Tuesday, 1 May 2007

كه‌ركوك و سه‌ركرده‌كانی كورد-به‌شی يه‌كه‌م

ماده‌ی ١٤٠ و هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی كورد: ئايا له‌ ئه‌نجامدا كورد براوه ده‌بێ وه‌يان دۆڕاو؟‌

قوماری كورد له‌سه‌ر هاوپه‌يمانيه‌تی ئه‌مه‌ريكايه‌، به‌ڵام سه‌رۆك بوش به‌ نهێنی له‌ دژی ڕيفه‌راندۆمه‌.

ئايا به‌رنامه‌ی ئه‌لته‌رناتيڤ و ئيختياره‌كانی به‌رده‌می سه‌ركرده‌كان‌ی كورد چين؟

پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

ئاوێنه، ژماره ‌٦٧ ، ڕۆژی‌ ١ی مايۆی ٢٠٠٧

به‌شی يه‌كه‌م: هه‌لوێستی دژوار و ڕۆلی بێگانه‌

هه‌تادێ هه‌ڵمه‌ت و گوشاری ده‌ره‌كی و ناوه‌كی دۆست و دوژمنانی كورد زه‌مينه‌ بۆ هه‌ڵپه‌ساردن و فه‌رامۆش كردنی ماده‌ی ١٤٠ خۆشتر ده‌كه‌ن. له‌ سه‌رۆك بوش و ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكيه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا ده‌گاته‌ و هاوپه‌يمانه‌كانيان و دراوسێكانی كورد، و ته‌نانه‌ت ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی كه‌ ده‌نگيان بۆ ده‌ستووری هه‌ميشه‌يی عيراقيش داوه‌، هه‌ر هه‌موويان باس له‌ قۆناغی دوای كوشتنی ماده‌ی ١٤٠ی ده‌ستووره‌كه‌ ده‌كه‌ن. به لايانه‌وه‌، ماده‌كه‌ له‌ ئه‌وه‌ل ساته‌وه‌ قابيلی پياده‌كردن نه‌بوه‌،‌ و ته‌نيا سه‌ركرده‌كانی كورد بوون كه‌ ملی ڕێگه‌يه‌كی نامه‌تنيقی و ناواقيعیان گرته‌ به‌ر، وه‌ ئێستا باجی ئه‌و هه‌ڵه‌يه‌ ده‌ده‌ن. به‌ڵام پرسياری گرنگ ئه‌وه‌يه‌، ئايا سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌وڵيان به‌ ئاراسته‌ی، وه‌يان پێچه‌وانه‌ی، شه‌پۆڵه؟ ئايا چاره‌نوسی كه‌ركوك پێوه‌لكانه‌ به‌، يان دابڕانه‌ له، هه‌رێمی‌ كوردستان؟

له‌به‌شی يه‌كه‌می ئه‌و ووتاره‌مدا هه‌وڵ ده‌ده‌م باری ئێستای كه‌ركوك و مه‌ترسی ناوه‌كی و ده‌ره‌كیه‌‌كان بخه‌مه‌ ڕوو، وه‌ك پێشه‌كيه‌ك بۆ تاوتوێ كردنی ئيختياره‌كانی به‌رده‌م سه‌ركرده‌ی كوردی. له‌ به‌شی دووه‌مدا (له‌ هه‌فته‌ی داهاتوو) ڕێگاچاره‌سه‌ره‌ ئه‌لته‌رناتيڤه‌كان ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌م خوێنه‌ر و بڕيارده‌ره‌كانی كورد، به‌و ئومێده‌ی كه‌ سوودیان هه‌بێ بۆ دۆزينه‌وه‌ی ڕێگای سه‌ركه‌وتن.

ده‌ستێوه‌ردانی ديمۆگرافی كه‌ركوك

مێژووی كه‌ركوك و هه‌ويه‌ی كوردێتی يان توركومانێتی شاره‌كه ميحوه‌ڕی ووتاره‌كه‌م نيه‌. به‌ڵام بۆ تێگه‌يشتن له‌ ناوه‌ركی بيركاريه‌ سياسيه‌كان‌، پێويسته‌ جه‌خت له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌‌ كه‌وا كه‌ركوك شاری ‌هه‌مه‌ ڕه‌گه‌ز و هه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌يه‌. عه‌ره‌ب، وه‌ك كورد وتوركومان، مافی تێدا نيشته‌جێ بوونی به‌ ڕێگای سروشتی هه‌يه‌. عه‌ره‌بی سوننه‌ی دراوسێ ده‌مێكه‌ به‌هۆی كۆچی كۆمه‌ڵايه‌تی خزاونه‌ته‌ كه‌ركوك، به‌لام عه‌ره‌بی شيعه‌ی دوور (هاورده)‌ ميوانێكی ناسروشتی شاره‌كه‌نه‌ و هاتنيان به‌ مه‌به‌ستی جێله‌ق كردنی خاوه‌ن ماڵ و ململانێی تايه‌فه‌گه‌ری بوه‌. دۆست و دوژمن دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌وا كه‌مپه‌ينی به‌عس ديمۆگرافيای كه‌ركوكی گۆڕيوه، به‌‌ ده‌ركردنی زياتر له‌ ٢٠٠ هه‌زار كورد و توركومان، و جێ داگيركردنيان له‌لايه‌ن هه‌مان ژماره‌ی عه‌ره‌بی شيعه‌ی هاورده‌‌‌. به‌ حيسابی ئيمڕۆ زياتر له‌ ٤۳ هه‌زار خێزانی عه‌ره‌بی هاورده‌ له‌ ۳٨ گه‌ڕه‌كی كه‌ركوك نيشته‌جێ كراون. هاوكات، له‌ سه‌رژمێره‌كانی حه‌فتاكان و دواتريشدا، زۆر له‌ كورد و توركومانه‌ خاوه‌ن مولكه‌كان به‌ عه‌ره‌ب ناونوس كران‌. سه‌ڕه‌ڕای ئه‌و كه‌مپه‌ينه‌،‌ له‌ سه‌رژمێری ١۹۹٧دا ڕێژه‌ی عه‌ره‌ب له‌ سه‌دی ٥٨ ی دانيشوانی كه‌ركوكی تێنه‌په‌ڕاند. ‌هاوكات چه‌ندين شارۆچكه‌ و گوندی تری كورد و توركومان، له ليوای كه‌ركوك ته‌عريب كران، وه‌يان خرانه‌ سه‌ر پارێزگاكانی تر.

ماده‌ی ١٤٠

له‌ ڕوانگه‌ی مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌و پێشێل كردنه‌ زه‌قاوزه‌قه‌ی مافی مرۆڤی كورد و توركومان، ناهه‌قتر بوو له‌ جێله‌ق كردنی ميلله‌تی فه‌له‌ستينی، به‌ڵام له‌ كورد به‌ولاوه‌، كه‌سی تر ئاماده‌ نه‌بوو ئه‌و به‌راورديه‌ بكات و دان به‌ مافی مرۆڤی كه‌ركوكی دابنێ. ئيتر جێگه‌ی سه‌ر سوڕمان نه‌بوو كه‌وا پڕۆسه‌ی ئاساييكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك بوه‌ عه‌زيايه‌ك، كه‌ به‌ هۆيه‌وه‌ كورد دووچاری شه‌رێكی ديپلۆماسی و سياسی چاره‌نوس سازبووه‌‌.

له‌ دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌ددام و له‌دوای مشت و مڕێكی بێ پايان، سه‌ركرده‌كانی كورد و عه‌ره‌ب و توركومان له‌سه‌ر به‌رنامه‌يه‌كی وا ڕێكه‌وتن كه‌ هه‌موو لايه‌ك خۆی به‌ براوه‌ بزانێ. ئه‌و به‌رنامه‌يه‌ له‌ بڕگه‌ی ٥٨ی قانونی ئيداره‌ی كاتی سه‌ره‌دمی برێمه‌ردا چه‌سپا. به‌ گوێره‌ی ئه‌و قانونه‌، ده‌بوايه‌ له‌ زووه‌وه‌ باری كه‌ركوك ئاسايی كرابايه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ردوو حكومه‌تی يه‌ك له‌ دوای يه‌كی (ئه‌ياد عه‌لاوی) و (ئيبراهيم جه‌عفه‌ری) پشتڕه‌قيان لێكرد و خستيانه‌ پشت گوێ. دڵته‌نگی و توڕه‌يی كورديش له‌ مه‌ڕ ئه‌و كه‌مته‌رخه‌ميه‌دا، بوه‌ هۆی چه‌سپانی بڕگه‌ی ٥٨ له ماده‌ی ١٤٠ی ‌ناو ده‌ستووری هه‌ميشه‌يی عيراقدا‌. ئه‌وه‌يش به‌ ده‌ستكه‌وتێكی ميژوويی ده‌ژمێردرێت.

به‌گوێره‌ی ماده‌ی ١٤٠ی‌ ده‌ستوور، ئاينده‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری پڕ كێشه‌ی دانيشتوانيی، له‌ ڕێگه‌ی پڕۆسه‌يه‌كی سێ قۆناغيی لێكبه‌ستراودا دياری ده‌كرێت. واته‌: ئاساييكردنه‌وه به‌ر له‌ كۆتايی مارت، و سه‌رژمێری به‌ر له‌ كۆتايی یۆليۆ، و ڕيفه‌راندۆم به‌رله‌ كۆتايی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٠٧. به‌ڵام له‌و ساته‌وه‌ كه‌ ده‌ستور له‌ ئه‌مبێز گيراوه‌، كورد زياتر ڕۆڵی چاوێرێكی توڕه‌ی ديوه. سه‌ركرده‌كان گه‌شبين بوون به‌وه‌ی كه‌ هيچ حكومه‌تێكی عیراقی بۆی نالوێ ماده‌ی ١٤٠ هه‌لپه‌سێرێ. به‌ڵام وێڕای ڕێكه‌وتننامه‌ی نوسرا و و فشاری كوردی، ماده‌كه‌ تۆزقالێكيش به‌ره‌و پێشه‌وه نه‌چوو و له‌وه‌ش ناچێ بچێ. ئه‌وه‌تا خه‌ريكه‌ ده‌گه‌ينه‌ هاوين و هێشتا قۆناغی ئاساييكردنه‌وه‌ ده‌ستی پێ نه‌كردوه‌، چی جای ئاماده‌باشی بۆ سه‌رژمێری له‌ يۆليۆدا. بۆيه‌، متمانه‌ی نێوان سياسه‌تمه‌داران و خه‌ڵك له‌ نزمترين پله‌دايه‌، و هه‌ڵوێسته‌ دژبه‌يه‌كه‌كان له ‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوكدا گه‌يشتوونه‌ته‌ خاڵێك كه‌وا چاره‌سه‌ركردنی ئاشتيانه‌یان به‌بێ ته‌قاندنه‌وه‌ی توندو تيژی، زۆر زه‌حمه‌ت بۆته‌وه‌‌.

كه‌ركوكی بێ نه‌وت

نه‌وت ئه‌و سووته‌مه‌نیه‌ سياسيه‌‌ ڕاسته‌قينه‌‌يه‌ كه‌ له‌ په‌نای نيشتيمانپه‌روه‌رێتيه‌وه سياسيه‌كانی كورد و غه‌يره‌ كوردی گه‌رم كردوه. نزيكه‌ی هه‌شت له‌ سه‌دی ئه‌و ١٠٠-٢٠٠ بليۆن به‌رميله‌ نه‌وته‌ ئيحتياته ئاماده‌يه‌‌ی عيراق، له‌ پارێزگای كه‌ركوكه‌. سه‌دی چلی به‌رهه‌می نه‌وتی عيراق و سه‌دی حه‌فتای گازه‌كه‌ی له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌رده‌هێنرێت. ئه‌گه‌ر حه‌وزه‌ نه‌كراوه‌كانيش هه‌لبكه‌ندرێن، ئه‌وا ئيحتياتی نه‌وتی كه‌ركوك ڕه‌نگه‌ له‌‌ بيست بليۆن به‌رميل تێپه‌ڕ بكات. دياره‌ له‌ ڕووی دارايیه‌وه‌‌، قه‌واره‌ی چاڵه‌ نه‌وتيه‌ پڕه‌كانی كه‌ركوك بايی ئه‌وه‌نده‌ ده‌بێ كه‌ سه‌ركرده‌ سياسيه‌كان فتيلی شه‌ڕی ناوه‌خۆی سێ چوار ميلله‌تی ناته‌بای ناو شارێك به‌ گه‌شی بهێلنه‌وه‌.

به‌‌لای دراوسێكانی كوردستان، پياده‌كردنی ماده‌ی ١٤٠ داواكاريه‌كی ناهه‌قه، هه‌وڵی كورد ته‌نيا بۆ ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی نه‌وتی كه‌ركوكه‌، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆيی ئابوری و سياسی هه‌رێمی كوردستانه‌‌، وه‌ بۆ زياتر ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی "سه‌ركرده‌ گه‌نده‌ڵه‌كانيه‌تی". بۆيه‌، يه‌كێك له‌ ڕێگاچاره‌ پێشنيازكراوه‌كانی بيگانه‌كان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ كورد كه‌ركوكی بێ نه‌وت بدرێتێ، تاوه‌كو مه‌يلی سه‌ربه‌خۆيی نه‌مێنێ. دياره‌ له‌به‌ر ئه‌وهۆيانه‌‌ شه‌ری‌ نهێنيی قانونی نه‌وت گه‌رم بوه‌ و دڵته‌نگی له‌ لايه‌ن سه‌ركرده‌ كورده‌كان په‌يدا كردوه‌. به‌ڵام هه‌تا ئه‌گه‌ر كورديش كه‌ركوك به‌ نه‌وت بگۆرێته‌وه‌، توركيا وعه‌ره‌ب و توركومانی كه‌ركوك هێشتا ڕازی نابن چونكه‌ له‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی كوردستانيه‌تی كه‌ركوك به‌ خه‌ياڵ و ئه‌فسانه‌ ده‌زانن.

حاڵی كورد و توركومان و عه‌ره‌بی كه‌ركوك

باری گرژی نه‌فسی و سياسی ناو كه‌ركوك له‌ ته‌قينه‌وه نزيك بۆته‌وه‌‌. تێرۆريست و توندڕه‌وانی شه‌ری تايه‌فه‌گه‌ری عيراق، له‌ كه‌ركوكيش هه‌وڵيان داوه‌ ئارامی نه‌هێلن و تا ڕاده‌كی زۆريش سه‌ركه‌وتوو بوونه‌. هه‌ڵبه‌ت تيرۆری عه‌ره‌بی سوننه‌ و شيعه‌‌ زياتر ئاڕاسته‌ی ئه‌جيندای ئه‌مه‌ريكيه‌، به‌ڵام كورد به‌ كه‌له‌بچه‌كراوی به‌ره‌نگاریان بۆته‌وه‌ و قوربانی زۆری بۆ داوه‌. سه‌ڕه‌ڕا، عه‌ره‌ب و توركومانه‌كان پێشمه‌رگه‌ به‌وه‌ تاوانبار ده‌كه‌ن كه‌وا به‌رده‌وام خه‌ريكی گرتن و فڕاندن و كوشتنی ئه‌ندامه‌كانيانن. توندڕه‌وی و تێرۆری خۆيشيان به‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ داده‌نێن. كورد له‌ كه‌ركوك ده‌سبه‌كاره‌ و ده‌سه‌ڵاتی سياسی و ئيداری وعه‌سكه‌ری و پۆليسی له‌ ده‌سته‌، و خۆی به‌ حكومه‌ت و ئه‌وانی تر به‌ ئۆپۆزيسيۆن ده‌زانێ. دوو حيزبه‌ هه‌ڵسوڕێنه‌ره‌كه‌ش، يه‌كێتی و پارتی، له‌ جياتی پياده‌كردنی به‌رنامه‌یه‌كی سياسی حه‌كيمانه‌، خه‌ريكی شه‌ڕی جه‌بهه‌وينه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتيان كاردانه‌وه‌يه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌كان. ‌

عه‌ره‌بی كه‌ركوك خۆيان ناته‌با و بێ مه‌رجه‌عن، وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌ب دابه‌ش بوونه‌ و ده‌ستی ووڵاتانی ده‌وروبه‌ريش به‌سه‌ر ڕێڕه‌وياندا زاڵه‌. كاونسلی ڕاوێژكاری عه‌ره‌بی (المجلس العربی الاستشاري) توانيويه‌تی به‌شێكی ئه‌و بۆشاييه‌ پڕ بكاته‌وه‌ و عه‌ره‌بی ڕ‌‌ه‌سه‌ن و هاورده‌ له‌ خۆی كۆ بكاته‌وه‌، و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل به‌ره‌ی توركومانی، دژايه‌تی لايه‌نی كوردی بكات. توندڕه‌وی وه‌ك (موقته‌دا سه‌در) توانيويه‌تی فه‌قيری و حاڵی ناله‌باری سياسی عه‌ره‌به‌ شيعه‌ هاورده‌كان‌ ئيستيغلال بكات بۆ ئه‌جيندای خۆی. فشاری ئاينی و سياسی و دارايی و عه‌سكه‌ری خستۆته‌ سه‌ريان بۆ به‌رهه‌ڵستی كورد. به‌هه‌مان شێوه‌ش، گروپه‌كانی سه‌ر به‌ به‌عس و ئه‌لقاعيده‌ ده‌سه‌ڵاتيان له‌ ناو سوننه‌ی عه‌ره‌ب په‌يدا كردوه‌ و به‌ هۆيانه‌وه‌ ئارامييان هه‌ژاندوه. بێ گومان كوردی توندڕه‌وی سه‌له‌فيش به‌شدارن له‌ كارئاسانكردنی خۆكوژه‌كان.

توركومانه‌كانيش پارچه‌ پارچه و بێ مه‌رجه‌عن. به‌شێكی زۆری سوننه‌كانيان بێ ده‌خلن و به‌ دڵنياييه‌وه‌ حوكمی كورديان قه‌بووله‌. به‌شێكی تری ئه‌وانه‌ پشتگيری له‌ به‌ره‌ی توركومانی (سه‌ر به‌ توركيا) ده‌كه‌ن، و ته‌نيسيقيان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سوننه‌ هه‌يه. توركومانه‌ شيعه‌كان وه‌لائيان بۆ موقته‌دا سه‌در و مه‌رجه‌عه‌ ئايينيه‌كانی تری شيعه‌يه‌ و ته‌نيسقيان له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی توركومانيدا كه‌مه‌. توركومانی ئيسلامی يه‌كگرتوو له‌و شيعه‌ مه‌زهه‌بانه‌ن‌ كه‌ به‌شدارن له‌ حكومه‌تی به‌غدا، و به‌ سروشت له‌ دژی كوردستانيه‌تی كه‌ركوكن.

هه‌ڵوێستی عه‌ره‌بی عيراق

ته‌واوی حيزبه‌ عيراقيه‌كان له‌ دژی په‌يدا بوونی هه‌رێمێكی فيدارڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی قه‌وميی كوردن، بۆيه‌ش له‌ دژی ڕيفه‌راندۆمن. ته‌نانه‌ت، ئه‌و لايه‌نه‌ عه‌ره‌بانه‌ی كه‌ له‌ سه‌رده‌می ئۆپۆزيسيۆندا پشتگيريان له‌و جۆره‌ فيدراليه‌ته‌ ده‌كرد، له‌ دوای ڕوخانی ڕژێم هه‌ڵوێستيان گۆڕی. له‌ ساڵی ٢٠٠۳، له‌ دانيشتنێكی ناو مه‌جليسی حوكم (سه‌رده‌می برێمه‌ر)، محمد بحرالعلوم ويستی دان به‌ مافی كورد و كوردستانيه‌تی كه‌ركوكدا بنێ. ئيبراهيم جه‌عفه‌ری پسووله‌يه‌كی نهێنی بۆ ڕه‌وانه‌ كردو تێيدا گووتی"ئاگات له‌ ده‌مت بێ، با نه‌كه‌ويه‌ ناو ده‌رگای خيانه‌ته‌وه"‌. له‌ هه‌مان چوارچێوه‌دا حوسێن شه‌هرستانی، ده‌سته‌مۆی سيستانی و وه‌زيری نه‌وتی ئێستا، شه‌كی له‌ كوردستانيه‌تی كه‌ركوكه‌، نايه‌وێ سه‌روه‌تی شاره‌كه‌ بخرێته‌ به‌ر ده‌ستی سه‌ركرده‌یه‌كی سياسی وا كه‌ "به‌ڕۆژ له‌ عيراق كار ده‌كه‌ن و به‌ شه‌و له‌ ئيسرائيل ده‌خه‌ون".

ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ ده‌ريده‌خه‌ن كه‌وا بێجگه‌ له‌ سوننه‌ی قه‌ومی و شيعه‌ی هاورده‌، هاوپه‌يمانه‌ شيعه‌كانی شه‌ريكی حوكمڕانيش له‌ ناخدا له‌ دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوكن بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستيان بێ ده‌يكه‌ن‌ بۆ ڕێگرتن له‌ پياده‌كردنی ڕێكه‌وتننامه‌كان. له‌سه‌رده‌می برێمه‌ردا، شيعه‌كان و ئه‌مه‌ريكيه‌كان، له‌ دژی هه‌ڵمه‌تی كوردی، پێشنيازی فيدراڵيه‌تی پارێزگاكانيان خسته‌ روو. له‌ دوای مشتومڕێكی زۆر، سه‌ركرده‌كانی كورد ڕازی بوون به‌ هه‌ڵپه‌ساردنی كێشه‌ی كه‌ركوك هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ياسای كاتی و ده‌ستووری هه‌ميشه‌يی له‌ ئه‌مبێز ده‌گيرێ و حكومه‌تێكی خاوه‌ن سياده‌ هه‌لده‌بژێردرێت. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌نازوله‌شدا ده‌ستكه‌وتی كورد بريتی بوو له‌ چه‌سپانی هه‌رێم وه‌ك يه‌كه‌كی فيدرالی، و زمانی كوردی وه‌ك دووه‌م زمانی ڕه‌سمی عيراق، وه‌ ڕيفه‌راندۆمی كه‌ركوك له‌ ياسای كاتی.

كورد ده‌يزانی كه‌ جه‌عفه‌ری و ماليكی، بۆ زامين كردنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زيرايه‌تی، وه‌عده‌ی جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌ی ١٤٠يان به‌ نوسراوه‌يی داوه‌ته‌ موقته‌دا سه‌در. ڕاسته‌، له‌دوای هه‌ڵمه‌تی نوێی ئه‌مه‌ريكی له‌ دژی سه‌دريه‌كان، كه‌لێنێك كه‌وتۆته‌ نێوان ماليكی و موقته‌دا، به‌ڵام ته‌نسيقی نێوانيان هه‌ر به‌رده‌وامه‌. هاوكات له‌گه‌ڵ بڕياره‌كانی ماليكی بۆ پياده‌كردنی ماده‌ی ١٤٠، ناصر الربيعی (سه‌رۆكی كوتله‌ی سه‌دريه‌كان) به‌يانێكی ده‌ركرد تێيدا گووتی له‌مه‌ودو ئيمزا بۆ دواخستنی ڕيفه‌راندۆم كۆ ده‌كه‌ينه‌وه‌‌. ئێستا هه‌ڵوێستی لايه‌نه‌ شيعه‌كان، وه‌ك هی سوننه‌كان، به‌ ڕاده‌يه‌ك تونده‌ كه‌ هيچ حكومه‌تێكی به‌غدا ناتوانێ جورئه‌تی ‌ئه‌وه‌ بكات كه‌ركوك ته‌سليمی كورد بكاته‌وه‌. بۆيه‌ ڕ‌‌ه‌نگه‌ نه‌رميی ماليكی بۆ داواكانی كورد هه‌تاسه‌ر نه‌بێ له‌به‌ر ‌فشاری ناوه‌كی و ده‌ره‌كی.

ده‌ستێوره‌دانی توركيا

ووڵاته‌كانی ده‌وروبه‌ريش، ده‌ستی ئاشكراو نهێننيان له‌ ناو جه‌رگه‌ی ڕووداوه‌كانی كه‌ركوكدا دياره‌. توركيا به‌ ڕاسته‌وخۆيی و به‌ ناڕاسته‌وخۆيی (له‌ ڕێگه‌ی به‌ره‌ی توركومانی) ده‌ستێوه‌ردانی له‌ ناو كه‌ركوك ئاشكرايه‌. گرنگی توركيا له‌وه‌دايه‌ كه‌ ده‌نگی ده‌گاته‌ ديوه‌خانی زلهێزه‌كان و قورسايی سياسی و عه‌سكه‌ری خۆی به‌كار ده‌هێنێ بۆ لۆبی كردن له‌ دژی كورد. به‌ بيانوی پاراستنی يه‌كێتی خاكی عيراق و مافی مرۆڤی توركومان، توركيا داوا ده‌كات كه‌ ريفه‌ڕاندۆم نه‌كرێ، وه‌يان ئه‌گه‌ر كرا ته‌واوی خه‌ڵكی عيراق ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن. هه‌ڕه‌شه‌ی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی عيراق ده‌كات بۆ لێدانی په‌كه‌كه‌ و پاراستنی توركومان. له‌و ڕۆژه‌وه‌ كه‌ ماليكی نه‌رمی نواندوه‌ بۆ پياده‌كردنی ماده‌ی ١٤٠، توركيا هه‌نده‌ی تر كه‌وتۆته‌ باڵه‌ فركه‌.

قه‌يرانی ناوه‌كی توركيا

هه‌ڵبه‌ت توركيا له‌ قه‌يرانی كۆمه‌ڵێك ته‌ناقوزات دا ده‌خولێته‌وه‌. له‌لايه‌كه‌وه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌نديدايه‌ كه‌وا په‌يوه‌نديه‌كی ئابوری و سياسی به‌ هێزی له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بێ. هه‌ڵبه‌ت توركيا به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابوريه‌كه‌ی له‌لا گرنگتر بوه‌ له‌ مافی توركومانه‌كانی كه‌ركوك. بۆيه‌ش، له‌سه‌رده‌می سه‌ددامه‌وه‌ تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ تۆزقاڵێك خزمه‌تی كۆمه‌ڵگای توركومانی نه‌كردوه‌، به‌ڵكو به‌كاری هێناون و تووشی سه‌رئێشه‌ی كردون له‌گه‌ڵ ميلله‌ته‌ پێكه‌وه‌ ژياوه‌كانيان.

له‌وه‌ته‌ی باقی عيراق كاول بوه‌، كوردستان بوه‌ته‌ ته‌نيا سه‌رچاوه‌ی هاتوچۆی بازرگانی و ئيستيسماری بيزنيسی توركی‌ له‌ عيراقدا. له‌مه‌ودای ده‌ساڵی داهاتوودا، ده‌يان بليۆنی نه‌وتی كوردستان له‌ ژێرخان و سه‌رخانی هه‌رێم سه‌رف ده‌كرێ. ته‌واوی ئه‌و مه‌سره‌فه‌ به‌ ڕێگه‌ی توركيا ئه‌نجام ده‌درێ، بۆيه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی توركدايه‌ كه‌ به‌شه‌ شێری ئه‌و پاره‌يان ده‌ستكه‌وێ. ئه‌وه‌يش وای كردوه‌ كه‌ بيزنيس و سياسه‌تمه‌داری سيڤيلی توركی ئه‌وله‌ويه‌ت بده‌نه‌ په‌يوه‌ندی ئابوری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان. له‌به‌ر هه‌مان هۆكاريش، ده‌يانه‌وێ كێشه‌ی په‌كه‌كه‌ به‌ سياسيانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ئارامی و ‌ديموكراسيه‌ت له‌ناوه‌وه‌ی توركيا بچه‌سپێنن، و له‌ دواڕۆژدا ببنه‌ ئه‌ندامی يه‌كێتی ئه‌وروپايی.

به‌ڵام ئه‌رته‌شی باڵا ده‌ست، ده‌ستی سياسه‌تمه‌داره‌كانی له‌ دواوه‌ گرتوه‌. به‌ بيانوی پاراستنی ده‌ستوری عيلمانی و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای توركيا، كه‌وتونه‌ته‌ دژايه‌تی سه‌ركرده‌ سياسيه‌كانیان. به‌ڵام له‌ ڕاستيدا خه‌ريكی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌تی سه‌ركرده‌ عه‌سكه‌ريه‌كانيانن. ئه‌رته‌ش ده‌وڵه‌تێكی گه‌نده‌ڵه‌‌ له‌ناو ده‌وڵه‌ت، په‌كه‌كه‌ ده‌كاته‌ بيانگه‌ بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی سوپا و ‌ده‌سه‌ڵاتی عورفی و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌زگاكانی حوكمڕانی ده‌وڵه‌ت. له‌به‌رژه‌وه‌نديان دانيه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ست له‌ كاری چه‌كداری هه‌ڵگرێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ هۆی مانه‌وه‌يان ناهێلێ. ئيمڕۆ ئه‌رته‌ش وه‌زعی له‌ هه‌موو ڕۆژانێكی ڕابوردوو خراپتره‌. له‌ ناوه‌وه‌، دوژمنه‌ سه‌ره‌كيه (ئيسلاميه‌)‌كه‌ی له‌ په‌رله‌ماندا زۆرينه‌يه‌ و حوكمه‌ت و موئه‌سسه‌سه‌كانی ده‌وڵه‌تی له‌به‌رده‌سته. دياره‌ كه‌ ترسی مه‌زنی ئه‌رته‌ش له‌وه‌دايه‌ كه‌ ئيسلاميه‌كان نيازيان وايه‌ ده‌ست له‌ ده‌ستووری توركی وه‌ربده‌ن و ڕۆلی ئه‌رته‌ش له‌سه‌ر شانۆی سياسی لابه‌رن.

بلۆفی ئه‌رته‌ش

جا ئێستا ئه‌رته‌ش خه‌ريكی هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌يه‌، ده‌يه‌وێ باری ناوچه‌كه‌ گرژ بكات، نه‌ك ته‌نيا بۆ ڕێگری له‌ په‌كه‌كه‌ و ڕيفه‌راندۆمی كه‌ركوك، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی سياسه‌تمه‌داره‌ توركيه‌كان بخاته‌ ژێر فشار و تاقی كردنه‌وه‌، و به‌رده‌وامێتی به‌ مانه‌وه‌ی خۆی بدات. سياسه‌تمه‌داره‌كانيش نايانه‌وێ بكه‌ونه‌ ناو ته‌ڵه‌ی ئه‌رته‌شه‌وه‌، بۆيه‌ ئه‌وانيش له‌ ڕووكه‌شدا توندی ده‌نوێنن له‌ به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌ و كه‌ركوك، به‌ڵام له‌ ژێره‌وه‌ خواخوايانه‌ كوردی باشوور كاريان لێ ئاڵۆز نه‌كات. ڕه‌نگه‌ ئه‌رته‌ش بتوانێ، به‌‌ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مريكی و كوردی عيراق، هێرشی ئاسمانی بكاته‌ سه‌ر بنكه‌كانی په‌كه‌كه‌و زه‌ره‌رێكی دياری كراوی مادديان لێ بدات، به‌ڵام له‌وه‌ زياتريان پێ ناكرێ. خۆ ئه‌گه‌ر په‌ل بۆ كوردستانی باشوور و كه‌ركوك بهاوێن، ئه‌وا له‌ ڕووی سياسيه‌وه‌، نفوزيان له‌ سه‌ر شانۆی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌كه‌ و ناو عيراقدا هه‌تا هه‌تايه‌ ده‌فه‌وتێ. به‌و كاره‌ شێتانه‌ تاقه‌ زلهێز‌ی دونيا له‌خۆينا زوير ده‌كه‌ن، فرسه‌تی هاتنه‌ ناو يه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ كيس خۆيان ده‌ده‌ن، و سوودمه‌ندێتی له‌ بازرگانی عيراقی له‌ده‌ست ده‌ده‌ن . بۆيه‌، مه‌ترسی توركی له‌سه‌ر كه‌ركوك و كوردستانی باشوور زۆر زل كراوه‌، و له‌ ڕاستيدا هه‌تا دێ ده‌سه‌ڵاتی توركی به‌سه‌ر هه‌ريمی كوردستاندا ڕووی له‌ نه‌مانه‌. بۆيه‌ش، پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ جورئه‌ته‌وه‌ پلان بۆ به‌رپه‌چ دانه‌وه‌ی لۆبی توركی دابنێن و به‌ بێ ‌ترسيه‌وه‌ به‌ره‌نگاريان ببنه‌وه‌.

ڕۆلی دراوسێكانی تر

ڕۆڵی ئێران نه‌ديوتر و ئاڵۆزتره‌. له‌ ڕێگه‌ی موقته‌داوه‌، كۆنتڕۆڵی عه‌ره‌ب و توركومانی شيعه‌ی كردوه‌، له‌ ڕێگه‌ی (انصار الاسلام)يشه‌وه‌، نفوزی له‌ نێو تێرۆريستانی سوننه‌دا كاريگه‌ره‌‌. ڕه‌نگه‌ به‌لای ئێرانه‌وه‌ گرنگ نه‌بێ ئايا له‌ ئه‌نجامدا كورد كه‌ركوكی ده‌ست ده‌كه‌وێته‌وه‌ يان نا. ئه‌وله‌ويه‌تی ئێران ئه‌وه‌يه‌ كه‌ فه‌شه‌ل به‌ پلانی ئه‌مه‌ريكی بهێنێ له‌ ته‌واوی عيراق، وه‌ نفوزیشی له‌ خواروی عيراق هه‌تا هه‌تايه‌ مسۆگه‌ر بێ. واته‌ ئه‌گه‌ر كورد كه‌ركوكی ده‌ست كه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ فيدڕاليه‌تێكی گه‌وره‌ی شيعه‌ی سه‌ر به‌ ئێران له‌ باشووری عيراق، ئه‌وا خۆيان به‌ براوه‌ ده‌زانن. بۆيه‌، لابردنی مه‌ترسی موقته‌دا و شيعه‌ی هاورده‌، ده‌كرێ له‌ ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه‌ ئه‌‌نجام بدرێ. پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كوردی ئيستيغلالی كرژی نێوان ئه‌مريكا و ئێران، و قه‌يرانی نێو ده‌وڵه‌تی ئێرانی بكه‌ن بۆ ده‌ستكه‌وتنی ته‌نازولاتی چاره‌نوس ساز له‌ كه‌ركوك.

سوريا و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بيه‌كانی تريش، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌لقاعيده‌ و به‌عس و عه‌شايه‌ری سوننه‌وه‌‌، توانای ده‌ستێوره‌ردانيان هه‌يه‌. سعوديه‌ داوای دواخستنی ڕيفه‌راندۆم ده‌كات‌، ئه‌ويش به‌ بيانووی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وكاره‌ ده‌بێته‌ مايه‌ی زياد بوونی توندو تيژی و ته‌قينه‌وه‌ی پێكدادان. هاوكات سعوديه‌ يه‌كێكه‌ له‌ مه‌سره‌فكه‌ره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی توندوتيژی له‌ عيراق، و به‌ ئاشكرا هه‌ڕ‌ه‌شه‌ی له‌ ئه‌مه‌ريكا كردوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر نفوزی ئێران له‌ عيراق كه‌م نه‌كاته‌وه‌، ئه‌وا پشتگيری له‌ تيرۆری سوننه‌كان زياتر ده‌كات. ڕۆژنامه‌ عه‌ره‌بيه‌كانی به‌غدا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌وا سعوديه‌كان وه‌عده‌ی دوو بليۆن دۆلاريان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم داوه‌ (له‌ كاتی سه‌ردانه‌كه‌یدا له‌ مانگی ئادار) له‌به‌رامبه‌ر ده‌ساڵ هه‌ڵپه‌ساردنی كێشه‌ی كه‌ركوك. به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كان، سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و عه‌رزه‌ی سعوديه‌كانی له‌ جێگه‌ی خۆيدا ره‌ت كردۆته‌وه‌.

بێ ده‌نگی ئه‌مه‌ريكی

زه‌قی مه‌وقيفی ئه‌مه‌ريكی له‌ بێ ده‌نگيه‌كه‌يه‌تی‌‌، به‌ بيانوی مه‌شغولیه‌تی له‌ به‌غدا‌. به‌لای بێگانان‌ وايه‌ كه‌ ئه‌و بێده‌نگيه‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌، به‌ڵام له‌ ڕاستيدا وانيه‌‌. سياسه‌تی ئه‌مه‌ريكی سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك پڕ بووه‌ له‌ حه‌زه‌ر، وه‌ جياوازيه‌كی مه‌زن هه‌يه‌ له‌ نێوان هه‌ڵوێستی نهێنی و ئاشكرايان. له‌لايه‌كه‌وه‌ ته‌نيا چاودێرن‌ و زۆركه‌م ده‌ست له‌ كاروباری ئيداره‌و پۆليس و سياسه‌تكاری ناوه‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌ده‌ن‌. سه‌ڕه‌ڕ‌ای ته‌وژمی لۆبی توركی له‌ واشينگتۆن، هێشتا سه‌رۆك بوش ملكه‌چی فشاره‌كان نه‌بوه‌ به‌و ڕاده‌يه‌ی كه‌ توركيا ده‌يه‌وێ. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌يشدا، ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی ده‌ستی كورديان له‌ دواوه‌ كه‌له‌بچه‌ كردوه‌‌ و ڕێگه‌يان پێ نه‌داوه‌ له‌ ڕووی هێرشی تێرۆری عه‌ره‌بی سوننه‌دا به‌ سه‌ربه‌خۆيی به‌رگری له‌ خۆی بكات. فشاريش ده‌خه‌نه‌ سه‌ر سه‌ركرده‌كان تاوه‌كو نه‌رمی له‌ به‌رامبه‌ر ويستی توركيدا بنوێنن.

ئه‌مه‌ريكيه‌كان وايداده‌نێن كه‌وا له‌ عيراقێكی يه‌ك گرتوودا، توانايان به‌سه‌ر ڕووداوه‌كان زياتر ده‌بێ، و پارچه‌ كردنی عيراق ڕێگه بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ئێرانی خۆش ده‌كات. له‌وه‌ش گرنگتر، ته‌ركيزی ئێستای ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی له‌سه‌ر كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌ركه‌ره‌كانيانه‌ به‌رله‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوی سه‌رۆكايه‌تی ئه‌مه‌ريكی. واته‌ مه‌سه‌له‌ی ماف و ئاوات و به‌رژه‌وه‌ندی ميلله‌تێكی حه‌ليفيان ئه‌وله‌ويه‌ت وه‌رناگرێ، وه‌ ئه‌گه‌ر پێويست بێ كه‌ركوك ده‌كه‌نه‌ قوربانی هه‌لبژاردنه‌وه‌يان.

هه‌ڵوێستی نهێنی سه‌رۆك بوش

هه‌ندێ سياسه‌تمه‌داری ئه‌مه‌ريكی ڕايان وايه‌ كه‌وا ده‌ستووری ئێستای عيراق چاره‌ی گرفته‌كان ناكات، به‌لام ده‌‌شزانن ده‌ستێوه‌ردانی ئاسان نيه‌. گروپی به‌يكه‌ر-هاميلتن له‌ كۆتايی سالی ٢٠٠٦دا پێشنيازی كرد كه‌ ڕيفه‌راندۆمی كه‌ركوك دوابخرێ، و شاره‌كه‌ نه‌‌خرێته‌ سه‌ر كوردستان، و ڕێگا چاره‌سه‌رێكی تری به‌ به‌شداری توركيا بۆ بدۆزرێته‌وه‌. له‌ ترسی كاردانه‌وه‌ی ناڕه‌زايی كوردی، سه‌رۆك بوش خۆی به‌و ئامۆژگاريه‌ پابه‌ند نه‌كرد، و‌ كوردی دڵنيا كرده‌وه‌ كه‌وا ڕێگا چاره‌سه‌ريی ده‌ستووری قه‌بوله‌. دياره‌ كه‌ ويستی جارێ بابه‌ته‌كان له‌خۆی ئاڵۆزتر نه‌كات، ده‌نا ئه‌ويش و ته‌واوی ٥۳٥ كۆنگرێسمان و هه‌موو پاڵێوراوه‌كانی سه‌رۆكايه‌تی خولی داهاتووی هه‌لبژاردنی ئه‌مه‌ريكی، هه‌ماهه‌نگ بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشنازه‌ی به‌يكه‌ر هامليتن. زانياری ناو كۆشكی سپی وا ده‌گه‌يه‌نێ كه‌وا سه‌رۆك بوش به‌ نهێنی داوای كردوه و هه‌وڵی داوه‌‌ كه‌ ڕيفه‌راندۆمی كه‌ركوك هه‌تا ئاينده‌كی دياری نه‌كراو (هه‌تا هه‌تايه‌) دوابخرێ.

دياره‌ كه‌ له‌ كۆتاييدا ئه‌مه‌ريكا و حه‌ليفه‌ سه‌ره‌كيه‌كه‌ی (به‌ريتانيا) پشتگيری له‌ ڕيفه‌راندۆم ناكه‌ن و به‌و هه‌موو لايه‌كيان ڕێگه‌ی لێده‌گرن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان خاڵی لاوازی كورد به‌باشی ده‌زانن و كاريشی تێ ده‌كه‌ن، وه‌ له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ ده‌توانن فشاری ڕاسته‌وخۆ بخه‌نه‌ سه‌ر سه‌ركرده‌كانيان، وه‌يان به‌ ناڕاسته‌وخۆ به‌ توركيا بيانترسێنن. هه‌ربۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، ئه‌مه‌ريكا (جه‌نه‌ڕاڵ جۆزێف ڕالستۆن) و به‌ريتانيا (ئێدريان ڕيبی)‌ له‌ بۆ ناوچه‌كه‌ هه‌ناردوه‌، و تا ڕاده‌يه‌كی زۆريش كاره‌كانیان ئه‌نجامی هه‌بوه. سه‌ڕ‌‌ه‌ڕای ئه‌وه‌يش، ئه‌گه‌ر سه‌رۆك بوش بۆی ده‌ر‌كه‌وێ كه‌وا نرخی سه‌قامگير كردنی ئاسايش له‌ به‌غدا، له‌ده‌ستدانی ئاسايشه‌ له‌ كه‌ركوك، ئه‌وا ڕه‌نگه‌ زووتريش قورسايی شه‌خسی خۆی بخاته‌ گه‌ر بۆ نه‌رم كردنی هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی كورد. بۆيه‌ ده‌بێ سه‌ركرده‌كانی كورد وای دانه‌نێن كه‌ ئه‌مه‌ريكايان له‌ پشته‌ و پشتگيريه‌كه‌يان هه‌تا سه‌ره‌.

ڕيگاچا‌ر‌ه‌ی بێگانه‌كان

سه‌ڕه‌ڕا‌ی لێشاوی لۆبی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی له‌ دژی‌ ده‌ستور، تا ئێستا هيچ بێگانه‌يه‌ك پێشنيازی ڕێگاچاره‌يه‌كی به‌ديلی ماقولی پێشكه‌ش به‌ كورد نه‌كردوه‌. (ئينته‌رناشنال كرايسز گروپ) ته‌نيا لايه‌نن كه‌ به‌و دواييه‌ به‌رنامه‌يه‌كی به‌ديليان خستۆته‌ ڕوو، ئه‌ويش ئاراسته‌ی كورد نه‌كراوه‌. پێشنيازيان كردوه‌ كه‌وا ڕيفه‌راندۆم دوابخرێ، كه‌ركوك (به‌، وه‌يان به‌بێی، شارۆچكه‌ و دێهاته‌كه‌كانی) بكرێته‌ هه‌ريمێكی فيدرالَي كاتيى. ده‌سه‌ڵات له‌ نێوان هه‌رچوار لايه‌نه‌ سه‌ره‌كيه‌كه‌ی دانيشتوانی (به‌ هاورده‌كانه‌وه‌) دابه‌ش بكرێ، پۆسته‌ گرنگه‌كان له‌ كورده‌كان بستێندرێته‌وه‌. ئاساييكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى مولَكايه‌تى له‌ رێگاى ئه‌و قانون و ميكانيزمه‌‌ی كه‌ له‌ ئارادايه‌ و به‌ شێوه‌ی ئاستيخوازانه‌ ئه‌نجام بدرێ. نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان (UN) له‌ سه‌رپه‌رشتی كردنی پڕۆسه‌ی دابه‌ش كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و پۆسته‌ سه‌ره‌كيه‌كان به‌شدار بێ، ئه‌وه‌يش نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرينه‌، به‌ڵكو بۆ ڕازی كردنی هه‌موو لايه‌ك. توركيا، شان به‌ شانی كورد و حكومه‌تی به‌غدا و ئه‌مه‌ريكا، به‌شداری سه‌ره‌كی بن له‌ سه‌ر مێزی هه‌موو گفتوگۆيه‌ك. ئه‌مه‌ريكاش به‌ ڕاسته‌وخۆيی كاری ئاسايش و پۆليسی كه‌ركوك بگرێته‌ ده‌ست و پۆسته‌ سه‌ره‌كيه‌كان له‌ كود بستێنێته‌وه‌‌.

كرايسز گروپ له‌ نزيكه‌وه‌ ئاگاداری باره‌ كرژه‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ كاتی نوسينياندا، ته‌نيا ڕه‌چاوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی غه‌يره‌كورديان كردوه‌، وه‌ داواكاريه‌كانی كورديش به‌ ناواقيعی و ناماقول داده‌نێن. خۆ چه‌ندين بڕگه‌ی پێشنيازه‌كانيان زه‌قاوزه‌ق كار له‌ كورد ئاڵۆز ده‌كه‌ن و ڕۆلی ناحه‌زه‌كان زاڵ ده‌كه‌ن. توركيا ده‌كه‌نه‌‌ شێری گفتۆگۆ، كه‌ له‌ ڕاستيدا پێويسته‌ هه‌ر جێگه‌ی باس لێوه‌ كردن نه‌بێ. ڕۆلی نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان زه‌ق ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ڕاستيدا ئه‌وانه‌ حيساب بۆ كه‌مايه‌تی ناكه‌ن و به‌ سروشت له به‌رژه‌وه‌ندی ووڵاته‌ ئه‌ندامه‌كانیان ڕه‌فتار ده‌كه‌ن. بێ گومان ده‌ركردنی كورد له‌ ده‌سه‌ڵات و پۆسته‌ سه‌ره‌كيه‌كانی كه‌ركوك مانای بنده‌سته‌ كردنی كورد‌ و‌ سه‌راوبن كردنی هاوكێشه‌كانه‌ له‌ دژی كورد.

كرايسز گروپ داوا له‌ ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی ده‌كات به‌ كه‌مپه‌ينێكی ئاكتيڤ هه‌لسێ بۆ ئه‌نجامدانی سێ كاری لێكبه‌ستراو كه‌ هه‌رسێكيان بۆ ته‌نازول پێ كردنی كورده‌. له‌لايه‌كه‌وه‌ پێشنياز ده‌كات كه‌وا له‌رێگه‌ی قانونی نه‌وته‌وه‌، فاكته‌ری نه‌وت له‌ هاوكێشه‌كان ده‌رهێنێ بۆ ڕێگرتن له‌ جيابوونه‌وه‌ی كورد له‌ عيراق. دووهه‌ميان، حكومه‌ت و ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست له‌ كه‌ركوك و ڕيفه‌راندۆم هه‌لبگرێ. سێهه‌ميان، كيشه‌ی په‌كه‌كه‌ و توركيا چاره‌سه‌ر بكرێ له‌ ڕێگه‌ی ته‌سليم بوونه‌وه‌ و تاواندنه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ به‌ يارمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی باشور. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان په‌كه‌كه‌ ناو ناهێنن به‌ نوێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردی باكور، و پێشنيازی پياده‌كردنی ديموكراسيه‌ت له‌ توركيا ناكه‌ن، و ئيشاره‌تێكی مرۆڤانه‌ بۆ كوردی باكور ناكه‌ن. واته‌ له‌ هيچ له‌و پێشنيازانه‌دا، جه‌خت له‌ عه‌داله‌تی قه‌زيه‌ی كوردی كه‌ركوك ناكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوردی به‌ ناهه‌قكار و دڕنده‌ له‌ قه‌له‌م ده‌ده‌ن. وه‌ ده‌يانه‌وێ كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر بارو دۆخی سه‌رده‌می سه‌ددام.

پێشنيازی فيدراليه‌تی كه‌ركوك

فيدراليه‌تی كه‌ركوك له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم

به‌لای بێگانه‌كانه‌وه‌، هه‌تا كه‌ركوك له‌ عيراق بێ كورديش عيراقيه‌‌. ده‌وڵه‌تی كوردی سه‌ربه‌خۆ به‌بێی كه‌ركوك خۆی ناگرێ. وه‌ هه‌رێمی كوردستان خۆی وا نيمچه‌ دابڕانێك له‌ عيراق دابڕاوه‌، وه‌ له‌دوای ده‌سته‌كه‌وتنه‌وه‌ی كه‌ركوك كورد هيچ هانده‌رێكی نامێنی تا له‌ ناو عيراقدا بمێنێ. به‌ مانايه‌كی تر، لكاندنی كه‌ركوك به‌ هه‌رێمی كوردستان مانای دابه‌ش كردنی حه‌تمی عيراق و دامه‌زرانی مسۆگه‌ری ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌. به‌لای ئه‌و بێگانانه‌ و به‌ ڕای هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌كانی كوردی به‌غدا‌، ده‌كرێ كه‌ركوك ببێته‌ فيدراليه‌تێكی ته‌نيا، له‌ ده‌ره‌وه‌ی حوكمی هه‌رێمی كوردستان و مه‌ركه‌زی عيراق، به‌ چاودێری نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان.

هه‌ڵبه‌ت، دڵی سه‌ركرده‌ كورده‌كان به‌وه‌ خۆشه‌ كه‌وا زۆرينه‌ی كه‌ركوك كوردن و ده‌سه‌ڵاتی حيزبه‌ كورديه‌كان و هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ريدا مسۆگه‌ره‌‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ وا نه‌بێ، چونكه‌ له‌ ئاينده‌دا، به‌لای دانيشتوانی كه‌ركوك (به‌ كورد و غه‌يره‌ كورده‌وه‌)، به‌رژه‌وه‌ندی ناوچه‌يی شاره‌كه‌يان ئه‌وله‌ويه‌ت وه‌رده‌گرێ، و هاوده‌نگيان له‌گه‌ڵ باقی كوردستان مسۆگه‌ر نابێ. ئه‌و ئه‌نجامه‌ له‌ ڕووی كۆمه‌ڵايه‌تی و زمانه‌وانيه‌وه‌ گرفت نيه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی سياسيه‌وه‌، له قورسايی ده‌نگ و لۆبی سياسی كوردی كه‌م ده‌كاته‌وه‌. وه‌ له‌ ڕووی ئابووريه‌وه‌، خێراتی كه‌ركوك بۆ باقی كوردستان كه‌متر ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركرده‌ی سياسی كوردی به‌سه‌ريدا كه‌متر ده‌بێته‌وه. ئه‌وه‌ خۆی له‌ خۆيدا بۆ كه‌ركوكيه‌كان سوودی هه‌يه،‌ و بۆ پارتی و يه‌كێتی مه‌ترسی هه‌يه‌. ڕه‌نگه‌ له‌ڕووانگه‌‌يه‌كی ته‌سكی حيزبايه‌تیه‌وه‌، يه‌كێتی به‌وه‌ ڕازی ببێ چونكه‌ كه‌ركوك به‌ گۆڕه‌پانێكی سروشتی خۆی ده‌زانێ. به‌ڵام پارتی ئه‌وه‌ به‌ مه‌ترسی ده‌زانێ، چونكه‌‌ له‌كۆنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری حيزبه‌كه‌ له‌و شاره‌دا لاوازه، سه‌ڕه‌ڕای كاری بێ ووچانی سه‌ركرده‌كانی پارتی ومه‌شغه‌له‌تی يه‌كێتی به‌‌ قه‌يرانی ناوه‌خۆيی. هه‌لبه‌ت، هه‌ردوو لايان هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر چاره‌نووسی كه‌ركوك و كوردستان له‌ ڕوانگه‌ی ته‌سكی حيزبايه‌تی و وه‌زعی جه‌ماوه‌ری ئێستايان دياري بكه‌ن.

فيدراليه‌تی كه‌ركوك له‌ناو هه‌رێم

ده‌كرێ كه‌ركوك به‌ڕه‌زامه‌ندی كورده‌وه‌ بكرێته‌ "حاله‌تێكی تايبه‌ت" و نيمچه‌ فيدراليه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ به‌ڵام له‌ناو هه‌رێمی كوردستان. له‌و حاله‌ته‌دا، ده‌كرێ‌ پارێزگاكانی تری كوردستان هه‌مان سيفه‌تی نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆيان له‌ناوه‌وه‌ی هه‌رێم هه‌بێ، به‌ڵام هه‌موويان ده‌بێ سه‌ر به‌ يه‌ك په‌رله‌مان و يه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم و يه‌ك سه‌رۆكايه‌تی هه‌رێم بن. خۆ ئه‌و جۆره‌ بۆچوونه‌ سوودمه‌نده‌ و به‌ڵكه‌ ديموكراسيه‌ت له‌ كوردستان به‌هێز ده‌كات، و ڕێگه‌ له‌ ديكتاتۆريه‌ت و ئۆتۆكراتيه‌ت ده‌گرێ. هه‌لبه‌ت ئيمڕۆ سلێمانی و هه‌ولێر هه‌ر به‌ناو يه‌كگرتوون به‌ڵام له‌ ڕاستيدا دوو فيدراليه‌تی نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆن، و كه‌ركوكيش سێهه‌ميان ده‌بێ. له‌و حاله‌ته‌دا، مه‌رجه‌ كه‌ پڕۆسه‌ی ئاساييكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك به‌رده‌وام بێ، ئه‌وجا باس له‌ دابه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوشار بكرێ و به‌ قازانجی هه‌موو لايه‌ك ببڕێته‌وه‌. هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌كانی كورد (بۆ نمونه‌ تاله‌بانی) پشتگيری خۆی له‌ به‌شداری ده‌سه‌ڵات به‌ ڕێژه‌ی ۳٢-۳٢-۳٢-٤ بۆ كورد-عه‌ره‌ب-توركومان-كلدۆئاشوريه‌كان ده‌ربڕيوه‌. ده‌شكرێ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ توركومان، عه‌ره‌ب يان كلدۆئاشووريه‌كان تێيدا زۆرينه‌ن، جۆره‌ حوكمێكی زاتیان هه‌بێ كه‌ تێيدا گه‌شه‌ به‌ كه‌ڵتور و هه‌ويه‌ی قه‌وميان بده‌ن.

له‌ به‌شی دووه‌می ئه‌و ووتاره‌دا (له‌ هه‌فته‌ی داهاتو)، ڕێگا چاره‌ی ده‌ستووری و ئيختياره‌كانی به‌رده‌می كورد و هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی كورد تاوتوێ ده‌كه‌م.

Monday, 30 April 2007

قه‌يرانی كوردی ئێران و مه‌سئوليه‌تی سه‌ركرده‌كانيان



له‌ ديوی ئێران: باری خه‌لك ناله‌باره‌، ڕژێم له‌ قه‌يرانه‌، و حيزبه‌ كورديه‌كان له‌ په‌ڕاوێزدانه‌

هه‌تا سه‌ركرده‌كان ناوماڵيان ته‌رتيب نه‌كه‌ن وشێوازی خه‌باتيان نه‌گۆڕن، نابنه‌‌ ياريكه‌ر له‌ سه‌ر شانۆی ڕووداوه‌كان

هاوڵاتی ژماره‌ ۳٢٥ی ۹ی مايۆی ٢٠٠٧

پرۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

ململانێی ئێران له‌به‌رامبه‌ر گه‌وره‌ زلهێزی دونيا، هه‌روا به‌رده‌وام له‌ سه‌ردێڕی هه‌واڵه‌كانه‌‌. وا چاوه‌ڕوان ده‌كرا كه‌ له‌ ڕووی هه‌لچوونی فشاری نێوده‌وڵه‌تیدا، سه‌رۆك مه‌حمود ئه‌حمه‌دینه‌ژاد نه‌رميی بنواندبايه‌ و ووڵاته‌كه‌ی له‌ ئاگری پێكدادان و شه‌ڕی خۆتڕين ڕزگار كردبايه‌. به‌ڵام، به‌ پێچه‌وانه‌وه، ئيختياری زياده‌ كرژيی هه‌ڵبژارده‌وه و به‌ شێوازی به‌رامبه‌ركی له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان كارده‌كات و كارده‌داته‌وه‌‌. ده‌يه‌وێ ده‌ريبخات كه‌ ڕژێمی ئێران بايی ئه‌وه‌نده‌ له‌ خۆی دڵنيايه كه‌ نه‌ك ته‌نيا له‌ هه‌ڕ‌‌ه‌شه‌ی زلهيزان ناترسێ، به‌ڵكو ته‌شقه‌ڵه‌شیان پێ ده‌كات. هه‌ر ئه‌و شێوه‌ بير كردنه‌وه‌‌يه‌ بوو وای لێكرد كه‌ پازده‌ سه‌رباز‌ه‌ ئاويیه‌‌كانی به‌ريتانيا‌ بفڕێنێ و دوايی ئازاديان بكات، وه‌يان بێته‌ سه‌ر شانۆ و به‌بێ منه‌تی بڵێ كه‌ ئێران توانای زياده‌ به‌رهه‌مهێنانی يۆرانيۆمی پاك كراوی هه‌يه‌ هه‌تا ڕاده‌ی دروستكردنی چه‌كی ئه‌تۆمی.

ئه‌مريكا و لێدانی ئێران

له‌ ووتارێكی پێشترمدا (هاوڵاتی ژماره‌ ۳١٥ و ۳١٦) ستراتيژيه‌تی نوێی سه‌رۆك (بوش)م تاوتوێ كرد و خوێندنه‌وه‌ی خۆم بۆ پلانه‌كه‌ی دياريكرد به‌وه‌ی كه‌ ده‌يه‌وێ دوو چۆله‌كه‌ به‌ به‌ردێك بكوژێ. له‌لايه‌كه‌وه‌ ده‌يه‌وێ ئارامی له‌ عيراقدا سه‌قامگير بكات، له‌ لايه‌كی تره‌وه‌ خۆی بۆ ليدانی ئێران ئاماده‌ بكات. به‌لای نێۆكۆنزێرڤه‌تيڤه‌كان، واته‌ فه‌يله‌سوفه‌ ستراتيژيسته‌كانی پاڵپشتی ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش، زۆر گرنگه‌ كه‌ گه‌وره‌ زلهێزی دونيا له‌ شه‌ڕی عيراقدا نه‌يدرۆڕێنی، ده‌نا له‌ عيراقه‌وه‌ سه‌ره‌وخوار، كۆتايی به‌ هه‌يبه‌ت و ده‌سه‌ڵات و نفوزی ئه‌مريكی دێ. ‌ تاكه‌ فاكته‌ری ڕێگريش له‌ سه‌ركه‌وتن، مه‌سه‌له‌ی ده‌ستێوره‌ردان و نفوزی بێ سنووری ئێرانيه‌ له‌ سياسه‌ت و جيهازی ده‌وڵه‌تی عيراقی. هاوكات، ئێران خه‌ريكی دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆميه‌، به‌وه‌ش بوونی ئيسرائيل و نفوزی ئه‌مريكا و ئارامی ووڵاته‌كانی ده‌ورو پشت و باقی جيهان ده‌خاته‌ مه‌ترسی هه‌ژانه‌وه‌. بۆيه‌ به‌ هه‌ر وه‌سيله‌يه‌ك بێ، ده‌بێ ڕێگه‌ له‌ ڕژێمی ئێران بگيردرێ.

له‌ ووتاره‌كه‌ی پێشوو، هه‌وڵمدا ئه‌لته‌رناتيڤه‌كانی به‌رده‌می سه‌رۆك بوش و سه‌رۆك ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هه‌لسه‌نگێنم، و ويستم كه‌ نيشانی بده‌م بۆچی ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ئه‌مريكا و ئێران زياتره له‌ ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ری ئاشتيانه‌. ڕاسته‌‌ لێدانی ئێران كارێكی ئاسان نيه، له‌به‌ر چه‌ندين هۆی لۆجيستی و عه‌سكه‌ری. به‌ڵام سه‌ڕ‌ه‌ڕای ئه‌و گرفتانه‌، له‌وه‌ده‌چێ كه‌ ده‌مێكه‌ سه‌رۆك بوش و حكومه‌تی ئيسرائيل بڕياری لێدانی ئێرانيان داوه،‌ وه‌ كارهه‌ر له‌سه‌ر ته‌نفيزيان ماوه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، له‌ چه‌ندين لاوه‌، موخابه‌راتی (سی ئای ئه‌ی) و وه‌زاره‌تی به‌رگری (په‌نتاگۆن) و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مريكی، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نه‌زيڕه‌كانی ئيسرائيليان، كه‌وتوونه‌ته‌ جموجۆڵيی و ئاماده‌باشی و زه‌مينه‌ خۆش كردن. به‌شێك له‌و ئاماده‌كاريه‌، بريتيه‌ له‌ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و لايه‌نانه‌ی كه‌ ئه‌مريكا به‌ گرنگيان ده‌زانێ له‌ كاتی لێدانی ئه‌مريكی. ئه‌وانه‌ توركيا و لايه‌نه‌ عيراقيه‌كان و هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌ته‌ كه‌نداويه‌كان و پاكستان و ئه‌فغانستان و زلهێزه‌ جيهانيه‌كان ده‌گرێته‌وه‌. بێ گومان، خودی ئۆپۆزيسيۆنی ناوه‌كی ئێرانيش ده‌بێ به‌شێك بن له‌و ئالقه‌ گرنگانه، به‌ڵام ئايا به‌شدارن يان چاودێر.

ڕۆڵی ئوپۆزيسيۆنی ئێرانی

هه‌ڵبه‌ت، لايه‌نی ئوپۆزيسيۆنی ئێرانی (عه‌ره‌بی و فارسی و كوردی و بلوشی و توده‌ و موجاهيدی خه‌لق و شاهه‌نشاهيه‌كان و هی تر) گرنگی خۆيان هه‌يه‌، و تا ئێستا ئه‌مريكا په‌يوه‌ندی، به‌ كه‌م يان به‌ زۆر، به‌ زۆربه‌يان كردوه‌. به‌لام دياره‌ كه‌ له‌مه‌ودای سێ دێكه‌يد (دێكه‌يد = ده‌ساڵ‌)ی ڕابوردوودا، ڕژێمی ئێرانی توانيويه‌تی ئۆپۆزيسيۆنه‌كانی خورد كاته‌وه‌ و له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ئێراندا زه‌ربه‌ی كوشنده‌يان لێ بدات. له‌ زۆر حاله‌تيشدا، ڕژێمی ئێران پێويستی به‌ پيلانی گرانبه‌ها نه‌بوه‌ بۆ ده‌ست لێوه‌شاندنيان، چونكه‌ ئيمڕۆ ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانی له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكی پێشوودا بێ ئه‌ستێره‌ و بێ مه‌رجه‌ع و بێ ڕێڕه‌وترن. بۆيه‌، هێچ جۆره‌ ئه‌لته‌رنه‌تيڤێك بۆ ڕژێمی ئێستای ئێران له‌ ئاسۆدا به‌دی ناكرێ.‌ ڕوخانی ڕژێيميش، سه‌ڕ‌‌ه‌ڕای ئه‌زمه‌ی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی ووڵاته‌كه‌، وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی بيركردنه‌وه‌ی ناواقيعيانه‌ی ئۆپۆزيسيۆن، له‌ حيسابی زلهێزه‌كاندا نيه‌.

دياره‌ كه‌ حيزبه‌ ئۆپۆزيسيۆنه‌كان له‌ ده‌وروبه‌ر و ڕۆژگاری دژواردا خه‌باتیان كردوه‌ و تائێستا نه‌يانتوانيوه‌ سوود له‌ ده‌رفه‌ته‌ جيهانی و ناوچه‌ييه‌كان ببينن. له‌ ئاستی ناوه‌خۆياندا، هه‌ر له‌ به‌ر ناته‌واوی پێكهاته‌ی حيزبيان، و سياسه‌تی ناوه‌كيان و ته‌حالوفاتيان و ململانێی نێوانياندا، خۆيان گه‌وره‌ترين دوژمنی خۆيان بوونه‌. بێجگه‌ له‌وانه‌ش، ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانی هه‌ر له‌ فه‌له‌كی كلاسيكی كۆندا ده‌سووڕێته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی بازی دابێته‌ سه‌ر قافله‌ی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجی و گلۆبه‌ليزه‌ و خۆڕاهێنان له‌گه‌ل قانونی جيهانی تازه‌، كه‌ تێيدا چاره‌نووسی ووڵاتان له‌سه‌ر كاغه‌ز و له‌ سه‌ر مێزی بڕيارده‌رانی زلهێزه‌كاندا دياري ده‌كرێ، نه‌ك له‌ ناو ده‌شت و چياكانی ئێران.

هه‌ڵبه‌ت لێدانی ئێران له‌مه‌ودای دووردا له‌‌ قازانجی ووڵاته‌ دراوسێكان و باقی مرۆڤايه‌تی جيهانيدايه‌‌. به‌ڵام گه‌وره‌ترين سوودمه‌ندی ئه‌و لێدانه‌ بريتيه‌ له‌ ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانی، به‌ حيزبه‌ كورديه‌كانه‌وه‌. بۆيه‌ش، به‌ گوێره‌ی لۆژيك، وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه‌ ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانی ڕۆڵيان له‌ پڕۆسه‌كه و له‌ هاوكاری ئه‌مريكادا هه‌بێ. شێتكی چاوه‌ڕوان لێكراويشه‌ كه‌ ڕژێمی ده‌ستوه‌شێنی ئێران له‌مه‌ودوا ته‌ركيزێكی زياتر (له‌ ڕووی زانياری و لێدانی سه‌ربازی) بخاته‌ سه‌ر ئۆپۆزيسيۆن، تاوه‌كو لاوازتر و بێ خێرتريان بكات.

له‌ڕووی ستراتيژيه‌وه‌، ڕژێمی ئێران حيسابی مه‌زنتر بۆ حيزبی ئۆپۆزيسيۆنی سه‌رتاسه‌ريی ئێرانی ده‌كات، ئه‌وانه‌ی ده‌ستيان ده‌گاته‌ ته‌هران وموئه‌سسه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئێران‌. له‌وانه‌، ڕه‌نگه‌ موجاهيدی خه‌ڵق له‌ هه‌مويان كاريگه‌رتر بێ‌. هه‌ڵبه‌ت، ئۆپۆزيسيۆنی عه‌ره‌بی خوزستانيش، گرنگی تايبه‌تيان هه‌يه‌ له‌به‌ر نزيكيان له‌‌ سه‌رچاوه‌ و ڕێ هاتوچۆی نه‌وت و به‌رهه‌مه‌ ئابووريه‌كانی تر. به‌لام ئێران توانيويه‌تی مه‌ترسی ئه‌وانه‌ كه‌م بكاته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌ت و ڕێكخراوه‌ شيعه‌ كاريگه‌ره‌كانی عيراقیدا. هه‌رچی ئۆپۆزيسيۆنی كورديه‌، ڕۆڵ و تايبه‌تمه‌ندێتيه‌كه‌ی جياوازه‌ له‌وانی تر، مه‌ترسيه‌كه‌ی بۆ ڕوخانی ڕژێم له‌وانی تر كه‌متره‌، و به‌هه‌مان شێوه‌ش بايه‌خی بۆ ئه‌مريكا له‌وانی تر كه‌متره‌.

ڕۆڵی حيزبه‌ كورديه‌كان

ئاشكرايه‌ كه‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات‌ گرنگيه‌كی ستراتيژی عه‌سكه‌ری و ئابوری و سياسی ئه‌وتۆی نيه كه‌ به‌ هۆيه‌وه‌ ڕژێمی ئێران لاواز ببێ وه‌يان بڕوخێ. هه‌روه‌ك هی كوردستانی باشوور نه‌يبو به‌رامبه‌ر به‌ ژڕێمی به‌غدا له‌ سه‌رده‌می حوكمی مه‌ركه‌زی. به‌ڵام توانای كوردی ئێران ده‌كرێ زۆر زياتر بێ له‌وه‌ی كه‌ هه‌يه‌. خۆ له‌ ڕووی ژماره‌‌ی دانيشتوان و پانايی جيۆگرافیه‌وه‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ هی باشوور گه‌وره‌تره. وه‌ توانای ڕژێمی ئێران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی خاك و خه‌لك و ڕووداوه‌كانی ناو كوردستانی كه‌متره‌ وه‌ك له‌ باقی ئێران. سه‌ڕ‌‌ه‌ڕای لاوازيان، حيزبه‌ كورديه ئێرانيه‌كان جه‌ماوه‌رينه‌ و تۆڕی ڕێكخراوه‌يی و زانياریان بڵاوه‌. دياره‌ كه‌ ترسی ئێرانيش له‌وه‌دا‌يه‌ كه‌ ڕ‌ه‌نگه‌ ئه‌مريكا و ئيسرائيل هه‌وڵده‌ن ئه‌و ڕێكخراوانه‌ ڕازی بكه‌ن و داوای هاوكاريان لێ بكه‌ن و له‌ دژی ڕژێم به‌كاريان بهێنن. بۆيه‌ش، حيزبه‌ كورديه‌كان له‌ مه‌وقيعێكی به‌هێزدان بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی ميژوويی گرنگ ببينن له‌ كۆ كردنه‌وه‌ی ئۆپۆزيسيۆن و به‌رده‌وامی پێدانی فشاری سياسی له‌سه‌ر ئێران.

له‌ ئاينده‌ی نزيكدا، ئه‌مريكا و ئيسرائيل، پێويستيان به‌ زانياری زيندوو ده‌بێ، بۆ تێگه‌يشتن له‌ حاڵی ناو ئێران و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فشاری نێوده‌وڵه‌تی له‌ناو جيهازی ده‌وڵه‌ت و نه‌فسيه‌تی خه‌ڵكی ئێران. بۆ ئه‌وه‌ش پێويستيان به‌ تۆڕی ئۆپۆزيسيۆنێكی كاريگه‌ر هه‌يه‌ كه‌ بتوانن ڕێڕه‌وی شه‌ر و چاره‌نووسی دواڕۆژی ئێران بگۆڕن. ئه‌مريكا و ئيسرائيل ئاماده‌ن هاوپه‌يمانيه‌تی ئه‌و ئۆپۆزيسيۆنه‌‌ له‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌كدا مسۆگه‌ر بكه‌ن. به‌وه‌ش حيزبه‌ كورديه‌كان ده‌توانن له‌ خاڵێكی به‌هێزه‌وه‌ بێنه‌ مه‌يدان و مه‌وقيعی سياسی خۆيان دابكوتن. له‌و حاڵه‌ته‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌مريكا پشتيان پێ ببه‌ستێ بۆ پێشڕه‌ويكردنی ئوپۆزيسيۆنی ئێرانی، و كاركردنه‌ سه‌ر ڕووداوه‌ ناوه‌كيه‌كانی ئێران، وه‌ك ئه‌و ڕۆڵه‌ مه‌زنه‌ی كه‌ يه‌كێتی و پارتی ديتيان به‌رله‌ ڕوخانی ڕژێمی سه‌ددام.

هه‌ڵبه‌ت له‌ ياری نێوده‌وڵه‌تيدا، كورد به‌ گشتی هێشتا ياريكه‌ری كاريگه‌ر نيه‌، به‌ڵام له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، خه‌ريكه‌ حيسابی بۆ بكرێ. هه‌روه‌ك له‌ ووتاری پێشوومدا ئاماژه‌م بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌وا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌ت و حيزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عيراقدا نيه‌ كه‌ ببنه‌ ته‌ره‌ف له‌ ململانێی ئه‌مريكا و ئێران. به‌ڵام بۆ حيزبه‌ كوردیه‌ ڕۆژهه‌ڵاتيه‌كانی ديوی ئێران، ئه‌و كرژيه‌ی ئه‌مريكا و ئێران فرسه‌تێكی مێژووييه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شانۆی ڕووداودا سه‌ر هه‌ڵده‌نه‌وه‌ و ببنه‌ ياريكه‌رێكی گرنگ. خۆ له‌ ڕووی باری ته‌نيزيميه‌وه‌، حيزبه‌ كورديه‌كان له‌ باقی ڕێكخراوه‌كانی ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانی له‌پێشترن وه ده‌توانن له‌ ڕووی جمومۆڵيشه‌وه‌ له‌ پێش بن. هه‌ڵبه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێ ئاماده‌ بن بۆ قوربانيدان، وه‌ بۆ هێرشی دڕندانه‌ی ئێران. ده‌بێ ئاماده‌ش بن بۆ به‌لاوه‌نانی جياوازيه‌ ناوه‌كيه‌كانيان، تاكو ئه‌مريكا حيسابيان بۆ بكات و ده‌ست له‌ ناو ده‌ستيان بنێ و ماندووبوونی پێيانه‌وه‌ خه‌سار نه‌بێ. .

ئايا حيزبه‌ كورديه‌كان ئاماده‌ن؟

نه‌خێر، به‌و شێوه‌ی ئێستايان، حيزبه‌ كوردیه‌كانی ئێران شاخێكی به‌رزیان له‌به‌رده‌مه‌. دياره‌ كه‌ نه‌ له‌ ناوه‌وه‌ و نه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێراندا كاريگه‌رن، وه پێويستيان به‌ ڕاته‌كانێكی ڕاديكاليانه‌ هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حيسابيان بۆ بكرێ و ئه‌و جۆره‌ ڕۆڵه‌ گرنگانه‌ ببينن.

به‌ پێكهاته‌ و به‌ بيركردنه‌وه‌، هێشتا حيزبه‌ كورديه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی سارددا ده‌ژين. شێوازی هه‌ڵسوڕان و په‌يوه‌ندی سه‌ركرده‌و ڕه‌‌‌عيه‌كانيان كلاسيكيانه‌يه‌ و له‌سه‌ر شێوه‌ی هه‌ڕه‌می كۆمۆنيستانه‌ی ستالينيانه‌يه‌. به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور و كه‌ڵتووريان، حيزب له‌ خزمه‌تی تاكه‌ كه‌سی بڕيارده‌ری سه‌رووی لوتكه‌دايه‌‌. كه‌ ئه‌و تاكه‌ كه‌سه‌ی لوتكه‌ ده‌مرێ، ده‌كوژرێ، زيزده‌بێ، ده‌رده‌كرێ يان داده‌نيشێ، ئه‌وا ته‌واوی هه‌ڕه‌مه‌كه‌ ده‌ته‌پێ. به‌وه‌ ململانێی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌ مايه‌ی له‌ت بوونی سه‌رانسه‌ری حيزبه‌كان، به‌ جۆرێك كه‌ برا ده‌بێته‌ دوژمنی سه‌ره‌كی براكه‌ی، و ڕژێم و دوژمنی ده‌ره‌كی ده‌بنه‌ هه‌ده‌فی لاوه‌كی.

ڕژێمی ئێران و عیراق و توركيا ته‌ركيزی پيـلانه‌كانيان له‌سه‌ر لادانی شه‌خسی سه‌ر لوتكه‌ی هه‌ره‌می حيزبه‌ ئۆپۆزيسيۆنه‌كانه‌، چونكه‌ ده‌زانن ئه‌وه‌ به‌ته‌نيا نيوه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌ له‌ شه‌رياندا‌. نموونه‌ی زيندوومان زۆرن. زيندانی كردنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بوه‌ مايه‌ی سه‌رلێشێوان و شكستی سياسی و عه‌سكه‌ری و ته‌نزيمی په‌كه‌كه‌‌، تا ڕاده‌يه‌ك كه‌ قه‌ت له‌ڕێگه‌ی شه‌ڕی سه‌ربازيه‌وه‌ دوژمن ئه‌و جۆره‌ سه‌ركه‌وتنه‌ی له‌ دژيان به‌ ده‌ست نه‌ده‌هێنا. هه‌ڕه‌می يه‌كێتی نيشتمانی كوردستانيش به‌ هه‌مان شێوه‌يه‌، و له‌گه‌ڵ نه‌خۆش كه‌وتنی سه‌رۆك تاله‌بانی كه‌لێنی پێشڕه‌وايه‌تی حيزبه‌كه‌ به‌ زه‌قی به‌ده‌ر كه‌وت و ئێستا مه‌ترسی له‌ت بوون له‌ ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌كرێ. شه‌هيد كردنی عه‌بدولره‌حمان قاسملۆ، و دوای ئه‌ويش شه‌ڕ‌ه‌فكه‌ندی، له‌ حيزبی ديموكراتی كوردستانی ئێرانيش به‌ هه‌مان شێوه‌، تينی له‌ حيزبه‌كه‌ بڕی و تووشی ملمانێ و له‌ت بوون و لاوازبوون و داتكانی ئه‌ندامان و پێشمه‌رگه‌كانی كردوه‌. واته‌، ئه‌وه‌ی دوژمن ويستويه‌تی كتومت خودی حيزبه‌ كورديه‌كان جێبه‌جێيان كردوه‌.

له‌ دوای شكست و له‌ت بوونی حيزبی ديموكرات و كۆمه‌ڵه‌، ئێستا بۆشاييه‌كی سياسی و ته‌نزيمی له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتدا به‌دی ده‌كرێ. هه‌ڵبه‌ت، خه‌ڵكی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی ووڵات توشی ئيحبات و داماوی هاتوون، وه‌ هه‌ست به‌ خه‌سار بوونی ئاره‌قه‌ و خوێن و قوربانيه‌كانيان ده‌كه‌ن. دياره‌ كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ تێنووی ئازادیه و عه‌وداڵی ڕزگاريه‌ و ئاماده‌ی خه‌باته‌، بۆيه‌ش چاو ده‌گێڕێ له‌ به‌ديل. له‌و نێوه‌دا، په‌كه‌كه‌ ئه‌زموونی خه‌باتی باكوری بۆ ڕۆژهه‌لات گواستۆته‌وه‌ و (په‌ژاك) ی دروست كردوه‌ و ده‌يه‌وێ ئه‌و بۆشاييه‌ پڕ بكاته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان گۆڕه‌پانێكی سروشتی په‌كه‌كه‌ نيه‌، به‌لام له‌ نێو كوڕ و كچی لاودا ئێستا ڕۆڵی كاريگه‌رتری هه‌يه‌ له‌ باقی ڕێكخراوه‌كانی تر.

ته‌رتيبی ماڵ

به‌و پێيه‌، يه‌كێك له‌ ئه‌وله‌وياتی حيزبه‌ كورديه‌كان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ به‌ به‌رنامه‌ و په‌يڕه‌و و پڕۆگرامی خۆياندا بچنه‌وه‌ و ڕێگه‌ی تاكڕه‌وی و شه‌خس په‌رستی بگرن، و ميكانيزمی خۆ نوێكردنه‌وه‌ دابڕێژن. دواتر، پێويسته‌ دۆسيه‌يه‌كی تۆكمه‌ی هاوبه‌ش‌ ئاماده‌ بكه‌ن، كه‌ تێيدا به‌يانی بكه‌ن ئايا ئامانجيان چيه‌، چيان ده‌وێ، بۆچی شه‌ڕ ده‌كه‌ن، وه‌ نه‌خشه‌ی ڕێگای ڕزگاريان چۆنه‌ و به‌رنامه‌ی ئه‌لته‌رنه‌تيڤيان بۆ ڕژێمی ئێران چيه‌. تا ئێستا ديار نيه‌ كه‌ كوردستانی ڕۆژهه‌لات سنووری له‌ كوێيه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ چێ ده‌وێ، وه‌ سه‌ركرده‌ی سياسی به‌رنامه‌ی بۆ دواڕۆژی ووڵاته‌كه‌ی چيه‌. ئايا خه‌بات بۆ هه‌مان كۆنه‌ چاره‌سه‌ری خودموختاری ده‌كات، وه‌يان سه‌يری دونيایان كردوه‌ كه‌ چه‌ندين نموونه‌ی پێكه‌وه‌ژيانی فيدراڵی هه‌ن، و ده‌كرێ كه‌ له‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئێراندا هه‌مان ئه‌زموون پياده‌ بكرێ. ڕه‌نگه‌ پارچه‌كردنی ئێران بۆ چه‌ندين فيدراليه‌تی يه‌كگرتوو، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ووڵاته‌ دراوسێكان و زلهێزه‌كاندا بێ، بۆيه‌ش ئه‌و جۆره‌ بيركاريه‌ به‌ جيددی وه‌رده‌گيرێ. ئه‌و جۆره‌ دۆسيه‌ ده‌بێ هه‌رده‌م ئاماده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته‌ سه‌ر مێزی هه‌موو گفتوگۆيه‌ك، جا له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا بێ، له‌گه‌ڵ ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانی بێ، وه‌يان له‌گه‌ڵ خودی ڕژێمی ئێرانی بێ.

پێويسته‌ حيزبه‌ كوردستانيه‌كان بكه‌ونه‌ گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ و شه‌فاف، وه‌ خاڵی هاوبه‌ش ببيننه‌وه‌ و له‌سه‌ری ڕێك بكه‌ون، و ئه‌وجا‌ ميكانيزمی پێكه‌وه‌ ئيش كردن بدۆزنه‌وه‌. واته‌، ناوكی به‌ره‌يه‌كی كوردستانی ڕۆژهه‌لاتيی پان و به‌رين دروست بكه‌ن كه‌ ببێته‌ چه‌ترێك بۆ كۆ كردنه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌ جيا جياكانی كوردی، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێويست بكات كه‌ له‌ ڕووی ته‌نزيمه‌وه‌ يه‌كبگرن. به‌ هه‌مان شێوه‌، به‌ره‌يه‌كی فراوانتر بۆ ڕێكخراوه‌ ئێرانيه‌كان په‌يدا بكه‌ن، بۆ نزيك كردنه‌وه‌ی ئۆپۆزيسيۆنی ئيرانی كوردی و غه‌يره‌ كوردی. به‌و جۆره‌ موباده‌ره‌ و ده‌ستپێشخه‌ريه‌، حيزبه‌ كورديه‌كان ده‌توانن ڕۆڵی پێشڕه‌وێتی ببينن.

پێويسته‌ كوردی ئێران له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزيه‌وه،‌ به‌ پراگماتيكانه‌ بير بكاته‌وه‌ و ده‌ستی هاوكاری بۆ خه‌ڵكانێك درێژ بكات كه‌ ڕه‌نگه‌ دۆسته‌كانی تر ڕايان له‌سه‌ر نه‌بێ. هه‌ڵبه‌ت ياريه‌كه‌ ئاڵۆزه‌، به‌ڵام ده‌كرێ كه‌ هيچ په‌يوه‌نديه‌كيان له‌سه‌ر حيسابی ئه‌وه‌ی تر نه‌بێ. بۆ نموونه‌، ڕێكخراوی موجاهيدی خه‌ڵق ده‌ستيان به‌ خوێنی كورد و شيعه‌ی عيراقی سوور بووه‌، بۆيه‌ش له‌ لای خه‌ڵك و سياسه‌تمه‌داری كوردی باشوور ئێسكيان گرانه، وه‌ ئه‌زموونی كوردی ڕۆژهه‌ڵاتيش له‌گه‌ڵ تيرۆریستانی موجاهيدين تاڵه‌. به‌ڵام له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كوردی ڕۆژهه‌ڵاته‌ كه‌ ده‌رگای گفتوگۆيان له‌گه‌ڵ بكاته‌وه‌ و له‌ نزيكه‌وه‌ ئاگاداری جموجۆڵيه‌كانيان بێ. ئه‌گه‌ر پێويستيش بوو ده‌كرێ هاوكاريشيان بكات له‌ دژی دوژمنی هاوبه‌ش. هه‌ڵبه‌ت، ئه‌و جۆره‌ هاوكاريه‌ش ده‌بێ به‌ شه‌رت و به‌ حه‌زه‌ر‌ بێ، له‌ به‌ر هۆی ئاشكرا. پێده‌چێ كه‌ ئه‌مريكا موجاهيدينی خه‌ڵقی به‌كار هێنابێ و به‌ نياز بێ له‌ داهاتوودا ڕۆڵی گه‌وره‌تريشيان پێ بسپێرێ.

خه‌باتی چه‌كدار

خه‌باتی چه‌كدار شوێن و كاتی خۆی هه‌يه‌، و ڕۆڵی پيرۆزی خۆی هه‌يه‌ له‌ به‌رده‌وامی پێدانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد. هه‌لبه‌ت، مه‌زنترين و به‌رزترين ئاستی قوربانيدان، پێشمه‌رگايه‌تيه، به‌تايبه‌تی‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌ختی ئۆپۆزيسيۆنيدا. له‌ڕێگه‌ی خه‌باتی چه‌كداره‌وه‌، دۆست و دوژمن هه‌ست به‌ بوون و قورسايی و مه‌ودای جيدديه‌ت و ئيمانی ميلله‌تێك ده‌كات له‌ڕاست داواكاری مافه‌كانی. له‌ڕێگه‌ی خه‌باتی پێشمه‌رگه‌وه‌، خه‌ڵكی كوردستان دڵنيايه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی زيندووه‌. له‌به‌ر ئه‌وانه‌ و ده‌يان هۆی گرنگی تر، ده‌بێ خه‌باتی چه‌كداری پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام بێ.

به‌ڵام خه‌باتی چه‌كدار ته‌نيا لايه‌نێكه‌ له‌ چه‌ندين لايه‌نی خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاريخوازیی. له‌ ڕۆژگاری ئيمڕۆدا كاريگه‌ريی خه‌باتی چه‌كدار له‌ دژی ئێران دياريكراوه، به‌لكو زۆر كه‌مه‌. كوردستانی ئێران له‌ ڕووی جوگرافيه‌وه‌، له‌ ته‌هران دووره‌، و بۆيه‌ش كاريگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر گۆڕانی حوكمڕانی نيه‌. خۆ هه‌موو ده‌مێك حكومه‌تی ئێران توانای شه‌‌ڕی عه‌سكه‌ری له‌ دژی كورد هه‌يه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانيان گوێ بده‌نه‌ زه‌ره‌ری گيانی و ئابووری و ژێرخانی. له‌ هه‌موو شه‌رێكيشدا (به‌ براوه‌ يان دۆڕاو)، هه‌ر كورد زه‌ره‌رمه‌نده‌. بۆيه‌، پشت به‌ستن به‌ ته‌نيا به‌‌ لايه‌نی عه‌سكه‌ری و پێشمه‌رگايه‌تی، كه‌م سووده‌‌.

لۆبی كردن

له‌ سه‌رده‌می گلۆبه‌ليزه‌دا، دونيا بچوك بۆته‌وه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تان له‌ سه‌ر شانۆی جيهانيدا ده‌نگيان هه‌يه‌، ميلله‌تانی بنده‌ست و گروپی بچوكی خاوه‌ن قه‌زيه‌ش ده‌توانن كاريگه‌ر بن و ده‌نگبيستراو بن. ئيمڕۆ له‌ جاران زياتر، ده‌كرێ مافی چاره‌نووسی ميلله‌تێك له‌ ڕێگه‌ی لۆبيكردنه‌وه‌ زامين بكرێ. خۆ بزوتنه‌وه‌يه‌كی جه‌ماوه‌ری خاوه‌ن قه‌زيه‌ی وه‌ك هی كوردی، له‌ مه‌وقيعێكی سياسی و ئه‌خلاقی زۆر به‌ هێزه‌وه‌ ده‌توانێ داوای مافی بكات.

له‌زۆر لاوه‌، زه‌مينه‌ خۆش بووه‌ و كار بۆ كوردی ڕۆژهه‌ڵات ئاسان بووه‌. كوردی باكور (په‌كه‌كه‌) زۆر به‌كارن له‌ سه‌ر شانۆی ئه‌وروپی، و له‌ڕێگه‌ی ئه‌وان و كوردی باشووره‌وه ئاستی ئاگاداری و سۆزی پشتگيری له‌ ئه‌وروپادا له‌ به‌رزيدايه‌. كوردی باشوور (عیراق) قۆناخی مه‌زنتريشيان بڕيوه‌ و ئه‌زموونيان كه‌ڵه‌كه‌ بوه‌ و ئێستا ده‌نگيان ده‌گاته‌ گوێی بڕيارده‌ری زلهێزه‌كان. هه‌روه‌ها له‌ ڕووی كۆمه‌كی دارايی و سياسی و عه‌سكه‌ريه‌وه‌، ديسانه‌وه‌، كوردی عيراق سه‌نه‌دێكی گه‌وره‌ن بۆ حيزبه‌ كورديه‌ ڕۆژهه‌ڵاتيه‌كان. هه‌ڵبه‌ت پێويسته‌ كه‌ به‌ باشترين شێوه‌ سوود له‌ وه‌زعی ته‌ندروستی كوردستانی باشوور وه‌ربگيردرێ. ڕاسته‌، كوردی باشوور كه‌مته‌رخه‌م بوونه‌ له‌ ڕووی پشتگوێ خستنی ويست و خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵاتيه‌كان، وه‌ ده‌ستێوه‌ردانيان، هاندانيان، وه‌يان به‌لانی كه‌مه‌وه‌ ناوبژی نه‌كردنيان به‌ گوێره‌ی پێويست. هاوكات، حيزبه‌ كورديه‌ ڕۆژهه‌ڵاتيه‌كانيش، ده‌قيان گرتوه‌ له‌ سستی و ناكۆكی ناوه‌كی و ناته‌بايی. هه‌ڵبه‌ت هه‌تا خۆيان يه‌ك نه‌بن، ماڵيان ته‌رتيب نه‌كه‌ن، نه دۆست و نه‌ دوژمن حيسابيان بۆده‌كات وه‌يان به‌ كه‌س به‌ جيدديان وه‌رده‌گرێت.

كۆمه‌ڵگای كوردی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌‌هه‌نده‌ران، به‌ حيزبه‌كانيانه‌وه‌،كاكانه ته‌ركيزيان له‌سه‌ر كاری لۆبی نێوده‌وڵه‌تی كه‌مه‌. زياتری ته‌ركيزيان له‌سه‌ر خودی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆيانه‌ و خه‌ريكی كارو كاسبی و ململانێی ناوه‌خۆيين. واته‌ له‌ بواری سياسه‌تكاری نێوده‌وڵه‌تيدا، كاريگه‌ريه‌كی ئه‌وتۆیان نيه‌ و تا ئێستا نه‌يانتوانيوه‌ له‌ ئاستی ئيداره‌ی حكومه‌ته‌كان و په‌رله‌مانه‌كان فشار بخه‌نه‌ سه‌رسه‌رچاوه‌كانی بڕياردان.

له‌ ئه‌مريكا و ئه‌وروپا

ئیمڕۆ ئه‌مريكا چه‌قی لۆبي كردنی جيهانيه، نه‌ك ته‌نيا بۆ ميلله‌تێكی بنده‌ستی وه‌كو كورد، به‌ڵكو بۆ ده‌وڵه‌تانی دامه‌زراوی دونياش. پێويسته‌ ڕێكخراوه‌كانی كوردی ئێران ته‌ركيزی بێ پايانيان بخه‌نه‌ سه‌ر لۆبی له‌ واشينگتن. له‌وه‌ ناچی كه‌سايه‌تی ديار، به‌ فولتايم له‌ ئه‌مريكا، نوێنه‌رايه‌تی حيزبه‌ كورديه‌ ڕۆژهه‌ڵاتيه‌كان بكات. پێويسته‌ به‌ زووترين كات، هه‌ر حيزبه‌ی چه‌ند ئه‌ندامێكی زمانزان و لێزانيان بگوازنه‌وه‌ بۆ واشينگتن. ‌ به‌ هاوكاری نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌ريمی كوردستانی باشوور، وه‌‌يان شاره‌زايانی تری كوردی باشوور، خۆيان به‌ ئه‌ندامانی سينات و كۆنگرێسی ئه‌مريكی و ئالقه‌كانی بيركاری موئه‌سسه‌سه‌ی حوكمڕانی و ڕۆژنامه‌ و ميديای ئه‌مريكايی بناسێنن. پێويسته‌ ئه‌و نوێنه‌رانه‌ به‌ زوويی ده‌وره‌ی ڕاهێنان بدينن و فێری په‌يوه‌ندیكردن و ئوسلوبی ڕاكێشان و ڕازی كردنی سياسه‌تمه‌داره‌ كاريگه‌ره‌كانی ئه‌مريكی ببن. له‌وێوه‌، زانياری وورد و شاره‌زايی پێويست په‌يدا ده‌كه‌ن و سه‌ركرده‌كانی كوردستان به‌ سه‌رچاوه‌ی قه‌رار و ئيعلامی ئه‌مريكی ده‌به‌ستنه‌وه‌.

ده‌بێ به‌ هه‌مان ڕێڕه‌و و شێوازی كاركردن، نوێنه‌ر له‌ پايته‌ختی ووڵاته‌ گرنگه‌كانی ئه‌وروپادا دابمه‌زرێنن. بۆ نموونه‌ له‌ به‌لجيكا و به‌ريتانيا و فه‌ره‌نسا و ئه‌لمانيا و ئيتاليا و ڕوسيا و ووڵاتانی تر به‌گوێره‌ی توانا. خۆشبه‌ختانه‌، ڕای گشتی ئه‌وروپايی له‌ ئاستێكی به‌رزه‌وه‌ قه‌ناعه‌تی به‌ قه‌زيه‌ی كوردی هه‌يه‌ و ئاماده‌يه‌ پالپشتی هه‌مه‌جۆریان بكات. به‌ڵام به‌ بێی هه‌ڵمه‌تی تۆڕێكی تۆكمه‌ی لۆبيكردن، ئه‌و سۆز و ڕاگشتيه‌ پۆزه‌تيڤانه‌ نابێته‌ پاڵپشتێتی بۆ ووڵاتسازيی. سه‌ردانی سه‌ركرده‌ ناوداره‌كانيش بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات، بۆ مه‌به‌ستی دروستكردن و به‌گه‌ڕ خستنی ئه‌و تۆڕه و بۆ زيادكردنی هه‌يبه‌ت و قورسايی لۆبيكه‌ره‌كان‌ زه‌رووريه و ده‌بێ زوو زوو ئه‌نجام بدرێ.

پوخته‌ی په‌يامم

ئيمڕۆ ڕووی به‌رژه‌وه‌ندی كوردی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌گه‌ڵ هی ئه‌مريكا به‌ هه‌مان ئاڕاسته‌يه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ خۆی له‌ خۆیدا نابێته‌ هۆی بازدانی حيزبه‌ كورديه‌كان بۆ سه‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ری خيرای گۆڕانكاريه‌ مه‌زنه‌كان. ئه‌گه‌ر وه‌زعی كوردی ئێران هه‌روا به‌ شڕی بمێنێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌مريكا له‌و ياريه‌دا پێكيان ناكات و به‌بێی كورد كاره‌كانی ئه‌نجام ده‌دات. به‌لام ئه‌گه‌ر بۆيان ده‌ركه‌وت كه‌ كورد ياريكه‌رێكی كاريگه‌ره‌، و له‌ ڕووداوه‌ بنه‌ڕ‌ه‌تيه‌كان ده‌توانێ ڕۆڵی مه‌زن ببينێ، ئه‌وا ئه‌مريكا هه‌رخۆی به‌ره‌و پيليانه‌وه‌ دێت. دياره‌ كه‌ فاكته‌ری زاتی و ناوه‌كی، به‌قه‌ده‌ر هی بابه‌تی و ده‌وروبه‌ريی گرنگیان هه‌يه‌. كوردی ڕۆژهه‌ڵات له‌ سه‌ر شانۆی ڕووداوه‌كان زۆر له‌دوايه‌. مه‌سئوليه‌تی سه‌ركرده‌كانی حيزبه‌ كورديه‌كانه‌ كه‌ له‌ ئاستی خۆخۆری به‌رزتر ببنه‌وه‌ و له‌ بازنه‌ی مه‌قه‌ڕ‌‌ه‌كانيان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ فراوانتر بير بكه‌نه‌وه‌. پێويسته‌ له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا، سه‌ركرده‌ ناوداره‌كانی كوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌ گروپ و به‌ تاك سه‌ردانی ئه‌وروپا و ئه‌مريكا بكه‌ن. له‌ ڕێگه‌ی نوێنه‌رانی حيزبه‌ كورديه‌ باشووری و باكوريه‌كاندا خۆيان بگه‌يه‌ننه‌ سه‌رچاوه‌ی بڕياردان و ميديای جيهانی، وه‌ كه‌ناڵی په‌يوه‌ندی گرنگ دروست بكه‌ن. هه‌تا سه‌ركرده‌كان ناوماڵی حيزبه‌كانيان ته‌رتيب نه‌كه‌ن، وبه‌‌ هه‌يكه‌ل و په‌يوه‌نديه‌كان و شێوازی خه‌باتیان دانه‌چنه‌وه‌، مه‌حاله‌ بتوانن بازی مه‌زن بده‌ن، و كاروانی بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن لێخوڕن.


Wednesday, 11 April 2007

كورد و سوننه و شيعه‌‌ و سوریا و ئێران -2

ئايا ده‌بێ ستراتيژيه‌تی كوردی له‌ مه‌ڕ توندڕه‌وه‌كانی سوننه و شيعه‌‌ و نفوزی سوری و ئێرانيدا چی بێ‌؟

پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

به‌شی دووه‌م و كۆتايی (هاوڵاتی ژماره‌ ۳٢١ی ڕۆژی ٤/١١/ ٢٠٠٧)

له‌ به‌شی يه‌كه‌می ئه‌و ووتاره‌دا (هاوڵاتی ژماره‌ ۳٢٠)، پێكهات و پارسه‌نگی هێزه‌ توندڕه‌وه‌كانی سوننه‌ی عيراق و ڕۆلی ئێران و سوريا و سياسه‌تی حكومه‌تی عيراقم خسته‌ ڕوو. ڕۆڵی خه‌تی (تاله‌بانی – ماليكی)م له‌ له‌ت له‌ت كردنی حيزبی به‌عس و عه‌شايه‌ری ئه‌نبار باسكرد. ئاماژه‌م بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌وا حيزبی به‌عس به‌ سه‌رتاسه‌ری بوه‌ته‌ دوو باڵ، يه‌كيان سه‌ر به‌ سوريايه‌ و له‌ ژێر سه‌ركردايه‌تی (محمد يونس الاحمد)ه‌، و ئه‌وی تريان سعوديه و يه‌مه‌نی له‌ پشته‌ و له‌ژێر سه‌ركردايه‌تی (عزه‌ الدوري) دايه‌. گه‌وره‌ عه‌شيره‌ته‌كانی ئه‌نباريش بوونه‌ته‌ دوو له‌ت، يه‌كێكيان ناسراوه‌ به‌ (مجلس الصحوه‌) كه‌ هاوخه‌باتن له‌گه‌ڵ (مجلس انقاذ الانبار) و ده‌ستيان له‌گه‌ل حكومه‌تی ماليكی و هێزه‌كانی ئه‌مريكی تێكه‌ل كردوه‌ (له‌و ووتاره‌دا هه‌مويان به‌ له‌تی "ئه‌لسه‌حوه‌" ناوده‌هێنم). له‌ته‌كه‌ی تری عه‌شايه‌ر هێشتا له‌ژێر مه‌جليسی شووڕای سه‌ر به‌ ئه‌لقاعيده‌دا ماون، و شه‌ر بۆ "ده‌وڵه‌تی ئيسلامی عيراق" ده‌كه‌ن و له‌ژێر نفوزی سوريا و ئێراندانه‌.

پێكدادانی تازه‌

له‌ مانگه‌ی ڕابوردوودا، گه‌وره‌ عه‌شيره‌ته‌كانی سه‌ر به‌ ئه‌لسه‌حوه‌ له‌ ناوچه‌ی ئه‌نبار و دياله‌ و تكريت، ئيعلانی (نه‌فيرعام)يان له‌دژی ئه‌لقاعيده‌ ده‌ركردوه‌، وزياتر له‌ هه‌ژده‌ هه‌زار شه‌ڕكه‌ريان بۆ شه‌ڕێكی حاسيم كۆ كردۆته‌وه‌، به‌و ئامانجه‌ی كه‌ ئه‌لقاعيده‌ له‌ سێگۆشه‌‌ی سوننه‌ ده‌رپه‌ڕێنن‌. سه‌رۆك عه‌شيره‌ته‌كانی ئه‌لسه‌حوه‌ و ڕێكخراه‌ به‌عسيه‌كانی حه‌ليفيان (كه‌ دوو دويوی هه‌مان عانه‌ن) ده‌ستيان به‌ خيتابی عه‌قلانی و نيشيتمانپه‌روه‌ی كردوه‌ و په‌شيمانی له‌ به‌شداريكردنيان له‌ شه‌ری تايه‌فه‌گه‌ری ده‌رده‌بڕن. شايانی باسه‌ كه‌ هه‌تا نوسينی به‌شی يه‌كه‌می ئه‌و ووتاره‌، سه‌رانی گه‌وره‌ عه‌شيره‌تی (الزوبع) خۆیان به‌ هيچ لايه‌كدا ساغ نه‌كردبۆوه، و (سلام الزوبعی) جێگری سه‌رۆكوه‌زيرانی عيراق، زياتر له‌ ساڵێكه‌ خه‌ريكی ڕازی كردنيانه‌ به‌بێ ئه‌نجام. به‌ڵام له‌ دوای كوشتنی حارث ضاهر الضاری (ئامۆزای حارث الضاری سه‌رۆكی هيئه‌ علما‌ء المسلمين) له‌ ناوچه‌ی ئه‌بو غرێب به‌ ده‌ستی ئه‌لقاعيده، هاوكێشه‌كان ديسانه‌وه‌ گۆرانه‌وه‌‌. دياره‌ كه‌ ئێستا عه‌شيره‌تی زه‌وبه‌ع به‌ ئاشكرا پاڵی داوه‌ته‌‌ ئه‌لسه‌حوه‌. هه‌روه‌ها عه‌شيره‌تی عوێسات و عوبێد، به‌ ڕێكخراوه‌ به‌عسیه‌ ده‌ستوه‌شێنه‌كانيانه‌وه‌ (وه‌ك جيش الراشدين و كتائب المختار و جيش عاموريه‌ و سرايا عمر و الرايات السود)، به‌ هه‌مان شێوه‌ كه‌وتونه‌ته‌ دژی ئه‌لقاعيده‌. هه‌رچی (كتائب ثوره‌ العشرين)ه‌، كه‌ حارث ضاهر الضاری (كوژراو) له‌ دامه‌زرێنه‌رانی بوو، وه‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانيشی سه‌ربه‌ عه‌شيره‌تی زه‌وبه‌عن، ئێستا بووه‌ته‌ دوو باڵ. باڵی (فيلق الفتح الإسلامي) له‌ كه‌تايب هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، و له‌ژێر ناوی تازه‌يان (حماس- العراق) خه‌ريكی گفتوگۆنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مريكيه‌كان و حكومه‌تی عيراقی. هه‌رچی باڵی (فيلق الجهاد الإسلامي)يه‌، له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی جارانيانن و له‌ژێر هه‌‌مان ناوی كۆن ماونه‌ته‌وه‌. سه‌رانی زه‌وبه‌ع ده‌يانه‌وێ ئه‌و مشتومڕه‌ به‌ نهێنی بهێلنه‌وه‌ و به‌ ڕووكه‌ش ئينكاری گۆڕانكاريه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام حارث الضاری سه‌رۆكی هه‌يئه‌تی عوله‌مای موسليمين‌ ئێستا به‌ ئاشكرا له‌ دژی ئه‌لقاعيده‌ ته‌سريح ده‌رده‌كات.

دياره‌ كه‌ تێك به‌ربوونه‌كه‌ی ئه‌و سوننه‌ شه‌ڕكه‌ڕانه‌ هۆكاری تريشی هه‌يه‌. نفوزی سعوديه‌ و ئوردون كاريگه‌ريان هه‌يه‌ له‌ هاندانی به‌عس و عه‌شايه‌ر له‌ دژی نفوزی سوريا و ئێران. ئه‌وه‌يش به‌ شێوه‌يه‌كی گشتی له‌ به‌ڕژه‌وه‌ندی عيراق و ئه‌مريكادايه‌. ده‌مێكيشه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان نێوانيان له‌سه‌ر پاره‌ و نفوز و چه‌كه‌مه‌نیش تێك چوه‌‌‌ و خوێنی يه‌كتريان ڕژتوه‌. جه‌ماعه‌تی ئه‌لقاعيده‌ ڕێگه‌ی قاچاغ و هاتوچۆی سوريايان له‌وانی تر بڕيوه‌ و ده‌ستيان به‌سه‌ر زۆربه‌ی مه‌خزه‌نه‌كانی چه‌ك و تفاقدا داگرتوه، و‌ فشاری دارايیشيان خستۆته‌ سه‌ر رێكخراوه‌كانی تری وه‌ك (الجيش الاسلامي) و (جيش المجاهدين) و (جيش الراشدين). تاكو ئێستا زياتر له‌ سی (۳٠) سه‌ركرده‌ی ئه‌و سێ ڕێكخراوه‌ به‌ ده‌ستی ئه‌لقاعیده‌ كوژراون. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌يشدا، له‌و چه‌ند هه‌فته‌يه‌ی ڕابوردوودا‌، گروپی (الجيش الاسلامی) له‌ ناوچه‌كانی تاجی و تارميه‌ و ميقداديه ڕێكخراوه‌كانی ئه‌لقاعيده‌يان ڕه‌تاندوه‌.

باشترينی خراپه‌كان

ئيتر خه‌ريكه‌ ده‌ستی عه‌شايه‌ری ئه‌لسه‌حوه‌ زاڵ ده‌بێ، و مه‌جليسی شووڕا مه‌ترسی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی لێ نيشتوه‌‌. به‌ڵام پرسياری مه‌زن كه‌ هێشتا بێ وه‌ڵامه‌ ئه‌وه‌يه‌، ئايا عه‌شيره‌ته‌كان و به‌عسيه‌كانی سه‌ربه مه‌جليسی ئه‌لسه‌حوه‌، له‌نێوان (عزه‌ الدوری) و (محمد یونس الاحمد) كاميان هه‌ڵده‌بژێرن. له‌ڕووی مه‌نتيقه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ عێزه‌ت دووری هه‌ڵبژێرن، چونكه‌ ئه‌ويان له‌ ڕووی مێژوو و په‌يوه‌ندی شه‌خسی و ڕێكخراويه‌وه‌، لێيانه‌وه‌ نزيكه. له‌ ڕووی نه‌هجی به‌عسيه‌وه‌ ته‌واوكه‌رو به‌رده‌واميتی نه‌هجی سه‌ددامی دژ به‌ به‌عسی سوريايه‌. له‌ڕووی سياسيه‌وه‌، ديسان له‌ دژی نفوزی سوری و ئێرانيه‌ و هاوپه‌يمانه‌ له‌گه‌ڵ سعوديه‌ و ووڵاتانی ژێر سێبه‌ری ئه‌رمريكا. ئه‌وانه‌ به‌ سروشت و مه‌نيتق، عيزه‌ت و مه‌جليسی ئه‌لسه‌حوه‌ له‌يه‌كتر نزيك ده‌كاته‌وه‌. هاوكات، باڵی ئه‌لئه‌حمه‌د و پاڵپشته‌ سووريه‌كه‌ی له‌ ئه‌لقاعيده‌وه‌ نزيكترن، كه‌ ئه‌ويش ئێستا دوژمنی ئه‌لسه‌حوه‌ و هاوپه‌يمانه‌كانيتی. ته‌نيا فرسه‌ت بۆ ئه‌لئه‌حمه‌د ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌ويش خۆی له‌ ئه‌لقاعيده‌ به‌ دوور ڕاگرێ، و له‌ حكومه‌تی عيراق نزيك ببێته‌وه‌ و جێگه‌ به‌ عێزه‌تيه‌كان له‌ق بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت زاڵ بوونی باڵی عێزه‌ت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عيراق (و كوردستان)دا نيه‌. هاوكات، جياكردنه‌وه‌ی باڵی ئه‌لئه‌حمه‌د له‌ ئه‌لقاعيده‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد و عيراقدايه‌، چونكه‌ به‌و كاره‌ ئه‌لقاعيده‌ لاوازتر ده‌بێ، و به‌عسيه‌كان و عه‌شايه‌ريش به‌ له‌ت له‌تی ده‌مێننه‌وه (كه‌ بۆ كورد باشتره‌)‌.

كورد و ئارامبوونی‌ سێگۆشه‌ی سوننه‌‌

ئه‌وه‌ی كه‌وا له‌ لای سه‌ركرده‌ی كورد يه‌كلايی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، وه‌ڵامی ئه‌و پرسياره‌يه‌:‌ ئايا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد دايه‌‌ كه‌ به‌غدا و سێگۆشه‌ی سوننه‌ ئارام بێ؟ هه‌ڵبه‌ت، هه‌ندێك له‌ سياسه‌تمه‌دارانی كورد وای داده‌نێن كه‌وا ئارامی له‌و ناوچانه‌ ده‌بێته‌ مايه‌ی به‌هێز بوونی حكومه‌تی مه‌ركه‌زی، له‌سه‌ر حيسابی ڕۆڵی زه‌قی كورد. مێژووی حوكمی عه‌ره‌بی سوننه‌، و مێژووی كۆن (له‌ ئۆپۆزيسيۆن) و تازه‌ی (حوكمڕانی) عه‌ره‌بی شيعه‌ وای ده‌گه‌يه‌نێ كه‌وا هه‌ردوولايان به‌ ڕه‌وتی فه‌لسه‌فی قه‌ومی (دژ به‌ كورد) بير ده‌كه‌نه‌وه‌. له‌ كۆتاييدا ئه‌گه‌ر خۆشيان له‌ت له‌ت بن، به‌ڵام ئارام بن، ئه‌وا له‌ به‌رامبه‌ر مافی چاره‌نووسی كورددا هاوده‌نگن.

به‌ڵام ڕه‌نگه‌ سه‌قامگيربوونی ئارامی له‌ عيراقدا به‌ زه‌رووره‌ت مانای ئه‌وه‌ نه‌گه‌يه‌نێ‌ كه‌ حكومه‌تی مه‌ركه‌ز به‌ هێز ده‌بێ و له‌سه‌ر حيسابی كورديش ده‌بێ. چونكه‌ ده‌ستووری تازه‌، و سروشتی پێهاته‌ی عيراق و مێژووی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ڕابووردوو ڕێگه‌ی ئه‌و جۆره‌ هه‌ماهه‌نگيه‌ی عه‌ره‌بی شيعه‌ و سوننه‌ نا‌دات. ته‌نانه‌ت، ڕه‌نگه‌ ئيئتيلافی شيعه‌ به‌و شێوه‌ی ئێستای به‌رده‌وام نه‌بێ، وه‌ لايه‌نی سوننه‌ش قه‌ت له‌گه‌ڵ يه‌كتريدا نه‌گه‌نه‌ حاله‌تی يه‌كخيتابی. بۆيه‌ پێويسته‌ كورد له‌وه‌ نه‌ترسێ كه‌ عه‌ره‌بی عيراق بتوانن له‌ جه‌وێكی ديموكراسيدا له‌ دژی كورد يه‌كتری بگرن. خۆ له‌ لايه‌نی ستراتيژی ئابوری و بنيادنان و شه‌ڕی دژبه‌ تێرۆردا، ئارامی له‌ عيراق و ووڵاته‌ دراوسێكانی كوردستاندا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد دايه‌. به‌لام بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و سه‌رئه‌نجامه‌ مسۆگه‌ر بێ، ده‌بێ كورد به‌رنامه‌ی هه‌بێ، وه‌ نابێ بۆ قه‌ده‌ری لێ بگه‌ڕێ، چونكه‌ بايی ئه‌وه‌نده‌ نه‌هجی قه‌ومی شۆڤينی دژبه‌ كورد له‌ عيراقدا هه‌يه‌ كه‌وا نه‌يه‌ڵێ كورد لێی پاڵداته‌وه‌.

هه‌ڵوێستی كورد له‌ شه‌ڕی تايه‌فه‌گه‌ری‌‌

بۆچوونی سه‌ركرده‌ی كوردی له‌و كێشه‌ ئاڵۆزه‌ی ناو عه‌ره‌بی سوننه‌‌دا ئاشكرا نيه‌، به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد دايه‌ كه‌ باڵی مه‌جليسی شووڕای تێرۆريستی (سه‌ر به‌ سوريا و ئێران) و باڵی به‌عسی توندڕه‌وی سه‌ر به‌ عێزه‌ت دووری (به‌ پشتگيری سعودی و يه‌مه‌ن) لاواز ببن. واته‌، له‌ ڕواله‌تدا كارێكی مه‌نتيقيه‌ كه‌ كورد هانی عه‌شايه‌ری ئه‌لسه‌حوه‌ بده‌ن له‌ دژی ئه‌و عه‌شيره‌تانه‌ی كه‌ هێشتا له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعيده‌ له‌ مه‌جليسی شووڕادا ماون‌، وه‌ هانی باڵی به‌عسی ئه‌لئه‌حمه‌دی بده‌ن له‌ دژی باڵی عێزه‌ت دووری. به‌ڵام پێويسته‌ ئه‌و پشتگيريه‌ی كورد له‌ هاندان و مه‌وقيفی سياسی و شيعارات تێنه‌په‌رێ، واته‌ نه‌گاته‌ پشتگيری عه‌سكه‌ری و دارايی و لۆجيستی، چونكه‌ به‌و جۆره‌ به‌شداريه‌ ئاكتيڤه‌، كورد ده‌‌بێته‌ ته‌ره‌فێك له‌ به‌ره‌نگاری. واته‌ ته‌ره‌فێك له‌ شه‌ڕێكدا كه‌ له‌ زه‌ره‌ر زياتر هيچ به‌رژه‌وه‌نديه‌كی ئه‌وتۆی تێدا به‌دی ناكرێ.

باشترين مه‌وقيفی ڕ‌ه‌سمی بۆ سه‌ركرده‌ی كورد ده‌بێ ئه‌وه‌‌بێ كه‌وا كورد خۆی له‌ (شه‌ری تايه‌فه‌گه‌ری) نێوان سوننه‌ و شيعه‌ به‌دوور ‌خات، وه‌ ده‌بێ خۆی له‌ شه‌ری ئه‌لقاعيده‌ و باقی لايه‌نه‌كانی تريش بپارێزێ. شه‌ڕی تايه‌فه‌گه‌ری و شه‌ڕی تيرۆری دژ به‌ ئه‌مريكا، به‌ ڕاسته‌وخۆيی شه‌ری كورد نيه‌. ته‌نانه‌ت ته‌قينه‌وه‌كانی كه‌ركوكيش، هۆيه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زه‌حمه‌ت بوونی كاری تيرۆريستی له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی عيراق، به‌ هۆی هه‌لمه‌تی ئاسايشیی حكومه‌تی عيراق و ڕاپه‌ڕينی عه‌شايه‌ر له‌ دژی ئه‌لقاعيده‌. ڕاسته‌ ئه‌نسارولئيسلام له‌ كوردستان ئيعلانی جيهاديان له‌سه‌ر حكومه‌تی كوردی (به‌تايبه‌تی لايه‌نی يه‌كێتی) كردوه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ كاريگه‌ريی ئه‌وتۆيان نه‌ماوه‌ و پشتگيريكه‌ريان له‌ناو خه‌ڵكی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ ئيسلاميه‌ كورديه‌كان لاوازه،‌ و بۆيه‌ش قه‌ت وه‌ك ئه‌لقاعيده‌ی ناوچه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌يان لێنايه‌ت و ناتوانن له‌ كوردستان ئارامی بهه‌ژێنن. هه‌ڵبه‌ت، ئێران له‌ پشتگيريكردنی ئه‌نساردا به‌رده‌وام ده‌بێ هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی پێويستی پێيان نامێنێ، ئه‌وكاتيش، كورد ده‌توانی به‌ڕی ئێرانی له‌ژێر پێی ئه‌نسار ده‌ربێنێ.

زۆر گرنگه‌ كه‌ كورد خۆی تووشی تێگڵانی شه‌رێكی ئاڵۆزی وا نه‌كات كه‌ ووزه‌ و ته‌ركيز و ئيمكاناتی حكومه‌تی هه‌رێمی لێ سه‌رف كرێ. كورد به‌ته‌نيا به‌ری تێرۆڕی ئه‌لقاعيده‌ و تۆڕی به‌عسيه‌كان ناگرێ. بێجگه‌ له‌وانه‌ش، ئه‌جيندای ئه‌لقاعيده زۆر ئاڵۆزتره له‌وه‌ی كه‌ چاو ده‌يبينێ. بێجگه‌ له‌ تۆڕه‌ جالجاڵۆكه‌ييه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ی، ئه‌لقاعيده‌ ته‌نسيقێكی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئيتيلاعاتی ئێران هه‌يه‌ و به‌رنامه‌ی تێكدانی پلانی ئه‌مريكی له‌ ئه‌وله‌وياتياندايه‌. به‌ ته‌نيسق له‌گه‌ڵ ئێران، ئه‌لقاعيده‌ توانی سه‌ركه‌وتوانه‌ شه‌ڕی تايفه‌گه‌ری له‌ عيراقدا هه‌ڵگيرسێنێ. له‌مه‌ودوا، ئه‌لقاعيده‌ شه‌رێكی سه‌ختی تری له‌به‌رده‌مدايه‌ له‌ دژی عه‌شايه‌ری سوننه‌ و به‌عسيه‌كانی سه‌ربه‌و عه‌شيره‌تانه‌، وه‌ باشتره‌ كه‌ بۆ ئه‌وانه‌يان لێبگه‌ڕێن. خۆ دوورنيه‌ ئیعلانكردنی شه‌ری كورد، مه‌جليسه‌ له‌ت له‌ته‌كانی تيرۆریيستانی سوننه‌ يه‌كبخات، و ڕووی تێرۆری جيهانيش له‌ كورد بكات.

له‌لايه‌كی تره‌وه‌، له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد دايه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ی به‌عس به‌ره‌و‌ هيلاكه‌تی بچێ، و حيزبه‌كه‌ به‌ له‌تكراوه‌يی بمێنێته‌وه‌. هه‌رنه‌بێ، ده‌بێ باڵی عێزه‌ت دووری و كۆنه‌ ڕه‌مزه‌كانی ڕژێمی پێشوو لاواز ببێ چونكه‌ ئه‌وانه‌ شه‌ڕ بۆ هاتنه‌وه‌ی ڕژێمی كۆن و گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌رخ ده‌كه‌ن، و ده‌ستيان به‌ خوێنی كورد سوور بووه‌. بۆيه‌ ده‌كرێ كه‌ مه‌وقيفی كورد له‌ شه‌ڕی نێوان كۆن و نوێ ئاشكرا بێ، و ڕێگه‌ نه‌دات به‌ هاتنه‌وه‌ی ڕێبازی به‌عسی كۆن.

هه‌ڵبه‌ت ملمانێی سوننه‌كان له‌ ناوچه‌كانی ده‌ورو پشتی هه‌رێمی كوردستان گرنگيه‌كی ستراتيژی هه‌يه، ‌به‌ڵام سه‌ركرده‌ی كورد مه‌جبوور نيه‌ كه‌ به‌ ڕاسته‌وخۆيی هه‌ڵوێستی پشتگيری يان دوژمنايه‌تی ده‌رببڕێ. باشتره‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی سياسه‌تمه‌داره‌ كورده‌كانی به‌غدا پشتگيری له‌ ڕوانگه‌ی ڕه‌سمی حكومه‌تی عيراق بكات. له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌تی عيراق و سورياوه‌ پشتگيری له‌ باڵی ئه‌لئه‌حمه‌دی بكات و له‌ عه‌شايه‌ری ئه‌ڵسه‌حوه‌ نزيكيا بكاته‌وه‌، به‌رله‌وه‌ی كه‌ باڵی عێزه‌ت دووری جێ پێيان به‌ ته‌واوی بچه‌سپێنن‌. له‌و حاڵه‌ته‌دا، جێگه‌ی خۆيه‌تی كه‌ تاڵه‌بانی شه‌فقه‌ عيراقيه‌كه‌ی له‌سه‌ر بێ و هه‌ر به‌ ناوی سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ ده‌ست له‌ پارسه‌نگی هێزه‌كانی ناو سوننه‌ی توندڕه‌و بدات. له‌ ڕوانگه‌ی عه‌ره‌بی عيراق و ووڵاتانی عه‌ره‌بیدا، تاله‌بانی نموونه‌ی كوردێكه‌ كه‌ بۆ عيراقێكی يه‌كگرتوو هه‌وڵيداوه‌ و نوێنه‌رايه‌تی خه‌تی نيشيتمانپه‌روه‌ری عيراقپارێز ده‌كات، له‌ دژی نفوزی ده‌ره‌كی ئێرانی و سووری و سعودی. خۆ بۆ ماليكی، ڕۆڵی تاله‌بانی ته‌واوكه‌ر و بێ هاوتا وچاره‌نووسيه‌‌، تا ئه‌و ڕاده‌يه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌بێی ئه‌و، ماليكی توانای به‌رده‌وامێتی و پاراستنی خه‌تی نيشتيمانی عيراقی نه‌بێ. بۆيه‌ش، ماليكی ئاماده‌ی هه‌موو ته‌عاونێكه‌ له‌گه‌ڵ تاله‌بانی و هيچ داوايه‌كی ئه‌و ڕه‌د ناكاته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت پێويسته‌ كه‌ تاله‌بانی، به‌ ته‌نسيق له‌گه‌ل بارزانی، ئه‌و په‌يوه‌نديه‌ ئيستيغلال بكات بۆ يه‌كلايی كردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌نووس سازانه‌ی كه‌ به‌لای كورده‌وه‌ ئه‌وله‌وياتن (وه‌ك كه‌ركوك و نه‌وت و هی تر).

مه‌ترسی نفوزی ئێرانی يان قه‌ومی عه‌ره‌بی؟

ئه‌مريكا هه‌وڵی داوه‌ كه‌ په‌يوه‌ندی به‌ سوننه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ بكات، نه‌ك ته‌نيا بۆ خاتری سه‌قامگيركردنی ئارامی له‌عيراقدا، به‌ڵكو بۆ به‌كارهێنانيان له‌ دژی نفوزی ئێرانی، كه‌ ئێستا له‌ناو حكومه‌تی سه‌ربه‌ ئيئتيلافی شيعیدا زاڵ بووه‌. دياره‌ كه‌ تاله‌بانی و ماليكی له‌ ژێره‌وه‌ هه‌مان خه‌تيان ته‌به‌ننا كردوه‌ و خه‌ريكن نه‌زعه‌ی عيراقپارێزی و نيشتيمانپه‌روه‌ری له‌ نێو شيعه‌دا به‌هێز ده‌كه‌نه‌وه‌. زه‌مينه‌ش تادێ بۆيان خۆشتر ده‌بێ، به‌هۆی ناڕه‌زايی فه‌زيله‌ و تێكچوونيان له‌گه‌ڵ ‌ شه‌ريكه‌‌كانی ناو ئيئتيلافيان. زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌ به‌ناو سه‌ربه‌خۆيه‌كانی ناو ئيئتيلافيش له‌ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مان خه‌تن. ماليكیش ده‌يه‌وێ ئه‌وانه‌ به‌كار بهێنێ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنی سه‌دريه‌كان. ڕێگری سه‌ره‌كی له‌ هه‌وڵه‌كانی ماليكی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ مه‌جليسی ئه‌علا و سه‌دريه‌كان و باڵه‌ ته‌قليديه‌كانی ناو حيزبی ده‌عوه‌ش (به‌تايبه‌تی باڵی جه‌عفه‌ری) هه‌موويان له‌ژێر نفوزی ئێراندانه‌.

ڕژێمی ئێران ئيستيغلالی چه‌ندين خاڵی لاوازی سه‌ركرده‌ شيعه‌كانی كردوه‌ بۆ زامين كردنی وه‌لائيان. بۆ نموونه‌، ته‌واوی خێزانه‌كانی سه‌ركرده‌ شيعه‌كان به‌ ده‌ستبه‌سه‌ريی له‌ ئێران ماونه‌ته‌وه‌ و ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌يان بۆ ديوی عيراق پێنه‌دراوه‌. خۆ زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كان پاره‌ و سه‌روه‌ت و سامانی بێ پايانی تازه‌يان گواستۆته‌وه‌ ناو ئێران، و له‌وێ خه‌ريكی زه‌وی كڕين و خانو دروستكردن و ئيستيسماری ترن. واته‌ له‌ ئاستی شه‌خسيدا، ڕۆحيان له‌بن ده‌ستی ڕژێمی ئێراندايه‌. له‌ لايه‌نی په‌يوه‌ندی ڕێكخراوه‌ييشدا، حيزبه‌ شيعه‌كان پشتيان به‌ ئێران به‌ستوه‌ بۆ پشتگيری سياسی، ته‌عاونی دارايی، و فرۆشتنی نه‌وتی قاچاغی عيراقی، و مه‌شقی عه‌سكه‌ری، و كڕين و فرۆشتنی چه‌كه‌مه‌نی و هتد.

شايانی باسه‌ كه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ جيگه‌ی تێڕمان نين، به‌ڵكو هه‌موويان چاوه‌ڕوان لێكراون. هه‌روه‌ك (حسني مبارك)ی سه‌رۆكی ميسر دركاندی، عه‌ره‌بی شيعه‌ به‌ گشتی وه‌لائيان بۆ مه‌رجه‌عه‌كانيان و ده‌وڵه‌تی ئێران زياتره‌‌ وه‌ك له‌ ووڵاته‌كانيان. واته‌، ڕه‌نگه‌ قه‌ت نه‌كرێ كه‌ ڕووی وه‌لائی عه‌ره‌بی شيعه‌ی عيراق به‌ ته‌واوی به‌ره‌و عيراق بێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ كورد جێگه‌ی بايه‌خ نيه‌. گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئايا ئه‌و جۆره‌ نفوز و‌ ده‌ست تێوه‌ردانه‌ی ئێرانيی له‌ ناوه‌وه‌ی عيراق، بۆ كورد زه‌ره‌رمه‌نده‌، يان نا؟ پێويسته‌ سه‌ركرده‌ی كورد له‌لای خۆيه‌وه‌ ساغی بكاته‌وه‌ ئايا مه‌ترسی قه‌ومی عه‌ره‌بی سوننی له‌سه‌ردواڕۆژی كورد مه‌زنتره، وه‌يان هی نفوزی ئێرانی. پێويسته‌ ئه‌و بيركاريه‌‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌مريكيدا ئه‌نجام بدرێ، چونكه‌ به‌لای ئه‌مريكا و حه‌ليفه نزيكه‌ كوردی و عيراقی و ڕۆژهه‌ڵاتيه‌كانیه‌وه، مه‌ترسی ئێران زۆر له‌ هی قه‌ومی عه‌ره‌بی زياتره‌. به‌ڵام ده‌بێ سه‌ركرده‌ی كورد به‌رژه‌وه‌ندی مه‌زنتر ڕه‌چاو بكات. بۆ نموونه‌، به‌شێكی مه‌زنی شيعه‌ی عيراق (له‌وانه‌ مه‌جليسی ئه‌علای ئيسلامی) په‌يوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ كورد هه‌يه‌ و عه‌وداڵی هه‌مان نموونه‌ی فيدراڵیه‌كه‌يه‌تی، كه‌ ئه‌وه‌يش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد دايه‌‌.

ئێران له‌ژێر فشاری ئه‌مريكی و نێوده‌وڵه‌تيدايه‌ و ره‌نگه‌ به‌و زوانه‌ لێی بقه‌ومێ، بۆيه‌ له‌ داهاتوودا به‌وه‌ ڕاناگات كه‌ په‌ل بۆ كورد بهاوێ. خۆ ئێران ئاماده‌ی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ته‌نازول بۆ كورد بكات بۆ خاتری سه‌رخستنی پلانه‌ عيراقی و ڕۆژهه‌لاتيه‌ ناوه‌ڕاستيه‌ مه‌زنه‌كانی تری. ڕاسته‌ له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان ئێران ڕۆلێكی بۆگه‌نی ديت له‌ هه‌ڵگيرساندنی شه‌ڕی براكوژی له‌ كوردستانی عيراق، به‌ڵام زه‌مان گۆڕاوه‌ و ئێران توانا‌ی به‌سه‌ر قه‌راری كورديدا كه‌م بۆته‌وه‌. ئه‌گه‌ر پارتی و يه‌كێتی و حيزبه‌ ئيسلامی و عيلمانيه‌كانی تر خيتابيان له‌و ڕووه‌وه‌ يه‌كبخه‌ن، ئه‌وا هه‌ڵوێست و موعامه‌له‌ی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا جياوازتر و جيدديتر ده‌بێ. به‌هه‌مان شێوه‌ش، ووڵاته‌ دراوسێكان ولايه‌نی ئه‌مريكيش حيسابيان له‌گه‌ڵ كورد له‌ ئاستی ياريكه‌رێكی جيدديتر ده‌بێ. له‌بيريشمان نه‌چێ، كه‌ ئه‌گه‌ر كار گه‌يشته‌ سه‌ر شه‌ڕی مان و نه‌مان، ئه‌وا هه‌موو ده‌مێك ئێران توانای ده‌ستوه‌شاندنی مه‌زنی له‌ دژی كورد هه‌يه‌. له‌و حاڵه‌ته‌دا، مه‌ترسی ئێران له‌ هی عه‌ره‌بی سوننه زۆر زياتريش ده‌بێ.

بۆ كورد: عه‌لاوی يان ماليكی

خه‌تی ماليكی- تاله‌بانی - ئه‌مريكی ده‌يه‌وێ حيزبی فه‌زيله‌ و گروپی بێلايه‌نه‌كانی ناو ئيئتيلاف و حيزبی ئيسلامی عيراقی (سوننه‌) و هاوپه‌يمانێتی كوردی لێك نزيك بكاته‌وه‌. لێره‌دا، پێويستيان به‌ پشتگيری باڵی قه‌ومی توندڕه‌وی سوننه‌ی عه‌ره‌به‌، كه‌ زۆرله‌وانه‌ سه‌ر به‌ سوريانه‌. ئه‌ياد عه‌للاويش ده‌يه‌وێ گروپی (العراقيه)‌ و (التوافق) و (الحوار) و تۆڕی په‌يوه‌نديه‌ قه‌ومی و به‌عسيه‌كانی به‌كار بهێنێ بۆ هێنانه‌ دی هه‌مان هاوپه‌يمانيه‌تی، به‌ پاڵپشتی كوردی و ئه‌مريكی. بۆ ئه‌وه‌ش عه‌للاوی سه‌ردانی كوردستان و ووڵاته‌ دراوسێكانی وه‌ك سعوديه‌ی كردوه‌ و له‌ هه‌مان ووڵاتيشدا چاوی به‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌وتوه‌. هه‌ڵبه‌ت جارێ ديار نيه‌ ئايا ئه‌نجامی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ و فشاری سعودی له‌سه‌ر كورد (له‌ دژی نفوزی ئێران) تا چی ڕاده‌يه‌ك سه‌ركه‌وتو بووه‌. دياريش نيه‌ ئايا پلان و پيـلانی ئه‌مريكی له‌ دژی حكومه‌تی ماليكی به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات.

له‌ پلانی پێشتریدا، سه‌رۆك بوش به‌نياز بوو كه‌ حكومه‌تی ماليكی ئيحراج بكات و بيخاته‌ مه‌ئزه‌قێكه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بيڕوخێنێ، ئه‌وجا حوكمێكی عورفی به‌ سه‌رۆكايه‌تی دۆستێكی نزيكی (وه‌ك عه‌للاوی) دابمه‌زرێنێ. له‌ پلانه‌كه‌دا، به‌نياز بوون‌ كه‌ قازيه‌كی عيراقی فه‌رمانی گرتنی موقته‌دا سه‌در ده‌ربكات، وه‌ ئه‌مريكيه‌كان موقته‌دا و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی سه‌دری، و وه‌زيره‌كانیان، و چه‌ندين سه‌ركرده‌ی جه‌يشی مه‌هدی و بنكه‌كانيان له‌ (الثوره‌) و (الشعله‌)‌ بگرن. به‌وه‌ حكومه‌تی ماليكی ئيحراج بكه‌ن و سه‌دريه‌كانی لێ زوير بكه‌ن، وه‌ ببنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ناو په‌رله‌ماندا فه‌وزايه‌كی وا بخولقێنن كه‌ به‌هۆيه‌وه‌ متمانه‌ له‌ حكومه‌تی ماليكی بستێندرێته‌وه‌، و حاله‌تی فرياكه‌وتن (طوارئ) ئيعلان بكرێ. به‌ڵام ئيبراهيم جه‌عفه‌ری، له‌ شاری نه‌جه‌ف نهێنی ئه‌و پيـلانه‌ی به موقته‌دا گه‌ياند، و ئه‌ويش هه‌رله‌وێوه‌ بنئاوی لێداو خۆی بزر كرد. هه‌لبه‌ت، ماليكی به‌ پيلانی ئه‌مريكی دڵته‌نگ بوو، و‌ ويستی بيسه‌لمێنی كه‌وا پلانه‌ ئاساييشيه‌كه‌ی كاڕڕايه‌ و پڕ ئه‌نجامه‌. بۆيه‌، بۆ يه‌كه‌مجار هه‌ڵی كوتايه‌ سه‌ر جاده‌كانی به‌غدا (له‌ ده‌ره‌وه‌ی زۆنی سه‌وز) و پياسه‌ی به‌ناو ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كاندا كرد. كه‌ كۆندۆليزا رايس له‌ مانگی ڕابوردوودا سه‌ردانی به‌غدای كرد، ماليكی به‌ درێژی سه‌ركه‌وتنه‌كانی بۆ ليسته‌ كرد، و قه‌ناعه‌تی پێ هێنا كه‌وا پلانه‌كه‌ باش ڕۆيوه‌. به‌وه‌، كۆندۆليزا كه‌وته‌ ستايش و پشتگيريی ماليكی، و دواخستنی پيـلانه‌كانی ئه‌مريكی.

ئيتر به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌وڵه‌كانی عه‌للاوی و ده‌وڵه‌تی سعودی، ڕه‌نگه‌ ئه‌مريكا بۆی ده‌ربكه‌وێ كه‌وا خه‌تی ماليكی، كه‌ شه‌رعيه‌تی حوكمی زۆرينه‌ی شيعه‌ی هه‌يه‌، له‌ عه‌للاوی سه‌ركه‌وتووتر بێ بۆ ڕزگار كردنی ئيئتيلافی شيعی له‌ چه‌نگی ئێران. واته‌ ده‌توانێ له‌ ناوه‌وه‌ كار بۆ هه‌مان ئامانج بكات و شه‌ڕی ناوه‌كی حيزبه‌كه‌ی خۆی (ده‌عوه‌) و باقی شيعه‌ی ناو ئيئتيلاف بكات. خۆ ئه‌گه‌ر سه‌ريش نه‌كه‌وت، ئه‌وا مسۆگه‌رعه‌للاويش له‌وه‌دا سه‌رناكه‌وێ. چونكه‌ عه‌للاوی مه‌جالی موراوه‌غه‌ی كه‌مه‌، وه‌ ڕه‌نگه‌ قه‌ت نه‌توانێ ئيئتيلافی شيعه‌ له‌ت بكات و پێكهاته‌كانی بۆ خۆی ڕاكێشی، ئه‌وجا باڵه‌ دژبه‌يه‌كه‌كانی ناو ته‌وافوق رێكبخات. ئيتر له‌وه‌ ناچێ كه‌ وه‌ڕه‌قه‌ی عه‌للاوی براوه‌ بێ، وه‌ ڕه‌نگه‌ سه‌ركرده‌ی كوردیش له‌ ماليكی دڵنياتر بێ وه‌ك له عه‌للاوی.

پلانی كورد بۆ ئاينده‌ی سوننه‌

هه‌ڵبه‌ت، گێژاوكی عيراق هه‌ر به‌ره‌و قووڵیه‌. نه‌خشه‌ی سياسی به‌ره‌كانی سوننه‌ و شيعه‌ی عيراقيش وا به‌ره‌و گۆڕانن‌. له‌ دوای روخانی سه‌ددام، ته‌حالوفه‌ سياسيه‌كانی عيراق به‌ سه‌ر‌ سێ لايه‌نی كورد و شيعه‌ و سوننه‌دا دابه‌ش بو بوون. به‌ڵام له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا، نه‌خشه‌كان‌ ديسانه‌وه‌ سه‌راوبن ده‌بنه‌وه‌. ته‌نيا هاوپه‌يمانێتی كورده‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ تا ڕاده‌يه‌كی زۆر وه‌ك خۆی بمێنێ. ئه‌وا سوننه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ مواجه‌هه‌ی يه‌كتری و دياره كه‌ پڕۆسه‌‌ی ته‌رتيبی ماڵيان درێژ خايه‌ن ده‌بێ و له‌ قۆناغی يه‌كه‌ميدا خوێنێكی زۆر له‌ براكوژی نێوانياندا ده‌ڕژێ. له‌و كاته‌دا، پێويسته‌ كورد دوره‌په‌رێز بێ، و نه ‌به‌ چاك و نه‌ به‌ خراپ له هيچ ڕوويه‌كه‌وه‌ نزيكی ئاگره‌كه‌يان نه‌كه‌وێ. ته‌نيا به‌شداری كورد له‌و ململانێيه‌دا پێويسته‌ له‌ڕێگه‌ی به‌غدا و به‌ ناوی حكومه‌تی ماليكيه‌وه‌ بێ. له‌ قۆناغی دوواتردا، ڕ‌‌ه‌نگه‌ ياريكه‌ری گه‌وره‌ (بۆ نموونه‌ به‌عسی باڵی ئه‌لئه‌حمه‌د وه‌يان عێزه‌ت) بێته‌ پێشه‌وه‌ و ببێته‌ براگه‌وره‌، وه‌ مه‌رجه‌عيه‌تێكی شه‌رعی بۆ عه‌ره‌بی سوننه‌ دروست بكات. له‌وانه‌يه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا به‌عس به‌ يه‌كگرتوويی به‌شداری بكات و دوور نيه‌ ده‌نگی زۆرينه‌ی سێگۆشه‌ی سوننه‌ش بهێنێ. له‌و حاله‌ته‌دا، ده‌كرێ كورد له‌ زووه‌وه‌ په‌يوه‌ندی سياسی له‌گه‌ڵ باڵی ئه‌لئه‌حمه‌ديه‌وه‌ دروست بكات، و له‌ڕێگه‌ی حكومه‌تی سووریه‌وه ئيتيفاقی ستراتيژيان له‌گه‌ڵدا بكات‌‌.

قورسايی سياسی باڵی سوننه‌ له‌ عيراقدا زۆر گرنگه له‌ڕووی ژماره‌ و كاريگه‌ريی و‌جه‌ربه‌زه‌يی و ده‌نگزليی و قووڵايی‌ په‌يوه‌نديه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌‌ عه‌ره‌بيه‌كانيان. هه‌ركاتێك سوننه‌ به‌ قورساييه‌وه‌ هاتنه‌ ناو پڕۆسه‌ی سياسی عيراقی نوێ، به‌ تابيه‌تی له‌دوای هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، ئه‌وا پارسه‌نگی هێزه‌كان و ڕێڕه‌وی ده‌ستوور و په‌رله‌مان و حكومه‌ت به‌ته‌واوی ده‌گۆڕێن. واته‌ قورسايی سياسی سوننه‌ زۆر گرنگتر و كاريگه‌رتر ده‌بێ‌ له‌وه‌ی كه‌ ئيمڕۆ ده‌ستيان كه‌وتوه‌. بۆيه‌ش پێويسته‌ كورد پراگماتيكی بێ، و هه‌رده‌م ئه‌لته‌رناتيڤی سوننه‌ له‌به‌رامبه‌ر هاوپه‌يمانيه‌تی شيعه‌دا ڕاگرێ، تاوه‌كو له‌ كاتی پێويست به‌كاريان بهێنێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد. ‌

پلانی كورد بۆ ئاينده‌ی شيعه‌

هه‌رچی شيعه‌ی عيراقه‌، خه‌ريكه‌ ئيئتيلافه‌كه‌يان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌. له‌ قۆناغی يه‌كه‌مدا، موقته‌دا و لايه‌نه‌ سه‌دريه‌كان ڕه‌نگه‌ بكه‌ونه‌ كاری نهێنێيه‌وه. جه‌يشی مه‌هدی كه‌وتۆته‌ سزادانی ماليكی. بۆ نموونه‌، به‌و دواييه‌ له‌ كاتوساتی كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی ماليكی و سه‌رۆكی نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان، كه‌وتنه‌ بۆمبابارانی زۆنی سه‌وز. ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ لێكترازانی زنجيره‌ی ئيئتيلاف‌. خۆ لێدانی ئێران له‌لايه‌ن ئه‌مريكاوه‌ كاريگه‌ری زۆری له‌سه‌ر دواڕۆژی شيعه‌ی عيراق ده‌بێ. له‌ ئاينده‌دا، باشتره‌ بۆ كورد كه‌ چاودێرێكی بێ لايه‌ن بێ و كه‌سيان نه‌كاته‌‌ دوژمن.

پێويسته‌ سه‌ركرده‌ی كورد دۆستايه‌تی ستراتيژیان له‌ ناوه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی مه‌جليسی ئه‌علای (پڕۆئێرانی) به‌هێزتر بكه‌ن. بۆ كورد، مه‌سه‌له‌ی نزيكی مه‌جليسی ئه‌علا له‌ ڕژێمی ئێران گرفتێكی سياسی نيه‌. به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ له‌ چه‌ندين‌ ڕووه‌وه‌ سوودبه‌خش بێت. ڕه‌نگه‌ له‌ مه‌ودای دووردا، مه‌جليسی ئه‌علا ده‌ستی خۆی ببينێ، ده‌وڵه‌مه‌ند ببێ، و له‌ڕووی سوپاو ته‌نزيمه‌وه‌ كاريگه‌رتر ببێ، و وورده‌ وورده‌ سه‌ربه‌خۆيی خۆی له‌ ئێران وه‌ده‌ست بهێنێ. حيزبی ده‌عوه‌ له‌ ئه‌زمه‌يه‌كی مه‌زندا ده‌خولێته‌وه‌. ده‌ستێوه‌ردانی ئێران كاری تێكردوون، و به‌وه‌ په‌يوه‌ندی نێوان جه‌عفه‌ری و ماليكی و سه‌ركرده‌كانی تريشيان وا ڕووی له‌خراپيه‌، و ڕه‌نگه‌ له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا حيزبه‌كه‌ ببێته‌ چه‌ندين پارچه‌. له‌ ياری ده‌سه‌ڵاتدا، سه‌ركرده‌ی حيزبی فه‌زيله‌ خۆیان به‌ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بينن ، و ڕه‌نگه‌ به‌و زوانه‌ ده‌ست له‌ ئيئتيلاف هه‌لبگرن. ئيتر سه‌نگی مه‌حه‌ك هه‌لبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مانه،‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ عه‌ره‌بی شيعه‌ مه‌حاڵ بێ كه‌ جارێكی تر (سه‌ڕه‌ڕای فشاری ئێران و آيه‌الله‌‌ی سيستانی‌) ئه‌و جۆره‌ ئيئتيلافه‌ پان و به‌رينه‌ی جارانيان مسۆگه‌ر بكه‌نه‌‌وه‌. له‌و حاڵه‌ته‌دا.

دواپه‌يامم

بێ گومان هه‌تا خيتابی كورد له‌ به‌غدا يه‌ك بێ، وه‌ هه‌تا له‌ هه‌رێمی كوردستانيش ماڵی ته‌رتيب بێ، ئه‌وا شه‌پۆڵی گۆڕانكاری له‌ باقی عيراق، كارێكی ئه‌وتۆ ناكاته‌ ڕێڕه‌وی سياسی كوردستان. پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كورد ئالقه‌ی بيركاری ستراتيژیان به‌ بێ پچڕان به‌رده‌وام بكه‌ن و هه‌موو هه‌نگاوێكی سياسی گرنگيان به‌ ته‌نسيق و هه‌ماهه‌نگی ئه‌نجام بده‌ن. پێويسته‌ پارتی و يه‌كێتی له‌ خۆيانه‌‌وه‌ په‌يوه‌ندی ستراتيژی تايبه‌ت له‌گه‌ڵ حيزبه‌ عيراقيه‌كان يان ووڵاته‌ دراوسێكان، له‌سه‌ر حيسابی يه‌كتر وه‌يان له‌سه‌ر حيسابی قه‌زيه‌ به‌رزه‌كه،‌ نه‌به‌ستن. بۆ ئه‌وه‌ش، پێويستيان به‌ گفتوگۆ و تێك گه‌يشتنی به‌رده‌وامه له‌ به‌رزترين ئاستی بڕياردانيان.‌