Wednesday, 22 November 2006

به‌يكه‌ر-هاميلتن و سه‌ركرده‌ی كورد

سياسه‌تی ئه‌مريكا خه‌ريكه‌ سه‌راوبن ده‌بێ، ئايا سه‌ركرده‌ی كورد به‌شداره‌ يان چاودێر‌

پرۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌دين

هاوڵاتی ژماره‌ 301 - ڕۆژی 22/11/2006 لاپه‌ڕه‌ 13

چاره‌نوسی كورد و عيراق سه‌رله‌نوی كه‌وتونه‌ته‌وه‌ سه‌رمێزی برياردانی ئيمپراتۆری و له مانگی كانونی دووه‌مدا برياری مێژووييان له‌سه‌رده‌درێ. سياسه‌تمه‌داران و چاودێران چاويان بريوه‌ته‌ ده‌رگای ژووری (جه‌يمس به‌يكه‌ر)ی كۆنه وه‌زيری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مريكا. خۆی و(ليی هاميلتن) ی كۆنه‌ كۆنگرێسمانی پارتی ديموكرات، سه‌رپه‌رشتی (گروپی ديراسه‌كردنی عيراق) ده‌كه‌ن بۆ چاوپێخشاندنه‌وه‌ به‌سه‌ر سياسه‌تی ئيدار‌ه‌ی سه‌رۆك بوش و به‌و ئامانجه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌نديه‌ ستراتيژيه‌كانی وولاته‌كه‌يان بپارێزن له‌شكره‌ حاڵشڕه‌كه‌‌يان له‌ گێژاوكی عیراق رزگار بكه‌ن. ئه‌و گروپه‌ی به‌يكه‌ر-هاميلتن‌ ده‌يانه‌‌وێت به‌ شێوه‌يه‌كی بنه‌ره‌تی و سيسته‌ماتيك به‌ پلانه‌ كورتخايه‌ن و درێژخايه‌نه‌كاندا بچنه‌وه‌ و له‌ روانگه‌ی ئه‌جامی لێكۆلينه‌وه‌كانياندا، پێشنيازی تازه‌ پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك بكه‌ن. تاكو ئيستا گروپه‌كه‌ چه‌ندين نوێنه‌ری ناردوه بۆ گفتوگۆ كردن له‌گه‌ل سياسه‌تمه‌دارانی ئه‌مريكی و به‌ريتانی و عيراقی و ئێرانی و سوری و گه‌لێكی تريش. سه‌رۆك بوش و سه‌رۆكوه‌زيرانی به‌ريتانی (تۆنی بلێر) يش له‌و كه‌سانه‌بووه كه‌ چاوپێكه‌وتنيان له‌گه‌لدا كراوه‌.

شايانی باسه‌ كه‌‌ مقۆمقۆ و گفتوگۆكانی گروپه‌كه‌ ته‌سه‌روبی كردوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی ژووری به‌يكه‌ر، و ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌ گۆته‌و برياره‌كانی ئه‌ودواييه‌ی ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش. هه‌ندێك له‌ گۆته و برياره‌‌كان كاريگه‌ری راسته‌وخۆيان هه‌يه‌ له‌سه‌ر ئێستاو ئاينده‌ی كورد، جا به‌ چاك يان به‌ خراپ. بۆ نمونه‌ لادانی تۆپه‌ قورسێكی وه‌ك رامسفيلد له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری كاردانه‌وه‌ی گرنگی ده‌بێ له‌سه‌ر رێره‌وی گشتی سياسه‌تی ئه‌مريكی له‌ عيراق و رێگه‌ خۆش ده‌كات بۆ گۆرانكاری بنه‌ره‌تی، و بگره‌ پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ له‌ وه‌عده‌كانی پێشوو. رۆبه‌رت گه‌يت، كۆنه‌ سه‌رۆكی سی ئای ئه‌ی – كه‌ ئێستا جێگه‌ی رامسفيلدی گرتۆته‌وه‌ - يه‌كێك بوو له‌ ئه‌ندامه‌ سه‌ره‌كيه‌كانی گروپه‌كه‌ و بۆ لێكۆلينه‌وه‌كانی سه‌ردانی عيراقی كردوه‌، و له‌وه‌ش ناچێ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ هاتبێ كه‌ سياسه‌ته‌كانی رامسفيلد به‌رده‌وام بكات.

به‌گوێره‌ی مه‌نتيق، رێگاكانی كه‌ له‌به‌رده‌م ئيداره‌ی بوش و گروپی به‌يكه‌ر-هاميلتن دانه‌، ديارن. يه‌كه‌ميان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوری نوێ، عيراق بكه‌نه‌ سێ چوار فيدراليه‌تی نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆ، كه‌ هه‌ريه‌كه‌يان مشوری حوكمرانی و خۆپاراستن بگريته‌ ئه‌ستۆ و رێ خۆش بكه‌ن كه‌ له‌شكری ئه‌مريكا له‌ ناوچه‌كانيان بكشێته‌وه‌. دوه‌ميان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ واز له‌ ديموكراسيه‌ت بێنن و چه‌رخ بگه‌رێننه‌وه‌ دواوه‌، بۆ چه‌سپاندنی ئارامی (له‌جێگه‌ی ديموكراسيه‌ت) له‌ عيراق و ناوچه‌كه‌. واته‌ ده‌ستور به‌لاوه‌ بخه‌ن و رۆلی مه‌ركه‌ز زه‌ق بكه‌ن و‌ حوكمێكی ديكتاتۆری (عه‌سكه‌ری) له‌ به‌غدا دابنێن، به‌وه‌ش رێگه‌ خۆش بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌شكری ئه‌مريكا بكشتێه‌وه‌ ولاتێكی دراوسێ . بێجگه‌ له‌وانه‌، ‌ ئيختياری تريش هه‌ن، به‌لام ئيحتيماليان كه‌متره‌.

به‌ دابه‌شكردنی عیراق هه‌مولايه‌ك براوه ده‌‌بێ

هه‌لبه‌ت ئيختياری يه‌كه‌م بۆ ئيمه‌ دلنياكه‌ره‌وه‌يه‌، له‌به‌رژه‌وه‌نديماندايه، و بگره ئاواتمان ده‌هێنێته‌ دی. بۆ ئه‌مريكاش وا باشتره‌ كه‌ سێ‌چوار هه‌ريمی فيدرالی له‌ عيراق پچه‌سپێنی بێ ئه‌وه‌ی ده‌وله‌ته‌كه‌ به‌ ته‌واوی هه‌لوه‌شێنێته‌وه‌. ئه‌و ئيختياره‌ ئاواتی زۆرينه‌ی عه‌ره‌بی شيعه‌شه‌، به‌تايبه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ مه‌جليسی ئه‌علا. ئه‌گه‌رچی توندره‌وه‌ سوننه‌و شيعه‌كان سه‌رگه‌رمی شه‌رن و له‌بيركردنه‌وه‌كانياندا ئازاد نين، به‌لام عيراقی فيدرالی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانيشدايه‌‌.

له‌شكر و ئيداره‌ی ئه‌مريكی ده‌مێكه‌ بۆيان ده‌ركه‌وتوه‌ كه حيساباتيان سه‌باره‌ت به‌ دوژمنه‌كانيان هه‌له‌ بوه‌ و سياسه‌تی چه‌وتيان پياده‌كردوه‌ و ته‌جروبه‌كانينان فه‌شه‌لی هێناوه‌. بۆيان ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ به‌ ته‌نيا له‌رێگه‌ی هێزی له‌شكريان و به‌بێ هاوكاری ناوچه‌ عيراقيه‌كان، ده‌ره‌قه‌تی به‌رهه‌لستی ئيران و ئيرهابی قه‌ومی سوننه‌ نايه‌ن. تاكو دێ توانای كۆنترۆل كردنی ئه‌و وه‌زعه‌ی ئالۆزه‌يان كه‌متر ده‌بێ و وێنه‌ی ڤيه‌تنامێكی تريان به‌زه‌قتر دێته‌ به‌رچاو. سه‌رۆك بوش زۆری هه‌ولدا، له‌رێگه‌ی پۆل برێمه‌ر و بالوێزه‌كانيه‌وه‌، يه‌كێتی عيراق بپارێزی و ديموكراسيه‌ت بسه‌پێنی و شیعه‌ له‌ چه‌نگی ئێران ده‌ربينێی و ئيرهابی به‌عس و ئه‌لقاعيده‌ ببه‌زيێنی. به‌داخه‌وه‌، ئه‌و خه‌ونانه‌ هيچيان نه‌هاتنه‌ دی. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، نه‌ك ته‌نيا يه‌كێتی عيراق و ئاشتی توندره‌وه‌ عه‌ره‌به‌كانيان مسۆگه‌ر نه‌كرد، به‌لكو له‌و پرۆسه‌يه‌دا خه‌ريك بو دۆسته‌ ستراتيژيه‌كه‌يان (كورد) زوير بكه‌ن و بيكه‌نه‌ قوربانی بۆچوونه‌ چه‌وته‌كانيان.

گومانی تێدانيه‌ كه‌ بۆ ئه‌مريكا ناگونجێ ئه‌منيه‌تی كوردستان له‌ده‌ست بدات. پێويسته‌ ئه‌مريكا به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ بداته‌ وولاته‌كانی دراوسێ، حوكمرانی كوردستان پته‌وترو فراوانتر بكات، به‌راده‌يه‌ك كه‌ له‌ مه‌ودای سالی داهاتوودا، كه‌ركوك و ناوچه‌ ته‌عريبكراوه‌كان بخاته‌وه‌ سه‌ر ئيداره‌ی هه‌رێم. ئه‌وه‌ش نه‌ك ته‌نيا بۆئه‌وه‌ی‌ كه‌ كورد ڕازی بكات، به‌لكو بۆ ئه‌وه‌شه‌ كه‌ به‌زوويی ناوچه‌ ئه‌مينه‌كان فراوان بكات و به‌ررژه‌وه‌ندی سوپاكه‌ی و سه‌رچاوه‌يه‌كی سه‌ره‌كی نه‌وتی عیراقيش بپاريزێ. له‌كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانيشی، باشتر وايه بۆ ئه‌مريكا كه‌ له‌شكره‌ سه‌ره‌كيه‌كه‌ی له بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ناوه‌وه‌ی عيراق بحه‌وێنيته‌وه‌. هه‌ركاتيكيش ويستی ‌ به‌كاري بهێنی بۆ سه‌ركوتكردنی تێرۆر ‌يان هه‌لگه‌رانه‌وه‌ی توندره‌وانی خواروو، ئه‌وا ده‌توانی له‌ كوردستانه‌وه‌ (واته‌ له‌ ناوه‌وه‌ی عيراقه‌وه‌) بۆيان بكشێ، له‌ جياتی ئه‌وه‌ی جارێكی تر وه‌ك داگير كه‌ر بێته‌وه‌ ناو عيراق. خۆ ئه‌گه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی ناوچه‌ی چه‌مچه‌مال ببێته‌ بنكه‌يه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌مريكا، ئه‌وا هه‌لبه‌ت بۆيان ده‌ست نادات كه‌ كه‌ركوك به‌رده‌وام شارێكی نائارام بێ. له‌وه‌ده‌چێ كه‌ سه‌ركرده‌ی كورد دلی به‌و موعاده‌له‌ مه‌نتيقيه‌ خۆش بێ و قوماره‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بێ كه‌ هه‌ر ئه‌و رێگه‌ مه‌تتيقيه‌ هه‌مان ئيختياری به‌يكه‌ر ده‌بێ. به‌لام به‌داخه‌وه‌، سياسه‌تی ئه‌مريكا قه‌ت له‌سه‌ربنه‌مای مه‌نتيق و به‌رژه‌وه‌ندی دۆسته‌كانی و ئاواتی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ستی وه‌ك كورد دا دانه‌رژتوه‌. بۆيه‌ با فێل له‌خۆمان نه‌كه‌ين و چاوه‌رێی ئه‌وه‌ نه‌كه‌ين كه چاره‌نوسمان ‌به‌ده‌ستی كه‌سانێكی كوردنه‌ناس، و له‌ژێر فشاری ناحه‌زان، دياری بكرێ.

ئارامی يان ديموكراسيه‌ت

هه‌لبه‌ت رێگه‌ی دووهه‌م جێگه‌ی مه‌ترسيه‌، چونكه‌ له‌و حاله‌ته‌دا ديموكراسيه‌تی عيراق و فيدراليه‌تی كورد ده‌بنه‌ قوربانی ئاراميی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست، وبه‌وه‌ش ده‌مانگه‌رێننه‌وه‌ سالانی سه‌ده‌ی رابوردوو. بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌ستكه‌وته نوێيه‌‌كانمان ده‌كه‌ونه‌ خه‌ته‌ره‌وه، به‌لكو مسۆگه‌ريشه‌ كه‌‌ فايلی كه‌ركوك هه‌لده‌په‌سێردرێ، وه‌يان ئاوه‌ژوو ده‌كرێته‌وه‌- بۆخاتری ڕازی كردنی توركيا و وولاتانی تری دراوسێ. پرسياری گرنگ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئايا ئه‌و ئيحتيماله‌ به‌راستی له‌ ئارادايه‌؟ وه‌لامه‌كه‌ی: به‌لێ ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ری ئه‌و ئيحتيماله‌ زياتر نه‌بێ له‌ هی يه‌كه‌م، ئه‌وا كه‌مترنيه.

نيشانه‌ مه‌ترسيداره‌كان

خودی به‌يكه‌ر

جارێ بوونی خودی به‌يكه‌ربه‌سه‌رۆكی گروپه‌كه‌ مايه‌ی ناره‌حه‌تيه‌ بۆ عيراقيه‌كان. به‌يكه‌ر كۆنه‌ وه‌زيری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مريكايه‌، كابرايه‌كی به‌ته‌حه‌فوزه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی رامسفيلد و سه‌رۆك بوش. به‌يكه‌ر به‌ سروشت و به‌ به‌رژه‌وه‌ندی، پرۆعه‌ره‌به‌. ئه‌و گرنگيه‌ی كه‌ خۆی و بازنه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری به‌ وولاته‌ عه‌ره‌بيه ديكتاتۆره‌‌ ده‌وله‌مه‌نده‌كانی ده‌ده‌ن، زۆر زياتره‌ له‌وگرنگيه‌ی كه‌ به‌ وولاتانی ديموكراسی و دۆستانی كورد ئاسايی ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر به‌كه‌يفی به‌يكه‌ر بوايه‌، رژێمی عيراق رزگار نه‌ده‌كرا وئۆپۆزيسيۆنی عيراقی گفتوگۆی له‌گه‌ل نه‌ده‌كرا و كورديش رۆلی سه‌ره‌كی له‌ پرۆسه‌كه‌دا نه‌ده‌بوو. له‌شه‌ری كوێتی سالی ١۹۹١ دا، به‌يكه‌ر رۆلی سه‌ره‌كی هه‌بوو له‌ رێگرتن له روخانی سه‌دام. بۆيه‌ش رۆلی گرنكی هه‌بوو له‌رێگه‌دان به‌ له‌شكری سه‌ددام ئه‌وساته‌ی كه‌ كه‌وته‌ سه‌ر روحی كورد و شيعه‌. خۆيشی وه‌ك چاودێرێك سه‌يری روداوه‌كانی ناو عيراقی ده‌كرد. سه‌باره‌ت به‌ بانگه‌وازه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی سه‌رۆك بوشی ئه‌وسا (كه‌ تێيدا هانی راپه‌رينی خه‌لكی عيراقی دا له‌دژی سه‌ددام)، به‌يكه‌ر لێكيده‌داوه‌ به‌وه‌ی كه بانگه‌وازه‌كه‌ بۆ خه‌لك نه‌بوو به‌لكو بۆ هاندانی كوده‌تای سه‌ربازی بوو له‌لايه‌ن ئه‌فسه‌ره‌كانی له‌شكری عیراق. ئيمرۆشی له‌گه‌لدابێ، به‌يكه‌ر په‌شيمانی نيشان نه‌داوه‌ له‌ مه‌وقيفه‌كانی و داوای لێبوردنی نه‌كردوه‌. بۆيه‌ش جێگه‌ی سه‌رسورمان نيه‌ كه‌ به‌لای به‌يكه‌ره‌وه‌، ديموكراسيه‌ت له‌ عيراقدا شايانی به‌رگريكردن نيه‌، چونكه‌ بروای پێ نيه‌ و نابێ.

رۆلی وولاتانی دراوسێ

نارحه‌تيه‌كی تر له‌وه‌دايه‌ كه‌ گروپه‌كه‌ی به‌يكه‌ر-هاميلتن جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێ له‌گه‌ل وولاتانی دراوسێ گفتوگۆ بكرێ و رژێمه‌كانيان رازی بكرێن. به‌يكه‌ر، وه‌ كۆنه‌ موحاميه‌ك و بيزنيسمانێك، بڕوای به‌وه‌يه‌ كه‌ سياسه‌ت هه‌موی بريتيه‌ له‌ رێكه‌وتن و موعامه‌له‌ كردن- واته‌ شتێك بده‌ به‌رامبه‌ر شتێكی تر. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پرنسيپه‌ش بوو كه‌ توانی ته‌حالوفێكی پانوبۆری دژ به‌ سه‌دام پێكه‌وه‌ بنێ (به‌رله‌ شه‌ری كوێت). شايانی باسه‌ كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌يكه‌ر چه‌ندين سه‌ردانی سوريا و توركيای كرد و نوێنه‌ری هه‌نارده‌ وولاته‌كانی تر ی وه‌ك ئێران و له‌ ئه‌نجامدا هێنانيه‌ رێزی حه‌ليفه‌وه‌. له‌هه‌مان كاتدا به‌ قه‌تعي ره‌فزی ده‌كرد كه‌ ئاورێك له‌ كورد بداته‌وه‌، مه‌گه‌ر به‌ موجامه‌له‌ش بێ (كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديشياندا بوو). بۆيه‌ش سه‌باره‌ت به‌ حه‌ليفێكی بچوكی وه‌ك كورد، زۆر بێ منه‌ت بوو، به‌لام به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنێكی وه‌ك سوريا و ئێران، دڵرازیكه‌ر بوو.

‌به‌راوردی نيه‌ له‌ نێوان ئوسلوبی رازيكه‌ری به‌يكه‌ر و ئوسلوبی چاونه‌ترسی رامسفيلد و باقی ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش. هه‌ر بۆنمونه‌، له‌ ٢٠٠١ دا سه‌رۆك بوش (ريچارد ئارميتاج)ی جێگری وه‌زيری ده‌ره‌وه‌ی نارده‌ پاكستان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك په‌روێز موشه‌رره‌ف بتۆقێنی و پێی بلێ كه‌ ئه‌گه‌ر ته‌عاون نه‌كه‌ن با خۆيان ئاماده‌ بكه‌ن بۆ "بۆمبابارانێك كه‌ بيانگه‌رێنێته‌وه‌ چه‌رخی به‌ردين". مه‌حاله‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ چاوسوركردنه‌وه‌ له‌ راپۆرتی به‌يكه‌ردا ده‌ركه‌وی، له‌دژی دراوسێكانی عيراق. به‌‌لكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بۆ به‌يكه‌ری لێبگه‌رێين، مه‌رجه‌كانی توركيا و ئێران و سوريا و سعوديه له‌سه‌ر عيراق فه‌رز ده‌بێ. جا بيركردنه‌وه‌ی قووڵی پێ ناوێ تاكو بزانين ئايا مه‌رجی ئه‌و ووڵاتانه‌ له‌سه‌ر عيراق (يان كورد) چێ ده‌بێ.

توندی فشاری دوژمن و سستی لۆبی كورد

دلنيام له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و جۆره‌ فشاره‌ له‌سه‌ر ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش تاكو دێ كاريگه‌رتر ده‌بێ و وورده‌ وورده‌ جێگه‌ی خۆی ده‌گرێ. سه‌ره‌ك وه‌زيرانی به‌ريتانيا و ئوستراليا و چه‌ندين وولاتانی تری ئه‌وروپايی (سه‌ره‌رای ميحوه‌ری روس و چين و هاوبير‌ه‌كانيان) هه‌مويان له‌و بروايه‌دان كه‌ ده‌بێ گفتوگۆ له‌گه‌ل ئێران و سوريا و وولاته‌ دراوسێكان بكرێ. ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدايه‌ كه‌ رامسفيلدی شينه‌شاهۆ له‌ حه‌له‌به‌كه‌ نه‌ماوه‌ تاوه‌كو به‌رامبه‌ريان بوه‌ستێ. هه‌ر بۆيه‌ش، ئێمه‌ی كورد نابێ چاوه‌رێی ده‌رچونی راپۆرتی كۆتايی گروپی به‌يكه‌ر-هاميلتن بكه‌ين، ئه‌وجا بيركه‌ينه‌وه‌ ئايا چۆن له‌گه‌لیدا بگونجێين. تا ئه‌وكات، نه‌خشه‌كان نه‌قش ده‌كرێن ورێره‌وی سياسه‌تی ئيداره‌ به‌يه‌كجاری ده‌گۆرێ و كار له‌كار ده‌ترازێ. پێويسته‌ لۆبی كوردی فشاری خۆی بخاته‌ سه‌ر گروپه‌كه‌ وسه‌ر ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش، بۆ ئه‌وه‌ی كه جارێكی تر‌ئيمه‌ی كورد پشت گوێ نه‌خرێين و نه‌بينه‌ قوربانی ولاتانی دراوسێ. به‌لام ئايا سه‌ركرده‌ی كورد له‌ئاستی ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ خه‌ته‌رناكه‌دا هه‌لمه‌تی ده‌ست پێكردوه‌، وه‌يان چاوه‌رێی قه‌ده‌ره‌؟

ڕۆلی كورد: چاودێره‌ يان ياريكه‌ر‌

سياسه‌تی كورد هه‌رده‌م سياسه‌تی كاردانه‌وه‌ بوه‌ بۆ كاری زلهێزه‌كان. جاران، له‌ سه‌رده‌می شه‌ری سارددا، سه‌ركرده‌ی كورد له‌وه‌ زياتری پێنه‌ده‌كرا. به‌لام ئيمرۆ رۆژی چاو پێخشانه‌وه‌ی نه‌خشه‌كانه‌. ئه‌وكه‌سه‌ی كه‌ خاوه‌ن قه‌زيه‌يه‌ و ده‌نگی به‌رزده‌كاته‌وه‌ خۆی ده‌كاته‌ دڕكێكی موزعيج (بێ ئه‌وه‌ی ببێته‌ دوژمن)، زياتری ده‌ست ده‌كه‌وێ له‌ كه‌سێك كه‌ خۆی ده‌كاته‌ گوڵێك، يان پياوچاكێكی بيده‌نگ‌. هه‌لبه‌ت ئيداره‌ی ئه‌مريكی خۆشحال ده‌بێ ئه‌گه‌ر دۆسته‌ "مسۆگه‌ره‌كه‌ی" به‌كه‌م ڕازی ببێ و به‌بێده‌نگی و ده‌ستبه‌ سينگ بۆی ڕابوه‌ستێ. رۆژگاری سێ سالی رابوردوو سه‌لماندی كه‌وا ئيداره‌ی ئه‌مريكی زياتر خه‌ريكی ڕازيكردنی سواره‌كان بووه‌، چونكه‌ پياده‌كان (بێ پێيه‌كان)ی هه‌رده‌م مسۆگه‌ربووه‌. ئه‌وه‌نده‌ی برێمه‌ر و كۆلن پاول و كۆندۆليزا رايس خه‌ريكی ڕازی كردنی توندڕه‌وه‌ سوننه‌و شيعه‌كان بوونه‌، نيو ئه‌وه‌نده‌ خه‌ريكی ڕازی كردنی دۆسته‌كانيان نه‌بوونه‌. سه‌ركرده‌كان‌ی كورديش له‌ ديوه‌خاندا ناڕه‌زاييان ده‌رده‌بری و له‌ گۆره‌پانيشدا بيده‌نگ ده‌بوون. ئه‌و جۆره‌ سياسه‌ته‌، له‌ رۆژگاری چاره‌نووس سازدا ده‌ست نادات. ئيمرۆ كورد خاوه‌نی خاك و نه‌وت و ميلله‌ته‌، ئه‌مريكا پێويستی پێيه‌تی. ئه‌مريكا به‌رژه‌وه‌ندی ستراتيژی كه‌وتۆته‌ مه‌ترسی و پێويستی به‌ كورد ده‌بێ بۆ پاراستنيان، و بگره‌ به‌بێی به‌شداری ئاكتيڤی كورد پلانه‌كانی ئه‌مريكی هه‌ره‌س دێنی. له‌ داهاتووشدا ئه‌مريكا پێويستی به‌ كوردستان زياتريش ده‌بێ‌ بۆ چه‌ندين پرۆژه‌ی سياسی و سه‌ربازی و ئابوری له‌ ناوچه‌كه‌دا. بۆيه‌ وه‌ره‌قه‌ی كورد براوه‌يه‌، و زه‌رووريه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كان تا ئه‌وپه‌ری سوودمه‌ندی به‌كاری بهينن. له‌ گفتوگۆكانیدا له‌گه‌ل ئه‌مريكا، سه‌ركرده‌ی كورد له‌مه‌ودوا ده‌توانی ره‌قيش بێ و نه‌رميش بێ ، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌نديه‌كانی ميلله‌ت بخاته‌ خه‌ته‌ره‌وه‌. نه‌رمی به‌بێ ره‌قی بێ سووده‌، چونكه‌ ده‌مانكاته‌ نێچيرێكی ئاسان بۆ جه‌يمس به‌يكه‌ر و وولاته‌‌كانی دراوسێمان –به‌وه كاره‌‌ش دوورنيه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ی هه‌شمانه‌ له‌ده‌ستمان بچێ، چی جای گه‌راندنه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ به‌عه‌ره‌بكراوه‌كان. خۆ فيدراليه‌ت و ئه‌گه‌ری سه‌ربه‌خۆيی هه‌ر جێگه‌ی باس نامێنن.

ڕۆلی سه‌ركرده‌ی سياسی كورد

به‌رای من، له‌‌و وه‌زعه‌ ئالۆزو هه‌ستياره‌دا، سه‌ركرده‌ی سياسی كورد ده‌بێ له‌ئاستی ئه‌و مه‌ترسيانه‌ كاری لۆبی بكات له‌ ئه‌مريكا و ئه‌وروپا. پێوسته‌ به‌ته‌ركيزه‌وه‌ ده‌ست به‌ هه‌لمه‌تێكی هه‌مه‌لايه‌نه‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كاربكاته‌ ‌سه‌ر ناوه‌رۆكی راپۆرتی به‌يكه‌ر-هاميلتن. ده‌بێ مسۆگه‌ری بكات كه ڕێڕه‌و و‌ نه‌خشه‌و پلانی ئيداره‌ی ئه‌مريكی له‌به‌رامبه‌ر كورددا، به‌تايبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك، گۆڕانێكی ئه‌وتۆی به‌سه‌ر نايه‌ت. راسته‌ له‌ سه‌ردانی پێشوی سه‌رۆكی هه‌رێمدا بۆ ئه‌مريكا، وه‌فدی كوردی به‌ڵێنی جۆراوجۆری پێدرابوو، به‌لام له‌ روانگه‌ی راپۆرتی به‌يكه‌ر-هاميلتندا، ته‌واوی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ قابيلی چاوپێداخشاندنه‌وه‌ن. به‌داخه‌وه‌، لۆبی كوردی له‌ ئه‌مريكا، له‌به‌ر ده‌يان هۆ، زۆر لاوازه‌و ئه‌و جۆره‌ زه‌خم و قورساييه‌ی نيه‌ كه‌ بتوانی به‌ ته‌نسيقيكی فره‌حيزبيه‌وه‌ ‌ به‌و كاره‌ چاره‌نوسسازه‌ هه‌لبستێ. له‌و چه‌ند هه‌فته‌يه‌ ناسكه‌ی داهاتودا، هه‌تا رۆژی ده‌رچونی راپۆرته‌كه‌، پێويستيمان به‌ بوونی يه‌كێك له‌ تۆپه‌ قورسه‌كانه‌، له‌ ئاستی سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك هه‌ريم وه‌يان سه‌رۆكوه‌زيران، كه‌ خۆی بگه‌يه‌نێته‌ واشينگتن، و نه‌يه‌ته‌وه‌ هه‌تا دلنيا ده‌بێ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجامی پێشنياره‌كانی به‌يكه‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورددا ده‌بێ. پێشنيازم بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وه‌يه‌ كه‌ خۆی و چه‌ندين له‌ پسپۆرانی لۆبی كردن، به‌يه‌كه‌وه‌ له‌ مه‌مه‌ڕه‌كانی برياری سياسی ئيمپراتۆريه‌تی ئه‌مريكيدا كارله‌سه‌ر مسۆگه‌ر كردنی كه‌ركوك و فراوانكردنی هه‌رێمی كوردستان و لابردنی مه‌ترسی دڕنده‌كاری دراوسێكانمان بكه‌ن.

No comments: