Thursday, 1 May 2008

ڕيفۆرمی يه‌كێتی و ديموكراسيه‌تی هه‌رێم- به‌شی يه‌كه‌م

ڕيفۆرمی يه‌كێتی و ديموكراسيه‌تی هه‌رێم
به‌شی يه‌كه‌م: مه‌ترسی لاسه‌نگ بوونی پارسه‌نگی تاكڕه‌وه‌كان
پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين
هاوڵاتی: ۳٠/٤/٢٠٠٨
له‌ دروست بوونيه‌وه‌ هه‌تا هه‌ره‌سی ١۹٧٥، پارتی ديموكراتی كوردستان به‌بێ هاوشان گۆڕه‌پانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاريخوازی كوردی باشووری داگير كردبوو. بۆشاييه‌ سياسيه‌كه‌ی دوای هه‌ره‌س فرسه‌تێك بوو بۆ په‌يدابوونی كه‌ڵتووری فره‌ حيزبی، و بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی يه‌كێتی نيشتيمانی كوردستان و چه‌ند ڕێكخراوێكی تر. به‌ كۆتايی هاتنی حه‌فتاكان و له‌ ئه‌نجامی ململانێ هه‌مه‌لايه‌نه‌كان، يه‌كێتی له‌ نيوه‌ پتری هه‌رێمدا بۆشايی بزوتنه‌وه‌كه‌ی پڕ كرده‌وه‌ و بنكه‌‌یه‌كی جه‌ماوه‌ريی پانوبه‌رينی بۆ خۆی چه‌سپاند. هاوكات نه‌وه‌ی دووه‌می پارتی هاته‌وه‌ گۆڕه‌پان و نيوه‌كه‌ی تری بۆشاييه‌ سياسيه‌كه‌ی پڕ كرده‌وه‌. له‌و كاته‌وه‌، پارتی و يه‌كێتی وه‌ك دوو هێزی هاوشان و ململانێكه‌ر درێژه‌يان به‌ خه‌باتی ‌ پێشمه‌رگايه‌تی ناو شاخ و شه‌ڕی دوژمن و كه‌ڵتوری شه‌ڕی ناوه‌كی براكوژی دا. ناوچه‌ ئازاد كراوه‌كانی هه‌رێميشيان له‌ نێو خۆياندا سنووردار كرد. هيچ كاميان ئه‌وی تری به‌ شه‌ريك و خاوه‌نی شه‌رعی بزوتنه‌وه‌كه‌ دانه‌ده‌نا و ئه‌وه‌ی بۆشيان كرا بۆ له‌ناو بردنی يه‌كتر، كرديان. په‌نايان برده‌ به‌ر هه‌موو جۆره‌ وه‌سيله‌تێكی سياسی و عه‌سكه‌ری، شه‌رعی و ناشه‌رعی، مرۆڤانه‌ و نامرۆڤانه‌. ئيتر له‌جياتی كه‌ڵتووری فره‌حيزبی، كه‌لتووری دوو گه‌وره‌حيزبيی تاكڕه‌و هاته‌ كايه‌وه‌. له‌ دوای ڕاپه‌ڕينيش شار و شارۆچكه‌‌كانی هه‌رێم (هه‌ولێری لێ بترازێ) وورده‌ وورده‌ بوونه‌ ناوچه‌ی نفوزی ئه‌و دوو حيزبه و به‌ گوێره‌ی ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌ و زاڵی ته‌نزيماتیان به‌سه‌رياندا دابه‌ش كران‌.

تاكه‌ فرسه‌تی فره‌حيزبيی
له‌ كۆتايی ١۹۹١ دا پارتی و يه‌كێتی به‌يه‌كه‌وه‌ چه‌نگيان له‌ ده‌فه‌ی حوكمڕانی گير بوو، به‌ڵام له‌وه‌ نه‌ده‌چوو كه‌ بيانه‌وێ ئيداره‌ و خاكی هه‌رێم له‌ت بكه‌ن. بۆيه‌ش كه‌مپه‌ينی هه‌ڵبژاردنه‌كانی يه‌كه‌م په‌رله‌مانی هه‌رێم (له‌ ١۹۹٢) هه‌لێكی زيڕينی بۆ سيسته‌می فره‌حيزبی هێنايه‌ پێشه‌وه. كه‌شێكی سياسی له‌بار بۆ ئازادی حيزبايه‌تی په‌يدا بوو كه‌ قابيلی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ كردن بوو. ديار بوو كه‌ بيركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و سه‌ركرده‌كانيش له‌ ڕوانگه‌ی سيسته‌می ديموكراسی ده‌ستووری و فره‌حيزبیه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵا. ته‌نانه‌ت پارتی و يه‌كێتی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان وايان ڕاگه‌ياند كه‌وا ئاماده‌ن ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌كه‌ قه‌بول بكه‌ن و ئه‌و لايه‌نه‌ی كه‌ ده‌يدۆڕێنێ ڕێگه‌ به‌وی تر بدات حكومه‌ت دابمه‌زرێنێ و خۆيشی وه‌ك ئۆپۆزيسيۆن به‌شداری له‌ عه‌مه‌ليه‌تی سياسیدا بكات. هاوكات، حيزبه‌كانی تريش چانسی پێسكه‌وتن و په‌يدا كردنی جه‌ماوه‌ر و ڕاكێشانی ده‌نگده‌رانيان له ‌به‌رده‌مدا بوو.
به‌داخه‌وه‌، ئه‌نجامی هه‌‌ڵبژاردنه‌كه‌ ڕێگه‌ی دامه‌زرانی كه‌ڵتووری فره‌ حيزبی نه‌دا. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، درێژه‌ی به‌ جووته‌ تاكڕه‌ويی دا، چونكه‌ پارتی و يه‌كێتی ده‌نگيان له‌يه‌ك نزيك بوو و كه‌سيان بايی دروست كردنی حكومه‌ت زۆرينه‌ی ئاشكرای وه‌ده‌ست نه‌هێنا. دياره‌ كه‌ حيزبه‌كانی تريش بايی ئه‌وه‌نده‌يان ده‌نگ نه‌هێنا كه‌ بتوانن به‌ قوڕساييه‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ی هاوپه‌يمانێتيدا پارسه‌نگی هێزه‌كان بگۆڕن. ئه‌و ئه‌نجامه‌ بووه‌ پێشينه‌ی كه‌ڵتووری حكومه‌تی ئيئتيلافی (فيفتی فيفتی). خۆ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌قی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و يه‌كێتی نه‌هاتنه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌، كابينه‌ی يه‌كه‌م و دووه‌م به‌ ئيفليجی مانه‌وه‌. شاراوه‌ نيه‌ كه‌وا ڕه‌فتار و هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كان له‌ ئاستی مه‌سئوليه‌ته‌ مێژووييه‌كه‌دا نه‌بوو، و بۆيه‌ش كه‌شی سياسی هه‌رێم تا ده‌هات گرژتر ده‌بوو، و كۆتاييه‌كه‌ی به‌ شه‌ڕی براكوژی و كوژانه‌وه‌ی ئومێدی پێشكه‌وتن وگه‌شه‌پێدانی سيسته‌می فره‌حيزبیه‌وه‌ هات. له‌ ئه‌نجامدا، له‌ ١۹۹٦ ئيداره‌ی هه‌رێم بووه‌ دووله‌ت و هه‌ريه‌كه‌ له‌ پارتی و يه‌كێتی ڕژێمی (حيزبی قائيد)ی به‌ شێوازی كۆنه‌په‌رست و ڕۆژهه‌ڵاتيانه‌ له‌ به‌شه‌كه‌ی خۆی دامه‌زراند. ئه‌و ڕژێمانه له‌ ناوه‌رۆكدا هه‌تا ئيمڕۆش (له‌ دوای يه‌ك گرتنه‌وه‌ لۆتكه‌ييه‌كه‌ی دوو ئيداره‌كه) هه‌ر به‌رده‌وامن‌. ئێستاش تۆڕی حيزب و حكومه‌ت له‌ هه‌ردوولادا تێكهه‌ڵكێشراون، و ده‌زگا موخابه‌راتی و پۆليسی و عه‌سكه‌ريه‌كان به‌ شێوه‌ی مۆنۆپۆڵی له‌ ده‌ستیان ماون. به‌شداری كردنی حيزبه‌ بچوكه‌كانيش له‌ گشت كابينه‌كانی ئيداره‌ يه‌ك گرتوو و يه‌ك نه‌گرتووه‌كاندا له‌ مه‌سه‌له‌يه‌كی سيمبۆڵی تێنه‌په‌ڕیوه‌.
پێكه‌وه‌ژيانی دوو تاكڕه‌و
دياره‌ كه‌ له‌ ١۹۹٨ به‌ولاوه‌، پارتی و يه‌كێتی ته‌سليمی ئه‌و ڕاستيه‌ بوون كه‌وا‌ هيچ كاميان ئه‌وی تری پێ له‌ناو نابرێ و بۆيان باشتره‌ كه‌ حاڵه‌تی پێكه‌وه‌ ژيان و پێكه‌وه‌ حوكمڕانيی قه‌بوول بكه‌ن. به‌رژه‌وه‌ندیه‌ عيراقيه‌كانی دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌دداميش هانده‌ری مه‌زن بوون بۆ يه‌ك گرتنه‌وه‌ی لوتكه‌يی دوو ئيداره‌كه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و تێكه‌ڵبوونه‌دا، هه‌ردوو حيزب‌ به‌رده‌وام چاوی زه‌قی چاودێريكردنيان بڕيوه‌ته‌ يه‌كتر و هه‌موو هه‌ل و ده‌ستكه‌وتێكی سياسی و عه‌سكه‌ری و ئابووری و كۆمه‌ڵايه‌تی له‌ نێو خۆياندا به‌ش ده‌كه‌ن. له‌وه‌ش‌ ناچێ كه‌ نيازی به‌شداری پێ كردنی حيزبێكی تر له‌ ده‌سه‌لات و داڕێژتتی ده‌ستوورێكی ديموكراسی سه‌رده‌ميانه‌‌يان هه‌بێ. ئيتر، ئه‌گه‌ر سيسته‌م به‌ شێوه‌ی حوكمڕانی ئێستا به‌رده‌وام بێ، ئه‌وا ڕێگه‌ی په‌يدابوونی سيسته‌می پێشبڕكێی دووحيزبی وه‌يان فره‌حيزبی نادرێ. وه‌ جياوازی و به‌رامبه‌ركێ و ململانێی سياسیه‌كه‌ی پارتی و يه‌كێتی بايی ئه‌وه‌نده‌ كپ ده‌كرێ كه‌ پێكه‌وه‌ ژيانيان له‌ مالجوداييه‌كه‌يان پێ باشتر بێ. بۆيه‌ش چاوه‌ڕێ ناكرێ كه‌وا هيچ كام له‌و دوو حيزبه‌ ببنه‌ پێشڕه‌وی داهێنانی شۆڕشی وڵاتسازی و دامه‌زرانی سيسته‌می ديموكراسی.
ململانێ و ڕێكه‌وتن
ململانێی سياسی نێوان پارتی و يه‌كێتی له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تيدا زيانبه‌خش بووه، به‌ڵام دوور له‌ براكوژی، پێشبڕكێكه‌يان له‌ ئاستی ناوه‌كی هه‌رێمدا سوودی بۆ دۆزی كورد هه‌بووه‌، و تا ڕاده‌يه‌ك بووه‌ته‌ مايه‌ی داهێنانی كه‌ڵتووری ئازادی ده‌ربڕين و ديالۆگی فه‌لسه‌فی و مشتومڕی سياسی. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، ڕێكه‌وتنی ئه‌و دوو گه‌وره‌ حيزبه‌ له‌ شانۆی نێوده‌وڵه‌تيدا سوودبه‌خش بووه و ده‌ستكه‌وتی ستراتيژی چاره‌نوس سازی بۆ كورد مسۆگه‌ر كردوه، به‌ڵام بۆ حوكمڕانی ناو هه‌رێم زه‌ره‌ری له‌ سوودی زياتر بووه‌. ئه‌و دووانه‌ به‌يه‌كه‌وه‌ ڕێگه‌يان‌ له‌ پڕۆسه‌ی ڕيفۆرمی سياسی و چاكسازی ئيداری و چاودێریكردنی ده‌سه‌لات و پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامه‌وانی ‌گرتووه‌. جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نيه‌ كه‌ حوكمڕانيه‌تی پێكڕايان گه‌نده‌ڵيی زياد كردوه‌ و حكومه‌تی كه‌مبه‌رهه‌م كردوه‌ و بزوتنه‌وه‌ی كوردی لاواز كردوه‌.
دابه‌زينی پارتی و يه‌كێتی به‌ ليستی هاوبه‌ش له‌هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رتاسه‌ريه‌كه‌ی عيراقی‌ ٢٠٠٥ و داپلۆسينی ده‌نگی ئۆپۆزيسيۆن و ته‌زويری ئاشكرا، ڕێگه‌ی هيچ جۆره‌ ئيختيارێكی بۆ خه‌ڵك نه‌هێشت. بۆيه‌ش پارتی و يه‌كێتی پێويستیان به‌ خه‌بات كردن و خۆ ماندوو كردن و كارچاكی و ڕازی كردنی ده‌نگده‌ران نه‌بوو‌. به‌ هه‌مان شێوه‌، ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ "ته‌عين كراوه‌كان" پێويستيان به‌ كه‌مپه‌ينی ڕازی كردنی خه‌ڵكی مه‌ڵبه‌نده‌ ئينتيخابيه‌كان نه‌بوو چونكه‌ ناويان له‌ ليسته‌ی حيزبدا ڕيز كرابوو، ته‌نيا پێويستيان به‌ وه‌لائی كوێرانه‌ بۆ سه‌رۆكی حيزبه‌كانيان هه‌بوو. ئه‌وه‌ وای كرد‌ كه‌ هه‌ريه‌كه‌ له‌ ئه‌ندام و سه‌ركرده‌كانی پارتی و يه‌كێتی له‌ حوكمی خۆیان دڵنيا بن و له‌ خه‌ڵك بێ منه‌ت بن و به‌ ويست و هه‌وه‌سی خۆیان ده‌نگی ئۆپۆزيسيۆن ببڕن. له‌وه‌ ده‌چێ كه‌وا پارتی و يه‌كێتی له‌سه‌ر دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌مه‌ ديموكراسيه‌ شێواوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ٢٠٠۹دا ڕێك كه‌وتبن و له‌ دوای ئه‌ويشدا شێوازی ئێستای حوكمڕانی ئيئتيلافيان به‌رده‌وام بكه‌ن.
دياره‌ كه‌ بارودۆخی ناهه‌مواری كوردستان ڕێگه‌ی بۆ شێوازی حوكمڕانی فيفتی فيفتی و درێژه‌پێدانی ئه‌و حكومڕانيه‌ خۆش كردوه‌، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ حوكمڕانيه‌ ناسروشتيه‌ له‌ بارودۆخی ئاسايی و هه‌مواردا ئيفليجكه‌ره‌ و به‌رژه‌وه‌ندی وڵات و ميلله‌تی پێ ناپارێزرێ. بۆيه‌، هه‌رده‌م له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی كورد دايه‌ كه‌ ستراتيژيه‌تی ده‌ره‌كی پارتی و يه‌كێتی يه‌ك گرتوو بێ، به‌ڵام پێشبڕكێی سياسی ناو هه‌رێميان به‌رده‌وام بێ.
پێشبڕكێی تاكڕه‌وه‌ هاوسه‌نگه‌كان
ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌يه‌نن كه‌وا هاوكێشه‌ی پارتی و يه‌كێتی له‌ هاوسه‌نگيه‌كی موسته‌قير دايه‌ و مه‌ودای ململانێ و پێشبڕكێی نێوانيان ته‌سك بۆته‌وه‌، وه‌يان ڕێكه‌وتنی نێوانيان هه‌تاسه‌ريه‌ و له‌گه‌ڵ گۆڕانی بارودۆخدا هاوكێشه‌كه‌يان‌ لاسه‌نگ نابێ. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، پێشبڕكێی پارتی و يه‌كێتی تا ڕاده‌ی هه‌ڵچوون به‌رده‌وامه‌. وه‌ك دوو شه‌ريكی ناحه‌ز، ‌يان دوو برای دوژمن، هه‌رده‌م چاودێری يه‌كترين و چاوه‌ڕێی قۆستنه‌وه‌ی فرسه‌تن‌ بۆ ئه‌وه‌ی يه‌كتر لاواز بكه‌ن و به‌ڕ له‌ ژێر پێی يه‌كتری ده‌ربێنن. به‌رده‌وام بوونی ئه‌و جۆره‌ پێشبڕكێ و ململانی سياسيه‌‌ هاوسه‌نگه‌ له‌ قازانجی دۆزی كورد و خه‌ڵكی هه‌رێم دايه‌. واته‌ ئه‌گه‌رچی پارتی و يه‌كێتی هه‌ردووكيان تا ئێستا ڕێگرن له‌ پڕۆسه‌ی ديموكراسيه‌ت، به‌ڵام مانه‌وه‌یان به‌ هاوتوانایی هه‌تا په‌يدا بوونی ده‌ستوورێكی ديموكراسی پێويسته‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ريه‌ك له‌و دوو حيزبه‌ له‌ناكاو بفه‌وتێ و له‌ گۆڕه‌پان نه‌مێنێ ڕه‌نگه‌‌ ئه‌وه‌ی تريان هه‌وڵ بدات به‌ تاكڕه‌وانه‌ بۆشاييه‌كه‌ پڕ بكاته‌وه و ڕێگه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی به‌ديلی تر بگرێ. پاراستنی پارسه‌نگی هاوتوانايی يه‌كێتی و پارتی، وه‌ ئه‌نجامدانی شۆڕشی ڕيفۆرمی سياسی و ئيداری له‌ هه‌ردوو حيزبدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی ئێستا و ئاينده‌ی حيزبه‌كان و سه‌ر‌كرده‌كان و خه‌ڵك و خاكی كوردستاندايه‌.
لاسه‌نگ بوونی پارسه‌نگ
پرسياری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌يه‌ ئايا قه‌يرانی ناوه‌كی كامه‌يان گه‌يشتۆته‌ ئه‌و ڕاده‌يه‌ی كه‌ گومان له‌ ئاينده‌ی بكرێ، و مه‌ترسی گۆڕه‌پان چۆل كردنی به‌وزوانه‌ی لێ بكرێ و به‌ هۆيه‌وه‌ پارسه‌نگی هێزه‌كان لاسه‌نگ ببێ؟ پارتی و يه‌كێتی هه‌ردووكيان له‌ قه‌يرانی سياسیدان و له‌ گه‌رده‌لوولی گه‌نده‌ڵيی ئاڵاون و متمانه‌ی خه‌ڵكيان له‌ده‌ست داوه‌. به‌ڵام له‌ ڕووی ڕێكخراوه‌يی و بارودۆخی ناوه‌كيدا، يه‌كێتی نيشتيمانی كوردستان‌ موڕه‌شه‌حی يه‌كه‌مه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌. به‌ هه‌موو پێناسه‌ و لێك دانه‌وه‌يه‌ك، پارسه‌نگی نێوان ئه‌و دوو حيزبه‌ ده‌مێكه‌ به‌ ديوی قوڕسی پارتيه‌وه‌ لاسه‌نگ بووه‌. گرفته‌كانی يه‌كێتی وه‌ك تۆپه‌ به‌فريان لێ هاتووه‌ و له‌گه‌ڵ گلۆربوونه‌وه‌ و به‌سه‌ر چوونی كاتدا، هه‌روا مه‌زنتر ده‌بێ. هاوكات، له‌وه‌ ناچێ كه‌وا چ جۆره‌ ستراتيژيه‌تێك وه‌يان به‌رنامه‌يه‌كی مه‌دروس بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ چاره‌نوسيانه‌ له لايه‌ن سه‌ركرده‌كانه‌وه‌ له‌‌ ئامێز گيرابێ. به‌بێ هيممه‌تێك و هه‌ڵمه‌تێكی سه‌رتاسه‌ريی و گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له‌ پێكهاته‌كه‌‌ی يه‌كێتيدا، مه‌حاڵه‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌ هه‌ڵسێته‌وه‌ سه‌رپێ و بێته‌وه‌ مه‌يدانی ململانێی سياسی بۆ به‌رده‌وامێتی ده‌سه‌لات و هاوسه‌نگێتی پارتی. ته‌نيا هۆكاری گه‌شبينی له‌وه‌دايه‌ كه‌وا به‌ كه‌ڵتوور و به‌ پێكهاته‌، يه‌كێتی توانای هه‌ڵسانه‌وه‌ و ژيانه‌وه‌ی له‌ ڕابوردوودا هه‌بووه‌ و ئێستاش له‌وه‌ ده‌چێ بڕێكی تێدا مابێ‌. دياره‌ كه‌ خاڵی هانده‌ريش ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا حاڵی خراپی ڕێكخراوه‌كه‌ گه‌يشتۆته‌ ئه‌و ڕاده‌يه‌ی كه‌وا هيچ چاره‌يه‌كی تری له‌به‌رده‌م نه‌ماوه‌‌‌ له‌ غه‌يری تاودانی ئه‌سپی ڕيفۆرم به‌ ئاراسته‌ی مه‌يدان.
پێشڕه‌وی ديموكراسيه‌ت
بێ گومان ململانێی ديموكراسيانه‌ به‌ ئاسانی له‌ نێوان دوو حيزبی تاكڕه‌ودا له‌ دايك نابێ. هيچ نه‌بێ يه‌كێك له‌و دوو حيزبانه‌ ده‌بێ له‌ ناخدا ده‌ستووری ديموكراسی مۆدێرن له‌ ئامێز بگرێ، و به‌ هۆيه‌وه‌ جله‌وی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵ و پێشڕه‌وێتی گۆڕانكاری سياسی له‌ گۆڕ‌‌پانه‌كه‌دا وه‌ده‌ست بێنێ. ئايا له‌ پارتی و يه‌كێتی كامه‌يان بايی ئه‌وه‌نده‌ توانای نوێسازی تێدايه‌ كه‌ بتوانێ خۆی بۆ پێشبڕكێيه‌كی ديموكراسی درێژخايه‌ن ئاماده‌ بكات و پێشڕه‌ويی له‌ داهێنانی پڕۆسه‌ی ڕيفۆرمی هه‌رێم بكات؟
يه‌كێتی له‌ دروست بوونی دا، به‌ڵێنی ئيختياری به‌ديل و دامه‌زراندنی موئه‌سسه‌سه‌ی ديموكراسی به‌ديلی به‌ خه‌ڵكی كوردستان دا، و توێژێكی پان و به‌رينی ڕۆشنبيرانی له‌ ده‌وره‌ی ئازادی ده‌ربڕين و به‌ڵێنی ديموكراسيه‌ت كۆ كرده‌وه‌‌. كه‌چی له‌ دوای زياتر له‌ سی (۳٠) ساڵ له‌ خه‌باتی شاخ و شاردا، و له ‌دوای گه‌يشتن به‌ چايه‌ری ده‌سه‌ڵات، ڕێكخراوه‌كه‌ زۆربه‌ی ناوه‌رۆكه‌ فه‌لسه‌فيه‌ به‌ناو ديموكراسيه‌كه‌ی له‌ده‌ست داوه. ئيمڕۆ نه‌ك ته‌نيا له‌ پێكهاته‌ و ڕه‌فتار و به‌رنامه‌ و ستراتيژيه‌تدا جياوازيه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ل پارتی نه‌ماوه، و به‌ڵكو له‌ زۆربه‌ی حاڵه‌تدا بۆته‌ پاشڕه‌ویشی. ئيمڕۆ پارتی پێشڕه‌وێتی سياسی و حوكمڕانی هه‌رێم ده‌كات و موباده‌ره‌ی له‌ سه‌ر‌كرده‌كانی يه‌كێتی ‌سه‌ندۆته‌وه‌. ئه‌و حاله‌ته‌ وای كردوه‌ كه‌ يه‌كێتی له‌ ئالقه‌يه‌كی حه‌له‌زۆنی سه‌ربه‌ره‌وخواردا بخولێته‌وه‌‌، و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا توانای پێشڕه‌ویی كه‌متر ببێ.
شاراوه‌ نيه‌ كه‌وا مه‌جالی گۆڕانكاری ديموكراسی له‌ ناو يه‌كێتيدا زۆر زياتره‌ وه‌ك له‌ پارتی. ئه‌گه‌رچی به‌ به‌راورد، حاڵی يه‌كێتی له‌ هی پارتی شڕتره‌، به‌ڵام پارتيش له‌ قه‌يرانی سياسی مه‌زن دايه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی پێوه‌ی ديار بێ. ئه‌و كاته‌ی كه‌ يه‌كێتی ناوماڵی ته‌رتيب ده‌كات و توانای ململانێ په‌يدا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وجا پارتی پێويستی به‌ خۆ كۆكردنه‌وه‌ و ڕاكردن به‌ شوێنی يه‌كێتيدا ده‌بێ. به‌ڵگه‌نه‌ويسته‌ كه‌ ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌ ناو يه‌كێتیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی له‌ سياسه‌تی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی پارتيه‌وه‌ ده‌بێ، بۆيه‌ يه‌كێتی ده‌توانێ پێشڕه‌وی گۆڕانكاری له‌ ڕيزه‌كانی خۆی و پارتيشدا بكات. كادر و مه‌سئوله‌ گه‌وره‌كانی پارتی، ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی چه‌قی ده‌سه‌ڵاتن، به‌ ئاشكرا دان به‌وه‌ داده‌نێن كه‌وا چاويان بڕيوه‌ته‌ پڕۆسه‌ی چاكسازی ناو يه‌كێتی، تا به‌ هۆيه‌وه‌ ته‌نكه‌ جموجۆڵێكی چاكسازی له‌ ناو پارتیشدا په‌يدا ببێ.
ڕيفۆرم له‌ ئه‌ستۆی كێيه‌؟
به‌ گوێره‌ی گۆته‌كانيان، سه‌ركرده‌كانی پارتی و يه‌كێتی خه‌مخۆری وڵاتن و هاوخه‌باتی ميلله‌تن. وای ده‌رده‌خه‌ن كه‌وا ئاگاداری ده‌ردی خه‌ڵكن و ده‌يانه‌وێ ميلله‌ت و وڵات له‌ په‌تای گه‌نده‌ڵيی بپارێزن و سيسته‌می ديموكراتی ده‌ستووری دابمه‌زرێنن. به‌ڵام به‌ خوێندنه‌وه‌ی خه‌ڵك و چاودێران، ڕه‌فتار و هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌ركرده‌كان به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گۆتانه‌يه‌، به‌ڵكو له‌وه‌ ده‌چێ كه‌ له‌ ميلله‌تيان بێ منه‌ت بن و ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆياندا بێ بيكه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌نه‌‌ ڕه‌خنه‌ و‌ ده‌رد و موعاناتی خه‌ڵك و له‌ده‌ستدانی دۆست و ناوزڕانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ جيهاندا. ئه‌گه‌ر ئه‌و خوێندنه‌وه‌يه‌ ڕاست بێ ئه‌وا ڕه‌فتاری ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كورد‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی عه‌قليه‌تی ئه‌و مه‌دره‌سه‌ حوكمڕانیه‌ ڕۆژهه‌ڵاتيانه‌يه كه‌ تێيدا په‌روه‌رده‌ بوونه‌. هه‌ڵبه‌ته، مه‌سئوليه‌تی ڕاست كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان و چاك كردنی بارودۆخ و پته‌وكردنی په‌يوه‌ندی نێوان ميلله‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌ ئه‌ستۆی سه‌ركرده‌كانی پارتی و يه‌كێتيه‌ به‌ گشتی، و له‌ ئه‌ستۆی دوو سه‌رۆكه ده‌سه‌ڵاتداره‌‌كه‌ی لوتكه‌ی ئه‌و دوو حيزبه‌يه‌ به‌ تايبه‌تيی. شايانی جه‌ختكردنه‌ كه‌وا ڕه‌فتار و هه‌ڵوێست و بڕياری ئه‌و دوو تاكه‌ سه‌رۆكه،‌ ڕێخۆشكه‌ره‌ بۆ (وه‌يان ئه‌گه‌ر بيانه‌وێ ڕێگره له‌)‌‌ كاروانی پێشكه‌وتن و داهێنانی كه‌ڵتوری شارستانی و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی كوردی.
ڕيفۆرمی يه‌كێتی و ديموكراسيه‌تی هه‌رێم
له‌وه‌ته‌ی دروست بوونيه‌وه هه‌تا گه‌يشتنی به‌ ده‌فه‌ی حوكمڕانی‌، يه‌كێتی له‌ ده‌ريای خوێناوی سياسه‌تی عيراقیدا مه‌له‌وانی كردوه‌ و به‌ره‌نگاری شه‌پۆڵه‌ دژواره‌كان بۆته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ناته‌بايی باڵه‌ ململانێكه‌ره‌كانی، يه‌كێتی له‌ ڕووی هێرش و مه‌ترسی ده‌ره‌كيدا هه‌رده‌م به‌ يه‌ك گرتوويی هاتۆته‌ به‌رچاو و له‌ هيچ شه‌ڕێكی ده‌ره‌كيدا توشی هه‌ره‌سی سه‌رتاسه‌ريی نه‌بووه‌. پاراستنی پارسه‌نگی هێزه‌ ململانێكه‌ره‌كان و كه‌سايه‌تيه‌ ناته‌باكانی ناو يه‌كێتی كارێكی ئاسان نه‌بووه‌، و ئاستی كرژی و ناكۆكی باڵه‌‌ موته‌كه‌تيله‌كان ده‌م نا ده‌م گه‌يشتونه‌ته‌ ڕاده‌ی ته‌قينه‌وه، و بوونه‌ته‌ هۆی جيابوونه‌وه‌ی گروپی گچكه‌ و گه‌وره‌. به‌ڵام له‌ ڕۆژی دروست بوونيه‌وه هه‌تا ئيمڕۆ، خاڵی هاوبه‌شی لايه‌نه‌ ململانێكه‌ره‌كانی ناو يه‌كێتی بريتی بووه‌ له‌ خودی تاكه‌ كه‌سی سكرتێری گشتی. ئه‌و خاڵه‌ هاوبه‌شه‌، زامينكه‌ری مانه‌وه‌ی يه‌كێتی بووه‌. هه‌ر باڵ و گڕوپ و كه‌سێكی كه‌ هه‌وڵی داوه‌ به‌بێی سكرتێر له‌ ڕێكخراوه‌كه‌ بترازێ دۆڕاو بووه. به‌وانه‌ش ده‌سه‌ڵاتی سياسی و مه‌عنه‌وی سكرتێری گشتی هه‌تا ڕاده‌ی بێ هاوتايی ڕووی هه‌ر له‌ به‌هێزبووندا بووه‌. ته‌نانه‌ت، ئێستا به‌لای زۆر خه‌ڵكه‌وه‌ يه‌كێتی و سكرتێره‌ گشتیه‌كه‌ی بوونه‌ته‌ دوو زاراوه‌ بۆ هه‌مان واتا. ‌
خاڵی هاوبه‌ش و جياكه‌ره‌وه‌
دياره‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانيدا، به‌رژه‌وه‌ندی نفوز و دارايی و ته‌كه‌تولی ناوچه‌گه‌رێتی جێگه‌ی ململانێی فه‌لسه‌فی و ڕێكخراوه‌يی له‌ ناو يه‌كێتيدا گرتۆته‌وه‌. له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان دا به‌رژه‌وه‌نديه‌ داراييه‌كانی يه‌كێتی و حكومه‌تی هه‌رێم كه‌م بوون، پارتی و يه‌كێتی به‌رده‌وام خه‌ريكی چاودێری يه‌كتری بوون، بۆيه‌ش ڕاده‌ی گه‌نده‌ڵيی و ململانێی ناوه‌كی له‌ ڕێكخراوی يه‌كێتيدا به‌و‌ پله‌يه‌ی ئێستا وا‌ زه‌ق نه‌بوو. دواتريش براكوژی هاته‌ كايه‌وه‌ و باڵه‌كانی ناو يه‌كێتی به‌ يه‌كتر به‌سته‌وه‌. به‌ڵام له‌ كۆتايی نه‌وه‌ده‌كان به‌و لاوه‌، يه‌كێتی مۆنۆپۆلی ده‌سه‌لات و دارايی له‌ نيوه‌ی هه‌رێمی كوردستانی باشووردا مسۆگه‌ر كرد، و بووه‌ (حيزبی حاكمی بێ مونازيع) و سكرتێری گشتيش بووه‌ چه‌قی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌شريعی و ته‌نفيزی سياسی و قانونی و عه‌سكه‌ری و دارايی و زانياری و كۆمه‌ڵايه‌تی و هتد. ئيمڕۆ بۆ هه‌ر بڕيارێكی چاره‌نوس سازی سياسی و دارايی، سه‌رۆك پێويستی به‌ ڕاوێژكاری و ڕازی كردنی مه‌كته‌بی سياسی و كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی نه‌ماوه‌. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌يش‌ له‌ هه‌رێمێكی بچووك و به‌ داراييه‌كی چه‌ند مليۆنيه‌وه‌ له‌ناكاو له‌ دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌ددام گه‌يشته‌ ئاستێكی نێو ده‌وڵه‌تی، به‌ داراييه‌كی چه‌ند ملياريه‌وه‌. ئيمڕۆ په‌يوه‌ندی كادران به‌ سه‌ركرده‌كانه‌وه‌ بووه‌‌ته‌ هی مووچه‌خۆريی، په‌يوه‌ندی سه‌ركرده‌كان به‌ سكرتێری گشتیه‌وه‌ بووه‌ته‌ هی وه‌لائی تاكه‌ كه‌سيی. بازنه‌كانی ده‌وره‌ی سكرتێر بوونه‌ته‌‌ تاكه‌ پێناسه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتی و نفوزبڵاوی و توانای ده‌وڵه‌مه‌ند بوون. ئيتر سكرتێری‌ گشتی كه‌ هه‌رده‌م خاڵی هاوبه‌شی ڕيزه‌ ناته‌باكانی ناو يه‌كێتی بوو، بووه‌‌ته‌ خاڵی جياكه‌ره‌وه. بووه‌ته‌‌ جياكه‌ره‌وه‌ی خودی خۆی له‌ قاعيده‌ی ڕێكخراوه‌كه‌، و هی سه‌ركرده‌كان له‌ جه‌ماوه‌ر‌، و كاديره‌ مشه‌خۆره‌كان له‌ ميلله‌ت.

له‌و ساڵانه‌ی دواييدا بازنه‌ی سكرتێری گشتی به‌ ڕاده‌يه‌كی وا ته‌سك بووه‌‌‌وه كه‌ ئه‌ندام مه‌كته‌ب سياسی و سه‌ركرده‌ی باڵه‌ موته‌كه‌تيله‌‌كانی ناو يه‌كێتی خۆيان به‌ لاته‌ريك و بێگانه‌ ده‌زانی. ئه‌گه‌رچی ته‌نيا چه‌ند دانه‌يه‌كيان ئاماده‌يی ده‌ربڕينیان هه‌بوو، كه‌چی هيچ كام له‌ سه‌ركرده‌كان له‌ ڕه‌فتاری تاكڕه‌وانه‌ی سكرتێری گشتی ڕازی نه‌بوو. ئه‌و دياردانه‌‌ بوونه‌ هه‌وێنی ئه‌و هه‌وڵه‌ كوده‌تايه‌ی ساڵی ٢٠٠٥‌ كه‌ خه‌ريك بوو ببێته‌ مايه‌ی خوێن ڕێژيی و هه‌ڵته‌كانی بنه‌مای يه‌كێتی. له‌ جياتی ئه‌وه‌ی هه‌وڵی‌ كوده‌تايه‌كه‌ ببێته‌ هانده‌رێك بۆ به‌ ئاگا هێنانه‌وه‌ی سكرتێری گشتی و ئه‌نجامدانی ڕيفۆرم، كه‌چی كه‌ڵتووری ته‌كه‌تولچێتی زياتر چه‌قاند، و خه‌نده‌قی نێوان سكرتێر و هاوڕێ سه‌ركرده‌ دێڕينه‌كانی فراوانتر كرده‌وه‌. هاوكات بووه‌ هۆی له‌يه‌ك نزيك بوونه‌وه‌ی سكرتێری گشتی له‌ سه‌ركرده‌كانی پارتی له‌ سه‌ر حيسابی يه‌كێتی. وه‌ ڕۆڵی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی سكرتێريش له‌ جيهازه‌ زانياری و داپلۆسه‌ر و داراييه‌كانی ديوی يه‌كێتیدا زيادی كرد. ئه‌وانه‌ش‌ قه‌يرانی يه‌كێتيان به‌ره‌و قوڵتری برد و ئاينده‌ی ڕێكخراوه‌كه‌يان زياتر خسته‌ مه‌ترسيه‌وه‌.

شۆڕشی ته‌نزيم له‌ يه‌كێتيدا
ئيمڕۆ زۆران له‌ كادر و ئه‌ندامانی يه‌كێتی خۆيان و ڕێكخراوه‌كه‌يان به‌ بێ ڕێڕه‌و ده‌بينن و ئومێديان به‌ دواڕۆژ لاواز بووه‌. هه‌ندێك له‌ كادره‌ پێشكه‌وتووه‌كان گه‌يشتونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌وا ڕزگار كردنی يه‌كێتی پێويستی به‌ شۆرشێكی ته‌نزيمی وا هه‌يه‌ كه‌ هيچ كام له‌ سه‌ركرده‌كان ئاماده‌ی به‌رپاكردنی نين. به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌ تازه‌ كاری يه‌كێتی گه‌يشتۆته‌ خاڵی ترازان و به‌ چاوه‌ڕێی وون بوونی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ و چه‌قی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌يه‌تی و له‌ دوای ئه‌ويشدا فه‌وتانی مسۆگه‌ره‌. ئه‌و ئه‌نجامه‌ش، هه‌روه‌ك باس كرا، مه‌ترسيداره‌ بۆ پرۆسه‌ی ديموكراسيه‌ت له‌ كوردستان و له‌وانه‌يه‌ ببێته‌ مايه‌ی لاسه‌نگ بوونی پارسه‌نگی هێزه‌كانی هه‌رێم.
ئه‌و جۆره‌ لێكدانه‌وه‌يه‌ خه‌ياڵ نيه‌، به‌ڵكو له‌ واقيعی تاڵی ناو ڕێكخراوه‌كه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه. وه‌ زيانبه‌خشيش نيه‌، به‌ڵكو هانده‌رێكی مه‌زنه‌ بۆ چاك كردنی بارودۆخ و خه‌بات كردن بۆ ژياندنه‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ داڕێژتنه‌وه‌ی يه‌كێتی. ئيمڕۆ حاڵی ئه‌و ڕێكخراوه‌ وا شپڕزه‌يه‌ كه‌ هيچ چاره‌يه‌كی تری له‌به‌رده‌مدا نيه‌ له‌ غه‌يری هه‌ڵبژاردنی ڕێگای ژيانه‌وه‌. له‌ به‌شی دووه‌می ئه‌و وتاره‌دا (له‌ ژماره‌ی چوارشه‌ممه‌‌ی داهاتوودا) سه‌رچاوه‌ی گرفته‌ سه‌ره‌كيه‌كان و چاره‌سه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تيه‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ين و پێشنيازی ڕيفۆرمی ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌خه‌ينه‌ به‌رده‌م سه‌ركرده‌ و ئه‌ندامانی يه‌كێتی به‌و ئومێده‌ی كه‌ كاری جيددی بۆ ژيانه‌وه‌ی حيزبه‌كه‌ و جۆشدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌رێم بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت (بوكێ له‌گه‌ڵ تۆمه‌ و خه‌سوو گوێت لێ بێت)، ئه‌وه‌ی بۆ يه‌كێتی ده‌گوترێ بۆ هه‌موو حيزبه‌كانی تری گۆڕه‌پانه‌كه‌ش ده‌گونجێ.

No comments: