Thursday, 4 January 2007

كوردی باشور و په‌كه‌كه‌ و مۆری تێرۆريزم

له‌به‌رژه‌وه‌ندی عيراق و كوردستانه‌ كه‌وا په‌كه‌كه‌‌ مۆری تێرۆريستی پێوه‌‌ نه‌مێنێ

سه‌ركۆمار و سه‌رۆكی هه‌ريم ده‌توانن ڕۆڵێكی مێژوويي ببينن بۆ ڕزگاريی كورد له‌ توندڕه‌وانی توركيا

كوردستانی نوێ - ژماره‌ 4160 - ڕۆژی 4/1/2007 - لاپه‌ڕه‌ 8

پرۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

ده‌ستێوه‌ردانی توركيا له‌ سياسه‌تی ناو عيراق و هه‌رێمی كوردستانیدا، تاقه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی پڕ مه‌ترسيه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی كوردستانی باشوور بۆته‌وه‌. نه‌ عه‌ره‌بی عيراق و نه‌ ده‌وله‌تانی سوريا و ئێران توانای ده‌ستدرێژيان هه‌يه‌ بۆسه‌ر حوكمی نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆی هه‌رێم، و نه‌ ڕێگريشن له‌ سه‌ربه‌خۆيی ته‌واوی كوردستانی باشوور. هه‌رچی توركيايه‌، به‌ ئاشكرا و به‌ نهينی، به‌ كاری ئيعلامی و سياسی و عه‌سكه‌ری (چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی)، توركومانی توندڕه‌و و سوننه‌ی عه‌ره‌ب له‌دژی كوردی باشوور هان ده‌دات. سه‌ربار و بنبار، هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستدرێژيكردنی ڕاسته‌وخۆش له‌ هه‌رێم ده‌كات، به‌ بيانوی لێدانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، سه‌ره‌ڕای ئيعلانی ئه‌و پارته‌ بۆ ئاگربه‌سی. ته‌نيا ڕێگريش له‌به‌رده‌ميان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌مريكا ئاماده‌ نيه‌ باری ئاڵۆزی عيراق ئاڵۆزتر بكات. دياره‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ هه‌ڕ‌‌ه‌شه‌ تێكده‌ره‌ی توركيا، سياسه‌تمه‌داران و خه‌ڵكی كوردستاني نيگه‌ران كردوه‌. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌جاوزانه‌‌ی توركياشدا، حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غدا ته‌نيا به‌ ته‌سريحی ڕۆژنامه‌وانی و به‌ ئيشاره‌تی ناڕاسته‌وخۆيی، ناڕه‌زايی خۆيان ده‌ربڕيوه‌. دياره‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ وه‌ڵامه‌ به‌س نيه‌ و نابێته‌ مايه‌ی به‌رپێچدانه‌وه‌ی توركيا.

ڕۆلی سه‌ركرده‌ی كورد

له‌ ساڵی ١۹۹۳ دا، مام جه‌لال تاله‌بانی هه‌وڵێكی زۆری دا كه‌ ناوبژی له‌نێوان (عه‌بدوڵلا ئۆجه‌لان)ی سه‌رۆكی په‌كه‌كه‌ و (تورگوت ئۆزال)ی سه‌ركۆماری توركيا بكات. ئۆزال سه‌رۆكێكی باڵا ده‌ست و دووربين بوو و ده‌شيويست كه‌ په‌كه‌كه‌ بهێنێته‌ ناو عه‌مه‌ليه‌تی سياسی توركی، تا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری ووڵاته‌كه‌دا، چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات. به‌داخه‌وه‌، چل ڕۆژ له‌دوای بانگه‌وازی ئاگربه‌سی په‌كه‌كه‌، ئۆزال كۆچی دوايی كرد و پرۆسه‌ی ئاشتی جوانه‌مه‌رگ كرا‌.

له‌ ده‌ ساڵی دوای ئه‌و هه‌وڵانه‌دا، ڕووداوی گرنگ به‌سه‌ر په‌كه‌كه‌دا هاتن‌. ڕێره‌وی سياسی جيهانی له‌ سالحی كورد نه‌بوو. هاوكات ناوماڵی توركيش بێ سه‌روبه‌ر بوو و ووڵاته‌كه‌ به‌ره‌و فه‌وزای سياسی و ئابوری و ئه‌منی ده‌ڕۆييشت. هيچ حيزبێكی توركي بۆی نه‌ڕه‌خسا زۆرينه‌ی په‌رله‌مانی بهێنێ و حكومه‌تێكی به‌ توانای مه‌ده‌نی پێك بهێنێ. به‌وانه‌ش ده‌سه‌ڵاتی له‌شكری توركی به‌سه‌ر قه‌راری سياسی ووڵاته‌كه‌دا هه‌نده‌ی تر زاڵ ببوو. ئيتر له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌رته‌شی توركیدا، سوريا ده‌ستی له‌ په‌كه‌كه‌ هه‌ڵگرت و بنكه‌ سه‌ره‌كيه‌كانی له‌ حه‌شارگه‌كه‌ی بيقاعدا هه‌لكه‌ناند. ئۆجه‌لان جێ پێی له‌ق بوو و خۆی گه‌يانده‌ ئه‌وروپا، و دوايش، به‌ موئامه‌ره‌يه‌كی ده‌ولی (توركی و ئه‌مريكی و ئيسرائيلی و ووڵاتانی تريش)، فرێندرايه‌ توركيا و خرايه‌ زيندانه‌وه‌.

په‌كه‌كه‌ و تێرۆريزم و كاری ئاشتيخوازانه‌

به‌ گوێره‌ی هه‌ڵوێستی فه‌رمی توركی و ئه‌وروپی و ئه‌مريكی، په‌‌كه‌كه رێكخراوێكی تێرۆريستيه‌. ئه‌و ڕێكخراوه‌ی كه‌ نوێنه‌رايه‌تی بزوتنه‌وه‌يه‌كی پان و به‌رينی به‌شێكی گه‌وره‌ و گرنگی كوردستان ده‌كات، ئه‌و مۆره‌‌ ناهه‌مواره‌ی پێوه‌ لكاوه،‌ و به‌هۆيه‌وه‌ زه‌ره‌ری مه‌زن له‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاريخوازی كوردستانی باكوور كه‌وتوه‌. ڕۆژگاريش سه‌لماندويه‌تی كه‌ مۆر و نازناوی له‌وجۆره‌، قابيلی گۆڕانه‌‌. ڕێكخراوی (فه‌تح)ی فه‌له‌ستينی و (موجاهيدی خه‌لق)ی ئێرانی نمونه‌ی زيندوون له‌و باره‌وه‌‌.

له‌وه‌ ده‌چێ په‌كه‌كه‌ ئاماده‌بێ ده‌سپێشخه‌ريی بكات و به‌ره‌و پيلی ئاشتی و چاره‌سه‌ری ئاشتيخوازانه‌ی كێشه‌كان ببێ. بۆيه‌ش، له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٠٦ دا، ئيعلانی شه‌ڕ ڕاگرتن و ئاگربه‌سی به‌رامبه‌ر توركيا ده‌ركرد‌. به‌ڵام سه‌ركرده‌ی سياسيی و ئه‌رته‌شی توركی، هه‌روه‌ك عاده‌تی جارانيان، بانگه‌وازه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌يان خسته‌‌ پشت گوێ و به‌رده‌وام بوون له‌ هێرشكردن. شايانی باسه‌، كه‌ سه‌ڕه‌ڕای چه‌ندين موباده‌ره‌‌ی ئاشتيخوازانه‌ی له‌وجۆره‌، په‌كه‌كه‌ و سه‌رۆكه‌ زيندانيه‌كه‌ی نه‌يتوانيوه‌ ڕای گشتی و حكومی توركی و جيهانی به‌لای خۆيانه‌وه‌ ڕابكێشن، وه‌ تۆپه‌كه‌ بخه‌نه‌‌وه‌ گۆڕه‌پانی سياسيه‌تمه‌دارانی توركيا. بۆيه‌ په‌كه‌كه‌ش پێويستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ی سياسه‌ت و پلان و هه‌لوێسته‌كانی هه‌يه‌. پێويستی به‌وه‌يه‌ كه‌ به‌ به‌رنامه‌يه‌كی مۆدێرنی زيره‌كانه‌، به‌ ته‌نسيقێكی باش، به‌ كاری لۆبی هه‌مه‌لايه‌نه‌ هه‌ڵبستێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ فشار بخاته‌ سه‌ر توركيا و كاربكاته‌ سه‌ر ڕای گشتی و فه‌رمی ئه‌مريكی و ئه‌وروپی و عيراقی و كوردی.

گۆڕانی هه‌ڵوێستی ئه‌مريكی و ئه‌وروپی

ئاشكرايه‌ كه‌ له‌و پێنج شه‌ش ساڵه‌ی ڕابووردوودا، چه‌رخی زه‌مانه‌ وه‌رسووڕاوه‌. ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش ئاماده‌يه‌ چاو به‌ نه‌خشه‌ی سياسي ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا بخشێنێته‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستی ده‌ستێوه‌ردانی پارسه‌نگی هێزه‌كان. خۆ هه‌ڵوێستی نێگه‌تيڤانه‌ی توركيا به‌رامبه‌ر به‌ هێرشی ئه‌مريكا بۆ سه‌ر عيراق، بوه‌ مايه‌ی شكستی ديپلۆماسی توركی، و له‌شكره‌كه‌شی كه‌وته‌ قه‌فه‌زێكه‌وه‌، و درز و كه‌لێنێكی ئاشكرا له‌ په‌يوه‌ندیی توركی و ئه‌مريكايی په‌يدا بوو. به‌ڵام دڵنيام له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌لێنه‌ مه‌سه‌له‌يه‌كی كاتيه‌، و‌ ئه‌مريكا له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا و له‌شه‌ڕی دژ به‌ تێرۆر و ئيران و سووريادا، پێويستی به‌ توركيا ده‌بێته‌وه‌. توركياش ده‌زانێ به‌بێی ئه‌مريكا پلانه‌ سياسیه‌ جيهانيه‌كانی و پلانه‌ عه‌سكه‌ريه‌ ڕۆژهه‌ڵاتيه‌كانی بۆ ناچێته‌ سه‌ر. جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نيه‌ كه‌ توركيا ده‌يه‌وێ شكستی ئه‌و دواييه‌ی له‌شكری ئه‌مريكی له‌ عيراقدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بقۆزيته‌وه، هه‌ربۆيه‌ش له‌زووه‌وه‌ پشتگيری خۆی له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی به‌يكر-هاميلتن ئاشكرا كردوه‌، وه ئه‌رته‌شی توركی به‌ په‌له‌يه‌ ده‌يه‌وێ هه‌لی عه‌سكه‌ری و سياسی بڕه‌خسێنی بۆ‌ ئه‌وه‌ی په‌ل بهاوێ و زه‌ربه‌كی تری مێژوويي له‌ په‌كه‌كه‌ بدات.

ئيمڕۆ، فرسه‌تێكی تری مه‌زن هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ توركيا ده‌يه‌وێ بێته‌ باوه‌شی ئه‌وروپا. ئه‌وروپاش لێی به‌ به‌هانه‌يه‌ و باوه‌شی بۆ ناكاته‌وه‌‌. خۆشبه‌ختانه‌، مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤی كورد يه‌كێكه‌ له‌و به‌هانه‌ سه‌ره‌كيانه‌، واته‌ ئه‌وروپاييه‌كان له‌جياتی ئێمه‌ و به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ شه‌ڕێك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولاماندايه‌. به‌و دواييه‌، په‌رله‌مانی ئه‌وروپی داوای له‌ توركيا كردوه‌ كه‌ "گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی گه‌لی كوردستان بكات". ‌هه‌ڵبه‌ت سه‌ركرده‌ سياسيه‌ مه‌ده‌نيه‌ ديموكراته‌كانی توركياش له‌ ژێره‌وه‌ پێيان ناخۆش نيه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ فشاره‌ی ئه‌وروپا ببێته‌ هۆيه‌ك بۆ لاوازكردنی باڵی ئه‌رته‌ش. بۆيه‌ش ده‌بێ كورد ئه‌و ياريه‌ باش تێبگاو ياری به‌ سيسته‌می ناوه‌خۆيی توركی بكات

شه‌ڕی دوژمن به‌زێن ‌

هه‌ڵبه‌ت نابێ ئيمه‌ به‌يه‌ك هه‌ڵوێست ويه‌ك ئوسلوب له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ جياجياكانی توركيدا هه‌ڵسو كه‌وت بكه‌ين، چونكه‌ هه‌مویان يه‌كپارچه‌ دوژمن نين. توركيا بريتيه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی ئاڵۆز و ده‌سه‌ڵاتی دژبه‌يه‌كتر. هه‌لبه‌ت، لايه‌نی مه‌ده‌نی و ديموكراسی توركی-واته‌ حيزبه‌ سياسيه‌كان- مه‌سئوليه‌تی پاراستنی به‌رژه‌وه‌نديه‌ سياسي و بازرگانی و كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كانی ووڵاته‌كه‌يان له‌ئه‌ستۆدايه‌ و مه‌سئولن به‌رامبه‌ر به‌ ده‌نگده‌رانيان. بۆيه‌ش سياسه‌تمه‌داری ديموكراسی توركی، له‌ ناخدا زۆر له‌ دژی ئه‌جيندا و جموجۆڵ و ده‌ستێوه‌ردانی سياسيی ئه‌رته‌شن. هه‌ركاتێك حكومه‌تی هه‌ڵبژێردراو زۆرينه‌ی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێ و سيقه‌ی به‌ خۆی و ده‌نگده‌ری هه‌بێ، ئه‌وا هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركرده‌ی ئه‌رته‌ش كه‌م بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ك ئۆزال له‌ڕابوردوودا سه‌ركه‌وتووبوو و ئه‌ردۆغانيش له‌ژێره‌وه‌ هه‌وڵی داوه‌. بۆيه‌ش كورد ده‌بێ كار بۆ ئه‌وه‌بكات كه‌ لايه‌نه‌ سياسيه‌ مه‌ده‌نيه‌كانی توركيا‌ كه‌سب بكات و به‌ ناڕاسته‌وخۆيی يارمه‌تيان بدات تاوه‌كو ديموكراسيه‌ت له‌ توركيا بسه‌پێنن و ڕۆلی دوژمنه‌ هاوبه‌‌شه‌كه‌ش (واته‌ ئه‌رته‌ش) په‌ڕاوێز بكه‌ن.

په‌كه‌كه‌ ده‌توانی ئه‌زێتی له‌شكری توركيا بدات، به‌ڵام ناتوانی بيبه‌‌زێنێ. له‌شكری توركيا ووڵاتپارێز و خاوه‌ن قه‌زيه‌ نيه‌، به‌ڵكو عه‌زيايه‌كی گه‌نده‌ڵيه‌ و ده‌وڵه‌تێكه‌ له‌ناو ده‌وڵه‌ت. به‌ پێچه‌وانه‌ی موئه‌سسه‌سه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ميلله‌ت و بيزنيس، عه‌سكه‌ری توركی هه‌رده‌م سوودمه‌ند بوه‌ له‌ شه‌ڕی كورد دا. له‌سه‌رده‌می شه‌ڕدا، ئه‌رته‌ش و پۆليسی توركی ده‌سه‌ڵاتیان زياد ده‌بێ. بيجگه‌ له‌ كاری تيرۆركردنی كورد، به‌هانه‌یان ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بن له ‌حوكمی عورفی وده‌ستێوه‌ردانی حوكمڕانی و گه‌شه‌ پێدانی گه‌نده‌ڵيی. واته‌ گرنگ نيه‌ به‌لای ئه‌رته‌شه‌وه‌ ئايا كام لايه‌ن له‌شه‌ڕدا براوه‌يه‌، چونكه‌ ئامانجه‌كانيان له‌ڕێگه‌ی به‌رده‌واميتی شه‌ڕدا سه‌رده‌كه‌وێ. واته‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندياندايه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ توندره‌و بێ و به‌رده‌وام بێ له‌ شه‌ڕكردن. هه‌ربۆيه‌ش به‌ ده‌ركردنی به‌يانی ئاگربه‌سی ئه‌وجاره‌‌يان، مه‌وقيفی سه‌ركرده‌ی ئه‌رته‌ش و‌ سياسه‌تمه‌داره‌ گوێڕايه‌له‌كانيان‌‌ لاوازبوه‌ و بگره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديه تايبه‌ته‌كانيشيان دراوه‌ته‌وه‌.

په‌كه‌كه‌ و پشتيوانيه‌تی كوردی باشوور

ئه‌نكه‌ره‌ ده‌يه‌وێ كه‌ حكومه‌ته‌كانی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان به‌يه‌كه‌وه‌ ته‌نگ به‌ په‌كه‌كه‌ هه‌ڵچنن و له‌و ناوه‌ ده‌ری بكه‌ن، هه‌روه‌ك سوريا و ئێران بۆيان ئه‌نجامدا. خۆشبه‌ختانه‌، له‌جياتی ئه‌وه‌، هه‌ردوو ئيداره‌كه‌‌ توانيويانه‌ سياسه‌تێك په‌يڕه‌وی بكه‌ن كه‌ نه ‌شيش بسووتێ و نه ‌كه‌باب. ئه‌وه‌ش ئه‌نكه‌ره‌ی نيگه‌ران كردوه‌. بۆ نموونه‌، له‌ لايه‌كه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم كارێكی ئه‌وتۆی نه‌كردوه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ ته‌نگاو بكات، وه‌ له‌ دژی ره‌غبه‌تی توركيشدا ئاڵای كوردستانی هه‌ڵگرتوه‌ و هه‌ويه‌ی كوردستانێتی به‌سه‌ركه‌ركوكدا داسه‌پاندوه‌. له‌ لايه‌كی تريشه‌وه‌ موجامه‌له‌ی ده‌وڵه‌تی توركی ده‌كات و ڕێگه‌ خۆش ده‌كات بۆ په‌يدا بوونی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌ڕێگه‌ی په‌ويوه‌ندی ئيداری و بازرگانی و ئيستيسماريی.

ئاگر به‌سی ئه‌وجاره‌‌ی په‌كه‌كه‌، ديسانه‌وه‌ به‌ ناوبژیكه‌ريی سه‌رۆك تاله‌بانی هاته‌ كايه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت عه‌سكه‌ری توركی پێی ناخۆشه‌ كه‌ تاله‌بانی، وه‌ك سه‌ره‌ك كۆماری عيراق، به‌ره‌سمی ته‌ده‌خول ده‌كات و ته‌به‌ننای ناوبژيكردنه‌كه‌ ده‌كات. چونكه‌ به‌وكاره‌، سه‌رۆكی عيراق به‌ فه‌رمی شه‌رعيه‌تی نوێنه‌رايه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ميلله‌تێك ده‌داته‌ په‌كه‌كه. په‌كه‌كه‌ ده‌بێ به‌رده‌وام بێ له‌و په‌يوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تاله‌بانی. ته‌نانه‌ت، په‌كه‌كه‌ ده‌بێ به‌ نهێنی و به‌ ئاشكرا داوا له‌ سه‌رۆك تاله‌بانی بكات بۆ ئه‌وه‌ی ناوبژيان بۆ بكات له‌گه‌ڵ سياسه‌تمه‌دارانی توركی و ئه‌وروپی و ئه‌مريكی. ڕه‌نگه‌ تاله‌بانی ئه‌وه‌ی دواييان به‌ بێ دوودڵيه‌وه‌ بكات چونكه‌ ئێستا به‌ينی ساردبوه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ توندڕه‌وه‌كانی توركی. ئه‌وه‌ش به‌هۆی هه‌ڵوێستی دژواری توركی سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك، و پشتگيری توركيا له‌ سوننه‌ی توندڕه‌وی عيراق، و ناڕه‌زاييان له‌ رۆلی تاله‌بانی له‌ تێكدانی پيلانی دوولايه‌نه‌ی ئه‌ردۆغان و ئيبراهيم جه‌عفه‌ری. شايانی باسه‌، سه‌رۆك (نه‌جده‌ت سيزه‌ر)ی توركيا زۆر به‌ رۆحێكی ڕه‌گه‌ز په‌رستيانه‌ و نا شارستانيانه‌، ره‌فزی كرد‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك تاله‌بانی به‌ره‌سمی ده‌عوه‌ت بكات بۆ توركيا، ته‌نيا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كورده‌، له‌ كاتێكيشدا به‌بێ دوودڵی سه‌رۆكوه‌زيران جه‌عفه‌ری و ماليكی ده‌عوه‌ت كردوه‌.

كوردی باشور چی بكات؟

هه‌ڵبه‌ت، هه‌ڵچواندنی باری شلۆق ، له‌ڕۆژكاری ئيمرۆدا، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هێچ لايه‌كدا نيه‌. پێويسته‌ هيچ جۆره‌ به‌هانه‌يه‌ك نه‌خرێته‌ ده‌ستی ئه‌رته‌شی توركی بۆ زێده‌ گوشينی باری توندڕه‌وی، وه‌يان زاڵ كردنی له‌به‌رامبه‌ر سياسه‌تمه‌دارانی مه‌ده‌نی توركی. له‌جياتيان، پێويسته‌ سه‌ركرده‌ی سياسی كوردی باشوور هه‌وڵی به‌هێز كردنی بزوتنه‌وه‌ی ديموكراسی ڕزگاريخوازی كوردی باكور بده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی تاوانبار بكرێن به‌ پشتگيريكردنی توندڕه‌وی.

پێويسته‌ په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانانتارانی كوردی‌ له‌ به‌غدا، داوای كاری ئاكتيڤتر له‌ حكومه‌ته‌كانيان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی توركيا به‌خه‌به‌ر بهێنن. خۆ ئه‌گه‌ر توركيا بيه‌وێ بنه‌مای سياسی كوردستانی باشوور به‌ هۆی ژماره‌يه‌كی كه‌می توركمانان بشله‌ژێنێ، ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێميش ده‌توانێ باری ده‌وڵه‌تی توركيا، به‌ هۆی يارمه‌تيدانی ١٥-٢٠ مليۆن كوردی باكوور، بشله‌ژێنێ. كوردی باشوور پێويستی به‌ شه‌ڕی مواجه‌هه‌ نيه‌ تاوه‌كو باری توركيا له‌ق بكات، به‌ڵكو ده‌يان شێوه‌ی به‌ديلی له‌به‌رده‌سته‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست‌.

باشترين كاری سياسی، بۆ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی كوردستانی باكوور و باشوور ئه‌وه‌يه‌ كه‌ سياسه‌تمه‌دارانی كوردستانی باشوور (به‌تايبه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌ركۆمار)، له‌ نزيكه‌وه‌ ئامۆژگاری په‌كه‌كه‌ بكه‌ن و يارمه‌تی بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگ بێ له‌گه‌ڵ سياسه‌تی كوردستانی باشوور و سياسه‌تی ئه‌مريكا و ئه‌وروپا. له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ستراتيژی پارتی و يه‌كێتيدايه‌ كه‌وا په‌كه‌كه‌ له‌ داوی ليستی تێرۆريستيی ڕزگاربكه‌ن و بێهێننه‌ سه‌ر شانۆی ديپلۆماسی جيهانيه‌وه،‌ و بيكه‌نه‌ ياريكه‌ری كاريگه‌ر له‌ ناو عه‌مه‌ليه‌ی سياسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا‌. ئه‌و جۆره‌ ده‌سگرتنه‌ له‌ به‌ڕژه‌وه‌ندی هه‌موو لايه‌كدايه‌، چونكه‌ به‌هێز كردنی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاريخوازی كوردی باكوور، باشترين گه‌ره‌نتي درێژخايه‌نه‌ بۆ سه‌قامگيربوونی ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستانی باشوور.

پێشنيازی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ سه‌ركرده‌كانی سياسی كوردی به‌ ڕاسته‌وخۆيی به‌ ئاشكرا و به‌ سيقه‌وه‌ په‌يوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ ببه‌ستن و ناوبژيان پێبكه‌ن له‌گه‌ڵ سياسه‌تمه‌دارانی مه‌ده‌نی توركی، سه‌ركرده‌كانی ئه‌مريكی. كه‌ناڵی گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆيان له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا و ئه‌وروپا و ووڵاته‌ عه‌ره‌بيه‌كان بۆ بكه‌نه‌‌وه‌. به‌و پێيه‌، ده‌بێ كوردی باكور و باشور ببنه‌ سه‌نه‌دی بزوتنه‌وه‌ی يه‌كتر.

له‌پاڵ ئه‌وانه‌يشدا، گه‌ره‌كه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌ياندن و سه‌نديكا و ڕێكخراوه‌ كورديه‌ باشووريه‌كانيش له‌ هه‌مان ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ستراتيژی كورديه‌وه‌ سه‌يری بزوتنه‌وه‌ی كوردستانی باكوور بكه‌ن. پێويسته‌ فشار بخه‌نه‌ سه‌ر سه‌ركرده‌كانی كوردی باكوورو باشوور بۆ هه‌مان مه‌به‌ست. پێويسته‌ له‌ ئالقه‌ی ڕۆشنبيری فراوان و كۆنفرانس و نووسراوی هاديف دا، بۆچوون و ستراتيژيه‌ت و تێك گه‌يشتنی باكوور و باشوورو ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا له‌يه‌كتر نزيك بكه‌نه‌وه‌.

په‌كه‌كه چی بكات؟

تا ئێستا زه‌مينه‌ خۆش نه‌بوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركرده‌ی سياسيی توركی به‌وزوانه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ لايه‌نێكی سياسی ئاشتيخواز و مه‌ده‌نی قه‌بول بكه‌ن. ده‌بێ په‌كه‌كه‌ كارێكی وا بكات كه‌ توركيا هيچ چارێكی تری نه‌مێنێ له‌ غه‌يری ئه‌وه‌ی كه‌ دان به‌ په‌كه‌كه‌دا بێنێت و بيهێنيته‌ ناو عه‌مه‌ليه‌تی سياسی ديموكراسيانه‌ له‌ ناو توركيا، به‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ست له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی كورد و مافی چاره‌ی خۆنووسينی هه‌ڵبگرێت. ته‌جروبه‌ی كوردستانی باشوور نيشانی ده‌دات كه‌ ئه‌گه‌ر بيركردنه‌وه‌ی سه‌ليمت هه‌بێ و سه‌برت هه‌بێ، و جه‌ماوه‌رت له‌ پشت بێ، مه‌سه‌له‌ كاته‌ و له‌ڕۆرژگاری داهاتوودا چه‌ندين فرسه‌تی مێژوويي دێنه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ به‌ قازانجی كورد ده‌سورێنه‌وه‌.

سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه‌ پێويستيان به‌ بڕياری مێژوويی جه‌ريئانه‌ هه‌يه‌ كه‌ ته‌واوی شێوازی كاريان له‌ ناو توركيادا بگۆڕن. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانيشدا، سياسه‌تمه‌دارانی مه‌ده‌نی توركی پێويستیان به‌ هه‌مان جۆره‌ برياری مێژوويي جه‌ريئانه‌ هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كيشه‌ی كوردی-توركی هه‌تا هه‌تايه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن. له‌و بواره‌وه‌، پڕۆژه‌يه‌كی تێروته‌سه‌لم بۆ په‌كه‌كه‌ نوسيوه‌ و له‌ ژماره‌ی دوێنێی هاووڵاتيدا بڵاو بۆته‌وه‌.

خۆ له‌ كوردستانی باشووريشدا، هێندێك سياسه‌تی چه‌وتی په‌كه‌كه‌ بوه‌‌ته‌ هۆی ئيستيفزازكردنی پارتی و يه‌كێتی، وه‌ له نه‌وه‌ده‌كاندا ئاگری براكوژی به‌ چاودێری توركيا و عيراق و ئێران هه‌ڵگيرسايه‌وه‌. له‌جياتی ئه‌وه‌ی كه‌ په‌كه‌كه‌ سوود له‌ ئيداره‌ی سه‌ربه‌خۆی كوردستانی باشوور ببينێ و، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، بارودۆخێکی ئه‌وتۆ دڵی زۆرانێك له‌ خه‌ڵك و ڕۆشنبير و سياسه‌تمه‌دارانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستانينشی له‌خۆی شكاند. خۆشبه‌ختانه‌، ئيمرۆ زه‌مينه‌ خۆش بوه‌ بۆ ئاوه‌ژوو كردنه‌وه‌ی چه‌رخ و تێهه‌‌ڵهێنانه‌وه‌. له‌مه‌ودوا، ده‌بێ په‌كه‌كه‌ به‌ په‌يوه‌نديه‌كانياندا بچنه‌وه،‌ و دۆست و لايه‌نگيره‌ كۆن ونوێكانيان به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌.

هه‌ڵبه‌ت‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌ركێكی قورسی له‌به‌رده‌مدايه‌، به‌ڵام موسته‌حيل نيه‌. ده‌بێ له‌مه‌ودوا له‌ناوه‌وه‌ و ‌ده‌ره‌وه‌ به‌ زيره‌كانه‌ و مۆدێرنانه‌ و‌ به‌ ته‌نسيقێكی مه‌ركه‌زيه‌وه‌ بكه‌وێته‌ كاری لۆبی ئينته‌رناسيونالی. ده‌بێ پێناسه‌يه‌ك دابڕێژێ بۆ ئامانجه‌ تاكتيكی و ستراتيژيه‌كانی (ئاينده‌ی نزيك و دووری). ئه‌وجا به‌ ئامۆژگاری پسپۆڕ و بيركه‌ره‌وه‌ و لێزانانی نێو ده‌وڵه‌تيه‌وه‌، به‌‌ووردی ديراسه‌‌ی ميكانيزمی دابين كردنيان بكات و پلانی درێژخايه‌نيان بۆ دابنێ. ده‌بێ دوژمنه‌كان لێك بترازێنێ و هه‌ولبدات گۆڵی ديپلۆماسی يه‌ك له‌دوای يه‌ك له‌ تورندڕه‌وه‌كانی توركی بكات. به‌ زمانێكی نوێی مۆديرن فێری سياسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ببێ و هه‌وڵبدات له‌ سيسته‌می ديموكراسی ئه‌مريكی و ئه‌وروپايی شاره‌زا ببێ و به‌هۆيه‌وه‌ سيسته‌مه‌كه‌يان‌ بدۆشی، بۆخاتری به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی كورد. له‌ڕێگه‌ی هه‌مان سيسته‌می حوكمڕانیيشياندا، ڕای گشتی و حكومی ئه‌مريكيه‌كان و ئه‌وروپيه‌كان بۆ قه‌زيه‌كه‌ مه‌ركه‌زيه‌كه‌ی ڕابكێشێ، و له‌ئه‌نجامدا خۆی له‌ ليسته‌ی تێرۆريستاندا ده‌ربێنێ.

No comments: