Sunday, 14 May 2006

يه‌كێتی و چاكسازی و ئينشيقاق

يه‌کێتی نيشتمانی كوردستان: مه‌ترسی ئينشيقاق و پرۆژه‌ی چاكسازی

پرۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

به‌شی يه‌كه‌م: ئاسۆ - ژماره‌ی 223 - ڕۆژی يه‌كشه‌ممه‌ 14/5/2006 - لاپه‌ڕه‌ 8
به‌شی دووه‌م: ئاسۆ - ژماره‌ی 224 - ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ 16/5/2006 - لاپه‌ڕه‌ 8

يه‌كێتی نيشتمانی كوردستان ئيمرۆ به‌ناله‌بارترين وه‌زعی سياسی و نه‌فسی تێده‌په‌ري. حالپه‌رێشانیی و سه‌ر لێشێواوی رێزه‌كانی (له‌ سه‌ركرده‌كانه‌وه‌ بگره ‌هه‌تا بنكه‌كان) به‌ئاشكرا پێوه‌ ‌دياره. بارودۆخه‌كه‌ش ره‌نگی دايته‌وه ‌له ‌مقۆ مقۆ و فسكه‌فسكی ناو بازاڕ و ديوه‌خانه‌كانی ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌لاتيدا . ئاساييه‌ كه‌ خه‌ڵكی به‌راوردیی ده‌كات له‌نێوان دام و ده‌زگا ی ديوی پارتی و يه‌كێتی، و به گومانه‌وه‌ بير له‌دوا رۆژی يه‌كێتی و هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه. هه‌تاكو زياتر له‌با ری ئالۆز و داهێزراوی ريزه‌کانی يه‌كێتی وگه‌نده‌لیی‌ ئيداره‌که‌ی ده‌كۆلنه‌وه‌، خه‌لكی ووره‌یان زياتر نزم ده‌بيته‌وه‌و ئومێدیان به‌دوا رۆژی رێکخراوه‌که نامينێت. دياره‌ كه‌وا كادير و سه‌ركرده‌كانی يه‌كێتی ئاگادارن و هه‌ريه‌كه‌يان له‌لای خۆيه‌وه‌ په‌نا ده‌باته ‌به‌ر نيمچه ‌هه‌ولێك ، ئومێدێك يان كورته‌ ووتارێك بۆ چاره‌سه‌ری وه‌زعه‌كه. به‌لام ئاشكراشه‌ كه ‌هيچ كام له‌و ته‌قه‌ڵلايانه ‌چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تی نين بۆ كێشه‌ی حيزبێكی پان و بۆر، ده‌زگايه‌ك كه‌ دوارۆژی ميلله‌تێكی پێوه ‌به‌ند بووه‌، به‌لام ره‌گ و ريشه‌ی گه‌نده‌ليه‌كه‌شی قووڵچه‌قيو و سه‌رتاسه‌ره. شايانی باسيشه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ لێيان‌ چاوه‌روانده‌كرێ كه‌وا پێشره‌وی گۆرانكارييه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ بكه‌ن، وه‌يان ئه‌ركه‌كه‌يان پێيده‌سپێردرێ‌، خۆيان به‌شێكی گرنگی موشكيله‌كه‌نه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندياندا نيه‌ ئه‌و راستيانه‌‌ بدرکێنن. هه‌رچی كاديری ناوه‌راستيشه، به‌دوو ئاگر سوتاوه‌، يه‌كێكيان ئاگری به‌رژه‌وه‌ندیه تايبه‌ته‌كانيانه‌ ‌و ئه‌وی تريشيان هی بێ ده‌سه‌لاتيانه ‌به‌رامبه‌ر تۆپی تۆپه ‌قورسه‌كان.

به‌و دوواييه ‌چه‌ندين پرۆژه‌ی جيا جيا پێشنيار كراون بۆ چاكسازیی ، هه‌لبه‌ت بۆچوونی هه‌مه‌جۆر كه‌وتۆنه‌ته‌ سه‌رمێز. وورده‌ی پرۆژه‌كان زۆر ئاشكرا نين ، به‌لام دياره‌ كه ‌كاديران به‌ جه‌رگسۆزی‌ هه‌ولده‌ده‌ن و ئومێده‌وارن كه‌ بتوانن پرۆسه‌كه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ن. دڵنياشم له‌ وه‌ی كه‌ بۆيان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌وا مه‌ودای گۆرانكاريه‌كان سنوريان ته‌سك و دياريكراوه‌، له‌به‌ر ئالۆزی به‌رژه‌وه‌نديه‌كان (به‌تايبه‌تی هی قوتبه‌كان)، بۆيه‌ش‌ پرۆژه‌كان له‌ بازنه‌يه‌كی به‌تالدا ده‌خولێنه‌وه‌. زۆربه‌يان بريتين له‌ پێشنياری "عموميات" و ته‌ركيزيان خستۆته‌ سه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی په‌یوه‌نديه‌كانی مه‌كته‌بی سياسی به‌ مه‌لبه‌نده‌كان، بێ ئه‌وه‌ی كه‌ چاو به‌ قاعيده‌ی رێكخراوه‌كه‌دا بخشێننه‌وه‌. واته‌ چاره‌سه‌ری "فه‌وقی" نه‌ك بنچينه‌يی- له‌ به‌ردی بناغه‌وه‌. نه‌خۆشیه‌کانی يه‌كێتی زۆر قوولترن‌ له‌وه‌ی كه‌به‌ چه‌ند قديلكانێك و ده‌ستێوه‌ردانێكی رووكه‌شیی "سه‌رتووه‌كه‌ی" چاره‌ی بنه‌ره‌تيان بكرێ. كه‌م و كوريه‌كی تری پرۆژه‌كان ئه‌وه‌يه‌ كه زۆربه‌يان رۆلی حيزب و حكومه‌ت به‌ ‌تێكهه‌ڵكێشراو ده‌بينن ، وه‌ك بلێی دوو جيهازی هه‌تاسه‌ر لێكبه‌ستراون، و حكومه‌تيش هه‌رده‌م مولكی ئه‌و حيزبه‌ ده‌مێنی و وه‌زعی ئيداری كوردستانيش هه‌روه‌ك ئێستا ده‌مينێ. ديسانه‌وه‌، ئه‌و روانگه‌ و بۆچوونانه‌ش په‌يوه‌ندیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ركرده و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌نده‌كانه‌وه‌‌ هه‌يه‌.

له‌ رۆژی دامه‌زرانيه‌وه‌، بۆ ماوه‌يه‌كی درێژيش، يه‌كێتی خۆی ته‌رح ده‌كرد به‌ به‌ديلێکی مۆدێرنی خه‌باتگێری له‌ سه‌ر بنه‌مای سيسته‌می موئه‌سسه‌ساتی. به‌ديلێك كه‌ ببێته‌ جێگای ئومێدی خه‌لك بۆ دامه‌زراندنی بنه‌مای ديموكراسيه‌ت له‌ كوردستان. بوونی موئه‌سسه‌سه‌ی دووه‌م له‌ كوردستان، بۆ يه‌كه‌مجار، توانای هه‌ڵبژاردن (مافی ئيختيار)ی هێنايه‌ کايه‌وه‌، به‌جۆرێك كه‌ هاوولاتی مه‌جبوور نه‌بێ كه‌ ته‌نيا به‌ دووی تاكه‌ حيزبی پێشره‌و بكه‌وێ، به‌هه‌موو كه‌م و كوڕيه‌كانيه‌وه‌. زياتريش له‌وه، يه‌كێتی به‌نياز بوو كه‌ پارتی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ نه‌هێلی ومۆنۆپۆلی پێشره‌ويه‌كه‌‌ وه‌ده‌ستبێنی. له‌سه‌ره‌تادا (له‌ کۆتايی هه‌فتاکان و هه‌شتاکاندا)، يه‌كێتی توانی رێكخراوی دووه‌م دروست بكات و زۆر به‌زوويی ببێته‌ هێزيكی كاريگه‌رتر له‌پارتی، له‌لايه‌نی خه‌باتی چه‌كداره‌وه‌، و ده‌ورێكی باڵاتر ببينێ له‌پێشخستنی بزوتنه‌وه‌ی ديموكراسی كوردي. به‌لام له‌مه‌ودای درێژدا، يه‌كێتی نه‌بووه‌ موئه‌سسه‌سه‌ و بگره‌ هه‌رله‌ زووه‌وه‌ كه‌وته په‌يره‌ويکردنی هه‌مان ئاکاری کۆن و ياريکردن به‌گوێره‌ی هه‌مان ياسای کلاسيکی. بۆيه‌ش سه‌ير نيه‌ كه‌نه‌يتوانی ياريه‌که له‌ داهێنه‌ره‌ ئه‌سليه‌که‌ ‌بباته‌وه‌.

يه‌كێتی له‌سه‌ره‌تادا بريتی بوو له‌ كۆی چه‌ند رێكخراوێك که رێکه‌وتبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ پرينسيپ و ميكانيزمی ديموكراسيانه‌ په‌يره‌‌ویی بکه‌ن. به‌لام رێكخراوه‌كانی ناو يه‌كێتيه‌كه‌ ته‌ركيبه ‌و هه‌يكه‌لی ته‌نزيميان، وه‌ك هه‌موو حيزبێكی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست (به‌ ئيسلامی و عيلمانيه‌كانه‌وه‌) له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كی كۆمۆنيستی شۆرشكێرانه ‌بوو. واته‌، هه‌يكه‌لێكی هه‌ره‌می پته‌و و تێكچه‌قيو كه ‌ده‌سه‌لات كۆببوه‌وه‌ له‌ ده‌ستی ده‌سته‌يه‌ك وله‌كۆتاييشدا له‌ ده‌ستی تاکه‌ پێشره‌وێك. له‌دوای خه‌باتێکی چڕو سه‌ختی حه‌فتاکان و هه‌شتاکان، يه‌کێتی به‌زۆر مه‌رحه‌له‌ تێپه‌ری و ململانێی ناوه‌خۆيی رێکخراوه هاوخه‌باته‌‌کانی ناوه‌وه‌ی (کۆمه‌ڵه‌ و خه‌تی گشتی و بزووتنه‌وه) هه‌ر به‌رده‌وام بوو، هه‌تا نه‌وه‌ده‌کان. ئه‌وجا يه‌كێتی وورده‌ وورده‌ مه‌فهوومی "يه‌كێتی" وون كرد و به‌شه‌كانی ناوی تێكه‌ل بوون و له ‌ئه‌نجامدا بووه‌ حيزبێكی كلاسيكی - به‌لام به‌ هه‌يکه‌ليه‌تێکی هاکه‌زايی. بێجگه له سکرتێری گشتی ، چه‌ندين چه‌قی قورساييش (قوتبه‌کان) هاتنه‌ كايه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌و چه‌قه‌ قورساييانه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مايه‌كی نيمچه‌ فيكری و ته‌نزيمی په‌يدا بووبن، واته‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی كۆنی يه‌كێتی و كاردانه‌وه‌ی فيكری فه‌لسه‌فی جيهانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌بوون. بۆ نموونه‌، فيكری نه‌ته‌وه‌يی وماويست و عيراقيست و سۆشيالديموكرات و كۆمۆنيستی سۆفيه‌تی و ناسيوناليزمی تۆندره‌وی كوردی و ليبرالی وسه‌رمايه‌داری و فيودالی عه‌شايه‌ری و هتد. به‌لام هه‌ربه‌ زوويی ئه‌ستێره‌كانی ئه‌و باله‌ فيكری و فه‌لسه‌فی و ته‌نزيميانه‌ بوونه‌ سه‌رچاوه‌ی ئيستيقتابی ناوچه‌يی و دامه‌زرانی ناوچه‌گه‌رێتي.

ديارده‌ی ته‌كه‌تتولات ئاساييه‌ و له‌ هه‌موو ريكخراوێك هه‌يه‌ و ده‌بێت. به‌ڵام، شێوه‌ی ته‌كه‌تتولاتی ناو يه‌كێتی ديارده‌يه‌كی‌ كوشنده‌و له‌ناوبه‌ره‌، نه‌ك ته‌نيا بۆيه‌كێتی، به‌ڵكو بۆبزووتنه‌وه‌ی کوردستانی باشوور. ديارده‌كه ‌فاكته‌رێكی گرنك بووه‌ له‌ هاندان و جۆشدانی گه‌نده‌ليی و فه‌شه‌لی حوكمڕاني. شايانی باسه‌ كه‌له‌سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌كدارو‌ له‌ سه‌رده‌می براكوژی ١۹۹٤-١۹۹٨، ديارده‌ی ناوچه‌گه‌رێتی و ته‌كه‌توولاتی ناو يه‌كێتی ئه‌وه‌نده‌ به‌ زه‌قی به‌ده‌ر نه‌ده‌كه‌وتن و خه‌لكی سه‌ر جادده‌ هه‌ستی پێيان نه‌ده‌كرد. ئه‌وه‌ش ئاساييه‌ چونكه‌ دوژمنی ده‌ره‌كی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش دروست ده‌كات له‌نێوان ريزه‌كان، به‌ بێ ئه‌وه‌ی ديارده‌كه‌ كز ببێ وه‌يان سه‌ركرده‌كان حيكمه‌تيان به‌ هێزتر بووبێ. به‌لام له‌شێنه‌يی وخه‌باتی شاری و سه‌رده‌می حوكمرانيدا، سيراعه‌كان جۆش ده‌ستينن. به‌ تايبه‌تی له‌وه‌ته‌ی‌ يه‌كێتی و پارتی هه‌ريه‌كه‌يان بويته‌ ساحێب ئيداره‌يه‌كی سه‌ربه‌خۆ ، له‌وه‌ته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی پاره‌ و سامان بۆته‌ چه‌قی خه‌باتی سياسي، ناوچه‌گه‌رێتی و ئاگری ته‌كه‌توولات په‌ره‌يان سه‌ندووه‌و بوونه‌‌ته‌ هۆي سه‌ره‌كی بۆ فه‌شه‌لی حوكمراني. قوتبه‌كانی ئه‌و ته‌كه‌تولاته‌ هه‌موويان خاوه‌ن ته‌ئسيرن له‌سه‌ر ئيداره‌ی سلێمانی، هه‌ريه‌كه‌يان له‌لای خۆيه‌وه‌ كاری سه‌ره‌كوه‌زيران (ئێستا جيگری سه‌ره‌كوه‌زيران)ی قورسكردوه‌‌ و وه‌زعه‌كه‌ی ئالۆزتر كردوه‌و بگره گه‌نده‌ليشی زێده‌ کردوه‌. زۆربه‌ی وه‌زيره‌كانيش خه‌ريكی ڕازيكردنی ئه‌م وئه‌و بوونه و ته‌ركيزيان له‌ سه‌ر پاراستنی پارسه‌نگه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌تی خۆيانبوه‌. يه‌كگرتنه‌وه‌ی دوو ئيداره‌‌كه‌ له‌مه‌ودای يه‌كدوو سالی داهاتوودا هيچ له‌و بابه‌تانه‌ ناگۆرێ چونكه‌ جارێ يه‌كگرتنه‌وه‌كه‌ پرۆتۆكۆليه‌ و ته‌نيا له‌ ئاستی وه‌زيرانه‌و كيسه‌ی هه‌ردوولايان هه‌ربه‌ جودايه‌.

جا له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو وه‌زعه‌ ئالۆزه‌ و ململانێيه‌ دژواره‌دا، قوتبه‌كان په‌يوه‌ندی راسته‌وخۆيان به‌يه‌كتری و ته‌نسيقی نێوانيان هه‌رده‌م روو له‌ كزيه، ‌و بگره‌ جارهه‌يه‌ به‌مانگ و به‌سال هاتۆچۆی يه‌كتری ناكه‌ن. ماوه‌يه‌کی درێژيش بوو كه‌ مه‌كته‌بی سياسی كۆبوونه‌وه‌يه‌كی "كاملی" نه‌كردبوو، ته‌نانه‌ت بۆمه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی تازه‌وه‌زيره‌كانيش، چی‌جای کۆبوونه‌وه‌ی کاملی ئه‌ندامانی سه‌رکردايه‌تی بۆ كار و باری رێكخراوه‌كه. ئيتربه‌و شێوه‌يه‌ و له ئه‌نجامدا ، ئێستا ململانێی قوتبه‌كانی مه‌كته‌ب سياسی و لێكدابرانی ريزه‌كانی كاديره‌ پێشكه‌وتوه‌كان گه‌يشتۆته‌ راده‌يه‌كی وا كه ‌مه‌ترسی ئينشيقاقی عه‌مودی له‌رێكخراوه‌كه‌ ده‌کرێ. ئه‌گه‌ر وه‌زعه‌كه‌ هه‌روا به‌رده‌وام بێ ، به‌بێ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ره‌تی، ئه‌وا مه‌سه‌له‌ وه‌قته‌ وهه‌لوه‌شانه‌وه‌ی يه‌كێتی مسۆگه‌ره‌.

بێ گومان رۆلی سکرتێری گشتی، خاوه‌نی ده‌سه‌لاتی بێ پايان، زۆر گرنگه‌ له‌و بابه‌ته. له ماوه‌ی ‌دوو سێ سالی رابووردوودا، که يه‌کێتی پێويستی به نوێکردنه‌وه هه‌بووه، سکرتێری گشتی‌ سه‌رقالی به‌غدا و دابين كردنی تموحه‌ ميژوويه‌كانی ميلله‌ته‌كه‌مان بووه‌، كاتی ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ كه‌ مالی يه‌کێتی رێكبخات و له‌هه‌لوه‌شانه‌وه ڕزگاری بكات. زۆر له‌ كاديرانی يه‌كێتی ره‌خنه‌يان له‌‌وه‌يه‌ كه‌ به‌وجۆره ته‌رکيزه‌، چاره‌نووسی رێكخراوه‌كه ره‌نگه‌ ببێته قوربانی ئه‌وله‌ويات وته‌قه‌ڵڵا عيراقيه‌كان. زياتريش له‌وه‌، بۆ خاتری مسۆگه‌ر كردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی به‌غدا، سكرتێر ته‌نازولاتی زۆری بۆ پارتی كردوه‌. به‌و جۆره‌ سكرتێرلايه‌کی گۆره‌پانی كوردستانی به‌تال كردوه و سه‌ركردايه‌تی يه‌كێتی بێ رێره‌و كردوه و ئيداره‌ی سلێمانی لاواز کردوه. ئيداره‌كه‌ش له‌و به‌ينه‌ که‌وتۆته‌ به‌ر‌ ره‌شه‌بای ته‌كه‌تتولات و بگره‌وبه‌رده‌ی تۆپه‌ قورسه‌كه‌نی مه‌كته‌بی سياسي. به‌وانه‌ش ، پرۆژه خزمه‌تگوزاريه‌کانی حکومه‌ت بێئه‌نجامن وخه‌لكی كوردستانی ژێر ده‌سه‌لاتی يه‌كێتی وه‌ك مه‌ڕی بێ شوانيان لێهاتوه‌. ئه‌گه‌ر به‌راووردی له‌ نێوان ئيدار‌ه‌ی پارتی و يه‌کێتی بکه‌ی ، ده‌بينی که له‌زۆربه‌ی حاله‌تدا جێگای به‌راووردی نين و ئه‌رز و ئاسمانيان نێوانه. خۆ ئه‌گه‌ر به‌و وه‌زعه‌ی ئێستای يه‌كێتي، دوو ئيداره‌كه‌ی كوردستان به‌ ته‌واوی و سه‌رتاسه‌ری (نه‌ك ته‌نيا له‌ ئاستی وه‌زيران) يه‌كتر بگرنه‌وه‌، ئه‌وا گێژاوکی يه‌كێتی لێلتر ده‌بی و لاوازيه‌كه‌ی زه‌قتر ده‌بی و به‌رامبه‌ربه پارتی توانای پێشبرکێی سياسی نامينێ. پارتيش ئه‌و فرسه‌ته‌ ده‌قۆزيته‌وه‌ و له‌ مه‌ودای درێژدا زياتر يه‌كێتی له‌ گه‌رده‌لوول ده‌ئالێنی. پارتی قه‌ت به‌ قه‌ده‌ر ئێستا وا پته‌و و به‌توانا و ده‌وله‌مه‌ند و بالا ده‌ست نه‌بوه‌. يه‌كێتيش قه‌ت به‌ قه‌ده‌ر ئێستا وا لاواز و شڕ و ووڕ و بێ ساحێب و كه‌مته‌ئسير نه‌بووه‌. پارتی پلانی پێنج ساله‌ و ده‌ساله‌ی وا ئاماده‌ ده‌كات و به‌ سيقه‌ی دوارۆژه‌وه‌ باس له‌ سه‌ربه‌خۆيی ده‌كات و په‌يوه‌ندی به‌ زلهێزه‌كانه‌وه‌ ده‌كات. يه‌كێتيش پلانی پێنج رۆژی و ده‌ رۆژی هه‌يه‌ و پرۆژه‌ی دواكه‌وتووی هه‌يه‌ و له‌سه‌ر شانۆی نێوده‌وله‌تیدا نه‌ ره‌نگ و نه‌ڕووی هه‌يه‌. هه‌تا له‌ده‌ره‌وه‌ سه‌يری ناوه‌وه‌ی حالی يه‌کێتی نه‌که‌ی، نازانی چه‌ند له‌دوايه‌. راسته‌، سکرتێری گشتی سه‌ره‌ک کۆماره‌و ده‌رگای فراوانی ديبلۆماسی جيهانی بۆ کراوه‌ته‌وه. به‌لام ئه‌وه ده‌رگايه‌کی عيراقيه‌ و سنووری جموجۆليی تاکه سه‌رکرده‌يه‌ک (با ئوستوره‌ش بێ) له‌شانۆی جيهانيدا دياريکراوه‌. قه‌زيه‌ی ميلله‌تێک پيويستی به هيممه‌تی مونه‌ززه‌می سه‌دان کاديری شاره‌زا و لێهاتووه بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌نته‌رو قوژبنه‌ نێوده‌وله‌تيه‌کان (به‌تايبه‌تی له‌ ئه‌مريکاو ئه‌وروپا) لۆبی بۆکورد بکه‌ن و په‌يوه‌نديه‌ ئينته‌رناسيوناليه‌کان به‌هێز بکه‌ن. کاديرانێک که مه‌شقی ديبلۆماسی جيهانيان هه‌بی و وه‌ک تۆڕی ده‌وله‌تێک- ئه‌خته‌بووتێک- بێ ووچان کار بۆ وولات درووستکردن بکه‌ن. ئه‌و جۆره‌ خه‌باته‌ پێويستی به دامه‌زراوی موئه‌سسه‌ساتی تێکهه‌ڵکێشراوهه‌يه، که یه‌کێتی ده‌مێکه‌ نه‌يماوه. ئه‌و هه‌ولانه‌يش که‌ له‌ ئارادانه‌ به‌ره‌و کزينه‌ و وه‌ك دڵۆپن له‌ ده‌ريا. نوینه‌رانی حکومه‌ت و رێكخراوی حيزبی سه‌ربه‌ يه‌كێتی، له‌ده‌ره‌وه‌ی وولات ، جموجۆليان بريتيه‌ له‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ته‌که‌تتولاتی ناوه‌وه‌ی وولات. واته بێ ته‌نسيق‌ و په‌رشوبلاون‌ و جێگه‌ی هيچ ئومێدێک نينه‌ - نه‌بۆ يه‌کێتی و نه‌بۆ ميلله‌ت. له‌به‌امبه‌ر ئه‌وانيشدا، ده‌زگا و نوێنه‌رايه‌تی حکومه‌ت ورێکخراوی پارتی، ته‌نگی به‌ يه‌کێتی هه‌ڵچنيوه. له‌ گۆڕه‌پانی ئه‌مريکا و ئه‌وروپادا پارتی ساحيب ستراتيژيه‌ته و ته‌نسيقی کار و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی به شێوازی جيهازی ده‌وله‌ته‌. له‌وه‌ته‌ی پرۆسه‌ی يه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو ئيداره‌که‌ هه‌نگاوی ناوه‌، وه له ده‌ره‌وه‌ی وولات هه‌ندێ پرۆژه‌ی هاوبه‌ش هاتۆته کايه‌وه، له پركتيكدا رۆلی سه‌ره‌کی و عاله‌مئاشکرا هی پارتی بووه. هاوكاتيش ده‌هۆلی يه‌کێتی که‌مته‌ققه و هێرشه‌کانی بێته‌وژم بووه. ‌به‌کورتيه‌که و به‌کورديه‌که‌ی، له‌ شانۆی کوردستاني و عيراقی و جيهانيدا، يه‌کێتی وه‌زعی تا بلێی ناله‌باره‌ ورێزه‌کانیشی په‌رش و بلاوه‌ و‌ ئه‌گه‌ر هه‌رله‌خۆيه‌وه‌ هه‌لنه‌وه‌شێيته‌وه‌، ئه‌وا له به‌رامبه‌رململانێ وموراوه‌غه‌ی پارتی خۆی ناگرێ و حه‌تمه‌ن - له‌دوای يه‌کگرتنی ته‌واوی ئيداره‌کان- هه‌لده‌وه‌شێته‌وه‌.

ته‌نيا هۆيه‌ك كه‌ رێگه‌ی نه‌داوه‌ تا ئێستا ئينشيقاق له‌ناو يه‌کێتی رووبدات ئه‌وه‌يه‌ كه‌ سكرتێری گشتی خاوه‌ن وتاقه بريارده‌ری سياسی و دارايي رێكخراوه‌كه‌يه‌‌. هه‌ر ئه‌ويش جه‌وسه‌ره‌كانی گوريسه‌كه‌و كليلی يه‌كپارچه‌يی رێكخراوه‌که‌‌ی له‌ ده‌ستیدايه‌. هه‌تا ئه‌وله‌سه‌ر کار مابێ ، ئه‌وا قوتبه‌كانی ناو مه‌كته‌بی سياسی توانای جيابوونه‌وه‌ و دابڕان و ئينشيقاقيان نابێ. سکرتێری گشتيش ئاشکرای کردوه که له‌ دوای ته‌واو کردنی ماوه‌ی چوارساله‌ی حوکمی‌ سه‌ره‌ک کۆماريی، نيازی هه‌يه‌ که له ئيستانبول لێی دانيشێ و بيره‌وه‌ري و ياداشته‌کانی بنوسيته‌وه. هه‌ربۆيه‌ش ئه‌گه‌ر يه‌كێتی به‌رله‌ خانه‌نشينی سکرتێری گشتی به‌خۆی رانه‌گات، له‌دوای ئه‌و هيچ توانايه‌ك نيه - ته‌نيا مه‌گه‌ر موعجيزه- ‌ريزه‌كانی يه‌كێتی بپارێزی‌. ته‌سه‌ووری ئه‌ورۆژه‌ بكه‌ كه‌ يه‌كێتی به‌بێی سکرتێری گشتی كۆنفرانس ده‌به‌ستی و لايه‌نه‌ موته‌كه‌تتيله‌كانيش ئاماده‌ی موساوه‌مه ‌نا‌بن و هه‌ريه‌كه‌يان قائيمه‌ی خۆی داده‌به‌زێنی و ململانێی توندره‌وانه‌ ده‌كات. جه‌ووی كۆنفرانس بۆنی خوێنی لێ دێت وهيچ وه‌سيله‌يه‌ك –يان براگه‌وره‌يه‌ک- نابێ‌ كه ناوبژی بکات و ‌ئاشتی و يه‌کبوون له‌ نێوانياندا زامين بكات. حاله‌تێكی وا له‌به‌رده‌مدايه‌ كه‌ زۆربه‌ی کاديران و ئه‌ندامانی سه‌رکردايه‌تی له‌به‌رچاويانه‌، به‌لام نايه‌نه‌وێ به‌قووڵی بيری لێ بکه‌نه‌وه‌. هه‌ندێکيان ده‌يدركێنن و‌ ئينشيقاقيان بۆ يه‌کێتی داناوه‌ به‌لام ناشزانن چۆن خۆيان بۆ ئه‌و رۆژه‌ ئاماده بکه‌ن.

ئه‌‌دی چار چيه؟

زۆر له‌ زووه‌وه‌ كاديرانی يه‌كيه‌تی هه‌وليان داوه‌كه‌ نيزامی موئه‌سسه‌ساتی مۆدێرن له‌ناو يه‌كێتی بێننه‌ كايه‌وه. موئه‌سسه‌سه‌يه‌ك كه‌ مێكانيزمی ده‌ستوريی هه‌بێ بۆ لێپرسينه‌وه‌ و خۆتازه‌ كردنه‌وه‌ و داهێنان وهه‌لبژاردنی سه‌ركرده‌و په‌روه‌رده‌ كردنی كادير و قه‌لاچۆ كردنی گه‌نده‌ل و برياردانی ديموكراسی وئيداره‌ی بوودجه‌و هتد. به‌لام هه‌وله‌كانيان جار له‌ دوای‌ جارکه‌مبه‌رهه‌م بووه ، بێ ئه‌نجام بووه‌ وه‌يان به‌فيرۆ چووه‌ (جا له‌به‌ر هه‌رهۆيه‌ك بووبێ). ئێستاش جموجۆل و هه‌ولی دلسۆزانه هه‌ن و رووه‌و گه‌شه‌ کردنن و هه‌ريه‌که‌يان بيرۆکه‌ی تازه‌ی تێدايه.

يه‌که‌م پله‌ی گۆرانکاری به‌وه ده‌ستپێ ده‌کات که پێشره‌وی گۆرانکاريه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ته‌ئسيراتی قوتبه‌کان بی و دوابرياريش له‌ ده‌ستی کۆنفرانسی داهاتووی رێکخراوه‌که‌ بێ. دووه‌ميان، له بنه‌ره‌ته‌وه‌ هه‌يکه‌له هه‌ره‌ميه‌که‌ی رێکخراوه‌که‌ سه‌رله‌نوێ دابرێژرێته‌وه، له‌سه‌ر بنه‌مايه‌کی مۆدێرنی ديموکراتی. ده‌ستوری تازه‌ی بۆ بنوسنرێته‌وه و ئاليه‌تی دابين کردنی بڕگه‌کانی بۆ ده‌ستنيشان بکرێ. سێيه‌م، کۆڵه‌‌گه‌ و بنه‌ماي درێژخايه‌ن بۆ گه‌نج و گه‌نجينه‌ی رێکخراوه‌که بچه‌سپيندرێ. واته، ریکخراوه‌که بکرێته‌ مه‌عمه‌لێک بۆ په‌روه‌رده‌کردن و ده‌رچواندنی کادير و سه‌رکرده‌ی دوارۆژ. کاديران رابهێندرێن له نوێترين شێوه‌ی خه‌باتی شارستانی و ديبلۆماسی ينته‌رناسیونالی.

چواره‌م، هه‌تا سکرتێری گشتی له کار ماوه، به زووترين کات کۆنفرانسی داهاتوو ببه‌سترێ. به بێی ئه‌و ، وه‌يان دوای ئه‌و، سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌که‌ مه‌حاله. سکرتێری گشتيش پێويسته‌ به‌جۆرێك ‌سه‌رپه‌رشتي كۆنفرانسی داهاتوو بكات که يه‌كێتی ريزه‌کانی بپارێزێت و مسۆگه‌ری بكات كه‌رێكخراوه‌كه‌ وه‌ك پاپۆرێك، به بێ مه‌ترسی نقوومبون ، رێره‌وی دوارۆژ ده‌گريته‌ به‌ر و به‌ره‌نگاری شه‌پۆلی ناوچه‌گه‌رێتی و گه‌نده‌لبه‌رژه‌وه‌نديه‌کان ده‌بێت.

ئايا مه‌به‌ست له‌ و په‌يامه‌ چيه‌؟

ئايا بۆچی به‌لای خه‌لکانی وه‌ك منه‌وه‌ گرنگه که يه‌کێتی وه‌ يان پارتی ريزه‌کانيان ته‌با بێت؟ ئايا نووسراوی من بۆ چيه‌ و خه‌لکانی وه‌ك من به‌رژه‌وه‌نديان له‌وه‌دا چيه‌؟ هه‌روه‌ك چۆن باسم کرد ، هاتنه‌کايه‌وه‌ی يه‌کيێتی باشترين داهێنان بوو له‌ خزمه‌تي بزووتنه‌وه‌ی و ديموکراتيخوازی کورد. به‌ هه‌مان شێوه‌، بوونی پارتی پێويست بوو بۆ بزووتنه‌وه‌که‌مان. به‌داخه‌وه، ململانێي چه‌کداری ناشارستانی ئه‌ودوو حيزبه بووه مايه‌ی براکوژی و دوا که‌وتنی قه‌زيه‌که‌مان، به‌لام له سه‌رده‌می خه‌باتی شارستانيانه‌ی ئيمرۆدا ، ململانێی سياسی دیموکراسی ئه‌ودوو حيزبه‌ سوودی زياتره له‌ زيانی. منيش وه‌ك هه‌ر رۆشنبيرێك ، لام گرنگه که ئه‌ و بالانسه بپارێزرێت. يه‌ك له باره خۆم ، له‌ نزيکه‌وه خه‌باتم له‌گه‌ل هه‌ردوو لايان کردوه. ڵه‌ سه‌رده‌می هه‌له‌بجه‌ و ئه‌نفالدا، له‌گه‌ل نوێنه‌ری هه‌ردوولادا که‌مپه‌ينم کردوه‌ بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌نگی کورد‌، و لۆبيم کردوه له‌ دژی دوژمنان - بۆ په‌يدا کردنی دۆستان له وولاتانی زلهێز. ئه‌وه‌ی ئيمه‌ی رۆشنبير کردمان بۆ پاراستنی گيانی په‌ناهه‌نده کۆچڕه‌وه‌کان، به حيزبه‌کان نه‌ده‌کرا به ته‌نها. له‌ رۆژانێكدا كه‌ حكومه‌تی هێچ وولاتێكی ئه‌وروپی و ئه‌مريكی ئاماده‌ نه‌بوون هيچ سه‌ركرده‌يه‌كی سياسی كورد ببينن، من وهاوه‌له‌کانم توانيمان مارگرێت تاتچه‌ر له‌ مال ده‌رهێنين و وای لێ بکه‌ين که جۆن مێجه‌ر و جۆرج بووش له مال ده‌ربهێنی بۆفرياكه‌وتن و يارمه‌تیدانی کورد. هه‌وله‌كانی ئێمه و ميحنه‌تی كۆچره‌وه‌كان و فرمێسكی مندال و شينی دايكه جه‌رگسوتاوه‌كان بوو که ناوچه‌ی ئازادكراو (منطقه آمنه) ی هێنايه کايه‌وه. له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌و هه‌ولانه‌ی ئێمه و قوربانی خه‌لكی شاره‌كانی كوردستان‌- حيزبه‌کان توانيان ئيداره و حکومه‌ت و په‌رله‌مان دابمه‌زرێنن و ده‌سه‌لاتيان بچه‌سپێنن. ڵه ١۹۹١ يشه‌وه ئێمه‌ هه‌ر خه‌ريکی پشتگيريکردنی ده‌زگا و دامه‌زراوه حکوومی و ئه‌کاديميه‌کانی کوردستانين، به‌ ديوی يه‌کێتی و پارتيه‌وه. هه‌ر بۆيه‌ش، نه‌ك ته‌نها له‌ خۆمان ڕاده‌بينين که ته‌ده‌خول بکه‌ين وئامۆژگاری و پێشنيار بخه‌ينه‌ به‌رده‌م يه‌کێتيش و پارتيش، به‌ڵکو خۆمان به ساحێبی قه‌زيه‌كه‌ ده‌زانين. خاكی كوردستان و بزوتنه‌وه‌که و دوارۆژی ميلله‌ته‌كه‌مان مولكی هه‌موانه‌. هه‌موومان سه‌ربه‌رزين به‌ مێژووی خه‌بات و شۆرشی ميلله‌ته‌كه‌مان و قوربانی رۆله‌ شه‌هيده‌كانمان، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ رێگه‌ی حيزبه‌كانه‌وه‌ يان له‌ده‌ره‌وه‌ی حيزبه‌كانه‌وه‌ داستانيان تۆماركردوه. كه‌ ميلله‌ت قوربانی ده‌دات، له‌ رێگه‌ی حيزبه‌وه‌ پێشكه‌شی قه‌زيه‌كه‌ی ده‌كات، بۆيه‌ش ته‌واوی ميلله‌ت خاوه‌نی قه‌زيه‌كه‌ش وحيزبه‌كانيش و قوربانيه‌كانيشه‌‌. ديسانه‌وه‌ بۆيه‌ش به‌ ماف و ئه‌رکی هه‌موو کوردێکی رۆشنبيرو دڵسۆزیشی ده‌زانين (جا حيزبي بن يان نا) كه‌ له به‌رامبه‌ر‌ مه‌سه‌له چاره‌نووسيه‌کاندا بيده‌نگ دانه‌نيشن. جێگه‌ی داخه که‌ ئه‌وه‌ي که‌ له‌و بابه‌تانه‌ش‌ بدوی، به نووسين وه‌يان به ئاشکرايی، ره‌نگه به حيزبی به‌رامبه‌ر له‌قه‌له‌م بدرێ و بگره به‌ دووژمنيش. به‌لام قه‌زيه‌که‌مان، که‌ هی هه‌موو لايه‌که، زۆر به‌رزترو پيرۆزتره‌ له هه‌موو ئيعتوباراتێکی تر. بۆيه‌ش دلنيام که ووتاره‌که‌م سوودی ده‌بێ بۆ خاوه‌ن قه‌زيه‌كه‌ نه‌ك زيان.

شايانی باسه‌ كه‌ روخانی رژێمی سه‌دام و دامه‌زرانی ده‌ستووری ديموكراسی له‌ عيراق و هه‌لبژاردنی نوێ و يه‌كگرتنه‌وه‌ی ئيداره‌كانی كوردستان، بار و دۆخێكی دلنياكه‌ره‌وه‌ی هێنايه‌ كايه‌وه. نه‌ك ته‌نيا مه‌ترسی براكوژی كه‌مكرده‌وه، به‌لكورزه‌مينه‌ی خۆشكردوه‌ بۆ خه‌لكی ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره‌ی هه‌نده‌ران كه‌ بگه‌رينه‌وه‌ بۆ خاكی وولات. ساله‌های سال بوو خه‌ونمان به‌و رۆژه‌وه ده‌ديت كه‌ بتوانين به‌ زيندويه‌ تی (به‌مال و منداله‌وه‌) بگه‌رێينه‌وه‌ بۆ به‌شداريكردن له‌ دروستكردنه‌وه‌ی وولات، وكه‌ مرديشين ته‌رمه‌كانمان به‌ خاكی نيشتمان بسپيرين. ‌وا له‌ سايه‌ی ديموكراسيه‌تی په‌رله‌مانی، خه‌ريكه‌ خه‌ونه‌كانمان دێته‌ دی. ئيمرۆ كوردستان پێويستی به‌ زانست و ئه‌زموون و مه‌هاره‌تی مۆدێرنی بيانی هه‌يه‌ بۆ دامه‌زراندنی موئه‌سسه‌ساتی ده‌وله‌ت له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كی پته‌و. رۆشنبير و خاوه‌نپيشه‌ كورده‌كانی هه‌نده‌رانيش، بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵگری زانست و‌ ئه‌زموون و مه‌هاره‌تی بيانی به‌سوودن، ئه‌وانه‌ جگه‌ركۆشه و جگه‌رسۆزی نيشتمانيشن. ئاماده‌ن بگه‌رێنه‌وه‌وو به‌بێ قسوور رۆلی مێژوويي خۆيان ببينن و شانبه‌شانی ميلله‌تيان كاربۆ وولات بكه‌ن. هه‌لبه‌ته ئه‌ركی سه‌ر شانی حيزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌كانيشه كه‌ زه‌مينه‌ خۆش بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وولات بكه‌نه‌ به‌هه‌شتی ديموكراسيه‌ت و باری له‌بار بۆ ئه‌و پرۆسه‌يه‌ بره‌خسێنن.

سه‌رله‌نوێ داڕژتنه‌وه‌ی يه‌كێتی: سه‌ره‌تای پرۆژه‌يه‌ك‌

ئه‌وه‌ی كه‌ من ده‌يبيستم ‌ئه‌وه‌يه‌ كه‌ يه‌كێتی بنه‌ماو پێناسه‌ی رێكخراوی حيزبی نه‌ماوه‌. بويته‌ كۆمه‌ڵگايه‌ك، ناديه‌ك، كه تێيدا "براده‌ران" وه‌لائيان و تۆری په‌یوه‌نديه‌كانيان له رێگه‌ی مه‌ڵبه‌نده‌كانه‌وه نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌. واته‌، جموجۆلی سياسی له‌ده‌وری چه‌قی مه‌لبه‌نده‌كان ده‌خولێته‌وه‌. ماناو مه‌فهوومی "به‌يه‌كێتیبوون" وونكراوه‌، رێنمای سۆسيالديموكراتی به‌رداوه‌و له‌ ته‌ناقوزاتێكی فيكریدا ده‌خولێته‌وه‌. له‌سه‌ر ئاستی رێكخراويشدا، ناونووسكردنی ئه‌ندام باوی زۆر نه‌ماوه‌، كه‌لتووری تۆماركردنی وورده‌ی كۆبوونه‌وه‌كان له‌ ئارادا نه‌ماوه، داتا و ئيحسا و مێژووی جموجۆليه‌كان سه‌روشوونيان نه‌ماوه، ئاليه‌تی دابه‌شكردنی ئه‌رك و مه‌سئوليای حيزبیش له‌ موسته‌وای ژێر مه‌ڵبه‌نده‌كانه‌وه ديارينه‌كراوه‌‌. ئيتر يه‌كێتی بويته‌ دیوه‌خانێك، تۆڕێك يان حه‌وزێكی مه‌له‌وانی گه‌وره، كه‌ جێگای هه‌موو كه‌سێكی تيدا ده‌بيته‌وه‌. بێ گومان ئه‌وه‌ش‌ له‌ سيفه‌ته‌ باشه‌كانيه‌تی. به‌ڵام يه‌كێتی پێويستی به ده‌ستووريكی نووسراوه‌ و هه‌يكه‌لیكی مۆدێرن و رێكخستنێكی هه‌ميشه‌ زيندوو هه‌يه. پێوسته‌ رۆل و ميكانيزمی كاركردن و لێپرسينه‌وه‌ی ئه‌ندام و كادير و سه‌ركرده‌كانی دياريكراو بێ، و ميكانيزمی خۆتازه‌كردنه‌وه‌و هه‌لبژاردنی سه‌ركرده‌كانی ئاشكرا و به‌كار بێ.

لێره‌دا، وه‌ك سه‌ره‌تای پرۆژه‌يه‌ك، نموونه‌ی هه‌يكه‌لی حيزبێكی سۆسيالديموكراتی ئه‌وروپی ده‌كه‌مه‌ بنه‌مايه‌ك بۆ ره‌سم كردنی نموونه‌يه‌ك بۆداڕشتنه‌وه‌ی هه‌يكه‌لێكی ديموكراتيانه‌ی يه‌كێتی. ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌ نيه‌ كه‌ ته‌واوی پێناسه‌و پۆسته‌كان كتومت له‌ ئامێز بگيرێن، به‌لام ده‌كرێ سووديان لێوه‌ربگيرێت.

ده‌ستوور و پێناسه‌ی يه‌كێتی

ده‌بێ يه‌کێتی ساغی بكاته‌وه‌ كه‌ ئايا يه‌کێتی (وه‌يان به‌يه‌کێتیبوون) چيه و مانای چيه. ڵه‌گه‌ڵ ڕۆژگار، ناوه‌رۆك و مه‌فهوومی يه‌كێتی هه‌رده‌م له‌ گۆرانبوه. ئه‌گه‌رئيمرۆ له‌ ده‌نگده‌رێك بپرسی، ئايا رێكخراوی يه‌كێتی بۆئه‌و چی ده‌گه‌يه‌نێ. ئايا "يه‌كێتی" ناوێكه به‌واتای ئازادی، وولاتپاريزی، ديموكراسيه‌ت، شه‌فافيه‌ت، ئينسانيه‌ت، وه‌سيله‌ی گه‌يشتنه ئامانج و به‌ديهێنانی خه‌ونه‌كان دێت؟ وه‌يان له بيری هاووڵاتيدا ماناي يه‌كێتیبوون به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ووشه زه‌ق و به‌رراقانه‌يه؟ پێويسته‌ كه‌ يه‌كێتی پێناسه‌يه‌كی سياسی ومه‌عنه‌وی كۆمه‌ڵايه‌تی بۆ خۆی دياريبكات و له‌ ڕووی پراكتيكدا به‌ موسته‌هه‌قی و پڕ به‌ پێستی پێناسه‌كه‌ی پێوه‌ بلكێ. ده‌بێ ساغی بكاته‌وه كه‌ ئايا يه‌کێتی قيه‌می چيه‌ وبير وبرواو هه‌لوێست و بۆچوونه‌كان و ئامانجه‌كانی چين بۆ ئاينده‌ی نزيک و دووری وولاته‌كه‌. ئايا هه‌لوێستی رێکخراوه‌که‌ چيه‌ به‌رامبه‌رلايه‌نه گرنگه‌کانی کۆمه‌ل و ده‌وروبه‌ر. بۆچی يه‌كێتی ده‌يه‌وێ حوکمی له‌ده‌ست بێ؟ بۆ نموونه هه‌لوێست به‌رامبه‌رمافی دیموکراسی تاکه‌که‌س، ئافره‌ت، مندال، خێزان، په‌يوه‌ندی ژن و پياو، په‌يوه‌نديه‌کانی به‌رهه‌مهينان، مافی کرێکارو بێکار، بازرگان، سه‌رمايه‌دار، ئازادی نووسين و ده‌ربرين، سنووری ئازادی، شێوه‌ی حوکمرانی، رۆلی حيزب له کۆمه‌ل و په‌يوه‌ندی حيزب به حکومه‌ت و هتد. ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌‌ش ده‌بێ ئاشكرا بكرێن، نه‌ک ته‌نيا له‌ روانگه‌کی فه‌لسه‌فيه‌وه‌، به‌لکو له‌ رووی پراکتيك و په‌يره‌وی سياسيه‌وه. ئه‌و هه‌لوێستانه ده‌بنه‌ مال له‌سه‌رسه‌ركرده‌ی ريكخراوه‌كه‌، كه له‌روانگه‌يانه‌وه‌‌ خه‌لكی په‌نجه‌ی موحاسه‌به بۆ حيزب و سه‌ركرده‌كانی به‌رز ده‌كاته‌وه‌. هه‌ڵوێسته‌كان ده‌بنه بنه‌مای هيممه‌ته‌ سياسيه‌كانی رێكخراوه‌كه‌، بنه‌مايه‌ك كه‌ ده‌بێته‌ رێنيشانده‌ری په‌رله‌مانتاره‌كان و وه‌زيره‌كانی سه‌ربه‌ رێكخراوه‌كه‌ی بۆ مه‌به‌ستی ياسا داڕشتن و ته‌نفيزكردنيان. ده‌بنه‌ بنه‌مای به‌يان (مانيفه‌ستۆ) ی سياسی رێكخراوه‌كه‌. ده‌بێ حيزبه‌ كورديه‌كان كه‌لتوری مانيفه‌ستۆ نوێ بكه‌نه‌وه‌ و به‌ نووسراوی له‌گه‌ل خولی په‌رله‌مان بلاوی بكه‌نه‌وه‌. مانيفه‌ستۆ په‌يمان و وه‌عده‌ی سه‌رکردايه‌تی حيزبه‌كه‌يه‌. په‌يمانێكه‌ بۆ‌ ميلله‌ت كه‌تێيدا ئاشكرای ده‌كه‌ن ئايا به‌چی وه‌سيله‌يه‌ک يه‌كێتی هه‌ول ده‌دات هه‌لوێست و ئامانج و په‌يمانه‌کان به‌ديبهێنی و چۆن ده‌ستکه‌وته‌کانی ميلله‌ت ده‌پارێزی و بارو دۆخی کۆمه‌ل‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات.

هه‌يكه‌لی رێكخستنی حيزب

گرنگترین بابه‌ت، هه‌يكه‌لی ریكخستنی ئه‌ندامه‌كان و تۆڕی رێكخراوه‌كه‌يه‌‌. حيزبێكی ديموكراسی كه بيه‌وێ هه‌رده‌م له‌ گۆڕان و پێشكه‌وتندابێ، پێويسته‌ هه‌يكه‌له‌كه‌ی رێگر نه‌بێ. هه‌يكه‌لی هه‌ره‌می تێكچه‌قيوی كۆمۆنيستانه‌ به‌كه‌لكی دیموكراسيه‌ت نايه‌ت. ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر كاغه‌ز، حيزبی سۆشياليستی و كۆمۆنيستی له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كی شێوه‌ دیموكراتيانه‌ داڕيژراون، به‌ڵام‌ ئه‌زموون سه‌لماندوويه‌تی كه‌ له‌گه‌ڵ ديموكراسيه‌تی په‌رله‌مانيدا زۆر گونجاونينه‌‌‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێخۆشكه‌رن‌ بۆتاكڕه‌وی و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی ئالقه‌يه‌كی پچووك. باشتره كه‌ تۆری رێكخستنی یه‌كێتی له‌سه‌ر‌شێوه‌ي هێشوويه‌كی دايناميكی بێ، كه تێيدا‌ ده‌سه‌ڵات سه‌ره‌وخوار و خواره‌وسه‌ر، به‌هه‌ردوو ئيتيجاهدا بروات. گرنگ لێره‌دا ته‌سه‌لسولی قادرمه ئيداريه‌كه نيه‌، به‌ڵكو له‌ په‌يوه‌ندی نێوان پله‌كانی قاردمه‌كه‌يه‌ وله‌ دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانه به‌سه‌ركۆميته‌ی ئاسته‌ جياجياكان. ئه‌و بابه‌تانه‌و وورده‌كاری ته‌واوی په‌يره‌و و پرۆگرامه‌كان و ئاليه‌تی هه‌لسووراندنی حيزبه‌كه‌، ده‌بێ له‌ ده‌ستووری حيزبدا دياريكرابێ، هه‌ر له‌ ده‌سه‌لاته‌كانه‌وه‌ بگره‌ هه‌تائه‌رك وماف و لێپرسينه‌وه‌ورته‌نزيمی په‌يوه‌نديه‌كان.

ئه‌ندام:

ئه‌ندام کۆره‌گه‌ و به‌ردی بناغه‌ی رێکخراوه‌که‌يه‌. پێناسه‌ی ئه‌ندام و دياريكردنی ئه‌رك و مه‌سئوولياتی، كارێكی ئاسانه‌. گرنگ ئه‌وه‌يه‌ كه هه‌موو ئه‌ندامێك ناونووس بكرێ له‌ داتابه‌يسه‌كی مه‌ركه‌زی. ئه‌ندام ئه‌وكه‌سه‌يه‌ كه‌ ئابوونه‌ی ساڵانه‌ی ده‌دات. ئابوونه سه‌رچاوه‌يه‌كی‌ دارایی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی حيزبه‌كه‌يه‌، جا ئه‌گه‌ر زۆر بی يان كه‌م. ئه‌ندام له‌كاتی پێویست و به‌گویره‌ی توانا، يارمه‌تی خۆی پێشكه‌ش به رێكخراوه‌كه‌ ده‌كات. ئه‌ندامی ئاسايی رێكخراوه‌كه‌ بريتيه له‌ ده‌نگده‌رێك و پاڵپشتێك، مه‌رجيش نيه‌ كه‌ باری گران بكرێ به‌ ئه‌رك و مه‌سئوولياتی حيزبی . هه‌رچی مه‌سئوليات و كاری فولتايمی حيزبيه‌ ، ئه‌وه‌ پيشه‌ی كاديره هه‌ڵبژاردراوه‌كانه‌، له‌گه‌ڵ ستافی مووچه‌خۆر(كه‌ مه‌رج نيه‌ حيزبی بن). ئه‌ندامێی رێكخراو له‌ رێگه‌ی " لق" به‌ حيزبه‌وه ده‌به‌سترێته‌و‌ه، كه‌ ئه‌وه‌يش به‌ لانی كه‌مه‌وه‌ بريتيه له‌ ده ئه‌ندام و ده‌گاته‌ ده‌يان كه‌س. هه‌ر سێ چوار لقه‌ی "مه‌ڵبه‌ندێکی" ئينتيخابی پێک دێنن كه‌ سنوره‌كه‌ی بريتيه‌ له‌ هه‌مان سنووری هه‌ڵبژاردنی تاكه‌ په‌رله‌مانتارێك‌. هه‌ر سێ چوار مه‌ڵبه‌ندێكی نزيك له‌ يه‌كتر ده‌توانن "هه‌رێمێك" پێك بێنن بۆ ره‌سم كردنی سياسه‌تی هاوبه‌ش، به‌لام ئه‌وه‌ێان زه‌روور نيه‌. هه‌رێميش سه‌ركردايه‌تی به‌دوادا دێت.

پێويسته‌ يه‌كێتی رۆلی ئه‌ندام و و پێشمه‌رگه‌ لێك جيا كاته‌وه‌. ئيمرۆ سه‌رده‌می حيزبايه‌تی نهێنی (پڕمه‌ترسی) ناو شارو پێشمه‌رگايه‌تی شاخ به‌سه‌رچوه‌. جاران گشت ئه‌ندامانی رێكخراوی يه‌كێتی ئه‌رك و مه‌سئوولياتی مێژوويیان له‌سه‌رشان بوو و ‌هه‌موويان به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌قه‌له‌م ده‌دران. به‌لام ئيمرۆ رۆژی خه‌باتی ديموكراسی شارستانيه، ‌ سه‌رده‌می عيراقی پاش سه‌ددامه. پێشمه‌رگه‌ی ئيمرۆ سه‌ربازێكی موحته‌ريف و فولتايمه‌ و به‌شێكه‌ له‌ جيهازی حكوومه‌ت و ده‌بێ له‌ هه‌يكه‌لی حيزبه‌كه‌ جيابكرێته‌وه. پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانيش بيركردنه‌وه‌و هه‌ڵسوكه‌وتيان حيزبیانه‌‌ بێ نه‌ك پێشمه‌رگانه.

لق

بڕبڕه‌ی پشتی رێكخراوی حيزبه‌كه‌ بريتيه‌ له لقه‌کانی. لقێک ره‌نگه بچووک بێ يان گه‌وره، به‌گوێره‌ی ناوچه‌‌ جوگرافيه‌که و قه‌واره‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌ی. هه‌ر لقێک سالانه‌، سێ چوار کۆبوونه‌وه‌ی ئاسايي و کۆنفرانسی سالانه‌ی خۆی‌ ده‌کات بۆ خاتری هه‌ڵبژاردنی كۆميیته‌ی لق و دياريكردنی رێره‌و و هه‌ڵوێست و سياسه‌تی لقه‌كه‌، به‌گوێره‌ی خسوسياتی ناوچه‌ جوگرافيه‌كه. كۆميته‌ی لق‌ وه‌ك رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆ كارده‌كات و سه‌ركردايه‌تی حيزبه‌كه ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر كۆميته‌ی لقه‌كه‌ دياريكراوه‌. شايانی باسه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ی دواڕۆژی حيزبه‌كه‌ له لقه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌قولێن‌ و ميكانيزمێك هه‌يه‌ بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بردني خه‌ڵكی لێهاتوو.

ئه‌رك و مه‌سئولياتی هه‌ره‌ گرنگی كۆمييته‌ی لق بريتيه‌ له كه‌مپه‌ين كردن له‌ ناوچه‌ جوگرافيه‌كه‌ بۆ هاندانی خه‌ڵك بۆ ده‌نگدان به پاڵيوراو‌ه‌كانی حيزبه‌كه له هه‌ڵبژاردنه گشتیه‌كان. بۆ نمووهی په‌رله‌مان وبه‌له‌ديه‌ و مايه‌ر(موحافيز) و قائيمه‌قام وپۆسته ستراتيژيه‌كانی تر. كه‌مپه‌ينيش پرۆسه‌يه‌كی به‌رده‌وامه، نه‌ك ته‌نيا له رۆژانی هه‌ڵبژاردندايه. كۆميته‌ی لقه‌كان چاو و گوێی حيزبه‌كه‌ن كه ئاگاداری هه‌ست و گيروگرفتی خه‌ڵكن. هه‌ركاتێكيش ئه‌گه‌ر سه‌ركردايه‌تی حيزبه‌كه‌ له‌ميلله‌ت دابڕا‌ و له‌ خه‌ڵك بێمنه‌ت بوو، ئه‌وا ئه‌ندام و كۆميته‌ی لقه‌كان يه‌كه‌م كه‌سن هه‌ست به‌و دابرانه‌كه‌ پێ ده‌كه‌ن و يه‌كه‌م كه‌سيشن كه‌ پێوه‌ی ده‌نالێنن. هه‌ربۆيه‌ش باشترين ئامۆژگاريكه‌ری سه‌ركردايه‌تی حيزبه‌كه ئه‌ندامانی لقه‌كان‌ن.

له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی لقه‌كاندا، نوێنه‌رانی لق هه‌ڵده‌بژيردرێن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ كۆنفرانسی ساڵانه‌ی مه‌ڵبه‌ند و هه‌رێم و كۆنفرانسی گشتی حيزب بكه‌ن. شايانی باسه‌ كه‌ هه‌لسوكه‌وت و ئيداره و بوودجه‌ی كۆمييته‌ی لق ده‌كه‌وێته‌ ژێر چاودێری و لێپرسينه‌وه‌ی كاونسلی "مه‌ڵبه‌ندی ئينتيخابی". هه‌ركاتێكيش كۆميته‌ی لق پێخواری بكات و له‌ خه‌‌تی حيزبی وه‌يان قانوونی لابدات، ئه‌وا كاونسلی مه‌ڵبه‌ندو سه‌ركردايه‌تی حيزبه‌كه‌ ده‌سه‌لاتی ئه‌وه‌يان هه‌يه‌ لقه‌كه‌ سزا بده‌ن، كاری بوه‌ستێنن وه‌يان به‌ته‌واوی دايبخه‌ن.

مه‌ڵبه‌ند

مه‌ڵبه‌ندی ئينتيخابی رۆلێكی مه‌ركه‌زی ده‌بينی له‌ ئيداره‌ و رێكخستن و پته‌وكردنی هه‌يكه‌لی حيزب. مه‌ڵبه‌ند كاونسلی خۆی هه‌يه‌ و پێك دێت له‌ نوێنه‌ره هه‌ڵبژاردراوه‌كانی لقه‌كان. ده‌شكرێ ئه‌ندامه‌كانی كاونسلی مه‌لبه‌ند به‌راسته‌وخۆيی هه‌ڵبژێردرێن له‌لايه‌ن ئه‌ندامانی ناوچه‌كه‌‌‌وه. مه‌ڵبه‌ند، ديسانه‌وه‌، وه‌ك رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆيه‌ و مه‌سئووله‌ به‌رامبه‌رلقه‌كان و ئه‌ندامه‌ ده‌نگده‌ره‌كان. ئه‌وانه‌ش ته‌ئسيریان له‌سه‌رهه‌ڵسوكه‌وت و رێره‌وی مه‌ڵبه‌نده‌كه زۆر زياتره‌ وه‌ك له‌ ته‌ئسيری سه‌ركردايه‌تی حيزبه‌كه‌. مه‌ڵبه‌ند چه‌ندين كۆبوونه‌وه‌ی ئاسايی و كۆبوونه‌وه‌يه‌كی ساڵانه ده‌كات، له‌سه‌ر هه‌مانشێوه‌ی لقه‌كان. گشت ئه‌ندامانی لقه‌كانی سه‌ر به‌ مه‌ڵبه‌ند بۆيان هه‌يه‌ به‌شداري بكه‌ن له‌ كۆنفرانسی ساڵانه‌ی مه‌ڵبه‌ند. ئه‌ركی سه‌ره‌كی مه‌ڵبه‌ند ئه‌وه‌يه‌ كه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی، كانديد (پاڵێوراو) ی حيزبه‌كه دياري بكات بو پۆسته‌ گرنگه‌كانی ناوچه‌كه، به‌ڵام به‌ ته‌نسيق له‌گه‌ل پێشره‌وی حيزبه‌كه‌ و كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی گشتی‌. هه‌روه‌ها ئه‌ركی كاونسلی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌شه‌ كه‌ ته‌نسيقی كه‌مپه‌ينی نێو لقه‌كان بكات بۆديعايه و پشتكيریكردنی كانديد‌ه‌كان. دوای هه‌ڵبژاردنيش، كاونسلی مه‌ڵبه‌ند ده‌كه‌ويته‌ پشتگيری و چاودێريكردنی هه‌ڵگری پۆسته‌كان. مه‌ڵبه‌ند چه‌ندين رۆلی گرنگی تريشی هه‌يه‌، بۆيه‌ش پێكهاتی كاونسلی مه‌ڵبه‌ند زۆر گرنگه.

له‌ كۆنفرانسی ساڵانه‌ی مه‌ڵبه‌نددا، سه‌رۆك و جێگری و سكرتێر و خه‌زنه‌دارو لێبرسراوی كاروباری ئافره‌ت و ڕاگه‌ياندن وچوارپێنج ئه‌ندامی تر هه‌ڵده‌بژێردرێن. له‌وانه‌ی دووايی، لێپرسراوی مافه مرۆڤيه‌كان (وه‌ك مافی يه‌كسانی) و كاروباری لاوان و هی تر دياريده‌كرێن. ئه‌ندام كاونسلی مه‌ڵبه‌نده‌كان (و ستافه‌ مووچه‌خۆره‌كانی) وه‌ك موئه‌سسه‌سه‌يه‌ك كار ده‌كه‌ن، به‌ ته‌نسيقی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ سه‌ركردايه‌تیش و له‌گه‌ڵ لقه‌كانيش. ئه‌گه‌رچی‌ سياسه‌ت و خه‌تی گشتيه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ند له‌لايه‌ن سه‌ركردايه‌تيه‌وه‌ ره‌سم ده‌كرێ، به‌ڵام كاونسلی مه‌ڵبه‌ند توانای گۆرانكاری و ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌و سياسه‌ته‌ گشتيه‌ی‌ هه‌يه،‌ به‌ گوێره‌ی پێداويست و خسوسياتی كۆمه‌ڵگای ناوچه‌‌كه‌.

شايانی باسه كه كاونسلی مه‌ڵبه‌ند، حوكمو ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر په‌رله‌مانتاری (سه‌ربه‌ حيزبه‌كه‌ی) ناوچه‌كه‌يان زۆر زياتره وه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركردايه‌تی. ته‌نانه‌ت، كاونسلی مه‌ڵبه‌ند فه‌رمان ده‌دا كه ئايا په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی ‌ چۆن چۆنی ده‌نگ بدات له ناو په‌رله‌مان. هه‌ڵبه‌ت، په‌رله‌مانتاران، جار جار ياخی ده‌بن و به‌بێچه‌وانه‌ی ئامۆژگاريه‌كانی مه‌ڵبه‌نده‌كانيان ده‌نگ ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش مافی خۆيانه‌ وله‌و حاڵه‌ته‌دا به‌رژه‌وه‌ندی ووڵاتيان، ويستی ده‌نگده‌ران وه‌يان زه‌ميريان، زاڵ ده‌كه‌ن به‌سه‌ربه‌رژه‌وه‌ندی حيزبه‌كه‌يان. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و حاله‌تانه‌ ده‌گمه‌نن. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌ندامپه‌رله‌مان له خه‌ت ده‌ربچێ، ئه‌وا له مه‌ڵبه‌نده‌که‌يه‌وه‌ سزای حيزبی ده‌درێ و ره‌نگه‌ له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا پشتگيری نه‌کرێ و کانديد نه‌کرێ، هه‌تا ئه‌گه‌ر پێشره‌و و كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تێشی له‌ پشت بێ.

له‌ عيراقی ئيمرۆدا، به‌ كوردستانه‌وه، ده‌ستووری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و به‌له‌ديه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ليسته (قائيمه) ی حيزبيه، بۆيه‌ش په‌رله‌مانتار خۆی به‌ به‌رپرس نازانێ به‌رامبه‌ر ئه‌ندامانی ئاسايی حيزبه‌كه‌ يان مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ وه‌ يان هه‌تا خه‌ڵكی ده‌نگده‌ری ناوچه‌كه‌. واته په‌رله‌مانتار مه‌جبوور نيه‌ دڵی خه‌ڵك ڕازی بكات، به‌ڵكو ته‌نيا پێويستی به‌ ڕازيكردنی سه‌ركردايه‌تی (يان خودی پێشره‌وی) حيزبه‌كه‌يه‌تی. به‌و شێوه‌يه‌ چه‌ندين كه‌سی نامه‌رغوب، به‌بێ منه‌تی، فه‌رزكراون به‌سه‌ر ده‌نگده‌رانيش و ئه‌ندامانی حيزبيش. ئه‌وه‌ش له‌ به‌های ديموكراسيه‌تی ده‌ستووری ووڵاته‌كه‌مانی كه‌مكردۆته‌وه ، بۆيه‌ش پێويسته‌ سه‌ركرده‌ی حيزبه‌كان دووربينتر بن بۆ دامه‌زراندنی سيسته‌مێكی دیموكراسی عاديلانه بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو. زۆر گرنگه‌ كه يه‌كێتی وحيزبه‌ كورديه‌كانی تر، به‌ لانی كه‌مه‌وه‌، هه‌يكه‌لی ته‌نزيمي خۆيان بگۆرن و شێوازی مۆدێرن به‌كار بهێنن، وه‌يان له‌كاتی نووسينه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌و فاكته‌رانه‌ ڕه‌چاو بكه‌ن. به‌وه، بنچينه‌ی ديموكراسيه‌ت باشتربۆ دواڕۆژ داده‌مه‌زرێنن وه‌ك له‌وه‌ی كه‌ له‌ ده‌ستووری عیراقدا هاتووه. ره‌نگه‌ سيسته‌می ليسته‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كاتی حيزبه‌كاندا بووبێ، بۆيه‌ش له‌ به‌غداش و له‌ كوردستانيش دايانمه‌زراندوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ سيسته‌مێكی ديموكراسی ناته‌واوه‌ و پڕه‌ له‌ گيروگرفتی درێژخايه‌ن.

گرووپه‌كانی سه‌ربه‌ حيزب يان هاوخه‌باتی حيزب

هه‌ر كۆمه‌ڵه‌يه‌ك، رێكخراوێك يان سانديكايه‌كی تايبه‌تمه‌ند (بو نموونه هی پيشه‌‌ييه‌كان و قوتابيان ولاوان و ئافره‌تان و په‌رله‌مانتاره‌كان و ئه‌ندامبه‌له‌ديه‌كان) كه بڕوای به‌ ئامانج و هه‌لوێست و رێره‌وی حيزبه‌كه‌ هه‌يه‌ و ده‌ستووره‌كه‌ی له‌ئامێز ده‌گری و ئاماده‌يه‌ شانبه‌شانی حيزبه‌كه‌ خه‌باتی ديموكراسی بكات، ئه‌وا كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌توانی داوای ئه‌ندامێتی له حيزب بكات به‌ سيفه‌تی "گروپ"، وه‌يان ببێته "كه‌رتێكی" دانه‌بڕاو له‌ حيزبه‌كه‌. گرووپ مانای ئه‌وه‌يه‌ كه‌ رێكخراوه‌كه به‌كۆمه‌ڵ‌ (نه‌وه‌ك تاكه‌ كه‌سه‌كانی ناوی) سيفه‌تی ئه‌ندام وه‌رده‌گرێ‌. هه‌ڵبه‌ت، گرووپه‌كان رێكخراوی سه‌ربه‌خۆن و بۆ مه‌به‌ستی تايبه‌ت درووستبوون وده‌ستوور و هه‌ڵوێست و ستراتيژيه‌تی تايبه‌تی خۆيان هه‌يه. به‌ڵام خۆشيان به‌به‌شێكی دانه‌بڕاوی حيزبه‌كه‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ده‌زانن و مافيان (وه‌ك گروپيك) وه‌ك مافی تاكه ئه‌ندامه‌كانی حيزبه‌كه‌يه‌. ئه‌و گرووپانه‌ ئابوونه‌ی سالانه‌ ده‌ده‌نه‌ حيزبه‌كه‌، كه‌ ئه‌وه‌يش سه‌رچاوه‌يه‌كی گرنگی داهاته بۆ حيزبه‌كه.

شايانی باسه‌ كه‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی سه‌ربه‌ حيزبه‌كه،‌ گرووپێكی تايبه‌ت پێك ده‌هێنن و به‌رده‌وام له‌ ژير سه‌قفی په‌رله‌مان يه‌كتری ده‌بينن. ئه‌و گرووپه گرنگترين ئۆرگانی حيزبه و به‌ سه‌ربه‌خۆيی كارد ده‌كات و ئاليه‌تی خۆته‌نزيمكردنی تايبه‌ته‌ به‌ خۆی. ئه‌گه‌رچی بوونی ئه‌نداميكی حيزب به‌په‌رله‌مانتار رۆلێكی قيادی ده‌خاته‌ پال ئه‌وكه‌سه‌، به‌لام ئيمتيازی تری حيزبی ناداتێ. وه‌ك هه‌موو گرووپێكی تر، گرووپی په‌رله‌مانتاران نوێنه‌ريان هه‌يه‌ له‌ كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی. په‌له‌مانتاری نه‌ته‌وه‌يی و هی هه‌رێميش گرووپيان جياواز ده‌بێ.

كۆنفرانس

كۆنفرانسی گشتی، گه‌وره‌ترين ده‌سه‌ڵاتی حيزبه، ده‌بێ به‌لانی كه‌مه‌وه‌ دوو سال جارێك ببه‌سترێ، ئه‌گه‌رچی به‌رۆتين و به‌ كه‌ڵتوور له‌ زۆربه‌ی ووڵاتانی هێمن، سالی جارێك ده‌به‌سترێ. هه‌ر ده‌ ئه‌ندامه‌ی حيزب له‌ رێگه‌ی لقه‌كاندا، نوێنه‌رێك (ئه‌ندامكۆنفرانسێك) هه‌ڵده‌بژيرن و رايده‌سپێرن كه‌ به‌ به‌گویره‌ی بيركردنه‌وه‌ و تايبه‌تمه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندی لقه‌كه‌يان له‌ كۆنفرانسدا ده‌نگ بكات و ده‌نگ بدات. هه‌رچی گرووپه‌كانن، بۆيان هه‌يه‌ كه‌ نوينه‌ران بنێرن، و ‌ژماره‌ی نوێنه‌ره‌كانيشيان به‌گوێره‌ی قه‌باره‌ی گرووپه‌كان‌ دياريده‌كرێ. بو نموونه، دوو نوێنه‌ر بۆ ‌هه‌ر گرووپێكی پێنج سه‌د ئه‌نداميی. شايانی باسه‌ كه‌ ته‌نيا ئه‌ندامكۆنفرانسه‌ هه‌ڵبژاردراوه‌كانی لقه‌كان و گرووپه‌كان له‌ناو كۆنفرانسی گشتی مافی ده‌نگدانيان هه‌يه. په‌رله‌مانتارانی حيزب بۆيان هه‌يه‌ له‌ كۆنفرانس ئاماده‌ ببن و ووتاريش بخویننه‌وه‌، به‌لام مافی ده‌نگدانيان نيه، مه‌گه‌ر ئه‌وانيش وه‌ك ئه‌ندامكۆنفرانس هه‌لبژێردرابن له‌لايه‌ن لقه‌كانيانه‌وه.

پێشره‌وی حيزب و جێگره‌كه‌ی

پێشره‌وی حيزب ( ده‌كرێ هه‌رناوێكی تری لێ بنيی، گرنگ له‌ پێناسه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانيتی) زمانحال و نوێنه‌رو بريارده‌ری حيزبه‌كه‌يه‌ له‌ شانۆی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی ووڵات و پێشره‌وی په‌رله‌مانتاره‌كانه‌ له‌ناو په‌رله‌مان. ئه‌گه‌ر حيزبه‌كه‌ ده‌سه‌لاتی كه‌وته‌ ده‌وست، ئه‌وا پێشره‌و ده‌بێته‌ هه‌ڵگری پۆستی سياديه‌ (بۆ نموونه‌ سه‌ره‌كوه‌زيران). بۆيه‌ش پۆستی پێشره‌وی حيزب گرنگترين پۆستی رێكخراوه‌كه‌يه. ده‌كرێ پێشره‌و له‌لايه‌ن ئه‌ندامكۆنفرانسه‌كانه‌وه‌ هه‌‌بژێدرێت وه‌يان له‌لايه‌ن ئه‌ندامه‌كانی سه‌ركردايه‌تی، له‌دوای هه‌ڵبژاردنيان له‌لايه‌ن كۆنفرانسه‌وه‌. به‌ڵام له‌ سيسته‌می ديموكراسی مۆدێرندا، پێشره‌و به‌ ميكانيزمێكی تايبه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆنفرانسدا هه‌ڵده‌بژێردرێ. هه‌ر تاكه‌ ئه‌ندامێكی حيزب، به‌راسته‌وخۆيی هه‌قی ده‌نگدانی هه‌يه‌. كۆی ده‌نگی ئه‌ندامه‌ ئاساييه‌كانی حيزب به‌ سێيه‌كی (وه‌يان نيوه‌ی) سه‌رجه‌می ده‌نگه‌ بڕيارده‌ره‌كان ده‌ژمێردرێن‌. كۆی ده‌نگی گرووپی په‌رله‌مانتاره‌كانيش سێيه‌كێكی (يان نيوه‌كه‌ی) تره‌. ده‌شكرێ كه‌ سێيه‌كێش (يان زۆر كه‌متر) به‌شی گرووپه‌ هاوخه‌باته‌كانی حيزبه‌كه‌ بێ. جێگری حيزبيش له‌هه‌مان كاتدا و به‌هه‌مان ميكانيزم هه‌ڵده‌بژێردرێ. ده‌شكرێ كه‌سێك بۆ هه‌ردوو پۆست خۆی بپالێوی، به‌و ئومێده‌ی ئه‌گه‌ر بووه پێشره‌و، ئه‌وا پۆسته‌كه‌ی تر بۆ پالێوراوی دووه‌م ده‌بێ.

هه‌ربۆيه‌ش پێشره‌و و جێگره‌كه‌ی ده‌سه‌لاتيان زۆر فراوانه، وله‌هه‌مانكاتيشدا‌ ليپرسراون‌ به‌رامبه‌رته‌واوی ئه‌ندامانی حيزب و په‌رله‌مانتاران وگرووپه‌كان و كۆنفرانسی گشتی و كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی. پێويسته‌ ماوه‌ی هه‌ڵگرتنی پۆستی پێشره‌و و جێگری پێشره‌وی حيزب دياريكراوبێ، بۆ نموونه چوار، پێنج يان ئه‌وپه‌ره‌كه‌ی شه‌ش ساڵ. ده‌شكرێ كه‌ مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێ كه‌ له‌ دوو خول زياتر پێشره‌وی بكات. هه‌موو سالێكيش،ئه‌ندامكۆنفرانسه‌ ده‌نگده‌ره‌كان بۆيان هه‌يه‌ داوای ده‌نگدان بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئايا بروانامه‌ی پێشره‌وايه‌تی له‌ پێشره‌و بستێندرێته‌وه، وه‌يان هه‌ڵبژاردنی پۆسته‌كه‌ دووپات بكرێته‌وه‌. بۆئه‌ومه‌به‌سته‌ش، پێويسته دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگده‌ره‌كانی كۆنفرانس پشتگيری ئه‌و داوايه‌ بكه‌ن تاوه‌كو بۆيان بچيته‌سه‌ر. سالانه، ده‌بێ پێشره‌و راپۆرتێك پێشكه‌شی كۆنفرانس بكات و تێيدا ده‌ستكه‌وت و هه‌ڵه‌كانی رابووردوو هه‌ڵسه‌نگێنی و بارو دۆخی سياسه‌تی جيهانی شێ بكاته‌وه و ستراتيژيه‌تی گشتی حيزبه‌كه‌ و به‌رنامه‌و پلانی سياسی دوو تا سێ ساڵه‌ بخاته به‌رده‌م . ئه‌و راپۆرته‌ش بۆ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێ و ته‌به‌ننا بكرێ. كۆنفرانسيش بۆی هه‌يه‌ قه‌بول يان ره‌فزی ته‌واوی ڕاپۆر‌ته‌كه‌ بكات.

سه‌ركردايه‌تی

له‌كۆنفرانسی گشتی ساڵانه‌دا‌ ئه‌ندامانی كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی هه‌لده‌بژيردرێن. ژماره‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردايه‌تی ده‌بێ دياري بكرێ به‌گوێره‌ی پێداويستی، بۆ نموونه له‌ نێوان پازده بۆ بيست، وه‌يان بيست و پێنج دانه‌. ئه‌وانه‌ش ‌ڵه‌نێوان خۆياندا، چه‌ند پۆستێكی قيادی گرنگ پرده‌كه‌نه‌وه‌. ده‌كرێ كه‌ گرووپه‌كان (سانديكا و رێكخراوه‌ هاوخه‌باته‌كان و نوێنه‌ری ئه‌ندام مه‌لبه‌نده‌كان و په‌رله‌مانتارانی هه‌رێم و ده‌وله‌ت) رێگه‌يان بدرێ كه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌خۆی خۆيان، هه‌ريه‌كه‌ی يه‌كدوو ئه‌ندام (به‌گوێره‌ی قه‌باره‌يان) كانديد بكات بۆ سه‌ركردايه‌تی. ئه‌وانه هه‌موويان مافی ده‌نگدانيان هه‌يه به يه‌كسانی. ده‌شكرێ كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی داوا له دوو يان سێ كه‌س بكات كه‌ به‌بێ هه‌ڵبژاردن بێنه‌ ناو كۆميته‌وه. به‌وانه‌ ده‌لێن ئه‌ندامی دامه‌زرێندراو (كۆئۆپت). ئه‌وانه‌ش له‌به‌ر هۆی تايبه‌ت، وه‌ك پسپۆری يان ئه‌زموون، ده‌عوه‌ت ده‌كرێن. ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ بۆ كوردستان به‌كه‌لك بێ و مه‌جالی سه‌ركردايه‌تی ده‌دات كه‌ به‌ شه‌رعيانه‌ (نه‌ك به ته‌زكيه‌يه‌كی ناده‌ستووری‌) خه‌ڵكی لێهاتوو بهێننه‌ ناو كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تيه‌وه‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ی گله‌ييشيان بێته‌ سه‌ر.

پۆسته‌ قياديه‌كانی سه‌ركردايه‌تی ‌

بێجگه‌ له‌ پێشره‌و، حيزب پێويستی به‌ چه‌ند سه‌ركرده‌يه‌كی تريش هه‌يه‌ كه‌ رۆلی قيادی زه‌ق ببينن. له‌وانه‌ سه‌رۆكی حيزب و سكرتێری گشتی و جێگره‌كه‌ی و سه‌رپه‌رشتياری كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردايه‌تی و جێگره‌كه‌ی و خه‌زنه‌دار و هی تريش (به ‌گوێره‌ی ده‌ستوور). ئه‌وانه‌ له‌ناو كۆنفرانسدا هه‌ڵده‌بژيردرێن، واته به‌‌ ميكانيزمێكی جياواز له‌ هی پێشره‌و. ماوه‌ی هه‌ڵگرتنی پۆسته‌كانيش ده‌كرێ دياری بكرێن به‌ دوو سال و سێ سال، به‌جۆرێك كه رێگه‌ی به‌رده‌وامێتی و ئه‌زموونگوستنه‌وه‌ بدات. هه‌ريه‌ك له‌و پۆسته‌ قياديانه‌ رۆل و ئه‌رك و مه‌سئولياتی دياريكراوی هه‌يه‌و كه‌سيان (هه‌تا پێشره‌ويش) مافی ده‌ستێوه‌ردانی رۆلی ئه‌وی تری نيه.

له‌ناو يه‌كێتی نيشتمانيدا، سكرتێری گشتی رۆلی هه‌رهه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ی بينيوه‌ و ده‌سه‌لاته‌كه‌ش‌ی بێ سنووره‌. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك له‌و پۆستانه‌ له‌ناو يه‌كێتیدا ده‌ستنيشان كراون و له‌سه‌ركاغه‌ز رۆليان دياريكراوه‌ به‌لام له‌راستیدا ده‌مێك پرۆتۆكۆليه‌ و ده‌مێك فيعليه‌، به‌گوێره‌ی ويستی سكرتێری گشتی‌. زيان و كه‌م و كوری ئه‌وجۆره‌ ته‌رتيبه‌ش ئاشكرايه‌ و لێدوانی ناوێ.

سه‌رۆكی حيزب:

رۆلی سه‌رۆكی حيزب پرۆتۆكۆليه‌و بريتيه‌ له نوێنه‌رايه‌تی حيزب له‌ موناسه‌باتی تايبه‌ت له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وولات.

سكرتێری گشتی و جێگره‌كه‌ی

رۆلی سكرتێری گشتی زۆر گرنگه‌ و بريتيه له‌ هه‌ڵسووراندنی كاروباری حيزبه‌كه‌، واته كارگێر و بريارده‌ری ئيداری حيزبه‌كه‌يه‌. سه‌رۆكی ئۆفيس وستافی سه‌ركردايه‌تيه‌ و مه‌سئووليه‌تی رێكخستن و پێشخستن و گه‌شه‌پێدانی حيزبه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆدايه‌. ئه‌ركی ئه‌ويشه‌ كه بريار و پێشنياره‌كانی كۆنفرانس جێبه‌جێ بكات سه‌باره‌ت به‌ خودی حيزبه‌كه‌.

سه‌رپه‌رشتياری(چێرمانی) كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی و جێگره‌كه‌ی

ئه‌و‌ه‌شيان رۆلی زۆر گرنگه‌ كه‌ بريتیه‌ له‌ به‌رێوه‌بردنی (سه‌رۆكايه‌تی، سه‌رپه‌رشتی-چێرمانی) كۆبوونه‌وه‌كانی كۆنفرانسی سالانه‌و و كۆبوونه‌وه‌كانی كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی. سه‌رپه‌رشتيار، ده‌سه‌لاتی تايبه‌تی هه‌يه‌ بۆ پاراستنی رێره‌وی كۆنفرانس. له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆنفرانسيش، يارمه‌تی پێشره‌و ده‌دات له‌ دياريكردنی پالێوراوانی حيزبه‌كه‌ بۆ هه‌ڵبژارنه‌كان.

خه‌زنه‌داری حيزب

رۆلی خه‌زنه‌دار رۆلێكی سه‌ركرده‌ييه و به‌سه‌ر ته‌واوی ئيداره‌ی پاره‌و سامان و حيساباتی لق و مه‌ڵبه‌ند و كۆمييته‌كاندا ده‌نۆری و برياری ستراتيژی ده‌دات بۆ چۆنێتی رێكخستن و گه‌شه‌ پێدانی داهات و مه‌سره‌ف. شايانی باسه‌ كه‌ داهاتی سه‌ره‌كی حيزب بريتيه‌ له‌ ئابوونه‌ی ئه‌ندامان و گرووپه‌كان وته‌به‌روعات وداهاتی مولك و ئيستيسمارات. له‌كوردستان كيسه‌ی حيزب و حكومه‌ت تێكه‌ڵه و يه‌كه‌ميان دووه‌ميان ده‌دۆشێ. به‌لام له‌ وولاتانی ديموكراتی، حيزب پاره له‌ حكومه‌ت وه‌رناگری، نه‌به‌كه‌م و نه‌به‌زۆر.

ڕاگه‌ياندن

مه‌كته‌بی ڕاگه‌ياندی حيزب له‌ به‌شه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانه وئه‌نداماێكی سه‌ركردايه‌تی سه‌رپه‌رشتی كاره‌كانی ده‌كات. مه‌كته‌ب پلانی ستراتيژی ديعايه‌كردنی حيزبی داده‌نێ و به‌گوێره‌ی سياسه‌تی حيزب ته‌نفيزيان ده‌كات. ئامانجی سه‌ره‌كی هيممه‌ته‌كانيشی بريتيه له‌ دۆزينه‌وه‌ی باشترين ريگه‌ بۆ گه‌ياندنی په‌يامی حيزبه‌كه‌ به‌ خه‌لكی ده‌نگده‌ر، بۆ مه‌به‌ستی زيادكردنی ژماره‌ی پشگيریكه‌ران و ئه‌ندامان. مه‌كته‌بی راگه‌ياندن بوودجه‌يه‌كی دياريكراوی هه‌يه‌ و ته‌رخانكراوه‌ بو دابينكرنی ئامانج و داواكاريه‌كانی كۆنفرانس (نه‌ك ته‌مجيدی پێشره‌و). كارمه‌ندانی مه‌كته‌ب بابه‌ت و ناوه‌رۆكی په‌ێامه‌كان ده‌ستنيشان ده‌كه‌ن و ده‌يده‌ن به‌ خه‌ڵكی پسپۆر بۆ داڕشتن و ده‌رهێنان. ئه‌وجا، به‌ گوێره‌ی بودجه‌، له‌ ته‌له‌فزيون و راديۆ و رۆژنامه‌ و گۆڤاره سه‌ربه‌خۆكاندا بلاويان ده‌كه‌نه‌‌وه‌. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش، حيزب هه‌واڵنامه‌و مه‌نشوراتی خۆی بلاو ده‌كاته‌وه‌، له‌ رێگه‌ی ينته‌رنێت و رۆژنامه و ليفلێتی ديعائی. بێجگه‌ له‌ سه‌ركردايه‌تيش، هه‌ر مه‌ڵبه‌ندێك، ليپرسراوی راگه‌ياندنی خۆی هه‌يه‌ بۆ ديعايه‌ی حيزبی له‌ ناوچه‌ ئينتيخابيه‌كه‌ی خۆی، به‌ گوێره‌ی ئه‌جه‌نده‌ و خسوسياتی ناوچه‌كه‌.

له‌ وولاتانی ديموكراسیدا، حيزبه سياسيه‌كان خاوه‌نی كه‌نالی ته‌له‌فزيۆنی وه‌يان رۆژنامه‌ی تيجاری نينه‌. مه‌سره‌فی ئه‌وجۆره‌ مينبه‌رانه له‌ تاقه‌تی بوودجه‌ی حيزبێكدا نين. داهاتی حيزب دياريكراوه‌و له‌بن نه‌هاتوو نيه‌. بێجگه‌ له‌ وه‌ش، هه‌ر كه‌نالیكی ته‌له‌فزيۆنی وه‌يان هه‌ر رۆژنامه‌يه‌ك بۆنی ‌هه‌ر حيزبێكی سياسيان لێبيێت، ئه‌وا ره‌واجی بازرگانيان نابێت، چوونكه خه‌ڵكی متمانه‌يان پێناكات و به‌سه‌رچاوه‌يه‌كی زانياريی بێلايه‌نانه‌يان دانانێت. حيزبيش له‌و حاله‌ته‌ بۆی ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئه‌و جۆره‌ مه‌سره‌فه‌ به‌فيرۆ ده‌روات و ده‌سكه‌وتی ديعائی به‌دی ناهێنی و ده‌نگی حيزب ناگه‌يه‌نێته‌‌ ده‌نگده‌ر. له‌بيريشت نه‌چێ كه‌ پێشره‌و و سه‌ركردايه‌تی حيزب، مه‌سئوولن به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌ندامه پاره‌ده‌ره‌كانی حيزب، كه خاوه‌نه راسته‌قينه‌كه‌‌ی حيزبه‌كه‌ن.

رۆلی ئه‌ندامانی تری سه‌ركردايه‌تی

ئه‌ندامانی تری سه‌ركردايه‌تی (كه‌ به‌لايه‌نی كه‌مه‌وه‌ ده‌بی چوار پێنجه‌كيان ئافره‌ت بن) كاری گرنگيان پێ ده‌سپێردرێ. بۆ نموونه، سه‌رپه‌رشتی لوجنه و سه‌بكۆميته‌ی تايبه‌تمه‌ند و ڕاپه‌راندنی كارو دابينكردنی به‌نده‌كانی ده‌ستوور و برياره‌كانی كۆنفرانس هتد.

كاره‌ ستراتيژيه‌كانی كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی

كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی، له‌گه‌ل گرووپی په‌رله‌مانتارانی حيزب، بريار له‌سه‌ر به‌ياننامه‌ (مانيفه‌ستۆ) ی هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ن و بلاوی ده‌كه‌نه‌وه. مانيفه‌ستۆ ده‌بی له‌سه‌ر بنه‌مای سياسه‌ت و هه‌ڵوێستی حيزبه‌كه‌ دابرێژرێت. كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی بريار له‌سه‌ر ميكانيزمی ده‌ستنيشانكردنی كانديده‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان (هی په‌رله‌مان و به‌له‌ديه‌ و قايمه‌قام و مايه‌ر و هتد) ده‌دات و له‌سه‌ر حيزبه‌كه‌ی بلاو ده‌كاته‌وه‌. كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی‌ مافی هه‌يه‌ كه‌ ده‌ست له‌ ناو و ليستی كانديده‌كان وه‌ربدات و بريار له‌سه‌رقه‌بوول و ره‌فزكردنی هه‌ركه‌سێه بدات.

سه‌ركردايه‌تی حيزب و حكومه‌ت

كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی هيچ ماف و ده‌سه‌ڵاتێكی راسته‌وخۆی به‌سه‌ر حكومه‌تدا نيه. ته‌نيا رێگه‌ی له‌به‌رده‌ميدایه ئه‌وه‌يه‌ كه‌ به‌هۆی په‌رله‌مانتاره‌كانی سه‌ربه‌ حيزبه‌كه‌ی، له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ فشار بخاته‌ سه‌ر وه‌زيره‌كان، وه‌يان كه‌مپه‌ين ب‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ياسای وولات بكۆرێ. خۆ ئه‌گه‌ر حيزبه‌كه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌لات بوو، ئه‌وا سه‌ركردايه‌تی حيزب ته‌نيا مافی پێشنياروديالۆكی ده‌بێ و له‌رێگه‌ی پێشره‌وی حيزب (له‌زۆربه‌ی حاله‌ت سه‌رۆكوه‌زيرانيشه) و گروپی په‌رله‌مانتاره‌كان داواكانی ده‌گه‌يه‌نێته كابينه‌ی حكومه‌ت. كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی‌ مافی لێپرسينه‌وه‌ی حيزبی هه‌يه‌ به‌سه‌ر وه‌زيره‌كانی سه‌ربه‌ حيزبه‌كه‌ی‌، به‌لام ئه‌وه‌ش له‌روانگه‌ی گله‌يی و ره‌خنه‌و موحاسه‌به‌ی حيزبيه‌وه‌يه. وه‌زيره‌كانيش مولزه‌م نينه كه‌ گوێ رايه‌لی كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی بن، چونكه‌ ته‌نيا مه‌سئوولن‌ به‌رامبه‌ر سه‌رۆكوه‌زيران و ئه‌ويش به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان.

دوا ووشه‌

دوا ووشه‌م ئه‌وه‌يه‌، كه‌ ئه‌وه‌ پرۆژه‌يه‌كی تێروته‌سه‌ل نيه‌، به‌ڵكوهاندانه‌، پێشنياره‌، بيرۆكه‌يه‌ (قابيلی ده‌ستێوه‌ردانه‌) بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی بابه‌تی پرۆژه‌كان. مه‌به‌ستيشم ئه‌وه‌يه‌ كه‌ نه‌ك ته‌نيا يه‌كێتی نيشتمانی كوردستان، به‌ڵكو حيزبه‌كانی تری كوردستانيش، به‌ خۆيان دابچنه‌وه. بير له‌ ناوه‌رۆك و هه‌لوێست و دوارۆژيان بكه‌نه‌وه‌، بۆ خۆ گونجاندن له‌گه‌ل ديموكراسيه‌تی په‌رله‌مانی مۆدێرن و دامه‌زراندنی به‌ردی بناغه‌ی سيسته‌می وولاتێك، قه‌ڵايه‌ك. قه‌ڵايه‌كی ئه‌زه‌لی كه‌ ببێته‌ مايه‌ی ئۆخخه‌ی ‌نه‌وه‌كانی داهاتوو. رۆژگار سه‌لماندويه‌تی كه‌ قه‌ڵای ديكتاتۆران ته‌نيا له‌ لم و زيخ دروستكراوه، به‌لام قه‌ڵای ديموكراسيه‌ت به‌ردی بناغه‌ی داكوتراوه‌.

No comments: