Wednesday, 7 February 2007

بوش له‌ عیراق بێ ئومێده‌‌ و مه‌به‌ستی لێدانی ئێرانه‌

بوش له‌ عیراق بێ ئومێده‌‌ و ستراتيژيه‌‌ نوێیه‌كه‌شی بۆ لێدانی ئێرانه‌

به‌رله‌ هاوین، ئه‌مريكا و ئيسرائيل، به‌ يارمه‌تی توركيا، له‌ ئێران ده‌ده‌ن
توركياش ده‌يه‌وێ له‌و ڕێگه‌يه‌وه‌،‌ په‌كه‌كه‌ و كه‌ركوك و خه‌ونی كورد له‌ناوبه‌رێ
ئايا سه‌ركرده‌كانی كورد ئاماده‌ن‌ بۆ كاری ده‌ستپێشخه‌ری، وه‌يان كه‌لعاده‌ هه‌ر چاوه‌ڕێی قه‌ده‌رن؟

پرۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

هاوڵاتی - ژماره‌ ۳١٢ - چوارشه‌ممه‌ ٧/٢/٢٠٠٧ لاپه‌ڕه‌ ١٤



به‌ هه‌موو حه‌ق و حيسابێك، ئه‌مريكا شه‌ڕی عيراقی دۆڕاندوه‌، و عيراقيش بوه‌ته‌ مێژوو. ئه‌گه‌ر به‌ سه‌رۆك بوش بوايه‌، ده‌بوايه‌ ئێستا عيراق نمونه‌يه‌كی ڕه‌وشه‌نی ديموكراسي بوايه‌، وه‌ له‌وێشه‌وه‌ ڕ‌‌ه‌شه‌بای ديموكراسيه‌ت دارستانی ديكتاتۆره‌ ڕۆژهه‌ڵاتيه‌ناوه‌ڕاسته‌كانی بهه‌ژاندبايه‌؛ پڕۆسه‌ی ڕيفۆرمی ڕژێمه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان ده‌ستی پێكردبايه‌ و له‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ بناغه‌ی تێرۆريستان هه‌ڵكه‌ندرابايه. به‌ڵام له‌ جياتی ئه‌وانه‌، ئه‌مريكا له‌ گێژاودايه‌، له‌شكره‌كه‌ی له‌ ئه‌زمه‌ی شكست دايه‌، هه‌تاوی تاقه‌ زلهێزی دونيا له‌ ئاوابووندايه‌، و ‌ئه‌ستێره‌ی خودی سه‌رۆكيش له‌ نقوم بووندايه‌. ده‌نگی ئۆپۆزيسيۆن له‌ هه‌موو لايه‌كدا (بگره‌ له‌نا خودی حيزبه‌كه‌ی سه‌رۆكدا) له‌ به‌رزبونه‌وه‌دايه، و ده‌يانه‌وێ سه‌رۆك واز له‌و خه‌ونی نێۆكۆنزيرڤه‌تيڤه‌كان بێنێ، ته‌سليم به‌ واقيع ببێ . له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئيسلامی توندڕه‌وی ئێران و تيرۆری سوننه‌ی قه‌ومی عه‌ره‌بیدا خۆی بگونجێنێ. له‌ ئه‌نجامداعيراق بگه‌رێنێته‌وه‌ دۆخی جارانی و له‌شكری ئه‌مريكی له‌ جليتاوه‌كه‌ی ده‌ربێنێ.

به‌ڵام ئازايانه‌، سه‌رۆك بوش ئه‌و فشارانه‌ی په‌ڕاويزكردوه‌. له‌جياتی كۆڵدان، قوتدانی ژه‌هری دۆڕان، بڕياری دا كێله‌به‌ردێكی تريش ڕابوه‌شێنێ و هێرش بباته‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی دوژمنه‌كانی. له‌ جياتی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگر، بڕياری دا ئاگرێكی نوێ له‌ عيراق و ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ربدا. له‌ ئاينده‌يه‌كی نيزيكدا، هه‌تا كۆتايی به‌هار، به‌ ڕووداوی حاسيم و چاره‌نوس ساز،‌ ته‌واوی پارسه‌نگی هێزه‌كان سه‌رله‌نوێ ئاڵۆز ده‌بنه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ شه‌ڕێكی چه‌ند قۆڵيی ڕووبدات له‌ نێوان دوولايه‌نه‌وه‌، ئه‌مريكا و ئيسرائيل (به‌ يارمه‌تی توركيا و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بيه‌كان‌) له‌ لايه‌كه‌وه‌، له‌ دژی ئێران و له‌شكری مه‌هدی و حيزبوللای لوبنانی له‌ لايه‌كی تره‌وه‌.

ئايا له‌و نێوانه‌دا، و له‌ ئه‌نجامی موغامه‌ره‌ی نوێی سه‌رۆك بوشدا، كوردستان سوودمه‌ند و براوه د‌ه‌بێ، وه‌يان زه‌ره‌مه‌ند و دۆڕاو. وه‌ڵامه‌كه‌شی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر حيكمه‌ت و هوشياريی و كاری ده‌سپێشخه‌ريی سه‌ركرده‌كانی كورد.

قه‌يرانی بوش

ده‌مێك بوو پلان و ڕێڕه‌وی سياسه‌تی سه‌رۆك بووش له‌ عيراقدا سه‌ره‌ولێژ بوو. به‌ڵام له‌ مانگی شوباتی پاره‌وه‌، له‌دوای ته‌قينه‌وه‌ی مه‌رقه‌ده‌كانی سامه‌ڕڕا، ئاگری شه‌ڕی ئه‌هلی له‌ عيراقدا بلێسه‌ی به‌رز بووه‌وه‌ و مۆری فه‌شه‌ل به‌ ستراتيژيه‌كانه‌وه‌ نوسا. ئه‌و تروسكه‌ هيوايه‌ی هه‌شبوو كوژايه‌وه‌، به‌ جۆرێك كه‌ هيچ هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵلايه‌كی سياسی و سه‌ربازی، بارو دۆخه‌كه‌ی بۆ دانه‌مركايه‌وه‌. بۆيه‌ش، به‌ درێژايی ‌ ساڵی ڕابووردوو، ده‌نگی ناڕه‌زايی خه‌لك و سياسه‌تمه‌دارانی ئه‌مريكی تا ده‌هات به‌رزتر ده‌بوه‌وه‌. ئه‌وه‌ش وای له‌ سه‌رۆك بوش كرد كه‌ به‌ ڕ‌‌ه‌سمی داوا له‌ به‌يكه‌ر و هاميلتن بكات كه‌ به‌ سياسه‌ته‌كه‌ی دا بچنه‌وه‌و پێشنيازی خۆيانی پێشكه‌ش بكه‌ن. گروپی به‌يكه‌ريش به بێ به‌زه‌ييیه‌وه‌ په‌نجه‌ی له‌ سه‌ر هه‌موو برينێكی بوش دانا و هه‌وڵيدا ئيداره‌كه‌ بهێنێته‌وه‌‌ سه‌ر هێلی سياسه‌تی كلاسيكی ئه‌مريكی – دوور له‌ بزوتنه‌وه‌ی نيۆكۆنزێرڤه‌تيزم.

هه‌لبه‌ت، سه‌ڕ‌ه‌ڕای دڵگران بوونی سه‌رۆك بۆش له‌ به‌رنامه‌ی ئه‌لته‌رناتيڤ‌، ديار بوو كه‌ له‌ نزيكه‌وه‌ موتابه‌عه‌ی لێكۆڵينه‌وه‌كانی كۆميته‌ی به‌يكه‌ری ده‌كرد، و به‌ نيازيش بوو بێشنيازه‌كانی پياده بكات و بيانكاته‌ عوزرێك بۆ شاردنه‌وه‌ی شه‌رمه‌زاريی. ئه‌وه‌ بوو، له‌ ڕوانگه‌ی لێكۆڵينه‌و‌ه‌كاندا، سه‌رۆك بوش چه‌ندين گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له‌ ناو پێنتاگۆندا كرد.‌ له هه‌موويان گرنگتر دانانی گه‌يتس، يه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی كۆميته‌كه‌، بوو له‌ شوێنی ڕامسفيلدی گه‌وره‌ حه‌ليفی. به‌ڵام موفاجه‌ئه‌ی مه‌زن له‌دوای ده‌رچوونی ڕاپۆرته‌كه‌ی به‌يكه‌ر ڕووی دا. له‌ناكاو سه‌رۆك بوش مه‌جبوور كرا له‌‌ ژێر فشاری هه‌مه‌لايه‌نه‌، كه‌ سه‌بر بگری. ئه‌ويش وه‌عده‌ی دا كه‌ به‌ ووردی بير بكاته‌وه‌ پێش داڕژتنی ستراتيژيه‌تی نوێی.

ئيسرائيل ڕاپۆڕته‌كه‌ی به‌يكه‌ری كوشت

سه‌ركرده‌كانی كورد زۆر به‌ له‌خۆ ڕازي بوونه‌وه‌ و پيرۆزباييان له‌ خۆيان ده‌كرد، وه‌ك بڵێی كه‌ توانيان كاربكه‌نه‌ سه‌ر بڕياری سه‌رۆك بوش بۆ په‌راوێز كردنی ڕاپۆرته‌كه‌ی به‌يكه‌ر. به‌ڵام له‌ڕاستيدا، ئه‌وه‌ی كورد كردی زۆر دره‌نگ و زۆركه‌م بوو. ڕاسته‌، جه‌ماوه‌ر و سه‌ركرده‌كانی كورد له‌ دژی ڕاپۆرتی به‌يكه‌ر قيت بوونه‌وه‌، ده‌نگی ناڕه‌زاييان به‌رز كرده‌وه‌، دڵنياشم له‌وه‌ی كه‌ تۆزه‌ كاريگه‌ريه‌كيشيان هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی به‌يكه‌ری له‌ قه‌بری نا، نه‌ڕڕ‌‌ه‌ی ناڕه‌زايی ئيسرائيل و لۆبی جوله‌كه‌ی ئه‌مريكی بوو.

هه‌رله‌يه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌، ئێهود ئۆڵمێرتی سه‌رۆكوه‌زير و سه‌رچاوه‌كانی قه‌رای ئيسرائيلی و لۆبی و ڕۆژنامه‌كانی جوله‌كه‌، كه‌وتنه‌ هێرشی ڕاسته‌وخۆ له‌دژی خودی به‌يكه‌ر و ڕاپۆرته‌كه‌ی. پۆخڵه‌واتی ساڵانی ١۹۹٨-٢٠٠٠يان له‌ هه‌مبانه‌ی مێژوو ده‌رهێنا. ئاشكرايان كرد كه به‌يكه‌ر به‌ شێوه‌يه‌كی ناقانونی وله‌ ڕێگه‌ی كۆمپانياكه‌ی (به‌يكه‌ر بۆتس) ئابلۆقه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رعيراقی شكاندوه‌ و يارمه‌تی ڕژێمی سه‌ددامی داوه. دياره‌ كه‌ به‌يكه‌ربۆتس، له‌ڕێگه‌ی (نير گۆواز)ی ئيسرائيلی‌ و (شاكر توفيق فه‌خوری)ی ئوردونی، په‌يوه‌ندی به‌ عيراقيه‌كان كردوه بۆ خاتری سه‌ندنه‌وه‌ی كۆنه‌ قه‌ردێكی نۆسه‌د مليۆن دۆلاريی بۆ كۆمپانيای هايوندای كۆريايی، كه‌ له‌ ئه‌ستۆی ڕژێمی سه‌ددامدا مابوه‌وه . سه‌ددام له‌جياتی پاره‌كه‌، بايی چوارسه‌دو په‌نجا مليۆن دۆلار‌ كۆبۆنی نه‌وتی پێداون و كه‌سيان له‌كه‌س. گۆواز و فه‌خوریش به‌ دووسه‌دو په‌نجا مليۆن دۆلار هايۆندايان ‌ڕازی كردوه، و سيوسێ مليۆن دۆلاريشيان (وه‌ك عموله‌) داوه‌ته‌ به‌يكه‌ربۆتس.

هه‌ڵبه‌ت ئيسرائيل ده‌مێكه‌ ئاگاداری ئه‌و مێژووه‌يه‌ به‌ڵام ئيمرۆ به‌كاری هێنا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌يكه‌رو هاميلتن ده‌يانه‌وێ كێشه‌ی عيراق و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر حيسابی ئيسرائيل چاره‌سه‌ر بكه‌ن. پێشنيازيان‌ كردووه‌ كه‌ سه‌رۆك بووش ته‌نازول بۆ سوريا و ئێران بكات، وه‌ فشار بخاته‌ سه‌ر ئيسرائيليش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست. هه‌رچی ئيسرائيله‌ ئه‌و كاره‌ به‌ مه‌ترسيه‌كی چاره‌نووسيی ده‌زانێ. ماوه‌ی دوو ساڵيشه، له‌و ڕۆژ‌ه‌وه‌ كه‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ته‌هديده‌ ڕاسته‌وخۆيه‌كانی به‌رامبه‌ر ئيسرائيل كردوه، ئيسرائيل به‌ ئاشكرا ئيعلانی دوژمنايه‌تی ئێرانی كردوه‌ و لۆبی جوله‌كه‌ له‌ جمو جۆڵدايه‌ بۆ خۆشكردنی زه‌مينه‌ بۆ لێدانی. ته‌نانه‌ت، هێرشه‌كه‌ی ئيسرائيل بۆ سه‌ر حيزبوللای لوبنانی هه‌ربۆ سزادانی ئێران بوو

ئيتر به‌و جۆره‌، سه‌رۆك بوش بۆی نه‌كرا به‌رگری له‌ به‌يكه‌ر بكات، وه‌يان له‌ دژی ويستی ئيسرائيلی بوه‌ستێ. خۆ مه‌سه‌له‌ی سه‌ركه‌وتن له‌ شه‌ڕی عيراق به‌لای بوشه‌وه‌ بوه‌ته‌ قه‌زيه‌يه‌كی زۆر شه‌خسی، واته‌ دۆڕان له‌ عيراق به‌ دۆڕانی خۆی و فه‌لسه‌فه‌ی نيۆكۆنزێرفه‌تيفيزم ده‌زانێ. ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ شه‌ری عيراق په‌يوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای ئه‌مريكیه‌وه‌يه‌ و ڕه‌نگه‌‌ دۆڕان له‌‌ عيراق‌ زنجيره دۆڕانێكی تریشی به‌دوادابێ. كابوسی چيرۆكی عيراق له‌ هی ڤێتنام ترسناكتر ده‌بێ و ئه‌مريكا لێی هه‌لنا‌ستێته‌وه‌. ئه‌و جۆره‌ شكسته‌ مێژووييه‌ ڕه‌نگه‌ كۆتايی به‌ مۆنۆپۆلی زلهێزيه‌تی ئه‌مريكی بهێنێ و ليێره‌ به‌دواوه‌ ڕۆژی ئيمپڕاتۆڕيه‌تی ئه‌مريكی به‌ره‌و ئاوا بوون بڕوات. ئيتر سه‌رۆك بوش و هاوبيره نيۆكۆنزيرڤه‌تيڤه‌كانی "ستراتيژيه‌تێكی نوێ"يان دارژت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مايه‌ی كه‌ هێشتا شه‌ڕ به‌ته‌واوی نه‌دۆڕاوه‌ و مه‌جالی بردنه‌وه‌ی تێدا ماوه‌. هه‌تا ئه‌و مه‌جاله‌ش مابێ نابێ ئه‌مريكا پاشه‌كشه‌بكات و ئيعلانی دۆڕان بكات، چونكه‌ شه‌ڕی عيراق بۆ عيراق نيه‌، به‌ڵكو چاره‌نووسيه‌ بۆ خودی ئه‌مريكا.

عيراقێكی دۆڕاو

سه‌رۆك بوش زۆرباش ده‌زانێ كه‌ باری ناله‌باری ناو عيراق گه‌يشتۆته‌ ڕاده‌ی نيوه‌ موسته‌حيل. ده‌مێكيشه‌ ده‌زانێ كه‌ كليلی چاره‌سه‌ر، وه‌يان تێكدان، له‌ ده‌ستی ئه‌مريكاو ئێرانه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ئێران ته‌عاون نه‌كات (كه‌ نايكات)، ته‌نيا ڕێگه‌ی ناچار كردنی، به‌ هێزی له‌شكر و به‌ زه‌بری لێدانه‌. بۆيه‌ش، هێڵی پانی ستراتيژيه‌ته نوێيه‌كه‌‌ بريتيه‌ له‌ پلانێكی سه‌ربازيی‌، نه‌ك به‌ مه‌به‌ستی سه‌قامگيركردنی ئاسايش نيه‌ له‌ شارێكی وه‌ك به‌غدا، به‌ڵكو بۆ پلان و پيلانێكی مه‌زنتر‌. بۆ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئاينده‌ دا ئه‌مريكا له‌ ئێرانی دا، له‌شكری مه‌هدی نه‌توانێ ئينقيلاب له‌ به‌غدا به‌رپا بكات.

به‌ر له‌ ساڵێك، سه‌دوشه‌ست هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مريكی له‌ عيراقدا هه‌بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاسايش له‌ عيراقدا سه‌قامگير ببێ. ئايا چی وا ده‌كات كه‌ به‌ سه‌رجه‌م سه‌دوپه‌نجاوچوار هه‌زار سه‌رباز عيراق ئارام ببێ. سه‌ربازی ئه‌مريكی له‌ به‌رامبه‌ڕ تيرۆری كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌يه‌كی (سوننه‌ی) ده‌ره‌وه‌ی جيهازی ده‌وڵه‌ت شكستی هێناوه‌، چی جای له‌شكریێكی جه‌ماوه‌ری ‌ سه‌ربه‌ زۆرينه‌ نه‌ته‌وه‌ی عيراق. سه‌دريه‌كان زياتر له‌ ۳٢ ئه‌ندامی په‌رله‌مان و شه‌ش وه‌زيريان هه‌يه، و به‌شێكی دانه‌بڕاويشن له‌ جيهازی داپلۆسينی (سوپا و پۆليس و موغاويری) حكومه‌ت. پێش دوو ساڵ، له‌شكری مه‌هدی له‌ دوو هه‌زاركه‌س تێنه‌ده‌په‌ڕی، ئێستا له‌ شه‌ست هه‌زار تێپه‌ڕيوه‌،و له‌ فه‌يله‌قی به‌در مه‌زنتر و جه‌ماوه‌ريترو دڕنده‌تره.

ڕه‌نگه‌ ئه‌مريكيه‌كان له‌سه‌ره‌تادا خۆيان تووشی شه‌ڕی خۆ تڕێن ناكه‌ن به‌رامبه‌ربه‌ له‌شكری كراشخوارانی مه‌هدی، مه‌گه‌ر به‌ مه‌جبووری تووشيان ببن. ئه‌و ته‌رزه‌ ته‌شقه‌ڵانه‌ی كه‌ ئه‌مريكا به‌ سه‌ركرده‌ مه‌يدانيه‌كانی له‌شكری مه‌هدی و سيخوڕه‌ ئێرانيه‌كانی كردوه‌، بۆ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ موقته‌دا هه‌ست به‌ گه‌رمايه‌كه‌ بكات و عاقل ببێ و بزانێ كه‌ ئه‌مريكا ئه‌وجاره‌يان به‌ڕاستيه‌تی. موقته‌داش ده‌زانێ كه‌ ئێستا بۆته‌ هه‌ده‌ف و حيسابی زه‌رقاوی بۆ ده‌كرێ. بۆيه‌ش له‌لايه‌كه‌وه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی نارده‌وه‌ په‌رله‌مان، ده‌نگی بۆ پلانه‌ ئه‌منيه‌كه‌ی ماليكی دا، وه‌ فه‌توای "ته‌قيه" ‌كردنی ده‌ركردوه‌ تاكو چه‌كداره‌كانی خۆيان له‌ ئه‌ميريكيه‌كان بپارێزن. چه‌ندين له‌ سه‌ركرده‌ مه‌يدانيه‌كانی له‌شكری مه‌هدی له‌ترسی ڕاوكردنيان په‌ڕيونه‌ته‌وه‌ ديوی ئێران.

ماليكی و حكومه‌تێكی ناحكومه‌ت

ئه‌نجامدانی پلانه‌كه‌ی سه‌رۆك بوش به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌ڵسانی‌ ماليكی به‌ واجيبی خۆی، واته‌ كۆنتڕۆل كردنی ئاسايشی به‌غدا و باقی عيراق. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی ئاگاداری حالی شڕ و ناته‌بايی حكومه‌ته‌كه‌ی ماليكی بێ، ده‌زانێ كه‌وا بوش چاوه‌ڕواني موعجيزه‌يه، وه‌يان چاوه‌ڕوانی به‌هانه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌تای فه‌شه‌لی بخاته‌ ئه‌ستۆی ماليكی و بيكاته‌ قۆچی قوربانی.

جارێ له‌ عيراقدا. ماليكی به‌شێكه‌ له‌ موشكيله‌ نه‌ك له‌ چاره. خۆی له‌ڕێگه‌ی موناوه‌ره‌ی ئه‌مريكيه‌وه‌ نه‌هاتۆته‌ سه‌ر حوكم، به‌ڵكو به‌ هۆی ئێران و موقته‌دا له‌ حوكمه‌ و هه‌ر به‌هيمهه‌تی ئه‌وانيش به‌رده‌وامه‌. حكومه‌تی ماليكی هه‌ربه‌ ئه‌سيری له‌ دايك بوه‌ و له‌ دروست بوونيه‌وه‌ زيندويه‌كی مردوه‌‌‌. هه‌موو حكومه‌تێكی ئيئتيلافيی (هه‌روه‌ك هی كوردی) به‌سروشت لاوازه‌، به‌ڵام هی ماليكی ئه‌سيری ميليشيا و هێزه‌ده‌ره‌كيه‌كانه‌. هه‌ركاتێك ئێران بيه‌وێ، هه‌رله‌ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی ديموكراتيه‌وه‌ ماليكی لاده‌بات، و‌ه‌يان ده‌‌يهێليته‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ماليكی به‌ قسه‌ی بوش بكات ده‌بێ له‌ دژی ئيراده‌ی قاعيده‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی و پاڵپشته‌ په‌رله‌مانيه‌كه‌ی (كوتله‌ی سه‌دری)، و حه‌ليفه‌ ستراتيژيه‌كه‌ی (ئێران)، مه‌رجه‌عه‌ باڵاكه‌ی (سيستانی) ڕابوه‌ستێ. ئه‌وه‌ش مه‌حاله‌. له‌ ڕاستيشدا، بوش نايه‌وێ ماليكی لابچێ، به‌ڵام ده‌يه‌وێ له‌ موقته‌دای جيا بكاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر موقته‌دا چه‌ك دانه‌نێ. خۆ ته‌كوينه‌ی په‌رله‌مانی و حيزبايه‌تی له‌ عيراقدا، ئه‌وه‌نده‌ بێ خێر بووه‌ كه‌ كه‌س توانای حوكم كردنی نيه‌. هه‌ر حيزبه‌ و هه‌ر شه‌خسه‌ی ته‌ركيزی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌تی شه‌خسی و حيزبيه‌، و كه‌س نيه‌ بۆ عيراق بيركاته‌وه، وه‌يان وه‌لائی بۆ عيراق هه‌بێ. بۆيه‌ش، هێشتنه‌وه‌ی ماليكی سه‌لامه‌تترين ئيختياره‌ و باشتره له‌وه‌ی كه‌ ئه‌زمه‌يه‌كی حكومی تازه بێته‌ كايه‌وه‌.

ئيعتيمادی بوش و ماليكی له‌سه‌ر سوپا و پۆليسی عيراقيشه، وه‌ك دوو جيهازی پرۆفێشنه‌ڵی ووڵاتپارێز‌. به‌ڵام له‌ عيراقدا، نه‌ سوپا سوپايه‌ و نه‌ پۆليسيش پۆليسه‌. هه‌ردوكيان بريتين له‌ جيهازی گه‌نده‌ڵيی و دارده‌ستی ميليشيا و حيزبه‌ حوكمداره‌كان. ڕه‌نگه‌ بوش و ماليكی دڵيان به‌ سوپای كوردی خۆش بێ، به‌ڵام ئه‌و سوپايه‌ وه‌لائی نه‌ بۆ عيراقه‌ و نه‌ بۆ ئه‌وجۆره‌ سه‌ركرده‌يه‌ی كورديشه‌ كه‌ ده‌يه‌وێ بينێرێ بۆ شه‌ڕی عيراق. مردنی لاوی كورد له‌ پێناوی ئه‌جيندای ماليكی جياوازيه‌كی نيه‌ له‌گه‌ل مردن له‌ پێناوی ئه‌جيندای سه‌ددام. خۆ ئه‌گه‌ر لاوی كورد له‌ سوپای عيراق فيرار بكات، كێ ده‌توانێ سزای بدات به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئابرووی خۆی ببات. ئيتر، بوش پشتی به‌ سوپا و پۆليسی عيراقی نابه‌ستێ، به‌ڵام ڕێگه‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ميليشيا ده‌گرێ و نايه‌لێ له‌ دژی ئه‌مريكا وه‌يان حكومه‌تی عيراق به‌كار بهێندرێن.

لێدانی ئێران چه‌قی ستراتيژيه‌ی نوێيه‌

هه‌تا ساڵی ٢٠٠۳، سه‌رۆك بوش بڕوای به‌وه‌بووكه‌ ده‌كرێ ديموكراسيه‌ت له‌ عيراقدا بچه‌سپێ. بڕوای به‌سه‌ربه‌خۆيی سياسه‌تمه‌دارانی شيعه‌ی عيراق هه‌بوو. به‌ڵام زوو بۆی به‌ده‌ر كه‌وت كه‌ ئێران ياريكه‌رێكی زۆر له‌وه‌ زيره‌كتر و ده‌سپێشخه‌رتره‌، عيراق به‌كار ده‌هێنێ بۆ پياده‌كردنی ئه‌جيندا جيهانيه‌كانی، بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌نديه‌كانی. ئێرانيه‌كان عيراق به‌ گۆڕه‌پانی پشت ماڵیيان ده‌زانن و شيعه‌ی عيراقيش به‌ ميلله‌تی خۆيان داده‌نێن. چه‌نگی ئێران له‌ناو جيهازی سياسی شيعه‌دا وا قوڵچه‌قيوه‌ و لێك داپچڕانيان مه‌حاله‌. بوش ده‌يزانی كه‌ ڕوخانی سه‌ددام له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێران دايه‌، به‌ڵام وای نه‌ده‌زانی كه‌ ‌ڕۆژێك دێت عيراقيش ده‌بيته‌ نێچيرێكی ئاسان بۆ ئێران. بوش بۆی ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ هه‌تا ڕژێمی ئێران به‌و توانا‌ و هه‌ڵوێسته‌ی بمێنێ، سه‌ركه‌وتن له‌ عيراقدا قه‌ت به‌ده‌ست نايه‌ت. بۆيه‌ش، له‌ ستراتيژيه‌تی نوێدا، سه‌ركه‌وتن له‌ عيراق بابه‌تێكی هه‌ڵپه‌سێردراوه‌، و لێدانی ئێران چه‌قی هه‌ده‌فه‌كانه‌.‌

ده‌مێكه‌ سه‌رۆك بوش ناوی ئێرانی به‌ ميحوه‌ڕی شه‌ڕهێناوه. هاوكات، ئيسرائيل ده‌مێكه‌ لۆبی بۆ لێدانی بنكه‌ ئه‌تۆميه‌كانی ئێران ده‌كات. ئيسرائيل تۆقيوه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌تا دێ ئاگری ئێران ليێی نزيكتر ده‌بێته‌وه‌. له‌ لوبنان حيزبوڵڵا له‌سه‌ر سنوريه‌تی، له‌ فه‌ڵه‌ستين حه‌ماس له‌ ناو جه‌رگه‌يه‌تی. بێجگه‌ له‌وانه‌ش ساروخی (شه‌هاب ۳ و ٤)ی ئێرانی مه‌وداكه‌ی به‌ئاسانی هه‌تا ده‌ريای ناوه‌ڕاست ده‌ڕوات. بۆيه‌ش به‌لای ئيسرائيله‌وه‌، مه‌سه‌له‌ی لێدانی بنكه‌ ئه‌تۆمی و ساروخيه‌كانی ئێران، مه‌سه‌له‌ی مان و نه‌مانه‌‌. خۆ به‌لای ئه‌مريكا و حه‌ليفه‌ ڕۆژهه‌ڵاتيه‌ ناوه‌ڕاسته‌كانيشه‌وه‌ (توركيا و ئوردون و ميسر و سعوديه‌ وكوێت و ووڵاته‌ كه‌نداويه‌كان)، ديسانه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی ڕێگرتن له‌ به‌ ئه‌تۆم بوونی ئێران كارێكی زه‌رووريه‌.

ئاماده‌باشيی بۆ شه‌ری ئێران

پلانی شه‌ڕی ئيران، له‌ ساڵی ٢٠٠٥ه‌وه‌، له‌سه‌رده‌می شارۆنه‌وه‌، به‌ به‌ هاوبه‌شی ئه‌مريكا و ئيسرائيل دانراوه‌ و بڕياری له‌سه‌ر دراوه‌. له‌ڕابوردوودا، پلانه‌كه‌ ته‌نفيز نه‌كرا چونكه‌ ئيسرائيل ئاماده‌ نه‌بوو و بوشيش ده‌يده‌ويست پرۆسه‌ی ده‌ستوور و پێكه‌وه‌نانی حكومه‌تی هه‌ڵبژێردراو له‌ عيراقدا، ئاڵۆزتر ببێ. به‌ڵام، ئێستا بار و دۆخ گۆڕاون. ئيسرائيل له‌ حيزبوڵڵای دا و مه‌ترسيه‌كانی دوورخسته‌وه‌. حه‌ماسی فه‌له‌ستينی به‌ره‌و كزيه‌ خه‌ريكی شه‌ڕی فه‌تحه‌ و زه‌بری ده‌ستوه‌شانی كه‌م بۆته‌وه‌. له‌ عيراقيش به‌هۆی شه‌ڕی ئه‌هلیه‌وه‌، بار وا ئاڵۆز بوه‌، له‌وه‌ خراپتر نابێ. بۆيه‌، پلانه‌كان له‌سه‌ر مێزی بوش و ئۆلمێرت دا به‌چاوه‌ڕێی پياده‌كردن، به‌ كراوه‌يی دانراون.

له‌ ڕوواڵه‌تدا، سه‌رۆك بوش شه‌ڕی عيراق و موقته‌دا و له‌شكری مه‌هدی خستۆته‌ چه‌قی ستراتيژيه‌ته‌ نوێيه‌كه‌ی. به‌ڵام له‌ڕاستيدا، ئه‌وه‌ ته‌مهيده‌، خۆ ئاماده‌كردنه، خۆ گه‌رمكردنه‌ بۆ شه‌ڕه‌ گه‌وره‌كه‌. ڕاسته‌، سه‌رۆك بوش هه‌وڵ ده‌دات خه‌ڵكی ئه‌مريكی و جيهانی دڵنيا بكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕاستيدا، ده‌هۆڵی شه‌ڕی ئێران وا ده‌ستی به‌ لێدان كردوه‌ و له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا (له‌ نيسان و مايس دا) ده‌ته‌قێته‌وه‌.

له‌لايه‌كه‌وه‌، ئه‌مريكا پاپۆڕێكی شه‌ری پڕ چه‌كی نزيك كردۆته‌وه‌ له‌ كه‌نداوی فارسی. ده‌ستی كردوه‌ به‌ شه‌ڕی ئيعلامی و ڕۆژ به‌ ڕۆژ خيتابه‌كان زه‌قتر و تايبه‌تمه‌ندتر ده‌بن. له‌شكری ئه‌مريكی خه‌ريكی ته‌نگاو كردنی عيراقيه‌ سه‌ربه‌ ئێرانيه‌كانه‌، و بوش فه‌توای ده‌كردوه‌ بۆ گرتن يان كوشتنی سيخوڕه‌‌ ئيرانيه‌كانيش. ئه‌وه‌ هێشتا شه‌ر نيه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌و نێوانه‌شدا، به‌ هه‌ڵه‌يه‌كی ئێرانيی، توشی شه‌ڕی مواجه‌هه‌بوو ئه‌وا بوش ئاماده‌يه‌ بيكاته‌ به‌هانه‌ و شه‌ره‌كه‌ بكاته‌ سه‌رتاسه‌ريی و بيباته‌ ناوه‌وه‌ی ئێران. ئه‌مريكا له‌ زووه‌وه‌، بنكه‌ی موجاهيدی خه‌لقی له‌ عيراق پاراستوه‌. به‌و دواييه‌، په‌يوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵدا كردون و به‌كاری هێناون بۆ كۆ كردنه‌وه‌وه‌ی زانياريی له‌ سه‌ر ئێران. ئه‌وه‌ هه‌نده‌ی تر ئێرانی سه‌غله‌ت كردوه‌ و له‌ڕێگه‌ی ماليكيه‌وه‌ خه‌ريكن فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر موجاهيدی خه‌ڵق بۆ ته‌سليم بوونه‌وه‌ به‌ ئێران وه‌يان به‌جێ هێشتنی عيراق.

به‌ گوێره‌ی ئيعتيرافی ئه‌مريكی، هه‌موو دراوسێكانی عيراق ده‌يانه‌وێ كه‌ ئێران عه‌زل بكرێ. ئه‌وه‌ واده‌گه‌يه‌نێ كه‌ ئه‌گه‌ر بوش كه‌وته‌ هيرش بۆ سه‌ر ئێران، ئه‌وا ووڵاتانه‌ی ناوچه‌كه‌ دلگران نابن بۆ ئێران. به‌و دواييه‌، بوش كۆندۆليزا رايسی نارده‌ ئوردون و ميسر و ووڵاته‌ كه‌نداويه‌كان، بۆ دڵنيا كردنه‌وه‌ و هاندنيان. ڕه‌نگه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لاليش بۆ سوريا هه‌ر بۆ دڵنيا كردنه‌وه‌ و ڕاكێشانی سوريا بێ، بۆ ته‌عاون و جيا كردنه‌وه‌ی له‌ ئێران. دياره‌ ئێرانيش تاو له‌رزی لێ نيشتوه‌. گه‌وره‌ سياسه‌تمه‌دارانی ئێران، خه‌ريكن فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بۆ ئه‌وه‌ی كرژيی كه‌م كاته‌وه‌ و تووشی شه‌ڕی مواجه‌هه‌يان نه‌كات. نه‌ژاد خۆيشی وه‌فدی ووڵاته‌ بێ لايه‌نه‌كانی ده‌عوه‌ت كردوه‌ بۆ سه‌ردانی بنكه‌ ئه‌تۆميه‌كان.

فرسه‌تی توركيا بۆ ليدانی كورد

ئێران بنكه‌ ئه‌تۆمی و ساروخی و عه‌سكه‌ريه‌كانی له‌ سه‌رتاپای ووڵاته‌كه‌‌يدا بڵاو كردۆته‌وه‌. له‌ كه‌ره‌ج و ئاراك و ئه‌ناراك و سه‌گهه‌ند و ئه‌سفه‌هان و بوشه‌هر و ئه‌رده‌كان وجيهان و ناتانز و شوێنی تر. لێدانی هه‌موو ئه‌و شوێنه‌ ستراتيژيانه‌، له‌ پاپۆڕی حه‌ربی ناو كه‌نداوی فارسيه‌وه‌ كارێكی ئاسان نيه‌. بۆيه‌ ئه‌مريكا و ئيسرائيل پێويستيان به‌ نزيك بوونه‌وه‌ هه‌يه‌ له‌ سنووری باكوری ئيران، و ته‌نيا ڕێگه‌ش توركيايه‌. واته‌، به‌ بێ ته‌عاونی توركی، ناتوانن زه‌بری كوشنده له‌ ئێران‌ بوه‌شێنن. هه‌ڵبه‌ت، توركياش ئه‌و ڕۆڵه‌ گرنگه‌ی له‌ زۆر لاوه‌ قۆستيته‌وه‌. له‌‌ڕابوردوودا، ‌ئه‌وه‌ی به‌ ئێران فرۆشتوه‌، له‌به‌رامبه‌ر ته‌عاون نه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا، وای كرد كه‌ چه‌كداره‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ ئێران ده‌ربپه‌ڕێنی. ئێستاش، توركيا ده‌يه‌وێ هه‌مان ڕۆڵ به‌ ئيسرائيل و ئه‌مريكا بفرۆشێ، تاكو به‌هۆيه‌وه‌ دوو گۆڵی تازه‌ له‌ كورد بكات: واته‌ په‌كه‌كه‌ بۆ له‌ كوردستانی باشوور ده‌ربكات، وكه‌ركوك هه‌تا هه‌تايه‌ له‌ ده‌ستی كورد ده‌ربهێنێ. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش جۆزێف ڕالستۆنی ئه‌مريكی له‌گه‌ڵ مونه‌سسيقی ئيسرائيلی و توركی گفتو گۆی كردوه‌، بڕياريان داوه‌ كه‌ فشار بخه‌نه‌ سه‌ر كوردی عيراق بۆ ته‌عاون له‌گه‌ڵ توركيا و له‌ناوبردنی په‌كه‌كه‌. ڕالستۆن ‌سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌ريم و سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستانی كردوه‌‌‌. ئه‌و جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ پيلانه‌ ئه‌مريكی و ئيسرائيلی توركيه‌كانی كۆنمان به‌بير ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوويی عه‌بدوللا ئۆجه‌لانيان له‌ ئه‌وروپاوه‌ ده‌ربه‌ده‌ر كرد و فڕانديانه‌ توركيا. به‌ دووری نازانم كه‌ له‌ كاتی هه‌راو شه‌ڕی ئێران، فرۆكه‌ی توركيش هێرش بباته‌ سه‌ر قه‌نديل و له‌ژێر تاريكايی ئيعلامی جيهانيدا، زه‌برێكی كوشنده‌ له‌ په‌كه‌كه‌ بوه‌شێنێ. جا ئه‌و جۆره‌ هێرشه‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی، يان بێ ڕه‌زامه‌ندی، كوردی باشوور ده‌بێ.

ئايا كورد ده‌بێ چی بكات

ئا له‌ڕۆژێكی وه‌ك ئيمرۆدا، كه‌ هێشتا پلانی سه‌رۆك بوش له‌ خولی ئاماده‌كردندايه‌، خۆيشی له‌ موحتاجی دايه‌، له‌شكری مه‌هدی له‌ پاشه‌كشه‌دايه‌، ماليكی له‌ په‌له‌ڕوحه‌دايه‌، توركيا له‌ موزايه‌ده‌دايه‌، ئێران له‌ نارحه‌تی و ترسدايه‌، سوريا له‌ قه‌له‌قدايه‌، ئا ئێستا باشترين كاته‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی سياسی كوردی ده‌ستی مێژوويی خۆی بوه‌شێنێ. ڕه‌نگه‌ فشاری ئه‌مريكا له‌سه‌ر ئێران به‌ كۆتايی هاتنی حوكمی سه‌رۆك بوش كۆتايی بێت، به‌هه‌مان شێوه‌، خه‌ونی كورديش بۆ ده‌ستكه‌وتنه‌وه‌ی كه‌ركوك ڕ‌‌ه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ ڕۆيشتنی ئيداره‌ی بوش كۆتايی پێ بێت. ئيداره‌ی كلينتن (ديموكرات) ته‌ركيزی سه‌ره‌كی خستبوه‌ سه‌ر پێشكه‌وتنی ئابووری ووڵاته‌كه‌ی، و باری كورد و عيراقی به‌ مه‌سه‌له‌يه‌كی لابه‌لا ده‌زانی و ئاماده‌ نه‌بوو له‌سه‌ر كورد توركيا وه‌يان عه‌ره‌ب زوير بكات. بۆيه‌ش، ديموكراته‌كان مايه‌ی متمانه‌ی داهاتوو نينه‌ و كورديش كاری ئيمڕۆ نه‌خاته‌ سبه‌ينێ.

١. كورد و ئه‌مريكا و ئيسرائيل

ئه‌مريكا كورد به‌ حه‌ليفێكی ستراتيژی ناو عيراق ده‌زانێ، به‌ڵام له‌ سه‌ر شانۆی ده‌وليدا، حيسابی بۆ ناكات. به‌لای ئيسرائيله‌وه‌، كورد وه‌ره‌قه‌يه‌كه‌ و له‌كاتی پێويست دا ده‌بێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئيسرائيل به‌كار بهێندرێ. هه‌موو كاتێك ئيسرائيل كورد ده‌فرۆشێ، ئه‌وجاره‌ش دوورنيه‌ په‌كه‌كه‌ و بزوتنه‌وه‌ی كوردی باكور بكاته‌ قۆچی قوربانی بۆ لێدانی ئيران. كورد نابی كاری سياسی له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندی ئيسرائيلی بكات، به‌ڵام ناشبێ به‌رژه‌وه‌ندی چاره‌نوس سازيشی بكاته‌ قوربانی پلانی ئه‌مريكی و ئيسرائيلی. ده‌بێ به‌ بێ ترس پێدابگرێ له‌ سه‌ر داوكاری مافی مرۆڤی كورد، بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی كوردستان. سه‌ركرده‌ی كورد ده‌توانێ ئه‌و فرسه‌ته‌ بقۆزيته‌وه‌ و بازی گه‌وره‌ به‌ ده‌ستوور و مادده‌ی ١٤٠ بدات، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مريكا و ئيسرائيل له‌خۆی بكاته‌ دوژمن. به‌بێ ئه‌وه‌ی فشاری جه‌نه‌ڕال ڕالستۆن و سه‌رۆك بوش قه‌بول بكات، چونكه‌ ئه‌وان پێويستیان به‌ ڕازيكردن و به‌شداری پێكردنی كورده‌، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. خۆ سه‌رۆك بوش پشتگيری خۆیشی بۆ ده‌ستووری عيراق دياريكردوه‌ و له‌ چه‌ندين لاوه‌ دووپاتی كردۆته‌وه‌ كه‌ كه‌ركوك مه‌سه‌له‌يه‌كی ده‌ستووريه‌.

٢. كورد و توركيا

كورد نابێ له‌ لۆبی توركی بترسێ، و پێويسته‌ لۆبی له‌ به‌رامبه‌ری بكات. ئه‌مريكا لێناگه‌ڕێ توركيا به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی كوردی باشوور باری ناو عيراق له‌وه‌ ئاڵۆزتر بكات. ئه‌وروپا و عه‌ره‌بيش له ته‌ده‌خولی توركيا بێده‌نگ نابن. بۆيه‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی توركيا بۆ ناو عیراق زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام فرۆكه‌كانی توركی مسۆگه‌ر له‌ ئاسمانه‌وه‌ دێنه‌ ناو كوردستان و به‌ نيازن زه‌ره‌ری مێژووييمان لێبده‌ن. له‌و حاله‌ته‌، ده‌بێ گله‌يی و ده‌نگی ناڕه‌زايی كورد ڕووه‌و ئه‌مريكا بێ، و بگره‌ ئيجرائاتيشی به‌رامبه‌ر وه‌ر بگرێ، چی له‌ به‌غدا و چی له‌ كوردستان. هه‌روه‌ها پێويسته‌ پارتی و يه‌كێتی يارمه‌تی په‌كه‌كه‌ بده‌ن كه‌ له‌ قه‌نديل بێنه‌ خوار و (به‌بێ چه‌ك) له‌ناو خه‌ڵكی شاره‌كان خۆيان بشارنه‌‌وه. به‌وه‌، كوردی باشووربه‌ واجيب و چاكه‌يه‌كی مێژوويی نيشتمانی هه‌لده‌ستێ به‌رامبه‌ر به‌ كوردی باشوور، و بۆ توركيای ده‌سه‌لمێنێ كه‌وا ته‌نيا ڕێگه‌ بۆ له‌ناو بردنی په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری كورد گفتو گۆ بكات و مافی كورد بدات و دووركه‌وێته‌وه‌ له‌ كاری توندوتيژی بێ كه‌لك. هه‌ڵبه‌ت، په‌كه‌كه‌ش ده‌بێ به‌ ژيری بير بكاته‌وه‌ و ته‌عاون له‌گه‌ڵ يه‌كێتی و پارتی بكات و كاريان لێ ئاڵۆز نه‌كات و له‌مه‌و دوا گوێ نه‌داته‌ ته‌سريحی سه‌رۆكه‌ زيندانيه‌كه‌ی كه‌ له‌ ژێر فشاری دوژمنندا بڕياری چاره‌نوس ساز ده‌دا و فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆ ده‌رده‌كات له‌ دژی كوردی باشوور و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كوردستان.

۳. كورد و ئێران و موقته‌دا

خۆ ئه‌گه‌ر يه‌كێتی و پارتی به‌ زيره‌كانه‌ ئێران به‌كار بهێنن، ڕه‌نگه‌ بتوانن وا له‌ له‌شكری مه‌هدی و موقته‌دا بكه‌ن كه‌ له‌ كه‌ركوك كار ئاسانيان بۆ بكه‌ن و له‌ ماده‌ی ١٤٠ و ڕيفه‌راندۆم پشگيری له‌ كورد بكه‌ن.

٤. كورد و سوريا

به‌هه‌مان شێوه‌ش، كورد ده‌توانێ په‌يوه‌ندی تايبه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ سوريا بپارێزێ و به‌كاری بهێنێ له‌دژی پلانه‌كانی توركی. سه‌رۆك بوش له‌ ڕواله‌تدا چاوی له‌ سووريا سووركردۆته‌وه، به‌ڵام له‌ ڕاستيدا مه‌به‌ستی نيه‌ شه‌ڕی له‌دژدا بكات. دووريش نيه‌ كه‌ له‌ژێره‌وه‌ موغازه‌له‌ی بكات و گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكات. ڕه‌نگه‌ په‌يامی دڵنياكه‌ره‌وه‌ی و گێزه‌ری ته‌عاونی به‌ ده‌ستی سه‌رۆك مام جه‌لال بۆ سه‌رۆك به‌شار الاسد ناردبێ. به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌ريم و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانن سوريا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم نزيك بكه‌نه‌وه‌ و به‌رژ‌ه‌وه‌ندی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دروست بكه‌ن، ئه‌وجا به‌كاری بهێنن له‌ به‌رامبه‌ر فشاری توركی. بۆ نمونه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سوريادايه‌ كه‌ ته‌واوی هاتوچۆی بازرگانی نێوان كوردستان و جيهانی ده‌ره‌وه‌ به‌ ناو سوريادا بڕوات و به هۆی بنياتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان، بازاڕی سوريا بوروژێته‌وه‌. له‌جياتی مه‌رسين، پاپۆڕی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ لازقيه‌وه‌ بار داگرێ و به‌ سه‌ڕخاكی سوريادا بگاته‌ ناو كوردستان. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و جۆره‌ پڕۆژه‌يه‌ له‌خۆيه‌وه‌ سه‌ڕهه‌ڵنادات، به‌ڵكو پێويسته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌ريم سه‌ردانێكی سوريا بكه‌ن و ئه‌و بيرۆكه‌يه‌ بخه‌نه‌‌‌ به‌ر گوێی سه‌رۆك بشار الاسد. خۆ ئه‌گه‌ر ئيمڕۆ به‌ بازرگانی گشتی ده‌ست پێ بكه‌ن، له‌دواڕۆژدا بۆڕی نه‌وتيش له‌ زاخۆ و شيواشۆك و كه‌ركوكيشه‌وه‌ به‌سورياوه‌ ده‌گه‌يه‌نرێته‌ جيهانه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت به‌وه‌ كورد ئه‌لته‌رناتيڤێكی كاريگه‌ری ده‌بێ به‌رامبه‌ر به‌ توركيا، وه‌ ئه‌گه‌ر توركيا ده‌رگای سنووری لێ داخستين، ئه‌وا بۆڕی هه‌ناسه‌ی كوردستان به‌كراوه‌يی ده‌مێنێ.

دوا په‌يامم

له‌ ساڵی پاردابوو، له‌ ووتارێكمدا پێشبينی ئه‌وه‌م كرد كه‌وا ئه‌مريكا به‌وزوانه‌، بۆ پلانی داهاتووی له‌ دژی ئێران و سوريا، پێويستی به‌ توركيا ده‌بێ، و توركياش به‌ مه‌رج ته‌عاونی له‌گه‌ڵ ده‌كات. مه‌رجی توركياش هه‌ڵبه‌ت ئاشكرايه‌. هيوا و پێشنيازم ئه‌وه‌ بوو كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ بێ ووچان له‌ واشينگتن كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ كورد نه‌بێته‌ قوربانی ياری نێو ده‌وڵه‌تی. مه‌وقيعی كورد و كوردستان له‌ عيراقدا زۆر ستراتيژی و زۆر به‌هێزه‌. به‌ڵام ترسی گه‌وره‌م ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌و مه‌وقيعه‌ به‌هێزه‌ له‌ به‌ڕژه‌وه‌ندی كورد به‌كار نه‌هێنن و خۆيان به‌ لاواز بزانن و له‌ شه‌ڕی داهاتووی ئه‌مريكا و ئيسرائيل به‌رامبه‌ر ئێراندا، زه‌ره‌رمه‌ند بن.

ترسی گه‌وره‌ترم له‌وه‌يه‌ كه‌ تا ئێستا سه‌ركرده‌كانی يه‌كێتی و پارتی سه‌ريا به‌يه‌كه‌وه نه‌ناوه‌ تاكو به‌رنامه‌يه‌كی هاوبه‌شيان هه‌بێ بۆ به‌ره‌نگاری ته‌حه‌دداكانی داهاتوو. وه‌فده‌ ئه‌مريكيه‌كانيش سه‌ردانی پارتی و يه‌كێتی به‌ جيا ده‌كه‌ن و به‌جيا گفتوگۆيان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. دياره‌ كه‌ خيتابی كورد يه‌كگرتوو نابێ و بگره‌ پلانی درێژخايه‌نيش هاوبه‌ش نابێ. پێويسته‌ له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی قه‌راری يه‌كێتی و پارتی به‌يه‌كه‌وه‌ دانيشن و به‌رنامه‌ی هاوبه‌شيان له‌و ڕووه‌وه‌ هه‌بێ. ئه‌و سێ مانگه‌ی داهاتوو زۆر حاسيم و چاره‌نوس سازه‌ ده‌بێ. بۆيه‌ كاتی پالدانه‌وه‌ نيه‌، كاتی خه‌باتی بێ ووچانه‌. كاتی شه‌ڕه‌ لۆبی و ئيتيفاق و بگره‌و به‌رده‌و سه‌فقه‌ی سياسی و عه‌سكه‌ريه‌. ئومێده‌وارم كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد له‌ و ماوه‌ی دواييدا ته‌ركيزيان له‌سه‌ر ياريه‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌مريكا و ئيسرائيل و توركيا بوو بێ. له‌ گفتو گۆكانيشيان له‌گه‌ڵ له‌گه‌ڵ ڕالستۆن و ڕايس و ئيداره‌ی ئه‌مريكی و توركی و ئيسرائيليدا پێيان داگرتبێ له‌وسه‌ر پاراستنی به‌ڕژ‌‌وه‌ندی به‌رزی كوردستاندا بێ

No comments: