Wednesday, 3 January 2007

سڕينه‌وه‌ی ناوی په‌كه‌كه‌ له‌ ليستی تێريرۆيزم

پڕۆژه‌یه‌ك بۆ سڕينه‌وه‌ی ناوی په‌كه‌كه‌ له‌ ليستی تێرۆريستانی جيهانی

ئاگربه‌سيی – به‌س نيه‌، بزووتنه‌وه‌ی کوردیي باكور پێويستی به‌ گۆڕانكاری ناوه‌كی و ده‌ره‌كيه‌

پرۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

هاوڵاتی - ژماره‌ 307- ڕۆژی 3/1/2007 لاپه‌ڕه‌ 14 و 15

به‌ گوێره‌ی هه‌ڵوێستی فه‌رمی توركی و ئه‌وروپی و ئه‌مريكی، پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌‌كه‌كه‌) رێكخراوێكی تێرۆريستيه‌. ئه‌و ڕێكخراوه‌ی كه‌ نوێنه‌رايه‌تی بزوتنه‌وه‌يه‌كی پان و به‌رينی به‌شێكی گه‌وره‌ و گرنگی كوردستان ده‌كات، ئه‌و مۆره‌‌ ناهه‌مواره‌ی پێوه‌ لكاوه،‌ و به‌هۆيه‌وه‌ زه‌ره‌ری مه‌زن له‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاريخوازی كوردستانی باكوور كه‌وتوه‌. ڕۆژگاريش سه‌لماندويه‌تی كه‌ مۆر و نازناوی له‌وجۆره‌، قابيلی گۆڕانه‌‌‌. نمونه‌ی زيندوو ڕێكخراوی (فه‌تح)ی فه‌له‌ستينی و (موجاهيدی خه‌لق)ی ئێرانيه‌. به‌ڵام هه‌تا شێوازی خه‌باتكردنی په‌كه‌كه‌ و پارسه‌نگی هێزه‌ ناوچه‌يی و جيهانيه‌كان به‌و شێوه‌ی كۆنيان بمێنن، مۆری تێرۆريزمی له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ وابه ئاسانی ناسڕێتيه‌وه‌. پارسه‌نگی هێزه‌كان واله‌ گۆڕانی بنه‌ڕه‌تيدايه‌ و گۆڕانی مه‌زنتريش له‌ ئاينده‌دا چاوه‌ڕوانكراوه‌. به‌ڵام ئايا په‌كه‌كه‌ ئاماده‌يه‌، به‌هه‌مان خێرايی، شێوازی خه‌باتی بگۆڕی، تاوه‌كو به‌ زووترين كات مۆری توندڕه‌وی و نازناوی تێرۆريزمی پێوه‌ نه‌مێنێ؟

له‌و ووتاره‌مدا، نامه‌وێ باس له‌ دڕنده‌يی دوژمن و چه‌وسانه‌وه‌ی كوردی كوردستانی باكوور بكه‌م. نامه‌وێ باس‌ له‌ ئاستی ‌ تيرۆری پۆليس و ئه‌رته‌ش‌، و مه‌ودای توندڕه‌وی هه‌ندێ له‌ سياسه‌تمه‌داران و ڕۆژنامه‌وانانی توركی بكه‌م. به‌لای هه‌موو كوردێكه‌وه ئه‌وانه‌ ئاشكرا و به‌ڵگه‌نه‌ويستن. له جياتی ئه‌وانه‌، ڕووی په‌يامه‌كه‌م ده‌كه‌مه‌ سه‌ركرده‌كانی كوردی كوردستانی باكوور، بۆ لێدوانێكی خۆمانه‌، بۆ دياريكردنی هه‌نگاوی داهاتووی بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌ ڕوانگه‌ی جموجۆليه‌‌كانی ئه‌ودوواييه‌ی توركيا و ئه‌مريكا و هێزه ‌كورديه‌كانی كوردستانی باشوور. په‌يامه‌كه‌م بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسياری ستراتيژی گرنگه، كه‌ ئايا بۆچی- سه‌ڕه‌ڕای چه‌ندين موباده‌ره‌‌ی ئاشتيخوازانه‌- په‌كه‌كه‌ نه‌يتوانيوه‌ ڕای گشتی و حكومی توركی و جيهانی به‌لای خۆيه‌وه‌ ڕابكێشێ، وه‌ تۆپه‌كه‌ بخاته‌وه‌ گۆڕه‌پانی سياسيه‌تمه‌دارانی توركيا؟ له‌دوای شێكردنه‌وه‌كانم، پرۆژه‌يه‌كی چاره‌سه‌ريی وه‌زعی په‌كه‌كه‌ ده‌خه‌مه‌ ڕوو به‌و ئومێده‌ی كه‌ سه‌ركرده‌ مه‌يدانيه‌كانی په‌كه‌كه‌ سوودی لێ ببينن.

ئاگربه‌سی په‌كه‌كه‌

په‌كه‌كه، له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٠٦ دا، ئيعلانی شه‌ڕ ڕاگرتن و ئاگربه‌سی به‌رامبه‌ر توركيا ده‌ركرد‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ جاری يه‌كه‌می نيه‌. له‌ سه‌رده‌می تورگوت ئوزاله‌وه‌ تاكو ئێستا، چه‌ندين جاری تريش ئه‌و جۆره‌ ده‌سپێشخه‌ريه‌ی كردوه‌. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا، سه‌ركرده‌ سياسيه‌كانی توركيا، هه‌روه‌ك عاده‌ت‌، وای ده‌رده‌خه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ جۆره‌ موباده‌ره‌يه‌ بێ مانايه‌ و شايانی ئه‌وه‌ نيه‌ كه‌ به‌ جيددی وه‌ری بگرن. به‌ڵام ئايا توركيا چه‌ند ڕاست ده‌كات له‌و جۆره‌ هه‌ڵوێسته‌؟ ئايا له‌ڕاستيدا، بڕياره‌كانی په‌كه‌كه‌ كاريگه‌ریان نيه‌ له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی سياسی توركيا؟

له‌ ساڵی ١۹۹۳ دا، (مام جه‌لال تاله‌بانی) هه‌وڵێكی زۆری دا كه‌ ناوبژی له‌نێوان (عه‌بدوڵلا ئۆجه‌لان)ی سه‌رۆكی په‌كه‌كه‌ و (تورگوت ئۆزال)ی سه‌ره‌ك كۆماری توركيا بكات. ئۆزال سه‌رۆكێكی باڵا ده‌ست و دووربين بوو. مه‌به‌ستيشی بوو گفتو گۆ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ بكات و بهێنێته‌ ناو عه‌مه‌ليه‌تی سياسی توركی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری توركيدا، چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات. دياريش بوو كه‌ پێشترئۆزال زه‌مينه‌ی بۆ ئه‌وجۆره‌ كاره‌ خۆش كردبوو، و بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ (ئه‌شره‌ف بيتليس)ی سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی ئه‌رته‌‌شی ڕازی كردبوو. به‌داخه‌وه‌، چله‌ی ماته‌مينی پرۆسه‌ی ئاگر به‌سيه‌كه‌و هی سه‌رۆك كۆمار تێكه‌ڵ بونه‌وه‌، و به‌ مردنی‌ له‌ناكاو‌ی ئۆزال، پرۆسه‌ی ئاشتی گه‌ڕێندرايه‌وه‌ چه‌رخی هه‌شتاكان‌.

قه‌يرانی په‌كه‌كه‌، له‌ ئۆزاله‌وه‌ بۆ ئه‌ردوغان

له‌ ده‌ ساڵی دوای ئه‌و هه‌وڵانه‌دا، ڕووداوی گرنگ به‌سه‌ر په‌كه‌كه‌دا هاتن‌. له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی هێرشی توركيدا، سوريا ده‌ستی له‌ په‌كه‌كه‌ هه‌ڵگرت و بنكه‌ سه‌ره‌كيه‌كانی له‌ حه‌شارگه‌كه‌ی بيقاعدا هه‌لكه‌ناند. جێ پێی ئۆجه‌لان له‌ق كراو دوايش، به‌ موئامه‌ره‌يه‌كی ده‌ولی (توركی و ئه‌مريكی و ئيسرائيلی و ووڵاتانی تريش)، ده‌سبه‌سه‌ركراو فرێندرايه‌ توركيا و خرايه‌ زيندانه‌وه‌. له‌گه‌ڵ خۆشيدا، بۆ نيشاندانی نيازچاكیی خۆی، ئۆجه‌لان دوو گروپی ئاشتی له‌ چیا و له‌ ئورووپاوه‌ هێنایه‌وه‌ ترکیا‌، که‌ هه‌موویان گیران و حوکمی درێژیان بۆ بڕایه‌وه.‌ به‌وانه‌، په‌كه‌كه‌ زوخاوی شكستی سياسی و عه‌سكه‌ری چه‌شت. سه‌ڕه‌ڕ‌ای ته‌عاون وته‌نازول وهه‌وڵه‌ بێ ووچانه‌كانی ئوجه‌لان بۆ نه‌رمكردنی هه‌لوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر، وه‌سه‌ڕه‌ڕای به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی سه‌ركرده‌كانی تری په‌كه‌كه، پرۆسه‌ی ئاشتی نه‌چوه‌ پێشه‌وه‌. په‌كه‌كه‌ و ئۆجه‌لان نه‌يانتوانی هه‌لوێستی سياسيی توركی بگۆڕن، ڕای گشتی بۆ خۆيان ڕاكێشن‌، وه‌يان ده‌ستكه‌وتی مێژوويی به‌ده‌ست بهێنن.

هه‌ڵبه‌ت، بێجگه‌ له‌‌ سه‌رلێشێوان و ناڕوونيی په‌كه‌كه‌، ڕێره‌وی سياسی جيهانی ئه‌و كاته‌يش له‌ سالحی كورد نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ر به‌ره‌و قازانجی توركيا بوو. هاوكات ناوماڵی توركيش بێ سه‌روبه‌ر بوو و ووڵاته‌كه‌ به‌ره‌و فه‌وزای سياسی و ئابوری و ئه‌منی ده‌ڕۆييشت. هيچ حيزبێكی توركي بۆی نه‌ڕه‌خسا زۆرينه‌ی په‌رله‌مانی بهێنێ و حكومه‌تێكی به‌ توانا پێك بهێنێ. به‌وانه‌ش ده‌سه‌ڵاتی له‌شكری توركی به‌سه‌ر قه‌راری سياسی ووڵاته‌كه‌دا هه‌نده‌ی تر زاڵ ببوو، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ حيزبی عه‌داله‌ت و پێشكه‌وتن به‌زۆرينه‌ی ده‌نگ هاته‌ سه‌ر حوكم و جۆرێك له‌ ئيستيقراری سياسی و ئابووری هينايه‌ كايه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی له‌ ڕابوردوودا، دانوی ئه‌و حيزبه‌ له‌گه‌ڵ ئۆردوو (ئه‌رته‌ش) قه‌ت نه‌كوڵاوه‌، به‌ڵام له‌ دوای هاتنه‌ سه‌ر حوكم، حيزبی ئه‌ردوغانيش گيرو گرفتی خۆچه‌قاندنی هه‌بوو و پێويستی به‌ كات هه‌بوو. بۆيه‌ش مه‌جبوورما ئۆردوو ڕازی بكات و به‌پێی ده‌ستور ڕێره‌وی ئه‌تاتوركی قه‌ومی عيلمانی بگريته‌ ئه‌ستۆ، وه‌ له‌به‌رامبه‌ر كورديشدا مساوه‌مه‌ نيشان نه‌دات.

ئه‌مريكا و وه‌رسوڕانی چه‌رخ

له‌و پێنج شه‌ش ساڵه‌ی ڕابووردوودا، چه‌رخی زه‌مانه‌ ديسانه‌وه‌ وه‌رسووڕاوه‌. نيوكۆنزه‌رڤه‌تيڤه‌كانی ئه‌مريكا ده‌فه‌ی حوكمی تاقه‌ زلهێزی دونيايان گرته‌ ده‌ست و سياسه‌تی ده‌ره‌وه‌وه‌يي ئيمپراتۆريه‌ته‌كه‌يان سه‌رتاپا گۆری. له‌ زلهێزێكی موحافيزی سه‌رده‌می شه‌ڕی ساردی دژبه‌كۆمۆنيزمه‌وه‌، بونه‌ته‌‌ زلهێزێكی په‌لهاوێژو بێ منه‌ت و چاو نه‌ترس به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنی سه‌ره‌كی نوێيان – واته‌ تێرۆريزم. له‌ڕوانگه‌ی ئه‌مريكاشدا، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی تێرۆری نوێيه‌. بۆيه‌ش، له‌دوای كاره‌ساتی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٠١‌دا، ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش چاوی به‌ نه‌خشه‌ی سياسي ناوچه‌كه‌دا خشانده‌وه‌‌ و پلانی درێژخايه‌نی دانا بۆ ده‌ستێوه‌ردانی پارسه‌نگی هێزه‌كان. يه‌كێك له‌ ئه‌نجامه‌ ڕاسته‌وخۆيه‌كانی ئه‌و چاوپێخشاندنه‌وه‌، ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام بوو، كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌كاره‌ به‌ ته‌نيا به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی فرسه‌تی تازه‌ بۆ كوردی هه‌رچوار پارچه‌كانی كوردستان بهێنێته‌‌ كايه‌وه‌‌. خۆ هه‌ڵوێستی نێگه‌تيڤانه‌ی توركيا به‌رامبه‌ر به‌ هێرشی ئه‌مريكا بۆ سه‌ر عيراق، دووهه‌م گرنگترين ڕووداوی سياسی بو كه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد دا گه‌ڕايه‌وه‌. به‌و هه‌ڵوێسته‌، توركيا توشی شكستی ديپلۆماسی مه‌زن هات و له‌شكره‌كه‌شی كه‌وته‌ قه‌فه‌زێكه‌وه‌، و درز و كه‌لێنێكی ئاشكرا له‌ په‌يوه‌ندیی توركی و ئه‌مريكايی په‌يدا بوو.

به‌ڵام لێره‌دا زۆر گرنگه‌ له‌ بيرمان نه‌چێ كه‌ ئه‌‌و لێك تۆرانه‌ی توركی و ئه‌مريكی شتێكی كاتيه‌. ‌ ئه‌مريكا له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا و له‌شه‌ڕی دژ به‌ تێرۆر و ئيران و سووريادا، پێويستی به‌ توركيا ده‌بێته‌وه‌. توركياش ده‌زانێ به‌بێی ئه‌مريكا پلانه‌ سياسیه‌ جيهانيه‌كانی و پلانه‌ عه‌سكه‌ريه‌ ڕۆژهه‌ڵاتيه‌كانی بۆ ناچێته‌ سه‌ر. جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نيه‌ كه‌ توركيا ده‌يه‌وێ شكستی ئه‌و دواييه‌ی له‌شكری ئه‌مريكی له‌ عيراقدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بقۆزيته‌وه، هه‌ربۆيه‌ش له‌زووه‌وه‌ پشتگيری خۆی له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی به‌يكر-هاميلتن ئاشكرا كردوه‌. هاوكات، ئه‌رته‌شی توركی (كه‌‌ به‌ودواييه‌ ته‌وژمی ده‌ستێوه‌ردانی سياسيی زيادی كردوه‌) ده‌يه‌وێ وورده‌ وورده‌ هه‌لی عه‌سكه‌ری و سياسی بڕه‌خسێنی بۆ‌ ئه‌وه‌ی په‌ل بهاوێ و زه‌ربه‌كی تری مێژوويي له‌ په‌كه‌كه‌ بدات. هه‌ربۆيه‌ش‌ ته‌وقيتی ئاگربه‌سی ئه‌وجاره‌ی په‌كه‌كه‌ و كه‌مپه‌ينی ئاشتيخوازانه‌كه‌ی زۆر له‌ جێيه‌يه‌تی، چونكه‌ به‌هانه‌كانی ئه‌رته‌ش‌ پوچه‌ل ده‌كاته‌وه‌و ‌ته‌وژمی هه‌ڵمه‌ته‌ سياسيه‌ دژواره‌كه‌ كه‌متر ده‌كاته‌وه‌.

ئيختياری شه‌ڕ‌

په‌كه‌كه‌ ده‌توانی ئه‌زێتی جيهازی ده‌وڵه‌تی توركي و ئابوريه‌كه‌ی بدات. بگره‌ ده‌توانێ له‌شكره‌كه‌شی زامدار بكات، به‌ڵام ناتوانی بيانبه‌زێنێ. له‌شكری توركيا ووڵاتپارێز و خاوه‌ن قه‌زيه‌ نيه‌، به‌ڵكو عه‌زيايه‌كی گه‌نده‌ڵيه‌ و ده‌وڵه‌تێكه‌ له‌ناو ده‌وڵه‌ت، و ئاماده‌يی تێدايه‌ سه‌رباز بكاته‌ كه‌بشی فيدای ئه‌جه‌نده‌ی سه‌رۆكه‌‌كانی. به‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌ت و ميلله‌ت و بيزنيس، عه‌سكه‌ری توركی هه‌رده‌م سوودمه‌ند بوه‌ له‌ شه‌ڕی كورد دا. له‌سه‌رده‌می شه‌ڕدا، ئه‌رته‌ش و پۆليسی توركی ده‌سه‌ڵاتیان زياد ده‌بێ. بيجگه‌ له‌ كاری تيرۆركردنی كورد، به‌هانه‌یان ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بن له ‌حوكمی عورفی وده‌ستێوه‌ردانی حوكمڕانی و گه‌شه‌ پێدانی گه‌نده‌ڵيی. واته‌ گرنگ نيه‌ به‌لای ئه‌رته‌شه‌وه‌ ئايا كام لايه‌ن له‌شه‌ڕدا براوه‌يه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌شكريشيان تێدا شكست بهێنی، ئامانجه‌كانيان له‌ڕێگه‌ی به‌رده‌واميتی شه‌ڕدا سه‌رده‌كه‌وێ. بۆيه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندياندايه‌ كه‌ كورد توندره‌و بێ و به‌رده‌وام بێ له‌ شه‌ڕكردن. هه‌ربۆيه‌ش به‌ ده‌ركردنی به‌يانی ئاگربه‌سی ئه‌وجاره‌‌يان، مه‌وقيفی سه‌ركرده‌ی عه‌سكه‌ر و‌ سياسه‌تمه‌داره‌ گوێڕايه‌له‌كانيان‌‌ لاوازبوه‌ و بگره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديه تايبه‌ته‌كانيشيان دراوه‌ته‌وه‌.

ئايا له‌ توركيا كێ دوژمنه

نابێ په‌كه‌كه‌ سه‌يری توركيا بكات وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ته‌بای يه‌كپارچه‌، وه‌يان خاوه‌نی يه‌ك ڕێڕه‌و و يه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی، چونكه‌ ئه‌وانه‌ وانين. به‌ڵكو ده‌سه‌ڵات له‌ ناو توركيادا بريتيه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی دژبه‌يه‌كتر و به‌رژه‌وه‌ندی ئاڵۆز. هه‌لبه‌ت، لايه‌نی مه‌ده‌نی و ديموكراسی توركی-واته‌ حيزبه‌ سياسيه‌كان- مه‌سئوليه‌تی پاراستنی به‌رژه‌وه‌نديه‌ سياسي و بازرگانیه‌كانی ووڵاته‌كه‌يان له‌ئه‌ستۆدايه‌. مه‌سئولن به‌رامبه‌ر ده‌نگده‌ری توركی بۆ ته‌رتيب كردنی ناوماڵی ده‌وڵه‌ت بۆ خاتری دابين كردنی ئيستيقراری ئابوری و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵايه‌تی ونه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵيی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ژيان شان به‌شانی ووڵاتانی پێشكه‌وتوو. بۆيه‌ش سياسه‌تمه‌داری ديموكراسی توركی، له‌ ناخدا زۆر له‌ دژی ئه‌جيندا و جموجۆڵ و ده‌ستێوه‌ردانی سياسيی له‌شكره‌كه‌يانن. هه‌ركاتێك حكومه‌تی هه‌ڵبژێردراو زۆرينه‌ی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێ و سيقه‌ی به‌ خۆی و ده‌نگده‌ری هه‌بێ، ئه‌وا هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ نينۆكی سه‌ركرده‌ی ئه‌رته‌ش قوت بكات و وورده‌ وورده‌ ده‌سه‌ڵاتيان كه‌م بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ك ئۆزال له‌ڕابوردوودا سه‌ركه‌وتووبوو و ئه‌ردۆغانيش له‌ژێره‌وه‌ هه‌وڵی داوه‌. بۆيه‌ش كورد ده‌بێ كار بۆ ئه‌وه‌بكات كه‌ لايه‌نه‌ سياسيه‌ مه‌ده‌نيه‌كانی توركيا‌ كه‌سب بكات و به‌ ناڕاسته‌وخۆيی يارمه‌تيان بدات تاوه‌كو ديموكراسيه‌ت له‌ توركيا بسه‌پێنن و ڕۆلی دوژمنه‌ هاوبه‌‌شه‌كه‌ش (واته‌ ئۆردوو) په‌ڕاوێز بكه‌ن.

شايانی باسه‌ (وه‌ك نمونه‌يه‌كی زيندوو) كه‌ سه‌ركرده‌يه‌كی توندڕه‌وی وه‌ك (مه‌همه‌ت ئاغار) كه‌ هه‌تا دوێنی پشتگيری له‌ كاری تێرۆريستی دژبه‌ كوردان ده‌كرد، ئيمرۆ موغازه‌له‌ی كورد ده‌كات و ڕكابه‌ری ئۆردوو ده‌كات. ئاغار له‌ڕابووردوودا وه‌زيری ناوه‌خۆ بوو وه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا، باندی تێرۆر له‌ ناو موئه‌سسه‌سه‌ دپلۆسێنه‌ره‌كانی وه‌زاره‌ته‌‌كه‌یدا په‌يدا بوبوون و سه‌دان كاری تێرۆريستیان ده‌رهه‌ق به‌ كوردان ئه‌نجام دابوو. كه‌چی به‌و دواييه‌، وه‌ك سه‌رۆكی ( پارتی ڕێگه‌ی ڕاست) چوه‌ كوردستان و له‌ خوتبه‌كانيدا ڕێگه‌ی بۆ گفتوگۆ خۆشده‌كرد. داوای عه‌فوده‌ركردنی كرد بۆ په‌كه‌كه‌ و په‌يامی بۆ په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌مه‌ودوا وه‌ك پارتێكی سياسيی شارستانی خه‌باتی ره‌سمی بكات. ئه‌و قسانه‌ به‌‌ (عه‌بدوڵڵا گول)ی وه‌زيری ده‌ره‌وه‌ی توركيا گه‌يشتنه‌وه، و ئه‌ويش له‌وه‌ڵامدا ڕێزی به‌رامبه‌ر ئاغار و بۆچوونه‌كه‌ی ده‌ربڕی. كه‌چی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ويشدا، سه‌رۆكی سوپای توركی (يه‌شار بويوك ئانت) وچه‌ند ڕۆژنامه‌يه‌كی توندڕه‌وی توركی، به‌توڕه‌ييه‌وه‌ ئيدانه‌ی قسه‌كانی ئاغاریان كرد.

توركيا و ئه‌ندامێتی ئه‌وروپا

ئيمڕۆ، فرسه‌تێكی مه‌زن هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ توركيا ده‌يه‌وێ بێته‌ باوه‌شی ئه‌وروپا. ئه‌وروپاش لێی به‌ به‌هانه‌يه‌ و باوه‌شی بۆ ناكاته‌وه‌‌. خۆشبه‌ختانه‌، مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤی كورد يه‌كێكه‌ له‌و به‌هانه‌ سه‌ره‌كيانه‌، واته‌ ئه‌وروپاييه‌كان له‌جياتی ئێمه‌ و به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ شه‌ڕێك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولاماندايه‌. به‌و دواييه‌، په‌رله‌مانی ئه‌وروپی داوای له‌ توركيا كردوه‌ كه‌ "گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی گه‌لی كوردستان بكات". به‌ڵام توركيا و ئه‌وروپا وای دانانێن كه‌ په‌كه‌كه‌ تاكه‌ نوێنه‌ری كورده‌، ئه‌گه‌رچی له‌ باكووردی كوردستاندا تاقه‌ هێزی كاريگه‌ره‌. ‌هه‌ڵبه‌ت سه‌ركرده‌ سياسيه‌ مه‌ده‌نيه‌ ديموكراته‌كانی توركياش له‌ ژێره‌وه‌ پێيان ناخۆش نيه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ فشاره‌ی ئه‌وروپا ببێته‌ هۆيه‌ك بۆ لاوازكردنی باڵی ئه‌رته‌ش. ئه‌دميرال (يه‌نه‌ر قه‌ره‌هانئۆغلو)، فه‌رمانده‌ی هێزه‌ ئاويه‌كانی توركيا، له‌ ٢۹ی سێپتامبردا گووتی "ئێمه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ توركيا ڕاوده‌نێين وه‌يان له‌ ده‌ريای ئه‌نادۆلدا ده‌يانخنكێنين". هه‌روه‌ها گووتی "ئيمه‌ نابێ قيه‌می ئه‌خلاقی و پرنسيپه‌كانمان واز لێبهێنين بۆ خاتری ئه‌ندامێتی ئه‌وروپا". وه‌ك بڵێی قيه‌می ئه‌خلاقی توندڕه‌وانه‌ی ئۆردووی توركی به‌رزترن له‌ قيه‌می ديموكراسی و پرنسيپی مرۆڤايه‌تی. ئه‌وه‌ نه‌ك ته‌نيا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فشاری ئه‌وروپیه‌ له‌سه‌ر توركيا و له‌شكره‌كه‌ی، به‌ڵكو شله‌ژانی سه‌ركرده‌ عه‌سكه‌ريه‌كانيش ده‌رده‌خات سه‌باره‌ت به‌ فشاری ناوه‌خۆیی سياسی مه‌ده‌نی. ئيتر، ده‌بێ كورد ئه‌و ياريه‌ باش تێبگاو ياری به‌ سيسته‌می ناوه‌خۆيی توركی بكات. به‌و پێيه‌، ده‌بێ په‌كه‌كه، كار بۆ ئه‌وه‌ بكات كه‌ ده‌ستی سياسه‌تمه‌داری ئه‌وروپايی و توركيايی زاڵ بێ به‌سه‌ر ئۆردوو و موئه‌سسه‌سه‌ داپلوسينه‌ره‌كانی توركيا‌.

په‌كه‌كه‌ و پشتيوانيه‌تی كوردی باشوور

ئه‌نكه‌ره‌ ده‌يه‌وێ كه‌ حكومه‌ته‌كانی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان به‌يه‌كه‌وه‌ ته‌نگ به‌ په‌كه‌كه‌ هه‌ڵچنن و له‌و ناوه‌ ده‌ری بكه‌ن، هه‌روه‌ك سوريا و ئێران بۆيان ئه‌نجامدا. خۆشبه‌ختانه‌، له‌جياتی ئه‌وه‌، هه‌ردوو ئيداره‌كه‌‌ توانيويانه‌ سياسه‌تێك په‌يڕه‌وی بكه‌ن كه‌ نه ‌شيش بسووتێ و نه ‌كه‌باب. ئه‌وه‌ش ئه‌نكه‌ره‌ی نيگه‌ران كردوه‌. بۆ نموونه‌، له‌ لايه‌كه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم كارێكی ئه‌وتۆی نه‌كردوه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ ته‌نگاو بكات، وه‌ له‌ دژی ره‌غبه‌تی توركيشدا ئاڵای كوردستانی هه‌ڵگرتوه‌ و هه‌ويه‌ی كوردستانێتی به‌سه‌ركه‌ركوكدا داسه‌پاندوه‌. له‌ لايه‌كی تريشه‌وه‌ موجامه‌له‌ی ده‌وڵه‌تی توركی ده‌كات و ڕێگه‌ خۆش ده‌كات بۆ په‌يدا بوونی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌ڕێگه‌ی په‌ويوه‌ندی ئيداری و بازرگانی و ئيستيسماريی.

ئاگر به‌سی ئه‌وجاره‌‌ی په‌كه‌كه‌، ديسانه‌وه‌ به‌ ناوبژیكه‌ريی سه‌رۆك تاله‌بانی هاته‌ كايه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت عه‌سكه‌ری توركی پێی ناخۆشه‌ كه‌ تاله‌بانی، وه‌ك سه‌ره‌ك كۆماری عيراق، به‌ره‌سمی ته‌ده‌خول ده‌كات و ته‌به‌ننای ناوبژيكردنه‌كه‌ ده‌كات. چونكه‌ به‌وكاره‌، سه‌رۆكی عيراق به‌ فه‌رمی شه‌رعيه‌تی نوێنه‌رايه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ميلله‌تێك ده‌داته‌ په‌كه‌كه. په‌كه‌كه‌ش ده‌بێ به‌رده‌وام بێ له‌و په‌يوه‌نديانه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تاله‌بانی، و هه‌نده‌ی تر هه‌ماهه‌نگی بێ و به‌ره‌و پيری هه‌وڵه‌كانيه‌وه‌ بێت. ته‌نانه‌ت، په‌كه‌كه‌ ده‌بێ به‌ نهێنی و به‌ ئاشكرا داوا له‌ سه‌رۆك تاله‌بانی بكات بۆ ئه‌وه‌ی ناوبژيان بۆ بكات له‌گه‌ڵ سياسه‌تمه‌دارانی ئه‌وروپی و ئه‌مريكی. ڕه‌نگه‌ تاله‌بانی ئه‌وه‌ی دواييان به‌ بێ دوودڵيه‌وه‌ بكات چونكه‌ ئێستا به‌ينی ساردبوه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی‌ توركی. ئه‌وه‌ش به‌هۆی هه‌ڵوێستی دژواری توركی سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك، و پشتگيری توركيا له‌ سوننه‌ی توندڕه‌وی عيراق، و ناڕه‌زاييان له‌ رۆلی تاله‌بانی له‌ تێكدانی پيلانی دوولايه‌نه‌ی ئه‌ردۆغان و ئيبراهيم جه‌عفه‌ری. شايانی باسه‌، سه‌رۆك (نه‌جده‌ت سيزه‌ر)ی توركيا زۆر به‌ رۆحێكی ڕه‌گه‌ز په‌رستيانه‌ و نا شارستانيانه‌، ره‌فزی كرد‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك تاله‌بانی به‌ره‌سمی ده‌عوه‌ت بكات بۆ توركيا، ته‌نيا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كورده‌، له‌ كاتێكيشدا به‌بێ دوودڵی سه‌رۆكوه‌زيران جه‌عفه‌ری و ماليكی ده‌عوه‌ت كردوه‌.

ئه‌ركی سه‌رشانی ‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستانی باشوور

ئاشكرايه‌ كه‌ ئه‌رته‌ش و توندڕه‌وه‌كانی توركيا دوژمنايه‌تی كوردی باشوور ده‌كه‌ن، به‌هه‌مان پله‌ی باكوور، و بۆيه‌ش دوژمنی هاوبه‌شی هه‌موولايه‌كن. ده‌ستێوه‌ردانی توركيا له‌ سياسه‌تی ناو عيراق و هه‌رێمی كوردستانیدا، تاقه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی پڕ مه‌ترسيه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی كوردستانی باشوور بۆته‌وه‌. نه‌ عه‌ره‌بی عيراق و نه‌ سوريا و نه‌ ئێران توانای ده‌ستدرێژيان هه‌يه‌ بۆسه‌ر حوكمی نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆی كوردستانی باشوور، و نه‌ ڕێگريشن له‌ سه‌ربه‌خۆيی ته‌واوی كوردستانی باشوور. هه‌رچی توركيايه‌، به‌ ئاشكرا و به‌ نهينی، به‌ ئيعلام و سياسه‌تكاری و به‌ كاری عه‌سكه‌ری (چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی)، توركومانی توندڕه‌و و سوننه‌ی عه‌ره‌ب له‌دژی كوردی باشوور هان ده‌دات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش، هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستدرێژيكردنی ڕاسته‌وخۆش له‌ هه‌رێم ده‌كات، به‌ بيانوی لێدانی په‌كه‌كه‌ (سه‌ره‌ڕای ئيعلانی په‌كه‌كه‌ بۆ ئاگربه‌سی). ته‌نيا ڕێگريش له‌به‌رده‌ميان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌مريكا ئاماده‌ نيه‌ باری ئاڵۆزی عيراق ئاڵۆزتر بكات.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ی توركيادا، حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غدا ته‌نيا به‌ ته‌سريحی ڕۆژنامه‌وانی و به‌ ئيشاره‌تی ناڕاسته‌وخۆيی، ناڕه‌زايی خۆيان ده‌ربڕيوه‌. دياره‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ وه‌ڵامه‌ نابێته‌ مايه‌ی به‌رپێچدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركي. پێويسته‌ په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانانتارانی كوردی‌ له‌ به‌غدا، داوای كاری ئاكتيڤتر له‌ حكومه‌ته‌كانيان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی توركيا به‌خه‌به‌ر بهێنن. خۆ ئه‌گه‌ر توركيا بيه‌وێ بنه‌مای سياسی كوردستانی باشوور به‌ هۆی ژماره‌يه‌كی كه‌می توركمانان بشله‌ژێنێ، ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێميش ده‌توانێ باری ده‌وڵه‌تی توركيا، به‌ هۆی يارمه‌تيدانی ١٥-٢٠ مليۆن كوردی باكوور، بشله‌ژێنێ. كوردی باشوور پێويستی به‌ شه‌ڕی مواجه‌هه‌ نيه‌ تاوه‌كو باری توركيا له‌ق بكات، به‌ڵكو ده‌يان شێوه‌ی به‌ديلی له‌به‌رده‌سته‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست‌.

له‌ڕۆژكاری ئيمرۆدا، باشترين كاری سياسی، بۆ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی كوردستانی باكوور و باشوور ئه‌وه‌يه‌ كه‌ سياسه‌تمه‌دارانی كوردستانی باشوور (به‌تايبه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك كۆمار)، له‌ نزيكه‌وه‌ ئامۆژگاری په‌كه‌كه‌ بكه‌ن و يارمه‌تی بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگ بێ له‌گه‌ڵ سياسه‌تی كوردستانی باشوور و سياسه‌تی ئه‌مريكا و ئه‌وروپا. له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ستراتيژی پارتی و يه‌كێتيدايه‌ كه‌وا په‌كه‌كه‌ له‌ داوی ليستی تێرۆريستيی ڕزگاربكه‌ن و بێهێننه‌ سه‌ر شانۆی ديپلۆماسی جيهانيه‌وه،‌ و بيكه‌نه‌ ياريكه‌ری كاريگه‌ر له‌ ناو عه‌مه‌ليه‌ی سياسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا‌. ئه‌و جۆره‌ ده‌سگرتنه‌ له‌ به‌ڕژه‌وه‌ندی هه‌موو لايه‌كدايه‌، چونكه‌ به‌هێز كردنی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاريخوازی كوردی باكوور، باشترين گه‌ره‌نتي درێژخايه‌نه‌ بۆ سه‌قامگيربوونی ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستانی باشوور.

له‌پاڵ ئه‌وانه‌يشدا، گه‌ره‌كه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌ياندن و سه‌نديكا و ڕێكخراوه‌ كورديه‌ باشووريه‌كانيش له‌ هه‌مان ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ستراتيژی كورديه‌وه‌ سه‌يری بزوتنه‌وه‌ی كوردستانی باكوور بكه‌ن. پێويسته‌ فشار بخه‌نه‌ سه‌ر سه‌ركرده‌كانی كوردی باكوورو باشوور بۆ هه‌مان مه‌به‌ست. پێويسته‌ له‌ ئالقه‌ی ڕۆشنبيری فراوان و كۆنفرانس و نووسراوی هاديف دا، بۆچوون و ستراتيژيه‌ت و تێك گه‌يشتنی باكوور و باشوورو ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا له‌يه‌كتر نزيك بكه‌نه‌وه‌.

ته‌نازولاتی په‌كه‌كه‌ و سياسه‌تی فه‌رمی توركيا

له‌دوای زيندانی كردنی سه‌رۆكی په‌كه‌كه‌ و بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانیدا بۆ نه‌رمكردنی هه‌ڵوێستی توركی، ده‌مێكه‌ په‌كه‌كه‌ وازی له‌ شيعاری جيابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆيی كوردستان هێناوه‌. له‌جياتی ئه‌وانه‌، په‌كه‌كه‌ داوای مافی كو‌ڵتوری ده‌كات له‌ چوارچێوه‌ی توركيايه‌كی يه‌كگرتوو، واته‌ زۆر كه‌متر له‌وه‌ی كه‌ كوردی كوردستانی باشوور ده‌ستيان كه‌وتوه‌. له‌به‌رامبه‌ريشدا، لايه‌نی توركی ئيستيغلالی لاوازيی مه‌وقيعی په‌كه‌كه‌ و ئوجه‌لانی كردوه‌ و هه‌وڵی داوه‌ بيانگوشی تاوه‌كو مه‌زنترين ده‌ستكه‌وتيان لێ به‌ده‌ست بهێنی، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماده‌يی پێوه‌ دياربێ كه‌مترين مافی مرۆڤ بداته‌ كوردی باكوور، وه‌يان به‌شداری به‌ په‌كه‌كه‌ بكات له‌ عه‌مه‌ليه‌تی سياسی.

واته‌، له‌وبواره‌وه‌،‌ هه‌وڵه‌‌كانی پێشتری په‌كه‌كه‌، و نه‌رمی له‌ تاکتیک و پراكتیک دا له‌ به‌رامبه‌رتوركيادا، فه‌شه‌ليان هێناوه‌. هه‌ڵوێستی فه‌رميی حكومه‌تی توركی هێشتا له‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌ی جارانيه‌تی. ئه‌ردۆغان و حكومه‌ته‌كه‌ی، وه‌ك ئه‌وانه‌ی پێش خۆيان، هێشتا هه‌ر ئه‌سيری سياسه‌تی ئۆردوون و له‌ڕوانگه‌یه‌كی ئاسايشيی (نه‌ك سياسيی)دا مامه‌له‌ له‌گه‌ل په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن. به‌ سياسيه‌تمه‌داره‌ مه‌ده‌نيه‌كانی توركیا بێ، ته‌نيا ڕێگه‌ی به‌رده‌م په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ته‌سليم به‌ ده‌وڵه‌تی توركي ببێت، و سه‌ركرده‌و ئه‌ندامه‌كانی به‌ ويستی خۆيانه‌وه‌ بچنه‌ زيندانه‌وه‌. ڕاو بۆچوونه‌كانيشيان كاری كردۆته‌ سه‌ر ڕۆژنامه‌كان و ڕای گشتی توركی. هه‌ر بۆيه‌ش، تا ئێستا زه‌مينه‌ خۆش نه‌بوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركرده‌ی سياسيی توركی به‌وزوانه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ لايه‌نێكی سياسی ئاشتيخواز و مه‌ده‌نی قه‌بول بكات. به‌و پێيه‌ش، په‌كه‌كه‌ كاری بێ ووچان و سه‌ختی له‌به‌رده‌مدايه‌، و ده‌بێ پلانی درێژخايه‌ن دابنێ بۆ ڕوخاندنی ئه‌و شاخه‌ هه‌ردێره‌ی ناو سيسته‌می توركی. له‌وڕووه‌وه‌، وه‌ك ده‌سپێكێك، سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه‌ پێويستيان به‌ بڕياری مێژوويی جه‌ريئانه‌ هه‌يه‌ كه‌ ته‌واوی شێوازی كاريان له‌ ناو توركيادا بگۆڕن. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانيشدا، سياسه‌تمه‌دارانی مه‌ده‌نی توركی پێويستیان به‌ هه‌مان جۆره‌ برياری مێژوويي جه‌ريئانه‌ هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كيشه‌ی كوردی-توركی هه‌تا هه‌تايه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

دوژمنه‌كانی په‌كه‌كه‌

په‌كه‌كه‌ دوژمنی زۆره‌ و تاكو دێت زياتريش ده‌بن. هه‌نديك له‌وانه‌ دوژمنن به‌ مه‌قسه‌د و هه‌ندێكيان به‌ رێكه‌وت، هه‌ريه‌كه‌شيان پێوسيتی به‌ مامه‌له‌ی تايبه‌ت و جياوازه‌. هه‌يانه‌ دوژمنی عه‌قائيدي كوردن و به‌هيچ شێوه‌يه‌ك ڕازی ناكرێن. ئه‌وانه‌ دوژمنی سه‌ره‌كينه‌و پێويسته‌ له‌ چه‌ندين جه‌بهه‌وه‌ خه‌باتيان له‌دژدا بكرێت. هه‌ندێكيشيان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی بونه‌ته‌ دوژمن، واته‌ په‌كه‌كه‌ ده‌توانێ سنوريان بۆ دابنێ وه‌يان وايان لێبكات كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندياندا بێ كه‌ حيساب بۆ كورد بكه‌ن.

هه‌ندێك دوژمنيش هه‌ن كه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ هه‌له‌ی سياسی و سه‌ربازیی كردونی به‌ دوژمن. هه‌رله‌ كاتی دروست بوونيه‌وه‌ هه‌تا ئيمڕۆ، په‌كه‌كه‌ به‌ شێوه‌ی توند (هه‌ندێ جار به‌ زه‌بری چه‌ك) مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵ حيزبه‌ مونافيسه‌كانی كوردستانی باكووری كردوه‌. خۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ ويستويانه‌ به‌ تاك يان به‌ گروپ واز له‌ ڕێكخراوه‌كه‌ بهێنن وه‌يان ئينشيقاق بكه‌ن، په‌كه‌كه‌ به‌‌ توندوتيژیه‌كی بێ سنوور مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵدا كردوون. له‌و ململانێيه ناوه‌خۆييه‌ كورديه‌‌دا، په‌كه‌كه‌ تا ڕاده‌يه‌ك سه‌ركه‌وتنی مه‌يدانی‌ له‌ ناوشاره‌كان و چياو هه‌نده‌راندا به‌ده‌ست هێناوه و مونافيسه‌كانی به‌زاندوه‌. به‌ڵام به‌هه‌مان مقياسيش، ژماره‌يه‌كی زۆری خه‌ڵك و ڕۆشنبير و سياسيی و عه‌شايه‌ری كوردی لێ زوير بووه‌. هه‌ندێك له‌وانه‌ به‌وه‌ نه‌وه‌ستاون و ده‌ستيان له‌گه‌ڵ دوژمن تێكه‌ڵ كردوه‌ و چه‌كيان به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌ و بزوتنه‌وه‌كه‌ش هه‌ڵگرتوه‌.

خۆ له‌ كوردستانی باشووريشدا، هێندێك سياسه‌تی چه‌وتی په‌كه‌كه‌ بوه‌‌ته‌ هۆی ئيستيفزازكردنی پارتی و يه‌كێتی، وه‌ له نه‌وه‌ته‌‌كاندا ئاگری براكوژی به‌ چاودێری توركيا و عيراق و ئێران هه‌ڵگيرسايه‌وه‌. په‌كه‌كه‌ نه‌يتوانی سوود له‌ ئيداره‌ی سه‌ربه‌خۆی كوردستانی باشوور ببينێ و، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، بارودۆخێکی ئه‌وتۆ هاته‌ كايه‌وه‌ كه‌ دڵی زۆرانێك له‌ خه‌ڵك و ڕۆشنبير و سياسه‌تمه‌دارانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستانينشی له‌خۆی شكاند. خۆشبه‌ختانه‌، ئيمرۆ زه‌مينه‌ خۆش بوه‌ بۆ ئاوه‌ژوو كردنه‌وه‌ی چه‌رخ و تێهه‌‌ڵهێنانه‌وه‌. له‌مه‌ودوا، ده‌بێ په‌كه‌كه‌ يه‌ك به‌يه‌ك به‌ په‌يوه‌نديه‌كانياندا بچنه‌وه،‌ و دۆست و لايه‌نگيره‌ كۆن ونوێكانيان به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه، و به‌هۆيانه‌وه‌ دوژمنه‌ يه‌كگرتوه‌كان له‌يه‌كتر بترازێنن‌.

پلانی كار و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان

هه‌ڵبه‌ت‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌ركێكی قورسی له‌به‌رده‌مدايه‌، به‌ڵام موسته‌حيل نيه‌. ده‌بێ له‌مه‌ودوا له‌ناوه‌وه‌ و ‌ده‌ره‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ی سيسته‌ماتيك و‌ به‌ ته‌نسيقێكی مه‌ركه‌زيه‌وه‌ بكه‌وێته‌ كاری لۆبی ئينته‌رناسيونالی. ده‌بێ پێناسه‌يه‌ك دابڕێژێ بۆ ئامانجه‌ تاكتيكی و ستراتيژيه‌كانی (ئاينده‌ی نزيك و دووری). ئه‌وجا به‌ ئامۆژگاری پسپۆڕ و بيركه‌ره‌وه‌ و لێزانانی نێو ده‌وڵه‌تيه‌وه‌، به‌‌ووردی ديراسه‌‌ی ميكانيزمی دابين كردنيان بكات و پلانی درێژخايه‌نيان بۆ دابنێ. ده‌بێ حيسابی كارو كاردانه‌وه‌ی ئاڵۆز بكات و له‌ چه‌ندين لاوه‌ هه‌ولبدات گۆڵی ديپلۆماسی يه‌ك له‌دوای يه‌ك له‌ دوژمن بكات. په‌كه‌كه‌ ده‌بێ سيقه‌ی به‌ خۆی و جه‌ماوه‌ری بێ و دوودڵی نه‌كات له‌ بڕياری به‌جورئه‌ت، هه‌تا ئه‌گه‌ر دژبه‌ ئاكار و ڕێر‌ه‌و و پێناسه‌كانی كۆنی ببێت. به‌ زمانێكی نوێی مۆديرن فێری سياسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ببێ و هه‌وڵبدات له‌ سيسته‌می ديموكراسی ئه‌مريكی و ئه‌وروپايی شاره‌زا ببێ و به‌هۆيه‌وه‌ سيسته‌مه‌كه‌يان‌ بدۆشی، بۆخاتری به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی كورد. له‌ڕێگه‌ی هه‌مان سيسته‌می حوكمڕانیيشياندا، ڕای گشتی و حكومی ئه‌مريكيه‌كان و ئه‌وروپيه‌كان بۆ قه‌زيه‌كه‌ مه‌ركه‌زيه‌كه‌ی ڕابكێشێ، و له‌ئه‌نجامدا خۆی له‌ ليسته‌ی تێرۆريستاندا ده‌ربێنێ. كارێكی وا بكات كه‌ توركيا هيچ چارێكی تری نه‌مێنێ له‌ غه‌يری ئه‌وه‌ی كه‌ دان به‌ په‌كه‌كه‌دا بێنێت و بيهێنيته‌ ناو عه‌مه‌ليه‌تی سياسی ديموكراسيانه‌ له‌ ناو توركيا، به‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ست له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی كورد و مافی چاره‌ی خۆنووسينی هه‌ڵبگرێت. ته‌جروبه‌ی كوردستانی باشوور نيشانی ده‌دات كه‌ ئه‌گه‌ر بيركردنه‌وه‌ی سه‌ليمت هه‌بێ و سه‌برت هه‌بێ، و جه‌ماوه‌رت له‌ پشت بێ، مه‌سه‌له‌ كاته‌ و له‌ڕۆرژگاری داهاتوودا چه‌ندين فرسه‌تی مێژوويي دێنه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ به‌ قازانجی كورد ده‌سورێنه‌وه‌.

جه‌بهه‌كانی لۆبی كردن

١. ئه‌مريكا :
ئيمرۆ له‌ (كاپيته‌ل هيل)ی واشينگتندا، نه‌خشه‌ی داهاتووی جيهان ره‌سم ده‌كرێ، و بڕيار له‌سه‌ر چاره‌نووسی ميلله‌تان ده‌درێ. بۆيه‌ش ئه‌وێ گرنگترين چه‌قی لۆبي كردنی جيهانيه‌، نه‌ك ته‌نيا بۆ ميلله‌تێكی بنده‌ست، به‌ڵكو بۆ ده‌وڵه‌تانی دونياش. ساڵانه‌، ده‌وڵه‌تی توركيا‌ به‌ مليۆنان دۆلار له‌و بواره‌ سه‌رف ده‌كات، ته‌نانه‌ت توركيا لۆبی جوله‌كه‌ به‌كرێ ده‌گرێ له‌ڕێگه‌ی هاوكاريكردنی ئيسرائيله‌وه‌. ئه‌وه‌ش بۆ پيشخستنی به‌رژه‌وه‌نديه‌ سياسی و ئابوری و عه‌سكه‌ريه‌كانی توركی له‌ ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌ بۆ دژايه‌تی په‌كه‌كه‌ و كوردی پارچه‌كانی تريش. له‌به‌رامبه‌ر توركياشدا، لۆبی كوردی له‌ ئه‌مريكا زۆر لاواز و بێ پشت و بێ ئامۆژگاريه‌. په‌كه‌كه‌ ناوی بزره‌، وه‌ ته‌نيا له‌ قالبی دژايه‌تی توركيا و كاری توندڕه‌وی و تێرۆر ناوی دێته‌ ناو ناوان. پێويسته‌ په‌كه‌كه‌، پاره‌ سه‌رف بكات و چه‌ند ئه‌مريكيه‌كی شاره‌زا و پسپۆری لۆبی به‌كرێ بگری، و پلانيان بۆ دابنێ و كاری ئه‌وه‌يان پێ بسپێرێ كه‌ ناوی په‌كه‌كه‌ له‌ ليستی تێرۆريستان بسڕنه‌وه‌. له‌جياتی تێرۆريست، ده‌بێ سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه‌ وه‌ك سياسه‌تمه‌داری ده‌وڵه‌تساز پێشوازيان لێبكرێ. پێويسته‌ چه‌ندين سيناتۆر و كۆنگرێسمان و ڕۆژنامه‌نووسان و بيركه‌ره‌وه‌ی ئه‌كاديمی و سياسی ئه‌مريكی ڕابكێشن و له‌ نزيكه‌وه‌ بيانناسن بۆئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شيان له‌گه‌ل دروست بكه‌ن. بانگيان بكه‌ن بۆ سه‌ردانی كوردستان تاكو به‌چاوی خۆيان حاڵی كورد ببينن و قه‌ناعه‌ت به‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ بهێنن.

٢. ئه‌وروپا:
ده‌بێ په‌كه‌كه‌ هه‌مان ڕێڕه‌و شێوازی لۆبيكردن له‌ ئه‌وروپا له‌ خۆ بگری. خۆشبه‌ختانه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مريكا، ڕای گشتی ئه‌وروپايی له‌ ئاستێكی به‌رزه‌وه‌ قه‌ناعه‌تی به‌ قه‌زيه‌ی كوردی باكوور هه‌يه‌ و پالپشتی هه‌مه‌جۆری كردون. سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوێستی فه‌رمی ووڵاته‌كانيان، ژماره‌ی سياسه‌تمه‌دار و ڕۆشنبيرانی دۆستی كورد زياترن له‌ دژه‌كانی. به‌ڵكو، چه‌ندين ووڵاتانی گرنگی ئه‌وروپايی هه‌ن كه‌ دژايه‌تی دێڕينينان له‌گه‌ڵ توركيا هه‌بوه‌، و به‌هۆيه‌وه‌ وه‌ك ئه‌داتی فشار، پشتگيريان له‌ كورد كردوه‌. شايانی باسه‌ كه‌ ئيمڕۆ ژماره‌ی كورد له‌ ئه‌وروپا زۆر زياتره له‌ جاران و پشتگيريكه‌رانی په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌موو ووڵاته‌كان بڵاو بونه‌ته‌وه‌. ئه‌وانه‌ ناسراون به‌ ئازاو دڵسۆز و خه‌باتكه‌ر و كۆڵنه‌ده‌ر. به‌ سه‌دانيان كاری ڤۆله‌نتيری بۆ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن، و پاره‌ی بۆ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و ئاماده‌ن خۆيانيشی بۆ به‌خت بكه‌ن. ئه‌و ئاسته‌ی له‌خۆ بورديی‌ و قوربانيدانه‌ی لاوان‌ به‌ ده‌گمه‌ن ده‌ست ده‌كه‌وێ، و ته‌نانه‌ت بۆ كوردستانی باشووريش قه‌ت وا نه‌ڕه‌خساوه‌. په‌كه‌كه‌ به‌ هۆی ئه‌وانه‌وه‌ پشت ئه‌ستووره‌، وه‌ له‌ بواری ماددی و كۆمه‌ڵايه‌تيدا كاريگه‌ره‌. به‌ڵام كۆمه‌ڵگای كوردی كوردستانی باكوور له‌هه‌نده‌ران ته‌ركيزيان له‌سه‌ر كاری لۆبی نيه‌. زمانزان و شاره‌زا و لێزانيان كه‌من. ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی كاديرانيان له‌ كوردی و توركی زياتر زمانی تر به‌ چاكی فێرنه‌بوون. زياتری ته‌ركيزيان له‌سه‌ر خودی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆيانه‌ و خه‌ريكی كارو كاسبی و ململانێی ناوه‌خۆيين. واته‌ له‌ بواری سياسه‌تكاری نێوده‌وڵه‌تيدا، كاريگه‌ريه‌كی ئه‌وتۆیان نيه‌. تا ئێستا نه‌يانتوانيوه‌ له‌ ئاستی ئيداره‌ی حكومه‌ته‌كان و په‌رله‌مانه‌كان فشار بخه‌نه‌ سه‌رسه‌رچاوه‌كانی بڕياردان. زۆربه‌ی په‌يوه‌نديه‌ سياسی و په‌رله‌مانيه‌كانيشيان ته‌نيا له‌گه‌ڵ ڕێكخراو و ئه‌ندام په‌رله‌مانی تونده‌ چه‌پڕه‌و و كۆمۆنيسته‌كانه‌‌. واته‌ له‌جياتی كاريگه‌ريی له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كان، به‌ڵكو زياتر پشتڕه‌قيان ده‌كه‌ن. بۆيه‌، پێويسته‌ په‌كه‌كه‌ له‌ بروكسل و له‌ ووڵاته‌ سه‌ره‌كيه‌ ئه‌وروپاييه‌كان، مه‌كته‌بی ته‌نسيقی لۆبيكردن دابنێ و خه‌ڵكی شاره‌زا دابمه‌زرێنی، و به‌ پاڵپشتی و ئامۆژگاری دۆسته‌كانی، كار بۆ ڕاكێشانی رای گشتی و حكومی ئه‌و ووڵاتانه‌ بكات.

۳. توركيا:
ده‌بێ له‌مه‌ولا، به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وروپايی، په‌كه‌كه‌ كاری لۆبی له‌ ناو سيسته‌می په‌رله‌مانی و نيمچه‌ ديموكراسی توركيدا بكات. بته‌وێ و نه‌ته‌وێ، توركيا سيسته‌مێكی شارستانيه‌تی تێدايه‌، وه‌ خه‌ڵك و بيزنيسی شاره‌ سه‌ره‌كيه‌كانی وه‌ك ئه‌نكه‌ره ‌و ئيسته‌نبول و شاره‌ سه‌رئاويه‌كان، وه‌ك ئه‌وروپاييه‌كان بير ده‌كه‌نه‌وه‌. ده‌بێ په‌كه‌كه‌ زيارتر هه‌وڵبدات كه‌ خه‌ڵك و ڕۆشنبيرو نووسه‌ر و بيزنيسمان و سياسه‌تمه‌دارانی توركی بۆ خۆی ڕابكێشی. به‌ به‌رنامه‌يه‌كی مودێرنی درێژخايه‌ن، له‌ ئه‌نكه‌ره‌، ئالقه‌ی لۆبيكردن فراوان بكات. ده‌بێ به‌ شێوه‌يه‌كی قانونی و ده‌ستووری فێڵ له‌ قانون و ده‌ستووری توركی بكرێت و له‌ ڕێگه‌ی سيسته‌می ناوه‌خۆی توركی، گۆڵ له‌ توندڕه‌وه‌كان بكرێت. ڕێگه‌ش بۆ ئه‌و جۆره‌ لۆبيه‌ هه‌تا دێ خۆشتر ده‌بێ و كاره‌كه‌ ئاسانتر ده‌بێ. خۆ په‌كه‌كه‌ ده‌توانێ بكه‌وێته‌ ڕێكه‌وتنی نهێنی له‌گه‌ڵ حيزبه‌ سياسيه‌كانی توركی (له‌ حوكم بن يان له‌ ئۆپۆزيسيۆن). ده‌توانی چاكه‌ی ئينتيخابيان به‌رامبه‌ر بكات و له‌ دوای ده‌رچوونيشيان داوای چاكه‌ دانه‌وه‌يان لێبكات. پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان لاوازتره‌ له‌ سه‌رده‌می ئينتيخاباتی پێشوو، به‌ڵام پێشبينی له‌ وه‌ ده‌كرێ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌وجاره‌ش بيباته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی به‌ زۆرينه‌يه‌كی بچوكتر له‌جاری پێشوو. بۆيه‌، ده‌كرێ په‌كه‌كه‌ هه‌ندێ تۆو بچێنێ و دواييش بيدروێته‌وه‌. دواخاڵ له‌و بواره‌، شاره‌ سه‌ره‌كيه‌كانی توركيا‌ به‌ مليۆنان كوردی كوردپه‌رستيان تێدايه‌ كه‌ ئاماده‌ی يارمه‌تيدانن، به‌ڵام بێ ڕێره‌ون و هه‌تا ئێستا په‌كه‌كه‌ به‌وجۆره‌ی پێويسته‌ به‌كاری نه‌هێناون. ده‌بێ چاو به‌وه‌شدا بخشێندرێته‌وه‌.

٤. كوردستانی باكوور:

له‌ كوردستانی باكووردا، په‌كه‌كه‌ تاكه‌ هێزی كاريگه‌ره‌و بنه‌مای جه‌ماوه‌ريی به‌رده‌وام هه‌بوه‌. تا ئێستاش، هه‌ر كه‌سێكی، يان گروپێكی، كه‌ پشتگيری په‌كه‌كه‌ی له‌دوا نه‌بێ، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانيش ده‌رناچێ، وه‌يان ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ڕووداوه‌كاندا نابێ. هه‌ڵبه‌ت، پشتگيری جه‌ماوه‌ری په‌كه‌كه‌ هه‌رده‌م‌ له‌ به‌رزی و نزميدابوه. سه‌ير ئه‌وه‌يه‌، كه‌ تا دڕنده‌يی دوژمن زياتربوو بێ، وه‌يان خه‌باتی سياسی و عه‌سكه‌ری سه‌خت تربووبێ، پشتگيری جه‌ماوه‌ری كوردستانی باكوور بۆ په‌كه‌كه‌ ڕووی له‌ زيادی بوه‌‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ دوژمن زياتر زه‌ربه‌ی مه‌زنی له‌ په‌كه‌كه داوه‌ و جه‌ماوه‌ری لێ ته‌كاندوه‌، هه‌له‌ی سياسی خودی ڕێكخراوه‌كه‌ خۆی بووه‌. له‌زروفی ناهه‌موار و دژواردا، سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه‌ تووشی هه‌ڵه‌ی سياسی مه‌زن بوونه‌. بڕياری سيا‌سی توندڕه‌وانه‌ و ‌‌تاكتيكی چه‌وتيان په‌يڕه‌و كردوه‌ و گوێشيان نه‌داوه‌ته‌ ڕه‌خنه‌ و گله‌ييی و ئامۆژگاری لايه‌نگير و جه‌ماوه‌ره‌كه‌يان. ئه‌وانه‌ بوونه‌ هۆی زوير بوون و دابڕانی زۆران له‌ ڕۆشنبيران و په‌رله‌مانتاران و كۆنه‌ دۆست و لايه‌نگيرانی ڕێكخراوه‌كه‌. پێويسته‌ له‌مه‌ودوا په‌كه‌كه‌ تاكتيك و ستراتيژيه‌تی كوردستانيي بگۆری و تۆله‌ی ڕابوردوو بكاته‌وه‌و جه‌ماوه‌ری كوردستانی باكوور له‌ده‌وری خيتابێكی سياسي مۆدێرندا كۆ بكاته‌وه‌، تاكو ئاماده‌يان بكات و بيانخاته‌ گه‌ڕ بۆ هه‌ڵمه‌تی ئينتيخاباتی داهاتووی سه‌رتاسه‌ری توركيا، كه‌ له‌ ٤ ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٠٧ دا ده‌كرێ. ده‌بێ له‌ ئێستاوه‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ستی يارمه‌تی و ته‌عاون بۆ ئه‌ستێره‌ ڕۆشنبيره‌ ناسراوه‌كای كوردستانی باكوور درێژ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌يه‌كه‌وه‌ ده‌ست بكه‌ن به‌ كاری ديعائی بۆ سه‌رخستنی ليسته‌ی كوردی.

٥. كوردستانی باشوو:

پێويسته‌ په‌كه‌كه‌ سوودێكی بێ پايان له‌ زروفی ئێستای كوردستانی باشوور ببينێ. ئه‌وه‌ش به‌وه‌ نابێ كه‌ بكه‌ويته‌ مونافه‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌رامبه‌ر پارتی و يه‌كێتی. سه‌رده‌مێك په‌كه‌كه‌ دژايه‌تی ته‌جروبه‌ ناسكه‌كه‌ی كوردستانی باشووری ده‌كرد، كه‌ له‌ دوائه‌نجامدا به‌ به‌رژه‌وه‌ندی دوژمنه‌كانمان گه‌ڕايه‌وه‌. شه‌ڕه‌ براكوژيه‌كه‌ی نێوان په‌كه‌كه‌ له‌لايه‌ك و پارتی و يه‌كێتی له‌لايه‌كی تره‌وه‌، له‌سه‌ر هه‌موو لايه‌ك به‌ ‌گران وه‌ستا. ئێستا و ئێستاش برينی ئه‌و هه‌ڵه‌ مێژووييه‌ سارێژ نه‌بۆته‌وه‌. له‌دواييشدا، په‌كه‌كه‌ كه‌وته‌ دروستكردنی حيزب و ڕێكخراوی به‌ناو باشووريی، بۆ خاتری ململانێی سياسی ديموكراسی له‌ باشوور. ئه‌و كاره‌ ديموكراسيه‌ هيچ هه‌ڵه‌يه‌كی تێدا نيه‌، به‌ڵام ده‌بێ په‌كه‌كه‌ ته‌سليمی ئه‌و واقيعه‌‌ ببێ كه‌ خۆی ڕێكخراوێكی باكووريه‌ و قاعيده جه‌ماوه‌ريه‌كه‌ی هه‌ر له‌ باكووره و قه‌ت ناگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی بتوانێ مونافه‌سه‌ی پارتی و يه‌كێتی بكات له‌ گۆڕه‌پان و به‌رده‌م ماڵی خۆياندا. خۆ ئه‌گه‌ر به‌ ده‌نگدان بێ يان به‌ شه‌ڕكردن، ئه‌و دوو حيزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ی باشوور ئاماده‌ن ده‌ست له‌ ده‌ستی يه‌كتر بنێن بۆ به‌زاندن و ڕه‌تاندنی په‌كه‌كه‌. بۆيه‌ باشتره‌ بۆ په‌كه‌كه‌ كه‌ ته‌ركيزی هێزو توانا و ئيمكانياتی حيزبی و ماددی بخاته‌ سه‌ر ئه‌وله‌ويه‌ته‌ مه‌زنه‌كانی له‌ گۆڕه‌پانی كوردستانی باكووردا و شانۆی شه‌ڕی ناو توركيادا. ده‌بێ په‌كه‌كه‌ ته‌عاون له‌كه‌ڵ خه‌ڵك و هێزه‌ حوكمڕانه‌كانی كوردستانی باشوور بكات و بيانكاته‌ سه‌نه‌د بۆ بزووتنه‌وه‌ی ئازاديخوازيی له‌ كوردستانی باكوور. ده‌بێ ئه‌و فرسه‌ته‌ بقۆزيته‌وه‌ كه‌ ئيمرۆ پارتی و يه‌كێتنی له‌ عيراقدا ده‌سه‌ڵاتدارن و ده‌نگيان ده‌گاته‌ ئه‌مريكا و ئه‌وروپا و ووڵاته‌ عه‌ر‌ه‌بيه‌كان. ده‌شتوانن ده‌نگی كوردانی كوردستانی باكووريش بگه‌يه‌ننه‌ ژووری بڕيارده‌رانی زلهێزو هيزه‌ جيهانی و ناوچه‌ييه‌كان، به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆيان ته‌رح بكه‌ن به‌ به‌ديلی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ركردايه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاريخوازی كوردستانی باكوور. به‌ بێ شه‌ك، ڕزگاريی باكوور(نيوه‌ی كوردستان)، كاريگه‌ری مه‌زنتريشه‌ له‌هی باشوور بۆ ڕزگاری كورد به‌ گشتی.

٦. خوێنی تازه‌ بۆ شێوازی تازه

له‌ڕۆژی ڕوخانی سۆڤيه‌ته‌وه‌، دونيا به‌ چه‌ندين چه‌رخ تێپه‌ڕی و ته‌واوی قانونه‌كانی گه‌مه‌ی سياسی نێوده‌وڵه‌تی به‌چه‌ندين لاوه‌ گۆڕاون، به‌ڵام به‌و جۆره‌ی كه‌ پێويسته‌، په‌كه‌كه‌ ئه‌و گۆڕانانه‌ی له‌به‌رچاو نه‌گرتوه‌‌‌. شێوازی خه‌باتی په‌كه‌كه‌ به‌لانی كه‌مه‌وه‌ ده‌ساڵ له‌دواوه‌ی ڕووداوی جيهانين. له‌ ڕۆژی دروست بوونيه‌وه‌ تاكو ئيمرۆش، په‌كه‌كه‌ جيهازێكی حيزبی به‌هه‌يكه‌ل هه‌ره‌می (ستايلی كۆمۆنيستی) بووه‌. حالی وه‌ك حالی حيزبه‌ كوردستاني و ڕۆژهه‌ڵاتيه‌ شۆڕشگێريه‌كانی تر، له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌كه‌زيه‌تی قه‌رار دروست بوه‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ سيمای مه‌رحه‌له‌ی خه‌باتی چيابووه‌، به‌ڵام له‌مه‌ودوا ده‌بێ په‌كه‌كه‌ به‌ خۆيدا بچێته‌وه‌ و ميكانيزمێكی مۆدێرنانه‌ بهێنێته‌ كايه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كاری لۆبی و كاری خه‌باتی شارستانی ديموكراسيه‌وه‌ بگونجێ. واته‌، پێويسته‌ كۆنگرا گه‌ل و سه‌نته‌ری لۆبی ئه‌مريكا و ئه‌وروپا و بنكه‌ مه‌ده‌نيه‌كانی ناو شاره‌كانی كوردستانی باكوورسه‌ربه‌خۆيی بڕياريان هه‌بێ بۆ جمومۆليه‌كانيان، چونكه‌ هه‌ر ئه‌وان باشتر ئاگاداری ده‌وروبه‌ری خۆيانن و له‌مه‌وقيعێكی باشترن بۆ بڕياردان. ده‌كرێ، سنورێكی سياسی واش ره‌سم بكرێت كه‌ فشاری دوژمن له‌سه‌ر سه‌رۆكی زيندانيكراو كار نه‌كاته‌ سه‌ر ڕێڕ‌ه‌وی خه‌بات، ده‌نا به‌رده‌وام زه‌ره‌ری سياسی و عه‌سكه‌ری مه‌زن له‌ خودی په‌كه‌كه‌و بزوتنه‌وه‌ی ئازاديخوازی كوردی كوردستانی باكووری ده‌كه‌وێ‌. ئه‌وه‌ بڕيارێكی ئاسان نيه‌ بۆ سه‌ركرده‌ی ئيێستای په‌كه‌كه‌، به‌ڵام زه‌روريه‌.

پوخته‌ی په‌يامم

په‌كه‌كه‌ مه‌سئوليه‌تێكی مێژوويي له‌ ئه‌وستۆدايه‌. كاروانی سياسی و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵايه‌تی له‌ جيهاندا وا به‌رده‌وام له‌ تێپه‌ريندايه. په‌كه‌كه‌ زۆر له‌ دوايه‌ و ئه‌گه‌ر پێڕانه‌گات، كاروان ديسانه‌وه‌ به‌جێی ده‌هێلێ. تێكه‌ڵبوون به‌ كاروانیش مه‌رجی خۆی هه‌يه‌. بێجگه‌ له‌ زروف و ده‌وروبه‌ر، فاكته‌ری زاتی له‌هه‌موويان گرنگترن. هه‌تا په‌كه‌كه‌ ناوماڵی ته‌رتيب نه‌كات، هه‌تا سه‌رله‌نوێ به‌ هه‌يكه‌ل و ده‌ستور و په‌يوه‌نديه‌كان و شێوازی خه‌باتی دانه‌چێته‌وه‌، مه‌حاله‌ بتوانێ بازێكی مه‌زن بدات بۆ پێشه‌وه‌ی كاروان و بزوتنه‌وه‌كه‌ لێخوڕێ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن. سياسه‌تی ئيمرۆ سيحر نيه‌، عيلمه‌، په‌كه‌كه‌ش ده‌بێ عاليم بێ و جه‌ريئيش بێ تاوه‌كو له‌ مۆری تێرۆريستی ڕزگاری ببێ و كوردی كوردستانی باكووريش ئاواتی به‌دی بێ.‌

No comments: