Wednesday, 23 May 2007

چه‌نگی كورد له‌ كه‌ركوك گير بووه

چه‌نگی كورد له‌ كه‌ركوك گير بووه، ئايا سه‌ركرده‌كانی به‌ڕه‌ڵڵای ده‌كه‌ن؟


ئيمڕۆ
دوژمنانی كورد له‌و په‌ڕی لاوازيدانه‌، ڕۆژی ئه‌وه‌ نيه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ قه‌رز لێيان بترسن‌

هاوڵاتی ژماره‌ ۳٢٧، ی ٢۳ی مايس ٢٠٠٧

پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين


بۆ يه‌كه‌مجار له‌ مێژوو، مه‌وقيعی سياسی و قانونی و ئه‌خلاقی كورد له‌ هی ته‌واوی دۆست و دوژمنانی به‌هێزتره‌. عه‌ره‌بی عيراق، به‌ ويستی خۆيان ده‌نگيان بۆ ماده‌ی ١٤٠ داوه‌، و بێگانه‌كان ته‌بريكيان كردوه‌، به‌ڵام ئيمڕۆ هه‌موو لايه‌كيان په‌شيمان بونه‌ته‌وه‌. ده‌شزانن كه‌وا كورد وه‌ره‌قه‌يه‌كی براوه‌ی له‌ده‌سته‌، و مافی خۆيه‌تی به‌كاری بهێنێ.

هه‌رڕۆژه‌ی به‌ بيانويه‌ك و ته‌گه‌ريه‌ك، حكومه‌تی به‌غدا مه‌سه‌له‌ی پياده‌ كردنی ماده‌كه‌ دوا ده‌خات. هاوكات، سه‌ركرده‌ی كورد له‌ جێگه‌ی خۆيه‌وه‌ هه‌ڵده‌چێ و داخ ده‌ره‌بڕی و په‌نجه‌ی ئيتيهام درێژ ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێكی مه‌لموس بهاوێ بۆ مه‌جبور كردنی به‌غدا بۆ پياده‌كردنی ماده‌كه‌، وه‌يان هه‌ر خۆی هه‌لبستێ به‌ پياده‌ كردنی به‌بێی به‌غدا. ده‌نگۆی ڕێكه‌وتننامه‌يه‌كی نهێنی په‌يدا بووه‌، به‌ڵام ديار نيه‌ كه‌ ئايا كورد تێيدا براوه‌يه‌ يان دۆڕاو؟ ده‌ڵێن سه‌ركرده‌كانی كورد ڕازی بوونه‌ به‌ دواخستنی پياده‌ كردنی ماده‌كه‌، به‌ڵام ئايا به‌رامبه‌ر به‌ چی گه‌ره‌نتيه‌ك؟

ده‌ستور و ڕه‌فتاری سياسی

به‌گوێره‌ی ماده‌ی ١٤٠، ده‌بێ ئاينده‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری پڕ كێشه‌ی دانيشتوانيی، هه‌تا كۆتای ئيمساڵ له‌ ڕێگه‌ی پڕۆسه‌ی ئاساييكردنه‌وه (پێش نيسان)، و سه‌رژمێری (پێش ئاب)، و ڕيفه‌راندۆم (پيش كۆتايی ساڵ) يه‌ك لايی بكرێنه‌وه‌. به‌ڵام وێڕای ڕێكه‌وتننامه‌ی نوسراوه، تا ئێستا هيچ بڕگه‌يه‌كی ماده‌كه‌ئه‌نجام نه‌دراوه و ناشدرێت‌. دياره‌ كه‌ له‌ پرينسيپه‌وه‌، ته‌واوی حيزبه‌ عيراقيه‌كان له‌ دژی په‌يدا بوونی هه‌رێمێكی فيدارڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی قه‌وميی كوردن، بۆيه‌ش له‌ دژی ڕيفه‌راندۆمن و تا ئێستا هيچ كام له‌ سێ حكومه‌ته‌كانی ئه‌و سێ ساڵه‌ی دوايی هه‌نگاوێكی ئه‌وتۆيان بۆ پياده‌كردنی ماده‌كه‌ نه‌هاويشتوه‌. ماليكی، وه‌ك جه‌عفه‌ری، به‌ نوسراوه‌يی وه‌عده‌ی به‌ موقته‌دا سه‌در داوه‌ كه‌وا كه‌ركوك ته‌سليمی كورد نه‌كات. ئيمڕۆ هه‌ڵوێستی عه‌ره‌بی سوننه‌ و شيعه‌ی عيراق به‌ ڕاده‌يه‌ك تونده‌ كه‌ هيچ سه‌رۆكوه‌زيرانێكی به‌غدا ناتوانێ جورئه‌تی ‌ئه‌وه‌ بكات كه‌ركوك ته‌سليمی كورد بكاته‌وه‌.

قه‌يرانی كه‌ركوكيه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی

قه‌يرانی كه‌ركوك به‌ سروشت و به‌ ده‌ستێوه‌ردان ئاڵۆز بووه‌. نه‌ته‌وه‌ خاوه‌نه‌كان و ده‌خيله‌كانی كه‌ركوك، دوژمنی گه‌وره‌ی خۆيان و يه‌كترينه‌. كورد له‌ كه‌ركوك ده‌سه‌لاتداره‌ و ئه‌وانی تريش ئۆپۆزيسيۆنن. به‌ڵام كورد له‌ناوه‌خۆيدا ناته‌بايه‌ و خه‌ريكی ململانێی ناوه‌كيه،‌ و بۆيه‌ نه‌يتوانيوه‌ پێشڕه‌ويی شاره‌كه‌ بگرێته‌ ده‌ست، و‌ه‌ مافی كه‌مه‌ نه‌ته‌وايه‌تيه‌كان بپارێزن و ببنه‌ قدوه‌ بۆ هه‌موو لايه‌ك. عه‌ره‌ب و توركومانی كه‌ركوك باريان له‌ كورد ناله‌بارتره‌. خۆيان پارچه‌ پارچه‌ و بێ مه‌رجه‌عن، وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌ب دابه‌ش بوونه‌ و ده‌ستی ووڵاتانی ده‌وروبه‌ريش به‌سه‌ر ڕێڕه‌وياندا زاڵه‌. چه‌ندين لايه‌ن هه‌وڵيانداوه‌ بۆشاييه‌ سياسيه‌كه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌ و به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵاتی كوردی ببنه‌وه‌، به‌ڵام كاريگه‌ر نه‌بوونه‌.

به‌ بيانوی پاراستنی يه‌كێتی خاكی عيراق و مافی مرۆڤی توركومان، توركيا ده‌ست له‌ كه‌ركوك وه‌رده‌دات و داوا ده‌كات كه‌ ريفه‌ڕاندۆم نه‌كرێ. به‌ره‌ی توركومانی به‌كار هێناوه‌ له‌ دژی كورد، به‌ڵام بۆ خاتری ئه‌جيندای توركی نه‌ك توركومانی. هاوكات هه‌ڕه‌شه‌ی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی عيراق ده‌كات بۆ لێدانی په‌كه‌كه‌. هه‌ڵبه‌ت توركيا خۆی له‌ قه‌يرانی كۆمه‌ڵێك ته‌ناقوزات دا ده‌خولێته‌وه‌. هه‌ڕه‌شه‌كانيشيان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ململانێی نێوان ئه‌رته‌ش و حيزبی ئه‌ردوگانه، ده‌نا هه‌ردوو لايان ده‌زانن كه‌وا په‌لهاويشتن بۆ كوردستانی عيراق كارێكی خۆكوژيه‌ و مه‌زنترين زه‌ره‌ری سياسی و ئابوری ووڵاته‌كه‌يانی به‌دوادادێ‌. هه‌رێم به‌شێكه‌ له‌ عيراق، و مه‌سئوليه‌تی پاراستنی سنوور و ئاسايشی ووڵاته‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆی هێزی داگير كه‌ری ئه‌مه‌ريكيدايه‌، و هه‌ر ده‌ست درێژيه‌ك بۆ سه‌ر عيراق ده‌ستدرێژيه‌ بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ريكا. ئه‌رته‌شی توركيش ئه‌وه‌ باش ده‌زانێ، بۆيه‌ش مه‌سه‌له‌ی په‌كه‌كه ده‌كاته‌ به‌هانه‌ و تێكه‌ڵی ده‌كات به‌ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك. خۆ ئه‌گه‌ر توركيا سه‌رباز بنێرێته‌ ناو هه‌رێمی كوردستان، به‌مانا ووڵاتێكی دراوسێی خاوه‌ن سياده‌ی داگير كردوه‌، به‌وه‌ چانسی هاتنه‌ ناو كۆمه‌ڵگای ئه‌وروپی هه‌تا هه‌تايه‌ ده‌فه‌وتێ. ئيمڕۆ توركيا له‌ هه‌موو ڕۆژێكی تر لاوازتره‌ له‌ به‌رامبه‌ر كوردی باشوور. بۆيه‌ش، پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ جورئه‌ته‌وه‌ پلان بۆ به‌رپه‌چ دانه‌وه‌ی لۆبی توركی دابنێن و به‌ بوێرانه‌ به‌ره‌نگاريان ببنه‌وه‌.

ڕۆلی ئێران له‌ هی هه‌موو بێگانه‌يه‌ك كاريگه‌رتره‌ بۆ‌ هه‌ژاندنی باری شلۆقی عيراق و كوردستان و كه‌ركوك. له‌ سه‌رجاده‌وه‌ بگره‌ هه‌تا ئاستی سه‌ركرده‌، عيراقی له‌به‌ر ده‌سته‌. له‌ولاوه‌ پێشوازی له‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات و له‌ولاشه‌وه‌ ڕێگه‌ی ئه‌نسارولئيسلام ده‌دات هه‌رێم نائارام بكات. ده‌ستی ئێران له‌ ته‌قنيه‌وه‌كانی ئه‌و دواييه‌ی كوردستاندا به‌ڵگه‌ نه‌ويستن. خۆ له‌ ڕێگه‌ی (موقته‌دای سه‌در)ه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر شيعه‌ی عه‌ره‌ب و توركومانی كه‌ركوكدا سه‌‌پاندوه‌، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌نسارولئيسلاميشه‌وه‌ نفوزی له‌ نێو تێرۆريستانی عه‌ره‌بی سوننه‌دا كاريگه‌ره‌‌ (به‌ هاوكاری تێرۆريستانی كوردی). شايانی باسه‌ كه‌وا ئه‌وله‌ويه‌تی ئێران كه‌ركوك نيه‌، به‌ڵكو فه‌شه‌ل هێنانه‌ به‌ پلانی ئه‌مه‌ريكی، و مسۆگه‌ر كردنی نفوزيه‌تی له‌ ته‌واوی عيراق. بۆيه‌ ئاماده‌يه‌ كه‌ركوك ته‌سليمی كورد بكات به‌رامبه‌ر به هاوكاری كوردی، بۆ نموونه‌ بۆ دامه‌زراندنی‌ فيدڕاليه‌تێكی گه‌وره‌ی شيعه‌ی سه‌ر به‌ ئێران له‌ باشووری عيراق. پێويسته‌ كورد قه‌يرانی ئێستای ئێرانی ئيستيغلال بكات و گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ بكات بۆ مه‌به‌ستی لابردنی مه‌ترسی موقته‌دا و شيعه‌ی هاورده‌، و ده‌ستكه‌وتنی ته‌نازولاتی چاره‌نوس ساز له‌ كه‌ركوك.

عه‌ره‌بی سوننه‌ی دراوسێ و دووره‌په‌رێز، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌لقاعيده‌ و به‌عس و عه‌شايه‌ری سوننه‌وه‌‌ توانای ده‌ستێوره‌ردانيان له‌ كه‌ركوك هه‌يه‌. به‌گوێره‌ی ڕاپۆڕته‌كان، سعوديه‌كان وه‌عده‌ی دوو بليۆن دۆلاريان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم داوه‌ له‌به‌رامبه‌ر ده‌ساڵ هه‌ڵپه‌ساردنی كێشه‌ی كه‌ركوك به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و عه‌رزه‌ی له‌ جێگه‌ی خۆيدا ره‌ت كردۆته‌وه‌. ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بيه‌كان، گرنگیه‌كی زۆر به‌ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك ده‌ده‌ن چونكه‌ به‌لايانه‌وه‌ لكاندنی شاره‌كه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ مايه‌ی جيابوونه‌وه‌ی كورد، پارچه‌كردنی عيراق، هه‌ژار كردنی عه‌ره‌بی سوننه‌، و لاوازكردنی سنووری عه‌ره‌ب له‌به‌رامبه‌ر ئێران. خۆ ئه‌گه‌ر كورد بتوانێ ووڵاته‌ عه‌ره‌بيه‌كان دڵنيا بكاته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ئۆپۆزيسيۆنيش بۆ كه‌ركوك لاواز بكات.‌

سه‌رۆك بوش: به‌ ئاشكرا و به‌ نهێنێ

ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش له‌لايه‌كه‌وه‌ ته‌نيا چاودێرن‌ و زۆركه‌م ده‌ست له‌ كاروباری ناوه‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌ده‌ن‌، به‌ڵام ده‌ستی كورديشيان له‌ دواوه‌ و له‌ ڕووی تێرۆری عه‌ره‌بدا كه‌له‌بچه‌ كردوه‌‌. زۆربه‌ی ئه‌مه‌ريكیه‌كان ڕايان وايه‌ كه‌وا ده‌ستووری ئێستای عيراق چاره‌ی گرفته‌كان ناكات، به‌لام ده‌‌شزانن ده‌ستێوه‌ردانی ئاسان نيه‌. گروپی به‌يكه‌ر-هاميلتن له‌ كۆتايی سالی ٢٠٠٦دا پێشنيازی كرد كه‌ ڕيفه‌راندۆمی كه‌ركوك دوابخرێ، و شاره‌كه‌ نه‌‌خرێته‌ سه‌ر كوردستان، و ڕێگا چاره‌سه‌رێكی تری به‌ به‌شداری توركيا بۆ بدۆزرێته‌وه‌. له‌ ترسی كاردانه‌وه‌ی ناڕه‌زايی كوردی، سه‌رۆك بوش خۆی به‌و ئامۆژگاريه‌ پابه‌ند نه‌كرد، و‌ كوردی دڵنيا كرده‌وه‌ كه‌وا ڕێگا چاره‌سه‌ريی ده‌ستووری قه‌بوله‌. له‌ ڕاستيشدا خۆی و ئيداره‌كه‌ی و ته‌واوی كۆنگرێس و سه‌ناتی ئه‌مه‌ريكی و كانديده‌كانی سه‌رۆكايه‌تی ئه‌مه‌ريكی، هه‌ماهه‌نگن له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشنازانه‌ی به‌يكه‌ر هامليتن. سه‌رۆك بوش به‌ نهێنی داوای دواخستنی ڕيفه‌راندۆمی كردوه‌ و ڕه‌نگه‌ له‌مه‌ودوا به‌ شه‌خسی فشار بخاته‌ سه‌ر سه‌ركرده‌كانی كورد. دياره‌ كه‌ له‌ كۆتاييدا ئه‌مه‌ريكا و به‌ريتانيا پشتگيری له‌ ڕيفه‌راندۆم ناكه‌ن و ڕێگه‌ی لێده‌گرن. بۆيه‌ ده‌بێ سه‌ركرده‌كانی كورد وای دانه‌نێن كه‌ ئه‌مه‌ريكايان له‌ پشته‌ و پشتگيريه‌كه‌يان هه‌تا سه‌ره‌.

بێ گومان، ئارامی و پێشكه‌وتن، و بگره‌ سه‌ربه‌خۆيی، كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ستراتيژی ئه‌مه‌ريكی دايه،‌ به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی واده‌زانێ ئه‌وه‌ له‌ خزمه‌تی ئه‌وله‌وياتی ئێستاياندا نيه‌. هه‌روه‌ها ئيداره‌ له‌ ژێر فشارێكی بێ پايانه‌ كه‌ ملی ئه‌و ڕێگه‌يه‌ نه‌گرێته‌ به‌ر. ڵێره‌دا، ئه‌ركی سه‌ر شانی سياسه‌تمه‌داری كورده‌ كه‌ ئه‌مه‌ريكا بخاته‌ ژێر فشاری گه‌وره‌تر بۆ پشتگيركردن له‌ ئه‌جيندای كوردی.

نابێ ڕيفه‌راندۆم دوابخرێ

دواخستنی ڕيفه‌راندۆم هيچ كێشه‌يه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات‌، بێجگه‌ له‌ كات به‌سه‌ر بردن ‌هه‌تا ئه‌وكاته‌ی كه‌ پارسه‌نگی هێزه‌كان ده‌گۆڕێ، ئه‌وكاتيش كورد فرسه‌تێكی تری مێژوويی له‌ ده‌ست ده‌چێ. ئه‌گه‌ڕ عه‌ره‌بی عيراق له‌ تيرۆری سووننه‌ و توندڕه‌وی شيعه ڕزگاری ببێ، متمانه‌ی به‌خۆی زياتر ده‌بێ و له‌ گفتوگۆدا ڕه‌قتر ده‌بێ. ئه‌وكات ئه‌مه‌ريكاش پێويستی به‌ كورد كه‌متر ده‌بێ. خۆ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ريكی، سه‌رۆك و ئيداره‌كه‌ ده‌گۆڕێ و ڕ‌‌ه‌نگه‌ كورد ليێ بقه‌ومێ.‌ سه‌رۆكی داهاتو (كۆماری بێ يان ديموكرات)، هيچ ئيلتيزامێكی ئه‌خلاقی به‌رامبه‌ر كورد نابێ. ده‌توانێ ده‌ست له‌ ته‌واوی عيراق هه‌لبگرێ و ته‌ركيز بخاته‌‌‌ سه‌ر چاكردنه‌وه‌ی ئابووری ووڵاته‌كه‌ی. بۆيه‌ نابی به‌ هيچ جۆرێك و به‌ هيچ نرخێك ماده‌ی ١٤٠ بۆ دوای كه‌مپه‌ينی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ريكی دوابخرێ. ئه‌و په‌ڕ‌‌ه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ ده‌كرێ دوابخرێ، ئه‌وه‌يش بۆ مه‌به‌ستی كارئاسانی ئاساييكردنه‌وه‌ و زامين كردنی ئاشتيخوازانه‌ی پرۆسه‌كه‌. ئه‌و دواخستنه‌ش ده‌بێ‌ به‌رامبه‌ر گه‌ڕ‌ه‌نتی نوسراوه‌ بێ و به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ دواخستنی تری به‌دوادانايه‌ت. هه‌ڵپه‌ساردنی درێژ خايه‌نی ڕيفه‌راندۆم مانای له‌بير كردنی پڕۆسه‌كه‌ و له‌ده‌ست چوونی كه‌ركوكه‌. پێويسته‌ ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش چاوترسای بكرێ به‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر ماده‌كه‌ له‌ كاتی خۆيدا پياده‌ نه‌كرێ ئه‌وا كورد ئيلتيزامی به‌ ده‌ستووره‌وه‌ نامێنێ و له‌ گه‌رمه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ريكا وه‌زعه‌كه‌ ده‌ته‌قێنێته‌وه‌، و كه‌ركوك ده‌كاته‌ سووته‌مه‌نی ئيعلامی ئه‌مه‌ريكی، وه‌ چانسی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی كۆماريه‌كان كه‌متر ده‌كاته‌وه‌.

خۆ سه‌ركرده‌‌كانی كورد ده‌تونن ڕازی ببن به‌ ته‌واوی هه‌ڵگرتنی ماده‌ی ١٤٠، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه‌وا كه‌ركوك به‌بێ ئاساييكردنه‌وه‌ و سه‌رژمێری و ڕيفه‌راندۆم بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێم. به‌وه‌، حاله‌تی هيستيريای ده‌نگدان و مه‌ترسی ته‌قينه‌وه‌ نامێنێ، وه‌ مه‌سه‌له‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاورده‌كان ده‌بێته‌ مه‌سه‌له‌يه‌كی لاوه‌كی، به‌ڵكو له‌بيريش ده‌كرێ.

فيدراليه‌تی كه‌ركوك

نموونه‌ی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان سه‌لماندويه‌تی كه‌وا فيدراليه‌ت مانای نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆيیه. به‌لای دراوسێ و بێگانه‌كانه‌وه‌، هه‌تا كه‌ركوك له‌ عيراق بێ كورديش عيراقيه، و ده‌وڵه‌تی كوردی سه‌ربه‌خۆ به‌بێی كه‌ركوك خۆی ناگرێ. به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌كانی كوردی به‌غدا‌، پێشنياز ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌وا كه‌ركوك ببێته‌ فيدراليه‌تێكی به‌ته‌نيا، له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و به‌ چاودێری نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان. هه‌ڵبه‌ت، سه‌ركرده‌ كورده‌كان وای داده‌نێن كه‌وا زۆرينه‌ی كه‌ركوك كوردن و ده‌سه‌ڵاتی حيزبه‌ كورديه‌كان و هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ريدا مسۆگه‌ره‌‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ قوماره‌، چونكه‌ له‌ ئاينده‌دا به‌رژه‌وه‌ندی ناوچه‌يی شاره‌كه‌ ده‌بێته‌ ئه‌وله‌ويه‌ت بۆ كه‌ركوكيه‌كان (به‌ كورد و غه‌يره‌ كورده‌وه‌)، وه‌ هاوده‌نگيان له‌گه‌ڵ باقی كوردستان مسۆگه‌ر نابێ. ئه‌وه‌يش له قورسايی سياسی و ئابووری كوردی كه‌م ده‌كاته‌وه‌. بۆ كه‌ركوكيه‌كان ئه‌وه‌ ئه‌نجامێكی خراپ نيه‌، به‌ڵام بۆ حيزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان مه‌‌ترسی تێدايه‌.

له‌جياتی فيدراليه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، باشتره‌ ئه‌گه‌ر كه‌ركوك بكرێته‌ فيدراليه‌تێكی نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆ به‌ڵام له‌ناوه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان. ده‌كرێ‌ پارێزگاكانی تری كوردستانيش هه‌مان سيفه‌تيان پێ بدرێ، به‌ڵام هه‌موويان سه‌ر به‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی و سه‌رۆكايه‌تی هه‌رێم بن. ئه‌و جۆره‌ بۆچوونه‌ سوودمه‌نده‌ و به‌ڵكه‌ ديموكراسيه‌ت له‌ كوردستان به‌هێز ده‌كات، و ڕێگه‌ له‌ ديكتاتۆريه‌ت و ئۆتۆكراتيه‌ت ده‌گرێ. هه‌لبه‌ت ئيمڕۆ سلێمانی و هه‌ولێر هه‌ر به‌ناو يه‌كگرتوون به‌ڵام له‌ ڕاستيدا دوو فيدراليه‌تی نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆن، و كه‌ركوكيش سێهه‌ميان ده‌بێ.

كه‌ركوك به‌ هه‌رزان

نزيكه‌ی هه‌شت له‌ سه‌دی ئه‌و ١٠٠-٢٠٠ بليۆن به‌رميله‌ نه‌وته‌ ئيحتياته ئاماده‌يه‌‌ی عيراق، له‌ پارێزگای كه‌ركوكه‌. سه‌دی چلی به‌رهه‌می نه‌وتی عيراق و سه‌دی حه‌فتای گازه‌كه‌ی له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌رده‌هێنرێت. دياره‌ له‌ ڕووی دارايیه‌وه‌‌، نه‌وتی كه‌ركوك بايی ئه‌وه‌نده‌ ده‌بێ كه‌ سه‌ركرده‌ سياسيه‌كانی عيراق (به‌ كورده‌وه‌) له‌ په‌نای نيشتيمانپه‌روه‌رێتيه‌وه فتيلی شه‌ڕی ناوه‌خۆ بۆ به‌ گه‌شی بهێلنه‌وه‌. به‌‌لای دراوسێكانی كوردستان، پياده‌كردنی ماده‌ی ١٤٠ داواكاريه‌كی ناهه‌قه، هه‌وڵی كورد ته‌نيا بۆ ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی نه‌وتی كه‌ركوكه‌، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆيی ئابوری و سياسی هه‌رێمی كوردستانه‌‌، وه‌ بۆ زياتر ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی "سه‌ركرده‌ گه‌نده‌ڵه‌كانيه‌تی". بۆيه‌، يه‌كێك له‌ ڕێگاچاره‌ پێشنيازكراوه‌كانی بيگانه‌كان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ كورد كه‌ركوكی بێ نه‌وت بدرێتێ، تاوه‌كو مه‌يلی سه‌ربه‌خۆيی نه‌مێنێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ڕێگا به‌ديله‌ پوچه‌ڵه‌، چونكه‌ نه‌ كورد و نه‌ غه‌يره‌ كوردی پێ ڕازی ده‌بێ.

ئه‌مه‌ريكا پێشنيازی كردوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كورد ده‌ست له‌ كه‌ركوك هه‌ڵبگرێ، ئه‌وا له‌ پاداشتدا بنكه‌يه‌كی سه‌ربازی ئه‌مه‌ريكی له‌ كوردستان داده‌نرێ. دياره‌ كه‌ هه‌ندێ ئه‌مه‌ريكی سه‌ركرده‌ی كوردی به‌ خاوپێيچراوه داده‌نێن. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ريكا بيه‌وێ يان نه‌يه‌وێ ئاسايشی كوردستان بپارێزی، ئه‌وا به‌ بوون و نه‌بوونی ئه‌و جۆره‌‌ بنكه‌ سه‌ربازيه‌ له‌ناو خاكی كوردستاندا هه‌ڵوێستی ناگۆڕێ. ئه‌مه‌ريكا هه‌رخۆی ده‌مێكه‌ ده‌يه‌وێ ئه‌و جۆره‌ بنكه‌يه‌ له‌ كوردستان (له‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ) بۆ خاتری پاراستنی به‌رژه‌وه‌نديه‌كانی دابنێ. بێ گومان، ئه‌و جۆره‌ بنكه‌ سه‌ربازيه‌ سوودی بێ پايانی بۆ كورد هه‌يه‌ و ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی دراوسێكان بيپارێزێ. بۆيه‌ پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كورد ڕێخۆشكه‌ر بن بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و جۆره‌ بنكه‌يه‌، نه‌ك ته‌نيا له‌ قه‌ره‌داغ، به‌لكو له‌ ده‌وروبه‌ری خودی شاری كه‌ركوكيشدا.

ململانێ و فه‌شه‌لی پارتی و يه‌كێتی له‌ كه‌ركوك

سه‌ڕه‌ڕای هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی حيزبه‌ كورديه‌كان، ‌ به‌شێكی مه‌زنی ئاڵۆزبوونی كێشه‌كان له‌ ئه‌ستۆی ئه‌واندا بوه‌. ده‌بوايه‌ له‌به‌رامبه‌ر دوژمنی هاوبه‌شدا، ئه‌جيندای سياسی و ئاسايشيی هاوبه‌ش‌ و پلانی درێژخايه‌نيان هه‌بوايه‌. سه‌ركرده‌كان، تا ڕاده‌يه‌ك، له‌ به‌غدا هه‌ماهه‌نگ بوون، به‌ڵام له سه‌ر شانۆی ڕووداوه‌كاندا له‌ ناو كه‌ركوك به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ بوون. زياتر خه‌ريكی به‌رز كردنه‌وه‌ی شيعارات و هه‌ڵوێستی نامه‌‌دروس بوون‌‌. به‌رامبه‌ركێ و ململانێكهی پارتی و يه‌كێتی كاری تێكده‌ری له‌ سه‌ر هه‌موو ئاستێكی سياسی و ئيداری و كۆمه‌ڵايه‌تی و ئاسايشیدا هه‌بووه. سوودێكی ئه‌وتۆيان له‌ په‌رش و بڵاوی عه‌ره‌ب و توركومان وه‌ر نه‌گرتوه‌. له‌ ديداری ته‌ن به‌ ته‌ندا له‌گه‌ڵ بێگانه‌ و دوژمنه‌كاندا خيتابيان جياوازه‌ و دژ به‌يه‌كتر بوه‌. كاری ناقانونی به‌رچاو‌يان ئه‌نجام داوه‌، ده‌ستيان‌ له‌ كاروباری ئيداری وه‌رداوه، زه‌وی و خانوبه‌ری ته‌جاوزيان به‌ بێ پلاندان به‌سه‌ر خه‌ڵكانی سه‌ر به‌ حيزبه‌كانيان دابه‌ش كردوه. بۆيه‌ بونه‌ته‌ مايه‌ی ئيحراج و ئيحبات و خه‌يبه‌تی خه‌ڵكی كورد و غه‌يره‌كوردی كه‌ركوك.

له‌‌ ساڵی ٢٠٠۳، پارتی و يه‌كێتی ده‌يانتوانی‌ جێگه‌ به‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ له‌ق بكه‌ن و زۆربه‌ی مه‌سه‌له‌كان يه‌كلايی بكه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ريكيه‌كان ئاماده‌ بوون كه‌ ڕۆڵی چاودێر ببينن به‌بێ ئه‌وه‌ی چيتريان له‌ ده‌ست بێ، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ به‌ هيچ ڕانه‌ده‌گه‌يشتن. خۆ به‌ر له‌شه‌ر، زۆربه‌ی‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان خۆيان بۆ هه‌ڵاتن ئاماده‌كردبوو. به‌ڵام له‌ دوای شه‌ڕ، توانيان يه‌كێتی و پارتی له‌ دژی يه‌كتری به‌كار بهێنن و پسوله‌ی مانه‌وه‌يان لێوه‌گرن. ئێستاش، له‌دوای چه‌سپانی داواكانی كورد له‌ ناو ده‌ستووردا، وه‌ كه‌ بۆيان ده‌ركه‌وت كه‌ سه‌رۆكوه‌زيرانه‌ يه‌ك له‌ دوای يه‌كه‌كانی به‌غدا كه‌مته‌رخه‌می له‌ پياده‌كردنی ده‌كه‌ن، ده‌بوايه‌ كورد به‌ يه‌ك‌لايه‌نی ماده‌كه‌يان جێبه‌جێ كردبا و له‌ بودجه‌ی هه‌رێم پاره‌يان سه‌رف كردبا. يه‌كێتی و پارتی فه‌شه‌لیان هێناوه‌ له‌ دڵنيا كردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ غه‌يره‌ كورده‌كانی ناو كه‌ركوك. ده‌بوايه‌ هه‌رده‌م شه‌قاوێك له‌ پێش حيزبه‌ بێ سه‌روبه‌ره‌كانی غه‌يره‌كورده‌كان بانايه‌، و به‌رنامه‌يه‌كی تۆكمه‌يان بۆ پێشڕه‌وێتی هاوڵاتی عه‌ره‌ب و توركومانيان پياده‌ كردبايه‌. ئيتر به‌شێكی مه‌زنی فه‌شه‌ل له‌ پياده‌كردنی ماده‌ی ١٤٠ و دڵنيا كردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ناو كه‌ركوك زياتر له‌ ئه‌ستۆی سه‌ركرده‌كانی كورده‌.

وه‌ره‌قه‌ی كورد براوه‌يه‌

هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌ كورده‌كان له‌ ديوه‌خانه‌كانياندا دانيان به‌ ناواقيعيه‌تی قۆناغه‌كانی ١٤٠دا ناوه‌، به‌تايبه‌تی كه‌ له‌ گفتۆگۆكاندا حه‌ددی بوونه‌و خۆيان به‌ جه‌دوه‌لێكی ڕه‌قی زه‌مه‌نيه‌وه‌ به‌ستۆته‌وهه. ئه‌و جۆره‌ دان پێدانانه‌‌‌ وه‌ك لايتی سه‌وزه‌ و ده‌ستی بێگانه‌كانی هه‌تا ڕاده‌ی دڵنيايی به‌هێز كردوه‌. سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر خۆيان به‌ لاواز بزانن. كه‌م وا ڕێك ده‌كه‌وێ كه‌وا وه‌ڕه‌قه‌ی كورد به‌ پله‌ی ئێستای به‌هێزبێ. كورد براوه‌يه‌ ئه‌گه‌ر له‌خۆی تێك نه‌دات و له‌ به‌رامبه‌ر فشاردا نه‌ڕوخێ. پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كورد له‌سه‌ر هيچ مێزێك دانه‌نيشن و مه‌جالی هيچ جۆره‌ لێدوان گفتوگۆيه‌ك نه‌ده‌ن به‌رله‌وه‌ی كه‌ دۆسيه‌ی به‌ديلێكی پڕمانا و بايه‌خداری پڕ له‌ گه‌ره‌نتیان ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌ست. ئه‌وجا به‌ ساردوسوڕيه‌وه‌ به‌ تيكی چاو سه‌يری بكه‌ن.

له‌ سه‌ر شانۆی ڕووداوه‌كاندا، كورد قورساييه‌كی مه‌زنی هه‌يه‌. له‌ شاری كه‌ركوك زۆرينه‌ و ده‌سه‌ڵاتداره‌ و توانای دروست كردن و تێكدانی هه‌يه‌. له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی به‌غداش فاكته‌ری يه‌كخستنن و زامينكردنی به‌رده‌وامێتی حكومه‌تی ماليكی بوونه‌. ئيمڕۆ حكومه‌تی ماليكی له‌و په‌ڕی لاوازیدايه‌ و به‌بێی كورد ڕوخانی مسۆگه‌ره‌. خۆ هه‌ركاتێك حيزبه‌كان خيتابيان يه‌ك بێ، ئه‌وا له‌ تواناياندايه‌ هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌ حكومه‌تی به‌غدا بڕوخێنن، كه‌ ئه‌وه‌يش مه‌زنترين گورزی تێكده‌ره‌ بۆ پلان و ئه‌وله‌وياتی ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی و ئه‌و ئيئتيلافه‌ شيعيه‌ی كه‌ ئيمڕۆ له‌ په‌له‌ڕوحه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌دايه. به‌ ڕوخانی حكومه‌تی ماليكی هيچ لايه‌نێكی تری پڕۆئه‌مه‌ريكی نيه‌ ئه‌و بۆشاييه به‌ زوويی‌ پڕبكاته‌وه‌. هاوكات، به‌ كشانه‌وه‌ی كورد، ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ ئۆپۆزيسيۆن له‌ دژی مه‌ركه‌زێكی بێ سه‌روبه‌ر. لێره‌دا هه‌رێم وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ڕه‌فتار ده‌كات، وه‌ ده‌سه‌ڵاتيشی به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی كه‌ركوكدا زياتر ده‌بێ.

پێداگرتن له‌سه‌ر ده‌ستوور فه‌رزه‌

دياره‌ كه‌ هيچ ڕێگا چاره‌سه‌رێكی وا نيه‌ كه‌ بتوانێ كورد و دوژمنه‌كانی به‌ يه‌كه‌وه‌ ڕازی بكات، بۆيه پێداگرتن له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستوره‌ "هه‌ميشه‌ييه" كه‌مترين داواكاريه‌ كه‌ كورد پێی ڕازی بێ.‌ به‌بێ ڕازيكردنی سه‌ركرده‌كانی كورديش، هيچ لايه‌نێك ناتوانێ ده‌ست له ده‌ستور وه‌ربدا و ماده‌ی ١٤٠ لاببا. هه‌رلايه‌نێكيش داوای ده‌ستێوه‌ردانی پڕۆسه‌ی‌ ده‌ستوری بكات ده‌بێ له‌و چاكتر و زياتری پێ بێ بۆ كورد، ده‌‌نا مه‌وقيعی سياسی و ئه‌خلاقی لاوازی ده‌بێ. پياده‌ كردنی ده‌ستور فه‌رزه‌ له‌سه‌ر سه‌ركرده‌كانی كورد، پياده‌نه‌كرنيشی مانای فه‌شه‌لیانه‌. پێويسته‌ چاوه‌ڕێی به‌غدا نه‌كه‌ن و ده‌ستپێشخه‌ری بكه‌ن له‌ جێبه‌جێ كردنی ماده‌كه‌. له‌وه‌ته‌ی هه‌لبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ ئه‌نجام دراوه‌، ئاشكرا بوه‌ كه‌وا كه‌ له‌ هه‌ر ڕۆژێكدا ڕيفه‌راندۆم بكرێ (پێش يان پاش ئاساييكردنه‌وه‌) ئه‌وا كورد ده‌يباته‌وه‌. به‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد و كۆچ كردنی عه‌ره‌بی هاورده‌، ڕێژه‌ی كورد له‌‌ كه‌ركوك گه‌يشتۆته‌‌ ٥۹ له‌ سه‌د، بۆيه‌ كورد ده‌توانێ به‌بێ ئاساييكردنه‌وه‌ داوای ڕيفه‌ڕاندۆم بكات. هاوكات كارئاسانی بۆ ئه‌و ده‌ هه‌زار خێزانه‌ی ئاماده‌يی گه‌ڕانه‌وه‌يان نيشانداوه‌ بكرێ. حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانی مه‌سره‌فه‌كه‌يان له‌ ئه‌ستۆی بگرێ و له‌ دواڕۆژ له‌ به‌غدای بستێنێته‌وه‌. هاوكات پێويسته‌ حكومه‌ت و دوو حيزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی كوردستان زه‌وی خانوبه‌ره‌يه‌كی زۆر له‌ ناو كه‌ركوكدا بكڕن و بيده‌نه‌ كورد و توركومانه‌ ڕاگوێزراوه‌كان، به‌ كرێ يان به‌ قه‌ردی عه‌قاری. به‌وه‌ ده‌توانن له‌مه‌ودايه‌كی نزيكدا پارسه‌نگی هاوكيشه‌كان سه‌راوبن بكه‌ن و مه‌ترسی ته‌قينه‌وه‌ش كه‌م بكه‌نه‌وه‌.

هه‌ڕه‌شه‌ی كورد له‌ ئه‌مريكا و شيعه‌ی عيراق

ئه‌گه‌ر سه‌ڕه‌ڕای پێداگرتنی كورد، ئه‌مه‌ريكا و شيعه‌ی عيراق ڕێگه‌ی پيداه‌كردنی ده‌ستوريان نه‌دا، ئه‌وا يه‌ك له‌ ئيختياره‌كانی كورد ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا ده‌ست به‌سه‌ر كه‌ركوك داگرێ و په‌يوه‌ندی ئيداريشی له‌گه‌ڵ به‌غدا ببڕێ. ڕه‌نگه‌ له‌ ڕۆژگاری ئيمڕۆدا ئه‌وكاره‌ ‌به‌ كارێكی توندڕ‌ه‌وانه‌ له‌ قه‌له‌م بدرێ، وه‌ دوور نيه‌ كه‌‌ دوژمنان بيكه‌نه‌ بيانوه‌ك بۆ ته‌قينه‌وه‌يه‌كی بێ كۆتايی و تێكدانی هه‌موو پلانێك. به‌وه‌ كورديش و نه‌ته‌وه‌كانی تريش له‌ كه‌ركوك و ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك ڕ‌‌ه‌نگه‌ لێيان بقه‌ومێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد به‌ پلانی مه‌دروس و شان به‌شانی هه‌ڵمه‌تی لۆبی سياسيه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام بدات، ڕه‌نگه‌ له‌و مه‌ترسيانه كه‌م بكاته‌وه‌.

خۆ ئه‌گه‌ر كورد دڵنيا بوو كه‌وا ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی و ئيئتيلافی شيعه‌ خيانه‌ت له‌ وه‌عده‌كان ده‌كه‌ن و كورد له‌ كه‌ركوك بێ به‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌وا كورديش ده‌بێ بكه‌وێته‌ شه‌ڕه‌ هه‌ڵوێستی سياسی (نه‌ك عه‌سكه‌ری) چاره‌نوس ساز له‌گه‌ڵ خودی ئه‌‌مه‌ريكا وه‌ خودی هاوپه‌يمانه‌ عه‌ره‌به‌كانی. ئيمڕۆ باشترين فرسه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی كورد مێشك و ماسولكه‌يان به‌كار بهێنن، چونكه‌ له‌به‌ر قه‌يرانی گه‌وره‌تر، ئه‌مه‌ريكيه‌كان و شيعه‌كان كاتی ئه‌وه‌يان نيه‌ بزانن ئايا كورد خه‌ريكی بلۆف كردنه‌ يان به‌ ڕاستيه‌تی. ‌سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌توانن له‌ ئاستی عيراقدا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا هه‌ماهه‌نگ بن، به‌ڵام له‌ كه‌ركوكدا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌‌ی بن (به‌ بێ ئه‌وه‌ی خه‌تی سوور ببه‌زێنن). ده‌بێ ئيداره‌ی بێگانه‌كان بزانن كه‌وا كورد ئاماده‌يه‌ ئه‌ركیان ‌ئاڵۆزتر بكات و له‌ سه‌ر قه‌زيه‌يه‌كی چاره‌نوس سازدا، شه‌ڕی مان و نه‌مان بكات‌‌.

هاوكات بۆ ده‌رخستنی نياز و جيدديه‌تی مه‌سه‌له‌كه‌، پێويسته‌ پێشمه‌رگه‌ و ئاسايشی كوردستان، خه‌ريكی ڕاهينان و پلان دانان و ئاماده‌باشی بن بۆ ڕۆژی هه‌ڵمه‌ت، وه‌ به شێوه‌يه‌كی به‌رنامه‌كاری دابه‌ش بكرێن به‌ سه‌ر ناوچه‌ هه‌ستياره‌كانی ناوه‌وه‌ و ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك و شوێنه‌كانی تر. ڕه‌نگه‌ كار قه‌ت نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ بقه‌ومێ، به‌لام له‌وانه‌يه‌‌ ئاماده‌باشيی كوردی به‌س بێ بۆ نه‌رم كردنی هه‌لوێستی ئه‌مه‌ريكی و توركی. سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به‌ قه‌رز له‌ دوژمن بترسن. پێويسته‌ بۆ ئه‌مه‌ريكيه‌كانی ده‌ربخه‌ن كه‌وا هه‌ڵوێستی دژبه‌ ده‌ستور وه‌يان دواخستنی ڕيفه‌راندۆم يه‌كسه‌ر داگير كردنی كه‌ركوكی به‌دوا دادێ. كورد شه‌رت نيه‌ ئه‌و جۆره‌ پلانه‌ پياده‌ بكات، به‌لام ده‌بێ بديترێ كه‌وا ئاماده‌ی پياده‌ كردنيه‌تی.

هه‌ڕه‌شه‌ی كورد له‌ توركيا

ئيمڕۆ توركيا لاوازه‌ و ڕۆژی ئه‌وه‌ نيه‌ كه‌وا كوردی باشور لێی بترسێ، ‌وه‌يان ته‌نازولی مه‌زنی بۆ بكات وه‌يان له‌سه‌ر حيسابی كوردی باكور ئه‌رته‌ش ڕازی بكات. بوش و ئيداره‌كه‌ی ناره‌حه‌تن‌ به‌ ته‌سريحه‌ تونده‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ به‌رامبه‌ر توركيا. بۆيه‌ داوايان لێ كردوه‌ كه‌وا له‌ كرژیه‌كان كه‌م كاته‌وه‌. دياره‌ كه‌ سه‌رۆك كۆماريش هه‌ماهه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكاييه‌كان و هه‌وڵی دڵدانه‌وه‌ی توركه‌كانی داوه‌. به‌ڵام بێ گومان، ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی ئه‌و داوايه‌ بۆ خاتری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی كوردی ناكات، به‌ڵكو له‌ به‌رژه‌وه‌ندی توركی و ئه‌مه‌ريكی و عيراقيه‌، وه‌ هيچ خزمه‌تێك به‌ كورد ناكات. بۆيه‌ پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌و فرسه‌ته‌ به‌ نرخێكی هه‌رزان له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت ته‌نيا خاڵی لاوازی كورد بريتيه‌ له‌ بێ هه‌ماهه‌نگيی سه‌ركرده‌كانی پارتی و يه‌كێتی‌. له‌م لاوه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڕه‌شه‌ له‌ توركيا ده‌كات و له‌ولاوه‌ سه‌رۆك كۆمار داخ ده‌رده‌بڕێ، وه‌ك بڵێی داوای لێبوردن له‌ توركيا ده‌كات.‌ گرنگ نيه‌ ئايا هه‌ڵوێستی كاميان له‌وی تر حه‌كيمانه‌تره‌، به‌ڵام دووهه‌ڵوێستيه‌تی كورد، حيكمه‌تی تێدا نيه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و دوانه‌ هه‌ماهه‌نگ بن، ئه‌وا نه‌ك عيراق و توركيا، به‌ڵكو خودی ئه‌مه‌ريكاش ئيمڕۆ توانای سزادانی كوردی نيه، چونكه‌ هه‌ريه‌كه‌يان به‌ شێوه‌يه‌ك له‌ قه‌فه‌س و قه‌يرانێكدا گيری خواردوه‌.

دواپه‌يامم: ته‌رتيبی ماڵ

پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كورد به‌يه‌كه‌وه‌ خه‌ريكی بيركاری ناوه‌كی بن و به‌ چڕی ئه‌گه‌ره‌كان تاوتوێ بكه‌ن و ئه‌وجا خيتابيان يه‌ك بخه‌ن. هه‌تا ئه‌گه‌ر به‌ نيازی موساوه‌مه‌ش بن، ده‌بێ به‌ يه‌كه‌وه‌ بيكه‌ن و هه‌رخۆيشيان به‌رنامه‌ی به‌ديل ئاماده‌ بكه‌ن. پێويسته‌ پارتی و يه‌كێتی به‌رنامه‌يه‌كی لۆبی له‌خۆ بگرن بۆ قه‌ناعه‌ت پێهێنانی دۆستان و ڕه‌د كردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی دوژمنان. تيمێكی سياسی په‌رله‌مانی و حكومی و پسپۆڕی لۆبی، به‌ بودجه‌يه‌كی تێر و ته‌سه‌له‌وه‌، پێك بهێنن و بكه‌ونه‌ هه‌ڵمه‌تێك له‌ واشينگتن و ووڵاته‌‌ ئه‌وروپی و عه‌ره‌بيه‌ گرنگه‌كان، و ناوه‌وه‌ی عيراق و ناو خودی شاری كه‌ركوك. به‌رنامه‌يه‌ك دابنێن بۆ ڕازی كردنی توركومان و عه‌ره‌ب، و دابين كردنی مافی مرۆڤی كورد و غه‌يره‌ كورد، و دانانی به‌رنامه‌ی گه‌شه‌ پێدانی كوڵتوری و ڕۆشنبيری بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه خاوه‌نه‌كانی كه‌ركوك. بۆ چاكسازی ئيداری له‌ ناو كه‌ركوك، بۆ به‌شدارێتی ده‌سه‌ڵاتی ئيداری، بۆ دروست كردنه‌وه‌ و گه‌شه‌ پێدانی ژيرخان و سه‌رخانی شاره‌كه‌

مه‌زنترين ئاماده‌باشی بۆ شه‌ڕی چاره‌نوس ساز، مه‌سه‌له‌ی حوكمڕانی هه‌رێمه‌‌. دامه‌زرانی حكومه‌تێكی موئه‌سسه‌ساتی تۆكمه‌ی يه‌كگرتوو، باشترين به‌رگريه‌ له‌ دواڕۆژی كورد. هه‌تا ناوماڵی كورد زياتر ته‌رتيب بێ، متمانه‌ی نێوان خه‌ڵك و سه‌ركرده‌كان زياتر ده‌بێ. متمانه‌يان به‌ خۆيان و قه‌زيه‌كه‌يان و توانای به‌رگری له‌خۆ كردنيان مه‌زنتر ده‌بێ. پێويسته‌ پڕۆسه‌ی يه‌كگرتنه‌وه‌ی ئيداره‌ی سلێمانی و هه‌ولێر خێراتر و پته‌وتر بكرێت. پێويسته‌ هه‌ردوو حيزبی ده‌سه‌ڵاتدار ته‌ركيز بكه‌نه‌ سه‌ر به‌هێز كردنی حكومه‌تی هه‌رێم. ته‌حه‌داكانی به‌رده‌می سه‌ركرده‌كانی كورد زۆر مه‌زنتره‌ له‌وه‌ی كه‌وا خۆيان بۆ ئاماده‌ كردوه‌. تموحی كورد له‌ كه‌ركوك ناوه‌ستێ، به‌ڵام كه‌ركوك بريتيه‌ له‌ يه‌كێك له‌ قۆناغه‌ سه‌ره‌كيه‌كان و تاقی كردنه‌وه‌ی چاره‌نوس سازه‌كان‌. ئه‌گه‌ڕ سه‌ركرده‌كان خه‌ريكی چاكسازی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی موئه‌سسه‌ساتی و داسه‌پاندنی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵايه‌تی بن، ئه‌وا ميلله‌ت هه‌تا دوا قۆناخ له‌ دوايانه‌ و قوربانی مه‌زن پێشكه‌ش به‌ نيشتمان ده‌كات، هه‌روه‌ك به‌ بێ قسور كردويانه‌. ‌ ‌

Tuesday, 8 May 2007

كه‌ركوك و سه‌ركرده‌كانی كورد-به‌شی دوه‌م

ماده‌ی ١٤٠ و هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی كورد: ئايا له‌ ئه‌نجامدا كورد براوه ده‌بێ وه‌يان دۆڕاو؟‌

پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين
ئاوێنه، ژماره‌ ٦٨، ڕۆژی‌ ٨ی مايۆی ٢٠٠٧

به‌شی دووه‌م و كۆتايی: ستراتيژيه‌تی كورد و ئيختياره‌كانی به‌رده‌می سه‌ركرده‌كان

له‌ به‌شی يه‌كه‌می ووتاره‌كه‌مدا، هه‌ڵوێستی دۆست و دوژمنانی كورد و به‌رنامه‌ی بێگانه‌كانم سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك و ماده‌ی ١٤٠ تاوتوێ كرد. لێره‌دا، ڕۆڵی سه‌ركرده‌كانی كورد و ڕێگاچاره‌سه‌ره‌كان تاوتوێ ده‌كه‌م، به‌و ئومێده‌ی كه‌ خه‌ڵكی كورد و سه‌ركرده‌كان به‌ هه‌لوێست و به‌رنامه‌كانيان دا بچنه‌وه‌، و له‌ دواييدا په‌يڕه‌وی پلانێكی مه‌دروس بكه‌ن.

دواخستنی ڕيفه‌راندۆم

دواخستنی ڕيفه‌راندۆمی كه‌ركوك، خۆی له‌ خۆیدا ڕێگا چاره‌سه‌ر نيه‌، چونكه‌ هيچ كێشه‌يه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات، جگه‌ له‌ به‌فيڕۆدانی كات هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ پارسه‌نگی هێزه‌كان ده‌گۆڕێ و كورد فرسه‌تێكی مێژوويی له‌ ده‌ست ده‌چێ. هه‌ركاتێ عه‌ره‌بی عيراق له‌ تيرۆری سووننه‌ و توندڕه‌وی شيعه ڕزگاری ببێ، ئه‌وا ماڵی ته‌رتيب ده‌بێ و متمانه‌ی به‌خۆی زياتر ده‌بێ و له‌ گفتوگۆدا ڕه‌قتر ده‌بێ. ئه‌وكات ئه‌مه‌ريكاش پێويستی به‌ كورد كه‌متر ده‌بێ. خۆ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ساڵی داهاتوودا، سه‌رۆك بوش واده‌ی ته‌واو ده‌بێ و ڕ‌‌ه‌نگه‌ كورد ليێ بقه‌ومێ.‌ سه‌رۆكی داهاتو (كۆماری بێ يان ديموكرات)، هيچ ئيلتيزامێكی ئه‌خلاقی به‌رامبه‌ر كورد نابێ. ده‌توانێ ده‌ست له‌ ته‌واوی عيراق هه‌لبگرێ و بۆ خاتری چاكردنه‌وه‌ی ئابووری ووڵاته‌كه‌ی. بۆيه،‌ نابی به‌ هيچ جۆرێك و به‌ هيچ نرخێك ماده‌ی ١٤٠ بۆ دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ريكی دوابخرێ. ده‌كرێ ئه‌و په‌ڕ‌‌ه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ دوابخرێ، ئه‌وه‌يش بۆ مه‌به‌ستی ئاماده‌باشی ئاساييكردنه‌وه‌ و زامين كردنی ئاشتيخوازێتی پرۆسه‌كه‌، به‌ڵام به‌رامبه‌ر گه‌ڕ‌ه‌نتی نوسراوه‌ و به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ دواخستنی تری به‌دوادانايه‌ت. هه‌ڵپه‌ساردنی درێژ خايه‌نی ڕيفه‌راندۆم مانای له‌بير كردنی پڕۆسه‌كه‌ و له‌ده‌ست چوونی كه‌ركوكه‌. ته‌نيا له‌ يه‌ك حاله‌تدا ده‌كرێ ماده‌ی ١٤٠ له‌بيركرێ، ئه‌ويش كه‌وا كه‌ركوك به‌بێ ئاساييكردنه‌وه‌ و سه‌رژمێری و ڕيفه‌راندۆم بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێم. به‌وه‌، حاله‌تی هيستيريای ده‌نگدان و مه‌ترسی ته‌قينه‌وه‌ نامێنێ، وه‌ مه‌سه‌له‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاورده‌كان ده‌بێته‌ مه‌سه‌له‌يه‌كی لاوه‌كی، به‌ڵكو له‌بيريش ده‌كرێ.

ڕێگاچاره‌ی ده‌ستوری

كورد ئيلتيزامی ته‌نيا بۆ يه‌ك ڕێگه‌چاره‌سه‌ر نيشان داوه‌، ئه‌وه‌يش ڕێگه‌ی ده‌ستووره‌. دياره‌ كه‌ هيچ ڕێگا چاره‌سه‌رێكی واش نيه‌ كه‌ بتوانێ كورد و دوژمنه‌كانی به‌ يه‌كه‌وه‌ ڕازی بكات، بۆيه پێداگرتن له‌سه‌ر ده‌ستوور فه‌رزه‌. هاوكات پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كورد خه‌ريكی بيركاری ناوه‌كی بن و به‌ چڕی له‌گه‌ڵ يه‌كتر ئه‌گه‌ره‌كان تاوتوێ بكه‌ن و ئه‌وجا خيتابيان يه‌ك بخه‌ن. ئه‌گه‌ر ويستيان موساوه‌مه‌ش بكه‌ن، پێويسته‌ به‌يه‌كه‌وه‌ بيكه‌ن و هه‌رخۆشيان به‌رنامه‌ی به‌ديل دابڕێژن.

ڕێگاچاره‌ی ده‌ستوری: له‌‌ ڕێگه‌ی به‌غداوه‌

به‌ هۆی چه‌سپانی ماده‌ی ١٤٠‌ له‌ ده‌ستووری هه‌ميشه‌يی عيراق، چه‌نگی كورد له‌ كه‌ركوك گير بووه‌، و هيچ لايه‌نێك توانای لێستاندنی‌ نه‌ماوه‌، مه‌گه‌ر كورد خۆی چه‌نگی خاو بكاته‌وه‌ و به‌ڕه‌ڵڵای بكات. واته‌، له‌ پاڕانه‌وه‌ و فشار و هه‌ڕه‌شه‌ زياتر، بێگانه‌ و دوژمنه‌كان چێ تريان له‌به‌ر ده‌ست نه‌ماوه‌. بۆيه‌ش، هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی كورد له‌ هی هه‌موو لايه‌ك گرنگتره‌. ئه‌گه‌ر خۆڕاگر و سووڕبن له‌ سه‌ر پياده‌ كردنی ده‌ستوور، ئه‌وا مه‌وقيعی سياسی و ئه‌خلاقی و قانونیان زۆر به‌هێزده‌‌بێ، هه‌تا ئه‌گه‌ر به‌ ناواقيعي له‌قه‌له‌م بدرێن، وه‌يان به‌ جۆشده‌ری ئاگری براكوژی تاوانبار بكرێن. سوڕبوون له‌سه‌رپياده‌كردنی ده‌ستورێكی هه‌ميشه‌يی، كه‌ له‌ ڕيفه‌راندۆمێكی ديموكراسی ئازاد دا عيراقيه‌كان ده‌نگيان بۆ داوه‌، و ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانه‌كانی ئيعتيرافيان پێ كردوه، كه‌مترين داواكاريه‌ كه‌ كورد پێی ڕازی بێ.‌ هه‌رلايه‌نێك داوای ده‌ستێوه‌ردانی پڕۆسه‌ی‌ ده‌ستوری بكات ده‌بێ له‌و چاكتر و زياتری پێ بێ بۆ كورد، ده‌‌نا مه‌وقيعی سياسی و ئه‌خلاقی لاوازی ده‌بێ. بۆيه‌ش سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌توانن داواكاريه‌كانی بيگانه‌ و قه‌يرانی ئێستايان بكه‌نه‌ فرسه‌تێك بۆ ده‌ستكه‌وتی مه‌زنتری ميژوويی.

ڕێگاچاره‌ی ده‌ستوری: به‌بێ چاوه‌ڕێی به‌غدا

ڕاسته‌، ده‌ستور نوسراوه‌يه‌ و پڕۆسه‌كه‌ ئاشكرايه‌‌، به‌ڵام هيچ پڕۆسه‌يه‌ك له‌ سياسه‌تدا ڕاسته‌وخۆ و ئاسان نيه، به‌ تايبه‌تی له‌ گێژاوكی ئيمڕۆی عيراقدا.‌ واته‌، ئه‌گه‌ر كورد هيمه‌ت نه‌كات و هه‌رخۆی كاره‌كان ئه‌نجام نه‌دات، ئه‌وا كه‌س نيه‌ بۆی بكات. له‌وه‌ته‌ی هه‌لبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ ئه‌نجام دراوه‌، كورد بۆته‌ زۆرينه‌ی كه‌ركوك‌ و ئه‌گه‌ر ڕيفه‌راندۆم بكرێ (پێش يان پاش ئاساييكردنه‌وه‌) ده‌يباته‌وه‌. له‌ دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌دام، چه‌ندين له‌ كورده‌ كه‌ركوكيه‌ چه‌كداره‌كان، به‌بێ چاوه‌ڕێی بيروكراسيه‌تی ده‌وڵه‌ت، چونه‌ سه‌ر ڕۆحی داگيركه‌رانی ماڵه‌كانيان و به‌ بێ قڕه‌قڕ مولكه‌كانيان لێ سه‌ندنه‌وه‌. ‌‌‌كوردی كه‌ركوك، به‌ پاڵپشتی پارتی و يه‌كێتی، له‌ زووه‌وه‌ بونه‌ باڵا ده‌ستی شاره‌كه‌. دياره‌ كه‌ ئه‌وه‌ بايی ئه‌وه‌نده‌ ژيانی عه‌ره‌بی هاورده‌ی تاڵ كردوه‌ كه‌ زياتر له‌ سه‌د هه‌زار له‌وانه‌ شاره‌كه‌يان به‌جێ هێشتوه، بێجگه‌ له‌وانه‌ی ڕوویان له‌ هه‌نده‌ران كردوه‌. هاوكات، به‌ هاندانی سياسی و دارايی حيزبه‌كان، ٢٥٠ هه‌تا ۳٥٠ هه‌زار كوردی كه‌ركوك گه‌ڕانه‌وه‌ ناو شاره‌كه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٠٥. ئه‌وانه‌و حه‌فتا هه‌زار كه‌سی به‌ ڕه‌گه‌ز كه‌ركوكی دانيشوی شاره‌كانی تری كوردستان، مافی ده‌نگدانيان بۆ شاره‌وانی كه‌ركوك پێدرا. ئيتر ڕێژه‌ی كورد له‌‌ دوا هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك گه‌يشته‌ ٥۹ له‌ سه‌د، و شوناسنامه‌ی كوردێتی كه‌ركوك مسۆگه‌ر بوه‌‌وه‌.

بۆيه‌ كورد ده‌توانێ به‌بێ ئاساييكردنه‌وه‌ داوای ڕيفه‌ڕاندۆم بكات. هاوكات كارئاسانی بكات بۆ ئه‌و ده‌ هه‌زار خێزانه‌ (حه‌فتا هه‌تا هه‌شتا هه‌زار كه‌سه‌)ی كه‌وا‌ ئاماده‌يی گه‌ڕانه‌وه‌يان نيشانداوه‌. ئه‌وانه‌، به‌ گوێره‌ی ياسای عيراق، بڕی پازد‌‌ه‌ هه‌زار دۆلارو پارچه‌ زه‌ويه‌كیان پێده‌به‌خشرێ. ڕاسته‌ ده‌بێ ئه‌و پاره‌يه‌ له‌ بودجه‌ی مه‌ركه‌ز بێته‌ ده‌ر، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌ريم ده‌توانی له‌ ئه‌ستۆی بگرێ و له‌ دواڕۆژ له‌ به‌غدای بستێنێته‌وه‌. هاوكات پێويسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم زه‌وی خانوبه‌ره‌يه‌كی زۆر له‌ ناو كه‌ركوكدا بكڕن، و به‌ كرێ يان به‌ قه‌ردی عه‌قاری بيده‌نه‌ كورد و توركومانه‌ ڕاگوێزراوه‌كان. به‌وه‌ ده‌توانن له‌مه‌ودايه‌كی نزيكدا پارسه‌نگی هاوكيشه‌كان سه‌راوبن كه‌ن و مه‌ترسی ته‌قينه‌وه‌ش كه‌م بكه‌نه‌وه‌. ئه‌و كاره‌ له‌ پڕاكتيكدا ئاسان نيه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئيراده‌ هه‌بێ، ئه‌نجام دانی ئاسانه‌.

هه‌ڕه‌شه‌ی كورد

پێويسته‌ ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش چاوترسای ئه‌وه‌ بكرێ كه ئه‌گه‌ر ده‌ستور پياده‌ نه‌كرێ ئه‌وا كورد ئيلتيزامی به‌ ده‌ستووره‌وه‌ نامێنێ، واته‌ هه‌موو ڕێكه‌وتننامه‌يه‌كی له‌گه‌ل باقی عيراق هه‌‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش ته‌واوی پلانه‌كانی ئه‌مه‌ريكا و شيعه‌ی عيراق ئاوه‌ژوو ده‌كاته‌وه‌. بۆشاييه‌كی ده‌سه‌ڵات دروست ده‌كات، كه‌ به‌هۆيه‌وه‌ كورد ده‌توانێ ده‌ست به‌سه‌ر كه‌ركوك داگرێ و په‌يوه‌ندی ئيداريشی له‌گه‌ڵ به‌غدا ببڕێ. له‌ ڕۆژگاری ئيمڕۆدا ئه‌وكاره‌ ‌به‌ ناحه‌كيمانه‌ له‌ قه‌له‌م ده‌درێ، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی شله‌ژانی بار و بگره‌ ته‌قينه‌وه‌يه‌كی بێ كۆتايی. به‌وه‌ كورديش و نه‌ته‌وه‌كانی تريش له‌ كه‌ركوك و ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن. به‌ڵام حه‌كيمانه‌ بێ يان نا، ئه‌گه‌ر كورد دڵنيا بوو كه‌وا ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی خيانه‌ت له‌ وه‌عده‌كان ده‌كات و له‌ كه‌ركوكيان بێ به‌ش ده‌كات، ئه‌وا كورديش ده‌بێ بكه‌وێته‌ شه‌ڕه‌ هه‌ڵوێستی سياسی چاره‌نوس ساز له‌گه‌ڵ خودی ئه‌‌مه‌ريكا (به‌بێ به‌ره‌نگاريی عه‌سكه‌ری). له‌ ئاستی عيراقدا كورد ده‌بێ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا هه‌ماهه‌نگ بێ، به‌ڵام له‌ كه‌ركوكدا به‌ پێچه‌وانه‌ی بێ. ده‌بێ ئيداره‌ی سه‌رۆك بوش و كۆماريه‌كان بزانن كه‌وا كورد ئاماده‌يه‌ ئه‌ركیان ‌ئاڵۆزتر بكات و كه‌ركوك بكاته‌ سووته‌مه‌نيه‌كی ئيعلامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ريكی. ده‌بێ كورديش بيسه‌لمێنێ خه‌ريكی بلۆف كردن نيه‌، به‌ڵكو له‌ سه‌ر قه‌زيه‌يه‌كی چاره‌نوس سازدا، ئاماده‌ی كاری له‌و جۆره‌يه‌.

بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ريكی له‌ بڕی كه‌ركوك

ئه‌مه‌ريكيه‌كان به‌ نهێنی پێشنيازیان كردوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كورد ده‌ست له‌ كه‌ركوك هه‌ڵبگرێ، ئه‌وا له‌ پاداشتدا بنكه‌يه‌كی سه‌ربازی ئه‌مه‌ريكی له‌ كوردستان داده‌نێن. دياره‌ كه ئه‌وان سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ خاوپێچراوه‌ و (ساذج) داده‌نێن، وه‌ دياره‌ ئه‌و جۆره‌ سه‌ركردانه‌ی كورديش كه‌ به‌وه‌ هه‌ڵده‌خه‌له‌تێن، خاو پێيچراوه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ريكا بيه‌وێ يان نه‌يه‌وێ ئاسايشی كوردستان بپارێزی، ئه‌وا به‌ بوون و نه‌بوونی ئه‌و جۆره‌‌ بنكه‌ سه‌ربازيه‌ له‌ناو خاكی كوردستاندا هه‌ڵوێستی ناگۆڕێ. ئه‌مه‌ريكا هه‌رخۆی ده‌مێكه‌ ده‌يه‌وێ ئه‌و جۆره‌ بنكه‌يه‌ له‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ بۆ خاتری پاراستنی به‌رژه‌وه‌نديه‌كانی دابنێ. به‌ڵام دياره‌ ئێستا ده‌يه‌وێ ئه‌وه‌ به‌ نرخێكی به‌رز به‌ كورد و دراوسێكانی بفرۆشێ، وه‌ك بڵێی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتيه‌. بێ گومان، ئه‌و جۆره‌ بنكه‌ سه‌ربازيه‌ سوودی بێ پايانی بۆ كورد ده‌بێ و ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی دراوسێكان بيپارێزێ. هه‌تا ئه‌گه‌ر‌ له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا (بۆ نموونه‌ له‌ كاتی لێدانی ئێراندا) زه‌ره‌ری هه‌بێ، له‌ مه‌ودای درێژدا، سوودی زياتره‌. بۆيه‌ پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كورد ڕێخۆشكه‌ر بن بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و جۆره‌ بنكه‌يه‌، نه‌ك ته‌نيا له‌ قه‌ره‌داغ، به‌لكو له‌ ده‌وروبه‌ری خودی شاری كه‌ركوكيشدا (به‌ مه‌رجێك كه‌ركوك به‌شێك بێ له‌ كوردستان). له‌و حاله‌ته‌دا، كورد و ئه‌مه‌ريكا هه‌ردوكيان براوه‌ ده‌بن.

پارتی و يه‌كێتی و گه‌مه‌ی چاره‌نوس

يه‌كێتی و پارتی و ته‌واوی حيزبه‌ كوردستانيه‌كان خه‌مهه‌ڵگری كه‌ركوك بوونه‌وه‌ ئه‌وه‌ی بۆيان ڕه‌خسا بێ كردويانه‌. به‌ڵام ناشكرێ گله‌يی فه‌شه‌ل هه‌ر له‌ دوژمن بكرێ، چونكه‌ به‌شێكی مه‌زنی ئاڵۆزبوونی كێشه‌كان له‌ ئه‌ستۆی سه‌ركرده‌كانی كورد و حيزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌. ده‌بوايه‌ دوژمنی هاوبه‌ش، يه‌كێتی و پارتی له‌ يه‌كتر نزيك كردباوه، ئه‌جيندای سياسی و ئاسايشيی يه‌ك خستبان، تاوه‌كو له‌ ده‌سپێشخه‌ری و پێشه‌وايه‌تيدا كاريگه‌رتر بوانايه‌. به‌ڵام دياره‌ كه‌ گرفتی ئه‌و دوو حيزبه‌ زۆر مه‌زنتره‌ له‌وه‌ی كه‌وا دانی پێدا ده‌نێن.

كه‌مته‌رخه‌می:

سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك، پارتی و يه‌كێتی پلانی ستراتيژی هاوبه‌شيان له‌ به‌غدا هه‌بوه‌، به‌ڵام له‌ ناو شاره‌كه‌دا، كار و هه‌ڵوێستی هاوبه‌شيان به‌ ده‌گمه‌ن به‌ دي ده‌كرا. هه‌ردوو لايان زياتر خه‌ريكی به‌رز كردنه‌وه‌ی شيعارات و هه‌ڵوێستی نامه‌‌دروس بوونه‌‌. به‌رامبه‌ركێ و ململانێكه‌يان كاری تێكده‌ری له‌ سه‌ر هه‌موو ئاستێكی سياسی و ئيداری و كۆمه‌ڵايه‌تی و ئاسايش و په‌روه‌رده‌ و لۆبی و گفتوگۆكانياندا هه‌بووه. بۆيه‌ سوودێكی ئه‌وتۆيان له‌ په‌رش و بڵاوی عه‌ره‌ب و توركومان نه‌كردوه‌. له‌ ديوه‌خاندا، كه‌ به‌ يه‌كه‌وه‌ن به هه‌ماهه‌نگی ده‌دوێن. به‌ڵام له‌ ديداری ته‌ن به‌ ته‌ندا له‌گه‌ڵ بێگانه‌ و دوژمنه‌كاندا خيتابيان جياوازه‌ و دژ به‌يه‌كتره‌. كاری ناقانونی به‌رچاو‌يان ئه‌نجام داوه‌ كه‌ بونه‌ته‌ مايه‌ی ئيحراج و ئيحبات و خه‌يبه‌تی خه‌ڵكی كورد و غه‌يره‌كوردی كه‌ركوك. له‌وانه،‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ئيداره به‌ بێ هه‌ماهه‌نگی و پرس و ڕای ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، وه‌يان دابه‌شكردنی زه‌وی و خانوبه‌ری ته‌جاوز به‌ شێوه‌يه‌كی به‌ڕه‌للايی و به‌ بێ پلاندان به‌سه‌ر خه‌ڵكانی سه‌ر به‌ دوو حيزبه‌كه. ئيترجێگه‌ی سه‌رسوڕمان نيه‌ كه‌ به‌لای بێگانه‌كانه‌وه‌، كورد تاوانباره‌ به‌وه‌ی كه‌ نيازی پاك نيه و سه‌ركرده‌كانی ئه‌هلی متمانه‌ و بڕوا نينه‌‌، و خه‌ريكی پياده‌كردنی ئه‌جيندای تێكده‌رن، چونكه‌ قه‌زيه‌كه‌يان بۆ كه‌ركوك نيه‌ به‌ڵكو بۆ كه‌ركوكيان بۆ ده‌ستكه‌وتی پاره‌ و نه‌وته‌.

هه‌ڵه‌ی‌ مێژو‌ويی: ‌

سه‌ركرده‌كانی پارتی و يه‌كێتی هه‌لی مێژوويان كرده‌ قوربانی ململانێی نێوانيان. له‌‌ ساڵی ٢٠٠۳، ده‌يانتوانی‌ جێگه‌ به‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ له‌ق بكه‌ن و زۆربه‌ی مه‌سه‌له‌كان يه‌كلايی بكه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ريكيه‌كان له‌ ڕووكه‌شدا ڕێگر بوون به‌ڵام له‌ ژێره‌وه‌ چاوه‌ڕێيان ده‌كرد و پێيان ئاسايی بوو. خۆ به‌ر له‌شه‌ر، زۆربه‌ی‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان خۆيان بۆ هه‌ڵاتن ئاماده‌كردبوو. به‌ڵام له‌ دوای شه‌ڕ، توانيان يه‌كێتی و پارتی له‌ دژی يه‌كتری به‌كار بهێنن و پسوله‌ی مانه‌وه‌يان لێوه‌گرن. هه‌ڵه‌يه‌كی مه‌زنی تری سه‌ركرده‌كان ئه‌وه‌ بوو كه‌وا خۆيان به‌ جه‌دوه‌لێكی زه‌مه‌نی ناواقيعی وا به‌سته‌وه‌ كه‌ قابيلی پياده‌كردن نيه‌. ئه‌وجا، له‌ ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥دا، له‌ دوای چه‌سپانی ماده‌ی ٥٨ ی ياسای كاتی و ماده‌ی١٤٠ ی‌ ده‌ستوور، پڕۆسه‌كه‌يان به‌ كراوه‌يی به‌ ته‌مای سه‌ره‌كوه‌زيرانی به‌غدا به‌ جێ هێشت. كه‌ بۆشيان ده‌ركه‌وت كه‌ به‌غدا كه‌مته‌رخه‌می لێده‌كات، ده‌بوايه‌ به‌بێ چاوه‌ڕێی ماده‌كه‌يان جێبه‌جێ كردبا و مه‌سره‌فه‌كه‌شيان (به‌ قه‌ردی دواڕۆژ) بكردبا. ئێستاش ئه‌وه‌ مانگی ئادار تێپه‌ڕی و ئاساييكردنه‌وه‌ ڕووی نه‌دا، مانگی حه‌وت وا تێده‌په‌ڕی و سه‌رژمێری ناكرێ، ساڵی ٢٠٠٧يش تێده‌په‌ڕێ و ڕيفه‌راندۆم ئه‌نجام نادرێ. ئه‌وه‌ش به‌ فه‌شه‌لی سه‌ركرده‌كانی كورد‌ ده‌ژمێردرێ به‌ر له‌ بێگانه‌كان.

فه‌شه‌ل:

به‌ گشتی، يه‌كێتی و پارتی فه‌شه‌لیان هێناوه‌ له‌ دڵنيا كردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ غه‌يره‌ كورده‌كانی ناو كه‌ركوك، و دڵيان خۆشه‌ به‌ وه‌لائی ژماره‌يه‌كی بچوكی توركمان و عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌ن، كه‌ به‌ سروشت يان به‌رژه‌وه‌ندی به‌ حوكمڕانێتی كوردی ڕازينه‌. ده‌بوايه‌ حيزبه‌ كورديه‌كان سوودێكی بێ پايانيان له‌ بێ سه‌روبه‌ريی و پارچه‌ پارچه‌يی عه‌ره‌ب و توركومانه‌كانی كه‌ركوك وه‌ربگرتبايه‌. له‌ لايه‌كه‌وه‌، ده‌بوايه‌ ململانێی سياسی ناوه‌كی ئه‌و لايه‌نانه‌يان هان بدايه‌ و مه‌شغولی خۆخۆريان بكردبانايه‌، هاوكاتيش به‌رنامه‌يه‌كی تۆكمه‌يان بۆ پێشڕه‌وێتی هاوڵاتی عه‌ره‌ب و توركومانيان پياده‌ كردبايه‌. ده‌كرا به‌ شێوه‌يه‌كی ديفاكتۆ، وه‌ك ئه‌خته‌بووتێك، ده‌سه‌ڵاتيان به‌سه‌ر كه‌ركوكدا ئه‌وه‌نده‌ زاڵ بايه‌ كه‌ بێگانه‌كان هيچ چاره‌يه‌كيان نه‌بوايه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ مه‌جبووری قه‌بوليان كردبايه‌. ده‌بوايه‌ تيمێكی پسپۆڕی و سياسی ‌هه‌مه‌ لايه‌ن و پڕ ته‌نيسقيان پێك بهێنايه‌، بۆ هه‌ڵمه‌تی ڕۆشنبيری و لۆبی سياسی و چاكسازی ئيداری له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك، بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه‌ كورد شايانی وه‌رگرتنه‌وه‌ی كه‌ركوكه‌. زۆر قسه و هه‌ڵوێستی سه‌رزاره‌كی له‌و جۆره‌ كراوه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی پراكتيكدا زۆر كه‌می ئه‌نجام دراوه‌.

هه‌لوێستی‌ نهێنی و كاری ئاشكرا:

به‌لای بێگانه‌كان، خوێندنه‌وه‌ی وه‌ره‌قه‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد ئاسان بووه، هه‌ڵوێستی ڕووكه‌ش و جه‌وهه‌ريان پێچه‌وانه‌ی يه‌كتره‌، وه‌ له‌ خۆيان دڵنيا نين و بۆيه‌ ئيراده‌یان قابيلی لاواز كردنه‌. دياره‌ كه‌ هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌ كورده‌كان له‌ ديوه‌خانه‌كانياندا دانيان به‌ ناواقيعيه‌تی قۆناغه‌كانی ١٤٠دا ناوه‌، و‌ ڕازينه‌ كه‌ كه‌ركوك بكرێته‌ فيدراڵیه‌تێك له‌ ‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم. له‌به‌ر هه‌رهۆيه‌ك بێ تا ئێستا ئه‌و بابه‌تانه به‌ ئاشكرا تاوتوێ نه‌كراون، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ دان پێدانانه‌‌‌ نهێنيانه‌ ده‌ستی بێگانه‌كانی هه‌تا ڕاده‌ی دڵنيايی به‌هێز كردوه‌. ته‌نانه‌ت داوايان له‌ سه‌ركرده كورده‌كان كردوه‌ كه‌ ده‌ست به‌ كه‌مپه‌ينی ئيعلامی بكه‌ن بۆ ئاماده‌ كردنی خه‌ڵك و ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری حيزبه‌كانيان بۆ مه‌به‌ستی‌ هه‌ڵپه‌ساردنی پڕۆسه‌كه‌. له‌و ده‌قيقه‌ی كه‌ كورد ڕازی ده‌بێ بۆ لێدوان، ئه‌وه‌ مانای نه‌رم بوون و ڕازی بوونه‌ به‌ دواخستن وه‌يان پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ ڕيفه‌راندۆم. له‌و ساته‌دا كورد وه‌ڕه‌قه‌يه‌كی گرنگی گفتوگۆی له‌ده‌ست ده‌چێ. بۆيه‌ پێويسته‌ كه‌وا سه‌ركرده‌ی كورد له‌سه‌ر هيچ مێزێك دانه‌نيشێ و مه‌جالی هيچ جۆره‌ لێدوان گفتوگۆيه‌ك نه‌دات به‌رله‌وه‌ی كه‌ دۆسيه‌ی به‌ديلێكی پڕمانا و بايه‌خداری پڕ گه‌ره‌نتی ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌ست. ئه‌وجا به‌ ساردوسوڕيه‌وه‌ به‌ تيكی چاو سه‌يری بكات. گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌يه‌ كه‌ هه‌موسه‌ركرده‌كان ئيلتيزام به‌ يه‌ك مه‌وقيف بكه‌ن، و به‌ هه‌ماهه‌‌نگی له‌ به‌رامبه‌ر ته‌وژمی لۆبی و فشاره‌‌ ده‌ره‌كيه‌كان بوه‌ستن، و پێ له‌سه‌ر ئه‌لته‌رناتيڤی پڕ له‌ گه‌ره‌نتی داگرن.

بێ حيكمه‌تيی دوو هه‌ڵوێستيه‌تی:

ئيمڕۆ له‌ هه‌موو ڕۆژێكی تر زياتر، پارتی و يه‌كێتی پێويستيان به‌ يه‌كخيتابيه‌. لاوازی كورد له‌ ته‌سريحه‌ پێچه‌وانه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك كۆمار به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ. سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ بێ منه‌تی گوشار بۆ هه‌ڵوێستی توركيا ده‌بات. سه‌رۆك كۆماريش هه‌وڵی نه‌رم كردنه‌وه ده‌دات، و داخ ده‌رده‌بڕێ، وه‌ك بڵێی داوای لێبوردن له‌ توركيا ده‌كات.‌ سه‌رۆك بوش و ئيداره‌كه‌ی ناره‌حه‌تن‌ به‌ ته‌سريحه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم. بۆيه‌ (له‌ ڕێگه‌ی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ واشينگتن) داوايان لێ كردوه‌ كه‌وا له‌ كرژیه‌كان كه‌م كاته‌وه‌ و چيتر قسه‌ له‌ دژی توركيا نه‌كات. بێ گومان، ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی ئه‌و داوايه‌ بۆ خاتری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی كوردی ناكات، به‌ڵكو له‌ به‌رژه‌وه‌ندی توركی و ئه‌مه‌ريكی و عيراقيه‌. دياره‌ كه‌ تاله‌بانیش له‌ هه‌ڵوێستیدا هه‌ماهه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكيه‌كان و بۆيه‌ هه‌وڵی دڵدانه‌وه‌ی توركه‌كانی داوه‌. ئيتر گرنگ نيه‌ كه‌ ئايا هه‌ڵوێستی كاميان له‌وی تريان حه‌كيمانه‌تره‌، به‌ڵام دووهه‌ڵوێستيه‌تی سه‌ركرده‌كانی كورد، هيچ حيكمه‌تێكی تێدا نيه‌.

شايانی باسه‌ كه‌وا ئيمڕۆ توركيا له‌ به‌رامبه‌ر كوردی باشووردا له‌و په‌ڕی لاوازيدايه‌، و توانای ده‌ستدرێژی كردنی به‌سه‌ردا نه‌ماوه‌‌. هه‌رێم به‌شێكه‌ له‌ عيراق، و مه‌سئوليه‌تی پاراستنی سنوور و ئاسايشی عيراق له‌ ئه‌ستۆی هێزی داگير كه‌ری ئه‌مه‌ريكيدايه‌. واته‌ هه‌ر ده‌ست درێژيه‌ك بۆ سه‌ر عيراق ده‌ستدرێژيه‌ بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ريكا. ئه‌رته‌شی توركيش ئه‌وه‌ باش ده‌زانێ، بۆيه‌ش له‌ قه‌يراندايه (بێجگه‌ له‌ قه‌يرانی ناوه‌كی) و مه‌سه‌له‌ی په‌كه‌كه ده‌كاته‌ به‌هانه‌ و تێكه‌ڵ به‌ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكی ده‌كات. خۆ ئه‌گه‌ر توركيا سه‌رباز بنێرێته‌ ناو هه‌رێمی كوردستان، به‌مانا ووڵاتێكی دراوسێی خاوه‌ن سياده‌ی داگير كردوه‌، به‌وه‌ چانسی هاتنه‌ ناو كۆمه‌ڵگای ئه‌وروپی هه‌تا هه‌تايه‌ له‌ ده‌ست ده‌دات. بۆيه‌ش سياسه‌تمه‌داره‌ سيڤيله‌كانی توركی ڕێگه‌ به‌و كاره‌ ناده‌ن، وه‌ له‌ دژی هه‌ڵوێستی ئه‌رته‌ش وه‌ستاون. دياره‌ كه‌ مه‌وقيعی سياسی توركی زۆر له‌ هی كوردی ئاڵۆزتر و خراپتره. وه‌ هه‌ڕ‌ه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ی ئه‌رته‌شه‌كه‌شی هه‌ر‌ موزايه‌ده‌یه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قه‌يران و ململانێی ناوه‌كيه‌‌.

قورسايی كورد

له‌ سه‌ر شانۆی ڕووداوه‌كاندا، كورد قورساييه‌كی مه‌زنی هه‌يه‌. له‌ شاری كه‌ركوكدا زۆرينه‌ و ده‌سه‌ڵاتدار و مونه‌زه‌م و شه‌ركه‌ره‌، و توانای دروست كردن و تێكدان و ده‌ستوه‌شانی هه‌يه‌. له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی به‌غداش دوه‌م قورسايی هه‌يه‌، و بوه‌ته‌ فاكته‌ری يه‌كخستنن، و زامين كردنی به‌رده‌وامێتی حكومه‌تی ماليكی. يه‌كێتی و پارتی ڕۆڵی ناوبژيكه‌ر و مه‌ليك دروستكه‌ریان ديوه، و به‌يه‌كه‌وه‌ له‌ تواناياندايه‌ كه‌ حكومه‌تی به‌غدا له‌ ڕێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌ بڕوخێنن. ئه‌وه‌يش مه‌زنترين گورزی تێكده‌ره‌ بۆ ئه‌و ئيئتيلافه‌ شيعيه‌ی كه‌ ئيمڕۆ له‌ په‌له‌ڕوحه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌دايه. وه‌ گورزێكه‌ له‌ پلانی تازه‌ و ئه‌وله‌وياتی سياسی ئه‌مه‌ريكی له‌ عيراقدا، چونكه‌ به‌ ڕوخانی حكومه‌تی ماليكی هيچ لايه‌نێكی تری پڕۆئه‌مه‌ريكی نيه‌ ئه‌و بۆشاييه‌ پڕبكاته‌وه‌، له‌ غه‌يری ئه‌مه‌ريكيه‌كان خۆيان له‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی حوكمێكی عورفی عه‌سكه‌ری، كه‌ ئه‌وه‌يش له‌ دژی ويستی ئيئتيلافی شيعه‌دا‌يه‌.

خۆ له‌ كاتی كشانه‌وه‌ی كورد له‌ حكومه‌تی به‌غدا، ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ ئۆپۆزيسيۆن له‌ دژی مه‌ركه‌زێكی لاواز. هاوكات هه‌رێم وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ڕه‌فتار ده‌كات، وه‌ ده‌سه‌ڵاتيشی به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی كه‌ركوكدا زياتر ده‌بێ. ته‌نانه‌ت به‌بێ ئه‌وه‌ی ئيعلانی شه‌ڕ بكات، كورد ده‌توانێ به‌بێ منه‌تی ته‌واوی كه‌ركوك داگير بكات و هاورده‌كان بخاته‌ به‌ر فشار، و ڕێگه‌ش له‌ تيرۆری سوننه‌ی عه‌ره‌ب و ده‌ستێوه‌ردانی توركی بگرێ. شايانی باسه‌ كه‌ ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی داهاتوودا فرسه‌تێكه‌ بۆ كورد كه‌ پێدا بگرێ و فشار بخاته‌ سه‌ر ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی، چونكه‌ له‌ توانای ئه‌مه‌ريكادا نيه‌ به‌هه‌ڵستی بكات وه‌يان كورد له‌ خۆی بكاته‌ دوژمن. هێشتا ئه‌مه‌ريكا سه‌رقاڵی سه‌قامگيركردنی ئاسايش و ڕزگاركردنی عيراقه‌ له‌ چه‌نگی ئێران. بۆيه‌ له‌ به‌رامبه‌ر كورد دا له‌ هه‌ره‌شه‌و پاڕانه‌وه زياتری له‌به‌ر ده‌ستيدا نيه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد ئيمساڵ نه‌رمی بنوێنێ و چاوه‌ڕێی قه‌ده‌ر بێ، ئه‌وا كات به‌ سه‌رده‌چێ و ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی هه‌لوێستی ده‌گۆڕێ، و شه‌مه‌نده‌فه‌ری كه‌ركوك جارێكی تريش تێده‌په‌ڕێ، و كورد ديسانه‌وه لێی ده‌قه‌ومێ.

ئاماده‌باشی بۆ ڕۆژی ڕه‌ش

پێويسته‌ پارتی و يه‌كێتی تيمێكی سياسی په‌رله‌مانی و حكومی و پسپۆڕی لۆبی، به‌ بودجه‌يه‌كی تێر و ته‌سه‌له‌وه‌، پێك بهێنن و بكه‌ونه‌ هه‌ڵمه‌تێكی لۆبی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی، له‌ واشينگتنه‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا و ووڵاتانی دراوسێ و به‌غدا و هه‌تا ده‌گاته‌ كوردستان و خودی كه‌ركوك و ناو گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه‌.

له‌ كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری

پێويسته‌ پێشمه‌رگه‌ و ئاسايشی كوردستان، به‌ چه‌كداری ئيحتياته‌وه‌، خه‌ريكی ڕاهينان و پلان دانان و ئاماده‌باشی بن بۆ ڕۆژی هه‌ڵمه‌ت، وه‌ به شێوه‌يه‌كی به‌رنامه‌كاری دابه‌ش بكرێن به‌ سه‌ر ناوچه‌ هه‌ستياره‌كانی ناوه‌وه‌ و ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك و شوێنه‌كانی تر. ڕه‌نگه‌ كار قه‌ت نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ بقه‌ومێ، به‌لام له‌وانه‌يه‌‌ ئاماده‌باشيی كورد به‌س بێ بۆ ڕه‌تاندنی مه‌ترسيه‌ ناوه‌كی و ده‌ره‌كيه‌كان، و نه‌رم كردنی هه‌لوێستی ئه‌مه‌ريكی و توركی. سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به‌ قه‌رز له‌ دوژمن بترسن. ئيمڕۆ نه‌ ئه‌مه‌ريكا و نه‌ عه‌ره‌بی عيراق و نه‌ توركيا و نه‌ ئێران توانای ده‌ستوه‌شاندنیان له‌ كورد هه‌يه‌. هه‌ريه‌كه‌يان به‌ شێوه‌يه‌ك له‌ قه‌فه‌س و قه‌يرانێكدا گيری خواردوه‌. هاوكات، پێويسته‌ تيمی كوردی به‌رنامه‌يه‌ك بۆ دابين كردنی مافی مرۆڤ و گه‌شه‌ پێدانی كوڵتوری و ڕۆشنبيری كورد و عه‌ره‌ب و توركومان و كريستيانه‌كان دابنێن. به‌رنامه‌يه‌كيش دابنێن بۆ چاكسازی ئيداری، به‌شدارێتی ده‌سه‌ڵاتی، دروست كردنه‌وه‌ و گه‌شه‌ پێدانی ژيرخان و سه‌رخانی شاره‌كه‌.

له‌ هه‌ولێر

مه‌زنترين ئاماده‌باشی بۆ شه‌ڕی چاره‌نوس ساز، مه‌سه‌له‌ی حوكمڕانی كورديه‌. دامه‌زرانی حكومه‌تێكی موئه‌سسه‌ساتی تۆكمه‌ی يه‌كگرتوو، باشترين به‌رگريه‌ له‌ دواڕۆژی كورد. هه‌تا ناوماڵی كورد زياتر ته‌رتيب بێ، متمانه‌ی نێوان خه‌ڵك و سه‌ركرده‌كان، به‌ خۆيان و قه‌زيه‌كه‌يان و توانای به‌رگری له‌خۆ كردنيان، مه‌زنتر ده‌بێ. پێويسته‌ پڕۆسه‌ی يه‌كگرتنه‌وه‌ی ئيداره‌ی سلێمانی و هه‌ولێر خێراتر و پته‌وتر بكرێت. پێويسته‌ هه‌ردوو حيزبی ده‌سه‌ڵاتدار ته‌ركيز بكه‌نه‌ سه‌ر پته‌و كردن و به‌هێز كردنی حكومه‌تی هه‌رێم. پێويسته‌ كه‌ڵتوری كاری موئه‌سسه‌ساتی بهێننه‌ كايه‌وه‌ و ئه‌وله‌ويه‌ت بده‌نه پڕۆسه‌ی چاكسازی و دابين كردنی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵايه‌تی.

له‌ به‌غدا

ئيمڕۆ حكومه‌تی ماليكی له‌و په‌ڕی لاوازی و موعه‌ڕه‌زيدايه‌، و به‌بێی كورد ڕوخانی مسۆگه‌ره‌. به‌ڵام سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌يش، كورد حكومه‌تی به‌غدای به‌ قه‌د پێويست نه‌دۆشيوه‌. له‌ ڕاستيدا، قوماری كورد بۆ پياده‌كردنی ماده‌ی ١٤٠ ته‌نيا له‌ سه‌ر خودی تاكه‌كه‌سی ماليكيه (له‌ دژی ويستی حيزبه‌كه‌ی و ئيئتيلافه‌كه‌ی)‌، و ئه‌گه‌ر ئه‌ويان له‌و ڕۆژگاره‌ ته‌رزه‌دا مه‌جبور نه‌كرێ، ئه‌وا هيچ ئومێدێك نيه‌ كه‌وا حكومه‌تێكی تر ئاماده‌ی هاوكاری بێ له‌سه‌ر كه‌ركوك.

له‌ واشينگتن

له‌وه‌ ده‌چێ كه‌وا ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكا ملكه‌چی فشاری توركی و پڕۆتوركی و پڕۆعه‌ره‌ب بێ، وه‌ نه‌يه‌وێ پلانی ستراتيژی به‌غدا و سياسه‌تی ناوه‌كی ئه‌مه‌ريكی لێ تێك بچێ. ئه‌و بيركردنه‌وه‌ی ئيداره‌ مه‌سه‌له‌يه‌كی چه‌سپاو نيه‌و قابيلی كار تێكردنه. پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كورد ته‌ركيز بكه‌نه‌ سه‌ر سه‌رۆك بوش و كاربكه‌نه‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی شه‌خسی ئه‌و. پێويسته‌ قه‌يرانی ئه‌مه‌ريكی به‌ فرسه‌ت بزانن و‌ به‌ نرخێكی هه‌رزان له‌ ده‌ستی نه‌ده‌ن. بێجگه‌ له‌ لۆبی كردن له‌ واشينگتن، پێويسته‌ بۆ ئه‌مه‌ريكيه‌كانی ده‌ربخه‌ن كه‌وا هه‌ڵوێستی دژبه‌ ده‌ستور وه‌يان دواخستنی ڕيفه‌راندۆم يه‌كسه‌ر داگير كردنی كه‌ركوكی به‌دوا دادێ. شه‌رت نيه‌ كورد ئه‌و جۆره‌ پلانه‌ پياده‌ بكات، به‌لام ده‌بێ بديترێ كه‌وا ئاماده‌ی پياده‌ كردنيه‌تی. به‌ گوێره‌ی مه‌نيتق، پاراستنی ئارامی له‌ كوردستان و زامين كردنی دۆستايه‌تی كورد له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ستراتيژی ئه‌مه‌ريكی دايه،‌ و داهاتوی عيراق و ئێران و سوريا فه‌رزی ده‌كات كه‌وا له‌مه‌ودوا ئه‌مه‌ريكا گرنگی به‌ پێشكه‌وتنی كوردستان بدات. خۆ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی درێژخايه‌نی ئه‌مه‌ريكی دايه‌ كه‌ كوردستان ببێته‌ ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام بيركردنه‌‌وه‌ی ئه‌مه‌ريكی به‌و شێوه‌يه‌ نيه‌، و لايه‌نی كوردیش ته‌نيا فاكته‌ر نيه‌ له‌ هاوكێشه‌كان. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌مه‌ريكا له‌ ژێر فشارێكی بێ پايانه‌ كه‌ ملی ئه‌و ڕێگه‌يه‌ نه‌گرێته‌ به‌ر. ڵێره‌دا، ئه‌ركی سه‌ر شانی سياسه‌تمه‌داری كورده‌ كه‌ ئه‌مه‌ريكا بخاته‌ ژێر فشاری گه‌وره‌تر بۆ پشتگيركردن له‌ ئه‌جيندای كوردی.

دواپه‌يام

بۆ يه‌كه‌مجار له‌ مێژوو، چه‌نگی كورد له‌ كه‌ركوك گير بوه‌، و بێگانه‌كانيش له‌وه‌و له‌ بێچاره‌يی خۆيان تۆقيون. ئه‌گه‌ر يه‌كێتی و پارتی ماڵيان ته‌رتيب بكه‌ن و خيتابيان يه‌كخه‌ن و به‌رنامه‌يه‌كی زيره‌كانه‌ی تۆكمه بۆ كه‌ركوك و سه‌ربه‌خۆيی كوردستان دابنێن، ئه‌وا له‌ ئانيده‌يه‌كی نزيكدا كه‌ركوك مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن و ڕه‌نگه‌ له‌ ئاينده‌يه‌كی مام ناوه‌نديدا سه‌ربه‌خۆيی كوردستانيش مسۆگه‌ر بكه‌ن. سه‌ركرده‌ی كورد، له‌ مێژوویدا، هه‌ر به‌ قه‌رز له‌ دوژمن ترساوه‌ و سيقه‌ی به‌ خۆی و بزوتنه‌وه‌كه‌ی نه‌بوه‌. هه‌لوێسته‌كانی ئه‌و دواييه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بازی به‌ ئاستی بيركردنه‌وه‌ و و ياريكه‌ريه‌تی كورد داوه‌. به‌ڵام چه‌پڵه‌ به‌يه‌ك ده‌ست لێنادرێ، و پێويستی به‌ ته‌نسيقێكی بێ پايانه‌ له‌گه‌ڵ يه‌كێتی و حيزبه‌كانی تر، وه‌ پێويستی به‌ هه‌ماهه‌نگيه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ركرده‌ كوردانه‌ی كه‌ له‌ ڕوانگه‌ی به‌غداوه‌ سه‌يری كوردستان ده‌كه‌ن. ‌

Tuesday, 1 May 2007

كه‌ركوك و سه‌ركرده‌كانی كورد-به‌شی يه‌كه‌م

ماده‌ی ١٤٠ و هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی كورد: ئايا له‌ ئه‌نجامدا كورد براوه ده‌بێ وه‌يان دۆڕاو؟‌

قوماری كورد له‌سه‌ر هاوپه‌يمانيه‌تی ئه‌مه‌ريكايه‌، به‌ڵام سه‌رۆك بوش به‌ نهێنی له‌ دژی ڕيفه‌راندۆمه‌.

ئايا به‌رنامه‌ی ئه‌لته‌رناتيڤ و ئيختياره‌كانی به‌رده‌می سه‌ركرده‌كان‌ی كورد چين؟

پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

ئاوێنه، ژماره ‌٦٧ ، ڕۆژی‌ ١ی مايۆی ٢٠٠٧

به‌شی يه‌كه‌م: هه‌لوێستی دژوار و ڕۆلی بێگانه‌

هه‌تادێ هه‌ڵمه‌ت و گوشاری ده‌ره‌كی و ناوه‌كی دۆست و دوژمنانی كورد زه‌مينه‌ بۆ هه‌ڵپه‌ساردن و فه‌رامۆش كردنی ماده‌ی ١٤٠ خۆشتر ده‌كه‌ن. له‌ سه‌رۆك بوش و ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكيه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا ده‌گاته‌ و هاوپه‌يمانه‌كانيان و دراوسێكانی كورد، و ته‌نانه‌ت ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی كه‌ ده‌نگيان بۆ ده‌ستووری هه‌ميشه‌يی عيراقيش داوه‌، هه‌ر هه‌موويان باس له‌ قۆناغی دوای كوشتنی ماده‌ی ١٤٠ی ده‌ستووره‌كه‌ ده‌كه‌ن. به لايانه‌وه‌، ماده‌كه‌ له‌ ئه‌وه‌ل ساته‌وه‌ قابيلی پياده‌كردن نه‌بوه‌،‌ و ته‌نيا سه‌ركرده‌كانی كورد بوون كه‌ ملی ڕێگه‌يه‌كی نامه‌تنيقی و ناواقيعیان گرته‌ به‌ر، وه‌ ئێستا باجی ئه‌و هه‌ڵه‌يه‌ ده‌ده‌ن. به‌ڵام پرسياری گرنگ ئه‌وه‌يه‌، ئايا سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌وڵيان به‌ ئاراسته‌ی، وه‌يان پێچه‌وانه‌ی، شه‌پۆڵه؟ ئايا چاره‌نوسی كه‌ركوك پێوه‌لكانه‌ به‌، يان دابڕانه‌ له، هه‌رێمی‌ كوردستان؟

له‌به‌شی يه‌كه‌می ئه‌و ووتاره‌مدا هه‌وڵ ده‌ده‌م باری ئێستای كه‌ركوك و مه‌ترسی ناوه‌كی و ده‌ره‌كیه‌‌كان بخه‌مه‌ ڕوو، وه‌ك پێشه‌كيه‌ك بۆ تاوتوێ كردنی ئيختياره‌كانی به‌رده‌م سه‌ركرده‌ی كوردی. له‌ به‌شی دووه‌مدا (له‌ هه‌فته‌ی داهاتوو) ڕێگاچاره‌سه‌ره‌ ئه‌لته‌رناتيڤه‌كان ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌م خوێنه‌ر و بڕيارده‌ره‌كانی كورد، به‌و ئومێده‌ی كه‌ سوودیان هه‌بێ بۆ دۆزينه‌وه‌ی ڕێگای سه‌ركه‌وتن.

ده‌ستێوه‌ردانی ديمۆگرافی كه‌ركوك

مێژووی كه‌ركوك و هه‌ويه‌ی كوردێتی يان توركومانێتی شاره‌كه ميحوه‌ڕی ووتاره‌كه‌م نيه‌. به‌ڵام بۆ تێگه‌يشتن له‌ ناوه‌ركی بيركاريه‌ سياسيه‌كان‌، پێويسته‌ جه‌خت له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌‌ كه‌وا كه‌ركوك شاری ‌هه‌مه‌ ڕه‌گه‌ز و هه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌يه‌. عه‌ره‌ب، وه‌ك كورد وتوركومان، مافی تێدا نيشته‌جێ بوونی به‌ ڕێگای سروشتی هه‌يه‌. عه‌ره‌بی سوننه‌ی دراوسێ ده‌مێكه‌ به‌هۆی كۆچی كۆمه‌ڵايه‌تی خزاونه‌ته‌ كه‌ركوك، به‌لام عه‌ره‌بی شيعه‌ی دوور (هاورده)‌ ميوانێكی ناسروشتی شاره‌كه‌نه‌ و هاتنيان به‌ مه‌به‌ستی جێله‌ق كردنی خاوه‌ن ماڵ و ململانێی تايه‌فه‌گه‌ری بوه‌. دۆست و دوژمن دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌وا كه‌مپه‌ينی به‌عس ديمۆگرافيای كه‌ركوكی گۆڕيوه، به‌‌ ده‌ركردنی زياتر له‌ ٢٠٠ هه‌زار كورد و توركومان، و جێ داگيركردنيان له‌لايه‌ن هه‌مان ژماره‌ی عه‌ره‌بی شيعه‌ی هاورده‌‌‌. به‌ حيسابی ئيمڕۆ زياتر له‌ ٤۳ هه‌زار خێزانی عه‌ره‌بی هاورده‌ له‌ ۳٨ گه‌ڕه‌كی كه‌ركوك نيشته‌جێ كراون. هاوكات، له‌ سه‌رژمێره‌كانی حه‌فتاكان و دواتريشدا، زۆر له‌ كورد و توركومانه‌ خاوه‌ن مولكه‌كان به‌ عه‌ره‌ب ناونوس كران‌. سه‌ڕه‌ڕای ئه‌و كه‌مپه‌ينه‌،‌ له‌ سه‌رژمێری ١۹۹٧دا ڕێژه‌ی عه‌ره‌ب له‌ سه‌دی ٥٨ ی دانيشوانی كه‌ركوكی تێنه‌په‌ڕاند. ‌هاوكات چه‌ندين شارۆچكه‌ و گوندی تری كورد و توركومان، له ليوای كه‌ركوك ته‌عريب كران، وه‌يان خرانه‌ سه‌ر پارێزگاكانی تر.

ماده‌ی ١٤٠

له‌ ڕوانگه‌ی مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌و پێشێل كردنه‌ زه‌قاوزه‌قه‌ی مافی مرۆڤی كورد و توركومان، ناهه‌قتر بوو له‌ جێله‌ق كردنی ميلله‌تی فه‌له‌ستينی، به‌ڵام له‌ كورد به‌ولاوه‌، كه‌سی تر ئاماده‌ نه‌بوو ئه‌و به‌راورديه‌ بكات و دان به‌ مافی مرۆڤی كه‌ركوكی دابنێ. ئيتر جێگه‌ی سه‌ر سوڕمان نه‌بوو كه‌وا پڕۆسه‌ی ئاساييكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك بوه‌ عه‌زيايه‌ك، كه‌ به‌ هۆيه‌وه‌ كورد دووچاری شه‌رێكی ديپلۆماسی و سياسی چاره‌نوس سازبووه‌‌.

له‌ دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌ددام و له‌دوای مشت و مڕێكی بێ پايان، سه‌ركرده‌كانی كورد و عه‌ره‌ب و توركومان له‌سه‌ر به‌رنامه‌يه‌كی وا ڕێكه‌وتن كه‌ هه‌موو لايه‌ك خۆی به‌ براوه‌ بزانێ. ئه‌و به‌رنامه‌يه‌ له‌ بڕگه‌ی ٥٨ی قانونی ئيداره‌ی كاتی سه‌ره‌دمی برێمه‌ردا چه‌سپا. به‌ گوێره‌ی ئه‌و قانونه‌، ده‌بوايه‌ له‌ زووه‌وه‌ باری كه‌ركوك ئاسايی كرابايه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ردوو حكومه‌تی يه‌ك له‌ دوای يه‌كی (ئه‌ياد عه‌لاوی) و (ئيبراهيم جه‌عفه‌ری) پشتڕه‌قيان لێكرد و خستيانه‌ پشت گوێ. دڵته‌نگی و توڕه‌يی كورديش له‌ مه‌ڕ ئه‌و كه‌مته‌رخه‌ميه‌دا، بوه‌ هۆی چه‌سپانی بڕگه‌ی ٥٨ له ماده‌ی ١٤٠ی ‌ناو ده‌ستووری هه‌ميشه‌يی عيراقدا‌. ئه‌وه‌يش به‌ ده‌ستكه‌وتێكی ميژوويی ده‌ژمێردرێت.

به‌گوێره‌ی ماده‌ی ١٤٠ی‌ ده‌ستوور، ئاينده‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری پڕ كێشه‌ی دانيشتوانيی، له‌ ڕێگه‌ی پڕۆسه‌يه‌كی سێ قۆناغيی لێكبه‌ستراودا دياری ده‌كرێت. واته‌: ئاساييكردنه‌وه به‌ر له‌ كۆتايی مارت، و سه‌رژمێری به‌ر له‌ كۆتايی یۆليۆ، و ڕيفه‌راندۆم به‌رله‌ كۆتايی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٠٧. به‌ڵام له‌و ساته‌وه‌ كه‌ ده‌ستور له‌ ئه‌مبێز گيراوه‌، كورد زياتر ڕۆڵی چاوێرێكی توڕه‌ی ديوه. سه‌ركرده‌كان گه‌شبين بوون به‌وه‌ی كه‌ هيچ حكومه‌تێكی عیراقی بۆی نالوێ ماده‌ی ١٤٠ هه‌لپه‌سێرێ. به‌ڵام وێڕای ڕێكه‌وتننامه‌ی نوسرا و و فشاری كوردی، ماده‌كه‌ تۆزقالێكيش به‌ره‌و پێشه‌وه نه‌چوو و له‌وه‌ش ناچێ بچێ. ئه‌وه‌تا خه‌ريكه‌ ده‌گه‌ينه‌ هاوين و هێشتا قۆناغی ئاساييكردنه‌وه‌ ده‌ستی پێ نه‌كردوه‌، چی جای ئاماده‌باشی بۆ سه‌رژمێری له‌ يۆليۆدا. بۆيه‌، متمانه‌ی نێوان سياسه‌تمه‌داران و خه‌ڵك له‌ نزمترين پله‌دايه‌، و هه‌ڵوێسته‌ دژبه‌يه‌كه‌كان له ‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوكدا گه‌يشتوونه‌ته‌ خاڵێك كه‌وا چاره‌سه‌ركردنی ئاشتيانه‌یان به‌بێ ته‌قاندنه‌وه‌ی توندو تيژی، زۆر زه‌حمه‌ت بۆته‌وه‌‌.

كه‌ركوكی بێ نه‌وت

نه‌وت ئه‌و سووته‌مه‌نیه‌ سياسيه‌‌ ڕاسته‌قينه‌‌يه‌ كه‌ له‌ په‌نای نيشتيمانپه‌روه‌رێتيه‌وه سياسيه‌كانی كورد و غه‌يره‌ كوردی گه‌رم كردوه. نزيكه‌ی هه‌شت له‌ سه‌دی ئه‌و ١٠٠-٢٠٠ بليۆن به‌رميله‌ نه‌وته‌ ئيحتياته ئاماده‌يه‌‌ی عيراق، له‌ پارێزگای كه‌ركوكه‌. سه‌دی چلی به‌رهه‌می نه‌وتی عيراق و سه‌دی حه‌فتای گازه‌كه‌ی له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌رده‌هێنرێت. ئه‌گه‌ر حه‌وزه‌ نه‌كراوه‌كانيش هه‌لبكه‌ندرێن، ئه‌وا ئيحتياتی نه‌وتی كه‌ركوك ڕه‌نگه‌ له‌‌ بيست بليۆن به‌رميل تێپه‌ڕ بكات. دياره‌ له‌ ڕووی دارايیه‌وه‌‌، قه‌واره‌ی چاڵه‌ نه‌وتيه‌ پڕه‌كانی كه‌ركوك بايی ئه‌وه‌نده‌ ده‌بێ كه‌ سه‌ركرده‌ سياسيه‌كان فتيلی شه‌ڕی ناوه‌خۆی سێ چوار ميلله‌تی ناته‌بای ناو شارێك به‌ گه‌شی بهێلنه‌وه‌.

به‌‌لای دراوسێكانی كوردستان، پياده‌كردنی ماده‌ی ١٤٠ داواكاريه‌كی ناهه‌قه، هه‌وڵی كورد ته‌نيا بۆ ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی نه‌وتی كه‌ركوكه‌، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆيی ئابوری و سياسی هه‌رێمی كوردستانه‌‌، وه‌ بۆ زياتر ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی "سه‌ركرده‌ گه‌نده‌ڵه‌كانيه‌تی". بۆيه‌، يه‌كێك له‌ ڕێگاچاره‌ پێشنيازكراوه‌كانی بيگانه‌كان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ كورد كه‌ركوكی بێ نه‌وت بدرێتێ، تاوه‌كو مه‌يلی سه‌ربه‌خۆيی نه‌مێنێ. دياره‌ له‌به‌ر ئه‌وهۆيانه‌‌ شه‌ری‌ نهێنيی قانونی نه‌وت گه‌رم بوه‌ و دڵته‌نگی له‌ لايه‌ن سه‌ركرده‌ كورده‌كان په‌يدا كردوه‌. به‌ڵام هه‌تا ئه‌گه‌ر كورديش كه‌ركوك به‌ نه‌وت بگۆرێته‌وه‌، توركيا وعه‌ره‌ب و توركومانی كه‌ركوك هێشتا ڕازی نابن چونكه‌ له‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی كوردستانيه‌تی كه‌ركوك به‌ خه‌ياڵ و ئه‌فسانه‌ ده‌زانن.

حاڵی كورد و توركومان و عه‌ره‌بی كه‌ركوك

باری گرژی نه‌فسی و سياسی ناو كه‌ركوك له‌ ته‌قينه‌وه نزيك بۆته‌وه‌‌. تێرۆريست و توندڕه‌وانی شه‌ری تايه‌فه‌گه‌ری عيراق، له‌ كه‌ركوكيش هه‌وڵيان داوه‌ ئارامی نه‌هێلن و تا ڕاده‌كی زۆريش سه‌ركه‌وتوو بوونه‌. هه‌ڵبه‌ت تيرۆری عه‌ره‌بی سوننه‌ و شيعه‌‌ زياتر ئاڕاسته‌ی ئه‌جيندای ئه‌مه‌ريكيه‌، به‌ڵام كورد به‌ كه‌له‌بچه‌كراوی به‌ره‌نگاریان بۆته‌وه‌ و قوربانی زۆری بۆ داوه‌. سه‌ڕه‌ڕا، عه‌ره‌ب و توركومانه‌كان پێشمه‌رگه‌ به‌وه‌ تاوانبار ده‌كه‌ن كه‌وا به‌رده‌وام خه‌ريكی گرتن و فڕاندن و كوشتنی ئه‌ندامه‌كانيانن. توندڕه‌وی و تێرۆری خۆيشيان به‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ داده‌نێن. كورد له‌ كه‌ركوك ده‌سبه‌كاره‌ و ده‌سه‌ڵاتی سياسی و ئيداری وعه‌سكه‌ری و پۆليسی له‌ ده‌سته‌، و خۆی به‌ حكومه‌ت و ئه‌وانی تر به‌ ئۆپۆزيسيۆن ده‌زانێ. دوو حيزبه‌ هه‌ڵسوڕێنه‌ره‌كه‌ش، يه‌كێتی و پارتی، له‌ جياتی پياده‌كردنی به‌رنامه‌یه‌كی سياسی حه‌كيمانه‌، خه‌ريكی شه‌ڕی جه‌بهه‌وينه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتيان كاردانه‌وه‌يه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌كان. ‌

عه‌ره‌بی كه‌ركوك خۆيان ناته‌با و بێ مه‌رجه‌عن، وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌ب دابه‌ش بوونه‌ و ده‌ستی ووڵاتانی ده‌وروبه‌ريش به‌سه‌ر ڕێڕه‌وياندا زاڵه‌. كاونسلی ڕاوێژكاری عه‌ره‌بی (المجلس العربی الاستشاري) توانيويه‌تی به‌شێكی ئه‌و بۆشاييه‌ پڕ بكاته‌وه‌ و عه‌ره‌بی ڕ‌‌ه‌سه‌ن و هاورده‌ له‌ خۆی كۆ بكاته‌وه‌، و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل به‌ره‌ی توركومانی، دژايه‌تی لايه‌نی كوردی بكات. توندڕه‌وی وه‌ك (موقته‌دا سه‌در) توانيويه‌تی فه‌قيری و حاڵی ناله‌باری سياسی عه‌ره‌به‌ شيعه‌ هاورده‌كان‌ ئيستيغلال بكات بۆ ئه‌جيندای خۆی. فشاری ئاينی و سياسی و دارايی و عه‌سكه‌ری خستۆته‌ سه‌ريان بۆ به‌رهه‌ڵستی كورد. به‌هه‌مان شێوه‌ش، گروپه‌كانی سه‌ر به‌ به‌عس و ئه‌لقاعيده‌ ده‌سه‌ڵاتيان له‌ ناو سوننه‌ی عه‌ره‌ب په‌يدا كردوه‌ و به‌ هۆيانه‌وه‌ ئارامييان هه‌ژاندوه. بێ گومان كوردی توندڕه‌وی سه‌له‌فيش به‌شدارن له‌ كارئاسانكردنی خۆكوژه‌كان.

توركومانه‌كانيش پارچه‌ پارچه و بێ مه‌رجه‌عن. به‌شێكی زۆری سوننه‌كانيان بێ ده‌خلن و به‌ دڵنياييه‌وه‌ حوكمی كورديان قه‌بووله‌. به‌شێكی تری ئه‌وانه‌ پشتگيری له‌ به‌ره‌ی توركومانی (سه‌ر به‌ توركيا) ده‌كه‌ن، و ته‌نيسيقيان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سوننه‌ هه‌يه. توركومانه‌ شيعه‌كان وه‌لائيان بۆ موقته‌دا سه‌در و مه‌رجه‌عه‌ ئايينيه‌كانی تری شيعه‌يه‌ و ته‌نيسقيان له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی توركومانيدا كه‌مه‌. توركومانی ئيسلامی يه‌كگرتوو له‌و شيعه‌ مه‌زهه‌بانه‌ن‌ كه‌ به‌شدارن له‌ حكومه‌تی به‌غدا، و به‌ سروشت له‌ دژی كوردستانيه‌تی كه‌ركوكن.

هه‌ڵوێستی عه‌ره‌بی عيراق

ته‌واوی حيزبه‌ عيراقيه‌كان له‌ دژی په‌يدا بوونی هه‌رێمێكی فيدارڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی قه‌وميی كوردن، بۆيه‌ش له‌ دژی ڕيفه‌راندۆمن. ته‌نانه‌ت، ئه‌و لايه‌نه‌ عه‌ره‌بانه‌ی كه‌ له‌ سه‌رده‌می ئۆپۆزيسيۆندا پشتگيريان له‌و جۆره‌ فيدراليه‌ته‌ ده‌كرد، له‌ دوای ڕوخانی ڕژێم هه‌ڵوێستيان گۆڕی. له‌ ساڵی ٢٠٠۳، له‌ دانيشتنێكی ناو مه‌جليسی حوكم (سه‌رده‌می برێمه‌ر)، محمد بحرالعلوم ويستی دان به‌ مافی كورد و كوردستانيه‌تی كه‌ركوكدا بنێ. ئيبراهيم جه‌عفه‌ری پسووله‌يه‌كی نهێنی بۆ ڕه‌وانه‌ كردو تێيدا گووتی"ئاگات له‌ ده‌مت بێ، با نه‌كه‌ويه‌ ناو ده‌رگای خيانه‌ته‌وه"‌. له‌ هه‌مان چوارچێوه‌دا حوسێن شه‌هرستانی، ده‌سته‌مۆی سيستانی و وه‌زيری نه‌وتی ئێستا، شه‌كی له‌ كوردستانيه‌تی كه‌ركوكه‌، نايه‌وێ سه‌روه‌تی شاره‌كه‌ بخرێته‌ به‌ر ده‌ستی سه‌ركرده‌یه‌كی سياسی وا كه‌ "به‌ڕۆژ له‌ عيراق كار ده‌كه‌ن و به‌ شه‌و له‌ ئيسرائيل ده‌خه‌ون".

ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ ده‌ريده‌خه‌ن كه‌وا بێجگه‌ له‌ سوننه‌ی قه‌ومی و شيعه‌ی هاورده‌، هاوپه‌يمانه‌ شيعه‌كانی شه‌ريكی حوكمڕانيش له‌ ناخدا له‌ دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوكن بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستيان بێ ده‌يكه‌ن‌ بۆ ڕێگرتن له‌ پياده‌كردنی ڕێكه‌وتننامه‌كان. له‌سه‌رده‌می برێمه‌ردا، شيعه‌كان و ئه‌مه‌ريكيه‌كان، له‌ دژی هه‌ڵمه‌تی كوردی، پێشنيازی فيدراڵيه‌تی پارێزگاكانيان خسته‌ روو. له‌ دوای مشتومڕێكی زۆر، سه‌ركرده‌كانی كورد ڕازی بوون به‌ هه‌ڵپه‌ساردنی كێشه‌ی كه‌ركوك هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ياسای كاتی و ده‌ستووری هه‌ميشه‌يی له‌ ئه‌مبێز ده‌گيرێ و حكومه‌تێكی خاوه‌ن سياده‌ هه‌لده‌بژێردرێت. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌نازوله‌شدا ده‌ستكه‌وتی كورد بريتی بوو له‌ چه‌سپانی هه‌رێم وه‌ك يه‌كه‌كی فيدرالی، و زمانی كوردی وه‌ك دووه‌م زمانی ڕه‌سمی عيراق، وه‌ ڕيفه‌راندۆمی كه‌ركوك له‌ ياسای كاتی.

كورد ده‌يزانی كه‌ جه‌عفه‌ری و ماليكی، بۆ زامين كردنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زيرايه‌تی، وه‌عده‌ی جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌ی ١٤٠يان به‌ نوسراوه‌يی داوه‌ته‌ موقته‌دا سه‌در. ڕاسته‌، له‌دوای هه‌ڵمه‌تی نوێی ئه‌مه‌ريكی له‌ دژی سه‌دريه‌كان، كه‌لێنێك كه‌وتۆته‌ نێوان ماليكی و موقته‌دا، به‌ڵام ته‌نسيقی نێوانيان هه‌ر به‌رده‌وامه‌. هاوكات له‌گه‌ڵ بڕياره‌كانی ماليكی بۆ پياده‌كردنی ماده‌ی ١٤٠، ناصر الربيعی (سه‌رۆكی كوتله‌ی سه‌دريه‌كان) به‌يانێكی ده‌ركرد تێيدا گووتی له‌مه‌ودو ئيمزا بۆ دواخستنی ڕيفه‌راندۆم كۆ ده‌كه‌ينه‌وه‌‌. ئێستا هه‌ڵوێستی لايه‌نه‌ شيعه‌كان، وه‌ك هی سوننه‌كان، به‌ ڕاده‌يه‌ك تونده‌ كه‌ هيچ حكومه‌تێكی به‌غدا ناتوانێ جورئه‌تی ‌ئه‌وه‌ بكات كه‌ركوك ته‌سليمی كورد بكاته‌وه‌. بۆيه‌ ڕ‌‌ه‌نگه‌ نه‌رميی ماليكی بۆ داواكانی كورد هه‌تاسه‌ر نه‌بێ له‌به‌ر ‌فشاری ناوه‌كی و ده‌ره‌كی.

ده‌ستێوره‌دانی توركيا

ووڵاته‌كانی ده‌وروبه‌ريش، ده‌ستی ئاشكراو نهێننيان له‌ ناو جه‌رگه‌ی ڕووداوه‌كانی كه‌ركوكدا دياره‌. توركيا به‌ ڕاسته‌وخۆيی و به‌ ناڕاسته‌وخۆيی (له‌ ڕێگه‌ی به‌ره‌ی توركومانی) ده‌ستێوه‌ردانی له‌ ناو كه‌ركوك ئاشكرايه‌. گرنگی توركيا له‌وه‌دايه‌ كه‌ ده‌نگی ده‌گاته‌ ديوه‌خانی زلهێزه‌كان و قورسايی سياسی و عه‌سكه‌ری خۆی به‌كار ده‌هێنێ بۆ لۆبی كردن له‌ دژی كورد. به‌ بيانوی پاراستنی يه‌كێتی خاكی عيراق و مافی مرۆڤی توركومان، توركيا داوا ده‌كات كه‌ ريفه‌ڕاندۆم نه‌كرێ، وه‌يان ئه‌گه‌ر كرا ته‌واوی خه‌ڵكی عيراق ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن. هه‌ڕه‌شه‌ی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی عيراق ده‌كات بۆ لێدانی په‌كه‌كه‌ و پاراستنی توركومان. له‌و ڕۆژه‌وه‌ كه‌ ماليكی نه‌رمی نواندوه‌ بۆ پياده‌كردنی ماده‌ی ١٤٠، توركيا هه‌نده‌ی تر كه‌وتۆته‌ باڵه‌ فركه‌.

قه‌يرانی ناوه‌كی توركيا

هه‌ڵبه‌ت توركيا له‌ قه‌يرانی كۆمه‌ڵێك ته‌ناقوزات دا ده‌خولێته‌وه‌. له‌لايه‌كه‌وه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌نديدايه‌ كه‌وا په‌يوه‌نديه‌كی ئابوری و سياسی به‌ هێزی له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بێ. هه‌ڵبه‌ت توركيا به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابوريه‌كه‌ی له‌لا گرنگتر بوه‌ له‌ مافی توركومانه‌كانی كه‌ركوك. بۆيه‌ش، له‌سه‌رده‌می سه‌ددامه‌وه‌ تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ تۆزقاڵێك خزمه‌تی كۆمه‌ڵگای توركومانی نه‌كردوه‌، به‌ڵكو به‌كاری هێناون و تووشی سه‌رئێشه‌ی كردون له‌گه‌ڵ ميلله‌ته‌ پێكه‌وه‌ ژياوه‌كانيان.

له‌وه‌ته‌ی باقی عيراق كاول بوه‌، كوردستان بوه‌ته‌ ته‌نيا سه‌رچاوه‌ی هاتوچۆی بازرگانی و ئيستيسماری بيزنيسی توركی‌ له‌ عيراقدا. له‌مه‌ودای ده‌ساڵی داهاتوودا، ده‌يان بليۆنی نه‌وتی كوردستان له‌ ژێرخان و سه‌رخانی هه‌رێم سه‌رف ده‌كرێ. ته‌واوی ئه‌و مه‌سره‌فه‌ به‌ ڕێگه‌ی توركيا ئه‌نجام ده‌درێ، بۆيه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی توركدايه‌ كه‌ به‌شه‌ شێری ئه‌و پاره‌يان ده‌ستكه‌وێ. ئه‌وه‌يش وای كردوه‌ كه‌ بيزنيس و سياسه‌تمه‌داری سيڤيلی توركی ئه‌وله‌ويه‌ت بده‌نه‌ په‌يوه‌ندی ئابوری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان. له‌به‌ر هه‌مان هۆكاريش، ده‌يانه‌وێ كێشه‌ی په‌كه‌كه‌ به‌ سياسيانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ئارامی و ‌ديموكراسيه‌ت له‌ناوه‌وه‌ی توركيا بچه‌سپێنن، و له‌ دواڕۆژدا ببنه‌ ئه‌ندامی يه‌كێتی ئه‌وروپايی.

به‌ڵام ئه‌رته‌شی باڵا ده‌ست، ده‌ستی سياسه‌تمه‌داره‌كانی له‌ دواوه‌ گرتوه‌. به‌ بيانوی پاراستنی ده‌ستوری عيلمانی و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای توركيا، كه‌وتونه‌ته‌ دژايه‌تی سه‌ركرده‌ سياسيه‌كانیان. به‌ڵام له‌ ڕاستيدا خه‌ريكی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌تی سه‌ركرده‌ عه‌سكه‌ريه‌كانيانن. ئه‌رته‌ش ده‌وڵه‌تێكی گه‌نده‌ڵه‌‌ له‌ناو ده‌وڵه‌ت، په‌كه‌كه‌ ده‌كاته‌ بيانگه‌ بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی سوپا و ‌ده‌سه‌ڵاتی عورفی و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌زگاكانی حوكمڕانی ده‌وڵه‌ت. له‌به‌رژه‌وه‌نديان دانيه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ست له‌ كاری چه‌كداری هه‌ڵگرێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ هۆی مانه‌وه‌يان ناهێلێ. ئيمڕۆ ئه‌رته‌ش وه‌زعی له‌ هه‌موو ڕۆژانێكی ڕابوردوو خراپتره‌. له‌ ناوه‌وه‌، دوژمنه‌ سه‌ره‌كيه (ئيسلاميه‌)‌كه‌ی له‌ په‌رله‌ماندا زۆرينه‌يه‌ و حوكمه‌ت و موئه‌سسه‌سه‌كانی ده‌وڵه‌تی له‌به‌رده‌سته. دياره‌ كه‌ ترسی مه‌زنی ئه‌رته‌ش له‌وه‌دايه‌ كه‌ ئيسلاميه‌كان نيازيان وايه‌ ده‌ست له‌ ده‌ستووری توركی وه‌ربده‌ن و ڕۆلی ئه‌رته‌ش له‌سه‌ر شانۆی سياسی لابه‌رن.

بلۆفی ئه‌رته‌ش

جا ئێستا ئه‌رته‌ش خه‌ريكی هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌يه‌، ده‌يه‌وێ باری ناوچه‌كه‌ گرژ بكات، نه‌ك ته‌نيا بۆ ڕێگری له‌ په‌كه‌كه‌ و ڕيفه‌راندۆمی كه‌ركوك، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی سياسه‌تمه‌داره‌ توركيه‌كان بخاته‌ ژێر فشار و تاقی كردنه‌وه‌، و به‌رده‌وامێتی به‌ مانه‌وه‌ی خۆی بدات. سياسه‌تمه‌داره‌كانيش نايانه‌وێ بكه‌ونه‌ ناو ته‌ڵه‌ی ئه‌رته‌شه‌وه‌، بۆيه‌ ئه‌وانيش له‌ ڕووكه‌شدا توندی ده‌نوێنن له‌ به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌ و كه‌ركوك، به‌ڵام له‌ ژێره‌وه‌ خواخوايانه‌ كوردی باشوور كاريان لێ ئاڵۆز نه‌كات. ڕه‌نگه‌ ئه‌رته‌ش بتوانێ، به‌‌ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مريكی و كوردی عيراق، هێرشی ئاسمانی بكاته‌ سه‌ر بنكه‌كانی په‌كه‌كه‌و زه‌ره‌رێكی دياری كراوی مادديان لێ بدات، به‌ڵام له‌وه‌ زياتريان پێ ناكرێ. خۆ ئه‌گه‌ر په‌ل بۆ كوردستانی باشوور و كه‌ركوك بهاوێن، ئه‌وا له‌ ڕووی سياسيه‌وه‌، نفوزيان له‌ سه‌ر شانۆی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌كه‌ و ناو عيراقدا هه‌تا هه‌تايه‌ ده‌فه‌وتێ. به‌و كاره‌ شێتانه‌ تاقه‌ زلهێز‌ی دونيا له‌خۆينا زوير ده‌كه‌ن، فرسه‌تی هاتنه‌ ناو يه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ كيس خۆيان ده‌ده‌ن، و سوودمه‌ندێتی له‌ بازرگانی عيراقی له‌ده‌ست ده‌ده‌ن . بۆيه‌، مه‌ترسی توركی له‌سه‌ر كه‌ركوك و كوردستانی باشوور زۆر زل كراوه‌، و له‌ ڕاستيدا هه‌تا دێ ده‌سه‌ڵاتی توركی به‌سه‌ر هه‌ريمی كوردستاندا ڕووی له‌ نه‌مانه‌. بۆيه‌ش، پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ جورئه‌ته‌وه‌ پلان بۆ به‌رپه‌چ دانه‌وه‌ی لۆبی توركی دابنێن و به‌ بێ ‌ترسيه‌وه‌ به‌ره‌نگاريان ببنه‌وه‌.

ڕۆلی دراوسێكانی تر

ڕۆڵی ئێران نه‌ديوتر و ئاڵۆزتره‌. له‌ ڕێگه‌ی موقته‌داوه‌، كۆنتڕۆڵی عه‌ره‌ب و توركومانی شيعه‌ی كردوه‌، له‌ ڕێگه‌ی (انصار الاسلام)يشه‌وه‌، نفوزی له‌ نێو تێرۆريستانی سوننه‌دا كاريگه‌ره‌‌. ڕه‌نگه‌ به‌لای ئێرانه‌وه‌ گرنگ نه‌بێ ئايا له‌ ئه‌نجامدا كورد كه‌ركوكی ده‌ست ده‌كه‌وێته‌وه‌ يان نا. ئه‌وله‌ويه‌تی ئێران ئه‌وه‌يه‌ كه‌ فه‌شه‌ل به‌ پلانی ئه‌مه‌ريكی بهێنێ له‌ ته‌واوی عيراق، وه‌ نفوزیشی له‌ خواروی عيراق هه‌تا هه‌تايه‌ مسۆگه‌ر بێ. واته‌ ئه‌گه‌ر كورد كه‌ركوكی ده‌ست كه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ فيدڕاليه‌تێكی گه‌وره‌ی شيعه‌ی سه‌ر به‌ ئێران له‌ باشووری عيراق، ئه‌وا خۆيان به‌ براوه‌ ده‌زانن. بۆيه‌، لابردنی مه‌ترسی موقته‌دا و شيعه‌ی هاورده‌، ده‌كرێ له‌ ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه‌ ئه‌‌نجام بدرێ. پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی كوردی ئيستيغلالی كرژی نێوان ئه‌مريكا و ئێران، و قه‌يرانی نێو ده‌وڵه‌تی ئێرانی بكه‌ن بۆ ده‌ستكه‌وتنی ته‌نازولاتی چاره‌نوس ساز له‌ كه‌ركوك.

سوريا و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بيه‌كانی تريش، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌لقاعيده‌ و به‌عس و عه‌شايه‌ری سوننه‌وه‌‌، توانای ده‌ستێوره‌ردانيان هه‌يه‌. سعوديه‌ داوای دواخستنی ڕيفه‌راندۆم ده‌كات‌، ئه‌ويش به‌ بيانووی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وكاره‌ ده‌بێته‌ مايه‌ی زياد بوونی توندو تيژی و ته‌قينه‌وه‌ی پێكدادان. هاوكات سعوديه‌ يه‌كێكه‌ له‌ مه‌سره‌فكه‌ره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی توندوتيژی له‌ عيراق، و به‌ ئاشكرا هه‌ڕ‌ه‌شه‌ی له‌ ئه‌مه‌ريكا كردوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر نفوزی ئێران له‌ عيراق كه‌م نه‌كاته‌وه‌، ئه‌وا پشتگيری له‌ تيرۆری سوننه‌كان زياتر ده‌كات. ڕۆژنامه‌ عه‌ره‌بيه‌كانی به‌غدا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌وا سعوديه‌كان وه‌عده‌ی دوو بليۆن دۆلاريان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم داوه‌ (له‌ كاتی سه‌ردانه‌كه‌یدا له‌ مانگی ئادار) له‌به‌رامبه‌ر ده‌ساڵ هه‌ڵپه‌ساردنی كێشه‌ی كه‌ركوك. به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كان، سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و عه‌رزه‌ی سعوديه‌كانی له‌ جێگه‌ی خۆيدا ره‌ت كردۆته‌وه‌.

بێ ده‌نگی ئه‌مه‌ريكی

زه‌قی مه‌وقيفی ئه‌مه‌ريكی له‌ بێ ده‌نگيه‌كه‌يه‌تی‌‌، به‌ بيانوی مه‌شغولیه‌تی له‌ به‌غدا‌. به‌لای بێگانان‌ وايه‌ كه‌ ئه‌و بێده‌نگيه‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌، به‌ڵام له‌ ڕاستيدا وانيه‌‌. سياسه‌تی ئه‌مه‌ريكی سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك پڕ بووه‌ له‌ حه‌زه‌ر، وه‌ جياوازيه‌كی مه‌زن هه‌يه‌ له‌ نێوان هه‌ڵوێستی نهێنی و ئاشكرايان. له‌لايه‌كه‌وه‌ ته‌نيا چاودێرن‌ و زۆركه‌م ده‌ست له‌ كاروباری ئيداره‌و پۆليس و سياسه‌تكاری ناوه‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌ده‌ن‌. سه‌ڕه‌ڕ‌ای ته‌وژمی لۆبی توركی له‌ واشينگتۆن، هێشتا سه‌رۆك بوش ملكه‌چی فشاره‌كان نه‌بوه‌ به‌و ڕاده‌يه‌ی كه‌ توركيا ده‌يه‌وێ. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌يشدا، ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی ده‌ستی كورديان له‌ دواوه‌ كه‌له‌بچه‌ كردوه‌‌ و ڕێگه‌يان پێ نه‌داوه‌ له‌ ڕووی هێرشی تێرۆری عه‌ره‌بی سوننه‌دا به‌ سه‌ربه‌خۆيی به‌رگری له‌ خۆی بكات. فشاريش ده‌خه‌نه‌ سه‌ر سه‌ركرده‌كان تاوه‌كو نه‌رمی له‌ به‌رامبه‌ر ويستی توركيدا بنوێنن.

ئه‌مه‌ريكيه‌كان وايداده‌نێن كه‌وا له‌ عيراقێكی يه‌ك گرتوودا، توانايان به‌سه‌ر ڕووداوه‌كان زياتر ده‌بێ، و پارچه‌ كردنی عيراق ڕێگه بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ئێرانی خۆش ده‌كات. له‌وه‌ش گرنگتر، ته‌ركيزی ئێستای ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی له‌سه‌ر كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌ركه‌ره‌كانيانه‌ به‌رله‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوی سه‌رۆكايه‌تی ئه‌مه‌ريكی. واته‌ مه‌سه‌له‌ی ماف و ئاوات و به‌رژه‌وه‌ندی ميلله‌تێكی حه‌ليفيان ئه‌وله‌ويه‌ت وه‌رناگرێ، وه‌ ئه‌گه‌ر پێويست بێ كه‌ركوك ده‌كه‌نه‌ قوربانی هه‌لبژاردنه‌وه‌يان.

هه‌ڵوێستی نهێنی سه‌رۆك بوش

هه‌ندێ سياسه‌تمه‌داری ئه‌مه‌ريكی ڕايان وايه‌ كه‌وا ده‌ستووری ئێستای عيراق چاره‌ی گرفته‌كان ناكات، به‌لام ده‌‌شزانن ده‌ستێوه‌ردانی ئاسان نيه‌. گروپی به‌يكه‌ر-هاميلتن له‌ كۆتايی سالی ٢٠٠٦دا پێشنيازی كرد كه‌ ڕيفه‌راندۆمی كه‌ركوك دوابخرێ، و شاره‌كه‌ نه‌‌خرێته‌ سه‌ر كوردستان، و ڕێگا چاره‌سه‌رێكی تری به‌ به‌شداری توركيا بۆ بدۆزرێته‌وه‌. له‌ ترسی كاردانه‌وه‌ی ناڕه‌زايی كوردی، سه‌رۆك بوش خۆی به‌و ئامۆژگاريه‌ پابه‌ند نه‌كرد، و‌ كوردی دڵنيا كرده‌وه‌ كه‌وا ڕێگا چاره‌سه‌ريی ده‌ستووری قه‌بوله‌. دياره‌ كه‌ ويستی جارێ بابه‌ته‌كان له‌خۆی ئاڵۆزتر نه‌كات، ده‌نا ئه‌ويش و ته‌واوی ٥۳٥ كۆنگرێسمان و هه‌موو پاڵێوراوه‌كانی سه‌رۆكايه‌تی خولی داهاتووی هه‌لبژاردنی ئه‌مه‌ريكی، هه‌ماهه‌نگ بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشنازه‌ی به‌يكه‌ر هامليتن. زانياری ناو كۆشكی سپی وا ده‌گه‌يه‌نێ كه‌وا سه‌رۆك بوش به‌ نهێنی داوای كردوه و هه‌وڵی داوه‌‌ كه‌ ڕيفه‌راندۆمی كه‌ركوك هه‌تا ئاينده‌كی دياری نه‌كراو (هه‌تا هه‌تايه‌) دوابخرێ.

دياره‌ كه‌ له‌ كۆتاييدا ئه‌مه‌ريكا و حه‌ليفه‌ سه‌ره‌كيه‌كه‌ی (به‌ريتانيا) پشتگيری له‌ ڕيفه‌راندۆم ناكه‌ن و به‌و هه‌موو لايه‌كيان ڕێگه‌ی لێده‌گرن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان خاڵی لاوازی كورد به‌باشی ده‌زانن و كاريشی تێ ده‌كه‌ن، وه‌ له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ ده‌توانن فشاری ڕاسته‌وخۆ بخه‌نه‌ سه‌ر سه‌ركرده‌كانيان، وه‌يان به‌ ناڕاسته‌وخۆ به‌ توركيا بيانترسێنن. هه‌ربۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، ئه‌مه‌ريكا (جه‌نه‌ڕاڵ جۆزێف ڕالستۆن) و به‌ريتانيا (ئێدريان ڕيبی)‌ له‌ بۆ ناوچه‌كه‌ هه‌ناردوه‌، و تا ڕاده‌يه‌كی زۆريش كاره‌كانیان ئه‌نجامی هه‌بوه. سه‌ڕ‌‌ه‌ڕای ئه‌وه‌يش، ئه‌گه‌ر سه‌رۆك بوش بۆی ده‌ر‌كه‌وێ كه‌وا نرخی سه‌قامگير كردنی ئاسايش له‌ به‌غدا، له‌ده‌ستدانی ئاسايشه‌ له‌ كه‌ركوك، ئه‌وا ڕه‌نگه‌ زووتريش قورسايی شه‌خسی خۆی بخاته‌ گه‌ر بۆ نه‌رم كردنی هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی كورد. بۆيه‌ ده‌بێ سه‌ركرده‌كانی كورد وای دانه‌نێن كه‌ ئه‌مه‌ريكايان له‌ پشته‌ و پشتگيريه‌كه‌يان هه‌تا سه‌ره‌.

ڕيگاچا‌ر‌ه‌ی بێگانه‌كان

سه‌ڕه‌ڕا‌ی لێشاوی لۆبی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی له‌ دژی‌ ده‌ستور، تا ئێستا هيچ بێگانه‌يه‌ك پێشنيازی ڕێگاچاره‌يه‌كی به‌ديلی ماقولی پێشكه‌ش به‌ كورد نه‌كردوه‌. (ئينته‌رناشنال كرايسز گروپ) ته‌نيا لايه‌نن كه‌ به‌و دواييه‌ به‌رنامه‌يه‌كی به‌ديليان خستۆته‌ ڕوو، ئه‌ويش ئاراسته‌ی كورد نه‌كراوه‌. پێشنيازيان كردوه‌ كه‌وا ڕيفه‌راندۆم دوابخرێ، كه‌ركوك (به‌، وه‌يان به‌بێی، شارۆچكه‌ و دێهاته‌كه‌كانی) بكرێته‌ هه‌ريمێكی فيدرالَي كاتيى. ده‌سه‌ڵات له‌ نێوان هه‌رچوار لايه‌نه‌ سه‌ره‌كيه‌كه‌ی دانيشتوانی (به‌ هاورده‌كانه‌وه‌) دابه‌ش بكرێ، پۆسته‌ گرنگه‌كان له‌ كورده‌كان بستێندرێته‌وه‌. ئاساييكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى مولَكايه‌تى له‌ رێگاى ئه‌و قانون و ميكانيزمه‌‌ی كه‌ له‌ ئارادايه‌ و به‌ شێوه‌ی ئاستيخوازانه‌ ئه‌نجام بدرێ. نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان (UN) له‌ سه‌رپه‌رشتی كردنی پڕۆسه‌ی دابه‌ش كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و پۆسته‌ سه‌ره‌كيه‌كان به‌شدار بێ، ئه‌وه‌يش نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرينه‌، به‌ڵكو بۆ ڕازی كردنی هه‌موو لايه‌ك. توركيا، شان به‌ شانی كورد و حكومه‌تی به‌غدا و ئه‌مه‌ريكا، به‌شداری سه‌ره‌كی بن له‌ سه‌ر مێزی هه‌موو گفتوگۆيه‌ك. ئه‌مه‌ريكاش به‌ ڕاسته‌وخۆيی كاری ئاسايش و پۆليسی كه‌ركوك بگرێته‌ ده‌ست و پۆسته‌ سه‌ره‌كيه‌كان له‌ كود بستێنێته‌وه‌‌.

كرايسز گروپ له‌ نزيكه‌وه‌ ئاگاداری باره‌ كرژه‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ كاتی نوسينياندا، ته‌نيا ڕه‌چاوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی غه‌يره‌كورديان كردوه‌، وه‌ داواكاريه‌كانی كورديش به‌ ناواقيعی و ناماقول داده‌نێن. خۆ چه‌ندين بڕگه‌ی پێشنيازه‌كانيان زه‌قاوزه‌ق كار له‌ كورد ئاڵۆز ده‌كه‌ن و ڕۆلی ناحه‌زه‌كان زاڵ ده‌كه‌ن. توركيا ده‌كه‌نه‌‌ شێری گفتۆگۆ، كه‌ له‌ ڕاستيدا پێويسته‌ هه‌ر جێگه‌ی باس لێوه‌ كردن نه‌بێ. ڕۆلی نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان زه‌ق ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ڕاستيدا ئه‌وانه‌ حيساب بۆ كه‌مايه‌تی ناكه‌ن و به‌ سروشت له به‌رژه‌وه‌ندی ووڵاته‌ ئه‌ندامه‌كانیان ڕه‌فتار ده‌كه‌ن. بێ گومان ده‌ركردنی كورد له‌ ده‌سه‌ڵات و پۆسته‌ سه‌ره‌كيه‌كانی كه‌ركوك مانای بنده‌سته‌ كردنی كورد‌ و‌ سه‌راوبن كردنی هاوكێشه‌كانه‌ له‌ دژی كورد.

كرايسز گروپ داوا له‌ ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی ده‌كات به‌ كه‌مپه‌ينێكی ئاكتيڤ هه‌لسێ بۆ ئه‌نجامدانی سێ كاری لێكبه‌ستراو كه‌ هه‌رسێكيان بۆ ته‌نازول پێ كردنی كورده‌. له‌لايه‌كه‌وه‌ پێشنياز ده‌كات كه‌وا له‌رێگه‌ی قانونی نه‌وته‌وه‌، فاكته‌ری نه‌وت له‌ هاوكێشه‌كان ده‌رهێنێ بۆ ڕێگرتن له‌ جيابوونه‌وه‌ی كورد له‌ عيراق. دووهه‌ميان، حكومه‌ت و ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست له‌ كه‌ركوك و ڕيفه‌راندۆم هه‌لبگرێ. سێهه‌ميان، كيشه‌ی په‌كه‌كه‌ و توركيا چاره‌سه‌ر بكرێ له‌ ڕێگه‌ی ته‌سليم بوونه‌وه‌ و تاواندنه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ به‌ يارمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی باشور. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان په‌كه‌كه‌ ناو ناهێنن به‌ نوێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردی باكور، و پێشنيازی پياده‌كردنی ديموكراسيه‌ت له‌ توركيا ناكه‌ن، و ئيشاره‌تێكی مرۆڤانه‌ بۆ كوردی باكور ناكه‌ن. واته‌ له‌ هيچ له‌و پێشنيازانه‌دا، جه‌خت له‌ عه‌داله‌تی قه‌زيه‌ی كوردی كه‌ركوك ناكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوردی به‌ ناهه‌قكار و دڕنده‌ له‌ قه‌له‌م ده‌ده‌ن. وه‌ ده‌يانه‌وێ كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر بارو دۆخی سه‌رده‌می سه‌ددام.

پێشنيازی فيدراليه‌تی كه‌ركوك

فيدراليه‌تی كه‌ركوك له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم

به‌لای بێگانه‌كانه‌وه‌، هه‌تا كه‌ركوك له‌ عيراق بێ كورديش عيراقيه‌‌. ده‌وڵه‌تی كوردی سه‌ربه‌خۆ به‌بێی كه‌ركوك خۆی ناگرێ. وه‌ هه‌رێمی كوردستان خۆی وا نيمچه‌ دابڕانێك له‌ عيراق دابڕاوه‌، وه‌ له‌دوای ده‌سته‌كه‌وتنه‌وه‌ی كه‌ركوك كورد هيچ هانده‌رێكی نامێنی تا له‌ ناو عيراقدا بمێنێ. به‌ مانايه‌كی تر، لكاندنی كه‌ركوك به‌ هه‌رێمی كوردستان مانای دابه‌ش كردنی حه‌تمی عيراق و دامه‌زرانی مسۆگه‌ری ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌. به‌لای ئه‌و بێگانانه‌ و به‌ ڕای هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌كانی كوردی به‌غدا‌، ده‌كرێ كه‌ركوك ببێته‌ فيدراليه‌تێكی ته‌نيا، له‌ ده‌ره‌وه‌ی حوكمی هه‌رێمی كوردستان و مه‌ركه‌زی عيراق، به‌ چاودێری نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان.

هه‌ڵبه‌ت، دڵی سه‌ركرده‌ كورده‌كان به‌وه‌ خۆشه‌ كه‌وا زۆرينه‌ی كه‌ركوك كوردن و ده‌سه‌ڵاتی حيزبه‌ كورديه‌كان و هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ريدا مسۆگه‌ره‌‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ وا نه‌بێ، چونكه‌ له‌ ئاينده‌دا، به‌لای دانيشتوانی كه‌ركوك (به‌ كورد و غه‌يره‌ كورده‌وه‌)، به‌رژه‌وه‌ندی ناوچه‌يی شاره‌كه‌يان ئه‌وله‌ويه‌ت وه‌رده‌گرێ، و هاوده‌نگيان له‌گه‌ڵ باقی كوردستان مسۆگه‌ر نابێ. ئه‌و ئه‌نجامه‌ له‌ ڕووی كۆمه‌ڵايه‌تی و زمانه‌وانيه‌وه‌ گرفت نيه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی سياسيه‌وه‌، له قورسايی ده‌نگ و لۆبی سياسی كوردی كه‌م ده‌كاته‌وه‌. وه‌ له‌ ڕووی ئابووريه‌وه‌، خێراتی كه‌ركوك بۆ باقی كوردستان كه‌متر ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركرده‌ی سياسی كوردی به‌سه‌ريدا كه‌متر ده‌بێته‌وه. ئه‌وه‌ خۆی له‌ خۆيدا بۆ كه‌ركوكيه‌كان سوودی هه‌يه،‌ و بۆ پارتی و يه‌كێتی مه‌ترسی هه‌يه‌. ڕه‌نگه‌ له‌ڕووانگه‌‌يه‌كی ته‌سكی حيزبايه‌تیه‌وه‌، يه‌كێتی به‌وه‌ ڕازی ببێ چونكه‌ كه‌ركوك به‌ گۆڕه‌پانێكی سروشتی خۆی ده‌زانێ. به‌ڵام پارتی ئه‌وه‌ به‌ مه‌ترسی ده‌زانێ، چونكه‌‌ له‌كۆنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری حيزبه‌كه‌ له‌و شاره‌دا لاوازه، سه‌ڕه‌ڕای كاری بێ ووچانی سه‌ركرده‌كانی پارتی ومه‌شغه‌له‌تی يه‌كێتی به‌‌ قه‌يرانی ناوه‌خۆيی. هه‌لبه‌ت، هه‌ردوو لايان هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر چاره‌نووسی كه‌ركوك و كوردستان له‌ ڕوانگه‌ی ته‌سكی حيزبايه‌تی و وه‌زعی جه‌ماوه‌ری ئێستايان دياري بكه‌ن.

فيدراليه‌تی كه‌ركوك له‌ناو هه‌رێم

ده‌كرێ كه‌ركوك به‌ڕه‌زامه‌ندی كورده‌وه‌ بكرێته‌ "حاله‌تێكی تايبه‌ت" و نيمچه‌ فيدراليه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ به‌ڵام له‌ناو هه‌رێمی كوردستان. له‌و حاله‌ته‌دا، ده‌كرێ‌ پارێزگاكانی تری كوردستان هه‌مان سيفه‌تی نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆيان له‌ناوه‌وه‌ی هه‌رێم هه‌بێ، به‌ڵام هه‌موويان ده‌بێ سه‌ر به‌ يه‌ك په‌رله‌مان و يه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم و يه‌ك سه‌رۆكايه‌تی هه‌رێم بن. خۆ ئه‌و جۆره‌ بۆچوونه‌ سوودمه‌نده‌ و به‌ڵكه‌ ديموكراسيه‌ت له‌ كوردستان به‌هێز ده‌كات، و ڕێگه‌ له‌ ديكتاتۆريه‌ت و ئۆتۆكراتيه‌ت ده‌گرێ. هه‌لبه‌ت ئيمڕۆ سلێمانی و هه‌ولێر هه‌ر به‌ناو يه‌كگرتوون به‌ڵام له‌ ڕاستيدا دوو فيدراليه‌تی نيمچه‌ سه‌ربه‌خۆن، و كه‌ركوكيش سێهه‌ميان ده‌بێ. له‌و حاله‌ته‌دا، مه‌رجه‌ كه‌ پڕۆسه‌ی ئاساييكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك به‌رده‌وام بێ، ئه‌وجا باس له‌ دابه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوشار بكرێ و به‌ قازانجی هه‌موو لايه‌ك ببڕێته‌وه‌. هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌كانی كورد (بۆ نمونه‌ تاله‌بانی) پشتگيری خۆی له‌ به‌شداری ده‌سه‌ڵات به‌ ڕێژه‌ی ۳٢-۳٢-۳٢-٤ بۆ كورد-عه‌ره‌ب-توركومان-كلدۆئاشوريه‌كان ده‌ربڕيوه‌. ده‌شكرێ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ توركومان، عه‌ره‌ب يان كلدۆئاشووريه‌كان تێيدا زۆرينه‌ن، جۆره‌ حوكمێكی زاتیان هه‌بێ كه‌ تێيدا گه‌شه‌ به‌ كه‌ڵتور و هه‌ويه‌ی قه‌وميان بده‌ن.

له‌ به‌شی دووه‌می ئه‌و ووتاره‌دا (له‌ هه‌فته‌ی داهاتو)، ڕێگا چاره‌ی ده‌ستووری و ئيختياره‌كانی به‌رده‌می كورد و هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی كورد تاوتوێ ده‌كه‌م.