هاوپه‌يمانێتی تاله‌بانی-ماليكی، حيزبی به‌عس و عه‌شايه‌ری ئه‌نباری له‌ت له‌ت كردوه.
ئايا ده‌بێ ستراتيژيه‌تی هاوپه‌يمانێه‌تی كوردی له مه‌ڕ توندڕه‌وه‌كانی سوننه و نفوزی سوری و ئێرانيدا چی بێ؟
پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين
به‌شی يه‌كه‌م (هاوڵاتی ژماره ۳٢٠ی ڕۆژی ٤/٤/ ٢٠٠٧)
ده‌مێكه ده‌نگۆی گفتوگۆی ئه‌مريكی و عيراقی و تێرۆريستانی سوننه له ئارادايه، به‌ڵام وورده‌كاری ئه‌و بابه‌تانه هه‌ر به لێڵی ماوه‌نه‌ته‌وه. ئاشكرا نيه كه ئايا ئه‌و گفتوگۆيه له‌گه‌ڵ كێه و به ئامانجی چيه. ده‌مناده‌م گوێبيستی سه‌ركه‌وتن يان بنكه‌وتنی ئه‌و جڤێنه ده‌بين، به‌ڵام كه‌س پێناسه‌ی سه‌ركه‌وتنی دياری نه‌كردوه هه‌تا پێوانه‌ی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه دياربێ. هاوكات، سه‌ركرده‌كانی كورد، وه‌ك چاودێردێنه به‌رچاو، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕۆلێكی زه‌ق و ئاكتيڤیان پێوه‌ديار بێ.
پرسياری گرنگ ئه‌وه‌يه، ئايا له ڕاستيدا سه‌ركرده‌كانی كورد ڕۆڵيان له پرۆسه‌كه‌دا هه‌يه؟ ئايا ستراتيژيه‌تێكی دياريكراويان هه‌يه؟، ئايا به‌رژه‌وه‌ندی كورد لهوهدايه كه ئه‌و كاره ته‌نيا بۆ ئه‌مريكی و عيراقيه‌كان لێبگه‌ڕێن، وه‌يان پێويسته كه هه‌ڵوێست و ستراتيژيه‌تی تايبه‌تی خۆیان هه‌بێ له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌مريكی و عيراقیدا؟ له لای كورد ساغ نه‌بۆته‌وه ئايا ئامانجی گفتوگۆيه‌كانی ئه‌مريكی و عيراقی له‌گه‌ڵ تێرۆريستاندا چۆن به خزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌گات؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌گفتوگۆيه‌كان ئه‌وه‌يه كه ئاراميی له عيراقدا سه‌قامگيرببێ و حكومه‌تی مه‌ركه‌زی به‌غدا به‌هێزبێ، ئايا ئه‌وه له‌سه‌ر حيسابی - وه‌يان له خزمه‌تی - كورددا ده‌بێ ؟
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له ستراتيژيه‌تی نوێی بوش ئه‌وه‌يه كه نفوزی ئێران له عيراقدا كز بكات، ئايا ڕۆلی كورد له‌وه‌دا چيه؟ خۆ ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌يه كه ڕه‌نگه ئه‌مريكا مه‌به‌ستی بێ كه‌وا جێگه به حكومه‌تی ماليكی له‌ق بكات و له په‌رله‌ماندا بيڕوخێنێ. وه له‌جياتيان حكومه‌تێكی فرياكه‌وتن (طوارئ)، وه‌يان هاوپه‌يمانێ‌تيه‌كی تازه به پێشڕه‌وايه‌تی ئه‌ياد عه‌للاوی، دابمه‌زرێنێ. عه‌للاوی دڵی به‌و جۆره پيـلانه خۆشه، و به‌ودوواييه به هاوه‌ڵيی زه‌ڵمای خه‌ليلزاد هه‌وڵی ڕازيكردنی سه‌ركرده‌كانی كورد و حيزبی فه‌زيله و لايه‌نه‌كانی تری سوننه‌يان داوه. به‌ڵام پێويسته سه‌ركرده‌كانی كورد به ووردی بير له‌و بابه‌ته بكه‌نه‌وه، چونكه شه‌رت نيه ئه‌و كاره له به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی كورد دابێ؟
دڵنيام له‌وه‌ی كه ئه‌و پرسيارانه مێشكی سه‌ركرده و ڕۆشنبير و خه‌ڵكی كوردستانی مه‌شغول كردوه. به‌ڵام پڕۆسه‌يه‌كی بيركاری ستراتيژی، (ثينك تانك)ێكی كاڕا، له كوردستان دروست نه‌بوه تاكو سياسه‌ت و ڕێڕه‌وی ته‌واوی حيزب و حكومه‌ت و لايه‌نه گرنگه‌كانی كوردستان به‌گشتی يه‌كبخات. تاله‌بانی و سياسه‌تيمه‌داره كورده‌كانی به‌غدا وه‌ك عيراقی موته‌حاليف له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، سه‌ركرده‌كانی تری ناو كوردستانيش له نێوان دوو ئاگری عيراقيزم و كوردستانيزمدا خه‌ريكی سياسه‌تكاری و حوكمڕانی هه‌رێمن. له‌و ووتاره‌مدا، لايه‌نێكی باره ئاڵۆزه‌كه‌ی گۆڕه‌پانی سوننه‌ی عه‌ره‌ب دێنمه سه‌رباس، و چه‌ند په‌يامێك ده‌خه‌مه به‌رده‌ست سه‌ركرده‌كان، به‌و ئومێده‌ی كه سوود و كاريگه‌ریان هه‌بێ له‌سه‌ر بنكه‌ی بڕياری كوردی له به‌غدا و له هه‌ولێر.
سوننه‌ی ده‌ستوه‌شێن كێن؟
له مێژووی سه‌د ساڵه‌ياندا، سوننه‌ی عيراق قه‌ت خۆيان وا بێ سه‌رو به‌ر و بێ مه‌رجه‌ع نه‌ديوه. هه‌تا ڕۆژی ڕوخانی سه‌ددام، بۆ ماوه‌ی چل ساڵ، حيزبی به‌عس مه‌رجه‌عی سه‌ره‌كيان بوو وه سه‌دداميش لوتكه‌ی هه‌ره‌مه‌كه‌ی داگير كردبوو. به‌ڵام له‌دوای ڕوخانی سه‌ددام، هه‌ڕه‌می حيزبی به‌عس و عه‌شيره‌ته پاڵپشته سووننه‌كانی عيراق له‌سه‌ره‌وه به‌ره‌و خوار ته‌پين و كه‌وتنه گێژاوكی سه‌رلێشێوان. هه‌ڵبه‌ت، زه‌ربه‌ی كوشنده‌يان پێكه‌وت و بناغه‌ی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانيان له بنه‌ڕ‌ته‌وه هه‌ڵته‌كا. زۆر لايه‌ن هه‌وڵياندا به شێوه‌ی ڕه‌سمی وه‌يان نهێنی ئه‌و بۆشاييه پڕ بكه‌نه‌وه. بێشبڕكێ په‌يدا بوو بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ڕۆڵی زمانحاليی سه‌ره‌كی سوننه، به‌ڵام كه‌س نه‌يتوانی له ڕووی سياسی وه‌يان عه‌سكه‌ريه‌وه به‌ته‌نيا ببێته شێری مه‌يدان وه‌يان ببێته نوێنه‌ری زۆربه. له سه‌ر شانۆی سياسی ڕه‌سمی و ئاشكرادا، چه‌ندين حيزبی گه‌وره و بچوك په‌يدا بوونه، و له په‌رله‌مانی عيراقی و كابينه‌ی حكومه‌تدا به‌شدارن، به‌لام هيچيان ده‌ستوه‌شێن نينه و خاوه‌نی متمانه‌ی زۆرينه‌ی سوننه‌ش نينه.
له زووه‌وه، له گۆڕه‌پانی شه‌ڕی ڕاسته‌قينه‌ی له‌شكرسازيدا، چه‌ندين گروپی بچوك بچوك سه‌ريان هه‌ڵدا، وه له‌گه‌ڵ به‌سه‌رچوونی كات و تير بوونی شه‌ڕ، ئه‌وانه‌يش وورده وورده تۆڕی په‌يوه‌نديان به‌يه‌كتره‌وه به‌ستا. ده‌كرێ بوترێ كه ئێستا سێ گروپی چه‌كدار له گۆڕه‌پاندا حوكمی سوننه ده‌كه‌ن. ئه‌وانه بريتينه له ڕێخراوه ئيسلاميه تێرۆريسته‌كانی سه‌ر به (ئه‌لقاعيده) و ڕێكخراوه‌كانی سه‌ر به (حيزبی به‌عس) و عه‌شيره‌ته ده‌ستوه‌شێنه‌كانی ئه‌نبار. هه‌ڵبه‌ت گروپی بچوكی تر و عه‌شيره‌ته‌كانی ناوچه سوننيه‌كانی تريش ده‌ستوه‌شێنی كاريگه‌رن، به‌ڵام له ڕووی سياسيه‌وه قورسايی ئه‌و تۆيان نيه.
ئه‌لقاعيده و مه‌جليسی شووڕا
ڕێكخراوی ئه‌لقاعيده له زووه‌وه، وه له‌ژێر پێشڕه‌وايه‌تی كاريزماتی (ابو مصعب الزرقاوی)، زه‌بری گه‌وره‌ی له ئه‌مريكيه‌كان و حكومه‌تی عيراق وه‌شاند، و به جه‌داره‌ته‌وه سه‌ركردايه‌تی ته‌واوی هێزه ده‌ستوه‌شێنه توندڕه‌و و تێرۆريسته‌كان و به‌ناو به‌رگريكه‌ره‌كانی گرته ده‌ست. زيره‌كانه، له زووه‌وه زه‌رقاوی ئه‌و هێز و ڕێكخراوانه‌ی له ژێر چادری (مه‌جليسی شووڕای موجاهيدان له عيراق – المجلس الشوری للمجاهدين فی العراق) كۆ كرده‌وه. وه بۆ ئه‌وه‌ی پێناسه‌يه‌كی عيراقی پێوه بنێ، زه‌رقاوی به‌يعه‌ی دا به (ابو عمر البغدادی) وه‌ك سه‌ركرده‌ی به‌رزی مه‌جليس. پێكهاته‌كانی له‌سه‌ره‌تادا مه‌جليسی شووڕا بريتی بوون له شه‌ش ڕێكخراوی سه‌ره‌كی، كه ئه‌وانه‌ن:
* (جماعه التوحيد و الجهاد). له ٢٠٠٤ه‌وه بوه‌ته به‌شێك له ئه‌لقاعيده‌ی جيهانی. بن لادن ناوی (تنظيم القاعده في بلادالرافدين)ی پێ به‌خشی، له‌ژێر ئه‌ميرايه‌تی زه‌رقاوی.
* (مجاهدی الطائفه المنصوره)
* (سرايا انصار التوحيد): په‌يوه‌ندی ته‌نزيمی به (انصارالاسلام) و ( الجماعه السلفيه) و زۆری تريش هه‌يه
* (سرايا الجهاد الاسلامي)
* (سرايا الغرباء)
* (كتائب الاهوال)
دوای دروست بوونی مه‌جليسی شووڕا، چه‌ندين كۆمه‌ڵی گه‌وره‌و بچوك خزانه ناوی، له گرنگه‌كانيان ئه‌وانه‌ن:
* (جيش اهل السنة والجماعة). ئه‌وه وه‌كی به‌ره‌يه‌كه كه چه‌ندين ڕێكخراوی گه‌وره‌و بچوكی كۆكردۆته‌وه سه‌ريه‌كتر. هه‌ندێ له گرنگه‌كانيان بريتينه له (الحركه الاسلاميه في العراق – كتيبه فاروق)، و (كتائب المجاهدين في الجماعه السلفيه في العراق)، و (خلايا/كتائب الجهاد).
* حيزبی به‌عس به هه‌موو ته‌ياره‌كانيه‌وه(سه‌يری خواره‌وه بكه)
* (انصار السنه) و (انصار الاسلام): ئه‌وه‌ی دواييان له كوردستانه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا، يه‌كه‌مجار به‌ناوی (جند الاسلام)، و له ديسه‌مبه‌ری ٢٠٠١ دا نای خۆی گۆڕی بۆ ئه‌و ناوه تازه.
* (جماعه التكفير و التوحيد) ته‌يارێكی سه‌له‌فیه، له ساڵی ١۹۹٨دا له‌ژێر سه‌په‌رشتی عێزه‌ت دووری، و له دژی ته‌ياره‌كانی شيعه دروست بوون. ئه‌وانه بريتی بوون له ئيسلامی سوننی ده‌روێشانه، و چه‌ندين بێگانه و عيراقيان تێدابوو. شايانی باسه كه سه‌رۆكی ئێستای په‌رله‌مانی عيراق (محمود المشهدانی) ئه‌ندامێكی ئه‌و گروپه‌بوو.
* (التجمعات العسكريه)، كه بريتيه له كۆنه ئه‌فسه‌ره‌كانی له‌شكرو ئيستيخباراتی سه‌رده‌می سه‌ددام
* (عشائر الا‌نبار) وه‌يان (عشائر السنه)
* (هيئه علماۀ المسلمين) كه له ڕووكه‌شدا ئنيكاری ئه‌وبه‌شداريه ده‌كات به‌ڵام له‌ڕاستيدا باڵاده‌سته له مه‌جليس
* زياتر له بيست وورده كۆمه‌ڵی ئيسلامی توندڕه‌وی تريش كه له دروستبوون و تێكچون دان و كاريگه‌ريان كه‌مبايه‌خه.
ده‌ستی ئێران و سوريا له‌ناو شووڕا
هه‌ر له يه‌كه‌م ڕۆژی پێكهێنانيه‌وه، ئێران و سووريا ده‌ستی دروستكه‌ر و زاڵيان به‌سه‌ر مه‌جليسی شووڕادا هه‌بوو. سوريا به ڕاسته‌وخۆيی پشتی به‌عسيه‌كانی گرت، و به ته‌عاون له‌گه‌ڵ به‌رزان و وه‌تبان، زۆربه‌ی باڵه جياجياكانيان به تۆڕی به‌عسی سووری به‌سته‌وه. له‌و ڕێگه‌وه، يارمه‌تی كۆمه‌ك و پاره و ڕاهێنانی عه‌سكه‌ری و په‌ڕينه‌وه‌ی سنووری سووریا‌ن، بۆ ئه‌ندامان مسۆگه‌ر كردوه. له موعه‌سكه‌ری لازقيه و چه‌ند شوێنێكی تر، ده‌وره‌ی ڕاهێنانيان بۆ كردنه‌وه. وهوههاوكات، شه‌ڕكه‌ره بێگانه‌كانی سه‌ر به ئه‌لقاعيده‌ش هه‌رهه‌مان تۆڕيان به‌كار هێناوه، و سووريا كارئاسانی دارايی و عه‌سكه‌ری و لۆجيستی بۆ كردون. هه‌روه‌ك تاله‌بانی ئاشكرای كرد، ڕۆژانه هه‌شت هه‌زار چه‌كدار به سنووری سوريادا دێنه ناو عيراق. عه‌شيره‌ته‌كانی ئه‌نبار و ناوچه‌ی دلێميش له‌ڕووی پاره په‌يدا كردن و چه‌كفرۆشی و په‌يدا كردنی نفوزی ناوچه‌يیدا، سووديان له‌هه‌مان تۆڕ وه‌رگرتوه.
ئێرانيش له زۆر لاوه ده‌سه‌ڵاتی باڵای به‌سه‌ر مه‌جليسی شووڕای موجاهيدينه‌وه داشكاوه. له لايه‌كه‌وه، گه‌وره سه‌ركرده‌كانی ئه‌لقاعيده، وه‌ك (سه‌عدی كوڕی بن لادن) و (سيف العداله) و هی تريش وا له ئێران خۆيان شاردۆته‌وه و به ته‌نيسق له‌گه‌ڵ ئيتيلاعاتی ئێرانی كار له دژی ئه‌مريكا ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هه‌ردوولا ڕۆڵی مه‌زنيان هه‌بوو له دروستكردن و پاراستن و ڕێخۆشكردن بۆ ئه‌نسارولئيسلام و ئه‌نسارولسوننه له ديوی ئێران و عيراقی كوردستان. ئێران، له ڕووی پاره و ڕاهێنان و چه‌كه‌مه‌نی و كاری لۆجيستی، پشتگيری و كارئاسانی مه‌يدانی بۆ ئه‌لقاعيده كردوه. جا له‌ڕێگه‌ی ئه‌و به‌شه ده‌ستوه‌شێنه زاڵه‌ی ناو مه‌جليسی شووڕا، ئێران توانيويه‌تی له سه‌رچاوه‌ی قه‌راره‌وه ده‌ست له سياسه‌ت و كاری عه‌سكه‌ری ناو مه‌جليسی شووڕا وه‌ربدات، و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاری بهێنێ. ئێران توانی له شه‌ڕی تايه‌فه‌گه‌ری ناو عيراقدا، باڵاترين ده‌ستی هه‌بێ. له‌لايه‌كه‌وه، ئه‌لقاعيده‌ی له دژی حكومه‌تی عيراقی و هێزی ئه‌مريكی هانداوه، وه بۆ ته‌سفيه كردنی ناحه‌زه‌كانی ناو شيعه و بگره له خۆشكردنی زه‌مينه بۆ كوشتاری تايه‌فی (له سه‌ر هه‌ويه) به‌كاری هێناوه. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌لقاعيده‌شدا، ئێران به ئاشكرا، پشتی جه‌يشی مه‌هدی و فه‌يله‌قی به‌در و (ثوار الخامس عشر من شعبان) و (ثأر الله) و (انتقام الحق) و گروپی تری گرتوه. به ياری پێكردنی هه‌ردوو لايان ئاگری براكوژی ناو عه‌ره‌بی جۆشداوه.
شايانی باسه كه‌وا ميحوه‌ڕی ئێران و سوريا ته‌نسيقيان له نێواندا هه‌يه و تا ئێستا به‌يه‌كه‌وه ستراتيژيه‌تی مه‌جليسی شووڕايان دژ به ئه‌مريكا و سێبه‌ره‌كانی داڕژتوه. وه له نێوان خۆيان‌دا كۆنتڕۆلی ڕووداوه‌كانيان تاڕاده‌يه‌ك كردوه، ئه‌گه‌رچی ياريكه‌ره‌كانی ناو مه‌جليسيش به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌ت و ململانێی ناوه‌خۆييان له‌نێواندا هه‌بوه. هه‌ڵبه‌ت چه‌ند لايه‌ن و ووڵاتانێكی عه‌ره‌بی تريش، وه‌ك سعوديه و يه‌مه‌ن و ئيمارات و ئوردون و ميسر، كاريگه‌ريان به كه‌م و به‌زۆر به سه‌رياندا هه‌بووه.
گروپه‌كانی حيزبی به‌عس
له دوای ڕووخانی سه‌ددام، حيزبی به‌عس بۆ ماوه‌يه‌كی كه‌م سه‌ری لێ‌شێوا بوو، و لێی قه‌وما بوو وه مه‌ترسی تاوانه‌وه‌يان لێ نيشتبوو. هه‌يانبوو ته‌كنۆكرات بوون و ته‌عاونیان زوو له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی نوێ كرد، و بوونه به‌شێك له ئيداره‌ی حكومه‌ت. زۆر له‌وانه ئێستا مه‌ركه‌زی پيشه‌يی پێشكه‌وتوویان داگير كردوه. هه‌ندێكی تر (به‌تايبه‌تی سوننه‌كان) چونه ناو ڕێكخراوه هاوبيره‌كانی عيلمانی قه‌ومی عه‌ره‌بی، و ئێستا به ڕ‌سمی كاری سياسی ده‌كه‌ن له‌ناو ڕێكخراوی (ويفاق) و (حيواڕ) و پێكهاته‌كانی تری (جه‌بهه‌ی ته‌وافوق) و هی تر. زۆربه‌ی ڕه‌ش و ڕوتی به‌عسی به‌ڕ‌ه‌گه‌ز شيعه چوونه ناو ميليشيای جه‌يشی مه‌هدی، وه ئه‌زموونی شه‌ڕ و ته‌نزيميان تێكه‌ڵ به خه‌تی شيعه‌ی توندڕه‌وی سه‌دری كرد. به‌عسی به‌ڕ‌ه‌گه‌ز كورد چوونه ناو حيزبه كورديه‌كان، و وه‌لائيان پێشكه‌ش به سه‌ركرده‌ی كورد كرد. ئه‌وانه له ژێره‌وه تۆڕی په‌يوه‌نديان (بۆ لۆبی و يه‌كتر پاراستن) هه‌ربه‌رده‌وامه، به‌ڵام له ڕووی ده‌ستوه‌شاندنه‌وه، جێگه‌ی مه‌ترسی نينه چونكه به له چوارچێوه‌ی قه‌ومی كورديدا كارده‌كه‌ن و له‌ژێر كۆنترۆڵ و په‌يڕه‌ويی سه‌ركرده‌ی ته‌قليد كوردی (پارتی و يه‌كێتی و ئيسلامي) دانه.
هه‌رچی به‌عسی سوننه‌ی عه‌ره‌بی قه‌ومی ده‌ستوه‌شێنه، به‌تايبه‌تی ئه‌ندامانی جيهازی داپلۆسينی ڕژێمی پێشووی عيراق، ئه‌وانه به كه‌مڕازی نه‌بوون و به هێمنی دانه‌كه‌سان. به‌هۆی هه‌ڵه مه‌زنه‌كانی ئه‌مريكی و شيعه‌ی عيراقی، تۆڕی داپلۆسينه‌ری به‌عس سه‌رله‌نوێ خۆیان گرته‌وه و هاتنه‌وه مه‌يدان. هه‌ڵبه‌ت، له سه‌ره‌تادا، به شێوه‌ی گروپی بچوكی نارێك سه‌ريان هه‌ڵدا، ئه‌وانه‌ش له‌م لاو له‌ولا خۆيان كۆ كرده‌وه‌و گروپی تۆكمه‌و دڕنده‌ی گه‌وره‌تريان پێكه‌وه‌نا. زۆری نه‌برد به‌عس بووه‌وه كاريگه‌رترين ده‌ستوه‌شێن له به‌غدا و گۆڕه‌پانی سێگۆشه‌ی سوننه‌دا. له هه‌موويان گرنگتر ئه‌و گروپانه بوون كه له ته‌نزيمی ئه‌لقاعيده‌وه نزيك بوون و چوونه ناو مه‌جليسی شووڕاكه‌ی زه‌رقاويه‌وه. له‌وانه:
- (فيلق عمر) له هه‌مويان كاريگه‌رتر و دڕتره، بنكه‌كه‌ی له ناوچه‌ی چيای حه‌مرينه و په‌لی هاويشتوه بۆ ناوچه‌كانی به‌غدا، وه‌ك گه‌ڕه‌كی دۆره و حی الجامعه و غه‌زاليه و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه به ناوچه‌ی ئاگرباران ناسراون.
- (الجيش الاسلامی) كه زۆربه‌يان كۆنه موخابه‌رات بوون
- (جيش محمد) كه زۆربه‌يان كۆنه سه‌رباز و ئه‌فسه‌ره عه‌سكه‌ری و ئيستيخباراتيه‌كان بوون
- (كتائب توره العشرين)، وه ناسراويش به (المقاومه الوطنيه اللاسلاميه العراقيه).
- (جيش الراشدين)
- (الصحابه).
- (كتائب المقاومه العراقيه) كه ئه‌وانه له زووه‌وه دژايه‌تی خۆيان به‌رامبه‌ر سه‌ددام و كاری تێرۆريستی دژبه عيراقيان ده‌رخستوه.
- چه‌ندين گروپی تر كه له‌ژێر ليسته‌ی مه‌جليسی شووڕا باسكرا. ئه‌وانه په‌يوه‌نديان به تۆڕی به‌عسه‌وه‌يه، به‌ڵام زۆربه‌يان به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ كارد ده‌كه‌ن.
هه‌ڵبه‌ت حيزبی به‌عس، به مانا سياسيه پان و به‌رينه‌كه‌ی، له سه‌رتاپای عيراق و ووڵاته دراوسكێكاندا په‌رش و بڵاوه، و سه‌ركرده زه‌قه‌كانيشيان له سوريا و ئوردون و يه‌مه‌ن و ئيمارات و ووڵاتانی ئه‌وروپيدا ده‌ژين. ئه‌وانه پشتگيریكه‌ر و بڕيارده‌ری سه‌ره‌كی گروپه ده‌ستوه‌شێنه‌كانن. تاكو ئه‌و دواييه، بگره هه‌تا له سێداره‌دانی سه‌ددام و سه‌ردانه‌كه‌ی تاله‌بانی بۆ سوريا، مه‌ودای يه‌كخيتابی باڵه‌كانی ئه‌و تۆڕه ديار نه‌بوو، ئه‌مريكا و حكومه‌تی عيراقيش سه‌ری داوه‌كه‌یان لێ وون بوو بوو، وه خه‌ڵكانی وه‌ك موتله‌گيش سووديان له‌وه وه‌رگرتبوو.
له‌ت بوونی سوننه
هه‌ڵبه‌ت، كۆنتڕۆل كردنی ڕێكخراوه توندڕه‌وه ناته‌بايه‌كانی ناو مه‌جليسی شووڕا، وه به‌رده‌وامێتی هه‌ماهه‌نگيان، كارێكی ئاسان نيه. دروست بوونی به‌ره، له‌نێوان ڕێكخراوی سياسی كوردی كه خاوه‌ن قه‌زيه‌يه‌كی پاكی نيشتمانپه‌روه‌ريه، كارێكی ئاسن نه‌بووه، چی جای به‌ره‌يه‌كی پانوبۆری تێرۆريستی به‌ڕه‌ڵلا كه خاڵی جياكه‌ره‌وه‌يان له هاوبه‌شيان زياتره. ته‌نيا خاڵی هاوبه‌ش له نێوانياندا ده‌ستكه‌وتی ده‌سه‌ڵات و پاره‌يه. به‌ڵام به هۆی جياوازی فه‌لسه‌فی و عه‌قيده و نيشتيمان و ميژوو و كه‌ڵتوور و شێوازی كار و پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌ريه‌كه‌يان له دونيايه‌كی تردا ده‌ژيی.
ڕۆڵی تاله‌بانی له له‌تكردنی به‌عس
به‌رله نه‌خۆش كه‌وتنی، تاله‌بانی سه‌ردانی سه‌رۆك (بشارالاسد) ی كرد و له‌ڕێگه‌يه‌وه په‌يامێكی سياسی بۆ حيزبی به‌عس نارد. تێيدا ئاشكرای كرد كه‌وا حكومه‌تی عيراقی ئاماده‌يه له‌گه‌ڵ حيزبی به‌عس دانيشێ، و وه‌ك لايه‌نێكی نيشتيمانپه‌روه‌ر گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكات، به‌شه‌رتێك ئه‌و حيزبه به‌رنامه‌ی سياسی هه‌بێ و نيشانی بدات كه‌وا نيشتيمانپه‌رسته و مه‌به‌ستيه‌تی كه‌وا عيراق ئارام بێ. پێويسته كه شه‌ڕی دژ به خه‌ڵك و جيهازی ده‌وڵه‌تی عيراقی ڕاگرێ، و شه‌ڕه‌كه‌ی ته‌نيا له دژی داگيركه‌ر بێ (واته سيفه‌تی موقاوه‌مه نه‌ك تێرۆريست له خۆی بگرێ). له‌وانه‌ش گرنگتر، ده‌بێ له سه‌ره‌وه ساغی كه‌نه‌وه كه ئايا كێ نوێنه‌ر و خاوه‌ن بڕيار و سه‌ركرده‌يانه، تاوه‌كو حكومه‌تی عيراقی به‌ڕه‌سمی له‌گه‌ڵيان دانيشێ.
دياره كه سه‌رۆك ئه‌سه‌د ئه‌و موباده‌ره‌ی تاله‌بانی (حكومه‌تی عيراقی) به هه‌ند وه‌رگرتوه، و كاری له‌سه‌ر كردوه. سه‌رۆك به‌شار سه‌كرده‌كانی به‌عسی عيراقی (سه‌ر به سووری) بانگ كردوه و داوای جێبه‌جێ كردنی ئه‌و پێشنيازانه‌ی لێ كردوون. له مه‌ودای چه‌ند ڕۆژێكدا (محمد يونس الاحمد) ی ئه‌ندامی قياده‌ی قوتری به‌عس و چه‌ند هاوڕێيه‌كی (وه‌ك اياد زكی الراوي) و باڵه‌كانی سه‌ر به به‌رزان و وه‌تبان، كۆ بوونه‌وه. بڕيارياندا كه سه‌دوپه‌نجا شه‌خسيه‌ت و سه‌ركرده‌ی ناوداری به‌عس له ووڵاته جياجياكان بانگ بكه‌ن بۆ "ڕێز لێنانی" سه‌ددامی له سێداره‌دراو و به‌ستنی كۆنگره‌يه‌ك و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌يه‌كی سه‌ركردايه‌تی تازه. نه‌وه‌د كه‌س له‌و سه‌دوپه‌نجايه به دوو ده‌نگی بانگه‌وازه‌كه‌وه هاتن و ئه‌لئه‌حمه‌ديشيان به نوێنه‌ری خۆيان هه‌لبژارد، بۆ گفتوگۆ كردن له‌گه‌ل حكومه‌تی عيراق له ڕێگه‌ی به‌شارولئه‌سه‌ده‌وه.
له ڕۆژی دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌يه، باڵی (عزه الدوری)ی كۆنه جێگری سه‌ددام و (صلاح ا‌لمختار)ی كۆنه سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی (الثوره) به‌يانی ناڕه‌زاييان ده‌ركرد و عێزه‌ت دووريان به وه‌ريسی شه‌رعی سه‌ددام هه‌ڵبژارد، و نه‌وه‌د كه‌سه‌كه‌ی ژێر باڵی ئه‌لئه‌حمه‌ديان له حيزبه‌كه ده‌ركرد. بنكه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و باڵه‌ی عێزه‌ت دووری له (يه‌مه‌ن)ه و پاڵپشتی سه‌ره‌كيان بريتیيه له سعوديه، به ته‌نيسيق له‌گه‌ڵ ميسر و ئوردون. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌يانه‌وێ باڵی سوننه‌ی قه‌ومی عه‌ره‌بی له دژی نفوزی ميحوه‌ڕی سووری- ئێرانی به‌كار بهێنن، و له نزيكه‌وه يارمه‌تی دارايی و لۆجيستی باڵی عێزه‌ت دووری ده‌ده‌ن. شايانی باسه كه له‌دوای چه‌ند ڕۆژێك له ده‌ركردنی به‌يانه‌كه، عێزه‌ت دووری له‌گه‌ڵ ئه‌مير (بندر بن سلطان)ی وه‌لی عه‌هدی سعودی له سه‌ر سنووری يه‌مه‌نی و سعوديدا چاويان به يه‌كتری كه‌وت. تاله‌بانی هه‌واڵی ئه‌و ديده‌نيه‌ی ئاشكرا كرد، به‌ڵام سعوديه ئينكاری كرد.
ئيتر به‌و شێوه‌يه، حيزبی به‌عس قليشی ئينشيقاقی سه‌رانسه‌ريی لێ به‌ده‌ركه‌وت، كه ڕه‌نگه له‌و نزيكانه‌دا له گۆڕه‌پانی خوێنڕێژيی ناو عيراقدا ڕه‌نگ بداته‌وه. دوورنيه، كه به شه‌ری ناوه‌خۆ يه‌كتری لاواز بكه‌ن و ساغی بكه‌نه‌وه ئايا دواڕۆژی حيزبه‌كه هی كاميانه. له هه‌ندێ ڕووه‌وه، باڵی ئه‌لئه‌حمه‌د ده‌نگی زاڵه، و له ناوچه‌كانی ئه‌نبار و تكريت و موسل و زلوعيه ده‌ستیان ده‌ڕوات. ئه‌لئه‌حمه‌د له سورياوه ڕۆلێكی ئاكتيڤی بينيوه له پشتگيری دارايی و كارئاسانی لۆجيستی و ڕاهێنانی عه‌سكه‌ری گروپه ده‌ستوه‌شێنه‌كان. وه حكومه‌تی سوری و عيراقی شه‌رعيه‌تی گفتۆگۆيان به باڵه‌كه‌ی داوه و ڕه‌نگه له‌مه‌ودوا ڕۆلی گرنگتريان به ئاشكرا و نهێنی پێ بده‌ن. هه‌رچی باڵه‌كه‌ی عێزه‌ت دووريه، ئه‌وانه ده‌ستوه‌شێن و مونه‌ززه‌من و له‌ناو شووڕادا باڵاده‌ستترن. زۆربه‌ی ڕێكخراوه به‌عسيه‌كانی ناو شووڕا سه‌ربه‌و با‌ڵه‌ن و وه‌لائيان بۆ كۆنه رموزی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتداره. به‌ڵام سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه، ڕه‌نگه ئه‌و باڵه‌ی عێزه‌ت دووری له‌و ناوچانه‌ی سێگۆشه‌ی سوننه جێگه‌يان پێ له‌ق بكرێ، بۆيه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌يوه‌ندی و ته‌حالوفات په‌يدا بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و عه‌شيره‌تانه‌ی كه دژ به خه‌تی ئه‌لقاعيده و به‌عسی سووری شه‌رده‌كه‌ن.
شايانی باسه كه باڵێكی سێهه‌می به‌عس سه‌ری هه‌لداوه له ناوچه‌ی بابل، له‌ژێر سه‌ركرده‌يی لاوێكی ۳۹ ساڵيی به ناوی (ا‌لرياحي). ئه‌وانه بڕوايان به نوێكردنه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كه و شێوازی كاركردنيه‌تی، و به‌شداری له "موقاوه‌مه‌ی داگيركه‌ر" ده‌كه‌ن به‌ڵام دژی حكومه‌تی عيراقی كار ناكه‌ن. ئه‌وانه پشتيان نيه و هيچ ده‌وڵه‌تێك ئاوڕی لێ نه‌داينه‌وه، بۆيه‌ش هه‌ربه لاوازی ماونه‌ته‌وه.
ڕۆڵی ماليكی له له‌تكردنی عه‌شايه‌ری ئه‌نبار
عه‌شيره‌ته‌كانی دلێم و ده‌وروبه‌ری ئه‌نبار له ناو عه‌شايه‌ره عيراقيه سوننه هه‌ر به‌توانايه‌كانن، كه له پێشوودا كۆره‌گه‌ی ڕژێمی سه‌ددام بوون و له دوای ڕوخانيشی له ڕووی هاندانی تێرۆر و پاراستنی تێرۆريستاندا له هه‌موويان كاريگه‌رتر بوون. دوازده له‌و عه‌شيره‌تانه ڕۆلی سه‌ره‌كيان له ڕووداوه‌كان بينی. ئه‌وانه، له‌نێوه‌خۆيان و به هاوده‌نگی ده‌يان وورده عه‌شيره‌تی تريش، كۆمه‌ڵێكيان پێكه‌وه‌نا به‌ناوی (عشائر الا‌نبار)، و به كۆمه‌ڵ چوونه ناو مه‌جليسی شوورای سه‌ر به زه‌رقاويه‌وه. ئه‌وانه سووديان له پشتگيری سوری و هاوكاری به‌عس و ئه‌لقاعيده و گروپه ئيسلاميه توندڕه‌وه‌كانی تر بينی. حكومه‌تی ئه‌مريكی و عيراقی زۆريان هه‌وڵدا كه ناكۆكی بخه‌نه ڕێزه‌كانی عه‌شايه‌ری ئه‌نباره‌وه، به‌ڵام زۆربه‌ی هه‌وڵه‌كان به فيرۆ ده‌چوون، هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی كه داری سوننه كرمی تێكه‌وت.
له‌به‌ر چه‌ند خيلافێكی ئاينی و سياسی و دارايی و كۆمه‌ڵايه‌تی، ئه‌لقاعيده ده‌ستی به په‌لهاويشتن كرد له دژی گه‌وره پياوانی عه‌شيره‌ته‌كان. هه‌ندێ له سه‌رۆك عه‌شيره‌ت و خزم و كه‌سيان لێ كوشتن، و هه‌ندێ له ئافره‌ته‌كانيان فڕاند و له‌خۆيان حه‌ڵال كردن. قه‌زيه‌ی شه‌ره‌ف و كوشتنی گه‌وره‌پياوه‌كانيان بزماری ئه‌خير بوو، كه وای له سه‌رۆكی شه‌ش عه‌شيره‌تی سه‌ره‌كی و زياتر له سیوپێنج وورده عه‌شيره‌تی تر كرد كه واز له شووڕا بهێنن و (مجلس انقاذ الا‌نبار) پێكه‌وه بنێن. هاوكات كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌لسه‌حوه (الصحوه)، به سه‌رۆكايه‌تی (شێخ عبدالستار الريشاوی) خاوه‌ن نازناوی (ئه‌بو ڕيشه)، پێشڕه‌وێتی ئه‌و هاوپه‌يمانانه‌ی كردوه . ئه‌وانه له لايه‌كه‌وه كه‌وتنه دژايه‌تی عه‌ره‌بی بێگانه (ئه‌لقاعيده)، و له‌لايه‌كی تره‌وه، ده‌ستيان كرد به موغازه‌له‌ی حكومه‌تی ماليكی و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ريكی. بۆ نموونه، دوای ئه‌وه‌ی كه باوك و سێ برای ئه‌بو ڕيشه به ده‌ستی ئه‌لقاعيده كوژران، ئه‌و شێخه به‌بێ دوودڵيی ده‌ستی خسته ناو ده‌ستی ئه‌مريكيه‌كان و حكومه‌تی عيراقی. ئێستا ده‌بابه‌ی ئه‌مريكی وا شه‌و و ڕۆژ پاسه‌وانی به‌رماڵيی ده‌كات، و به‌و دواييه نوری ماليكیش سه‌ردانی ماڵه‌كه‌ی كردوه. له به‌رامبه‌ر ئه‌وانيشدا، شێخ (حارث الضاري) سه‌رۆكی (هيئه علما‌ء المسلمين) وه‌سفی ئه‌ندامانی ئه‌لسه‌حوه‌ی به "دز و جه‌رده" كردوه.
په‌يامی ماليكی بۆ مه‌جليسی ئه‌لسه‌حوه ئه‌وه بوو كه‌وا پێويسته بيسه‌لمێنن كه جيددينه، دژی مه‌جليسی شووڕانه، باڵاده‌ستی گۆڕه‌پانی ئه‌نبارن، دڵسۆزی نيشتيمانن، وه‌لائيان بۆ حكومه‌ته و ئامادی شه‌ڕی ئه‌لقاعيده‌ن. ماليكی ئاماده‌يی خۆی نيشاندا بۆ ناردنی ئيمدادی عه‌سكه‌ری و لۆجيستی. ئه‌لسه‌حوه هه‌وڵيداوه كه عه‌شيره‌ته‌كانی تری ئه‌نبار له‌خۆی نزيك بكاته‌وه. له‌وانه دوانی سه‌ره‌كيی دوژمنايه‌تی خۆیان بۆ ئه‌لسه‌حوه ئاشكرا كردوه و خۆیان به‌ڵای شوورادا ساغ كردۆته‌وه. به‌ڵام چواره‌كه‌ی ترهێشتا له‌سه‌ر په‌تی نێوان دوومه‌جليسدا ياری ده‌كه‌ن. يه‌كێك له‌وانه عه‌شيره‌تی زه‌وبه‌عيه، كه له هه‌ره دڕ و زه‌بر وه‌شێنه‌كانه و ئه‌گه‌ر ته‌عاون بكات ڕه‌نگه پارسه‌نگی هێزه‌كان به‌ته‌واوی به‌ره‌و حكومه‌تدا بكه‌وێنێ.
شه‌ڕی نێوان ئه‌لسه‌حوه و ئه‌لشووڕا تێنی وه‌رگرتوه و بوه‌ته شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری ناوه‌خۆ. ماليكی فرقه‌ی حه‌فته‌می له‌شكری عيراقی به پێشه‌وايه‌تی ليوا ڕوكنێكی كورد، بۆ ناردون. عه‌شايه‌ری سه‌ر به ئه‌لسه‌حوه توانیان چه‌ندين ناوچه‌ی ئه‌نبار كۆنترۆڵ بكه‌ن و چه‌ندين مه‌ركه‌زی پۆليسی سه‌رله‌نوێ دانێنه‌وه. تاكو نوسينی ئه‌و ووتاره‌ش، شه‌ڕی پاك كردنه‌وه و ڕاونانی ئه‌لقاعيده وا به‌رده‌وامه، و لايه‌نی ئه‌لسه‌حوه و حكومه‌ت سه‌ركه‌وتنی مه‌زنيان به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌لسه‌حوه له‌گه‌ڵ ماليكی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێكه‌وتوون كه‌وا مه‌ركه‌زه‌كان به پۆليسی سوننه‌ی سه‌ربه عه‌شيره‌ته‌كانی ئه‌لسه‌حوه پڕبكرێنه‌وه و حكومه‌ت ئيعتيرافيان پێ بكات. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، مه‌ئمووری مه‌ركه‌زه‌كان له به‌غداوه ده‌ستنيشان بكرێن. تا ئێستا زياتر له دوو هه‌زاروپێنج سه‌د پۆليسی سه‌ربه ئه‌لسه‌حوه ته‌عين كراون و چه‌ندين له‌وانه ناردروانه‌ته ئوردون و كوردستان و بنكه‌ی تر بۆ مه‌شق و ڕاهێنان. دياره ئيش باش ڕۆيوه و تا ئێستا وه‌كيل وه‌زيری وه‌زاره‌تی ناوه‌خۆ چه‌ندين مه‌ركه‌ز پۆليسی له ئاهه‌نگی ڕه‌سميدا كردۆته‌وه، و ماليكی به شه‌خسی سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی كردوه. ماليكی هه‌وڵده‌دات هه‌مال نموونه له ناوچه‌كانی دياله و موسل و ته‌واوی سێگۆشه‌ی سوننه‌دا دووپات و سێپات بكاته‌وه. .
ئاينده‌ی به‌عس و عه‌شايه‌ر
دياره كه مه‌جليسی شووڕای سه‌ربه ميحوه‌ڕی سووری- ئێرانی وا ڕووی له هه‌لوه‌شانه. له به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی عيراقيدايه كه ئه‌و هه‌لوه‌شانه خێراتر و مسۆگه‌رتر بكات، به‌رله‌وه‌ی ناوبژيكه‌ری نوێيان لێ په‌يدا ببێ. هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی شه‌ش زله عه‌شيره‌تی سه‌ربه ئه‌لسه‌حوه زه‌ربه‌يه‌كی مه‌زن بوو، به‌ڵام به‌شی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی شووڕا ناكات. به‌عسی سه‌ر به باڵی ئه‌لئه‌حمه‌د له‌ناو شووڕادا ده‌وره دراون به باڵه‌كه‌ی تری به‌عس و به جه‌ماعه‌تی ته‌كفير و ته‌وحيد (كه هه‌ردووكيان سه‌ربه عێزه‌ت دوورينه). بۆيه ڕه‌نگه به‌رژه‌وه‌ندی باڵه‌كه‌ی به‌عسی ئه‌لئه‌حمه‌ديی (سه‌ربه سوریا) له‌وه‌دابێ كه‌وا له مه‌جليسی شووڕا بێته ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌لسه‌حوه خۆی له ڕێگه‌ی حكومه‌تی عيراقه‌وه به هێز بكات، له دژی باله‌كه‌ی تری به‌عس. به‌ڵام هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی باڵی ئه‌لئه‌حمه‌د له مه‌جليسی شووڕا وا ئاسان نيه، چونكه زه‌مينه خۆش نيه و ڕه‌نگه نه‌شيانه‌وێ گيروگرفت له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعيده و باقی ئه‌ندامه‌كانی تر په‌يدا بكه‌ن. سورياش دڵنيا نه‌بوه كه ئايا به ته‌واوی ده‌ست له‌گه‌ل حكومه‌تی عيراقی تێكه‌ڵ بكات و ته‌عاونيان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌يه‌كی وا له‌گه‌ل بكات، كه به به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ميركا وه‌رده‌سوڕێته‌وه. سوريا پێويستی به‌و دڵنيا كردنه‌وه هه‌يه كه‌وا ئه‌مريكا ئه‌و ته‌عاونه به چاكه له‌قه‌له‌م ده‌دات و له ڕوانگه‌ی سياسه‌تی گشتياندا (له‌مه‌ڕ لوبنان و ئيسرائيلدا) حيسابی بۆ ده‌كه‌ن. واته سوريا ئه‌و وه‌ره‌قه‌يه وابه ئاسانی به‌ده‌سته‌وه نا‌دات. ئه‌و مقومقۆيه ئه‌مريكيه‌ی ئه‌و دواييه‌ش، سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی سوری و فشاری ده‌ره‌كی بۆ ڕوخاندنی سه‌رۆك ئه‌سه‌د، كرژيه‌كی تازه‌ی په‌يدا كردۆته‌وه‌و ڕه‌نگه پڕۆسه‌ی گفتوگۆی به‌عسی سه‌ربه سووری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عيراقی سه‌بر كاته‌وه.
له لايه‌كی تره‌وه، ڕه‌نگه جه‌ماعه‌تی عێزه‌ت له‌مه‌ودوا بكه‌ونه ته‌ڵه‌ی سوريا و ئێرانه‌وه، و له‌ڕێگه‌ی ئه‌لقاعيده و ئه‌لئه‌حمه‌د ته‌نگيان پێ هه‌ڵچنن. هه‌ڵبه‌ت، له به‌رژه‌وه‌ندی به‌عسی سه‌ر به عێزه‌ت دووری (سه‌ربه يه‌مه‌ن و سعوديه) دايه كه ته‌عاون له‌گه‌ل عه‌شايه‌ری ئه‌نباری سه‌ربه ئه‌لسه‌حوه بكات، كه له دژی مه‌جليسی شووڕای سه‌ربه ميحوه‌ڕی ئێرانی-سووریه. به‌ڵام ڕێگری به‌رده‌ميان ئه‌وه‌يه كه عه‌شايه‌ری ئه‌لسه‌حوه په‌يوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عيراقدايه، و حكومه‌تيش باڵی عێزه‌ت دووری به دوژمنی سه‌ره‌كی داده‌نێ و زياتر ئاماده‌يه كه پشتگيری له باڵی ئه‌لئه‌حمه‌دی سه‌ر به سووريا بكات. جا ئه‌و حه‌زوره پێنج گۆشه‌ييه‌ی مه‌جليسی ئه‌لسه‌حوه و مه‌جليسی شووڕا و به‌عسی ئه‌لئه‌حمه‌دی و به‌عسی عێزه‌ت دووری و حكومه‌تی ماليكیدا، ڕه‌نگه له ئاينده‌يه‌كی نزيكدا ساغ ببێته‌وه، وه به‌ره و هاوپه‌يمانيه‌تی تازه له‌نێوانياندا به‌ديار بكه‌وێ. ترسی ماليكی لهوهدايه كه‌وا عه‌شايه‌ری ئه‌لسه‌حوه به ڕه‌فتار تاجيری شه‌رن و ڕه‌نگه له كۆتاييدا ئه‌و لايه‌نه هه‌ڵبژێرن كه ئاماده‌يه پاره‌ی زياتريان پێ ببه‌خشێ. له‌وه‌شدا سعوديه ئاماده‌يه له ماليكی زياتر بدات، مه‌گه‌ر ئه‌مريكا بێته ناو بازنه‌كه‌وه. هاوكات، سه‌ركرده‌كانی ئه‌لسه‌حوه كه‌وتينه گله‌يی و گله‌ييكاری له حكومه‌تی ماليكی، به‌و ناوه‌ی كه وه‌عده‌ی چه‌ك و پاره‌ی زۆريان پێدراوه، به‌ڵام كه‌ميان بۆ هێناون. جا لێره‌دا ئه‌گه‌ر حكومه‌تی ماليكی له‌گه‌ڵ هی سوری ته‌عاون بكه‌ن، ئه‌وا ده‌توانن به‌عسی ئه‌لئه‌حمه‌د و عه‌شايه‌ری ئه‌لسه‌حوه له‌يه‌كتر نزيك بكه‌نه‌وه، و به ته‌واوی ئه‌لقاعيده و به‌عسی عێزه‌ت دووری لاواز بكه‌ن.