Wednesday, 6 September 2006

ئاينده‌ی كوردستان ‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ چاكسازی يه‌كێتی

ئاينده‌ی ده‌وله‌تی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ پرۆژه‌ی چاكسازی يه‌كێتی نيشتمانی كوردستان

نووسينی: پرۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌دين

به‌شی يه‌كه‌م: هاوڵاتی - ژماره‌ 290 - ڕۆژی 6/9/2006 - لاپه‌ڕه‌ 15 ‌‌
به‌شی دووه‌م: هاوڵاتی - ژماره‌ 291 - ڕۆژی 13/9/2006 - لاپه‌ڕه‌ 15‌‌


ئيمرۆ كوردستان به‌ قۆناغێكی پرله‌ رووداودا ده‌روات و ئه‌و دوو ساله‌ی داهاتوو، پر ده‌بێ له‌ رووداوی حاسيم، هه‌م له‌ ئاستی كوردستان و هه‌م له‌ ئاستی عيراق. هاوكات‌، كه‌ركوك و ناوچه‌ دابراوه‌كانمان ده‌بێ ده‌ستكه‌وێته‌وه‌ و هه‌وێنی ده‌وله‌تی كوردستانی ئازاد بێته‌ كايه‌وه.
ئاشكرايه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری دامه‌زرانی ده‌وله‌تی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ زۆر له‌ واقيع نزيك بۆته‌وه، و فرسه‌تی مێژوويی هاتۆته‌كايه‌وه‌‌‌. ئيمرۆ نه‌خشه‌ موقه‌دده‌سه‌كان، به‌تايبه‌تی هی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست، له‌ هه‌موو كاتێكی ترزياتر قابيلی گۆرانن. له‌سه‌ده‌ی رابووردوودا، ياساكانی شه‌ری ساردی زلهێزه‌كان‌ بوو كه‌ سنووره‌‌ ده‌ستكرده‌كانی ده‌پاراست، به‌لام ئه‌و ياسايانه‌ و مێژووی شه‌ری سارد ئاوديوی سه‌ده‌كه‌ بوون و ئيمرۆ ياساكانی عه‌وله‌مه‌ی ئابووری و شه‌ری دژبه‌تيرۆريزم بريار له‌سه‌ر نه‌خشه‌كان ده‌ده‌ن و سنووره‌كان دياری ده‌كه‌ن. راسته‌ كه‌ سه‌ركرده‌ی كورد له‌سه‌ر مێز‌ی نه‌خشه‌كێشاندا ته‌ره‌ف نيه‌ و ياريكه‌ر نيه‌، به‌لام له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر ژيرانه‌ هه‌لسوكه‌وت بكات، ره‌نگه‌ له‌ خولی‌ وولاتبه‌شينه‌وه‌ی ئه‌وجاره‌ياندا ئێمه‌ی كورد بێبه‌ش نه‌بين.

خه‌ونی له‌وانه‌ش ئه‌زه‌ليتر ئه‌و رۆژه‌ دێته‌ دی كه‌ سيسته‌می ديموكراسی ده‌ستووری و فره‌ حيزبی داده‌سه‌پێ له‌و به‌شه‌ی كوردستان. بۆيه‌ش مانه‌وه‌ی هێزو توانا و ته‌بايی پارتی و يه‌كێتی گرنگيه‌كی ستراتيژی هه‌يه‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لايه‌ك. هه‌ريه‌كه‌يان له‌ نيوه‌ی كوردستانی باشووردا ده‌سه‌لاتداره‌ و رۆلی سياسی و ئيداری و ئابووری و عه‌سكه‌ری و ئاساييشی سه‌ره‌كی ده‌بينێ. هه‌ردووكيشيان له‌ شه‌ری دژ به‌ تيرۆر و له‌ ململانێی سه‌ر شانۆی عيراقی و نێوده‌وله‌تیدا رۆلی كاريگه‌ریان هه‌يه‌. له‌ پرۆسه‌ی ديموكراسيشدا، وه‌ك‌ دوو حيزبی ئۆپۆزيسيۆنی به‌رامبه‌ر به‌يه‌كتر، زۆر گرنگه‌ كه‌‌‌ هه‌ردووكيان له‌ رووی پێكهاته‌ و تواناو پته‌وی وهه‌يكه‌لی ديموكراسیدا هاوتابن. له‌وكاته‌ی كه‌ لايه‌نێكيان ده‌كه‌وێته‌ قه‌يرانی ته‌نزيمی ناوه‌خۆيي، وه‌يان له‌ به‌ر هه‌رهۆيه‌ك بێ، ته‌ركيزی نه‌مێنی، ئه‌وا ته‌واوی پرۆسه‌ی ديموكراسيه‌ت له‌ كوردستان و ده‌ستكه‌وت و هه‌له‌ چاره‌نوسيه‌كانمان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسيه‌وه‌. من به‌رۆلی ميژوويی خۆم و رۆشنبيرانی تری داده‌نێم كه‌ وه‌ك چاودێر و دلسۆزی كوردستان، له‌ده‌ره‌وه‌ی حيزبه‌كانه‌وه‌ سه‌يری ناوه‌‌وه‌ بكه‌ين وله‌ به‌رامبه‌ر ديارده‌ چاره‌نوسيه‌كان بێده‌نگ نه‌بين. سه‌ركرده‌ی سياسی كورد ئاگادار بكه‌ينه‌‌وه‌ له‌ مه‌ترسی رووداوه‌كان و پێشنيازيشيان بخه‌ينه‌ به‌رده‌م بۆ چاره‌سه‌ری قه‌يرانه‌كان.

قه‌يرانی رێكخراوه‌يی يه‌كيتی

له‌ مانگی مايسی ئيمسال، له‌ نوسراوێكدا (١) هه‌ولمدا كه‌ پێكهاته‌ و گيرو گرفته‌كانی ناو يه‌كێتی شی بكه‌مه‌وه‌ و تێيدا ئاماژه‌م به‌وه‌كرد كه‌‌ ديارده‌ی ته‌كه‌تولات و ئيستيقتاباتی ناو يه‌كێتی گه‌يشتۆته‌ ئاستێك كه‌ چاره‌نووسی رێكخراوه‌كه‌ی خستۆ‌ته‌ مه‌ترسيه‌وه‌ و مه‌عنه‌وياتی گشتی دابه‌زاندوه‌و كاری سه‌لبی كردۆته‌ سه‌ر رێره‌وی حوكمرانی له‌ كوردستانی باشوور. پێشبينیم (ئه‌وكاته‌ و ئێستاش) ئه‌وه‌بوو‌ كه‌ به‌رده‌وامێتی ئه‌و قه‌يرانه‌ی يه‌كێتی، به‌بێ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ره‌تی، ده‌بێته‌ مايه‌ی هه‌لوه‌شانه‌وه‌، وه‌يان ئينشيقاقی سه‌رتاسه‌ری رێكخراوه‌كه‌. ‌رزگار كردنی يه‌كێتی پێويستی به‌ شۆرشێكی ته‌نزيمی و كه‌لتووری هه‌يه‌ كه‌ له‌ به‌ردی بناغه‌وه‌ هه‌يكه‌لی رێكخراوه‌كه‌ دابرێژێته‌وه‌. به‌لام ئه‌و شۆرشه‌ ده‌بێ له‌ ئاينده‌يه‌كی زوودا به‌رپا بكرێ، به‌رله‌وه‌ی كار له‌ كار بترازێ. خۆ ئه‌گه‌ر دوابخرێ، ئه‌وا ره‌نگه‌ پرۆسه‌ی ريفۆرم له‌ دايك نه‌بێ، و به‌وه‌ش چاره‌نووسی رێكخراوه‌كه‌ بكه‌وێته‌ به‌ر مه‌رحه‌مه‌تی قه‌ده‌ر و لێشاوی پارتی و مه‌ترسی له‌ت بوون. ئه‌و ئه‌نجامه‌ش مه‌ترسيداره‌ بۆ پرۆسه‌ی ديموكراسيه‌ت له‌ كوردستان و ده‌بێته‌ مايه‌ی لاسه‌نگ بوونی پارسه‌نگی هێزه‌ ديموكراسيه‌كانی كوردستانی باشور و دامه‌زراندنی رژێمی تاكه‌حيزبی (پارتی) له‌وولاتدا. به‌ لای منه‌وه‌ پاراستنی پارسه‌نگی هاوتوانايی يه‌كێتی و پارتی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی ئێستا و ئاينده‌ی كوردستاندايه‌.

له‌ نوسراوه‌كه‌مدا هه‌ولمدا هانی سكرتێری گشتی (خاوه‌نی ده‌سه‌لاتی راسته‌قينه‌) بده‌م كه‌ قۆلی لێ هه‌‌لكا و به‌ ته‌ركيزه‌وه‌ كار له‌سه‌ر دارشتنه‌وه‌ی يه‌كێيی بكات، به‌و ئومێده‌ی كه‌ هه‌تاسه‌رو هه‌تا ئه‌نجامدان ده‌ست له‌ پرۆسه‌كه به‌رنه‌دا.‌ لام مسۆگه‌ره كه‌‌ به‌بێی هيممه‌تی جيددی ئه‌و، ته‌واوی هه‌وله‌كان بۆ رزگار كردنی رێكخراوه‌كه‌ و پرۆسه‌ی ديموكراسيه‌ت به‌فيرۆ ده‌روات. له‌دوای زه‌ماوه‌ندی چاكسازی به‌هاری رابوردوو، جه‌ماوه‌ری كوردستان به‌ ئومێدێكی زۆره‌وه‌ هه‌ستی راگرت و سه‌بری گرت، به‌لام ئيمرۆ هه‌موو ئيشاره‌ته‌كان واده‌گه‌يه‌نن كه ره‌نگه‌ دووباره‌ ‌ پرۆسه‌كه‌ ئالۆزبووبێ و له‌ ئه‌نجامدا ساردبكرێته‌وه‌. ، وبه‌وه‌ش مه‌شخه‌لی ئاگری ته‌كه‌تولات هه‌روا رووله‌به‌رزيه‌و گه‌رماكه‌ی هه‌روا به‌تينتر ده‌بێ‌‌. سوخريه‌ی قه‌ده‌ريش له‌وه‌يه‌ كه‌‌ كليلی سيحری قه‌يرانه‌كه‌ له‌ده‌ستی دروستكه‌ريه‌تی. ئاشكرايه‌ كه‌ مه‌سئوليه‌ته‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆی مه‌كته‌بی سياسيه‌ و رۆلی سکرتێری گشتی له شۆرشی چاكسازی و ريفۆرمدا بێ هاوتا و بێ به‌ديله‌. هه‌روه‌ك نوسيبوم، به‌لای منه‌وه‌، ته‌نيا رێگرێك له‌به‌رده‌می ئينشيقاقی يه‌کێتی‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ سكرتێری گشتی ته‌نيا چه‌قی ده‌سه‌لاته‌ وهه‌تا ئه‌وله‌سه‌ر کار مابێ، له‌تكردنی يه‌كێتی زه‌حمه‌ته‌. ڵه‌ نووسراوی ئه‌وجاره‌مدا، مه‌ترسيه‌كانی فه‌شه‌ل ده‌خه‌مه‌ روو و بانگه‌وازه‌كه‌شم نوێده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ سكرتێری گشتی به‌و ئومێده‌ی كه‌ به‌ته‌ركيزه‌وه‌ به‌رده‌وام بێ له‌ پرۆسه‌ی ريفۆرم و چاكسازی ناو يه‌كێتی.

به‌هاری چاكسازی

له‌ به‌هاری ئيمسال، رووداو زۆربوو و ده‌هۆلی چاكسازی ده‌نگی زۆرهات و سه‌ركرده‌كانی يه‌كێتی، زۆر به‌ سينگی فراوان و ئازادی ده‌ربرينه‌وه‌، هاتنه‌ به‌ر رۆشنايی ميديا. له‌و ماوه‌يه‌دا، چه‌ندين بيرۆكه‌ وپێشنياز و پرۆژه‌ی چاكسازی كه‌وتنه‌ سه‌ر مێزی سكرتێری گشتی بۆ ليدوان و ته‌به‌ننا كردن. سكرتێريش، له‌دوای دامه‌زرانی حكومه‌تی به‌غدا و له‌ ژێر فشاری ره‌خنه‌گران، بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك قۆناغی گواسته‌وه‌ بۆ سلێمانی و كه‌وته‌ كه‌مپه‌ينی به‌رزكردنه‌وه‌ی مه‌عنه‌وياتی كاديران و سه‌ينوبه‌ينی هه‌لسه‌نگاندنی پرۆژه‌كان. له‌ كۆنگره‌يه‌كی رۆژنامه‌وانيدا، سكرتێری گشتی و مه‌كته‌بی سياسی ده‌ست له‌ سينگ وه‌ستان و له‌به‌رده‌م ميلله‌ت رايانگه‌ياند كه‌ هه‌نگاوی يه‌كه‌می كه‌مپه‌ينی چاكسازی به‌ قه‌لاچۆكردنی گه‌نده‌لی ده‌ستپێده‌كه‌ن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، دامه‌زراندنی ده‌زگای لێپرسينه‌وه‌يان راگه‌ياند، به‌و وه‌عده‌يه‌ی كه‌ ده‌زگاكه‌ له‌ده‌نگۆی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ به‌رپرسه‌ حیزبی‌و حكومیه‌كان بكۆڵێته‌وه‌و دواتر سزایان بدات. سكرتێری‌ گشتی‌ رایگه‌یاند كه‌ هيچ ئه‌ندامێك‌ له‌ یه‌كێتیدا، له‌ خۆيه‌وه‌ تا خواره‌وه‌، له‌ لێپرسینه‌وه‌ گه‌وره‌تر نی‌یه. هه‌لبه‌ت، له‌به‌ر كه‌موكوری ديارو ئاشكرا، پێشبينی له‌وه‌ ده‌كرا كه‌ ئه‌وده‌زگايه‌ ره‌نگه‌ له‌يه‌كه‌م‌ رۆژه‌وه‌ سه‌رنه‌كه‌وی، به‌لام كه‌س نه‌يده‌زانی كه‌هه‌ر له‌دايك نابی. تا ئێستا ده‌زگاكه‌ نه‌شوێنی‌ هه‌یه‌ و نه‌ئه‌درێس و نه‌ ‌له‌ كه‌سيشی پێچيوه‌ته‌وه‌. ‌فه‌شه‌لی ئه‌و ده‌زگايه‌ ده‌ری ده‌خات كه‌ ره‌گ و ريشه‌ی گه‌نده‌لی زۆر ئالۆز و قوڵچه‌قيوه‌، چاره‌سه‌ره‌كه‌شی به‌ بريارێك و ته‌صريحێك و ده‌ستێوه‌ردانێكی رووكه‌شيی نايه‌ته‌ دی، به‌لكو پێويستی به‌ شۆرشێكی به‌رده‌وام هه‌يه‌، و شۆرشه‌كه‌ش ده‌بێ به‌ فيعلی له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌ره‌وخوار بێ (نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌) وپێويسته‌ مه‌كته‌بی سياسيش له‌ ده‌ستوه‌ردان و گۆرانكاريدا بێ به‌ش نه‌بێ. ئه‌وه‌ نيوه‌ی يه‌كه‌می پرۆژه‌ی پاكسازی و چاكسازی و په‌يمانه‌كانی سه‌ركردايه‌تی بوو. دياره‌ ئه‌ونيوه‌يان ده‌بێته‌ مێژوو.

شانبه‌شانی دامه‌زرانی ده‌زگای لێپرسينه‌وه‌، په‌يمانی ريفۆرم و نوێكردنه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌ درا. له‌دوای گفتو گۆ و مشتومرێكی تێر و ته‌سه‌ل، مه‌كته‌بی سياسی- پرۆژه‌يه‌كی له‌ ئامێزگرت، كه‌ناسرا به‌ "پرۆژه‌كه‌ی كاك نه‌وشيروان". پوخته‌ی پرۆژه‌كه‌ش بريتيه‌ له‌ رێكخستنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی رێكخستن و هه‌لبژاردنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌ كارگێره‌كانی خواره‌وه‌، له‌ پۆل و كه‌رت و كۆميته‌وه‌هه‌تا ده‌گاته‌ ئاستی مه‌سئول مه‌لبه‌نده‌كان. ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی گونجاندنی يه‌كه‌ رێكخراوه‌ييه‌كانی يه‌كێتیه‌ له‌گه‌ل سيسته‌می هه‌لبژاردن و سيسته‌می ديموكراسی سه‌رده‌م. دياريشه‌ كه‌‌ سووديان له‌ پرۆژه‌ جياجياكانی تريش وه‌رگرتووه‌، كه‌ يه‌ك له‌وانه‌ پرۆژه‌يه‌كی پێشياركراوه‌ له‌ لايه‌ن به‌نده‌وه‌ (٢). لايه‌نی هه‌ره‌ پۆزه‌تيڤی پرۆژه‌‌ ئاوێته‌كه‌ی كاك نه‌وشيروان ئه‌وه‌يه‌‌‌ كه‌ له‌ بنه‌ره‌ته‌وه‌ هه‌يكه‌لی يه‌كێتی له‌ پرۆسه‌يه‌كی ديموكراسیدا (به‌هه‌لبژاردن) داده‌رێژێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش، هيچ نه‌بێ (ئه‌گه‌رله‌رواله‌ت و ‌سه‌ر كاغه‌زيش بێ) شه‌رعيه‌ت ده‌داته‌ رێكخراوه‌كه‌ و كارگێره‌كانی مه‌لبه‌ند و كۆميته‌كان. لايه‌نی هه‌ره‌ نێگه‌تيڤی پرۆژه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ هه‌لبژاردنه‌كه‌ له‌ ئاستی مه‌لبه‌نده‌كانه‌وه‌ كۆتايی دێت و ئه‌ندامانی سه‌ركردايه‌تی و مه‌كته‌بی سياسی (سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كيه‌كه‌ی گيروگرفته‌كان) ناگريته‌وه‌. هه‌روه‌ك ئاراس محه‌مه‌د تۆفيق نووسيويه‌تی: "ئاو له‌ سه‌رچاوه‌وه‌ لێله‌"... و... "ئه‌وه‌ى ئيَستا مه‌كته‌‌بى سياسى ده‌يكات جگه‌ له‌ سياسه‌تى پينه‌ و په‌رۆ و مه‌شغول كردنی رای گشتی هێچ ده‌لاله‌تێكی تری نيه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌ی له‌ ئيستاشدا ده‌يكه‌ن سه‌باره‌ت به‌ مه‌كته‌بی رێكخستن كاری ئه‌وان نيه‌، ئه‌وه‌ ده‌ستكاری كردنی په‌يره‌وی ناوخۆيه‌ و بريارێكی له‌وجۆره‌ش پێويسته‌ له‌ كۆنگره‌دا يه‌كلا بكرێته‌وه‌" (۳).

پايزی هه‌لبژاردن

هه‌لبه‌ت پرۆسه‌ی هه‌لبژاردن له‌ رۆژگاری ئيمرۆدا مه‌ترسی هه‌يه‌ و به‌لای هه‌ندێك سه‌ركرده‌وه‌ دوورنيه‌ ته‌قينه‌وه‌ی له‌دوا بێت. به‌داخه‌وه‌، كه‌لتووری هه‌لبژاردن له‌ كوردستان بريتيه‌ له‌ ديارده‌ی ليست و ليستكاری و ته‌زويربازی و شه‌ری ئه‌عساب و هێرشی تێكده‌ری ئيعلامی. نمونه‌ی تازه‌و زيندووش زۆرن، هه‌روه‌ك هه‌لبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پاريزگاكان و په‌رله‌مانی كوردستان و عیراق. له‌ ناو يه‌كێتيشدا، به‌هۆی ته‌كه‌تولبازی و ناوچه‌گه‌رێتی، هه‌مان كه‌لتور (به‌لام به‌ ته‌وژم و گوشارێكی چڕتر) په‌يره‌وی كراوه‌. بێجگه‌ له‌ شه‌ره‌ ليسته ‌و شه‌ره‌ ته‌زوير، ئيمرۆ شه‌ره‌ به‌رژه‌وه‌نديه‌ تايبه‌تيه‌كانيش زال بوه‌ به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی رێكخراوه‌كه‌. بۆيه‌ش، ترسی گه‌وره‌ی هه‌ندێ لايه‌ن ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ره‌نگه‌ تاوله‌رزی هه‌ڵبژاردن، كاديرو سه‌ركرده‌كانی يه‌كێتی له‌ قه‌يرانێكه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ قه‌يرانێكی تر. بۆيه‌ش ئه‌و لايه‌نانه‌ پێشنيازی ئه‌وه‌يان كرد كه‌ باشتره‌ مه‌رحه‌له‌يه‌كی ئينتيقالی هه‌بێ پێش هه‌لبژاردن و به‌ر له‌ كۆنفرانسی گشتی. به‌گوێره‌ی ئه‌و پێشنيازه‌، ده‌كرێ له‌و مه‌رحه‌له‌ ناوه‌نديه‌دا نوخبه‌يه‌كی ده‌ستنيشانكراو (نه‌ك هه‌ڵبژاردراو) يه‌كێتی بگوازنه‌وه‌ مه‌رحه‌له‌ی هه‌لبژاردن. ئه‌و پێشنيازه‌ش لايه‌نی پۆزه‌تيڤ و نێگه‌تيڤی خۆی هه‌يه‌ و گيروگرفتی خۆی پێوه‌يه‌. به‌لام فاكته‌ری حه‌سم كردن له‌نێوان بۆچوونه‌كان بريتي بوو‌ له‌ برياری سكرتێری گشتی. ئه‌ويش به‌خێرايی و به‌بێ دوودلی، هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ پرۆژه‌ ئاويته‌كه‌ و پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنی له‌ئامێز گرت.

ئيتر، كه‌مپه‌ينی هه‌لبژاردن جۆشی وه‌رگرت به‌رله‌وه‌ی كه‌ بير له‌وورده‌كاريه‌كان كرابێته‌وه‌‌، وه‌يان راو ره‌زامه‌ندی كاديران مسۆگه‌ر كرابێت. دياره‌ ره‌چاوی ئه‌وه‌ نه‌كرابوو كه‌وا به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و سياسی و كۆمه‌لايه‌تی كاديرانی يه‌كێتی راسته‌وخۆ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ پۆسته‌ حيزبيه‌كانيان، وه سه‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌لبژاردنه‌ مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌لات و ژينگه‌ی پێوه‌ به‌ستراوه‌. بۆيه‌ش، موفاجه‌ئه‌ نه‌بوو كه‌ جموجۆلی به‌رهه‌لستی له‌ نێو ريزه‌كانی يه‌كێتی له‌ ناوچه‌ جياجياكاندا په‌يدا بوو. له‌لايه‌كه‌وه‌ كه‌مپه‌ينی هه‌لبژاردن تاوی ده‌سه‌ندو هه‌ر كوتله‌يه‌ی ئه‌سپی تاوده‌دا و خۆی بۆشه‌ری ليستكاری ئاماده‌ ده‌كرد. هه‌لبه‌ت له‌و ته‌رزه‌ رۆژه‌شدا بازاری وه‌لاء كرين و فرۆشتن و ته‌وه‌توری ئه‌عساب ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ری. له‌لايه‌كی تريشه‌وه‌، ده‌يان كاديری‌ ناوچه‌ جياجياكان‌ له‌ دژی پرۆسه‌كه‌، وه‌يان له‌ دژی چۆنێتی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌، نامه‌ی چاوسوركردنه‌وه‌يان به‌ كراوه‌يی بلاو كرده‌وه‌. دياربوو نامه‌كان كاريگه‌ری خۆيان هه‌بوو و خه‌ريك بوو پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنه‌كان سه‌بر بكه‌نه‌وه‌. به‌وجۆره‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ په‌يدا بوو كه‌ ره‌نگه‌‌ پرۆسه‌كه‌ هه‌لبپه‌سێردرێ بۆ خاتری پاراستنی باری ئێستا و به‌چاوه‌رێی ئاينده‌يه‌كی ئارامتر‌. ئه‌وه‌ش هه‌لبه‌ت ده‌بێته‌‌ مايه‌ی ساردی ‌و ئيحبات وخه‌يبه‌ت ئه‌مه‌لی ئه‌و سه‌ركرده‌و كاديرانه‌ی كه‌ داوای هه‌لبژاردن ده‌كه‌ن. جا له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا به‌ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئايا پرۆسه‌ی هه‌لبژاردن ئه‌نجام ده‌درێ یان نا، وه‌ ئايا به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئومێدی تازه‌سازی و ريفۆرمی پێوه‌ ده‌بێ، وه‌يان ديسانه‌وه‌ ته‌جسيدی ته‌كه‌تولات و جه‌وسه‌رگه‌ری و ناوچه‌گه‌رێتی ده‌كات، و به‌رده‌وامێتی ده‌دا به‌ هه‌مان قه‌يرانی يه‌كێتی.

حه‌لی وه‌سه‌ت: پلينيۆم

هه‌لبه‌ت، ته‌نيا سه‌رچاوه‌ی شه‌‌رعيه‌ت بۆ سه‌ركردايه‌تی هه‌موو رێكخراوێك بريتيه‌ له‌ ده‌نگی كۆنگره‌. له‌كۆنگره‌ی داهاتووی يه‌كێتيدا ده‌بێ شۆرشی راسته‌قينه‌ی گۆرانكاری رووبدات و رێكخراوه‌كه‌ خۆی له‌ بنه‌ره‌ته‌وه‌ تازه‌بكاته‌وه‌. ئاشكرايه‌ كه‌ كۆنگره‌ كاتی ده‌وێ و ئاماده‌باشی ده‌وێ. له‌ونێوانه‌شدا، ده‌بێ بريارێك له‌سه‌ر قۆناغی گواستنه‌وه‌ بدرێ. واته‌ له‌ نێوان ئێستا و كۆنگره‌دا. يه‌كێتى له‌ دووڕيانى ئه‌نجام دانى كۆنگره‌ و قۆناغى گواستنه‌وه‌دا ده‌بێت به‌ زووترين كات خۆى ساغ بكاته‌وه. ئه‌نجام دانى كۆنگره‌ و هه‌لَبژاردنى نێو ئۆرگانه‌كان وه‌ك پێشتريش باسم كرد ڕه‌نگه‌ ته‌قينه‌وه‌ و ئالَۆزى زياترى لێبكه‌وێته‌وه. هه‌رچى مه‌سه‌له‌ى قۆناغى گواستنه‌وه‌شه‌ ڕه‌نگه‌ ئيشكاليه‌تى نه‌بوونى ده‌سته‌لاَت و شه‌رعيه‌تى بۆ دروست ببێت، بۆيه‌ باشترين هه‌نگاو له‌م حالَته‌دا به‌ ڕاى من سازدانى پلينيۆمه. پلينێوم ده‌توانێت هيچ نه‌بێت قوتبه‌كان له‌ ده‌ورى خالَه‌ چاره‌نووس سازه‌كان كۆبكاته‌وه‌ و ميكانيزمێكى گونجاويش بێت بۆ لێكنزيك بوونه‌وه‌ى بير و ڕاجياوازه‌كان و ئاماده‌كاريش بێت بۆ كۆنگره‌ى گشتى. پلينيۆم ده‌توانێت ده‌سته‌يه‌ك راسپێرێت كه‌ له‌به‌ر ڕۆشنايى ئه‌نجام و بڕيار و ڕاسپارده‌كانى پلينيۆم دا يه‌كێتى به‌ره‌و ئارامى و جێگيرى سياسى و ڕيكخراوه‌يى به‌رێت.

سكرتێر له‌ نێوان دوو ئاگر

ئه‌و بابه‌تانه‌، ئيمرۆ مه‌وزوعی هه‌مو مه‌جليس و ديوه‌خانێكن. خه‌لك كه‌وتۆنه‌ته‌ شكه‌وه‌، له‌ توانا و نيه‌تی سه‌ركرده‌كان بۆ چاره‌سه‌ر كردنی گيرو گرفته‌كانی ناو يه‌كێتی. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌مپه‌ينه‌ی چاكسازی به‌ته‌واوی مۆری فه‌شه‌لی پێوه‌ بنوسێ، جاله‌به‌ر هه‌رهۆيه‌ك بێ، ئه‌وا خه‌لك ئه‌مه‌ل بڕاو ده‌بن و بروايان به‌ هه‌وله‌كانی دوارۆژيشه‌وه‌ نامێنی. ئيمرۆ مه‌كته‌بی سياسی له‌ وه‌زعێكی ته‌نزيمی وادايه‌ كه‌ مايه‌ی حه‌سوودی نيه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك. له‌لايه‌كه‌وه‌، فشاری له‌سه‌ره‌ بۆ ته‌واو كردنی پرۆسه‌ی چاكسازی و ده‌بێ هه‌لبژاردن ئه‌نجام بدات، و له‌لايه‌كی تريشه‌وه‌، فشاری له‌سه‌ره كه‌ هه‌لبژاردن هه‌لپه‌سێرێ و رێگای ئه‌لته‌رنه‌تيڤ بۆ چاكسازی بدۆزيته‌وه‌. هه‌ر كامێكيان بكات، ره‌نگه‌ ببێته‌ مايه‌ی رازی كردنی لايه‌نێك له‌سه‌ر حيسابی لايه‌نه‌كه‌ی تر. خۆ له‌ به‌ر نه‌بوونی دلينايی و په‌يوه‌ندی و ئاماده‌يی موساوه‌مه‌ له‌ نێوان قوتبه‌كان، ره‌نگه‌ كوتله‌كانی ناو يه‌كێتی دووچاری ته‌وه‌تتور و به‌ره‌نگاريه‌تی ببن و وه‌زعه‌كه‌ ئالۆزتر بكه‌ن. به‌وه‌، تۆوێ ئينشيقاق، كه‌ ده‌مێكه‌ چاندراوه‌، سه‌رهه‌لده‌ينی و نه‌مام ده‌رده‌كات و ده‌گاته‌ پله‌ی حه‌تمی به‌رله‌وه‌ی كه‌س بتوانی سه‌ركوتی بكات.

دياره‌ كه‌ يه‌كێتی داره‌كی به‌ده‌سته‌وه‌يه‌ كه‌ هه‌ردووجه‌وسه‌ری پشكۆيه‌. ته‌واوی رێكخراوه‌كه‌، له‌سه‌ركرده‌وه‌وه‌ بۆ ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌و چاوه‌رێی چارسه‌ر‌ن. كاديران و سه‌ركرده‌كان هه‌تاده‌گاته‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سياسی له‌ واجيهه‌دانه‌و به‌باشی هه‌ست به‌ مه‌ترسی وه‌زعه‌كه‌ ده‌كه‌ن. هاوكات، به‌گوێره‌ی قسه‌ی كاديره‌ پێشكه‌وتوه‌كان، سكرتێری گشتی دووره‌وولاته‌ و بێ به‌شه‌‌ له‌ گه‌رمای جه‌بهه‌ی شه‌ری كوتله‌كان و ره‌نگه‌ به‌ پله‌ی پێويست هه‌ست خه‌ته‌ری وه‌زعه‌ نا‌‌كات. وه‌يان، هه‌ستی پێده‌كات به‌لام ئيهتيمامات و ئه‌وله‌وياتی ئه‌و جياوازه‌. زۆربه‌ی خه‌ون و تموحاته‌ كوردستانيه‌كانی هاتۆته‌دی و ئه‌وه‌ی ماوه‌ په‌يوه‌ندی به‌ خانه‌نشينيه‌وه‌ هه‌يه‌، وه‌يان به‌ شانۆی جيهانیه‌وه‌. جا له‌به‌ر هه‌ر هۆيه‌ك بێ، وادياره‌ كه‌ ئه‌وله‌يه‌تێكی زۆری نه‌داوه‌ به خێراكردنی پرۆسه‌ی چاكسازی‌‌. وه‌ك باسيشم كرد، هه‌تا ئه‌ويش قۆلی لێ هه‌لنه‌مالێ، به‌ ته‌ركيزه‌وه‌ قافله‌كه‌ لێنه‌خوری هه‌تا دۆزينه‌وه‌ی رێگای رزگاریی ، ئه‌وا قه‌يرانه‌كه‌ی يه‌كێتی سه‌ره‌وخوار هه‌ر‌ به‌رده‌وامه‌، هه‌تا رۆژی ته‌قينه‌وه‌.

ئه‌نجامی ته‌قينه‌وه‌

له‌دوای ته‌قينه‌وه‌، ئايا يه‌كێتی چی به‌سه‌ردێت؟ وه‌لامی پرسياره‌كه‌ ئاسانه‌و قورسيشه‌ له‌ هه‌مان كاتدا. وه‌لامه‌كه به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ برياری سكرتێری گشتی وه‌ به‌ مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانۆكه‌. هه‌تا سكرتێر له‌ كاردا مابێ، ئه‌وا هه‌موو مونشه‌قێك زه‌ره‌رمه‌نده‌، نه‌ك ته‌نيا له‌به‌ر ناو و هه‌يبه‌ت و ئه‌زموونی شه‌خسی سكرتێری گشتی، به‌لكو له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ی دارايی و كۆنترۆلی بودجه‌ی رێكخراوه‌كه‌ش‌. به‌بێی ئه‌و بودجه‌يه‌، دروستكردن و به‌رێوه‌بردن و سه‌رخستنی رێكخراوی مونشه‌ق مه‌حاله‌. به‌لام له‌دوای سكرتێری گشتی، ياريه‌كه‌ له‌ گۆره‌پانێكی تر و به‌ په‌يره‌وی ياسايه‌كی تر ده‌بێ. هه‌لبه‌ت، له‌دوای سالانی درێژی ته‌كه‌تولگه‌ری و ناوچه‌گه‌ری، سه‌رو سيمای چه‌قه‌كان و بڕگه‌كان و قه‌دو پۆپه‌كان ديارن. سه‌يره‌ كه‌وا ئيمرۆ جياوازی فيكری و فه‌لسه‌فی رۆلێكی ئه‌وتۆ نابينێ. فاكته‌ری ناوچه‌گه‌رێتی و كۆنترۆلكردنی بودجه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی تابيه‌ت زۆرگرنگترن‌.

به‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌لائی جۆراوجۆر، رێكخراوه‌كه‌ به‌شێوه‌يه‌كی سه‌رتاسه‌ری ده‌بێته‌ دوو وه‌يان سێ رێكخراوی لێك دابراو، كه‌ هه‌ريه‌كه‌يان له‌سه‌ره‌تادا به‌ناوی يه‌كێتیه‌وه‌ كارده‌كات. ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌نيه‌ كه‌ سنوورو هێلی دابه‌شكه‌ری نێوان ئه‌و لايه‌نانه‌ ئاشكرا و‌ موتله‌قه. به‌لكو جيابوونه‌وه‌كان ‌ به‌ به‌رژه‌وه‌نديه‌ سياسی و ئابووری و كۆمه‌لايه‌تيه‌كانه‌وه‌ به‌ندن. بۆيه‌ش (هه‌روه‌ك ئێستا) په‌رينه‌و‌ه‌ و ئه‌مبه‌روئه‌وبه‌ر و جێكۆركێی وه‌لائه‌كان به‌هه‌ردوو ئيتيجاهدا به‌رده‌وام ده‌بێ. له‌ نێوان ئه‌و دوو يان سێ رێكخراوه‌شدا، ئه‌ندام و كاديرو جه‌ماوه‌رێكی زۆروزه‌وه‌ندی نارازيش هه‌ن كه‌ ئاماده‌ نابن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بكه‌ونه‌ دوای هيچ كام له‌و كوتله‌ مونشه‌ققانه‌. ئه‌وانه‌ش سێ رێگه‌يان له‌پێشه‌. يه‌كێكيان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ به‌ دڵشكاوی له‌مال دابنيشن و واز له‌ حيزبايه‌تی بهێنن، ئه‌وانه‌ش ره‌نگه‌ زۆربه‌ بن. رێگه‌ی دووهه‌ميان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ چه‌ند كاديرێكی ناوه‌ندی كه‌مناسراو، حيزبێكی نوێ دروست بكه‌ن دوور له‌ ميژوو و نه خۆشيه‌كانی يه‌كێتی. ئه‌و به‌شه‌ش كه‌مايه‌تی ده‌بن و سه‌رناكه‌ون له‌به‌ر كه‌مده‌رامه‌تيان و كه‌مباوه‌ڕی خه‌لك پێيان. رێگه‌ی سێهه‌م له‌پێش ئه‌ندام و كاديرانی يه‌كێتی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ به‌ تاك وه‌يان به‌ كۆمه‌ل بخزێنه‌ ناو ريزه‌كانی پارتی ديموكراتی كوردستان. ئه‌و رێگه‌يه‌ ره‌نگه‌ رێگه‌يه‌كی قه‌ره‌بالغ بێ. له‌و ماوه‌ی ئه‌وچه‌ند ساله‌ی رابووردوودا، كاديرو رۆشنبيرێكی زۆر هه‌ن كه‌ له‌ يه‌كێتی تۆراون و پڕبه‌دل حه‌ز ده‌كه‌ن وه‌لائيان بگۆرن و بچنه‌ ناو پارتيه‌وه‌، به‌لام له‌ شه‌رمه‌رووييان تا ئێستا كاری وايان نه‌كردوه‌. له‌هه‌ندێ سه‌ركرده‌ی يه‌كێتی بيستراوه‌ كه‌ ره‌نگه‌ رۆژێك بێت پارتی و يه‌كێتی تێكه‌ل ببن له‌ناو يه‌ك حيزبدا (له‌ واقيعدا مانای يه‌كێتی بتاوێته‌وه‌ له‌ناو پارتيدا). جێگه‌ی سه‌سورمانيش نيه‌ كه‌ پارتی ده‌مێكه‌ خۆی بۆ رۆژێكی ئه‌وها ئاماده‌ ده‌كات و ره‌نگه‌ له‌ئێستاوه‌ به‌ به‌رنامه‌ ئيش له‌سه‌ر راكێشانی ئه‌ندامانی يه‌كێتی بكات. گۆته‌ی ئه‌وه‌ هه‌يه‌ كه‌ پارتی كۆميته‌ی پێشوازیكردنی ئه‌وجۆره‌ خه‌لكه‌ی پێك هێناوه‌.

مه‌وقيفی پارتی

شايانی باسه‌ كه‌ پارتی هه‌رله‌ ئيمرۆوه‌ سوودی له‌ گێژاوكی يه‌كێتی بينيوه‌، له‌ هه‌ولێريش و سلێمانيش و به‌غداش. بۆ نموونه‌، له‌ ناو حكومه‌تی يه‌كگرتووی هه‌ولێر، وه‌زيره‌ سه‌ربه‌يه‌كێتيه‌كان، وه‌ك مێوان هه‌لسوكه‌وتيان له‌گه‌ل ده‌كرێ. له‌لايه‌كه‌وه‌ ده‌وره‌ دراون به‌ ستاف و مۆزه‌ف و ژيێرخانی سه‌ربه‌پارتی، وه‌ك بلێی وه‌زيره‌كان كرێچينه‌ له‌ وولاتێكی غه‌ريب. له‌ لايه‌كی تره‌وه‌، هه‌ست به‌ پالپشت و بوونی مه‌رجه‌عيه‌تی يه‌كێتی ناكه‌ن كه‌ كۆيان بكاته‌وه‌و رێره‌ويان دياری بكات، وه‌ك بلێی سه‌ربازی جه‌بهه‌ن به‌لام هێلی په‌يوه‌ندیان به‌ قياده‌يانه‌وه‌ نه‌ماوه‌. هه‌ريه‌ك له‌و وه‌زيرانه‌ به‌گوێره‌ی ئيجتيهادی شه‌خسی خۆی كارد ده‌كات و هه‌ست به‌ بوونی سه‌نه‌دی رێكخراوه‌كه‌ی ناكات. له‌و كاته‌دا، پارتی وه‌ك تاكه‌ شه‌خس هه‌لسوكه‌وتيان له‌گه‌ل ده‌كات. پشتگيری له‌هه‌ندێكيان و ڕكابه‌ری هه‌ندێكی تريان ده‌كات. جا وه‌زعی وه‌زيری يه‌كێتیی ئه‌وه‌يه‌ به‌رله‌وه‌ی كه‌ يه‌كتێی ئينشيقاق بكات ، ئه‌دی ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ يه‌كێتی هه‌لده‌وه‌شێته‌وه‌ كێ پاريزه‌ری وه‌زيره‌كانه‌‌. له‌ واقيعدا، شێتك نامێنێ پێی بلێين حكومه‌تی يه‌كگرتووی هه‌رێم، به‌لكو ته‌نيا حكومه‌تی پارتی هه‌رێم كه‌ ده‌بێته‌ ته‌نيا ده‌سه‌لاتداری سه‌رتاپای كوردستانی باشور به‌ بێ مونازيع.

براوه‌ و دۆراو‌

له‌ حاله‌تی ئينشيقاق و هه‌لوه‌شانی يه‌كێتی، له‌مسته‌وای تاكه‌كه‌س، براوه‌و دۆڕاو په‌يدا ده‌بن، به‌لام له‌ ئاستی كۆمه‌ل و كوتله‌، هه‌موو لايه‌نێكيان دۆڕاو ده‌بن. ئينشيقاق له‌ مه‌كته‌بی سياسيه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. سه‌ركرده‌ دياره‌كانی ناو مه‌كته‌بی سياسی يه‌كێتی، هه‌ريه‌كه‌يان كۆمه‌لێك له‌ كاديرو رۆشنبير و پێشمه‌رگه‌ و جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ل خۆی ده‌بات. هه‌لبه‌ت شله‌ژانێكی بێ پايان ده‌كه‌ويته‌ ناو بازاری شار و شارۆچكه‌كان و نائارامی په‌يدا ده‌بێ له‌ ته‌واوی ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌لاتی يه‌كێتی. له‌و كاته‌شدا ترسی هه‌ره‌گه‌وره‌ی هه‌موو لايه‌ك له‌ ئه‌گه‌ری براكوژیدا ده‌بێت. ئه‌زموونی كوردستان زۆر تاله‌ له‌و رووه‌وه‌. له‌گه‌ل هه‌ر براكوژيه‌كدا ڕوباری خوێنرێژی له‌بن نايه‌ت و ده‌ستكه‌وته‌كانمان راده‌ماڵی و بنه‌مای وولات هه‌لده‌ته‌كێنی. ئه‌وه‌نده‌ی له‌ شه‌ری براكوژی نه‌وه‌ده‌كان قوربانی و زه‌ره‌رمان لێكه‌وت، له‌ هێچ شه‌رێكی به‌رامبه‌ر دوژمن ئه‌وه‌نده‌ زه‌ره‌رمان لێنه‌كه‌وتوه‌.‌ ‌ شكستهێنان له‌ شه‌ری دوژمن عه‌زمی ميلله‌ت به‌هێز ده‌كات و ريزه‌كانی يه‌كده‌خات. هه‌رچی براكوژيه‌، ووره‌ داده‌به‌زێنی، هه‌ناوده‌پسێنی و خێزان له‌ت ده‌كات. شه‌رمه‌زاريش به‌رامبه‌ر ميلله‌ت و ميژووش له‌ولا بوه‌ستێ. ميلله‌ت هه‌رده‌م شانازی به‌و قوربانيانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دوژمن ده‌يدا به‌لام شه‌رمی به‌وانه‌يه‌ی كه‌ له‌ براكوژيدا لێيده‌روا‌. له‌ناو ئێمه‌ی كورديش، ئه‌وه‌نده‌‌ی برا له‌راست براكه‌ی دڕنده‌و ئازايه‌، قه‌ت ئه‌وه‌نده‌ دڕنده‌و ئازا‌ نيه‌ له‌راست دوژمنی كورد. ئه‌وه‌نده‌ی كورد له‌ به‌رامبه‌ر دوژمن ئاماده‌ی داهێنان وته‌نازول و موساوه‌مه‌يه‌، ئه‌گه‌ر نيو ئه‌وه‌نده‌ له‌به‌رامبه‌ر يه‌كتری نه‌رم باينايه‌، بناغه‌ی وولاتمان باشتر داده‌كوتا و حالی وولاتمان زۆر له‌پێشتر ده‌بوو.

ته‌رتيبی مال و ئاينده‌ی كوردستان

هه‌ربۆيه‌ش ئيمه‌ی رۆشنبيری بێلايه‌نی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لات و باقی جه‌ماوه‌ر له‌ ئه‌گه‌ری براكوژی تۆقيوين‌. په‌يام و بانگه‌وازده‌نێرین بۆ سه‌ركرده‌ی دوو حيزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌كانی كوردستان، به‌و ئومێده‌ی كه‌ دووربين بن و به‌رژه‌وه‌ندی چاره‌نووسی وولات له‌سه‌رووی به‌رژه‌وه‌نديه‌ تايبه‌ته‌كانه‌وه‌ دابنێن ئيمرۆ بۆ كورد زۆر زه‌ره‌ره‌ كه‌ يه‌كێتی وه‌يان پارتی ته‌ركيزی نه‌مێنێ، له‌قه‌يراندابێ وه‌يان له‌ گۆره‌پاندا نه‌مێنی. هه‌ردوكيان رۆلی سياسی و ئيداری و ئابووری و عه‌سكه‌ری و ئاساييشی سه‌ره‌كی ده‌بينن. له‌راست باری شلۆقی به‌غدا و هه‌ره‌شه‌ی تيرۆريزمدا، هه‌ردوولايه‌ن ده‌بێ هه‌رده‌م له‌ ئاماده‌باشيدابن. حيزبی بچوك و كه‌مده‌سه‌لات توانای حوكمرانی و به‌ره‌نگاری هه‌ره‌شه‌ چاره‌نووسيه‌كانی پێناكرێ. هه‌روه‌ك له‌پێشه‌كيدا باسم كرد، به‌رای من، سالی ٢٠٠٧و ٢٠٠٨، دوو سالی پر له‌ رووداوی چاره‌نووسی ده‌بێ بۆ دوارۆژی نه‌ته‌وه‌كه‌مان. بوو نی دوو حيزبی بالاده‌ستی وه‌ك پارتی و يه‌كێتی پێكه‌وه‌ زه‌رووره‌تن بۆ سه‌ركه‌وتنمان. به‌لام ده‌بێت هه‌ردوكيان مه‌سئول بن و له‌ ئاستی روداودابن.

له‌دوای شه‌ری كوێت و كۆچره‌وی ١۹۹١، بارو دۆخێكی دڵته‌زێن- به‌لام له‌بار- هاته‌كايه‌وه‌ كه‌ مێژوو و چاره‌نووسی ميلله‌ته‌كه‌مانی وه‌رچه‌رخاند. بێ ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ركرده‌ی كورد موباده‌ره‌يه‌كی ئه‌وتۆی له‌ده‌ست بێ، باری كورد ١٨٠ پله‌ وه‌رسوورا. سالی ١۹۹٢، له‌دوای هه‌لبژاردنی يه‌كه‌م په‌رله‌مان و يه‌كه‌م حكومه‌تی كوردستان، به‌ردی يه‌كه‌می بناغه‌ی ده‌وله‌تی كوردستان دانرا. گرنگترين ده‌ستكه‌وتی ئه‌وسا ئه‌وه‌بوو كه‌ بۆ يه‌كه‌مجار له‌ مێژوو ميلله‌تمان - له‌ به‌ر چاوی دوژمنه‌ دێرينه‌كان و به‌ ره‌زامه‌ندی زلهێزه‌ جيهانيه‌كان- كوردی باشور چاره‌نووسی خۆی دياريده‌كرد، و له‌ خه‌باتی شاخه‌وه‌ گواستيه‌وه‌ بۆ خه‌باتی وولاتسازی. ئێمه‌ش وه‌ك ميلله‌ت و وه‌ك‌ رۆشنبيرانی كورد ی‌ ده‌ره‌وه‌ی حيزبه‌كان هه‌رده‌م پالپشتی حيزبه‌كان بوين له‌ پرۆسه‌كه‌، به‌لام له‌ترسدابووين و ده‌ستمان له‌سه‌ر دڵمان بوو. ئومێده‌واربوين كه‌ دوو حيزبه گه‌وره‌كه‌ی كوردستان، يه‌كێتی و پارتی، له‌ ئاستی مه‌سئوليه‌تدا بن و وه‌ك پێشره‌وی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆيی هه‌لسوكه‌وت بكه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی ميلله‌ت له‌ پێشه‌وه‌ی ململانێيه‌كه‌يان دا بنێن. ترسه‌كانيشمان له‌ جێگه‌ی خۆی بوو. هێشتا حكومه‌تی هه‌ولێر ساوا بوو، براكوژيی هاته‌ كايه‌وه‌و خه‌ريك بوو له‌ بناغه‌‌وه‌ خه‌ونه‌كانمان و بنه‌مای كوردستانی ئازادمان هه‌لته‌كێنی. خۆشبه‌ختانه‌، ئاشتی له‌سه‌ر يه‌كێتی و پارتی فه‌رزكرا، و ئه‌گه‌رله‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مريكادا نه‌بوايه‌ (كه‌وا‌ ناوچه‌ رزگار كراوه‌كانمان به‌ رزگاركراوی بمێنێته‌وه) ئه‌وا كيان و ته‌جروبه‌ مێژووييه‌كه‌مان ده‌بوه ميژوو.

بۆيه‌ش، ناتوانين سوپاسی يه‌كێتی و پارتی بكه‌ين بۆ هه‌لسوكه‌وتيان له‌ نيوه‌ی دووه‌می نه‌وه‌ده‌كان. به‌لام، ده‌توانين سوپاسيان بكه‌ين بۆ خۆ زه‌بت كردنيان له‌ نيوه‌ی يه‌كه‌می دووهه‌زاره‌كان (له‌ژێر فشاری ئه‌مريكا). هه‌ردوولايه‌ن توانيان له‌رووكه‌شدا جياوازيه‌كانيان تۆزقالێك كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و ئاگری براكوژی كپ بكه‌نه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بخه‌نه‌ به‌رچاويانه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی له‌هه‌موو بوارێكدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌لام سه‌لمانديان كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو حيزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌ی كوردستانی باشوور ته‌با بن، ئه‌وا له‌سه‌رتاپای عیراقدا ده‌ستكه‌وتيان ده‌بێ و زلهێزه‌ ناوچه‌ييه‌كان، و بگره‌ جيهانيه‌كان، حيسابی قولتريان بۆ ده‌كه‌ن. به‌لگه‌ش بۆ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ زۆرن. بۆ نموونه‌ پاراستنی فيدراليه‌تی كوردستان، مسۆگه‌ر كردنی بودجه‌ی دياريكراو، چه‌سپاندنی مافه‌كانمان له‌ ده‌ستووری هه‌ميشه‌يی عيراق، مسۆگه‌ر كردنی چه‌ندين پۆستی سيادی له به‌غدا، وه په‌يدا كردنی وه‌لائی ئه‌مريكی و به‌ريتانی بۆ كوردستان و ده‌يان شتی تريش. ده‌بێ له‌بيريشمان نه‌چێ كه‌ ناشێ بلێين ته‌واوی ئه‌وده‌ستكه‌وتانه‌ به‌ هۆی زيره‌كی و حه‌كيمی سه‌ركرده‌ی كورد بوه‌، به‌لكو به‌پله‌ی يه‌كه‌م ده‌ستكه‌وتی ته‌بايی كورد و ناته‌بايي عه‌ره‌ب بووه‌. د‌ه‌ستكه‌وتن به‌ خستنه‌به‌ری، واته‌ به‌ ناراسته‌وخۆيی به‌ هۆی زيادبوونی ته‌وژمی تيرۆريستانی وه‌ك زه‌رقاوی، نامه‌سئوليی پارته‌ توندره‌وه‌ عه‌ره‌به‌ سووننه‌ و شيعه‌كان. هه‌روه‌ها به‌هۆی هه‌له‌ مێژووييه‌كانی ده‌وله‌ته‌ دراوسێكانی وه‌ك توركيا و سوريا و ئێران بوو. ئه‌وانه‌، ‌ به‌بێ ئه‌وه‌ بيانه‌وێ، بارێكی زۆر له‌باريان بۆ كورد ره‌خساند‌، به‌جۆرێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مريكادابوو گرنكی به‌ كورد بدات و كيانه‌كه‌ی بپارێزێ و رۆژله‌دوای رۆژ له‌ سه‌ربه‌خۆيی نزيكی بكاته‌وه‌. ئيمرۆش، رۆژی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ته‌بايی كورده‌ پته‌وتر بێ و سه‌ركرده‌ی كورد ئاماده‌بێ، حيكمه‌ت به‌كار بهێنێ، له‌ مسته‌وای مه‌سئوليه‌ته‌وه‌ له‌ شانۆی نێو ده‌وله‌تيدا ته‌ركيزی هه‌بێ. شايانی باسيشه‌ كه‌ ئه‌وه‌ به‌س نيه‌ كه‌وا براكوژی نه‌مێنێ، به‌لكو پێويسته‌ دوو حيزبه‌كه‌، هه‌ريه‌كه‌يان له‌ لای خۆيه‌وه‌ پێكهاته‌كه‌ی له‌ ناوه‌رۆكدا به‌ ديموكراسيه‌ت پته‌و و به‌توانا بكات . چونكه‌ ته‌حه‌دداكانی رۆژگاری ئاينده‌ ره‌نگه‌ زۆر ترسناك بن و كورديش پێويستی به‌ هه‌ردوو حيزب هه‌يه‌ كه‌ به‌ تواناوه‌ به‌ره‌نگاری ته‌حه‌دداكانه‌وه‌ ببێته‌وه‌، و ده‌ستوورێكی ديموكراسی په‌يره‌وی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌زه‌بره‌وه‌ و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل دونيای پێشكه‌وتوودا پێشره‌وی پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وله‌تی كوردی بكه‌ن. پرسياری مه‌زن ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئايا يه‌كێتی و پارتی ئاماده‌ن بۆ ته‌حه‌دداكان؟ ئايا ئه‌و دوو حيزبه ده‌سه‌لاتداره‌‌ بايی ئه‌وه‌نده‌يان كردوه‌ كه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ن ململانێيه‌كه‌ی نێوانيان ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ فرسه‌ته‌كه‌مان له‌ده‌ست بچێ؟

ئاماده‌باشی يه‌كێتی و پارتی و ته‌حه‌ددايه‌ چاره‌نووسيه‌كان

وه‌لام بۆ هه‌ردوو پرسياره‌، له‌ئاستی به‌غدا، (به‌لێ) يه‌. به‌لام له‌ ئاستی كوردستان و جيهاندا، (نه‌خێر)ه‌. بۆنمونه‌: ململانێی نێوان پارتی و يه‌كێتی له‌ ناوچه‌ رزگارنه‌كراوه‌كانی وه‌ك كه‌ركوكدا له‌ ئاستێكی تێكده‌ردايه‌. گه‌نده‌لی ناو ئيداره‌ی هه‌ردوولايان هه‌تا ئێستا له‌ ئاستێكی ترسناكدايه‌. هه‌ردوولايه‌ن ميلله‌ت و جه‌ماوه‌ره‌ ته‌قليديه‌كه‌ی خۆيانيان تۆراندوه‌ و خه‌لكيا تووشی ئيحبات و خه‌يبه‌ت كردوه‌. ئه‌وه‌تا نه‌مانى ته‌ركيز و فه‌وزاى سياسى و گه‌نده‌لَى ناوچه‌كانى ژێر ده‌سته‌لاَتى يه‌كێتى بووه‌ مايه‌ى خۆپيشاندانه‌كانى ئه‌م دواييه‌تى سلێمانى و كه‌لار و ده‌ربه‌نديخان و پشده‌ر و شاره‌زوور و دوا جار له‌ سايه‌ى نه‌مانى زمانى گفت و گۆدا پێكدا هه‌لَپرژان و توند و تيژى لێكه‌وته‌وه‌.

پرۆسه‌ پيرۆزه‌كه‌ی يه‌كگرتنه‌وه‌ی ئيداره‌ی هه‌ردوولاشيان پره‌ له‌ گيروگرفتی ته‌كنيكی و ستراتيژی، كه‌ هێشتا له‌ژێر تاقی كردنه‌وه‌ی خولی يه‌كه‌مدايه‌. له‌ونه‌ش گرنگتر، جياوازيه‌كی مه‌زن هه‌يه‌ له‌ نێوان دوو حيزبه‌كه‌ و ناكرێ هه‌ردوكيان به‌يه‌ك ميزان بپێورێن. ته‌نانه‌ت، ته‌ركيزی پارتی و يه‌كێتی له‌ پرۆسه‌ی يه‌كگرتنه‌وه‌ و له‌ لۆبی كردنی جيهانی بۆ دوه‌له‌تسازی له‌ يه‌ك ئاستدا نيه‌، و پارتی له‌ دۆلێكه‌ و يه‌كێتی له‌ دۆلێكی تر.

ئيمرۆ پارتی و سه‌ركردايه‌تيه‌كه‌ی، دياره‌ كه‌ ئاماده‌ن بۆ جه‌وله‌ی ئاينده‌ی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆيی كوردستان. كه‌له‌ ده‌ره‌وه‌ حوكم له‌سه‌ر جموجۆليان ده‌ده‌م، نيشانه‌ی ئه‌وه‌يان پێوه‌ ده‌بينم كه‌ ‌ته‌ركيزيان هه‌يه‌ و له‌مسته‌وای رووداوه‌كاندا به‌به‌رنامه‌ كاری لۆبی نێو ده‌وله‌تی ده‌كه‌ن. مه‌ركه‌زيه‌‌ته‌ زاله‌كه‌ی ناو پارتی بوه‌ته‌ ديارده‌يه‌كی سوودبه‌خش بۆ حيزبه‌كه‌ش و بۆ بردنه‌‌وه‌ی شه‌ری جه‌بهه‌ی سياسی عيراقيش. شايانی باسيشه‌ كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكوه‌زيرانی حكومه‌تی يه‌كگرتوو، زۆر جيددينه‌ له مه‌سه‌له‌ی‌ دامه‌زراندنی موئه‌سسه‌سه‌كانی حوكمرانی و راكيشانی خه‌لكی پسپۆر بۆ كار كردن له‌ناو ئه‌و پرۆسه‌يه‌. له‌وه‌شدا، ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو لايه‌كمانه‌ كه‌ به‌ دلسۆزيه‌وه‌ پشتگيریان لێبكه‌ين. ئاشكراشه‌ كه‌ پارتی دلنيايه‌ له‌ ئاينده‌ی خۆی و سه‌روه‌تی و به‌رده‌وامێتی ده‌سه‌لاتی به‌سه‌ر به‌شێك (يان ته‌واوی) كوردستانی باشور. بۆيه‌ش، پارتی زياتر به‌ره‌وپيری يه‌كگرتنه‌وه‌ی ئيداره‌ و حوكمه‌ته‌وه‌ دێت. هه‌لسوكه‌وت و گفته‌كان و هه‌وله‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ خه‌لكانی كوردستانی باشوور (به‌تايبه‌تی هی ديوی ژێر ده‌سه‌لاتی يه‌كێتی) دلنيا بكات و رايانكێشێت بو ئه‌وه‌ی قه‌بوولی بكه‌ن به‌ سه‌رۆكێكی سروشتی و شه‌رعی هه‌موولايه‌ك و ره‌چاوی بكه‌ن وه‌ك زامينكه‌ری دوارۆژی كورد. زياتريش له‌وه‌، سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌ك ته‌نها ده‌يه‌وێ به‌ موسته‌هه‌قيی و به‌ شێوه‌يه‌كی جه‌ماوه‌ری ببێته‌ سه‌رۆكی ته‌واوی كوردستانی باشور، به‌لكو به‌و نيازه‌ی به‌رده‌واميش بێ له‌ هه‌لگرتنی ئالاكه‌و پركردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆله‌. واته‌، نه‌ك ته‌نها سه‌رۆكی كوردستانی باشور بێ بۆ ئه‌و چوار ساله‌ی كه‌ مام جه‌لال تاله‌بانی له‌ به‌غدا سه‌رۆكی كۆماره‌، به‌ڵكو بۆ مه‌به‌ستی هه‌تاسه‌رمانه‌وه‌ی له‌و پۆسته‌، به‌ شێوه‌يه‌كی ئه‌به‌دی و ويراسی.

مانه‌وه‌ی يه‌كێتی و پارتی وه‌ك دوو هێزی كاريگه‌ری ديموكراسی به‌رامبه‌ر به‌يه‌ك ته‌نيا رێگره‌ له‌دامه‌زرانی ‌ ده‌وله‌تی تاكه‌ حيزبی (پارتی يان يه‌كێتی) له‌ كوردستانی باشور. هه‌ركاتێك، يه‌كێك له‌و لايه‌نانه‌ لاواز ببێ و نه‌مێنی، ئه‌وا ديموكراسيه‌ت له‌ مه‌ترسيه‌ و پرۆسه‌كه‌ی به‌ره‌و دواوه‌ ده‌چێت. ته‌جروبه‌ی ئه‌و ده‌ساله‌ی رابووردوو سه‌لماندی كه‌ ئيداره‌ی حكومه‌تی تاكه‌ حيزبی – له‌ژێر پارتی بێ وه‌يان يه‌كێتی – ئه‌وا فاشيله‌. له‌ هه‌ردوو حاله‌تدا، كيانی ديكتاتۆری و گه‌نده‌لی و بێ نيزامی و بێ قانونی هاته‌ كايه‌وه‌. بۆيه‌ش دياره‌‌ كه‌ هه‌ردوو حيزب گه‌يشتنه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ يه‌كگرتنه‌وه‌ی دوو ئيداره‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لايه‌كه‌دايه. شايانی باسيشه‌ كه‌ يه‌كێتی و پارتی سه‌لماندويانه‌ كه‌ له‌ژێر سايه‌ی ديموكراسيدا، و به‌رامبه‌ر مه‌ترسيه‌ ده‌ره‌كيه‌كان، توانای كاركردنیان هه‌يه‌ به‌يه‌كه‌وه‌ بۆ دوارۆژی كورد.

به‌لام ئايا يه‌كێتی تاچی راده‌يه‌ك دوارۆژی خۆی به‌ده‌ سته‌، هه‌تا به‌ دوارۆژی كوردستان راده‌گات؟ ئايا يه‌كێتی ته‌مه‌نی چه‌ند درێژخايه‌ن ده‌بێ ‌ و هه‌تا كه‌ی- به‌و شێوه‌ی ئێستای- وه‌ك رێكخراوێكی يه‌كگرتووی جه‌ماوه‌ری پان و بۆر ده‌مێنی؟ ئايا يه‌كێتی ئۆپۆزيسيونه‌كی كاريگه‌رده‌بێ بۆ حوكمی پارتی؛ وه‌يان يه‌كێتی له‌ ناو قه‌يرانی پاكسازی و چاكسازيه‌كانيدا به‌يه‌كپارچه‌يی رزگاری نابێ و ئينشيقاق چاوه‌رێيه‌تی. ئه‌وه‌ی دوايی ئيحتيمالی زياتره وه‌ك له‌ هی پێشتر.، به‌لام هه‌رچیه‌ك بێ وه‌لامه‌كه‌، دوارۆژی يه‌كێتی په‌يوه‌ندی راسته‌وخۆی هه‌يه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئايا كوردستانی سه‌ربه‌خۆ داده‌مه‌زرێ يان نا، وه‌ ئايا رژيمه‌كه‌ی هی تاكه‌ حيزب د‌ه‌بێ يان فره‌ حيزب‌.

دواپه‌يامم‌

من وه‌ك چاودێرێك و دلسۆزێكی دۆزی ره‌وای كورد، وه‌ك كه‌سێك كه‌ ده‌يانساله‌ له‌ بواری لۆبی كردنی نێوده‌وله‌تيه‌وه‌ خه‌ريكی به‌رگری كردنم له‌ مافی ديموكراسی مرۆڤی كورد، به‌ئاواتی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئالای كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كی ديموكراسی ده‌ستووری هه‌ميشه‌يی، هه‌ست به‌ خه‌ته‌ری بارودۆخ ده‌كه‌م و ده‌زانم كه‌ هه‌لوه‌شانه‌وه‌ی پارتی وه‌يان يه‌كێتی، ده‌بێته‌ مايه‌ی روخانی لايه‌كی قه‌لاكه‌مان. ئه‌وه‌ش په‌يوه‌ندی راسته‌وخۆی هه‌يه‌ به‌ توانای كورد بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردنی كاروانی چاره‌ی خۆنووسينمان. بۆيه‌ش، په‌يامم له‌و نووسراوه‌ ئه‌وه‌يه كه‌ ده‌بێ پارتی و يه‌كێتی له‌مسته‌وای مه‌سئوليه‌ته‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی دوارۆژی كوردستانی ديموكراسی بيربكه‌نه‌وه دوورله‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حيزبايه‌تی، وه‌‌‌ زه‌مينه‌يه‌ك بره‌خسێنن بۆ لێدوان و هه‌لسه‌نگاندنی ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌نووسيانه‌. هاوكات، پێويسته‌ كه‌ رۆشنبير و خاوه‌ن قه‌له‌م، شانبه‌شانی كادير و سه‌ركرده‌ی بزوتنه‌وه‌ سياسيه‌كانی كوردستان، به‌ جورئه‌ت و شه‌فافیه‌ت، به‌لام به‌ مه‌سئولانه‌و مه‌وزوعيانه‌، راوبۆچوونی خۆيان له‌و بابه‌ته‌ سه‌ره‌كيانه‌ ده‌رببرن. به‌داخه‌وه‌، سيسته‌می ده‌وله‌تی كوردستان تا ئيمرۆش مه‌لبه‌ندی لێكۆلينه‌وه‌ی ستراتيژی سه‌ربه‌خۆ و هاوچه‌رخی نيه. له‌ جياتيان، مه‌كته‌بی سياسی دوو حيزبی ده‌سه‌لاتداری هه‌يه‌ كه‌ بيركه‌ره‌وه‌ و ياسا دانه‌ر و بريارده‌ر‌ن له‌سه‌ر بابه‌ته‌ چاره‌نووسيه‌كانيش و رێره‌وی حوكم و ده‌سه‌لاتيش. وولات وولاتی هه‌موانه‌ نه‌ك هی دوو حيزب. تا ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ سيسته‌می "ژووری بيركردنه‌وه‌و لێكۆلينه‌وه‌ی ستراتيژی و دارژتنی پۆله‌سی وولاتپارێزی" له‌ حكومه‌تی يه‌كگرتوی كوردستانی باشوردا داده‌مه‌زرێ، ده‌بێ مينبه‌ری رۆژنامه‌كان گۆره‌پانی بيركردنه‌وه‌كان بێت. .

No comments: