ناو شانۆی به‌غدا دا ڕووی له‌ لاوازيه،‌ و به‌ هۆيه‌وه‌ توانای كورد له‌ به‌رگريكردن له‌ بزوتنه‌وه‌‌كه‌ی هه‌ر به‌ره‌و كزی ده‌چێ‌. سوننه‌كان له‌ مه‌وقيعێكی باشترن بۆ ئه‌وه‌ی نفوزی ئيرانی كه‌م بكه‌نه‌وه. واته‌ له‌كاتی ته‌سفيه‌ كردنی حيساب له‌گه‌ڵ ئێراندا، ئه‌مه‌ريكاييه‌كان پشتيان به‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ به‌تێنتر ده‌بێ وه‌ك له‌ كورد. هاوكات ئيداره‌ی بوش له‌ نفوزی ئێرانی ناو كوردستاندا ناڕه‌حه‌ته و هه‌وڵی داوه‌ كورد ئيحراج بكات و په‌يوه‌نديه‌كانيان لاوز بكات.

له‌ ده‌ره‌وه‌شدا، سنووره‌كانی كوردستان به‌زێندراون و له‌شكركێشی توركی و ئێرانی به‌رده‌وامه‌ و له‌ به‌رامبه‌رياندا خه‌لك و سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم به‌ يه‌كه‌وه‌‌ له‌ بێ ده‌سه‌ڵاتيدا داماون. له‌ ئاينده‌دا، ئه‌مه‌ريكا و ئيسرائيل پێويستیان به‌ هاوكاری توركی ده‌بێت، به‌وه‌ش توركيا توانيويه‌تی سازش به‌ هه‌ردوكيان له‌سه‌ر حيسابی كورد بكات و مه‌رجه‌ ئه‌نتی كورديه‌كانيان له‌سه‌ر فه‌رز بكات. توركيا به‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ توانيويه‌تی لۆبی ئيسرائيلی له‌ دژی كورد دا به‌كار بهێنێ.

كه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی سه‌ركرده‌كان

له‌وه‌ ناچێ كه‌وا سه‌ركرده‌كانی كورد له‌ ڕووی ئه‌و گرفته‌ ئاڵۆزانه‌ و قه‌يرانه‌ يه‌ك له‌دوی يه‌كانه‌دا و له‌ هه‌موو جه‌بهه‌يه‌كی شه‌ڕدا خه‌ريكی هه‌ڵمه‌تی چاره‌نوس ساز بن، يان خه‌ريكی ڕاست كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ و چاكسازی ناوه‌كی و هيممه‌تی لۆبی ده‌ره‌كی بن، به‌‌ جۆرێك كه‌وا بتوانن سه‌ره‌ڕای ده‌وروبه‌ری دژوار بنه‌مای ده‌وڵه‌تی كوردی دابنێن. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، بێ به‌رنامه‌ييی كوردی له‌ ئاستێكه‌ كه‌ دوژمنه‌ ته‌قليديه‌كان توانيويانه‌ به‌كاريان بێێن بۆ ئه‌وه‌ی سازش به‌ كورد بكه‌ن. ئێستاش، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و بێ به‌رنامه‌ييه‌ و بێ سه‌روبه‌رييه‌ی ناوماڵ‌، خه‌ريكه‌ به‌رژه‌وه‌نديه‌ به‌رزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌ قوربانی به‌‌رژه‌‌وه‌ندیه‌ تايبه‌ته‌كانی ده‌سه‌لاتداران و به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی دراوسێكان و ئه‌مه‌ريكيه‌كان.

تۆمار و مێژووی سه‌ركرده‌كانی كورد له‌ تاقی كردنه‌وه سياسيه‌كاندا بريتيه‌ له‌ تێكه‌ڵێكی پڕ له‌ سه‌ركه‌وتن و بنكه‌وتن. به‌ڵام به‌ شێوه‌يه‌كی گشتی، سه‌كرده‌كانی كورد نه‌يانتوانی سه‌ركه‌وتنی ستراتيژی مه‌زن به‌ موباده‌ره‌ی سياسی خۆيانه‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنن. به‌ر له‌ ٢٠٠۳ سه‌ركردايه‌تی كوردی نه‌يده‌زانی چاره‌نووسی كورد له‌ دوای سه‌ددام به‌ چی ده‌گات. پێشبينيه‌كانيان ئه‌وه‌ بوو كه‌وا كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر به‌غدا و هه‌رێميش ئه‌و سه‌ربه‌خۆييه‌ی نامێنێ. بۆيه‌ له‌ ناخدا خۆيان ئاماده‌ كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا ده‌ورێكی باڵاتر ببينن. به‌ڵام ڕه‌وتی توندڕه‌ويی و ئيرهابی سوننه‌ و شيعه‌ی عه‌ره‌ب وای كرد كه‌وا ئه‌مه‌ريكيه‌كان حاڵی نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆيی هه‌رێم بپارێزن. سه‌ركرده‌كانی كورديش توانيان ئه‌وه‌ وه‌ك وه‌ڕه‌قه‌يه‌ك به‌كار بهێنن.

له‌و شازده‌ ساڵه‌ی ڕابوردوودا، ده‌سه‌لاتدارانی كورد فرسه‌تی مێژوويی بێ هاوتايان كه‌وته‌ ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌مای ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی ديموكراتی دابمه‌زرێنن، تاكو سۆز و ڕێز و متمانه‌ی ڕای گشتی جيهانی و پاڵپشتيه‌تی سه‌رتاسه‌ريی زلهێز به‌ده‌ست بێنن. كه‌چی له‌جياتيان، و بۆ خاتری پاراستنی نفوز و به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌تيان، ‌ فه‌شه‌لیان به‌ ته‌واوی پڕۆسه‌ی ده‌وڵه‌تسازی كوردی هێناوه‌. بوونه‌ته‌ نموونه‌ی فه‌شه‌لی بزوتنه‌وه‌ی ميلله‌تێك كه‌وا خه‌باتی بێ وچان و قوربانی بێ سنووری له‌ دژی ديكتاتۆريه‌تی گه‌نده‌ڵ پێشكه‌ش كردوه‌، و له‌ دوای لاچوونی ديكتاتۆريه‌ته‌كه‌ش، به‌ ده‌ستی خۆيان سيسته‌می له‌و گه‌نده‌ڵتر و سه‌رلێشواوتريان دا‌مه‌زراندوه‌. ئيتر جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نيه‌ كه‌وا خه‌ريكه‌ ناو و ناوبانگی كورد له‌ جيهاندا بزرينگێ، و سۆزی ده‌ره‌كی و پشتگيری زلهێزیش لاواز ببێ، و پسپۆڕ و ڕۆژنامه‌نوسانی ده‌ره‌كيش بكه‌ونه‌ ده‌ربڕينی بێ شه‌رمانه‌ی ڕاستيه‌كان. ‌

ڕاپۆڕتی مايكل ڕووبين

مايكل ڕووبين لێكۆڵه‌ره‌وه‌يه‌كی ئه‌مه‌ريكيه‌ و ماوه‌يه‌ك له‌ كوردستان و دواتر له‌ ئيسرائيل كاری كردوه‌، به‌ر له‌وه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ريكی له‌ واشينگتن و له‌ عيراقدا كار بكات. له‌ ٧/١/٢٠٠٨ دا‌ ڕاپۆرتێكی له‌ ڕێگه‌ی ئينستيتوتی ئينته‌رپرايزی ئه‌مه‌ريكی بڵاو كردۆته‌وه‌. ئه‌و ئينستيتيوته‌ بريتيه‌ له‌ ثينك تانكێكی بيركردنه‌وه‌ی گرنگی نێزيك ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ريكی. دياره‌ كه ڕووبين له‌ ڕاپۆرته‌كه‌يدا هه‌وڵی داوه‌ ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی له‌ خه‌ونی هاوپه‌يمانێتی كوردی هه‌ڵبستێنێ، و بيسه‌لمێنی كه‌وا ده‌سه‌لاتدارانی كورد ئه‌و شه‌ريكه‌ مسۆگه‌ره‌ نين كه‌ بۆ پياده‌كردنی پلانی ستراتيژی ئه‌مه‌ريكی‌ پشتيان بێ ببه‌سترێ، وه‌يان بۆ خاتری ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی ئه‌مه‌ريكی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و تورك بخرێته‌‌ مه‌ترسيه‌وه‌. نيشانی ده‌دات كه‌وا كورده‌كان تاجيری سياسين، و بۆ په‌يدا كردنی ده‌سه‌ڵات و پاره‌ ئاماده‌ی ياريده‌دانی ئێران و تيرۆری جيهانن. بۆيه‌ بايی ئه‌وه‌نده‌ جێگه‌ی باوه‌ڕ و متمانه‌ نين تا ئه‌مه‌ريكا وه‌ك شه‌ريكێك بۆ شه‌ڕی دژ به‌ ئێران و شه‌ڕی دژ به‌ تيرۆر ده‌ستيان له‌گه‌ل تێكه‌ڵ بكات. ده‌يه‌وێ ئيداره‌ی بوش ڕێگه‌ی دامه‌زرانی بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ كوردستان نه‌دات، نه‌وه‌كا ڕۆڵی بنكه‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كانی توركيا كه‌م كاته‌وه‌ و به‌ هۆيه‌وه‌ ئه‌مه‌ريكا تووشی داوی كورد ببێ و به‌ مه‌جبووری به‌رگری له‌ ڕژێمێكی بچوكی گه‌نده‌ڵ و ديكتاتۆری بكات.

شايانی باسه‌، كه‌ له‌دوای مايكل ڕووبين، (كه‌يت كڵاڕك) ی بی بی سی وتارێكی هاوشێوه‌ و ته‌واوكه‌ری له‌ ماڵپه‌ڕی ڕێكخراوه‌كه‌يدا له‌ ١٠/١/٢٠٠٨ دا بڵاو كرده‌وه‌. ئه‌وه‌ش بۆنی ناڕه‌زايی به‌ريتانی و ئه‌مه‌ريكی، و‌ بۆنی پيلانی كه‌مپه‌ينێكی لۆبی توركی دژ به‌ كوردی لێ دێت كه‌ دياره‌ له‌ ڕێگه‌ی لۆبی ئيسرائيليه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێ. واته‌ ئه‌گه‌ر ئيهمال بكرێ ڕه‌نگه‌ زه‌ره‌ری نه‌ك ته‌نيا بۆ سه‌ركرده‌كان به‌ڵكو بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌شی تێدا بێ.

وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕووبين و كڵاڕك

بۆ سه‌ركرده‌كانی كورد ئاسانه‌ كه‌ له‌ جێگه‌ی خۆيانه‌وه‌ هه‌ڵبكوتنه‌ سه‌ر شه‌خسی ڕووبين و كڵاڕك، و دوايی ڕاپۆرته‌كانيان بخه‌نه‌ پشت گوێ. ڕاسته‌ ڕووبين بۆ خزمه‌تی ئه‌جيندای دوژمنانه‌وه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی نوسيوه‌، نه‌ك بۆ خزمه‌تی كوردی. به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی كوردی ده‌توانن ئه‌وه‌ به‌ زه‌نگێكی به‌خه‌به‌ر هێنانه‌وه‌ بزانن و بۆ خزمه‌تی كوردی به‌كار بهێنن. زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری به‌ڵگه‌ و زانياريه‌كانی ڕووبين وورد و ڕاستن‌، بۆيه‌ش سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ڕاپۆرته‌ دوژمنانه‌كه‌ی ڕووبين و ڕه‌خنه‌ی دڵسۆزانه‌ی خه‌لكی كوردستان پشتگوێ بخه‌ن و له‌ ژێر په‌تووی ئينكاردا خۆيان بشارنه‌وه. ئه‌و ڕه‌خنه‌ و ناڕه‌زايی ده‌ربڕينانه‌ مه‌سه‌له‌ی كاتيی و ڕووكه‌شيی و سه‌رپێيی نين، به‌ڵكو زۆر له‌وه‌ قوڵتر و كاريگه‌رتر و درێژخايه‌نترن.

ڕووبين له‌ ئاستی چه‌قی ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی و ئاستی جيهانيدا گوێگر و پشتگيری هه‌يه‌. جارێ موئه‌سسه‌سه‌ی ئينته‌رپڕايزی ئه‌مه‌ريكی بريتيه‌ له‌ هه‌مان ئه‌و ثينك تانكه‌ی كه‌ ڕێڕه‌وی سياسه‌تی ئيداره‌ی سه‌رۆكی بوشی له‌ عيراق و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دياری كردوه‌. ڕاپۆرتی پێشتری ئه‌و ثينك تانكه‌ ‌بوو كه‌ وای كرد سه‌رۆك بوش، له‌ جياتی په‌يڕه‌وی كردنی ڕاپۆرتی به‌يكه‌ر- هاميڵتن و كێشانه‌وه‌ی له‌شكره‌كه‌ی له‌عيراقدا، ژماره‌ی له‌شكره‌كه‌ی و هه‌ڵمه‌تی سياسی و عه‌سكه‌ری له‌ وڵاته‌كه‌ زياد بكات. ئێستا چه‌ندين له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و ثينك تانكه‌ له‌ ناو ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكیدا و له‌ ئاستی بڕيارداندا كاربه‌ده‌ستن. ڕووبين خۆيشی له‌ ئۆفيسی دۆناڵد ڕامسفيلد ڕاوێژكار و كاربه‌ده‌ست بووه‌. ئيتر گرنگی ڕاپۆرته‌كه‌ و ئاستی لێزانی و متمانه‌ی ئه‌كاديمی خودی مايكل ڕووبينيش له‌وه‌ به‌رزتره‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد بێ به‌ڵگه‌ وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌، وه‌يان له‌ پشت گوێی بخه‌ن‌. جا سه‌ركرده‌كانی كورد بيانه‌وێ يان نه‌يانه‌وێ، ئه‌و دوو ڕاپۆرته‌ی ڕووبين و كڵاڕك،‌ هی تريان به‌ دوا دادێ و كاريگه‌ری بێ پايانیان له‌سه‌ر بيركردنه‌وه‌ و پلانی ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی دا ده‌بێ. وه‌ ڕه‌نگه‌ ببنه‌ ئيشاره‌تی‌ سه‌رتايی بۆ گۆڕانی نێگه‌تيڤانه‌ی سياسه‌ت و هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ريكی له‌ كوردستاندا. وه‌ له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا له‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵوێستی ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش دا ده‌رده‌كه‌وێ ئايا تا چی ڕاده‌يه‌ك ڕێڕه‌وه‌كه‌یان وه‌رچه‌رخاوه‌. به‌ چاودێری كردنی هاوكێشه‌ عيراقيه‌كان و گفتوگۆكانی به‌غدا، سه‌باره‌ت‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك و يه‌كلايی كردنه‌وه‌ی قانونی نه‌وت و كاره‌كانی تر به‌ده‌رد ده‌كه‌وێ.

سودی ڕاپۆرته‌كه‌ بۆ زلهێزه‌كان

بێ گومان وڵاتانی دراوسێ (به‌ تايبه‌تی توركيا) سوودمه‌ندن به‌ ده‌رچوونی ئه‌و راپۆرته‌. بێجگه‌ له‌وانه‌يش، وڵاتانی وه‌ك ڕوسيا و چين و ئه‌وروپاييه‌كانيش پێی خۆشحاڵن. خۆ ده‌مێكه‌ ئيداره‌ی به‌ريتانی هه‌وڵی داوه‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كان بهێننه‌وه‌ سه‌ر واقيع، و گرنگی زياتر به‌ مه‌ركه‌زی به‌غدا بده‌ن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن كه‌وا ده‌وڵه‌تی كوردی له‌و بۆشاييه‌دا سه‌ر هه‌ڵبدات. له‌ كۆنه‌وه‌ سياسه‌تی به‌ريتانی پڕۆعه‌ره‌به‌ و به‌ريتانيه‌كان به‌ زه‌ق بوونی ڕۆڵی كورده‌وه‌ ناڕه‌حه‌تن. ديپلۆماته‌ به‌ريتانيه‌كان توانيان له‌ ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ دا، له‌ كاتی گفتوگۆی داڕێژتنی ده‌ستووری عيراقدا،‌ ڕێگه‌ له‌وه‌ بگرن كه‌وا ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێستا سه‌ربه‌خۆتر ببێ. له‌ زستان و به‌هاری ساڵی ٢٠٠٧يشدا ديپلۆماتیان (به‌ پله‌ی كونسول) نارده‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی لۆبی بۆ دواخستنی ماده‌ی ١٤٠ بكات. هه‌ر ئه‌و ديپلۆماتانه‌يش ئێستا به‌ ڕاشكاوانه‌ و له‌ شوێنی گشتيدا باس له‌ په‌تای گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن و ده‌يكه‌نه‌ به‌ڵگه‌ كه‌وا هه‌رێم فه‌زلی له‌سه‌ر به‌غدا نيه‌. بۆيه‌ش، ڕاپۆرته‌كه‌ی كڵاركيش، هه‌روه‌ك هی ڕووبين، له‌ ئاستی بڕيارده‌رانی به‌ريتانيدا سه‌دای ده‌بێ.

ئه‌مه‌ريكيه‌كان بۆيان ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌وا سياسه‌تی كۆنيان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ بۆ ماوه‌ی په‌نجا ساڵ پشتی ديكتاتۆره‌كانی ناوچه‌كه‌يان گرتبوو و مافی مرۆڤيان پشتگوێ خستبوو، بووه‌ هۆی په‌يدا بوونی ديارده‌ی ئيرهاب و هه‌ڵسانی ڕق و كينه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌. ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش به‌ ئومێد بوون كه‌وا بتوانن له‌ شوێنێكی وه‌ك كوردستاندا بيسه‌لمێنن كه‌وا بيردۆز و فه‌لسه‌فه‌ی نيۆكۆنزێرڤه‌تيزم ڕاسته‌، وه‌ ده‌كرێ ديموكراسيه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا بچه‌سپێ، و به‌ هۆيه‌وه‌ شه‌ڕی دژ به‌ تيرۆر ببرێته‌وه‌. به‌ڵام له‌ دوای شازده‌ ساڵ حوكمی سه‌ربه‌خۆ، خه‌ڵكی كوردستان وا ده‌ناڵێنن، و ناڕازينه‌ له‌وه‌ی كه‌وا سه‌ره‌ڕای گه‌نده‌ڵيی و بێ به‌رنامه‌ييی و نه‌هجی ديكتاتۆريه‌ت له‌ كوردستاندا، ئه‌مه‌ريكا هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌ پشتگيری كردنی سه‌ركرده‌كانی كورد.

ڕووبين جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌وا كوردی عيراق خه‌باتيان بۆ ديموكراسيه‌ت كردوه‌ به‌ڵام سه‌ركرده‌كان تووشی خه‌يبه‌تی ئه‌مه‌ليان كردون و ئازادی بيروڕايان لێ سه‌ندوونه‌ته‌وه‌ و ڕێگه‌يان له‌ پێشكه‌وتنی وڵاته‌كه‌ گرتوه‌. هه‌ڵبه‌ت له‌وه‌ته‌ی نه‌وه‌ی ئێستا له‌بيريه‌تی، هه‌ر هه‌مان ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ئيمڕۆ‌‌ له‌ سه‌ر ده‌ففه‌ی حوكم بوونه‌ و له‌وه‌ ده‌چێ كه‌ هه‌تا چه‌ند نه‌وه‌يه‌كی تريش هه‌ر خۆيان له‌و ده‌ففه‌يه‌ بمێنن. كه‌چی له‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵوێستياندا ده‌رناكه‌وێ كه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ باوه‌ڕيان به‌ دووا ڕۆژه‌، وه‌ك بڵێی سبه‌ينه‌ دانايه‌ت و جارێكی تر فرسه‌تی حوكمڕانيان نايه‌ته‌وه‌ ده‌ست. له‌ ڕاپۆرته‌كه‌يدا ئيشاره‌تی كردوه‌ كه‌واهيچ سه‌ركرده‌يه‌كی كوردی هه‌وڵی ئه‌وه‌ی نه‌داوه‌ ببێته‌ (نێلسن ماندێلا) بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی وڵاتپه‌رستيدا هه‌تا هه‌تايه‌ بپه‌رسترێ. به‌ڵكو هه‌ر هه‌موويان له‌ سه‌ر شێوازی ياسر عه‌ره‌فاتيانه‌ ده‌يانه‌وێ هه‌تا مه‌رگ سه‌ركرده‌ی بڕيارده‌ر بن و له‌و نێوه‌شدا هه‌ر خه‌ريكی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌س و خێزانی خۆيان بن.

مايكل ڕووبين ده‌يه‌وێ ئه‌و ڕاستيانه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ ديارده‌ی تيرۆر، كه‌ وه‌ك نموونه‌ی فه‌له‌ستين و سعوديه‌ و پاكستان، ئه‌و ناڕه‌زاييه‌ی كوردستان ڕه‌نگه‌ ببنه‌ سووته‌مه‌نی ئيرهابی دژ به‌ زلهێز. دياره‌ كه‌ ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی‌ له‌وه‌ ده‌ترسێ كه‌وا ڕه‌وتی ئه‌نتی ئه‌مه‌ريكی له‌ كوردستانيش وه‌ك باقی عيراقی لێ بێت. واته‌، له‌ توركياوه‌ بگره‌ هه‌تا كه‌نداو و له‌ پاكستانه‌وه هه‌رتا ده‌ريای ناوه‌ڕاست، ڕه‌وته‌كه‌ يه‌كپارچه‌ دژ به‌ به‌رژه‌وه‌نديه‌ باڵاكانی ئه‌مه‌ريكا بێت.

ئايا سياسه‌تی ئه‌مه‌ريكا له‌ مه‌ڕ كورد چی گۆڕاوه‌‌

سه‌ره‌ڕای گۆڕانی ده‌وروبه‌ر و هه‌ڵسوكه‌وتی زلهێز و هێزه‌ ناوچه‌ييه‌كان، و سه‌ره‌ڕای بازدانی كورد بۆ سه‌ر شانۆی نێوده‌وڵه‌تی، له‌وه‌ ناچێ كه‌وا سياسه‌تی ئه‌مه‌ريكا به‌ شێوه‌يه‌كی گشتی چی گۆڕانكاريه‌كی ئه‌وتۆی له‌ به‌رامبه‌ر كورد دا به‌سه‌ر هاتبێ. ئه‌گه‌ر كورد به‌ خۆ نه‌كه‌وێ و فشارێكی شايان نه‌خاته‌ سه‌ر بيركه‌ره‌وه‌ و بڕيارده‌رانی ئيداره‌ و ئينستيتيوته‌كانی تری ئه‌مه‌ريكی، ئه‌وا ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی نيازی نيه‌ كه‌وا هانی پێشخستنی ڕه‌وتی كورد بدات، و له‌ ياريكه‌رێكی لاوه‌كيه‌وه‌ كورد بكاته‌ ياريكه‌رێكی سه‌ره‌كی، وه‌يان به‌غدا و ئه‌نكه‌ره‌ به‌ هه‌ولێر بگۆڕێته‌وه‌. سياسه‌تی ئه‌و شه‌ست ساڵه‌ی رابووردوی ئه‌مه‌ريكی هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌وا كورد كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌يه‌كی عيراقيه‌ و پێويسته‌ له‌ كاتی پێويست دا به‌كار بهێنرێت بۆ پێشخستنی سياسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی ئه‌مه‌ريكی. واته‌، ئه‌مه‌ريكا ئاماده‌ نه‌بووه‌ كه‌ به‌ نرخ و باجێكی زۆره‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ناوچه‌ييه‌كانی تری به‌ قوربانی كورد بكات، و له‌مه‌ودوا به‌ هاوپه‌يمانێكی ستراتيژی وای بزانێ كه‌ له‌ گشت ته‌نگانه و قه‌يرانێكدا (وه‌ك بۆ كوه‌يت و كه‌نداو ده‌يكات) پشتی بگرێ. هاوكاری كردنی ئه‌مه‌ريكی بۆ هێرشه‌ ئاسمانيه‌كانی توركیا، به‌ڵگه‌ بوو كه‌‌وا هاوپه‌يمانێتيه‌كه‌ی ئه‌مه‌ريكا و كورد هی زه‌روره‌ته‌ نه‌ك ستراتيژيه‌ت، وه‌ هێشتا ئه‌مه‌ريكا په‌يوه‌نديه‌ توركيه‌كان و عيراقيه‌كان و عه‌ره‌بيه‌كانی به‌ كورد ناگۆڕێته‌وه‌.

بێ گومان ئه‌و سياسه‌ته‌ ئه‌مه‌ريكيه‌ قابيلی گۆڕانه‌ به‌ڵام به‌ بێ كاری بێ وچان و شه‌ڕه‌ لۆبی چاره‌نوس ساز مه‌حاڵه‌ بگۆڕێ. ئه‌وه‌ی تا ئێستا سه‌ركرده‌كانی كورد كردويانه‌ و به‌و شێوازه‌ی كردويانه‌، نه‌بۆته‌ كه‌فيلێك بۆ گۆڕينی بيركردنه‌وه‌ی ئيداره‌ و مسۆگه‌ر كردنی وه‌لائی سه‌رتاسه‌ريی ئيداره‌. له‌ و سێ چوار ساڵه‌ی ڕابوردوودا، سه‌ركرده‌ كورده‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكيه‌كان به‌رده‌وام هاوده‌نگ بوون‌. له‌ به‌غدا، سه‌رۆك كۆمار و سياسه‌تمه‌داره‌ ناوداره‌كانی كورد زۆربه‌ی كاتيان به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌جينده‌ ئه‌مه‌ريكيه‌‌كان به‌سه‌ر ده‌برد، تا ئه‌و ڕاده‌يه‌ی كه‌وا شيعه‌كان و ئێرانيه‌كان حيسابی نوێنه‌رايه‌تی ئه‌مه‌ريكايان بۆ ده‌كردن. زۆر جار نهێنی عيراقيان لێ ده‌شاردنه‌وه‌‌ به‌و بيانگه‌ی كه‌ نايانه‌وێ " ئه‌مه‌ريكيه‌كان ته‌ره‌ف بن". به‌ڵام ئه‌و ڕاده‌ هاوكاريه‌ نه‌بووه‌ ئيلتيزامێكی ئه‌خلاقی، وه‌يان فشارێكی سياسی ئه‌وتۆ كه‌ وا له‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كان بكات كه‌ كورد به‌ هاوپه‌يمان بزانن. به‌ڵكو له‌ جياتيان به‌ دۆستی مسۆگه‌ریان داده‌نێن و له‌ زوير بوونيان ناترسن. ئێستا دياره‌ كه‌ سككه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ريكی و كوردی كه‌لێنی كه‌وتوه‌تێ، و له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا سه‌ركرده‌كانی كورد تووشی قه‌يرانێكی تر دێنێت. ئاساييه‌ بۆ ئه‌مه‌ريكيه‌كانيش كه‌ مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵيی سه‌ركرده‌كان و ئيداره‌ی كوردی بكه‌نه‌ دارده‌ستێك بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا تووشی سازشی مه‌زنيان بكه‌ن، و به‌ نرخێكی هه‌رزان كه‌ركوك و نه‌وت و سه‌ربه‌خۆيی هه‌رێميان لێ بستێننه‌وه، و هاوكات په‌يوه‌نديه‌ ئێرانيه‌كانيشيان لاواز بكه‌ن و به‌كاريان بهێنن بۆ شه‌ڕی ئێران‌. ئه‌و جۆره‌ موڕاوه‌غه‌يه‌ بووه‌ته‌ ياری پۆكه‌ر و چه‌ندين جار سياسه‌تمه‌دارانی عیراقی و ئه‌مه‌ريكی به‌كاريان هێناوه‌. هه‌رجاره‌ی كار دێته‌ سه‌ر گفتوگۆی چاره‌نوس ساز، داوای شه‌فافيه‌تی دارايی و داهاتی گومرگ و چۆنيه‌تی سه‌رف كردنی بودجه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن و ده‌يبه‌ستنه‌وه‌ به‌ بابه‌ته‌كانی تر. هه‌موو جارێكيش سه‌ركرده‌ كورده‌كان له‌وه‌دا پاشه‌كشه‌يان كردوه‌ و تووشی ئيحراج بوون هاتوون و مه‌وقيعی به‌هێزی گفتوگۆكانيان پێ لاواز بووه‌.

ئايا سه‌ركرده‌كانی كورد له‌مه‌ودوا چی بكه‌ن ؟

دۆزينه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ و ڕێگای ڕاست ئاسانه‌، به‌ڵام پێويستی به‌ نيه‌ت و ئيراده‌ و بڕياری سياسيه‌. پێويستی به‌ دووربينیه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تايبه‌ته‌كانی سه‌ركرده‌كان وگشتيه‌كانی ميلله‌ت به‌ به‌رنامه‌يه‌ك له‌ يه‌كتر گرێ بدرێن. خۆ سه‌ركه‌وتن و ئازاد بوونی هه‌رێم و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ژيانی خه‌ڵكی هه‌رێم خۆی له‌ خۆی دا سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ سه‌ركرده‌كان و ده‌بێته‌ مايه‌ی گه‌شه‌ كردنی نفوز و توانای سياسی و دارايی خودی ده‌سه‌لاتداران.

١- چاكسازی: يه‌كه‌م پله‌ی په‌يژه‌ی سه‌ركه‌وتن‌ له‌ حه‌وشی ماڵه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات. ئه‌گه‌ر هه‌رێم بێ بناغه‌ بێ و ناوماڵ شڕ و ووڕ ‌بێ، ئه‌وا توانی سه‌ركه‌وتن و خۆگريه‌تی كيانی كوردی كه‌م ده‌بێ. كه‌ ميلله‌ت ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و خۆشگوزه‌ران بێ، ئه‌وا خودی سه‌ركرده‌كان يه‌كه‌م سوودمه‌ند ده‌بن و كه‌سيش گله‌يی قه‌يرانه‌كانيان لێ ناكات. ده‌توانن به‌ متمانه‌ی ميلله‌تيان په‌نجه‌ له‌ ڕووی زلهێزی دونيا و هێزه‌ ناوچه‌ييه‌كان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ و ڕێگه‌‌ش له‌‌ ته‌ده‌خول و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیه‌ ده‌ره‌كيه‌كان بگرن. ئه‌گه‌ر ئه‌و متمانه‌يه‌ش په‌يدا نه‌بوو، ئه‌وا وڵات موعه‌ڕه‌ز ده‌بێ و دوژمنه‌كانيش ئيستيغلالی ده‌كه‌ن بۆ ته‌پاندنی ڕژێمی كوردی. نموونه‌ی ڕوخانی ڕژێمی بێ بناغه‌ زۆرن، نزيكترينيان هی ڕژێمی سه‌ددام و شای ئێران و ڕۆمانيا و سۆڤيه‌ت و ده‌يانی ترن. له‌ وتاری پێشوومدا (هاوڵاتی ٦/١/٢٠٠٨ لاپه‌ڕه‌ ١٢) درێژه‌ی ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی چاكسازيم تاوتوێ كرد. له‌وێدا، باسم له‌ گرنگی به‌يه‌كه‌وه‌ دانيشتنی چه‌قه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و يه‌كێتی كرد، وه‌ گرنگی بڕياری سياسی ده‌سه‌ڵاتداران و داڕێژتنی ميكانيزمی پياده‌ كردنی بڕياره‌كانم باس كرد.

٢- ده‌وڵه‌تسازی: به‌ بێی قه‌ڵاچۆ كردنی په‌تای گه‌نده‌ڵيی، مه‌حاڵه‌ پڕۆسه‌ی ده‌وڵه‌تسازی ده‌ست پێ بكات. به‌ڵام بڕبڕه‌ی پشتی ده‌وڵه‌ت و كليلی سه‌ركه‌وتن و دڵنيايی ميلله‌ت له‌ ته‌به‌ننا كردن و په‌يڕه‌وی كردنی ده‌ستوورێكی ديموكراسی تۆكمه‌ په‌يدا ده‌بێ. پێويسته‌ قانون سه‌روه‌ر بێ و دادگای هه‌رێم سه‌ربه‌خۆ بێ و خودی چه‌قی ده‌سه‌ڵات ملكه‌چی قانون بێ. ده‌بێ ميكانيزمی له‌باريش بۆ مسۆگه‌ر كردنی ئه‌و پڕۆسه‌يه‌ دابين بكرێ‌ (درێژه‌كه‌ی له‌ وتاری پێشووم له‌ هاوڵاتی ٦/١/٢٠٠٨ دايه‌).

۳- هه‌ڵمه‌تی لۆبی ده‌ره‌كی: پێويسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی هه‌رێم و نوێنه‌رانی كوردی به‌غدا و نوێنه‌رانی حكومه‌تی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ده‌ست به‌ كه‌مپه‌ينێكی لۆبی نێوده‌وڵه‌تی مونه‌سسه‌ق بكه‌ن كه‌ ئاستی كاريگه‌ريه‌تی و به‌رده‌واميه‌ته‌كه‌ی بگاته‌ هی وڵاتانی دراوسێ. به‌ هۆی ئه‌زموونی كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌نده‌ران و ئيمكانيه‌تی دارايی حكومه‌ت و حيزبه‌ كورديه‌كان، ده‌كرێ ئه‌وه كه‌مپه‌ينه‌ زۆر سه‌ركه‌وتوو بێ. كورد ده‌توانێ پايه‌ی به‌رزی ئه‌خلاقی له‌ خه‌ڵكانی وه‌ك ڕووبين و له‌ لۆبيكه‌رانی ئيسرائيلی و توركی و عه‌ره‌بی بستێنێته‌وه. هه‌ريه‌ك له‌وانه‌ ماڵی له‌ شووشه‌ دروست كراوه‌ و توانای ئه‌وه‌ی نيه‌ له‌ هه‌موو شانۆيه‌كی ده‌‌وليه‌وه‌ ده‌رسی ئه‌خلاق به‌ كورد بڵێته‌وه‌. ده‌بێ سه‌ركرده‌ كورده‌كان به‌ كرده‌وه‌ بيسه‌لمێنن كه‌وا له‌ ڕاستيه‌كان و له‌ ڕه‌خنه‌ی دروستكه‌ر ڕاناكه‌ن، و دان به‌ گرفته‌كان دا ده‌نێن. هاوكات هه‌نگاوی چاكسازی و ده‌وڵه‌ت سازی وا بهاوێن تا نيشانی ده‌ن كه‌ سوڕن له‌سه‌ر ڕاست كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان، و دامه‌زراندنی ديموكراسيه‌ت. ئيتر هه‌ر به‌وانه‌ش ده‌توانن به‌ره‌نگاری لۆبيكه‌ری دوژمن ببنه‌وه‌ و به‌رژ‌ه‌وه‌ندی درێژخايه‌نی هه‌موو لايه‌ك بپارێزن‌.

شايانی باسه‌ كه‌وا خه‌ڵك و ڕۆشنبيرانی كوردستان به‌ قه‌ده‌ر سه‌ركرده‌‌كانيان به‌ ڕاپۆرتی مايكل ڕووبين و كه‌يت كڵارك بريندار و خه‌مگين بوونه‌. هاوكات ئه‌وانه‌ له‌ ناخدا بڕوايان به‌ واقيعيه‌تی ڕاپۆرته‌كه‌ هه‌يه‌ و ئومێده‌وارن كه‌وا سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ جيددی وه‌ری بگرن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌ركی وه‌ڵامدانه‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆی خه‌ڵك و ڕۆشنبيران دا نيه‌، به‌ڵام له‌ تواناياندايه‌ كه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵمه‌تی چاكسازی و ده‌وڵه‌تسازی و لۆبی ده‌ره‌كيدا بكه‌ن.

له‌ كۆنه‌وه‌، ڕۆشنبيران ڕۆڵی گرنگيان له‌ لۆبی كردن بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان ديوه‌، و حيزبه‌كانيش سووديان لێ بينيوه‌. به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم هاتۆته‌ كايه‌وه‌ ڕۆڵی خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی حيزبه‌كان له‌ پڕۆسه‌ی لۆبيدا كز بووه‌ يان نه‌ماوه‌. هۆی ئه‌وه‌يش هه‌مه‌ لايه‌نه‌. له‌ لايه‌كه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌‌وه‌ بۆ هۆی ناڕه‌زايی خه‌ڵك له‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان و په‌يدا بوونی ئه‌زمه‌ی متمانه‌ له‌ نێوان سه‌ركرده‌كان و كۆمه‌ڵگای كورده‌واری. له‌ لايه‌كی تريشه‌وه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌مته‌رخه‌می نامه‌سئولانه‌ی هه‌ندێك له‌ نوێنه‌ره‌كانی دوو حيزبه‌كه‌ و حكومه‌تی هه‌رێم. ئه‌وانه‌‌ له‌ چه‌ند‌ وڵاتێكی گرنگدا، كۆمه‌ڵگای كورده‌واريان به‌ گشتی ئيهمال كردوه‌ و به‌شداريان له‌ پڕۆسه‌‌ی لۆبيكردن‌ پێ نه‌كردوون. ڕۆشنبيرانی ده‌ره‌وه‌ هه‌رده‌م بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌ كوڵاون و به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ چاودێری ڕووداوه‌كانن و ئاماده‌ی هاوكاری حكومه‌تن، به‌ڵام چاوه‌ڕێی ده‌ستپێشكه‌ری نوێنه‌رانی حكومه‌ت و به‌ڵگه‌ی وڵاتپه‌رستی سه‌ركرده‌كانن. ئه‌ركی سه‌رشانی حكومه‌تی كوردستانه‌ كه‌وا ئالقه‌ی لۆبيكردنی فه‌رمی و نافه‌رمی له‌ هه‌نده‌ران لێك ببه‌ستێته‌وه‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی كوردی بيانخاته‌ گه‌ڕ‌.

دوا ووشه‌

ده‌بێ سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ بڕيار و كرداری جيددی وده‌ست پێ كردنی پڕۆسه‌ی چاكسازی و ده‌وڵه‌تسازی و به‌ گيانی ميلله‌تپه‌رستانه‌ وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌‌كان‌ بده‌نه‌وه‌. به‌ هۆی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی قانون به‌ره‌نگاری لۆبی و مه‌ترسيه‌ ده‌ره‌كيه‌كان ببنه‌وه‌ و به‌ هۆيانه‌وه‌ ئيراده‌ی خۆيان له‌سه‌ر خودی ئه‌مه‌ريكاش فه‌ڕز بكه‌ن. مه‌ترسی مه‌زن له‌وه‌ دايه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كان ئه‌و زه‌نگانه‌ بخه‌نه‌ پشت گوێ و به‌ هۆيه‌وه‌ جله‌وی ڕووداوه‌كانيان له‌ ده‌ست ده‌ربچێ، و له‌ ئه‌نجامدا له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا له‌ كورد بقه‌ومێ. خۆ له‌وانه‌يه‌ خودی ميلله‌تی كورد په‌نا بباته‌ به‌ر هێزی ده‌ره‌كی و داوای يارمه‌تی بكات بۆ ڕزگار كردنی وڵات له‌ په‌تای گه‌نده‌ڵيی و له‌ چه‌نگی ده‌سه‌لاتدارانی بێ چاره‌. ده‌بێ سه‌ركرده‌كان بيسه‌لمێنن كه‌وا بڕوايان به‌ خۆيان و قه‌زيه‌كه‌يان و ميلله‌ته‌كه‌يانه‌ و هه‌ر خۆيشيان شايانی ئه‌وه‌‌ن خه‌ڵكی كوردستان له‌دوايانه‌وه‌ بێ. ته‌نيا ڕێگه له‌به‌رده‌م سه‌ركرده‌كان ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا ناوماڵيان ته‌رتيب بكه‌ن و به‌ زامين كردنی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵايه‌تی خه‌لكی كوردستان ڕازی بكه‌ن و به‌ سيقه‌ی ميلله‌تيانه‌و‌ه‌ به‌ره‌نگاری قه‌يرانه‌كان ببنه‌وه‌. خه‌لكی كوردستان پشوویان درێژه‌ و ئه‌گه‌ر بڕوا به‌ نيه‌تی سه‌ركرده‌كانیان بهێنن، ئه‌وا سه‌بريان لێ ده‌گرن و فرسه‌تی چاكسازی درێژخايه‌نيشيان پێ ده‌ده‌ن.

No comments: