چه‌نگی كورد له كه‌ركوك گير بووه، ئايا سه‌ركرده‌كانی به‌ڕه‌ڵڵای ده‌كه‌ن؟
ئيمڕۆ دوژمنانی كورد له‌و په‌ڕی لاوازيدانه، ڕۆژی ئه‌وه نيه سه‌ركرده‌كانی كورد به قه‌رز لێيان بترسن
هاوڵاتی ژماره ۳٢٧، ی ٢۳ی مايس ٢٠٠٧
پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين
بۆ يه‌كه‌مجار له مێژوو، مه‌وقيعی سياسی و قانونی و ئه‌خلاقی كورد له هی ته‌واوی دۆست و دوژمنانی به‌هێزتره. عه‌ره‌بی عيراق، به ويستی خۆيان ده‌نگيان بۆ ماده‌ی ١٤٠ داوه، و بێگانه‌كان ته‌بريكيان كردوه، به‌ڵام ئيمڕۆ هه‌موو لايه‌كيان په‌شيمان بونه‌ته‌وه. ده‌شزانن كه‌وا كورد وه‌ره‌قه‌يه‌كی براوه‌ی له‌ده‌سته، و مافی خۆيه‌تی به‌كاری بهێنێ.
هه‌رڕۆژه‌ی به بيانويه‌ك و ته‌گه‌ريه‌ك، حكومه‌تی به‌غدا مه‌سه‌له‌ی پياده كردنی ماده‌كه دوا ده‌خات. هاوكات، سه‌ركرده‌ی كورد له جێگه‌ی خۆيه‌وه هه‌ڵده‌چێ و داخ ده‌ره‌بڕی و په‌نجه‌ی ئيتيهام درێژ ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێكی مه‌لموس بهاوێ بۆ مه‌جبور كردنی به‌غدا بۆ پياده‌كردنی ماده‌كه، وه‌يان هه‌ر خۆی هه‌لبستێ به پياده كردنی به‌بێی به‌غدا. ده‌نگۆی ڕێكه‌وتننامه‌يه‌كی نهێنی په‌يدا بووه، به‌ڵام ديار نيه كه ئايا كورد تێيدا براوه‌يه يان دۆڕاو؟ ده‌ڵێن سه‌ركرده‌كانی كورد ڕازی بوونه به دواخستنی پياده كردنی ماده‌كه، به‌ڵام ئايا به‌رامبه‌ر به چی گه‌ره‌نتيه‌ك؟
ده‌ستور و ڕه‌فتاری سياسی
به‌گوێره‌ی ماده‌ی ١٤٠، ده‌بێ ئاينده‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری پڕ كێشه‌ی دانيشتوانيی، هه‌تا كۆتای ئيمساڵ له ڕێگه‌ی پڕۆسه‌ی ئاساييكردنه‌وه (پێش نيسان)، و سه‌رژمێری (پێش ئاب)، و ڕيفه‌راندۆم (پيش كۆتايی ساڵ) يه‌ك لايی بكرێنه‌وه. به‌ڵام وێڕای ڕێكه‌وتننامه‌ی نوسراوه، تا ئێستا هيچ بڕگه‌يه‌كی ماده‌كه‌ئه‌نجام نه‌دراوه و ناشدرێت. دياره كه له پرينسيپه‌وه، ته‌واوی حيزبه عيراقيه‌كان له دژی په‌يدا بوونی هه‌رێمێكی فيدارڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی قه‌وميی كوردن، بۆيه‌ش له دژی ڕيفه‌راندۆمن و تا ئێستا هيچ كام له سێ حكومه‌ته‌كانی ئه‌و سێ ساڵه‌ی دوايی هه‌نگاوێكی ئه‌وتۆيان بۆ پياده‌كردنی ماده‌كه نه‌هاويشتوه. ماليكی، وه‌ك جه‌عفه‌ری، به نوسراوه‌يی وه‌عده‌ی به موقته‌دا سه‌در داوه كه‌وا كه‌ركوك ته‌سليمی كورد نه‌كات. ئيمڕۆ هه‌ڵوێستی عه‌ره‌بی سوننه و شيعه‌ی عيراق به ڕاده‌يه‌ك تونده كه هيچ سه‌رۆكوه‌زيرانێكی به‌غدا ناتوانێ جورئه‌تی ئه‌وه بكات كه‌ركوك ته‌سليمی كورد بكاته‌وه.
قه‌يرانی كه‌ركوكيه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی
قه‌يرانی كه‌ركوك به سروشت و به ده‌ستێوه‌ردان ئاڵۆز بووه. نه‌ته‌وه خاوه‌نه‌كان و ده‌خيله‌كانی كه‌ركوك، دوژمنی گه‌وره‌ی خۆيان و يه‌كترينه. كورد له كه‌ركوك ده‌سه‌لاتداره و ئه‌وانی تريش ئۆپۆزيسيۆنن. به‌ڵام كورد له‌ناوه‌خۆيدا ناته‌بايه و خه‌ريكی ململانێی ناوه‌كيه، و بۆيه نه‌يتوانيوه پێشڕه‌ويی شاره‌كه بگرێته ده‌ست، و‌ه مافی كه‌مه نه‌ته‌وايه‌تيه‌كان بپارێزن و ببنه قدوه بۆ هه‌موو لايه‌ك. عه‌ره‌ب و توركومانی كه‌ركوك باريان له كورد ناله‌بارتره. خۆيان پارچه پارچه و بێ مه‌رجه‌عن، و‌ه له سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌ب دابه‌ش بوونه و ده‌ستی ووڵاتانی ده‌وروبه‌ريش به‌سه‌ر ڕێڕه‌وياندا زاڵه. چه‌ندين لايه‌ن هه‌وڵيانداوه بۆشاييه سياسيه‌كه پڕ بكه‌نه‌وه و به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵاتی كوردی ببنه‌وه، به‌ڵام كاريگه‌ر نه‌بوونه.
به بيانوی پاراستنی يه‌كێتی خاكی عيراق و مافی مرۆڤی توركومان، توركيا ده‌ست له كه‌ركوك وه‌رده‌دات و داوا ده‌كات كه ريفه‌ڕاندۆم نه‌كرێ. به‌ره‌ی توركومانی به‌كار هێناوه له دژی كورد، به‌ڵام بۆ خاتری ئه‌جيندای توركی نه‌ك توركومانی. هاوكات هه‌ڕه‌شه‌ی هاتنه ناوه‌وه‌ی عيراق ده‌كات بۆ لێدانی په‌كه‌كه. هه‌ڵبه‌ت توركيا خۆی له قه‌يرانی كۆمه‌ڵێك ته‌ناقوزات دا ده‌خولێته‌وه. هه‌ڕه‌شه‌كانيشيان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ململانێی نێوان ئه‌رته‌ش و حيزبی ئه‌ردوگانه، ده‌نا هه‌ردوو لايان ده‌زانن كه‌وا په‌لهاويشتن بۆ كوردستانی عيراق كارێكی خۆكوژيه و مه‌زنترين زه‌ره‌ری سياسی و ئابوری ووڵاته‌كه‌يانی به‌دوادادێ. هه‌رێم به‌شێكه له عيراق، و مه‌سئوليه‌تی پاراستنی سنوور و ئاسايشی ووڵاته‌كه له ئه‌ستۆی هێزی داگير كه‌ری ئه‌مه‌ريكيدايه، و هه‌ر ده‌ست درێژيه‌ك بۆ سه‌ر عيراق ده‌ستدرێژيه بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ريكا. ئه‌رته‌شی توركيش ئه‌وه باش ده‌زانێ، بۆيه‌ش مه‌سه‌له‌ی په‌كه‌كه ده‌كاته به‌هانه و تێكه‌ڵی ده‌كات به مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك. خۆ ئه‌گه‌ر توركيا سه‌رباز بنێرێته ناو هه‌رێمی كوردستان، به‌مانا ووڵاتێكی دراوسێی خاوه‌ن سياده‌ی داگير كردوه، به‌وه چانسی هاتنه ناو كۆمه‌ڵگای ئه‌وروپی هه‌تا هه‌تايه ده‌فه‌وتێ. ئيمڕۆ توركيا له هه‌موو ڕۆژێكی تر لاوازتره له به‌رامبه‌ر كوردی باشوور. بۆيه‌ش، پێويسته سه‌ركرده‌كانی كورد به جورئه‌ته‌وه پلان بۆ به‌رپه‌چ دانه‌وه‌ی لۆبی توركی دابنێن و به بوێرانه به‌ره‌نگاريان ببنه‌وه.
ڕۆلی ئێران له هی هه‌موو بێگانه‌يه‌ك كاريگه‌رتره بۆ هه‌ژاندنی باری شلۆقی عيراق و كوردستان و كه‌ركوك. له سه‌رجاده‌وه بگره هه‌تا ئاستی سه‌ركرده، عيراقی له‌به‌ر ده‌سته. له‌ولاوه پێشوازی له سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات و له‌ولاشه‌وه ڕێگه‌ی ئه‌نسارولئيسلام ده‌دات هه‌رێم نائارام بكات. ده‌ستی ئێران له ته‌قنيه‌وه‌كانی ئه‌و دواييه‌ی كوردستاندا به‌ڵگه نه‌ويستن. خۆ له ڕێگه‌ی (موقته‌دای سه‌در)ه‌وه، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر شيعه‌ی عه‌ره‌ب و توركومانی كه‌ركوكدا سه‌پاندوه، له ڕێگه‌ی ئه‌نسارولئيسلاميشه‌وه نفوزی له نێو تێرۆريستانی عه‌ره‌بی سوننه‌دا كاريگه‌ره (به هاوكاری تێرۆريستانی كوردی). شايانی باسه كه‌وا ئه‌وله‌ويه‌تی ئێران كه‌ركوك نيه، به‌ڵكو فه‌شه‌ل هێنانه به پلانی ئه‌مه‌ريكی، و مسۆگه‌ر كردنی نفوزيه‌تی له ته‌واوی عيراق. بۆيه ئاماده‌يه كه‌ركوك ته‌سليمی كورد بكات به‌رامبه‌ر به هاوكاری كوردی، بۆ نموونه بۆ دامه‌زراندنی فيدڕاليه‌تێكی گه‌وره‌ی شيعه‌ی سه‌ر به ئێران له باشووری عيراق. پێويسته كورد قه‌يرانی ئێستای ئێرانی ئيستيغلال بكات و گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ بكات بۆ مه‌به‌ستی لابردنی مه‌ترسی موقته‌دا و شيعه‌ی هاورده، و ده‌ستكه‌وتنی ته‌نازولاتی چاره‌نوس ساز له كه‌ركوك.
عه‌ره‌بی سوننه‌ی دراوسێ و دووره‌په‌رێز، له ڕێگه‌ی ئه‌لقاعيده و به‌عس و عه‌شايه‌ری سوننه‌وه توانای ده‌ستێوره‌ردانيان له كه‌ركوك هه‌يه. به‌گوێره‌ی ڕاپۆڕته‌كان، سعوديه‌كان وه‌عده‌ی دوو بليۆن دۆلاريان به سه‌رۆكی هه‌رێم داوه له‌به‌رامبه‌ر ده‌ساڵ هه‌ڵپه‌ساردنی كێشه‌ی كه‌ركوك به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و عه‌رزه‌ی له جێگه‌ی خۆي‌دا ره‌ت كردۆته‌وه. ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بيه‌كان، گرنگیه‌كی زۆر به مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك ده‌ده‌ن چونكه به‌لايانه‌وه لكاندنی شاره‌كه به هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته مايه‌ی جيابوونه‌وه‌ی كورد، پارچه‌كردنی عيراق، هه‌ژار كردنی عه‌ره‌بی سوننه، و لاوازكردنی سنووری عه‌ره‌ب له‌به‌رامبه‌ر ئێران. خۆ ئه‌گه‌ر كورد بتوانێ ووڵاته عه‌ره‌بيه‌كان دڵنيا بكاته‌وه، ڕه‌نگه ئۆپۆزيسيۆنيش بۆ كه‌ركوك لاواز بكات.
سه‌رۆك بوش: به ئاشكرا و به نهێنێ
ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش له‌لايه‌كه‌وه ته‌نيا چاودێرن و زۆركه‌م ده‌ست له كاروباری ناوه‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌ده‌ن، به‌ڵام ده‌ستی كورديشيان له دواوه و له ڕووی تێرۆری عه‌ره‌بدا كه‌له‌بچه كردوه. زۆربه‌ی ئه‌مه‌ريكیه‌كان ڕايان وايه كه‌وا ده‌ستووری ئێستای عيراق چاره‌ی گرفته‌كان ناكات، به‌لام ده‌شزانن ده‌ستێوه‌ردانی ئاسان نيه. گروپی به‌يكه‌ر-هاميلتن له كۆتايی سالی ٢٠٠٦دا پێشنيازی كرد كه ڕيفه‌راندۆمی كه‌ركوك دوابخرێ، و شاره‌كه نه‌خرێته سه‌ر كوردستان، و ڕێگا چاره‌سه‌رێكی تری به به‌شداری توركيا بۆ بدۆزرێته‌وه. له ترسی كاردانه‌وه‌ی ناڕه‌زايی كوردی، سه‌رۆك بوش خۆی به‌و ئامۆژگاريه پابه‌ند نه‌كرد، و كوردی دڵنيا كرده‌وه كه‌وا ڕێگا چاره‌سه‌ريی ده‌ستووری قه‌بوله. له ڕاستيشدا خۆی و ئيداره‌كه‌ی و ته‌واوی كۆنگرێس و سه‌ناتی ئه‌مه‌ريكی و كانديده‌كانی سه‌رۆكايه‌تی ئه‌مه‌ريكی، هه‌ماهه‌نگن له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشنازانه‌ی به‌يكه‌ر هامليتن. سه‌رۆك بوش به نهێنی داوای دواخستنی ڕيفه‌راندۆمی كردوه و ڕه‌نگه له‌مه‌ودوا به شه‌خسی فشار بخاته سه‌ر سه‌ركرده‌كانی كورد. دياره كه له كۆتاييدا ئه‌مه‌ريكا و به‌ريتانيا پشتگيری له ڕيفه‌راندۆم ناكه‌ن و ڕێگه‌ی لێده‌گرن. بۆيه ده‌بێ سه‌ركرده‌كانی كورد وای دانه‌نێن كه ئه‌مه‌ريكايان له پشته و پشتگيريه‌كه‌يان هه‌تا سه‌ره.
بێ گومان، ئارامی و پێشكه‌وتن، و بگره سه‌ربه‌خۆيی، كوردستان له به‌رژه‌وه‌ندی ستراتيژی ئه‌مه‌ريكی دايه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی واده‌زانێ ئه‌وه له خزمه‌تی ئه‌وله‌وياتی ئێستاياندا نيه. هه‌روه‌ها ئيداره له ژێر فشارێكی بێ پايانه كه ملی ئه‌و ڕێگه‌يه نه‌گرێته به‌ر. ڵێره‌دا، ئه‌ركی سه‌ر شانی سياسه‌تمه‌داری كورده كه ئه‌مه‌ريكا بخاته ژێر فشاری گه‌وره‌تر بۆ پشتگيركردن له ئه‌جيندای كوردی.
نابێ ڕيفه‌راندۆم دوابخرێ
دواخستنی ڕيفه‌راندۆم هيچ كێشه‌يه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات، بێجگه له كات به‌سه‌ر بردن هه‌تا ئه‌وكاته‌ی كه پارسه‌نگی هێزه‌كان ده‌گۆڕێ، ئه‌وكاتيش كورد فرسه‌تێكی تری مێژوويی له ده‌ست ده‌چێ. ئه‌گه‌ڕ عه‌ره‌بی عيراق له تيرۆری سووننه و توندڕه‌وی شيعه ڕزگاری ببێ، متمانه‌ی به‌خۆی زياتر ده‌بێ و له گفتوگۆدا ڕه‌قتر ده‌بێ. ئه‌وكات ئه‌مه‌ريكاش پێويستی به كورد كه‌متر ده‌بێ. خۆ له دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ريكی، سه‌رۆك و ئيداره‌كه ده‌گۆڕێ و ڕه‌نگه كورد ليێ بقه‌ومێ. سه‌رۆكی داهاتو (كۆماری بێ يان ديموكرات)، هيچ ئيلتيزامێكی ئه‌خلاقی به‌رامبه‌ر كورد نابێ. ده‌توانێ ده‌ست له ته‌واوی عيراق هه‌لبگرێ و ته‌ركيز بخاته سه‌ر چاكردنه‌وه‌ی ئابووری ووڵاته‌كه‌ی. بۆيه نابی به هيچ جۆرێك و به هيچ نرخێك ماده‌ی ١٤٠ بۆ دوای كه‌مپه‌ينی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ريكی دوابخرێ. ئه‌و په‌ڕ‌ه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ ده‌كرێ دوابخرێ، ئه‌وه‌يش بۆ مه‌به‌ستی كارئاسانی ئاساييكردنه‌وه و زامين كردنی ئاشتيخوازانه‌ی پرۆسه‌كه. ئه‌و دواخستنه‌ش ده‌بێ به‌رامبه‌ر گه‌ڕ‌ه‌نتی نوسراوه بێ و به‌و مه‌رجه‌ی كه دواخستنی تری به‌دوادانايه‌ت. هه‌ڵپه‌ساردنی درێژ خايه‌نی ڕيفه‌راندۆم مانای له‌بير كردنی پڕۆسه‌كه و له‌ده‌ست چوونی كه‌ركوكه. پێويسته ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش چاوترسای بكرێ به‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر ماده‌كه له كاتی خۆي‌دا پياده نه‌كرێ ئه‌وا كورد ئيلتيزامی به ده‌ستووره‌وه نامێنێ و له گه‌رمه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ريكا وه‌زعه‌كه ده‌ته‌قێنێته‌وه، و كه‌ركوك ده‌كاته سووته‌مه‌نی ئيعلامی ئه‌مه‌ريكی، و‌ه چانسی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی كۆماريه‌كان كه‌متر ده‌كاته‌وه.
خۆ سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌تونن ڕازی ببن به ته‌واوی هه‌ڵگرتنی ماده‌ی ١٤٠، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه‌وا كه‌ركوك به‌بێ ئاساييكردنه‌وه و سه‌رژمێری و ڕيفه‌راندۆم بگه‌ڕێندرێته‌وه سه‌ر هه‌رێم. به‌وه، حاله‌تی هيستيريای ده‌نگدان و مه‌ترسی ته‌قينه‌وه نامێنێ، و‌ه مه‌سه‌له‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاورده‌كان ده‌بێته مه‌سه‌له‌يه‌كی لاوه‌كی، به‌ڵكو له‌بيريش ده‌كرێ.
فيدراليه‌تی كه‌ركوك
نموونه‌ی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان سه‌لماندويه‌تی كه‌وا فيدراليه‌ت مانای نيمچه سه‌ربه‌خۆيیه. به‌لای دراوسێ و بێگانه‌كانه‌وه، هه‌تا كه‌ركوك له عيراق بێ كورديش عيراقيه، و ده‌وڵه‌تی كوردی سه‌ربه‌خۆ به‌بێی كه‌ركوك خۆی ناگرێ. به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له سه‌ركرده‌كانی كوردی به‌غدا، پێشنياز ئه‌وه كراوه كه‌وا كه‌ركوك ببێته فيدراليه‌تێكی به‌ته‌نيا، له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و به چاودێری نه‌ته‌وه يه‌كگرتوه‌كان. هه‌ڵبه‌ت، سه‌ركرده كورده‌كان وای داده‌نێن كه‌وا زۆرينه‌ی كه‌ركوك كوردن و ده‌سه‌ڵاتی حيزبه كورديه‌كان و هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ريدا مسۆگه‌ره. به‌ڵام ئه‌وه قوماره، چونكه له ئاينده‌دا به‌رژه‌وه‌ندی ناوچه‌يی شاره‌كه ده‌بێته ئه‌وله‌ويه‌ت بۆ كه‌ركوكيه‌كان (به كورد و غه‌يره كورده‌وه)، و‌ه هاوده‌نگيان له‌گه‌ڵ باقی كوردستان مسۆگه‌ر نابێ. ئه‌وه‌يش له قورسايی سياسی و ئابووری كوردی كه‌م ده‌كاته‌وه. بۆ كه‌ركوكيه‌كان ئه‌وه ئه‌نجامێكی خراپ نيه، به‌ڵام بۆ حيزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان مه‌ترسی تێدايه.
له‌جياتی فيدراليه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، باشتره ئه‌گه‌ر كه‌ركوك بكرێته فيدراليه‌تێكی نيمچه سه‌ربه‌خۆ به‌ڵام له‌ناوه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان. ده‌كرێ پارێزگاكانی تری كوردستانيش هه‌مان سيفه‌تيان پێ بدرێ، به‌ڵام هه‌موويان سه‌ر به په‌رله‌مان و حكومه‌تی و سه‌رۆكايه‌تی هه‌رێم بن. ئه‌و جۆره بۆچوونه سوودمه‌نده و به‌ڵكه ديموكراسيه‌ت له كوردستان به‌هێز ده‌كات، و ڕێگه له ديكتاتۆريه‌ت و ئۆتۆكراتيه‌ت ده‌گرێ. هه‌لبه‌ت ئيمڕۆ سلێمانی و هه‌ولێر هه‌ر به‌ناو يه‌كگرتوون به‌ڵام له ڕاستيدا دوو فيدراليه‌تی نيمچه سه‌ربه‌خۆن، و كه‌ركوكيش سێهه‌ميان ده‌بێ.
كه‌ركوك به هه‌رزان
نزيكه‌ی هه‌شت له سه‌دی ئه‌و ١٠٠-٢٠٠ بليۆن به‌رميله نه‌وته ئيحتياته ئاماده‌يه‌ی عيراق، له پارێزگای كه‌ركوكه. سه‌دی چلی به‌رهه‌می نه‌وتی عيراق و سه‌دی حه‌فتای گازه‌كه‌ی له كه‌ركوكه‌وه ده‌رده‌هێنرێت. دياره له ڕووی دارايیه‌وه، نه‌وتی كه‌ركوك بايی ئه‌وه‌نده ده‌بێ كه سه‌ركرده سياسيه‌كانی عيراق (به كورده‌وه) له په‌نای نيشتيمانپه‌روه‌رێتيه‌وه فتيلی شه‌ڕی ناوه‌خۆ بۆ به گه‌شی بهێلنه‌وه. به‌لای دراوسێكانی كوردستان، پياده‌كردنی ماده‌ی ١٤٠ داواكاريه‌كی ناهه‌قه، هه‌وڵی كورد ته‌نيا بۆ ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی نه‌وتی كه‌ركوكه، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆيی ئابوری و سياسی هه‌رێمی كوردستانه، و‌ه بۆ زياتر ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی "سه‌ركرده گه‌نده‌ڵه‌كانيه‌تی". بۆيه، يه‌كێك له ڕێگاچاره پێشنيازكراوه‌كانی بيگانه‌كان ئه‌وه‌يه كه كورد كه‌ركوكی بێ نه‌وت بدرێتێ، تاوه‌كو مه‌يلی سه‌ربه‌خۆيی نه‌مێنێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ڕێگا به‌ديله پوچه‌ڵه، چونكه نه كورد و نه غه‌يره كوردی پێ ڕازی ده‌بێ.
ئه‌مه‌ريكا پێشنيازی كردوه كه ئه‌گه‌ر كورد ده‌ست له كه‌ركوك هه‌ڵبگرێ، ئه‌وا له پاداشتدا بنكه‌يه‌كی سه‌ربازی ئه‌مه‌ريكی له كوردستان داده‌نرێ. دياره كه هه‌ندێ ئه‌مه‌ريكی سه‌ركرده‌ی كوردی به خاوپێيچراوه داده‌نێن. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ريكا بيه‌وێ يان نه‌يه‌وێ ئاسايشی كوردستان بپارێزی، ئه‌وا به بوون و نه‌بوونی ئه‌و جۆره بنكه سه‌ربازيه له‌ناو خاكی كوردستاندا هه‌ڵوێستی ناگۆڕێ. ئه‌مه‌ريكا هه‌رخۆی ده‌مێكه ده‌يه‌وێ ئه‌و جۆره بنكه‌يه له كوردستان (له ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ) بۆ خاتری پاراستنی به‌رژه‌وه‌نديه‌كانی دابنێ. بێ گومان، ئه‌و جۆره بنكه سه‌ربازيه سوودی بێ پايانی بۆ كورد هه‌يه و ڕه‌نگه له هه‌ڕه‌شه‌ی دراوسێكان بيپارێزێ. بۆيه پێويسته سه‌ركرده‌كانی كورد ڕێخۆشكه‌ر بن بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و جۆره بنكه‌يه، نه‌ك ته‌نيا له قه‌ره‌داغ، به‌لكو له ده‌وروبه‌ری خودی شاری كه‌ركوكيشدا.
ململانێ و فه‌شه‌لی پارتی و يه‌كێتی له كه‌ركوك
سه‌ڕه‌ڕای هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی حيزبه كورديه‌كان، به‌شێكی مه‌زنی ئاڵۆزبوونی كێشه‌كان له ئه‌ستۆی ئه‌واندا بوه. ده‌بوايه له‌به‌رامبه‌ر دوژمنی هاوبه‌شدا، ئه‌جيندای سياسی و ئاسايشيی هاوبه‌ش و پلانی درێژخايه‌نيان هه‌بوايه. سه‌ركرده‌كان، تا ڕاده‌يه‌ك، له به‌غدا هه‌ماهه‌نگ بوون، به‌ڵام له سه‌ر شانۆی ڕووداوه‌كاندا له ناو كه‌ركوك به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه بوون. زياتر خه‌ريكی به‌رز كردنه‌وه‌ی شيعارات و هه‌ڵوێستی نامه‌دروس بوون. به‌رامبه‌ركێ و ململانێكه‌ی پارتی و يه‌كێتی كاری تێكده‌ری له سه‌ر هه‌موو ئاستێكی سياسی و ئيداری و كۆمه‌ڵايه‌تی و ئاسايشیدا هه‌بووه. سوودێكی ئه‌وتۆيان له په‌رش و بڵاوی عه‌ره‌ب و توركومان وه‌ر نه‌گرتوه. له ديداری ته‌ن به ته‌ندا له‌گه‌ڵ بێگانه و دوژمنه‌كاندا خيتابيان جياوازه و دژ به‌يه‌كتر بوه. كاری ناقانونی به‌رچاو‌يان ئه‌نجام داوه، ده‌ستيان له كاروباری ئيداری وه‌رداوه، زه‌وی و خانوبه‌ری ته‌جاوزيان به بێ پلاندان به‌سه‌ر خه‌ڵكانی سه‌ر به حيزبه‌كانيان دابه‌ش كردوه. بۆيه بونه‌ته مايه‌ی ئيحراج و ئيحبات و خه‌يبه‌تی خه‌ڵكی كورد و غه‌يره‌كوردی كه‌ركوك.
له ساڵی ٢٠٠۳، پارتی و يه‌كێتی ده‌يانتوانی جێگه به عه‌ره‌بی هاورده له‌ق بكه‌ن و زۆربه‌ی مه‌سه‌له‌كان يه‌كلايی بكه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ريكيه‌كان ئاماده بوون كه ڕۆڵی چاو‌دێر ببينن به‌بێ ئه‌وه‌ی چيتريان له ده‌ست بێ، چونكه ئه‌وكاته به هيچ ڕانه‌ده‌گه‌يشتن. خۆ به‌ر له‌شه‌ر، زۆربه‌ی عه‌ره‌به هاورده‌كان خۆيان بۆ هه‌ڵاتن ئاماده‌كردبوو. به‌ڵام له دوای شه‌ڕ، توانيان يه‌كێتی و پارتی له دژی يه‌كتری به‌كار بهێنن و پسوله‌ی مانه‌وه‌يان لێوه‌گرن. ئێستاش، له‌دوای چه‌سپانی داواكانی كورد له ناو ده‌ستووردا، و‌ه كه بۆيان ده‌ركه‌وت كه سه‌رۆكوه‌زيرانه يه‌ك له دوای يه‌كه‌كانی به‌غدا كه‌مته‌رخه‌می له پياده‌كردنی ده‌كه‌ن، ده‌بوايه كورد به يه‌ك‌لايه‌نی ماده‌كه‌يان جێبه‌جێ كردبا و له بودجه‌ی هه‌رێم پاره‌يان سه‌رف كردبا. يه‌كێتی و پارتی فه‌شه‌لیان هێناوه له دڵنيا كردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه غه‌يره كورده‌كانی ناو كه‌ركوك. ده‌بوايه هه‌رده‌م شه‌قاوێك له پێش حيزبه بێ سه‌روبه‌ره‌كانی غه‌يره‌كورده‌كان بانايه، و به‌رنامه‌يه‌كی تۆكمه‌يان بۆ پێشڕه‌وێتی هاوڵاتی عه‌ره‌ب و توركومانيان پياده كردبايه. ئيتر به‌شێكی مه‌زنی فه‌شه‌ل له پياده‌كردنی ماده‌ی ١٤٠ و دڵنيا كردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ناو كه‌ركوك زياتر له ئه‌ستۆی سه‌ركرده‌كانی كورده.
وه‌ره‌قه‌ی كورد براوه‌يه
هه‌ندێ له سه‌ركرده كورده‌كان له ديوه‌خانه‌كانياندا دانيان به ناواقيعيه‌تی قۆناغه‌كانی ١٤٠دا ناوه، به‌تايبه‌تی كه له گفتۆگۆكاندا حه‌ددی بوونه‌و خۆيان به جه‌دوه‌لێكی ڕه‌قی زه‌مه‌نيه‌وه به‌ستۆته‌وهه. ئه‌و جۆره دان پێدانانه وه‌ك لايتی سه‌وزه و ده‌ستی بێگانه‌كانی هه‌تا ڕاده‌ی دڵنيايی به‌هێز كردوه. سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌ڵه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر خۆيان به لاواز بزانن. كه‌م وا ڕێك ده‌كه‌وێ كه‌وا وه‌ڕه‌قه‌ی كورد به پله‌ی ئێستای به‌هێزبێ. كورد براوه‌يه ئه‌گه‌ر له‌خۆی تێك نه‌دات و له به‌رامبه‌ر فشاردا نه‌ڕوخێ. پێويسته سه‌ركرده‌كانی كورد له‌سه‌ر هيچ مێزێك دانه‌نيشن و مه‌جالی هيچ جۆره لێدوان گفتوگۆيه‌ك نه‌ده‌ن به‌رله‌وه‌ی كه دۆسيه‌ی به‌ديلێكی پڕمانا و بايه‌خداری پڕ له گه‌ره‌نتیان ده‌كه‌وێته به‌رده‌ست. ئه‌وجا به ساردوسوڕيه‌وه به تيكی چاو سه‌يری بكه‌ن.
له سه‌ر شانۆی ڕووداوه‌كاندا، كورد قورساييه‌كی مه‌زنی هه‌يه. له شاری كه‌ركوك زۆرينه و ده‌سه‌ڵاتداره و توانای دروست كردن و تێكدانی هه‌يه. له په‌رله‌مان و حكومه‌تی به‌غداش فاكته‌ری يه‌كخستنن و زامينكردنی به‌رده‌وامێتی حكومه‌تی ماليكی بوونه. ئيمڕۆ حكومه‌تی ماليكی له‌و په‌ڕی لاوازیدايه و به‌بێی كورد ڕوخانی مسۆگه‌ره. خۆ هه‌ركاتێك حيزبه‌كان خيتابيان يه‌ك بێ، ئه‌وا له تواناياندايه هه‌ر له ڕێگه‌ی ده‌ستووره‌وه حكومه‌تی به‌غدا بڕوخێنن، كه ئه‌وه‌يش مه‌زنترين گورزی تێكده‌ره بۆ پلان و ئه‌وله‌وياتی ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی و ئه‌و ئيئتيلافه شيعيه‌ی كه ئيمڕۆ له په‌له‌ڕوحه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌دايه. به ڕوخانی حكومه‌تی ماليكی هيچ لايه‌نێكی تری پڕۆئه‌مه‌ريكی نيه ئه‌و بۆشاييه به زوويی پڕبكاته‌وه. هاوكات، به كشانه‌وه‌ی كورد، ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته ئۆپۆزيسيۆن له دژی مه‌ركه‌زێكی بێ سه‌روبه‌ر. لێره‌دا هه‌رێم وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ڕه‌فتار ده‌كات، و‌ه ده‌سه‌ڵاتيشی به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی كه‌ركوكدا زياتر ده‌بێ.
پێداگرتن له‌سه‌ر ده‌ستوور فه‌رزه
دياره كه هيچ ڕێگا چاره‌سه‌رێكی وا نيه كه بتوانێ كورد و دوژمنه‌كانی به يه‌كه‌وه ڕازی بكات، بۆيه پێداگرتن له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستوره "هه‌ميشه‌ييه" كه‌مترين داواكاريه كه كورد پێی ڕازی بێ. به‌بێ ڕازيكردنی سه‌ركرده‌كانی كورديش، هيچ لايه‌نێك ناتوانێ ده‌ست له ده‌ستور وه‌ربدا و ماده‌ی ١٤٠ لاببا. هه‌رلايه‌نێكيش داوای ده‌ستێوه‌ردانی پڕۆسه‌ی ده‌ستوری بكات ده‌بێ له‌و چاكتر و زياتری پێ بێ بۆ كورد، ده‌نا مه‌وقيعی سياسی و ئه‌خلاقی لاوازی ده‌بێ. پياده كردنی ده‌ستور فه‌رزه له‌سه‌ر سه‌ركرده‌كانی كورد، پياده‌نه‌كرنيشی مانای فه‌شه‌لیانه. پێويسته چاوه‌ڕێی به‌غدا نه‌كه‌ن و ده‌ستپێشخه‌ری بكه‌ن له جێبه‌جێ كردنی ماده‌كه. له‌وه‌ته‌ی هه‌لبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ ئه‌نجام دراوه، ئاشكرا بوه كه‌وا كه له هه‌ر ڕۆژێكدا ڕيفه‌راندۆم بكرێ (پێش يان پاش ئاساييكردنه‌وه) ئه‌وا كورد ده‌يباته‌وه. به هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد و كۆچ كردنی عه‌ره‌بی هاورده، ڕێژه‌ی كورد له كه‌ركوك گه‌يشتۆته ٥۹ له سه‌د، بۆيه كورد ده‌توانێ به‌بێ ئاساييكردنه‌وه داوای ڕيفه‌ڕاندۆم بكات. هاوكات كارئاسانی بۆ ئه‌و ده هه‌زار خێزانه‌ی ئاماده‌يی گه‌ڕانه‌وه‌يان نيشانداوه بكرێ. حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانی مه‌سره‌فه‌كه‌يان له ئه‌ستۆی بگرێ و له دواڕۆژ له به‌غدای بستێنێته‌وه. هاوكات پێويسته حكومه‌ت و دوو حيزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی كوردستان زه‌وی خانوبه‌ره‌يه‌كی زۆر له ناو كه‌ركوكدا بكڕن و بيده‌نه كورد و توركومانه ڕاگوێزراوه‌كان، به كرێ يان به قه‌ردی عه‌قاری. به‌وه ده‌توانن له‌مه‌ودايه‌كی نزيكدا پارسه‌نگی هاوكيشه‌كان سه‌راوبن بكه‌ن و مه‌ترسی ته‌قينه‌وه‌ش كه‌م بكه‌نه‌وه.
هه‌ڕه‌شه‌ی كورد له ئه‌مريكا و شيعه‌ی عيراق
ئه‌گه‌ر سه‌ڕه‌ڕای پێداگرتنی كورد، ئه‌مه‌ريكا و شيعه‌ی عيراق ڕێگه‌ی پيداه‌كردنی ده‌ستوريان نه‌دا، ئه‌وا يه‌ك له ئيختياره‌كانی كورد ئه‌وه‌يه كه‌وا ده‌ست به‌سه‌ر كه‌ركوك داگرێ و په‌يوه‌ندی ئيداريشی له‌گه‌ڵ به‌غدا ببڕێ. ڕه‌نگه له ڕۆژگاری ئيمڕۆدا ئه‌وكاره به كارێكی توندڕ‌ه‌وانه له قه‌له‌م بدرێ، و‌ه دوور نيه كه دوژمنان بيكه‌نه بيانوه‌ك بۆ ته‌قينه‌وه‌يه‌كی بێ كۆتايی و تێكدانی هه‌موو پلانێك. به‌وه كورديش و نه‌ته‌وه‌كانی تريش له كه‌ركوك و ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك ڕه‌نگه لێيان بقه‌ومێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد به پلانی مه‌دروس و شان به‌شانی هه‌ڵمه‌تی لۆبی سياسيه‌وه ئه‌و كاره ئه‌نجام بدات، ڕه‌نگه له‌و مه‌ترسيانه كه‌م بكاته‌وه.
خۆ ئه‌گه‌ر كورد دڵنيا بوو كه‌وا ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی و ئيئتيلافی شيعه خيانه‌ت له وه‌عده‌كان ده‌كه‌ن و كورد له كه‌ركوك بێ به‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌وا كورديش ده‌بێ بكه‌وێته شه‌ڕه هه‌ڵوێستی سياسی (نه‌ك عه‌سكه‌ری) چاره‌نوس ساز له‌گه‌ڵ خودی ئه‌مه‌ريكا و‌ه خودی هاوپه‌يمانه عه‌ره‌به‌كانی. ئيمڕۆ باش‌ترين فرسه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی كورد مێشك و ماسولكه‌يان به‌كار بهێنن، چونكه له‌به‌ر قه‌يرانی گه‌وره‌تر، ئه‌مه‌ريكيه‌كان و شيعه‌كان كاتی ئه‌وه‌يان نيه بزانن ئايا كورد خه‌ريكی بلۆف كردنه يان به ڕاستيه‌تی. سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌توانن له ئاستی عيراقدا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا هه‌ماهه‌نگ بن، به‌ڵام له كه‌ركوكدا به پێچه‌وانه‌وه‌ی بن (به بێ ئه‌وه‌ی خه‌تی سوور ببه‌زێنن). ده‌بێ ئيداره‌ی بێگانه‌كان بزانن كه‌وا كورد ئاماده‌يه ئه‌ركیان ئاڵۆزتر بكات و له سه‌ر قه‌زيه‌يه‌كی چاره‌نوس سازدا، شه‌ڕی مان و نه‌مان بكات.
هاوكات بۆ ده‌رخستنی نياز و جيدديه‌تی مه‌سه‌له‌كه، پێويسته پێشمه‌رگه و ئاسايشی كوردستان، خه‌ريكی ڕاهينان و پلان دانان و ئاماده‌باشی بن بۆ ڕۆژی هه‌ڵمه‌ت، و‌ه به شێوه‌يه‌كی به‌رنامه‌كاری دابه‌ش بكرێن به سه‌ر ناوچه هه‌ستياره‌كانی ناوه‌وه و ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك و شوێنه‌كانی تر. ڕه‌نگه كار قه‌ت نه‌گاته ئه‌وه‌ی شه‌ڕ بقه‌ومێ، به‌لام له‌وانه‌يه ئاماده‌باشيی كوردی به‌س بێ بۆ نه‌رم كردنی هه‌لوێستی ئه‌مه‌ريكی و توركی. سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌ڵه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به قه‌رز له دوژمن بترسن. پێويسته بۆ ئه‌مه‌ريكيه‌كانی ده‌ربخه‌ن كه‌وا هه‌ڵوێستی دژبه ده‌ستور وه‌يان دواخستنی ڕيفه‌راندۆم يه‌كسه‌ر داگير كردنی كه‌ركوكی به‌دوا دادێ. كورد شه‌رت نيه ئه‌و جۆره پلانه پياده بكات، به‌لام ده‌بێ بديترێ كه‌وا ئاماده‌ی پياده كردنيه‌تی.
هه‌ڕه‌شه‌ی كورد له توركيا
ئيمڕۆ توركيا لاوازه و ڕۆژی ئه‌وه نيه كه‌وا كوردی باشور لێی بترسێ، وه‌يان ته‌نازولی مه‌زنی بۆ بكات وه‌يان له‌سه‌ر حيسابی كوردی باكور ئه‌رته‌ش ڕازی بكات. بوش و ئيداره‌كه‌ی ناره‌حه‌تن به ته‌سريحه تونده‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له به‌رامبه‌ر توركيا. بۆيه داوايان لێ كردوه كه‌وا له كرژیه‌كان كه‌م كاته‌وه. دياره كه سه‌رۆك كۆماريش هه‌ماهه‌نگه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكاييه‌كان و هه‌وڵی دڵدانه‌وه‌ی توركه‌كانی داوه. به‌ڵام بێ گومان، ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی ئه‌و داوايه بۆ خاتری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی كوردی ناكات، به‌ڵكو له به‌رژه‌وه‌ندی توركی و ئه‌مه‌ريكی و عيراقيه، و‌ه هيچ خزمه‌تێك به كورد ناكات. بۆيه پێويسته سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌و فرسه‌ته به نرخێكی هه‌رزان له ده‌ست نه‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت ته‌نيا خاڵی لاوازی كورد بريتيه له بێ هه‌ماهه‌نگيی سه‌ركرده‌كانی پارتی و يه‌كێتی. له‌م لاوه سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڕه‌شه له توركيا ده‌كات و له‌ولاوه سه‌رۆك كۆمار داخ ده‌رده‌بڕێ، وه‌ك بڵێی داوای لێبوردن له توركيا ده‌كات. گرنگ نيه ئايا هه‌ڵوێستی كاميان له‌وی تر حه‌كيمانه‌تره، به‌ڵام دووهه‌ڵوێستيه‌تی كورد، حيكمه‌تی تێدا نيه. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و دوانه هه‌ماهه‌نگ بن، ئه‌وا نه‌ك عيراق و توركيا، به‌ڵكو خودی ئه‌مه‌ريكاش ئيمڕۆ توانای سزادانی كوردی نيه، چونكه هه‌ريه‌كه‌يان به شێوه‌يه‌ك له قه‌فه‌س و قه‌يرانێكدا گيری خواردوه.
دواپه‌يامم: ته‌رتيبی ماڵ
پێويسته سه‌ركرده‌كانی كورد به‌يه‌كه‌وه خه‌ريكی بيركاری ناوه‌كی بن و به چڕی ئه‌گه‌ره‌كان تاوتوێ بكه‌ن و ئه‌وجا خيتابيان يه‌ك بخه‌ن. هه‌تا ئه‌گه‌ر به نيازی موساوه‌مه‌ش بن، ده‌بێ به يه‌كه‌وه بيكه‌ن و هه‌رخۆيشيان به‌رنامه‌ی به‌ديل ئاماده بكه‌ن. پێويسته پارتی و يه‌كێتی به‌رنامه‌يه‌كی لۆبی له‌خۆ بگرن بۆ قه‌ناعه‌ت پێهێنانی دۆستان و ڕه‌د كردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی دوژمنان. تيمێكی سياسی په‌رله‌مانی و حكومی و پسپۆڕی لۆبی، به بودجه‌يه‌كی تێر و ته‌سه‌له‌وه، پێك بهێنن و بكه‌ونه هه‌ڵمه‌تێك له واشينگتن و ووڵاته ئه‌وروپی و عه‌ره‌بيه گرنگه‌كان، و ناوه‌وه‌ی عيراق و ناو خودی شاری كه‌ركوك. به‌رنامه‌يه‌ك دابنێن بۆ ڕازی كردنی توركومان و عه‌ره‌ب، و دابين كردنی مافی مرۆڤی كورد و غه‌يره كورد، و دانانی به‌رنامه‌ی گه‌شه پێدانی كوڵتوری و ڕۆشنبيری بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه خاوه‌نه‌كانی كه‌ركوك. بۆ چاكسازی ئيداری له ناو كه‌ركوك، بۆ به‌شدارێتی ده‌سه‌ڵاتی ئيداری، بۆ دروست كردنه‌وه و گه‌شه پێدانی ژيرخان و سه‌رخانی شاره‌كه
مه‌زنترين ئاماده‌باشی بۆ شه‌ڕی چاره‌نوس ساز، مه‌سه‌له‌ی حوكمڕانی هه‌رێمه. دامه‌زرانی حكومه‌تێكی موئه‌سسه‌ساتی تۆكمه‌ی يه‌كگرتوو، باش‌ترين به‌رگريه له دواڕۆژی كورد. هه‌تا ناوماڵی كورد زياتر ته‌رتيب بێ، متمانه‌ی نێوان خه‌ڵك و سه‌ركرده‌كان زياتر ده‌بێ. متمانه‌يان به خۆيان و قه‌زيه‌كه‌يان و توانای به‌رگری له‌خۆ كردنيان مه‌زنتر ده‌بێ. پێويسته پڕۆسه‌ی يه‌كگرتنه‌وه‌ی ئيداره‌ی سلێمانی و هه‌ولێر خێراتر و پته‌وتر بكرێت. پێويسته هه‌ردوو حيزبی ده‌سه‌ڵاتدار ته‌ركيز بكه‌نه سه‌ر به‌هێز كردنی حكومه‌تی هه‌رێم. ته‌حه‌داكانی به‌رده‌می سه‌ركرده‌كانی كورد زۆر مه‌زنتره له‌وه‌ی كه‌وا خۆيان بۆ ئاماده كردوه. تموحی كورد له كه‌ركوك ناوه‌ستێ، به‌ڵام كه‌ركوك بريتيه له يه‌كێك له قۆناغه سه‌ره‌كيه‌كان و تاقی كردنه‌وه‌ی چاره‌نوس سازه‌كان. ئه‌گه‌ڕ سه‌ركرده‌كان خه‌ريكی چاكسازی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی موئه‌سسه‌ساتی و داسه‌پاندنی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵايه‌تی بن، ئه‌وا ميلله‌ت هه‌تا دوا قۆناخ له دوايانه و قوربانی مه‌زن پێشكه‌ش به نيشتمان ده‌كات، هه‌روه‌ك به بێ قسور كردويانه.
No comments:
Post a Comment